نووسینی: پڕوفیسۆر عه‌باس وه‌لی پێداچوونه‌وه له لایه‌ن: شه‌ماڵ میرزا به‌شی یه‌که‌م “ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی“، “نه‌ته‌وه“ و “ناسیۆناڵیسم“، له‌و چه‌مکگه‌له ئاڵۆزانه‌ن که هه‌ر یه‌که‌و چه‌ندین پێناسه‌ی جۆراوجۆر و جاروبار لێک جیاوازیان له لایه‌ن که‌سانی وه‌ک ئێریک هابسباوم (Eric Hobsbawm)، بنێدیکت ئەندرسۆن (Benedict Anderson )، ئێرنێست گیلنێر (Ernest Gellner) و هتد بۆ کراوه. ئاڵوزیی چه‌مکی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ر کاتێک ده‌گاته ئه‌و حاسته‌ی که باسی نه‌ته‌وه‌ی کوردی پێ بکه‌ین، زیاتر و زیاتر ئاڵۆزی پێوه دیار دەکەوێت. هۆکاری ئه‌و ئاڵۆزییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌یوه‌ندی ئه‌و سێ چه‌مکه، له زۆرترین کاتدا و له لایه‌ن زۆربه‌ی پسپۆڕانی بواری ناسیۆناڵیسمه‌وه به چه‌مکی “ده‌وڵه‌ت– نه‌ته‌وه“وه. واتا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، نه‌ته‌وه و ناسیۆناڵیسم کاتێک واتادار ده‌بن که به چه‌مکی ده‌وڵه‌ت–نه‌ته‌وه‌وه ببسترێنه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مکه خوێندنه‌وه‌یان بۆ بکرێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ش له پێش پێناسه‌کردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد وه‌کو گه‌لێکی بی ده‌وڵه‌ت؛ ئاکادێمیسته‌کانی وه‌کو جه‌ماڵ نه‌به‌ز، مارتین ڤه‌ن برۆینسن، جواده و عه‌باس وه‌لی و که‌سانی دی هه‌وڵی پێیناسه‌کردنی ئه‌و چه‌مکه‌یان له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ کورددا داوه. په‌ڕتووکی ”کورد وه ده‌وڵه‌ت له ئێران؛ دروستبوونی ناسنامه‌ی کورد”، یه‌کیکه له هه‌وڵه چڕه‌کانی پڕوفیسۆر عه‌باس وه‌لی بۆ تێگه‌یه‌شتن له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد له کوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران. ئه‌و په‌ڕتووکه چاپی ساڵی ۲۰۱۱ یه و له ۱۱۵ لاپه‌ڕه پێک هاتووه. ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی په‌ڕتووکه‌که باس له فوڕم، دروست بوون و په‌ره‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد له ئێران ده‌کات. وه‌لی سه‌ره‌تای بوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له ئێران ده‌گه‌ڕینیته‌وه بۆ سه‌رده‌می قه‌واره‌گرتنی یه‌که‌م مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌ییی (ملی) ئێران له سالێ ۱۹۰۵‌ی زایینی و ئه‌وپه‌ڕی په‌رەسەندن و گه‌شه‌ی خۆی له کاتی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌به‌قگه‌رای (مطله‌قه) (absolutism) په‌هله‌ویکاندا و له پاشان پێگه‌یه‌شتنی به لووتکه‌ی خۆی له له‌گه‌ڵ ده‌سپێکی کۆماری مه‌هاباد (لاپه‌ڕه‌ی; xi)….