Popular Posts

موعتەزیلەكان و سەرهەڵدانيان و هەندێ لە كەسە گەورە و دیارەكانيان

mu3tazela2

موعتەزیلەكان و سەرهەڵدانيان و هەندێ لە كەسە گەورە و دیارەكانيان

عبدالحکیم

ئایا موعتەزیلە كە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵە نەماون ئێستا ئەبێ چ مەترسییەكیان مابێت لەسەر دین و خەڵكی دیندار وا پێویست بكات ئێمە لەسەریان بنووسین!!

بە پشتیوانی خوا و بە ئومێدی بەرچاوروونی سێ تەوەرە لەسەر موعتەزیلە ئەنووسین: لە تەوەرەی یەكەمدا باسێكی كورتی مێژووی سەرهەڵدانی موعتەزیلە و دەركەوتنی كەسە دیارەكانیان ئەكەین.

لە تەوەرەی دووهەمیشدا باسی كورتەیەكی بیروڕاكانیان ئەكەین.. لە تەوەرەی سێیەمیشدا باسی ئەو رەخنە مەركەزیانە ئەكەین كە ئەهلی سووننەت و جەماعەت هەیانە لە موعتەزیلە و فیكری ئیعتیزال .

تەوەرەی یەكەم: سەرهەڵدانی موعتەزیلە

خەریكە هەموو مێژوونووسان لەسە ئەوە یەكڕا بن كە سەرەتای موعتەزیلە لە جیابوونەوەی واصلی كوڕی عەتاوە دەست پێئەكات كە لەسەر پرسی “گوناهی گەورە”لە حەسەنی بەصری مامۆستای جیا بوویەوە و و دەرس و هەڵقەی تەدریسی تایبەت بە خۆی دانا و پاش ئەوە ئیتر كەوتە كۆكردنەوەی بیرۆكە و هەوادار بۆ ئەوەی ئینشیقاقەكەی بشەرعێنێت!!

واصلی كوڕی عەتا كە بە ئەلغەزال (1) بەناوبانگە ،لە ساڵی(80كۆچی) لە دایك بووەو لە ساڵی(131كۆچی) و لە سەردەمی خەلیفە عەبدەلمەلیكی كوڕی مەرواندا وەفاتی كردووە.

ئەم واسڵە قوتابی شێخ(حەسەنی بەصری)بوو كەتابیعیەكی گەورەی سەردەمی خۆی بوو،ڕۆژێك كابرایەك هاتە لای شێخ حەسەن و وتی: پێشەواكەی دین! لای ئێمە كۆمەڵێك پەیدا بوون دەڵێن: هەر كەسێك گوناهێكی گەورە بكات كافر دەبێت مەبەستیان تاقمێكی ناو خەوارجەكان بوو كە بە(وعیدیةالخوارج) ناسراون. هەروەها تاقمێكی تریش هەن بڕوایان وایە :ئەوەی گوناهی گەورەی هەبێت عەیبی نی یەو ئەڵێن: (لاتضر مع الایمان معصیة،كما لا تنفع مع الكفر طاعة) (2)-جا قوربان حوكمی جەنابت چی یەو ئەبێ ئێمەش عەقیدەمان چۆن بێت لەم مەسەلەیەدا؟ (3)

شێخ حەسەن كەوتە بیر كردنەوە پێش ئەوەی بكەوێتە قسەكردن،واسڵی قوتابی هەڵیدایەو وتی: من ئەڵێم خاوەن گوناهی گەورە نە كافری تەواوەو نە ئیمانداری تەواوە و لە پلەیەكدایە لەو نێوانەدا،پاش ئەمە كەوتە بانگەشە بۆ ئەم بیرۆكەیە لە دووری شێخ حەسەنی بەصریەوە دەرسێكی داناو خۆی عەزل كرد لەمان و ئیتر پێیان ئەوتن (موعتەزیلەكان) (4).

كەواتە فیكری ئیعتزال سەرەتا لە(بصرە)سەری هەڵداوەو پاشان لەتەواوی عێراقدا تەشەنەی كرد و (یەزدی كوڕی وەلید)و(مەروانی كوڕی محمد)خەلیفەكانی بەنی ئومەییە ئەم بیر و باوەڕەیان وەرگرت و بەڵام لە سەردەمی عەباسیەكاندا گەشەی زیاتری كردو توانیان بچنە بندەستی خەلیفە (مەئمون)و وای لێ بكەن كە تەبەننای ئەفكارەكانیان بكات و بە زۆر و زۆركاری ئەو بیرو ڕایانە بسەپێنن و سێ خەلیفەی عەبباسیان خستە ژێر كاریگەری بیرۆكەكانی خۆیان و دەسەڵاتی ئەوانیان بەكار ئەهێنا بۆ سەر كورتكردنی نەیارەكانیان و سەپاندنی ئەوەی خۆیان ئەیان ویست.

زانایان دەڵێن:موعتەزیلەش وەك هەموو قوتابخانەیەكی تری فیكری كە پشت بەبیرو بۆچون و عەقڵكاری ئەبەستێت هەر زوو بونە چەند دەست و بەشی جیاجیا كە دوو بەشی سەرەكیان لەهەموان دیار تر بوون:- بەشێكیان لە(بصر)ە دابوون كە كەسە گەورەو دیارەكانیان بریتی بوون لە: واسلی كوری عەتاو عەمری كوری عوبەیدو ئەبوو هوزەیلی عەللاف و ئیبراهیمی(نەززام)وجاحز…ئەمانە بە موعتەزیلە یەكەمەكان یان (سەرەتاییەكان)ناو ئەبرێن. (5)

بەشەكەی تریان لە بەغداد بوون كە دیارترین كەسایەتیەكانیان بریتی بوون لە (بیشری كوڕی موعتەمیر)و (علی الجبائی)و(عبد السلامی كوڕی علی الجبائی)-كە ئەبو حەسەنی ئەشعەری قوتابی ئەم دووانە بوو،علی جوببائی مێردی دایكی بوو -هەروەها (ئەبو موسای مەردار)و(سەمامەی كوڕی ئەشرەس)و(ئەحمەدی كوڕی ئەبی دوئاد)كە ئەمانەیان بە داڕێژەری فیكری موعتەزیلە دائەنرێن..ئەم دوو قوتابخانەیەجیاوازی بیروڕا و بۆچوون لەناویاندا سەریهەڵدا لە پرسە جیاجیاكاندا (6) و كەوتنە سوككردن وتەكفیركردنی یەكتری (7)

• هەندێ لە كەسە گەورە و دیارەكانی موعتەزیلە:

1-واسڵی كوڕی عەتای غەزال(80-131)ك.

2-عەمری كوڕی عوبەید(80-142)ك.

3-ثه مامەی كوڕی ئەشرەس( -213)ك.

4-ئەبو هوزەیلی عەللاف(131-226)ك.

5-ئیبراهیمی یەسساری نەززام( -221)ك.

6-جاحز( -225)ك.

7-ئەبوعەلی ئەلجوببائی(-303)ك.

8-زەمەخشەری(467-538)ك.

9-قازی عەبولجەبباری هەمەدانی(-415)ك.(8)

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1. غەزال واتە:شت چن ، بۆیە وای پێئەوترا چونكە لە بازاڕی پیشەوەرانی رستن و چنیندا زۆر دائەنیشت،”التفسیر و المفسرون:الدكتور حسین الذهبی.

2. واتە : زیان نادات لە ئیمان هیچ گوناهێك، وەك چۆن كەڵك ناگەیەنێت لەگەڵ كوفردا هیچ گوێڕایەڵییەك!!

3. التفسیر و المفسرون،د.الذهبی،(1/68).

4. زۆربەی زانایان ئەم رووداوە بە سەرەتای مێژووی سەرهەڵدانی موعتەزیلە دائەنێن،هەرچەندە”ئیبن عەساكر”لە كتێبی “تبیین كژب المفتری”دا ئەڵێ:(هەندێ رایان وایە كە ئەبو هیشام “واتە عەبدوڵا”وحەسەن هەردوو كوڕەكەی”محمد بن حەنەفییە” سەرەتا ئەم بیرۆكەیەیان داهێناو واسڵ لە (ابو هشام)ی وەرگرت و لە یەكێك لە دەرسەكانی حەسەنی بەصریدا دەریدەبرێت و دەكەوێتە بانگەشە كردن بۆی…سەیری(تبین الكذب المفتری)لەپەڕە (ص10و11)بكە.

5. اتحاف السائل بما فی الطحاویة من المسائل (صالح بن عبد العزیز ال الشیخ)،ص(16)

6. سەیری(د.الذهبی )بكە سەرچاوەی پێشوو(1/369).

7. بۆ زانیاری لەسەر ئەم تەكفیركردنەی یەكتری سەیری (الفرق بین الفرق)ی عبدالقاهری بەغدادی بكە،دەیان نمونە دێنێتەوە لەو بارەیەوە..

8. بۆ زانیاری لەسەر ئەم كەسایەتیانە سەیری “تاریخ بغداد”ی خەتیبی بەغدادی بكە..