گەرمیان حسن
یەکەم دانیشتوانی سۆمەر بە “عوبەیدیەکان” ناسراون، یەکەمجاریش شوێنەواری ئەم قۆناغە مێژوویە لە گردێک بەناوی گردی عوبەید لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق دۆزرایەوە. یەکەم گەڕانی سەرەکی لەلایەن “هێنری هۆڵەوە” ئەنجامدرا، کاتێ چەند پارچە گۆزەیەکی گڵینی پەیوەندیدار بە سەردەمەکانی پێش مێژووەوە کۆکردەوە کە بەدەست دروستکرابوو، نەخشی ڕازانەوەکەشی بریتیبوو لە چەند نەخشێکی هەندەسی سادە بەچەند ڕەنگێکی سەوز، قاوەیی، ڕەش و قاوەیی مەیلەو شیری. دواتر لەلایەن “لیوناردۆ ووڵی” توانیان پاشماوەکانیان بدۆزنەوە. شارستانیەتی عوبەید لەو گوندە پەرش و بڵاوانەی بە درێژایی دەشتە لافاوەکانی ڕووباری دیجلە و فورات خەڵک دەستیان بە نیشتەجێبوون کرد، ئەم ژیارە دەکەوێتە چەند کیلۆمەترێک لە ڕۆژئاوای ناسریەوە و شەش کیلۆمەتر لە شاری مێژووی”ئور”ەوە دوورە. شارستانیەتی عوبەید بەبڵاوبوونەوەی لە باشوور و باکووری عێراق جیادەکرێتەوە، یەکەم شارستانییەتە لە باکور و باشوور بڵاوبووەتەوە – سەرەڕای ئەوەی لە بنەڕەتدا ئەم ژیارە باشوورییە. بە یەکەم کۆمەڵگای دەبژێردرێن لە دامەزراندنی ئابوووریەکی بەرهەمهێنەر لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی جووتیاری میزۆپۆتامیا، ئەم بنەمایەش لەسەری دامەزرابوو لەسەر بنچینەی دانەوێڵە بووە. عوبەید بەرهەمهێنانی لە زۆر بواردا دەرکەوتووە، وەک دروستکردنی دەفری گڵێنەیی ڕەنگاوڕەنگ و ڕازاوە، تایبەتمەندیەکی ئەوەبوو عوبەید گڵەکەیان زۆر گەرم و سوور دەکرەوە. خانووەکانیان چوارگۆشە بووە، ژووری زۆریان هەبوو لە هەمانکاتیشدا هۆڵێکی گەورە لە ناوەڕاستی خانووەکەدا بوونی هەبووە و خانووەکەیان لە گڵ(خشت) دروست دەکرد. باشترین شوێنەواری دێرین بۆ لێکۆڵینەوەی شارستانی سەردەمی عوبەید لە بەشی باشووری دوو ڕووباردا شاری (ئەریدۆ)یە، لە بەشی باکووریشدا (تەپە گەورایە). تەنانەت شوێنەوارەکانی شارستانیەتی عوبەید بە ڕێگای بازرگانی وشکانی دەریایی گەشتووەتە دەرەوەی ناوچەکەو بڵاوبووەو لە نێوان هەزارەی پێنجەم و چوارەمی پێش زایین گەشەی کرد، و بەسەر ڕووبەرێکی فراواندا بڵاوبووەوە و گەیشتە هەریەک لە سوریا، ئاسیای بچووک، کوردستان، نیمچە دوورگەی عەرەبی، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئێران، ئەفغانستان و هیندستان ئەم دووانەی دوایی بەهۆی پەیوەندی بازرگانی و سەوداگەری نێوانیان دۆزراوەتەوە لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان دەدات بەردی ئۆپسیدان و بەردی لاپیزلازوردی کەرەستەی خاو و سەدەف و گۆزە و بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی و گەنم و جۆ و بەرهەمە دەریاییەکان، بازرگانی و ئاڵۆگۆڕکراوە، ئەمە یارمەتیدەر بووە لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ماددی و کولتووری لە نێوان هەردوولادا. تا ئەوەی توێژەر “کلاریس سۆیشر” باسی لەوە کردووە:عوبەید، ئاوێنەی باڵانوێن و ناسێنەری قۆناغی کۆنترین شتومەک و پیشەسازییە دەستییەکانە.
تەنانەت زیاتر لە ۳۰ شوێنی سەر بە ژیاری عوبەید لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نیمچە دورگەی عەرەبی دۆزراونەتەوە، ئەمەش وایکرد هەندێک وا گریمانە بکەن پەیوەندی لە نێوان ڕۆژهەڵاتی نیمچە دورگەی عەرەبی و دانیشتوانی باشووری عێراق هەیە، بەشێک لە گروپە مرۆییەکان کۆچیان کردووە لە ڕۆژهەڵاتی عەرەبستانەوە تا دەشتی لافاوکردەکانی نزیکیان. تا ئەو قۆناغەی شارەکان دەستیان بە دروستبوون کرد لە عێراقدا هاوکات بوو لەگەڵ نەمانی شارستانیەتی عوبەید لە نیمچە دورگەی عەرەبیدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گومانی ئەوە بکرێت کە کۆچێکی گەورە لە عێراق ڕوویداوە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پێش زایین. تەنانەت “کلاریس سۆیشر” پێی وایە؛ “خەڵکانی چیا بەپلەی یەک و گرووپی کۆچەرە سامییەکان بەرەو باشووری عێراق کۆچیان کردووە لە ئەنجامی تێکەڵاوبوونی هەردوولا تەرزێکی فەرهەنگی نوێ هاتەکیە دواتر بووەتە دروستبوونی شارستانیەتێکی تەواو جیاواز و کلتورێکی نوێیان دروستکرد بەتایبەتمەندییە جیاوازەوەکانەوە لەدەوری یەکتر کۆبوونەوە.” ئەمەش بناغەی “سۆمەر”ی لێ هاتە کاتە.
ئەم قۆناغە بەیەکەمین سەردەمی شارستانی دەژمێرێت لە دەشتی ڕافیدەین کە دانیشتووانەکەی زەویەکەیان بە گەنم و جۆ و نیسکیان دەچاند و ڕەوە مانگا و بزن و مەڕیان بەخێو دەکرد و لە ڕووبارەکانەوە ماسییان دەگرت. شێوازی نوێی کشتوکاڵ پەرەی پێدرا و تۆڕێکی یەکگرتووی فراوان لە سەرەتای سەردەمی عوبەیددا دروستکرا…لە تایبەتمەندیەکی دیاری ئەم فەرهەنگە دەرکەوتنی “مۆری ڕووتەخت” بوو کە نەخشێکی لەسەر هەڵدەکۆڵرا و بەمەبەستی مۆرکردنی کەلوپەلی بازرگانی و پاراستنیان و ناسینەوەی خاوەنەکانیان بەکاردەهات، هەروەها شێوەی مۆرەکە لەسەری وێنەی ڕووەک و ئاژەڵ و ئەندازەیی هەڵکۆڵرابوو، ئەمە واتایەکی کۆمەڵایەتی و هونەری گرنگیان هەبوو بۆیان. لە ئەنجامی پەیوەندییەکانیاندا ئەم فەرهەنگە لە جاران فراوانتر و ڕەنگدانەوەی زیاتر بوو، بەو پێیەی کشتوکاڵ شایەتی فراوانبوونی گەورەبوونی لە باشووری میسۆپۆتامیا ڕەخساند، بە پشتبەستن لەسەر سیستەمی ئاودێری و نەک لەسەر باران، کە سیستەمی ئاودێری داهێنانێکە لەلایەن عوبەیدەوە بۆ سیستەمی کشتوکاڵ و ئاودێری لە میسۆپۆتامیا ئەم داهێنانە یەکێکە لەو هۆکارانەی یارمەتی مرۆڤی داوە لەم بەشەی خاکدا نیشتەجێ بێت.
قۆناغەکانی سەردەمی عوبەید:
فەرهەنگی عوبەید بەچەندین پەرەسەندنی شارستانییدا تێپەڕیووە تا گەشتووە بە فەرهەنگێکی جیاواز لەوانەی پێشخۆی، بێگومان بۆ ئەمەش بەچەند سەردەمێک جیایانکردووەتەوە ئەمانەش ئەو قۆناغانەن.
قۆناغی 0
هەندێکجار پێی دەوترێت (تەل عویلی) ماوەی نێوان 6500-5400 پ. ز) بووە، کە قۆناغی پێش عوبەیدە؛ بەپێی ئەوەی لە هەڵکۆڵینەکان لە تەل عویلی دەرکەوتووە.
قۆناغی عوبەیدی 1/ ئەم قۆناغەهەندێکجاریش پێی دەوترێ ئەریدۆ لە نێوان ساڵانی 5400-4700 پ.ز، ئەم قۆناغە درێژ دەبێتەوە، هەروەها قۆناغێکی تایبەتە بۆ باشووری عێراق لەو شوێنەی ئەمڕۆ تا دەگات بە کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی. ئەم قۆناغە پەیوەندییەکی ڕوون لەگەڵ کولتوری سامەرا لە باکوور نیشان دەدات و بەیەکەوە گرێیان دەدات. دانیشتوان توانیان دانەوێڵە لە بارودۆخی سەختی وشکەساڵیدا بچێنن، ئەمەش بەهۆی بەرزی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و بەکارهێنانی تەکنیکی ئاودێری لە باشووری عێراق.
لە عوبێەیی سفر و یەک تەنها مەوداییەکی دیاریکراوی سنووری جوگرافی دەگرتەوە.واتە فەرهەنگەکە تەنها لەناوچەیەکی دیاریکراوبووە.
قۆناغی عوبەیدی 2 / 4500-4800 پ.ز ئەم قۆناغە پەرەسەندنی فراوانی تۆڕی کەناڵی ئاودێری و نیشتەجێبوونە کشتوکاڵییەکان دەردەخات وای بۆ دەچن سەرەتا لە “چۆخەمامی” (4700-4600 پ.ز) پەرەی پێدرابێت. بە خێرایی لە شوێنەکانی دیکەدا بڵاوبووەوە، و نوێنەرایەتی یەکەم هەوڵی بەکۆمەڵ دەکات کە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری بەکۆمەڵ هەیە. لەم قۆناغەدا گڵێنەی عوبەید ناوچەیەکی فراوانی لەناو نیشینگە و کۆمەڵگەکاندا بڵاوبووە، ئەمە جیا لەوەی لە ڕووی کشتوکاڵ و دەریاوانی و مەڕوماڵاتداری و بەرهەمی زیادە هەنگاوی گەورەی بڕی. ئەوەی جێی ئاماژەیە فەرهەنگی عوبەید تا قۆناغی دووەمی هێشتا لەناوچەکانی باشووری عێراقدایە لە قۆناغی سێ و چواردا تەشەنە دەکات بەرەو ناوچەکانی تر بەتایبەت باکوور.
قۆناغی عوبەیدی 3/ ئەم ماوەیە لە نێوان (4500-4000 پ.ز)، ئەم قۆناغە شارنشینییەکی خێرا و فراوانبوونی کولتووری عوبەید بەرەو ناوچەکانی باکوور نیشان دەدات. بۆ جێگرتنەوەی فەرهەنگی حەلەف. لەم قۆناغەدا چەرخی گڵێنەی دروستکران لەسەر چەرخەکە پارچە قۆڕەکە دادەنرا بەوشێوەی دەیویست فوڕم و شێوەکەی دروست دەکرد. کلەوپەلەکان زۆربوون و لەڕووی نەخش و نیگار کەلوپەلە گڵێنیەکان سادەبوونەوە. شوێنەوار و گلێنەی فەرهەنگی عوبەید بەدرێژایی کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی بڵاوبووەتەوە، ئەمەش بەڵگەو نیشانەی گەشەکردنی سیستەمی بازرگانییە ئەم فەرهەنگەیە، کە لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە تا دەگاتە دیلمۆن و مەگان( واتا لە بەحرەین تا عومان درێژدەبێتەوە). باسیش لەوە کراوە بەهۆی بازرگانیەوە تا هیندیش چووە. بەڵام لەکۆتایی ئەم قۆناغە ئاستی ئاوی کەنداو کەمی کرد قۆناغی بیابانبوون دەرکەوت بەرەبەرە سەهۆڵبەندان کشان بەرەو ئەو جێگانەی ئێستا لەوێن.
عوبەیدی 4/لەم قۆناغەدا فەرهەنگی عوبەید جێگەی حەلەف گرتەوە. ئەمە فەرهەنگە بەدوروبەری و ناوچەکاندا دەستی کرد بەبڵاوبوونەوە. لەڕووی کەرەستە و خشڵ و جوانکاریەوە و گرنگیەکی تایبەتی پێدەدرا. لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە هاوشێوەی کۆمەڵگایەکی دەوڵەتەشار لە ئەریدۆ مامەڵەی دەکرد، ئەوەی عوبەیدی جیاوازکرد فەرهەنگی شارستانیبوونی مرۆڤی خستەسەر پایەیەکی جێگیر بەدوای خۆیدا فەرهەنگی وەرکا دەستی پێکرد، کە قۆناغی دروستبوونی شارە وەکو ناوەندێکی ڕامیاری.
شار لە سەردەمی عوبەید:
سەردەمی فەرهەنگی حەلەف کۆتا قۆناغی نیشتەجێبوونە لە جۆری گوندی بوونە لەناوچەکەدا، بەڵام عوبەید سەردەمی دروستبوونی شارۆچکە و شارەکان بوو، سەرەتای جۆری شارنشینی لە وڵاتی دووڕووبار و خۆرهەڵاتی نزیک هاتە کایە. کاریگەری شارستانی عوبەید کە لە دروستبوونی شارەکانەوە دەستی پێکرد لە هەموو شارۆچکەکان و ناوچەکاندا وەکو یەک نەبوو بێگومان ئەمەش بەهۆی جیاوازی ڕێڕەوی گەشەکردن و بچووکبوونەوە لە شارۆچکەکاندا، سەرەڕای ئەوەش سەردەمی عوبەید شایەتی دانانی بناغەکانی شارستانییەت بوو لە میزۆپۆتامیا. ژمارەی دانیشتووان لە کۆتایی سەردەمی عوبەید بەخێرایی دانیشتوان گەشەیان دەکرد و فراوانتر بوون و شارۆچکەکان لە ناوەندی نیشتەجێبوونی گەورە پێکهاتبوون ژمارەی دانیشتووانیان لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ١٠ هەزار کەس بوو لەسەر پارچە زەوییەکی زیاتر دەژیان کە ڕووبەرەکەی ١٠ هێکتاربوو، نیشتەجێبوونی گەورە دەستی پێکرد. بەپێی باوەڕی سۆمەرییەکان باس لەوەکراوە شاری(ئەریدۆ Eridu) کۆنترین شاری سۆمەر و گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوون بوو لە سەردەمی عوبەیددا، هەروەها یەکەم شار بوو کە بوو بە شار لە نزیکەی ساڵی ٥٠٠٠ پێش زایین. بەپێی پشکنینی بەڕێوبەری شوێنەواری عێراقی ئەنجامی داوە لەساڵی (1946بۆ1949)ئەریدۆ کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوون بووە لەخوارووی عێراقدا لە لیستی پاشاکانی سۆمەردا بووە لەسەردەمی پێش لافاو لە ئەفسانەی سۆمەرییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەریدۆ لەلایەن خوداوەندی سۆمەرییەکان “ئینکی” دروستی کردە. ئەریدۆ لە ڕووباری فوراتەوە ئاویان بۆ کێشاوە لە شێوەی کارێز و جۆگەی ئاو ، چونکە یەکێ لە خەسڵەتە خراپەکانی شارەکە ئەوەبوو بەرکەوتەی زۆری هەبوو لەگەڵ سروشتی وشکانی و بیابانوون هەر ئەمە وایکردە زیاتر بەرەو لە ناوچوون بچێت لە سەردەمانی دواتردا.
هەر شارۆچکەیەک بە تۆڕێک گوند دەورە درابوو. لە شارەکانی عوبەیدا پەرستگا لە ناوەڕاست و چەقی شاردا بووە، پاشان ماڵ و خانووەکان بەدەوریدا دروستکراون، ئەمەش پاڵپشت بە بەڵگە شوێنەوارییەکان دۆزراونەتەوە. کۆمەڵگا لە سەردەمی عوبەیددا بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵک دابەش بوو، چینێکی باڵاتر لە سەرکردەی عەشیرەت هەبوون کە ئەرکی یەکلایی کردنەوەی ناکۆکی و جێبەجێکردنی فەرمانیان هەبوو.
دیارترین شوێنەواری عوبەید لە عێراق:
گردی عوبەید،ئەبوشەهرین(ئەریدۆ)، گردی ئەلعەقیر، گردی ئەسمەر، گردی عویلی، خەفاجییە، سامەڕا، گردی حاجی محەمەد، تەپەگەورا، چۆخەمامی، حەلەف، گردی حەسوونە، گردی ئەرپاچی، نەینەوا، شەنگال، دیالە، مەتارە، نوزی و نەینەوا…چەندان شوێنی تر.
زمان:
شوێنەوارناسی عێراقی تەها باقر لەم باریەوە باسی لەوەکردووە هیچ پاش سەردەمی زمانەکەیان نەماوە، جگە لە چەند کولتوورێکی کەم لە زمانەکەیان و بنکەیان کە شارەکانی وڵاتی سۆمەر و ئەکەدە و هەندێک وای بۆ ئەچن ئەوان خاوەن زمانی نووسینی مێخین.
پەرستگاکان:
دەرکەوتنی یەکەم پەرستگای گشتی لە عوبەیدا بووە، بەپێی تەلارسازییەکی هاوشێوە وەکو ئەوەی لە ناوچەی میزۆپۆتامیا. باوبووە. بە واتایەک یەکەم پەرستگاکان لە میزۆپۆتامیا لە سەردەمی عوبەید دروستکراون، بەتایبەتریش لە شاری ئەریدۆ. تەنانەت مێژوونووس “ئەحمەد ئەمین سەلیم” باسی لەوە کردووە؛ کۆنترین پەرستگا دۆزرابێتەوە لە ئەریدۆ بووە لە شارستانێتی عوبەید بەناوی(پەرستگای سپی). وەکو باسی لێوەکراوە ئەو خواوەندەی پەرستش کراوە خواوەند “نینخورساگ:Nin hur sag” بووە.خەڵک لەچندین شوێنەوە ڕوویانکردووە لێی بۆ پەرستش.هەروەها پەرستگا لەسەر سەکۆی بەرز دروستکراون بۆ پاراستنیان لە لافاو. بەڵام ئەم دۆخە لە عوبەیدی باکوور جیاوازبووە و سەکۆی نەبووە پەرستگاکان تاکو ترسی لافاری لەسەربێ. یەکەم پەرستگاکان لە ژوورێکی بچووکی چوارسوچە پێکهاتبوون و شوێنەوارێکی خشتی چینداریان لەخۆگرتبوو کە پەیکەری خوداوەندەکانی لەسەر دانرابوو. ژوورەکە مێزی قوربانی و قوربانگاکەی لەخۆگرتبوو، پاشان بینای پەرستگاکان وردە وردە گەشەسەند و چەندین ژووری بچووکی لەخۆگرتووە کە دەوری هۆڵێکی سەرەکی چوارگۆشەی داوە.تەلارسازی ەرستگاکان شاهیدی پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینی بە سەرنجدان کە هەندێکیان دەگەنە ڕووبەرێکی نزیکەی ٣٠٠ مەتر چوارگۆشە، ئەمەش بە خەمڵاندنی وەکو ماڵێکی پەرستش یان شوێنی کۆبوونەوە،بۆ پێشوازیکردن لە خەڵک لە بۆنە گشتییەکاندا یان بەهەر بابەتێکی تربێ.
گڵێنەسازی
بەکارهێنانی ئەو گڵەی عوبێد بەکاریهێنا ژیارەکانی تر هاوشێوەی ئەو گڵەیان بەکارنەهێنا، چونکە ئەوەی گڵێنەسازی عوبێد کردی تایبەتمەندیەکی ئەوەبوو زۆر سووریان دەکردەوە، کاریگەری لەسەر ڕەنگی نەخشەکان هەبوو. ئەم زۆرگەرم کردنە وایکرد بەدرێژایی هەموو قۆناغەکانی عوبێد ناسینەوەی گڵێنەکانیش ئاسان بێت و بناسرێتەوە. ئەوشتانەی بەزۆری دروستیان دەکرد بریتی بوو لە گڵێنەو دیزە و گۆزە و کوپە و کونە و گۆزەی سیرامیک و پەیکەری قوڕین و مەنجەڵ تەنانەت لە یەکێ لە گۆڕستانەکاندا بەلەمی قوڕین بوونی هەبوو لە گۆڕی ژنێکدا بووە، لەلایەن خەڵکی عوبێدەوە دروستکراون. بەتایبەتی ئەو قاپ و قاچخانەی لە هەر ماڵێکدا بەکاردەهێنرا بە ئاستێکی بەرز بە ڕەنگی زەرد یان سەوزی کاڵ و دیزاینی ئەندازەیی بە ڕەش یان قاوەیی ڕەنگ کراوە یەکێ لەو شتانەی بەدەگمەن ڕەنگی سووریان لە نەخشەکان بەکارهێناوە،زۆربەی نەخشەکان نەخشی هەندەسی سادەبوونە. هەرچەندە نەخشونیگار جۆری رازاندنەوە بەزۆری لە سەردەمی عوبەیدی نوێدا بەکارهاتووە، بەڵام لەسەردەمی نوێی عوبەیدیشدا تەنها ڕووی دەرەوەی دەفرەکان ئەویش زۆر بەکەمی بەنەخش دەڕازێندرانەوە. لە بەردی ئۆپسیدان و کوارتزیش گەلێ دەفر و دەوری بەردین بە جوانی داتاشراوە لە ئەریدۆ دۆزراوەتەوە. خەسڵەتی هەرە دیاری چەرخی عوبەید بەکارهێنانی گڵی تایبەت و گڵێنەسازیەکەیەتی. تەنانەت گڵی تایبەت بۆ دروستکردنی پەیکەر پەرەی پێدرا. پێشکەوتنی گرنگ لە بواری بیناسازیدا بوو، کاتێ بۆ یەکەمجار بە بەکارهێنانی خشتی قاڵبکراوی سوورکراویان بەکارهێنا بۆ خانوو. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە مرۆڤ لەم فەرهەنگەدا درکی بە وردەکاری و تایبەتمەندی زۆر وردکردووە، ئەمەش ئەو وەڵامەمان پێدەڵێ چەند لەڕووی شارستانی و فەرهەنگیەوە ئەم مرۆڤانە هەڵیانداوە جیاوازبن کەرستەی و بەرهەم و کەلتورێکی باڵا بسازێنن لەنێو حۆیاندا لە قۆناغەکانی پێشوودا ئەمە بەدی ناکەی.
ئاژەڵداری:
لەڕووی کشتوکاڵەوە زۆر گرنگیان بە “گا” داوە و پەروەردەیان کردووە هەم بۆ جووتکردن(وەردکردن)و لەهەمانکاتدا بەشێکی گەورەی ئابووری بۆ پێکهێناون. گرنگیان داوە بە سەگی “تانجی” بۆ ڕاوکردن و پاسەوانیکردنی ماڵ و کێڵگەکانیان. تەنانەت لە هەندێ گۆڕەکاندا ئەم سەگانەیان دۆزیوەتەوە لەگەڵ مردووە عوبەیدیەکاندا نێژراون… ❞وەکو بۆچوونی خۆم دەکرێ ئەمە داواکاری خودی ئەو کەسەبێ، یاخود دەکرێ لەسەر بنەمای گرنگی ئەو پەیوەندییە بێت هەیانبووە(مرۆڤەکە و سەگەکە) لەلایەن کەسەنزیکەکانی چواردەوریانەوە هەردووکیان لەگۆڕێکدا ناشتووە.❝ لە ڕووی مۆرەکانیشدا وێنەیان نەخشێنراوە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەم ئاژەڵە تا چەند سوودی پێیان گەیاندە و هاوکاریان بووە. لایەنێ تریان گرنگیدان بووە بە ڕاوکردنی ماسی بە تۆڕ بەهۆی زۆنگ و ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە، تەنانەت “دەفری ماسی” دۆزراوەتەوە لەقاپێکدا وەکو پێشکەش کردن بە خواوەند کە دەکرێ خەڵکەکە چی خواردنێکی خواردووە ئەوەشی پێشکەش بەخواوەند کردە و یەکێ بووە لە خواردنە دڵخوازەکان. هەریەکە لە بەراز و مەڕو بزن و مانگاشیان بەخێوەکرووە لە بژێوییە سەرەکییەکانی خەڵکی عوبەید بووە.
بازرگانی:
میزۆپۆتامیا سەرچاوە سروشتییەکانی وەک بەردی بیناسازی و دار و کانزاکانی نەبوو، بۆیە خەڵکانی عوبەید پەنایان بۆ ئاڵوگۆڕی دانەوێڵە بدووە بە بەرهەمەکانیان بەو بەرهەمانەی نەیانبووە. ئەوەی ئەم فەرهەنگە جیاواز دەکات خەڵکی عوبەید کاریان لەسەر بەرهەمی زیادەی کێڵگەکانیان یاخود ئابووری کردووە بۆ کاری بازرگانی، ئەمەش کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵی ئابووری دامەزراند. ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سەردەمی عوبەید گەشەی کرد و لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە تا هند ڕۆیشتووە، لە کەنداوی عەرەیشەوە تا مەگان(عومان) درێژ بووەوە. عوبەیدیەکان یەکەم خەڵکانی میزۆپۆتامیا بوون کە بەلەمیان بەکارهێنا بۆ گەشتکردن بەناو ئاودا و گواستنەوەی کەلوپەل لەسەریان.
کۆتایی عوبەید:
فەرهەنگی عوبەید وەکو شارەزایانی بواری ئارکیۆلۆجی باسیان لێوەکردووە تا 3800-3700پ.ز بەردەوامی هەبووە. گەورەبوونی کۆمەڵگا و نشینگەکان پێویستیەکان وایکرد لەم قۆناغە بەدواوە فەرهەنگێکی تر ببێتە جێگرەوی بەناوی فەرهەنگی وەرکا، لێرە بەدواوە مرۆڤ دەست بەدەکات بەدروستکردنی ناوەندی ڕامیاری و ڕێکخستنی کۆمەڵگا لەلایەنی ئایین و کۆمەڵایەتی و بازرگانی و دانیشتوانی شار…هتد.
1_دكتور محمت بیومی مهران، تاريخ العراق القديم،دار المعرفة الجامعية،1990، الاسكندرية، ص30.
2_جان کلود مارغرون، السكان القدماء لبلاد ما بين النهرين وسورية الشمالية،ت؛سالم سليمان العيسي، منشورات دار علاء الدين، الطبعة الأولى، دمشق، 1999، 63.
3_الدكتور عبد القادر عبد الجبار الشيخلي، المدخل الى تاريخ الحضارات القديمة، وزارة التعليم العالي والبحث العلمي جامعة بغداد، 1990، ص 66
4_محمد بیومی مهران، المدن الكبرى في مصر والشرق الأدنى القديم، الجزء الثاني، دار المعرفة الجامعية، الإسكندرية، ص 188
5_صادق ملک شهمیرزادی، بناغەی دێرینەناسی،و؛وریا قانع، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر،2017،ل357-369
6_کلاریس شۆیسر، ڕۆژهەڵاتی نزیکی کەونارا، و؛عبدلڕەحیم مەعریفەتی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر،ل26 ل42-45.
7-تەحسین تەها محەمەد، ڕەچەڵەکی کۆمەڵگا ئاڵۆزەکانی باشووری خۆرئاوای ئاسیا، گۆڤاری هەزارمێرد، ژمارە25-کانوونی یەکەمی2004، سلێمانی، ل122-126
8-تەقی ئەلدەباغ، پێشەکییەک لە زانستی شوێنەوار،و؛ صباح پیرباڵ قصاب، چاپخانەی تەفسیر، هەولێر،2023،ل60-67.
9-ئەحمەد ئەمین سەلیم، مێژووی کۆنی میسر و عێراق، و؛فەیسەڵ خەلیل، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ل454.
10-تەها باقر، سەرەتایەک بۆ مێژووی شارستانییە دێرینەکان، و؛عوسمان عەزیز ئیلاف و ئەفراسیاب ڕەشید کەریم، چاپخانەی تاران، بەرگی1، 2018، ل44 ل98-100.