
نوح رۆژهەڵاتی
هەمیشە لەکاتی باسکردنی کۆماری جوانەمەرگی کوردستان لە مەهاباد بیرمان تەنها بۆ یەک کەس دەچی، ئەویش قازی محەمەدە، بەڵام بێگومان لە پشت هەر پیاوێکی بەهێز ئافرەتێک هەیە، لێرەدا دەمەوێ باس لە ڕۆڵێ خێزانی پێشەوا بکەم لە پشتگیریکردنی پێشەوا، هەروەها چارەنووسی خانەوادەکەی دوای لەسێدارەدانی. مینا خانمی حەسەنخاڵی، هاوسەری پێشەوای نەمر، ساڵی ١٩٠٨ زایینی لە شاری مهاباد لە دایک بووە. لە تەمەنی لاوی‌دا بووە کە باوک و مامێکی لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی و هێرشی رووسەکان بۆ سەر کوردستان و ئێران، لە دەسدەدا. میناخانم لە ساڵەکانی ١٩٢٧ – ١٩٢٨ لەگەڵ پێشەوای کورد قازی محەممەد یەکتر دەناسن و پاشان ژیانی هاوسەری پێک دەهێنن، کە ئەو کات تەمەنی نۆزدە ساڵ بووە، مینا خانم بەرلەوەی شوو بە پێشەوا بکا نازناوی ئەسکەندەری بووە. میناخانم سەرەڕای ئەوەی خوێندەوارییەکی باشی نەبووە بەڵام پاڵپشت و یاریدەدەری پێشەوا لە هەموو بوارەکاندا بووە. میناخانم ژنێکی لێهاتووی سەردەمی خۆی بووە و توانی لە ماوەیەکی کەمدا بگاتە ئەو ئاستەی کە رۆڵێکی کارا بگێڕێ لە هاوکاری کردنی هاوسەرەکەی و بە فەرمی تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بێ. مینا خانم لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بووە سەرۆکی رێکخراوی “یایا” کە رێکخراوێکی کۆمەڵایەتی ژنان بووە و لە ساڵی ۱۹٤٥ دامەزراوە. بەمجۆرە مینا خانم لەو هەولومەرجەدا و لە کاتێکدا کە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەشداری ژن لە چالاکیی سیاسی‌دا لەمپەڕ بوون، توانی دەورێکی بەرچاو بگێڕێ لە دەسپێکی هاتنە مەیدانی ژن بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی. بەمجۆرە لایەنێکی پرشنگداری دیکەی دەوڵەتی کۆماری کوردستان دەبیندرێ کە لە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵی و خێڵەکییدا، بوار و بەستێنی بۆ بەشداریی سیاسیی ژن دابین کرد.
هەروەها بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازیی پێشەوا قازی محەمەد دەردەخا، کە هاوسەرەکەی بۆ گێڕانی ئەو رۆڵە هانداوە. ئەم ژنە تێکۆشەرە ٣٨ ساڵی تەمەن بوو کە هاوسەرەکەی (پێشەوا قازی محەمەد) لە سێدارە درا و ئیتر لەو کاتەوە جگە لە دایکایەتی، ئەرکی باوکایەتیی منداڵەکانیشی کەوتە ئەستۆ. خاتوو مینا ٩ منداڵی لە پێشەوا قازی هەبوو. یەکێک لە منداڵەکانی هەر لە ناو لانکەدا گیانی سپارد و ٨ منداڵی بۆ مایەوە کە توانی هەموویان بنێرێتە قوتابخانە و بەشێکیشیان زانکۆ تەواو بکەن و منداڵەکانی بە بیری کوردایەتی و نەتەوەییەوە گۆش کرد. بە داخەوە لەم بوارەشدا بنەماڵەی پێشەوا بێ خەم و کارەسات نەبوون. عیسمەت خانم کچە گەورەی پێشەوا و میناخانم، بە لاوێتی جوانەمەرگ بوو، عیفەت خانم لە ساڵی ١٩٨٩دا لە وڵاتی سوید بە پلانێکی تێرۆریستی گیانی لە دەست دا، کوڕی ڕەش، تاقە کوڕەکەی پێشەوا و میناخانم بێجگە لەوەی لە هەڕەتی لاوێتیەوە تووشی تاراوگە و دوورخستنەوە بوو، لە چەند لای دیکەشەوە تووشی دڵرەقی و قینی ناڕەوا و بێ پاساو هات.
سەردەمێک لە زیندانی حیزبی دێموکڕات لە دۆڵەتوو توند کرا و ٥ ساڵانیش خرایە زیندانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقەوە. ئەوەش هەمووی بارێکی قورس بوون کە دەخرانە سەر شانی هاوسەرە وەفادارەکەی پێشەوا قازی محەمەد. میناخانم لە ژیانیدا تووشی گەلێک ناخۆشی و ناڕەحەتی هاتووە. لە لایان رێژیمە داگیرکەرەکانی ئێرانەوە تووشی زیندانیکردن و ئەشکەنجە و ئازار بووە. ئەم ژنە خۆڕاگرە لە ساڵی ١٩٨٤ لە لایان رێژیمی ئاخوندی ئێرانەوە بۆ ماوەی ١١ مانگ زیندانی کرا و کەوتە ژێر ئەشکەنجە و توندوتیژییەوە. میناخانم لەو کاتەی کە لە زیندان بوو بە هۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە تووشی نەخۆشی دەبێ، رێژیمی ئاخوندی بۆ ئەوەی میناخانم بنێرێتە نەخۆشخانەی ئاسایی داوا دەکا کە یەکێک لە کچەکانی بە جێگای ئەو زیندانی بکرێ.
بۆیە خاتوو فەوزییەی کچی دەچێتە زیندان و میناخانم بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران بەڕێ دەکرێ. لە نەخۆشخانەی تاران بە هاوکاری کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە رزگار دەبێ و لە مەشهەد دەشاردرێتەوە. میناخانم لە ساڵی ١٩٩١ روو دەکاتە وڵاتی ئاڵمان و پاش ماوەیەکی کەم دەگەڕێتەوە مهاباد. لە ساڵەکانی١٩٩٥ و١٩٩٦ بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی روو دەکاتەوە هەندەران و پاش ئەوەی کە لە چاکبوونەوەی نا‌ئومێد دەبێ، دەگەڕێتەوە بۆ مهاباد. سەرەنجام لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٩ رێبەندان، رێکەوتی ١٨/٢/١٩٩٨ بە یەکجاری چاوەکانی لێکدەنێ و ماڵئاوایی لە ژیان دەکا. میناخانم تا دوا ساتەکانی ژیانی، ئاواتی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی لە دڵدا بوو. لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری “وارڤین” دەڵێ: هەرچەندە باش دەزانم کە گەلی کورد لە داهاتوویەکی نێزیکدا سەردەکەوێ و دەگاتە ئامانجە مێژووییەکەی خۆی، ئاواتم ئەوەیە کە رۆژێک تەواوی کوردستان ببێتە یەک و کوردیش لەو دونیایەدا دەوڵەتی خۆی هەبێ…”. كچه گه‌وره‌کەی قازی محه‌مه‌د: دوای شه‌هیدبوونی باوکم خه‌ڵك دەهاتنە ماڵمان و دەرگاکەیان ماچ دەکرد. “به‌رنامه و پلانه‌كانی به‌میللیكردنی نه‌وتی سابڵاخ له‌ماڵی ئێمه دانرا و نووسرا” مونیرە خانم، کچە گەورەی پێشەوا، باسی سەردەمی و کۆمار مەینەتیەکانی خانەوادەکەیان دەکات دوای لەسێدارەدانی باوکی، مونیره ده‌ڵێ: ”بنه‌ماڵه‌كه‌مان قوربانیی زۆری بۆ كورد و كوردستان داوه و باوكم له كاتی ده‌ستنوێژ هه‌ڵگرتن ده‌ستگیر كراوه“.
ئێستا بنه‌ماڵه‌ی قازی محه‌مه‌د، له خانووێكی گه‌ڕه‌كێكی كۆنی مه‌هاباد نیشته‌جێن. پێشەوا قازی محه‌مه‌د، حه‌وت كچ و كوڕێكی هه‌بوو، ئێستا سێ كچ و كوڕێكی له ژیاندا ماون، دوو كچی به نێوه‌كانی (مونیره و فه‌وزی) له مه‌هاباد ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، (مریه‌م)ی هاوژینی سه‌ردار جاف، له‌گه‌ڵ دوو كچه‌كه‌ی له عه‌ممان ده‌ژین، (عه‌لی) له‌نێوان كوردستانی باشوور و ئه‌وروپادا ژیان به‌سه‌ر ده‌با. له سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان، مونیره قازی، ته‌مه‌نی ده ساڵ بووه، له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی باوكیه‌وه ده‌ڵێ: ”له‌كاتی ده‌ستنوێژ هه‌ڵگرتن باوكمیان ده‌ستگیر كرد و بۆ ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مامم له مه‌هاباد زیندانی كران،
ئه‌وسا له‌سێداره‌یان دا، له‌دوای شه‌هیدبوونی قازی، به به‌رده‌وامی خه‌ڵك سه‌ردانی ماڵی ئێمه ده‌كرد و ده‌رگایان ماچ ده‌كرد. خودا شاهێده، باوكم بۆ ماڵی دونیا كاری نه‌ده‌كرد، پیاوه به ته‌مه‌ن و قه‌دیمییه‌كانیش شاهێدن و له كتێب و یاداشته‌كانیان نووسیویانه“. خانمی قازی، ده‌ڵێ: ”عه‌لی برام، به‌نێوی باپیرم (عه‌لی) ناو نرا، ئاره‌زووی بۆ ئاژه‌ڵ هه‌بوو، بۆ نموونه: ئاسك و كۆتری جوانی هه‌بوو، شتی عه‌نتیكه‌ی ڕاگرتبوو، خه‌ڵكیش ڕێزی زۆری لێ ده‌گرت و دیاری‌یان بۆ دێنا، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ جار باوكم دیارییه‌كانی قبووڵ نه‌ده‌كرد و ده‌ینارده‌وه بۆ خاوه‌نەكه‌ی“. كچه گه‌وره‌ی پێشەوا قازی محه‌مه‌د، باسی دوای له‌سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌د ده‌كا و ده‌ڵێ: ”دوای شەهیدبوونی باوکم قڕانێكمان پوول نه‌بوو.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، دایكم ده‌گریا و خوشكی بابم، ئه‌گه‌رچی زۆر زۆر بابمی خۆشده‌ویست وتی:
براله (براله‌ی له زاری قازی محه‌مه‌ده‌وه به‌كار هێناوه، چونكه قازی محه‌مه‌د به هاوژینه‌كه‌ی وتووه براله) بۆ هێنده ده‌گری، من ببینه، سێ برام شه‌هیده و هێنده‌ی تۆ شین ناكه‌م، تۆ بۆ وا ده‌كه‌یت؟ له وه‌ڵامدا دایكم وتی: مردنی قازی له لایه‌ك و به‌خێوكردنی ئه‌و منداڵانه‌شم له‌لایه‌كی دیكه، چۆن ئه‌و منداڵانه به‌خێو بكه‌م؟ ڕاسته موڵكمان زۆر بوو، به‌ڵام ده‌رامه‌ت كه‌م بوو. له‌دوای نه‌مانی باوكم، جه‌وانه‌كانی مه‌هاباد به‌روبوومی نێو موڵكه‌كانمانیان بۆ فرۆشتین و به‌و ده‌رامه‌ته به‌ڕێوه چووین“. مونیره، ده‌ڵێ: ”زۆربه‌ی چالاكییه‌كانی حزبی دیموكرات له سه‌رده‌می شا، له ماڵی ئێمه ئه‌نجام ده‌درا، ته‌نانه‌ت به‌رنامه و پلانه‌كانی به‌میللیكردنی نه‌وتی سابڵاخ له ماڵی ئێمه دانرا و نووسرا، عیسمه‌ت خانی خوشكم هاوكار و كۆمه‌كی ده‌كردن. له‌به‌رئه‌وه له سه‌رده‌می شا، هه‌میشه چه‌كدارانی شا، ماڵی ئێمه‌یان ده‌پشكنی“. مونیره خانم، له‌دوای له‌سێداره‌دانی پێشەوا قازی محه‌مه‌دی باوكی، له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان، باسی قوربانییه‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌یان ده‌كا: ”ئێمه بنه‌ماڵه‌یه‌كی قوربانیده‌رین بۆ بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كورد، قازی و خزم و هاوڕێیانی له ساڵی (1947) له‌سێداره دران، له‌دوای ئه‌وكاته‌وه له‌پێناو كوردایه‌تی شه‌هیدمان داوه، هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌رنامه و پلان و هه‌وڵی له‌ناوبردنی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی قازی دراوه، كوڕێكم به‌نێوی (محه‌مه‌د) كه به نێوی باوكمه‌وه ناومان نا، له شه‌ڕی (سه‌را) لای بۆكان شه‌هید بوو، نۆزده ساڵ له‌وه‌و پێش، پلانیان بۆ له‌ناوبردنی فه‌تاح خانی هاوژینم دانا و له چوونه ژوورێی –وروودی- مه‌هاباد تڕێڵه لێی دا، ئه‌گه‌رچی شوێنی فیشه‌ك به سه‌ریه‌وه بوو، واته به گولله لێیان دابوو. ئه‌وسا، جمهوری ئیسلامی بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ نه‌نكمیان ده‌ستگیر كرد و به پێ خاوسی ناردیانه‌وه ماڵه‌وه.
له‌و سه‌روبه‌نده‌ی پێشمه‌رگه‌كانی دیموكرات چالاكییان زۆر بوو و چه‌كدارانی ئێرانیان ده‌كوشت، داوایان له دایكم كرد، كه وتووێژی له‌گه‌ڵ ئه‌نجام بده‌ن و دایكم بڵێ: دیموكرات حزبی ئێمه نییه، ئه‌گه‌رچی ڕازی نه‌بوو و قه‌بوڵی نه‌كرد. دواتر له سوید بۆمبیان بۆ عیفه‌ت خانی خوشكم –خێزانی ئه‌میری قازی- دانا و به‌ر بۆمبه‌كه كه‌وت و گیانی له‌ده‌ست دا“. له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كردنی قازی محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی، مونیره قازی ده‌ڵێ: ”هیچ باوكێك وه‌ك ئه‌و نه‌بوو، -ئێستا به منداڵه‌كان ده‌ڵێم، ئێوه وه‌ك باوكی ڕه‌حه‌تیم نین- زۆر میهره‌بان بوو، خه‌ڵكی خۆشده‌ویست، له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌س به‌ڕێز بوو، به‌داخه‌وه ئێمه كه‌م له‌نێو باوه‌شی سۆز و خۆشه‌ویستیی ئه‌ودا بووین، چونكه یا له تاران، یا له ته‌ورێز، یا له باكۆ بوو، ئه‌و كاتانه‌ی له مه‌هابادیش بوو، ده‌چووه دادگا. ئه‌و كاتانه‌ی باوكم له ماڵه‌وه بوو كایه‌ی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی ده‌كرد، كایه‌ی باره خوێی پێ ده‌كردین، لاقی له‌سه‌ر لاقی خۆی داده‌نا و ده‌یوت:
باره خوێ، باره خوێ، یا به فه‌وزییه‌ی خوشكمی ده‌وت: مریشكه‌كه دێ و ده‌ڵێ: له وه‌ڵامدا فه‌وزییه ده‌یوت:
دیموكرات، دیموكرات“. هه‌روه‌ها وتی:
”خانمێكمان لابوو، نانی بۆ ده‌كردین، باوكم به‌ناوی خۆش و قسه‌ی خۆش بانگی ده‌كرد، ئه‌و خانمه كورێكی بچووكی هه‌بوو، له كاتی نان خواردن باوكم لای خۆی دای ده‌نا و ده‌یوت:
له‌گه‌ڵ من نان بخۆ، به‌ڵام دایكم ده‌یوت:
با له‌گه‌ڵ تۆ نان نه‌خوا، چونكه تۆ گۆشت ناخۆی و زیاتر ئاره‌زووی برنج و كشمیش ده‌كه‌یت، خۆمان گۆشتی بۆ داده‌نێین. هه‌موومان له‌گه‌ڵ پووره‌كانیشمان له‌سه‌ر یه‌ك سفره نانمان ده‌خوارد. ئه‌و كاتانه‌ی میوانمان هه‌بوو، هۆڵه‌كه پڕ دەبوو له مه‌لا و میوان، كه‌چی باوكم ئێمه‌ی ده‌برده ژووری میوان و له‌لای خۆی دای ده‌ناین“. سەرچاوەکان/
-پەیڤێک بۆ دایەخانمەکەی کورد ئامادە کردنی: رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان- نی‌نا
-چاوپێکەوتنی حەفتەنامەی باس لەگەڵ مونیرە خانم کچە گەورەکەی پێشەوا، لەماڵی پێشەوا

