Home / مێژووى جیهان / ئایینی ئاتون (ئاتونییەت) بەشی دووەم

ئایینی ئاتون (ئاتونییەت) بەشی دووەم

_100950867_gettyimages-126337992

ئایینی ئاتون (ئاتونییەت)

 بەشی دووەم

ئوسامە حەسیب

کاریگەری بیروباوەڕی

 (ئاتون)یەت لەمیسڕ:

هەرچەند (ئەخناتون) لەو شۆڕشەی بەرپای کرد، سەرکەوتنی بەدەست  نەهێنا، بەڵام توانی کاریگەرییەکی زۆری لەزۆر بواری هونەر، ئایین و سیاسی لە میسڕ بەجێبهێلێ.

هەوڵ دەدەین هەندێکیان بخەینە ڕوو، هونەر لەو ماوەیەدا شێوازێکی نوێی بەخۆوە بینی، ئەویش بریتی بوو لە: واقعیەت یان ڕیالیزم، واتا شێوەو سیمای پاشا وەک خۆی وێنە دەکێشرا، پێشتر شێوازی ئەیدیالی بوو.

(ئەخناتون) ڕێگای دا بەهونەرمەندان، خۆی و خێزانەکەی و کچەکانی وەکو شێوەی ڕاستەقینەی خۆیان بکێشرێن. (ئەخناتون) ڕەچە شکێنێکی دەسەڵات و شیانی فیرعەونییەت بوو، بەپێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆی لەچوار چێوەی کۆشکەکەی دەرچوو.

هونەرمەندان وێنەی (ئەخناتۆنیان) وەک مرۆڤێک کێشاوە، هیچ سیماو ئەدگارێکی خوداوەندیان بۆ زێدە نەکرد، (ئەخناتون) شێوەی راستەقینەی خۆی چۆن بوو، ئاوا نەخش دەکرا، وەک: دەم و چاو لاوازو سک دەرپەڕیوو ..

چونکە ژیانی فیرعەون گوزارشتی لەژیانی مرۆڤ دەرکرد، نەک خوداوەند، هەروەها (ئەخناتون) لەگەڵ خێزانەکەی (نەفەرتیتی) و کچەکانی، ڕۆژانە لەبەرچاوی خەڵکی ئاسایی، سەردانی پەرستگایان دەکردب ئەنجامدانی پەرستش، سروود و شێوازی پەرستن بەزمانێکی سادەو ساکار دەردەبڕان لەستایش کردن و پیاهەڵدنی (ئاتون)، بەڵام ئەم شۆڕشەی (ئەخناتون) کاریگەری زۆر خراپی لە ڕەوشی سیاسی وڵات کرد، چونکە مژوڵبوونی فیرعەون بە ئایین و دژایەتیکردنی کاهینەکان و فەرامۆشکردنی ڕەوشی سیاسی ناوخۆ و دەرەوە، لە ئەنجامدا مەترسی هێرشەکانی هۆزەکانی دەوروبەر زیاتر بوو، بەتایبەتی (حیثیەکان) هێرشیان هێنا بۆ سوریا و داگیریانکرد، هەروەها وڵاتی (میتانیەکان) کەوتە ژێر دەسەڵاتیان، هەرچەندە حاکمی هەرێمی سوریا داوای  یارمەتی لە (ئەخناتون) کرد، بەناردنی سوپا و هێزی زیاتر بۆ بەرهەڵستی هێرشی (حیثیەکان)، بەڵام فیرعەون وەڵامی نەدانەوە، لە لایەکی تر شەڕی ناوخۆ لەنێوان خۆیان، واتا: لەنێوان لایەنگرانی فیرعەون و دەسەڵاتدارانی سوریا، بەتایبەتی کاتێ زانیان فیرعەون خاوەنی کەسایەتییەکی دووڕە شەڕ بووە، خەریکی فەلسەفە و داهێنانی بیروباوەڕی (ئاتون)بوو.

ئەوانیش ئەم هەلەیان قۆستەوەو دەستیان بەسەر زۆربەی ناوچەکانی سوریا و فەڵەستین داگرت، ئابووری دەوڵەتی میسڕ زۆر خراپ بوو، چونکە باج و سەرانە، هیچی تر نەدرا بەمیسڕ، بارودۆخی سیاسی ناوەوەش، زۆر ئاڵۆزببوو بەهۆی درووستبوونی بۆچوونێکی نوێ، لەڕووی بیروباوەڕەوە میسڕ لەنێوان یەک پەرستراو(ئاتون) و پەرستراوی زۆر.

کاهینەکانی (ئامون)، خەڵکیان هاندەدا بۆ دژایەتی و بەرهەڵستیکردنی بیروباوەڕە نوێیەکەی (ئاخناتون) و تاوانبارکردنی بە زەندیق و هەڵگەراوە لەدین، لەبەر ئەوە بۆمان دەردەکەوێ: چاکسازییەکانی ئایینی (ئەخناتون) سەری نەگرت، بەڵگەش هەر دوای مردنی (ئەخناتون)، شێوازی ئاسایی ژیانی میسڕییەکان گەڕایەوە دۆخی جارانی خۆی، دووبارە (ئامون) بوو بە خوداوەندی سەرەکی و فرەپەرستراو و خوداوەندی زۆر پەرستنی ئاژەڵان و هیتد دەستی پێکردەوە، لەبەر ئەوەی لەو ماوە کورتەدا، ئەم کارەی (ئەخناتوون) ڕووکەشی بوو، بۆیە لە ئەنجامدا نەیتوانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لەژیانی خەڵکەکە بکات، وێڕای ئەمانەش ئەم شۆڕشە نەیتوانی ببێتە شۆرشێکی جەماوەری، بەڵکو تەنها پیاوانی ئاینی نوێ (ئاتون) نەبێ.

ئەوانە بەشێکی زۆر زەوی کشتوکاڵیان دەستکەوت، بەڵام چینی هەژار و جوتیاران ڕەوشی ژیانیان هیچ گۆڕانێکی ئەرێیی بەخۆوە نەبینی.

هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن: ژیانی ئاسایی (ئەخناتون) بەجۆرێ ئاڵۆز ببوو، کەخێزانەکەی (نەفەرتیتی) لەگەڵی جیاببۆوە بەتەنیا لەکۆشێک لەباکور، بەناوی: (کۆشکی ئاتون) دەژیا، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، کە پاشا لە کۆتاییەکانی ژیانی پاشگەز بووەتەوە، هەرچەند چۆنییەتی کۆتا هاتنی تەواوی ژیانی  (ئەخناتون) ڕوون نیە، تا ئێستا توێژینەوە لەم بارەیەوە بەردەوامە، دوای ئەو، زاواکەی (هەندێک دەڵێن کوڕی بووە لەژنی دووەمی بەناوی کیا)، (توت عنخ ئامون)(۱۳۳۲-۱۳۲۲پ.ز) بوو بە فیرعەونی میسڕ، بارودۆخی ووڵات وەک پێشتری لێهاتەوە، پایتەخت گواسترایەوە بۆ (تیبە)، کاهینەکانی ئامون پێگە و شوێنی جارانیان بۆ گەڕایەوە.

دووبارە پەرستنی پەرستراوەکانی پێشتر برەوی پێدرایەوە، بۆ ئەوەی ناوی (ئاتون) لەژیانی سیاسی و ئایینی نەمێنێ، ئەوە فیرعەونی نوێ لە (توت عەنخ ئاتون) بۆ (توت عەنخ ئامون) بگۆڕێ، پێناچێ ئەمە خۆهێشتی و لەخۆوەبووبێ، بەڵکو تەمەنی بچووک بووەو نەیتوانیوە بەرهەڵستی کاهینەکانی (ئامون) بکات.

دەرئەنجام: هەرچەندە (ئەخناتون) بە ریفۆرمی بیروباوەڕی هەژماردەکرێ، توانی دژایەتی کاهینەکانی (ئامون) بکات، داوای پەرستنی یەک پەرستراوی دەکرد، ئەویش (ئاتون) خودای خۆر، یان خۆر خودا بوو، بە بەهانەی (ئەخناتون)، بۆ ئەو گۆڕانە بنەڕەتییە لەژیانی ئایینی میسڕی، ئەوەبوو (ئامون) تەنیا خوداوەندی (تیبە) میسڕییەکان نەبووە،  بەڵکو تەواوی سەراپای ئیمپڕاتۆریەتی میسڕ، بەتایبەتی پاش ئەوەی میسڕ گەیشتە قۆناغی ئیمپڕاتۆریەت

 (١٠٨٥-١٥٨٠پ.ز) سنوری دەوڵەتەکەیان زۆر بەرفراوان ببوو، کە سوریا و فەڵەستین و بەشێکی ئاسیا، هەتا ڕووباری (فورات)ی گرتبۆوە.

بۆیە (ئاخناتون) ویستی لەڕێگای یە خوداوەندەوە، جیهان یەکبخات ئەویش: (ئاتون) ڕۆژ، یان قورسی ڕۆژ، زۆربەی  میللەتان شارەزاییان هەیە لەبارەیەوە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیانی ئادەمیزادەوە هەبووە، بەتایبەتی گەلانی ئاسیا.

دیارە ئەمەش لەپەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەری لە فیرعەونەکان، بەتایبەتی سەردەمی (ئەمنحۆتبی چوارەم) بەدەرکەوت، هەروەها ڕۆڵی شاژن (نەفەرتیتی) لەو گۆڕانکارە دیارە، بەڵام (ئەخناتون) نەیتوانی دەوڵەت بەشێوەیەکی دروست و ئاسایی بەڕێوەبەرێت، چونکە لەبارەی ناوخۆوە زر ئاڵۆز ببوو لەنێوان لایەنگری و دژایەتی.

(ئەخناتون) هەوڵیدا، بەڵام هەردوای نەمانی لەدەسەڵات، وازیان لە پەرستنی (ئاتون) هێنا، چونکە (ئەخناتون) ڕەمزی ئەو پەرستراوە بوو.

سەرچاوە: مێژووی دێرینی میسڕ

نووسینی: کەلسومە جەمیل

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …