Home / ناوداران / زاناو وەرگێرو مێژووی نووسی كورد محەمەد عەلی عەونی 1897-1952

زاناو وەرگێرو مێژووی نووسی كورد محەمەد عەلی عەونی 1897-1952

عةونى

كەریم شارەزا

مێژوو نووس‌و وەرگێڕی لێهاتووی كوردی میسر نیشین محەمەد عەلی عەونی سوێركی كوڕی عەبدولقادر ئەفەندی كوڕی محەمەد عەلی ئاغا لەساڵی 1897دا لەشاری (سوێرك)ی سەر بە پارێزگای (ئامەد=دیاربەكر) لەكوردستانی باكور هاتۆتە دنیاوە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە شارەكەی خۆی‌و خوێندنی ناوەندی‌و ئامادەیشی لە (ئامەد)‌و(ئەستەنبوڵ) تەواوكردووەو بۆ خوێندنی باڵاتر‌و فێربوونی زمانی عەرەبی چووەتە وڵاتی میسرو لەشاری قاهیرە لە ئەزهەر خوێندوویەتی‌و بڕوانامەی خوێندنی باڵای وەرگرتووەو بووەتە زانایەكی بەتواناو لێهاتووی خزمەتگوزاری نەتەوەكەی.
جگە لەزمانەكانی كوردی‌و توركی‌و عەرەبی، زمانەكانی فارسی‌و فەڕەنسیشی بەچاكی فێر بووەو بووتە لاوێكی رووناكبیری تێگەیشتووی خوێن گەرمی كورد پەروەر لە وڵاتی غوربەتیدا.
لەگەڵ رۆڵە تێكۆشەرەكانی بنەماڵەی بەدرخان‌و دەستەیەك لەكوردە دڵسۆزەكانی كوردستانی رۆژئاواو باشور دوای سەرنەكەوتنی شۆڕشەكەی شێخ سەعیدی پیران، لەساڵی 1927 لەسەر هەیكەلی چەند حزب‌و رێكخراوێكی كوردی (حزبی خۆییبوون) یان داناو لە تشرینی ئەو ساڵەدا ئەو تێكۆشەرە بە جەرگانە لە هاوینە هەواری (بحەمدوون) لە لوبنان كۆنگرەی دامەزراندنی ئەوحیزبەیان بەست‌و محەمەد عەلی عەونی ئەندامی كۆنگرەكە كرا بە باوەڕپێكراوی ئەو حیزبە نەتەوەییەی كورد لەقاهیرە.
كەحكومەتی توركیا هەستی بە چاڵاكییە سیاسییەی ئەو كوردپەروەرانە كرد، ماوەی نەدا بگەرێتەوە بۆ توركیا، بۆیە هەر لە وڵاتی میسردا مایەوەو هەر لەوێش ژنی هێناو لە دەرباری(مەلیك فوئاد)ی مەلیكی میسرو دوای ئەویش مەلیك فاروقی كوڕی بە وەرگێری زمانە رۆژهەڵاتیەكان دامەزراو ماوەیەكی زۆر لەو كارەیدا مایەوەو لە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بنەماڵەی شاهانەی میسر زۆر راست‌و هەق پەرست بووەو بۆ سوودو قازانجی تایبەتی خۆی تۆسقاڵێك لای نەداوە.
بۆ نموونە: كە مەلیك فارووق لەدوای بڕانەوەی جەنگی دووەمی جیهاندا ویستی خۆی بكاتە خەلیفەی ئیسلام، داوای لە محەمەد عەلی عەونی كرد‌و پێی گووت:”تۆ لەمێژووی ئیسلامدا زۆر شارەزای، دەمەوێ لە سەرچاوە مێژوویەكان پەیوەندێیەكەم بۆ بدۆزیتەوە بە بنەماڵەی پێغەمبەر(د.خ) بگەم تاكو بسەلمێندرێ من سەیدم‌و نەوەی فاتیمەو عەلیم!!” لەوەڵامدا داوای لێبوردنی لێ كرد كە ئەو راسپاردەیەی پێ نەسپێرێ چونكە بێ بنەمایە!!
لەسەر ئەم رەتكردنەوەی راسپاردەكە جەنابی مەلیك فاروق لە خۆبایی لە فرمانەكەی لاداو خانەنشینی كرد.
بەپێ ی قسەی ئەوانە لەقاهیرە ژیاون‌و یان لەو سەردەمدا سەردانیان كردووە ماڵەكەی ئەو زاتە زاناو خزمەتگوزارە بوو بووە یانەی رۆشنبیر‌و سیاسیەكانی كورد لەو شارەدا، هەر باسی مێژووی كوردو تێكۆشانی نەتەوەیی لێ كراوە.
زانای دڵسۆزی كوردمان خزمەتێكی زۆری مێژووی كوردو كوردستانی كردووەو گەلێك كتێبی بەنرخی لەسەر كورد وەرگێراوەتە سەر زمانی عەرەبی‌و پەرزاوێزی بەنرخی بۆ نووسیون وەكو ئەمانەی خوارەوە:-
1-كتێبی شەرەفنامەی شەرفخانی بەدلیسی بەفارسی ساغ كردۆتەوەو پێشەكی بە عەرەبی بۆ نووسیوە‌و بەهاوكاری فەرەجوڵڵا زەكی كوردی لە ساڵی 1930 دا چاپكراوەو ئەوەی شیاوی باسیشە چاپی یەكەمی ئەو كتێبە بەنرخەی مێژووی كورد لەساڵی 1860 دا لەشاری پەتروسبۆرگی پایتەختی رووسیای قەیسەری لەژێر چاودێری ڤلادیمیر ولیامینۆف زرفۆف بە پێشەكیەكی فەڕەنسی چاپ‌و بڵاوكراوەتەوە.
هەر لەم كتێبەی شەرفنامەی لە فارسیەوە كردۆتەوە عەرەبی‌و لەپاش مردنی لەساڵی 1958 دا وزارەتی مەعاریفی میسری بە پێشەكی یەحیا خەششاب چاپكراوە.
2-خوڵاصەی تەئریخی كورد‌و كوردستانی(ئەمین زەكی بەگ)ی لە كوردییەوە كردووەتە عەرەبی‌و لەساڵی 1939 بە پەراوێزی وردی مێژووییەوە چاپ كردووە.
3-تەئریخی دووەل‌و ئەماراتی كوردی- كردۆتە عەرەبی‌و گەلێك پەراوێزی بەكەلك‌و زێدەزانیاری بە كەلكی لەسەرچاویە هەمەجۆری عەرەبی‌و كوردی‌و توركی‌و فارسی وەرگرتووە‌و خستوویەتیە پاڵی‌و پتر پتەوی كردووەو لە ساڵی 1948 دا چاپكراوە.
4-مشاهیر الكورد وكوردستان- بەرگی دووەمی مامۆستا محەمەد ئەمین زەكی بەگ كردووە بە عەرەبی‌و لە ساڵی 1947دا لەقاهیرە چاپی كردووە.
ئەوەی شیاو باسیشە ئەم زانا میژوو نووسەی كورد نەدەچوو كتێبەكانی مێژووی كورد وەكو خۆیان وەرگێرێتە سەر زمانی عەرەبی‌و چاپی بكات، بەڵكو رێبازێكی تایبەتی دەگرتەبەرو بەجۆرێكی زانستیانە رووداوەكانی بەپێی زنجیرەی سەردەمی مێژووی‌و سەرچاوەی باوەڕپێكراوەو دای دەڕشتنەوەو بەمەش هێزێكی زانستی بەبەر بابەتەكانی ئەو كتێبانەدا دەكرد.
جگە لەم بەرهەمە بەنرخانەی زانای دڵسۆزی كوردیشمان وەك خاتوو(دوڕیە عەونی) كچی كە رۆژنامەنووسێكی لێهاتووە گووتوویەتی:
“باوكم دوای كۆچی دوایی گەلێك نووسراوی بەنرخی دیكەی لەسەر كوردو كوردستان لەپاش بەجێماوە‌و تا ئێستا بڵاونەكراونەتەوە”.
هەر ئەم خاتوو(دوریە)ش بوو، لەدوای رێككەوتننامە مێژووییەكەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 دا هاتە كوردستانی باشوور‌و سەردانی بارزانی نەمری كرد‌و ئەویش كە زانی كچی خوالێخۆشبوو(محەمەد عەلی عەونی)یە بەگەرمی پێشوازی كرد‌و ئەمیش بۆ ماوەی دوو كاتژمێر دیمانەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵدا سازدا‌و هەموو لایەنێكی كێشەی كوردی بۆ ساغ بووەوەو كە گەڕایەوە قاهیرە لە گۆڤاری (رۆز الیوسف) دا ئەو دیمانە بەنرخەی بڵاوكردەوە.
ئەم زاناو مێژوونووسەی كورد لە رۆژی 11ی تەمووزی 1952دا لەشاری قاهیرە كۆچی دوایی كرد‌و لە تەكیەی (شیخ مغاوری) لە(چیای موقەتتەم)ی رۆژهەڵاتی قاهیرە لەنزیك گۆڕی شێخ(عومەر ئبین ئەلغارز)نێژراوە، بەم شێوەیە میللەتی كورد وەرگێرێكی بەتواناو مێژوونووسێكی لێهاتووی لەدەست چوو.

سەرچاوە:
1- مقدمە كتاب (تأریخ الدول والامارات الكوردیە فی العهد الاسلام) تألیف محمدامین زكی، ترجمە محمد علی عونی-القاهرە 1948.
2- الدكتور محمد علی الصویركی- معجم اعلام الكورد فی التأریخ الاسلامی بالعصر الحدیپ فی كوردستان وخارجها، السلیمانیە، 2006.
3- مصگفی نریمان-ما اسداه الاكراد الی المكتبە العربیە-بغداد 1983.

وەرگیراوە لە پەرتووكی :

18644583_1425642930851149_738808580_n18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …