Home / ناوداران / ئەدیب‌و یاساناس‌و سیاسەتمەدارو رۆژنامەنووسی كورد برایەم ئەحمەد فەتاح 1914-2000

ئەدیب‌و یاساناس‌و سیاسەتمەدارو رۆژنامەنووسی كورد برایەم ئەحمەد فەتاح 1914-2000

ابراهيم

م. كەریم شارەزا

شاعیرو چیڕۆكنووس‌و سیاسەتمەداری كورد مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد(بلە) لەساڵی 1914 لە گەڕەكی دەرگەزێن لە بنەماڵەیەكی كاسبكار لە شاری سلێمانی هاتۆتە دونیاوە.(رەمزی فەتاح)ی مامی ئەفسەرێكی كورد پەروەر بووە، زۆر كاری تێكردووەو هەر زوو لەساڵی 1922 دا ناردوویەتیە قوتابخانەی لەتیفیەی سەرەتایی‌و پاشان پلە بەپلە دەستی گرتووە تاكو خوێندنی ناوەندی‌و ئامادەیی لەبەغدا لە قوتابخانەی دوا ناوەندی مەركەزی پێ تەواو كردووەو لە پایزی 1934 دا چۆتە كولێجی حقوق‌و لە ساڵی 1937 دا خوێندنەكەی تەواو كردووەو بووەتە پارێزەرێكی یاساناس.
مامۆستا برایم كەچاوی كردۆتەوە‌و فامێتی لە نزیكەوە ئاگاداری بزووتنەوەی نەتەوەییە رزگاریخوازییەكەی شێخ مەحمودی مەلیكی كوردستان بووەو لەلایەكی تریشەوە بوردومانی شاری سلێمانی لە لایەن فڕۆكەكانی بەریتانیاوە دیوە ئەو رووداوو بەسەرهاتانەی بیری كوردایەتیان لە مێشكدا چاندووەو كە چوووەتە بەغداش بۆ تەواوكردنی خوێندن، چ لە ئامادەیی‌و چ لە كۆلێجی حقوق لەگەڵ پیاوی پێشكەوتنخوازی كورد‌و عەرەب‌و هەڵس‌وكەوتی كردووەو بیڕو رای لەگەڵدا ئاڵ ‌و گۆڕكردوون، بۆیە هەر لە زووەوە بیروباوەڕی سۆسیالیستی لە مێشكدا چەسپاو لەناو لاوانی ئەوسەردەمە لەبەغدا وەك لاوێكی هەڵكەوتووی بیر رووناك ناسرا.
لەرێگەی دوو دۆستی كۆییەوە كە ئەندازیار رەشید عارف سەقاو سەمەد محەمەد بەننا بوون پەیوەندی لەگەڵ پیاوە سیاسیە پێشكەوتنخوازەكانی عەرەبی وەك جەغفەر ئەبوو توممەن‌و كامیل چادرچی‌و عەزیز شەریف پەدا كردووە‌و بووەتە خاوەن بیرێكی ئازاد.
لە سەردەمی خوێندی ئامادەیی‌و حقوقی لەبەغدا مامۆستا برایم كۆمەڵی لاوانی كوردی پێكهێناوە گۆڤارێكیان بەناوی (یادگاری لاوان) لەساڵی 1933دا دەرچوواند وە یەكێكی دیكەشیان لەساڵی 1934 دابەناوی (دیاری لاوان) دەركرد‌و لاوە چاڵاكەكانیش جگە لەخۆی مامۆستایان شاكیر فەتاح‌و حامید فەرەج‌و دكتۆر عەبدولرەحمان عەبدوڵڵاو فایق هۆشیارو سەمەد بەننا بوون‌و مامۆستا برایم لەو ماوەیەدا هەندێ شیعری لەو گۆڤارانەدا بڵاو كردوە، یەك لەوانە هۆنراوە ناودارەكەی(یادگارو هیوا) بوو كە لە (یادگاری لاوان) دا بڵاوی كردۆتەوەو شیعرناس‌و رەخنەگرانی ئەدەبی كوردی بە شاعیرێكی بەتوانایان لەقەڵەم دا ئەمەش چەند دێرێكە لە هۆنراوە ناودارەی:
ژیان بەلاتی‌و بێ دەستەڵاتی
هیچ درۆی نەبێ سەد مەرگەساتی
مرۆڤ بەدیلی بژی خۆشە یان
بمرێ بۆ بەرزی گەل‌و وڵاتی
مەژی بۆ مردن، بمرە بۆ ژیان
چۆن قازانج دەكەی تانەكەی زیان
لەزڕەی زنجیر دڵ نە لەرزێ
پێوەند بۆ لەشە نەوەك بۆ گیان!!

مامۆستا برایم ئەحمەد شاعیرێكی بەهەردارو كەسایەتیەكی یاساناس‌و سیاسی بوو، لەهەمان كاتیشدا چیڕۆكنووس‌و رۆماننوسیش بوو، لەژیانی ئەدەبی دا چەند كتێبێكی لە نووسین‌و چیڕۆك‌و رۆمان بەچاپ گەیاند كەئەمانەن:-
1- الاكراد والعرب-بەغدا 1937-30لاپەڕە
2- كوێرەوەری(چیڕۆك)-بەغدا 1959، 103 لاپەڕە.
3- ژانی گەل(رۆمان)-سلێمانی 1973، 254 لاپەڕە.
4- دڕك‌و گوڵ(رۆمان) ستوكهۆڵم –سوید1996.
لەم دواییەدا رۆمانی ژانی گەل كراوە بە فیلم‌و سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێناوە. ئەم زاتە لەمانگی كانوونی یەكەمی 1939دا گۆڤارێكی كوردی لە بەغدا بەناوی “گەڵاوێژ” دەرچوواند‌و لەگەڵ مامۆستا عەلائەدین سەجادی توانیان تا 1/8/1949، (105) ژمارەی تێرو تەسەل بەبابەتی ئەدەبی‌و زانستی‌و كۆمەڵایەتی‌و مێژووی دەربچووێنن‌و جەماوەرێكی زۆر لەشاعیرو نووسەرو خوێندەواران لەدەوری گۆڤارەكە كۆبكەنەوەو بۆ ئەو سەردەمەی چلەكانی سەدەی بیستەم باشترین گۆڤاری كوردی بۆ كورد دەربچێ‌و نەوەیەكی نوێی لە شاعیرو چیڕۆكنووس‌و لێكۆڵەرەوە بخوڵقێنێ.
مامۆستا برایم هەروەك پارێزەرێكی یاساناسی سەركەوتوو بوو، بە زۆری داوای جوتیارە چەوساوەكانی دەگرت لەدژی دەربەگەكان كەدەیان ویست دەست بەسەر زەوی جوتیارەكاندا بگرن. لەهەمان كاتیشدا دادوەرێكی یاساناس‌و كەسایەتیەكی سایسی نەتەوە پەروەربوو. لەگەڵ دامەزارندنی كۆمەڵەی(ژ.ك) لەكوردستانی ئیران لەساڵی 1942 دا، لقێكی ئەو كۆمەڵە سیاسیەی لەسلێمانی كردووەو بووە بەرپرسی، كە حزبی دیموكراتی كوردستان ئیرانیش لە 16/8/1945 دا دامەزرا لەو بەرپرسیەتیەی لقەكەی كوردستانی عێراق بەردەوام بوو، بۆ ساڵی 1947 یش بووە ئەندام لەپارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق‌و لە كۆنگرەكانی سێیەم لە 1953‌و چوارەم 1959‌و پێنجەم لە 1960 بە سكرتێری لێژنەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردرا ‌ولە ساڵی 1959 بووە سەرنوسەری رۆژنامەی(خەبات)ی ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە یەكەم ژمارەی لە 4ی مانگی نیسانی ئەو ساڵەی دەرچووو گەلێك ووتاری یاسایی لەبارەی دەستوری كاتی‌و مافی نەتەوەیی كوردی تێدا بڵاوكرەوەو بوونە مایەی پەست بوونی حكومەتەكەی عەبدولكەرمی قاسم‌و لەسەر ئەم نووسینانەی درا بە دادگا‌و پارێزەرە دیموكراتیەكانی عێراق لە كوردو عەرەب لە بەدەم دادگا بەرگریان لێ كرد‌و ئەم كارەیان بەپێشێل كردنی ئازادی رادەربڕین لەقەڵەم دا، كە بەندكرا رۆژنامەی (خەبات) داخرا.
مامۆستا برایم‌و دەستەیەك لە هاوبیرانی لە ساڵی 1964 كەوتنەناكۆكی لەگەڵ سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول‌و دەمێك روویان كردە هەمەدانی وڵاتی ئێران‌و دوای ماوەیەك گەڕانەوە عێراق‌و پارتی بووە دوو باڵ، بەڵام خۆشبەختانە دوای رێككەوتنامە مێژووییەكەی 11ی ئاداری 1970 ی نێوان سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول‌و حكومەتی مەركەزی عێراق بەخۆیاندا چوونەوەو لە سەرەتایی ساڵی 1971دا چوونەوەو ناو پارتی دیموكراتی كوردستان‌و مامۆستا برایم ئەحمەد چووەوە پاڵ شۆڕشی ئەیلول. بەڵام دوای نسكۆی ساڵی 1975ی شۆرش رووی كردە لەندەن‌و لەوێ ژیانی وەك پەناهەندەیەكی سیاسی بەسەر برد تاكو لە رۆژی 8/4/2000 دا لەتەمەنی 86 ساڵیدا لەو شارەی لەندەن كۆچی دوایی كرد‌و تەرمەكەی هێنرایەوە بۆ كوردستان‌و لە سلێمانی بەخاك سپێردرا.

وەرگیراوە:

18644583_1425642930851149_738808580_n

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …