نوسینی ، حسن محمود حمە کریم
نیوەڕۆى دووشەممە ڕێکەوتى 17|1|2023 لەخزمەت کاک عەبدولکەریم عارف و کاک ماجید موشیرو مامۆستا ئازاد قارەمانى لە گەشتێکى تایبەتدا ڕومانکردە ناوچەى قەرەداغ، دواى ئەوەى شاخى بەرانان و گڵەزەردەمان تێپەڕاند گەشتینە ناو دێى قارەمان، ئەم دێیە دەکەوێتە نێوان چیاکانى بەرانان و قۆپیەکانى قەرەداغ و نێوان کۆمەڵێک گردو تەپۆڵکەو دەشت و چەم و دۆڵەوە، شاخەکانى نزیکى زۆر بەرز نین، ئەم دێیە لە کۆندا دەکەوتە سەرەڕێى سەرەکى کاروانى بازرگانى بغداد کفرى سەنگاو قەرەداغ سلێمانى، لە نزیک ئەم دێیە وەک قۆناغبەندى خان و جێ خەوو چاخانەى لێبوەو کاروانچیان لێرە حەواونەتەوە، ئەوجا کەوتونەتە ڕێ بۆ سلێمانى یان بە پێچەوانەوە بەرەو بەغداد، تاپەنجاکانیش کە سەیارە کەم بوو چاخانەو خانەکان مابوون وەک چاخانەى دەروێش قادرو چاخانەکەى خاڵە محمودى بنار شاخى بەرانان بەناوبانگە، ئێستەش ئەو ڕێ کاروانە کۆنەى پاڵ دێى قارەمان ماوەو خەڵکى سەڵت و شوان و شتى پیا دەڕوات.
قسە وایە کە وشەى قارەمان لەوەوە هاتووە کە بەرەبابێکى تیابووە هەموو پیاوى کەڵەگەت و قەبەو ئازاو بەرزو زل زل بوون و ملیان بە شێخ و بەگ و ئاغا نەداوە، کەس نەیتوانیوە بەزۆر مل بەم مرۆڤە بە دەماخانە کەچ بکات، من پێشتر لێکۆڵینەوەم لە نەوەکانى ڕۆستەم و زۆراب کردوە کە هەندێکیان لە کرماشانەوە هاتوون لە ناوچەى عەربەت و شەممە دێلەکەو نەوتى و قەرەداغ نیشتەجێ بوون، ئێستەش بەشێک لەو ئازایەتی و غیرەتەیان ماوە، سەریان بۆ کەس شۆڕنەکردوە، لە کانی سپیکە دەیانوت لە دورەوە سەرى بەرزى مرۆڤى قارەمان دیارەو دەیناسینەوە کە کەڵەگەت و بەخۆو ئازان و سەریان لە دورەوە دیارە.
ئاسەوارى دێ کۆنەکە لە خوارەوەیە کە سەدان ساڵ پێشتر خەڵکى ئاوایى لەوێ بوون و هەر ناوى قارەمان بووە، پاشان هاتونەتە ئەم جێ دێ نوێیە، جێى مزگەوتە کۆنیشی لێیە لەبەر ڕێزو پیرۆزى تا ئێستەش عەرزەکەیان نەکێڵاوە، مزگەوتێ لەو کۆنتریش هەیە شوێنەکەى دیارە نایکیڵن ، دەکەوێتە پشت موڵکەکانى حەمەى هاجەر باپیرە گەورەى بەشێک لە خەڵکى دێیەکە، ئەم دێیە جارێ تر چوەتە (کەلەوان) و گەڕاوەتەوە ئێرە، وابزانم لەبەر تاعون چوون کە دابوى لە دێ کۆنەکەو زۆرى بەفەتەرات بردبوو، دوایى کەلەوانیش جێ دێڵن و ئەم دێیەى ئێستە ئاوەدان دەکەنەوەو تا ئەمڕۆ لێرەن، جێى ئەم دێیە دارستانێکى چڕ بووە، هەنێکیان پاکردەوەو نیشتەجێ بوون، تا هەشتا ساڵ لەمەوبەریش ناودێ بە درەختى بەڕو و دارەوەن داپۆشرابوو، ماڵ نەبوو دارێکى گەورەى تیا نەبێ، دێ کۆنەکە زۆر بوون ، ئەڵێن چل ماڵە جۆڵاى تیا بووە، ئەوەنە قەرەباڵغ بووە کە چوون بۆ ئاش بۆ زڕگوێز لە ملەى شاخ گەیشتون بەیەک یەکیان نەناسیوە، بەپێى دیوارە ڕوخاوو بناغە بەردەکان بێت گوندە کۆنەکە هەموو ئەو دۆڵ و چەم و دەشت و چاڵەى گرتبویەوە، ئەو بەردانە هى ئەم ناوە نیە، بە کۆڵ و بار هاتوون بۆ خانوکردن، چل دۆنم زەوى داگیرکردوە، جۆگەیە بەناو ئەو دێیەدا ڕۆشتووە ئێستە پڕە لە ئاسەوار، کە زەوى دەکیڵن دەمە کوپەو کەنوى زۆر گەورە دەردەکەوێ، هەڵیان دەدایەوە کەمێ خۆڵە شینەیان لەناوا بووە، ڕەنگە بۆ هەڵگرتن و شاردنەوەى گەنم و جۆو دانەوێڵە لە ژێر زەوى کرابێت، ڕەنگە لەبەر هێرشى دوژمن شارابێتەوە، ڕەنگە ئەوجۆرە هەڵگرتنە بۆ ئەو کات زانستى بوبێت، لە زۆربەى دێیەکان ئەو شێوازە هەیە، دوژمنیش پیاوى شارەزایان بووە بۆ دۆزینەوەى ئەو خۆراکانە لەکاتى تەنگانەو برسێتیاندا، گەڕاون بۆ گەنم لەژێر زەوى دا، بە دار داویانە لە زەویەکان ئەگەر تەپە هاتبێ زانیوانە شتى شاراوەیە.
قەبرسانى دێ کۆنى قارەمان زۆر گەورەیە ڕەنگە سى دۆنم ببێ، قەبرسانى وا گەورە لەم ناوە نیەو ڕویان لە قیبلە نیە، ناوى (قەبرسانى گاوران) بووە، قەبرەکان لەناوەوە بازنەیى وەک ئاگردان دروستکراون و بەردێکى زۆر گەورەى پانیان ناوەتە سەر هەتا دەستى دوژمن و دڕندەى نەگاتێ، هەنێکیان ڕەنگە هى گەورەکانیان بوبێ بەخشت کراوە، لەم دواییەدا بەزۆرو بەشۆفڵ بەردەکانیان هەڵداوەتەوەو شتەکانیان بردوە، قەبرستانى تریش هەیە بەناوى (قەبرستانى نیگار) لە بنار شاخەکە، نازانرێ هى کێیەو چ سەردەمێکە، لە نزیک قارەمانیش قەبرستان و شەخسى کۆن هەیە بەناوى گۆڕستانی ئەسحابان و (ئیمام دووجارە) نازانرێ کێ بووە، یەکێ تر هەیە بەناوى (قەبرستانى مەردە گەورە)، وەختى خۆى شەخسە بچکۆلەیان پێوتوە، کەسێ وتویەتى گوناحە با پێی بێژین مەردە گەورە، لە ڕێگەى زڕگوێزیش سێ شەخس و قەبر هەیە، بۆیە واى پێدەڵێن چونکە ڕێگەکە بۆ زڕگوێز دەڕوات، لەوبەریش شەخسى ئیمام حوسێن هەیە، لەناو قەبرسانە گەورەدا گردۆڵکەیەکى بەرز هەیە هەرچوار لاى لێژە، وەک کۆشکى دەسەڵاتدار وابووە شوراشى بووە، دەستى دز ئەویشیان چوار مەتر قوڵ هەڵکەندوە، دەیانگوت ئاڵتون و شتیان تیا دۆزیبویەوە، لەسەر گردەکە بەجیهاز گەڕابوون چوبونە ژێر قەبرەکان، ساڵى بارانە زۆرەکە بووە شەو هاتوون تا خەڵک نەیانبینێ.
ئاشێکیان بووە لە تەقتەقان لە چەمەکە لاى تووە گەورە زۆر کۆن دیارە پێیان وتوە (ئاشە سپى)، هى دێ کۆنەکەى خوارەوە بووە، تا سیى ساڵ پێشتریش مابوو، ئێستە تەنها ئاسەوارەکانى ماوە، هەڵیان تەکاندبوو بۆ ئەڵماسەکەى گەڕابوون، ئاشەکۆنى هەموو دێیەکانیان هەڵداوەتەوە بۆ ئەڵماسەکەى یەژن زۆر گرانە.
دێى قارەمان دەکەوێتە نێوان گوندو دێهاتێکى زۆر، لاى قیبلەوە گوندى باخان و ولیان و زێومەرو دارى زاین، دەڕواتەوە خوار بەو چەم و دۆڵەدا بۆ دێى ئەستێلی خوارو چەمى دەلوچەو ئاوایى حەمە کەرەم و تازەدێ، هەر بەچەما دەڕۆى بۆ دێى دەلوچەو کانى هەنار، لەوبەرەوە لە چەمى سمۆرەوە هەڵدەگەڕێیتەوە بۆ خوارەوە بۆ دێى چاڵگەو کوڵەجۆو دێیتەوە بۆ ناوچەى شارۆچکەى قەرەداغ، لەوێوە دێى میکائیل پاشا کە دێی خیڵى شێخ محمدى شێخ عەبدولکەریمى کەسنەزانە، لەوە دێیتە خوارەوە بۆ هەردو دێى دۆڵان و هۆمەرەغان کە هۆردۆغانیشى پێدەڵێن، لا ئەگەڕێیتەوە بۆ هەردو گوندى دەرەوەیان و دەپەڕێیتەوە بۆ چەمى جافران، ئەنجا ئەملامان دووبارە قەرەداغە، پاشان دێیتەوە بۆ دێى تیمارو باخى سەرو گەڕەزیل و کانی گەڕەزیل و کانى ڕۆشنایى و فیکەیەرەو هەرگێنەو چەولک و مریەم بەگ و هۆمەرغان و هەڵدەرەو کەسنەزان و خاوێ و قازانقایەو تەنگى سەرو کونە کۆترو برایماواو سەرزەل و قەڵاسورەو پاشان دەگەیتە شاخى گڵەزەردە، بەمدیودا دەڕواتەوە بۆ دێى شێخەوڵاو کانى سپیکەو سەماوات و بەردەکەڕو دەچێتەوە بۆ جادەکەى سلێمانى قەرەداغ، بەم شانماندا دێیتەوە بۆ ئاوایى سەدوبیست و ئەولاترمان ئاوایى زڕگوێزو لەولاوە دێیەکانى سوێراوەو تلەزەیت و سولیاواو میراسى سەرو میراسى خوارو نەوتى و شیوى قازى و قامیشان و دوکەرۆ و دوکان و مچەکوێرو کانی حەیران و بەشاخدا سەردەکەوی بۆ بلکان و فەقیرە ..
ەوروبەرى قارەمان بە کۆمەڵێک دۆڵ و شیوى زۆر جوان و قوڵ دەوردراوە کە لاپاڵەکانى هەموو دارو دەوەن و نەرمە گیاى بەهارە بچکۆلەیە کە لەم چلەیەدا بە هۆى سایقەو تیشکى زێڕینى خۆر سەریان دەرهێناوەو سروشتەکەى تەواو ڕازاوەو ڕەنگین کردوە، دارستانەکانى پڕکردوە لە پۆڕو کۆترە کێوى و کەروێشک و ڕێوى و چەقەڵ و بەرازو گورگ، لە هەنێ جێ شەخەڵى دارەکان ئەوەند زۆر بوو نەماندەتوانى ڕێبکەین، ناوچەکە داپۆشرابوو بە داربەڕوو دارەوەن و دار چنارو دارە بى و دارى قەرەقاچن کە بزن زۆر حەزى بە گەڵاکانیەتى، دار بەڵاڵوک و دارمازو زۆرو زەوەندە بوو، خەڵکەکە بۆ خۆیان خەریکى باخ و کشتوکاڵ بوون، گەنم و جۆ نەختێ سەریان دەرهێنابوو، ئەو دوو سەگەى کە خۆڕسکانە لە خۆوە هەر بە پێدانى نەختى سیی جگەرەکە لەگەڵمان هاتبوون، وەک چاو ساغێک یاریان بۆ دەکردین، بەسەر ڕاوەشاندن نەرمە وەڕین کە ڕێگەکەمان ون دەکرد پێش دەکەوتن و وەک زمانزان ڕێگەکەیان نیشاندەداین، ڕاستى بڵێم زۆر دەترساین لەو شەخەڵانە بەراز خۆیان حەشاردابێ و پەلامارمان بدەن ، ئەم ناوە (چەمە گەورە)و چەمى تەقتەقان و چەمى بانى خێڵان و چەمى قارەمانیشى پێیەژن ، ئەملاتر (شیوە درێژ) و (چەمى قولە ڕەش) و (چەمى شەخسى زڕگوێز)ە ، ناوچەکە چەم و دۆڵى تریشى زۆرە وەک (چەمى کارێزەکە)و (چەمى هەمەوەند کوژیاو)و (چەمى خاڵ قەبران) کە دەڕواتەوە بۆ (چەمى گردە سوور) و (چەمى قەبرى نیگار) کە چەمێکى گەورەیەو دێتەوە بۆ (چەمى ژاڵان) و (چەمى کەنى پردێ) و درێژدەبێتەوە هەتا (چەمى تیمار)و (چەمى کارێزە)، پاشان دێتەوە بۆ (چەمى خەڕاجاڕو)و جاڕەکەى پیادێتە خوارەوە بۆ (چەمى قامیشان) و (چەمى دارەوەنى گردە ڕەش) کە (چەمى شیوە قوڵ)یشى پێدەڵێن.
گوندى قارەمان بە کۆمەڵێک گردو تەپۆڵکەى خۆڵی نەرم دەوردراوە وەک (گردى ئیمام حوسێن) و (گردى عومەر)و (گردى گزرە گردە)و (قوچ گردى) و (ئەشکەوتى خەڵەنگاوى) پشت باخەکان، مەبەست لە خەڵەنکاوى خاڵخاڵ و پەڵە پەڵەى عەرزەکەیە وا ناونراوە، پاشان (گردى خەڕاجاڕ) و (گردى پاشا)و (گردى سورکەکان) و (گردە سوور)و (گردى سەرسورکان) کە خۆڵى زەویەکانى گڵە سورکەیەکى نەرمن و بەوە ناونراون.
لە دەوروپشتى دێى قارەمان شاخى بەرز نیە، بەڵام (زنجیرەى بەرانان) کەمێ دورەو لە حانى قارەمان ناونراوە (شاخى دارمازەڵە) ، هەردوو سەرى زنجیرە شاخەکە پێى یەژن (بەرانان)، (کڵاوبڕ) و (ڕەبایەى کڵاوبڕ) یان (کڵاو گورگ) یشى پێدەڵێن، (هەوارە بەرزە) و (قەڵا ڕێوى) نیمچە شاخن، (بانى ڕۆستەم بەگ) و (یاڵى قامیشاوى) و (یاڵى خەڕاجاڕ) هەتا (کۆڵە ڕەش) وردە وردە درێژ دەبێتەوە.
ناوچەى قارەمان بەهۆى نزمیەکەیەوە ئەشکەوتى نیە، بەڵام (ئەشکەوتە گاڕان) لەودیوەوەو (ئەشکەوتى خاڵەنکاوى) لەبەرامبەرەوەو (ئەشکەوتى حەوشەکان)یش هەیە کە پێشەکەى وەکو حەوشە هاتونەتە یەک، لێرە قەڵاو شورامان نەدى، بەڵام شوێنێک لە قەڵا دەچوو، هەر چوار لاى چاڵ و لێژەو لە بەرزیدایە، دەڵێن دێ کۆنەکە شتێکى بووە وەک شورا، کە زەویەکانیان ئەکێڵا هەموى گابەردى زل زل بە ڕیز دانرابوو پێیدەڵێن کەلاوەکان.
لە دەوروپشتى دێ کۆن و دێ تازەکە جۆگەو کارێزو ئاوو کانى زۆر هەیە، گەورەترینیان (کانى ئاوایى) یان (کانى پیاوان و کانى ژنان)ە کە (حەوزەکە)شى پێدەڵێن، دێ کۆنەکەش کانى زۆرى بووە کە زۆریان تا ئیستەش ماون وەک (کانى پلوسک) و (کانى بەرتوان) و (چەمى کوڵەکە) و (کوڵە حەمام)یشى پێدەڵێن خەڵک خۆى تیا شتوە، (کانى حەمەى مامە) و (کانى تارم) لە ناوچەیەکدان تا ئیستەش هەموى داربەڕوو دارەوەن و دار چنارو دار بیە.
یەکێک وتى باپیرم گێڕایەوە سەعات دوانزەى نیوەڕۆ دیومە لەسەر ئاوەکەى (چەڵەبى) و (کانى خەمە) و (کارێزەکەى خەمەتا) و (کانى گاوران) کە کانى دێیە زۆر کۆنەکەیە لەو بن شاخە هەر لە ئەزەلەوە هەتا ئەم دەقەیەش ئاوى هەیەو وشکى نەکردوە، باپیرى وتبوى لە کاتى نوێژى نیوەڕۆ دە دوانزە حەیوانە کێوى بەردەوام دەهاتن بۆ ئەو سەر کانیە، ئەوسا وەک ئێستە تفەنگ و تەقە نەبووە ڕاویانبنێ، ئەوسا هەر ساچمە زەن بووە ئەویش دەنگى کز بوەو زۆر بڕى نەکردوە.
خەڵکى قارەمان کەمتر مەلایان بووە، بەزۆرى مەلا ڕەمەزانەیان بووە، تەنها هاتووە لە برى پارەیەک ڕەمەزان نوێژى بۆ کردون و ڕۆشتوەتەوە، مەلا شێخ حەمەمین و مەلا وەسیم ئێرانى بوون، لێرە ماوەیەک مەلا بوون، مەلا عبدالستار سەعیدیشیان بووە کە دایکی خوێندکاری قوتابخانەی حەپسەخانی نەقیب بووە، بەڵام باسى حوجرەو دەستنووس و ئەوانە نیە، ماوەیەک مەلا شێخ کەمالى مزگەوتى سلێمانى خەڵکى تەکیە لێرە بووە، لە قارەمان گۆرانى بێژ هەبووە، یەکێک وتى (باپیرە سۆفیم) گۆرانى چاکى دەوت، ناوى سۆفى عەبدوڵا براى کوێخا محمود بوو، گوتى چووە ئاوایى دۆڵان حەوت شەوو حەوت ڕۆژ گۆرانى وتوە، (ئامۆژنە سەمین) دەنگى زۆر خۆش بووە، (مەجێى شاناز) دایکى ناوى شاناز بوو نەنکى مامۆستا ئازادى هاوسەفەرمان بوو ، بەدەم مناڵ بەخێوکردن و مانگا دۆشینەوە یەک گۆرانى و ئاوازی غەمگینی دەوت کەس نەیدەوت، ژنى ئازاشیان بووە، ئەو کەسە وتى نەنکى باوکم (سەڵمە خان)ى ناو بووە، لەگەڵ دوو ژنى تر لەگەڵ کاروان باریان بردووە چوون بۆ شار، مێردو کوڕەکانیان لە سەفەربەلکى پڕ نەگبەتی عوسمانلى مردون و نەگەڕاونەتەوە، خۆیان شانیان ناوەتە بەر ئیش و کاسبى و بۆ بژێوى ژیان دەستیان پان نەکردوەتەوە بۆ کەس ، زۆر سەیر باسى (سەلمە خان) دەکەن، ژنى حاجى سەعى عبداللە سلێمان بووە، وتی شەو بەدواى ئاژەڵدا ئەچوو بۆ شاخ، زۆرجار بەپێی پەتى ئەگەڕا، تەماتەمان بوو لەخوار ئاوایى، زۆر شەو دوو سێ جار ئەچوو بۆ سەیرى و ئاوى ئەدا بەتەنها، عەرزەکەمان پێکەوە بوو، تا بڵێى ئازاو بەغیرەت بوو، کلکى مارى ئەگرتوو لە کون دەرى ئەهێناو ئەیکێشا بە زەویدا ئەیکوشت، میردەکەى وتبوى خوا ماڵت کاول بکات ئەتخوات وازى لێبێنە، (نەنە عەمنە) ژنى ساڵحى مارف دەرمانساز بوەو کارى جەڕاحى کردوە، (باجى مەهروب)یش ژنى حاجى عبداللە حسێن زۆر ئازاو دەستڕەنگین بووە.
یەکێک بەناوى مەلا فاتیح وتى بنەچەى ئێمە بەرەى ئەحمەد محمد هاجەرى میکائیل هەورامیەو خەڵکى ڕەزاوین لاى مەریوان، وتى من ناوم فاتیح سابیر محمود سلیمان ئەحمەد محمد هاجەر میکائیل، باپیرى من کوێخا محمودیان پێ وتوە مختارى ئاوایى بووە، حەمەى هاجەرى میکائیل حەوت کوڕى بووە، لێرەوە چووە بۆ حەج کە هاتوەتەوە لە سەگرمە مردوە، دایکم کافیە حەسەن شەریف هەر لێرە لەدایک بووە، وتى بنەماڵەى ئێمە نزیک بە سەدو پەنجا ساڵ لەمەوبەر لە ڕەزاوەوە هاتوون، ئەوکات تاعومێک داوێتى لەم ناوچەیە هەمووى مەحوبۆتەوە قڕى کردون دواییان بڕاوەتەوە، ئەوەى ماوە دێى قارەمانیان جێهێشتووە چونەتە چەمى قامیشاوى نیشتەجێ بوون، ئێستە بەو جێیە دەڵێن (ماڵ تاعونانە)، باپیرانى ئێمە لە ڕەزاوەوە کۆچیان کردوەو ئەم چۆڵەوانى و بۆشاییەیان پڕکردوەتەوە و دوایش خەڵکەکە لە ماڵ تاعونانەوە گەڕاونەتەوە بۆ ناو قارەمان و لەو کاتەوە لێرەین.