نووسینی: بەرهەم جەنگڤان
بێگومان چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەی ئایینی مەسیحی لەناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بە خێرایی بڵاو ببێتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی لایەنگرانی لە لایەنگرانی ئایینەکانی دیکە زۆرتر بێت و پاشانیش ببێتە ئایینی فەرمی ئیمپراتۆریەت. لە خوارەوە باسی گرنگترین ئەو هۆکارانە دەکەین، کە وایکرد ئایینی مەسیحی لەناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بڵاو ببێتەوە :
۱. خودی ئایینی مەسیحی لە شاری ناسرە (بیت لحم) بڵاوبوویەوە، کە ئەوکات سەر بە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بوو، بۆیە بڵاوبوونەوەی بە سەرتاسەری ئیمپراتۆریەتدا کارێکی قورس نەبوو.
۲. لاوازیی باوەڕ بوون بە بتپەرستی و گەندەڵ بوونی پیاوانی ئایینی، ئەوەش بەهۆی سەرقاڵیان بە کاروباری دونیایی و هەوڵەکانیان بۆ پێکەوەنانی سامان لەسەر حیسابی ئایینەکانیان.
۳. بوونی بۆشایەکەی دەروونی لەناو دڵ و دەروونی خەڵکدا، کە پێویستی بەوە هەبوو، کە ئایینێک ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، باشترین ئایینێکیش لەو سەردەمەدا ئایینی مەسیحی بوو.
٤. باوەڕ بوونی ئایینی مەسیحی بە یەکتا پەرستی و لێبوردەیی، کە زیاتر جێگای باوەڕی خەڵک بوو.
٥. بانگەشەی مەسیحییەکان بەوەی کە ئەم جیهان کاتییە و ڕۆژی دوایی هەمیشەییە، وایکرد کۆمەڵانی خەڵک کە زۆربەی سەر بە چینی کۆیلە و هەژاران بوون بەدەم بانگەوازەکەوە بێن.
٦. بوونی ڕێگاوبان و ئامڕازی باشی گواستنەوە لە نێوان شار و شارۆچکە و گوندەکانی ناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی، هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی قەشە و پەیڕەوانی مەسیحی هەوڵەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکە بخەنە کار و بە ئاسانی بگەنە سەرجەم ناوچەکانی ئیمپراتۆریەت.
۷. خراپی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و نەبوونی دادپەروەری و نا یەکسانی لە نێوان چین و توێژە جیاجیاکانی ئیمپراتۆریەت هۆکارێک بوو، کە هانی کۆمەڵانی خەڵکی دەدا باوەڕ بە ئایین و پەیامێکی نوێ بهێنن تا لەم دۆخە دژوارە ڕزگاریان بکات.
٨. پیادەکردنی سیاسەتێکی زیرەکانەی قەشەکان بەوەی (ماڵی خودا بۆ خودایە و ماڵی قەیسەر بۆ قەیسەرە)، کە هۆکارێک بوو ئایینەکە لە لایەن بنەماڵەکان و فەرمانڕەواکانی سنووری دەسەڵاتی ڕۆمانی قبوڵ بکرێت، ئەوە بەوەی کە لەم بانگەشەدا بۆ ئەوان دەرکەوت ئەو ئایینە دژایەتی ماڵ و سامان و دەسەڵاتیان ناکات.
۹. باوەڕ هێنانی بەشێک لە بازرگانە جووەکان بە ئایینی مەسیحی، کە ڕۆڵی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئایینە بە بەشێکی کیشوەری ئەوروپادا گێڕا.
١٠. باوەڕهێنانی کوستەنتینی یەکەم بە ئایینی مەسیح بەپێی فەرمانی میلان، وایکرد شوێنکەوتوانی ئایینەکە بە شێوەیەکی فەرمی و ئازاد بانگەشە بۆ ئایینەکە بکەن و بەبێ ترس ڕێوڕەسمی ئایینی خۆیان ئەنجام بدەن و مومارەسەی مافەکانی خۆیان بکەن.
۱۱. بە فەرمی ناسینی ئایینی زەردەشتی لەلایەن ئیمپراتۆریەتی ساسانییەوە، هۆکاری ئەوە بوو، کە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیش بە ئایینێکی نوێ لە ئایدۆلۆجیای ئیمپراتۆریەتی ساسانی بدات، باشترین ئایینێکیش لەو قۆناغەدا وەک چەکێک لە لەلایەن ڕۆمانییەکانەوە لە دژی ساسانییەکان بەکاربهێنرێت ئایینی مەسیحی بوو.
سەرچاوەکان :
۱. د. کەیوان ئازاد ئەنوەر: مێژووی ئەورپا لە سەدەکانی ناوەڕاست، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و پەخشی چوارچرا، سلێمانی، ۲۰۱٦ز.
۲. د. کەیوان ئازاد ئەنوەر: مێژووی ئایینەکان، بەرگی یەکەم، چاپی سێیەم، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا، سلێمانی، ۲۰۱٥ز.
۳. سەباح عەلی جاف: چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ئەوروپا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کەمال، سلێمانی، ۲۰۱٤ز.
٤. د. عبدالامیر محمد امین و محمد تۆفیق حسین : مێژووی ئەوروپا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، وەرگێڕ : مستەفا سەعید عەلی، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی چوارچرا، سلێمانی، ۲۰۱۱ز.
٥. ئامانج نازم بیجان: چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا، سلێمانی، ۲۰۱۰ز.
٦. پ. د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ( سەردەمی کۆن – سەردەمی ناوەڕاست – سەردەمی نوێ)، وەرگێڕ : نهاد جلال حبیب الله، چاپی یەکەم، ۲۰۰۹ز.
۷. د. سامان حوسێن ئەحمەد: ڕەهەندەکانی ڕیفۆرمی ئایینی لە ئەوروپا – ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، چاپی سێیەم، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، ۲۰۱۷ز.