Home / مێژووی ئیسلام / پانۆڕامای ژیانی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (درودی خوای لەسەر بێت)

پانۆڕامای ژیانی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (درودی خوای لەسەر بێت)

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

موحەممەدی كوڕی عەبدوڵڵا كوڕی عەبدولموتەلیب، پێغەمبەری خوایە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، تاكو خەڵك بگەڕێنێتەوە بۆ یەكتاپەرستی.

موحەمەد ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ی زایینی) لەدایك بووە.

شەش مانگ پێش لە دایكبوونی باوكی كۆچی دوایی كردووە، كاتێك لەدایك دەبێت ئامینەی دایكی دەنێرێت بۆ لای عەبدولموتەلیب مژدەی بدەنێ ئەویش زۆری پێخۆش دەبێت‌و دەچێتە كەعبەوە سوپاسی خوا دەكات‌و ناوی موحەمەدی بۆ هەڵدەبژێرێت كە لەوكاتەدا ئەو ناوە لەناو عەرەب باو نەبووە.

درەختی نەژادی موحەمەد
موحەمەدی كوڕی عەبدوڵڵای كوڕی عەبدولموتەلیبی كوڕی هاشمی كوڕی عەبدولمەننافی كوڕی قوسەیی كوڕی كیلابی كوڕی مڕەی كوڕی كەعبی كوڕی لوئەیی كوڕی غالیبی كوڕی فەهری كوڕی مالیكی كوڕی نەزری كوڕی كینانەی كوڕی خەزیمەی كوڕی مدركەی كوڕی ئلیاسی كوڕی مزری كوڕی نزاری كوڕی موعدی كوڕی عەدنانە، زانایان لەسەر ئەوە رێككەوتون كە دەچێتەوە سەر نەسەبی ئیسماعیلی كوڕی ئیبراهیم.

پەروەردەبوونی پێغەمبەر
یەكەم كەس كە شیری پێدا لە دوای دایكی سویبەی خزمەتكاری ئەبولەهەب بووەو پاشان بردیانە لای حەلیمەی سەعدی ‌و ئەو گرتیەخۆی ‌و چەند مانگ جارێك دەیهێنایەوە بۆ لای دایكی، دوو ساڵ لە بەنی سەعد مایەوە، پاشان حەلیمە هات بۆ لای دایكی تا داوای لێبكات زیاتر لایان بمێنێتەوە، بەڵام دوای ڕووداوی لەتكردنی سنگی موحەمەد ترسان‌و گەڕاندیانەوە بۆ لای دایكی.

لە تەمەنی شەش ساڵیدا بوو دایكی كۆچی دوایی كرد‌و پاشان عەبدولموتەلیبی باپیرەی بردیە لای خۆی تا لەگەڵ منداڵەكانیدا بژی‌و لە تەمەنی هەشت ساڵیشدا عەبدولموتەلیب كۆچی دوایی كردو پێش مردنی ئەبوتالیبی كوڕی ڕاسپارد بە پەروەردەی موحەمەد، ئەبوتالیبیش ئەو ئەركەی زۆر بە جوانی لەئەستۆ گرت.

سەردەمی لاوێتی
مامی ئەبوتاڵیب داهاتێكی زۆری نەبوو، لەبەرئەوە موحەمەد سەرەتا شوانی دەكرد، كاتێك گەیشتە تەمەنی ١٢ ساڵی لەگەڵ مامی ڕۆیشت بۆ شام بۆ بازرگانی‌و ناونرا بە ئەمین‌و ڕاستگۆو خەڵك ئەمانەتیان لەلا دادەنا، كاتێك قوڕەیش بینای كەعبەیان نوێكردەوە، جیاوازیان كەوتە نێوان لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەكە لە شوێنی خۆی، بۆیە ڕێككەوتن یەكەم كەس هاتە ژوورەوە دایبنێت، موحەمەد هاتە ژوورەوە وتیان ئەمین هات‌و ڕازی بوون ئەو دایبنێت، داوای پۆشاكێكی كردو بەردەكەی خستەسەری‌و هەموو تیرەو هۆزەكانی شاری مەككەی بانگكردو هەر یەكەی چەمكێكیان گرت‌و هەڵیان گرت، پاشان بە دەستی خۆی بەردەكەی خستەوە شوێنی خۆی.

هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە
خەدیجە كچی خووەیلید، ئافرەتێكی بازرگانی سەروەرو سەرفرازی شاری مەككە بوو، كاتیك هەواڵی دەستپاكی موحەمەدی پێگەیشت، ناردی بە شوێن موحەمەداو پێشنیاری خستە بەردەمی كە بەشداری بكات لە بازرگانیەكەیدا بۆ شام، موحەمەد ڕازی بوو و دەرچوو بۆ شام‌و شتومەكی كڕی‌و گەڕایەوە بۆ مەككە قازانجێكی زۆری كرد، بۆیە لە دوای گەڕانەوەكەی لە شام خەدیجە پێشنیاری هاوسەرگیری خستە بەردەمی، موحەمەدیش دوای ئەوەی داواكەی خستە بەردەم مامەكانی، خەدیجەی خواست كاتێك لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بوو خەدیجە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا ساڵیدا بووە.

دابەزینی سروش
كاتێك پێغەمبەر گەیشتە تەمەنی چل ساڵی، بە زۆری دەردەچوو بۆ ئەشكەوتی حەڕا‌و دەمایەوە، ئەمەش لە هەموو ساڵێكدا بوو، ئاو و خواردنی لەگەڵ خۆی دەبردو مانگێك تیایدا دەمایەوەو پەرستن‌و تێڕامانی دەكرد.
توێژەران لەو بڕوایەدان بۆ یەكەمجار سروشی بۆ دابەزی لە ١٧ی ڕەمەزان یان ٢٤ی ڕەمەزان یان ٢١ی ڕەمەزان بەرامبەر ١٠ی ئابی ٦١٠ز، بووە.

سەرەتای بانگەواز
دوای هاتنەخوارەوەی ئایەتەكانی سورەتی مودەسیر، دەستیكرد بە بانگكردنی خەڵك بۆ ئیسلام لە گەورەو بچوك‌و سەربەست‌و بەندە.

لە سەرەتادا سێ ساڵ بە نهێنی بانگەوازی كردو لە یەكەمینی ئەو حوكمانەی هاتنە خوارەوە فەرمان كردن بوو بە نوێژكردن، موسڵمانان سەرەتا بە نهێنی كۆدەبونەوە بۆ نوێژكردن‌و بە دیداری پێغەمبەر موحەمەد دەگەیشتن، كاتێك ژمارەیان گەیشتە چل كەس، فەرمان كرا بە موحەمەد بە ئاشكرا بانگەواز ڕابگەیەنێت.

بانگەواز بە ئاشكرا
دوای سێ ساڵ بانگەوازی نھێنی، موحەمەد دەستی كرد بە ئاشكراكردنی بانگەواز دوای ئەوەی لەلایەن خواوە فەرمانی پێكرا‌و هۆزی قوڕەیش دژی بانگەوازەكەی وەستان‌و داوایان لێدەكرد واز بهێنیت، بەڵام موحەمەد ڕازی نەبوو لە بەرامبەر ھیچ شتێك دەست لە بانگەواز ھەڵگرێت‌و دواتر چەندین بوختانیان خستەپاڵی.

پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت بەهۆی ئەو ئازارو ئەشكەنجە زۆرەی لەلایەن قوڕەیشەوە دەیانكرد، ناچاربوو كۆچ بكات بۆ حەبەشە، بەڵام دوای ئەوە بەنی ھاشم زانییان موسڵمانان پارێزراون لای نەجاشی حەبەشە، كۆبوونەوە بۆ كوشتنی پیغەمبەر، بەڵام پلانەكەیان سەركەوتوو نەبوو، دواتر پێغەمبەری خودا بەرەو تائیف كەوتەڕێ، بەڵام لەوێ زۆر بە توندی رەتیان كردەوە، پاشان پێغەمبەر تائیفی جێهێشت‌و بە خەمباری گەڕایەوە بۆ مەككە لەبەرئەوەی كەس لە خەڵكی تائیف نەھاتن بە دەم بانگەوازەكەیەوە.
دوای ئەوەی پێغەمبەری خودا دوو پەیمانی عەقەبەی یەكەم‌و دووەمی لەگەڵ خەڵكی مەدینەدا بەست، بارودۆخەكە توند بوو لەسەر موسڵمانان، بۆیە پێغەمبەر ڕێگەی بە موسڵمانان دا كۆچ بكەن بۆ مەدینە.

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی
یەكەم هەنگاوی موحەمەد لە مەدینە فەرمانی پێكردن بە كردنەوەی مزگەوت كە ناسراوە بە مزگەوتی پێغەمبەر، مەدینە لە پێش گەیشتنی پێغەمبەر بەدەست ناكۆكی سەد ساڵەوە دەیناڵاند لە نێوان ھۆزە جیاوازەكانیدا، بەڵام پێغەمبەر برایەتی خستە نێوان كۆچكردووان‌و پشتیوانان، هەموو ئەو دەمارگیریەی لە نێویاندا هەبوو سڕییەوە.

هەر لەو كاتەدا پێغەمبەر نوسراوێكی بەناوی دەستوری مەدینە نووسی، ئەرك‌و مافەكانی دانیشتوانی مەدینە دیاری كرا.

سەرەتای ناكۆكی سەربازی
لەگەڵ سەرەتای بوونی موسڵمانان لە مەدینە، خاخامەكانی یەهوود لە بەنی قەریزەو بەنی قینقاع‌و بەنی نەزیر دەستیان كرد بە دوژمنایەتی موحەمەد‌و هەندێك لە پیاوەكانی ئەوس‌و خەزرەج چوونە پاڵیان ئەوانەی لە سەرەوە خۆیان بە ئیسلام دەردەخست‌و پێچەوانەی ئەوەیان دەشاردەوە، ناونران بە دوو ڕووەكان، لە دوای ئەوە خوا فەرمانی جەنگی بە پێغەمبەر موحەمەد كرد.

پێغەمبەری خوا لەماوەی ژیانیدا چەندین نوێنەرو سریە بۆ شەڕكردن ناردووەو خۆشی بەشدار بووە لەگەڵیان، ژمارەی ئەو غەزووانەی خۆی بۆی دەرچوو ٢٧ غەزوو بوو، لە ٩ غەزوویاندا خۆی جەنگاوەو ژمارەی سریەكانی ٤٧ سریەیەو لە هەموو ئەو غەزووانەیە موحەمەد بە دەستی خۆی كەسی نەكووشتوە تەنها ئەبی كوڕی خەلەف نەبێت.

فەتحی مەككە
دوای ڕێكەوتنی حودەیبیە، پێغەمبەر سوپای كۆكردەوەو نزیكەی ١٠،٠٠٠ جەنگاوەر بە ڕێكەوتن لە ١٠ی ڕەمەزانی ساڵی ٩كۆچی، چوونە مەككەوەو فەتحیان كردو سوپاكە گەیشتە كەعبە، چوونە مزگەوتەكەوەو ئەو ٣٦٠ بتەی لە دەوری ماڵەكە بوو ڕوخاندیان.

حەجی ماڵئاوایی
لە زیلعەقدەی ساڵی ١٠كۆچی، پێغەمبەر ویستی حەج بە ئەنجام بگەیەنێت، دوای ئەوەی ٩ ساڵی لە مەدینە بەسەربرد بێئەوەی حەج بكات، ناونرا بە حەجی ماڵئاوایی یان حەجی ئیسلام، لەبەرئەوەی ماڵئاوایی لە خەڵك كردو دوایین حەجی بوو، لە ڕۆژی ٢٥ی زیلعەقدەی ساڵی ١٠كۆچی، موحەمەد دەرچوو بەرەو مەككە لەگەڵ نزیكەی ١٠٠،٠٠٠ موسڵمانی ژن‌و پیاودا.

چووە مەككەوە لە ڕۆژی یەكشەممە ٤ی زیلحەجەو چووە مزگەوتی حەرامەوە، دوای ئەوەی مەناسیكەكانی حەجی ئەنجامدا، ووتاری حەجی ماڵئاواییدا، لەم هەڵوێستەداو لەسەر شاخی عەرەفە، ئەم ئایەتە قورئانییە دابەزی الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا ۚ، واتە؛ ئەمڕۆ ئاین‌و بەرنامەكەتانم بەكۆتایی گەیاندو نازو نیعمەتی خۆمم بۆ تەواوكردن‌و ڕازیم بەوەی ئیسلام ببێتە بەرنامەو دین‌و ئاینتان.

كۆچی دوایی
یەكەم شت كە پێغەمبەر موحەمەد زانی كاتی وەفاتی نزیكبۆتەوە ئەوە بوو كە لە فەتحی مەككەدا سورەتی نەسری بۆ دابەزی إِذَا جَاءَ نَصْرُ اللَّهِ وَالْفَتْحُ واتە؛ كاتێ یارمەتی‌و كۆمەكی خوا دێت، شاری مەككە ڕزگار دەكرێت‌و دەرگای ئازادی واڵا دەكرێت.

لە كۆتاییەكانی مانگی سەفەری ساڵی ١١ی كۆچی، موحەمەد تووشی تایەكی بەهێز بوو، نەخۆشییەكەی لێی توند بوو، مۆڵەتی لە خێزانەكانی وەرگرت تا لە ماڵی عائیشەی كچی ئەبووبەكر بمێنێتەوە.

كاتێك نەخۆشییەكەی بە تەواوی قورس بوو فەرمانی بە ئەبووبەكر كرد نویژیان پێ بكات، ١٣ ڕۆژ دوای نەخۆشییەكەی كۆچی دوایی كرد، لە ڕۆژی دووشەممە ڕەیبعولئەوەلی ساڵی ١١ی كۆچی‌و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا كە ئەم بەروارەش بەرامبەرە لەگەڵ ٨ی حوزەیرانی ٦٣٢ز، لە ماڵی عائشە نێژرا لە تەنیشت مزگەوتی پێغەمبەر.

موعجیزەكانی
موسڵمانان هەموو لەو باوەڕەدان، كە گەورەترین موعجیزەی پێغەمبەر قورئانە، پاشان زۆربەیان موعجیزاتیتر دەسەلمێنن كە لە كتێبەكانی فەرموودەدا هاتووە كە بریتین لە، لەتكردنی مانگ، هەرچەندە بێباوەڕان ووتیان ئەمە جادووە، بەڵام ئایەتێكی قورئان ھاتۆتە خوارەوە، ﴿اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ الْقَمَرُ﴾ واتە؛ رۆژی قیامەت نزیك بۆتەوە و مانگیش لەت بوو.

هەروەها لە جیهانی نادیاردا موعجیزەگەلێكی بەرچاوی هەبوو و لەگەڵ ئەوەشدا هاتنی ئاو لە نێوان پەنجەكانی پێغەمبەرەوە یەكێكیتر بوو لە موعجیزەكانی.
هەروەها جگە لە قسەكردن لەگەڵ گیانەوەرو بێ گیاندا، پێغەمبەر چەندیین موعجیزەیتری هەیە لە چاككردنەوەی نەخۆش‌و بەرەكەت‌و ڕووداو و بەسەرهاتیتر…

خێزانەكانی
خێزانەكانی موحەمەد لە ئیسلامدا بە دایكەكانی باوەرداران ناسراون، شەشیان قوڕەیشین، ئەوانیش خەدیجە كچی خوەیلد، سودە كچی زەمعە، عائیشە كچی ئەبووبەكر، حەفسە كچی عومەر، ئوم سەلەمە، ئوم حەبیبە. خێزانە عەرەبییەكانی بێجگە لە قوڕەیش چوارن، ئەوانیش زەینەب كچی جەحش، جویریە كچی حارس، زەینەب كچی خەزیمە، مەیموونە كچی حارس‌و یەكێكیان عەرەب نیە ئەویش سەفییە كچی حەیی لە بەنی ئیسرائیلەو ماریە قبتی دەمێنێتەوە كە لە میسرەوەیە، كاتێك موحەمەد خۆی لە ژیاندا بووە دووان لە خێزانەكانی وەفاتییان كرد ئەوانیش؛ خەدیجە كچی خوەیلدو زەینەب كچی خزیمە بوون.

منداڵەكانی
موحەمەد سێ كوڕو چوار كچی هەبووە، دایكی هەموویان خەدیجە كچی خوەیلد بوو بێجگە لە ئیبراهیم ئەو لە ماریە بوو، هەموو مناڵەكانی خۆی لە ژیاندا بوو وەفاتیان كرد بێجگە لە فاتیمە، مناڵە كوڕەكانی ئەمانە بوون؛ قاسم‌و عەبدوڵڵاو ئیبراهیم، مناڵە كچەكانی ئەمانەبوون؛ زەینەب‌و ڕوقیەو ئوم كەلسوم‌و فاتیمە.

About دیدار عثمان

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …