Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / بەڵگەیەکی مێژوویی کۆمەڵەی ژ.ک کە بۆ جاری یەکەم بە زمانی کوردی بڵاو دەبێتەوە

بەڵگەیەکی مێژوویی کۆمەڵەی ژ.ک کە بۆ جاری یەکەم بە زمانی کوردی بڵاو دەبێتەوە

 EndamaniJK1942[1]

وه‌رگیراوه‌ له‌ سایتی روانگه‌

تێبینی: ڕەحیم قازی لە کتێبەکەیدا  ‘ بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوایەتیی گەلی کورد و قازی محەمەد ١٩٤١-١٩٤٧(چاپی یەکەم  ٢٠١٢، هەولێر، دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی ئاراس) ، لە پەراوێزی لاپەرەی ١٢٥ دا دەنووسێ: “ڕوونووسێکی زۆری بەڵگە و سەنەدەکانی مەربووت بە مێژووی کۆمەڵەی ژ-ک کە هەمووی دەستنووسن و لە کاتی خۆیدا بۆ نوێنەری سۆڤیەت ناردراون لە لای نووسەرە و بۆ نووسینی مێژووی بەسەرهاتەکانی لەمەڕ کۆمەڵەی ژ-ک لەم دەستنووسانە سوود وەرگیراوە. بەشی زۆری ئەم بەڵگانە لە لایەن ڕەحمانی زەبیحییەوە نووسراون کە ئەو حەلە نوێنەری کۆمەڵە بووە بۆ پێوەند ڕاگرتن  لەگەڵ نوێنەرانی سۆڤیەت.”

ڕەحیم قازی کۆپی ئەو بەڵگانەی داوە بە چەند پەنابەری کورد لە باكۆ و هێندێک لەوان لە چەند کتێباندا بڵاو بوونەتەوە.

حەسەن قازی

٣٠ی مەی ٢٠١٨

 لە سەر کاغەزی ڕەسمی کۆمەڵەی ژ. ک .

 بژی کورد و کوردستانی گەورە

کۆنسوولی گشتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن – لە شاری تەورێز

 بە حورمەتەوە لە پەیوەستی ئەم نامەیە دا ئەو زانیاریانەی لە سەر کۆمەڵەکەمان داواتان کرد بوو پێشکێش دەکرێ

 لەلایەن ئیدارەی ناوەندی کۆمەلەی ” ژ – ک ” ەوە.

کورتە مێژووی تەشکیلاتی کۆمەڵەی ئێمە

      بناغەی تەشکیلاتی ئێمە لە مانگی ئەییون (سێپتامبر) ی ساڵی ١٩٣٨ داندراوە ، بەڵام لەبەر چاوەدێری حکوومەتی ئێران زۆر کەم چالاکی دەکرا و ئەگەر متمانەیەکی زۆر بە کەسێک نەبووبایە پێشنیاری ئەندامەتی بە هیچ کەس نەدەکرا. لە مانگی مەی ١٩٣٩ کوردەکانی عێڕاق پێوەندییان بە ئێمەوە کرد و لە هەمان مانگ دا کەسێک لە ئەندامانی ئێمە چووە  سنووری عێڕاق – ئێران و لەوێ چاوی کەوت بە دوو ئەفسەری کوردی عێڕاقی و لەوێ بڕیار درا بۆ پەرە پێدانی چالاکییەکان. لەو کۆبوونەوەیە دا دوو کوردی  مەدەنیش بەشدار بوون . لە ئاکامی خیانەتی یەک لەو ئەفسەرانە ( فایق ئەمین) ، حکوومەتی عێڕاق بە ناوەرۆکی قسەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی زانی و لە چوارچێوەی پەیمانی سەعدئاباد دا ئەو زانیارییەی دا بە حکوومەتی ئێران و لە بەشی کوردستانی ئێران حکوومەتی ئێران دەستی کرد بە هەنگاوی ئیحتیاتی و فەرمانی دا لە بەشی ئیستیخبارات و شوێنە گرینگەکان دا کار نەدرێ بە سەربازە کوردەکان و بە دوای ئەو هەنگاوانە دا گشت ئەو کەسانەی گومانیان لێ دەکرا کە لە هەموو بەشی کوردستانی ئێرانەوە چووبن بۆ ووڵاتی عێڕاق دوور خرانەوە بۆ شوێنی دووردەست و لە ناو ئەو پاتراوانە دا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی ئێمە هەبوون ، ئەو هەنگاو و کردەوە ناڕەوایەی حکوومەت گورزێکی سەخت بوو لە حیزبی ئێمە درا و  بووە هۆی بەرفراوان کردنی تەبلیغاتی ئێمە بەدژی حکوومەت. لە جێدا گەل لە حکوومەت بێزار بوو و دەرفەتی ئەوە ساز بوو بۆ وەڕێکەوتنی هەموو جۆرە حەڕەکەتێک.

      لە ساڵی ١٩٣٩ دەنگۆی ئەوە ساز بوو کە یەکەکانی ئەڕتەشی شوورەوی لە سەر سنوورە باکوورییەکانی ئێران کۆبوونەتەوە و پلانی هاتنە ناو ئێرانیان هەیە، تەگبیرە عەسکەرییەکانی حکوومەتی ئێڕانیش لە دووی ئەو دەنگۆیەیان دەدا  و ئەوە مزگێنییەکی گەورە بوو بۆ کۆمەڵەی ئێمە بەڵام وەدی نەهات.

       کەسێکی کە لە ئیدارەی ماڵییە کاری دەکرد وخاونی بیری بەرز بوو سەبارەت بە حکوومەتی یەکێتیی شووڕەوی زانیاری باش و بەربڵاوی هەبوو و لە کاتێکدا ئەو زانیارییانەی لە بەر دەست ئێمە دەنا متمانەی ئێمەی بەرەوخۆی ڕاکێشابوو – ئەو هێندێک جار باسی ئەوەی دەکرد دەتوانێ پێوەندی نێوان ئێمە و ئەو مەئموورە سیاسییانەی شووڕەوی کە لە ئێران کاریان دەکرد پێک بێنێ ، بەڵام حکوومەت لێی کەوتە گومانەوە و لە ناوچەی مەهاباد دووریان خستەوە.

        لەو ناوە دا وەزاڕەتی جەنگ و وەزاڕەتی ناوخۆی ئێران بۆ دۆزینەوەی تەشکیلاتی  کۆمەڵەی ئێمە  دەستیان کرد بە حەول دان. لە مەهاباد ئەڕتەشی ئێران بە ڕێگای سەرۆکی بانکی میللی لە مەهاباد [ دوو ووشە ناخوێندرێتەوە]  بە کەسێکی خەڵکی مەهابادیان پێشنیار کردبوو پارەی بدەنێ بۆ دۆزینەوەی تەشکیلاتەکەمان . ئەو کەسە ئەندامی کۆمەڵەی ئێمە بوو خەبەری بە ئێمە دا و لەوەی دواوە ئێمە ئیحتیاتی پێویستمان ڕەچاو کرد و ئەگەر هەوا خۆش بایە لە شاخەکان و لە مزگەوتەکان کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەکەمان ئەنجام دەدا.

        حکوومەت بۆ  واق وڕمانی ئێمە و پووچەڵ کردنەوەی تەگبیر و ئیحتیاتەکانمان لە مانگی مەی ساڵی ١٩٤١ – لە ٧ی مانگی مەی ساڵی ١٩٤١ – بە ڕێگای ئیدارەی شارەبانی (پۆلیس) مەهابادەوە ٧ کەسی گرت کە لە ناو ئەواندا ئەندامانی  کۆمەڵەکەی ئێمەش هەبوون ، لە کاتی گەڕانی ماڵەکانیان حکوومەت بەڵگەیەکی وەدەست هێنا بوو . ئەندامەکانی ئێمە تا هاتنی ئەڕتەشی سوور لە زیندانی شارەکانی ورمێ و مەهاباد دا مانەوە. بە هاتنی ئەڕتەشی سووری قارەمان ئەو کەسانەی دە زیندان دا بوون بەر دران و ئازاد بوون.

    کۆمەڵەکەمان بە بۆنەی هاتنی ئەڕتەشی سوور بۆ مەهاباد بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە لەو بەیاننامەیە دا هاتبوو کە  هاتنی ئەڕتەشی سوور بە مانای ئازادیی گەلی گوردە  و هەر وەک دەزاندرێ دوای هاتنی ئەرتەشی سوور بۆ ئێران پێشرەوی ئەو ڕێکخستنانەی کە بە دژی فاشیستەکان خەبات دەکەن کۆمەڵەی ئێمەیە.

        دوای هاتنی ئەڕتەشی سوور بۆ ئێران حکوومەتی ئێران کە دژی  کۆمەڵەکەمان بوو لاواز بوو و دژی  ئێمە  چی لە دەست نەدەهات بەڵام سەرۆک عەشیرەتەکان و ئاغاکان و دەستوپێوەندەکانی ئەو حکوومەتە هەڵبەتە دەرفەتیان بۆ ڕەخساند- حکوومەتی ئێران بە هەست کردن بە تەماع و چلێسی ئاغاکان پووڵ و قەندی دانێ و ئەوانی بە دژی ئێمە ورووژاند. لە ساڵی ١٩٤٣ لە مانگی  سێپتامبر دا ٣ کەس لە ئەندامانی  کۆمەڵەکەمان بە دەست ئاغاکان  لە مەهاباد زیندانی کران و لە ئاکامی حەولدانی  کۆمەڵەکەمان دوای سەعاتێک ئازادیان کردن – لە دژی ئەو ئاغایانە و بۆ پێشگرتن لە کروکاش و هەنگاوەکانیان  بە کەلک وەرگرتن لە ڕستەی  ” دژە میکڕۆب لە ناو خۆی دایە ” دەستمان کرد بە ڕاکێشانی لاوانی عەشیرەتەکان بەرەو  کۆمەڵەکەمان و دوای جێ بە جێ کرانی ئەو فەرمانە هەتا دەهات ئاغاکان لاوازتر دەبوون  و ئێستا ئاغاکان زۆر کەم دەتوانن بە دژی ئێمە بجووڵێنەوە ، ناوی ئەوانیش لە پەیوەست بەم نامەیەدا پێشکێش دەکەین .

 بەرنامەی ئێمە – بەرنامەی بە ووردەڕیشاڵمان پێشتر پێشکێش کردوون لێرە دا دەمانەوێ کورتەی ئەوەتان بە عەرز بگەیێنین ” بەرنامەی ئێمەبریتی یە لە یەکخستەوەی هەموو پارچەکانی کوردستان ، ئازاد کردنی گەلی کورد لە یەخسیریی بێگانان  و خزمەت بە دنیای شارستانی و گەلان  ” .

 لقەکانی حیزبەکەمان –  لقەکانی حیزبەکەمان لە کوردستانی ئێران و لە کوردستانی عێڕاق هەن. لە عێڕاق لە شارەکانی  ‘ هەولێر ‘  و ‘ سلێمانی ‘  و لە ئێران لە شارەکانی   شنۆ ، نەغەدە ، بۆکان ، سەردەشت  و کرماشان  ئیدارەی ناوچەیی مان هەیە – ئەو ئیدارە ناوچەییانە لە شوێنەکانی ژێر ئیدارەی خۆیاندا بۆیان هەیە ئیدارەی فەرعی ساز کەن-  بە پێی ئەو نامەیەی لە ئیدارەی  کۆمەڵەکەمان لە کرماشانەوە بە دەستمان گەیشتووە ، بۆ ناوچەی “لورستان”  مەئمووریان دیاری کردووە بە دوای ئەوە دا جگە لە پارچەکانی کوردستانی ئێران و کوردستانی عێڕاق  لە زۆر شاراندا، یەک بە یەک  بەشێوەی پەڕاکەندە زۆر ئەنداممان هەیە. مەئموورمان ناردووە  بۆ ناوچەی ورمێ و  لە ئیدارەی ناوچەیی شنۆ سەرنجی زۆر دراوەتە سەر کارەکانمان و زۆر هەڵسووڕاوی بۆ نێردراوە.

 پێوەندیمان لە گەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان جگە لە ئێران   –  لە عێراقێ جگە لە ئیدارەکانی تەشکیلاتەکانی ئێمە  تەشکیلاتی پارتییەکی دیکە هەیە بە ناوی ‘ هیوا’ کە بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد خەبات دەکا. چەند لە ئەندامانی ئەو پارتییە سەر بەئێمەن و لەو چەند مانگەی دواییدا  ئەو پێوەندییە ناڕەسمیانە لە ئەساسنامە دا لە لایەن ئەوانەوە ڕەسمییەتی پەیدا کردووە. لە بەرنامەی ئەوانیشدا مادە ئەساسییەکانی وەک بەرنامەی ئێمە وایە، جیاوازییەکەمان لە شەرتومەرجی ئەندامەتی و لە سیستمی تەشکیلاتی دایە .

لە ” هەولێر” ێ بە پێی نامەی ئیدارەی محەلیمان بەو دواییانە لاوانی کوردی عێراق تەشکیلاتێکی کۆمۆنیستییان دامەزراندووە و دەیانەوێ لەگەڵ ئێمە پێوەندی بگرن و بۆ ئەو مەبەستە دەیانەوێ نوێنەری خۆیان بنێرنە لامان.

 بە پێی ئەو زانیاریانەی لە عێڕاقەوە بە دەستمان گەیشتووە هەم لە لایەن ئیدارەی تەشکیلاتەکەمان لەوێ و هەم لە لایەن ‘هیوا ‘  کە پێوەندی لەگەڵ ئێمە هەیە تەشکیلاتی گەلی کورد لە سووریا داوای کردووە کە پێوەندییە ناڕەسمییەکانی ئێستامان شێوەی ڕەسمی بەخۆیەوە بگرێ

 ژمارەی ئەندامانی حیزبەکەمان

  بە لەبەر چاوگرتنی سیستمی خێزانی لە کوردستان ئەگەر مەزنی خێزانەکە بەشدار بێ، هەموو ئەندامانی خێزانەکەش بەشداری دەکەن بە کەلک وەرگرتن [ ……………….. ] ( چەندین ووشە ناخوێندرێتەوە)

 فۆرماسیۆنی حیزبەکەمان

 ئەندامانی تازەی  کۆمەڵەکەمان لە لایەن ئەندامانی کۆنەوە دەناسێندرێن، ئەندامی کۆن لەهەموو ڕوویەکەوە ئەندامی نوێ دەستەبەر دەکا.ئەندامی تازە دەبێ  خاوەن ڕابردوویەکی خاوێن بێ، […]  بە  پەسند کردنی پڕۆگرام  ڕێز لە بریارەکانی کۆمەڵە بگرێ – سەر بە هیچ تەشکیلاتی سیاسی دیکە نەبێ ( ئەگەر بێتوو سەر بە حیزبێکی دیکە بێ لەوە کۆمەڵە ئاگادار دەکا ئەگەر پێویست بێ پێوەندی خۆی دەپچڕێنی یان درێژەی پێ دەدا). بۆ ئەوەی کەسێک ببێ بە ئەندام دەبێ بە قورئان سوێند بخوا نیسبەت بە کۆمەڵە وەفادار دەبێ و نهێنییەکانی کۆمەڵە لای هیچ کەس نادرکێنێ (تەنانەت لای باوک و دایکیشی)، و بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵە هەموو دەرفەتێک بەکار دەهێنێ و ئەو فەرمانانەی پێی دەدرێ بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە  جێ بە جێیان دەکا، بە بێ ئیزنی کۆمەڵە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە یان کەسانی سیاسی دی پێوەندی ناکا و بەرعودە دەبێ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵە و ئەندامانی کۆمەڵە ڕەچاو بکا.

      هەیئەتی ناوەندی و ئیدارەی ناوەندی کۆمەڵە لە شاری مەهابادە – لە لایەن کۆمەڵەوە لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان ئیدارەی محەلی دادەمەزرێندرێ . ئەندامانی کۆمەڵە لەو ناوچانە دا بۆ کاروبارەکانیان سەر لەو ئیدارە محەلییانە دەدەن – هەر ناوچەیەی سەر بەو ئیدارە محەلییانەن و  بۆ هەر کوتلەیەک کە لە ٥٥ ئەندام پێک بێ ئیدارەی فەرعی دەکرێتەوە. هەر ئیدارەیەکی فەرعی بە پێنج بەش دابەش دەکرێ، بەو شێوەیە  بەشەکان، ئیدارە فەرعییەکان، ئیدارە ناوچەییەکان و ئیدارەی ناوەندی کۆمەڵە. تەشکیلاتەکان وەک یەک وان، هەر کامێکیان ڕێداکتۆر، سکرتێر، سەدری هەیئەتی ئیستیشاری ، خەزێنەدار و هەیئەتی ئیستیشارە یان دەبێ. هەموو کارەکان بە ڕاوێژ ڕادەپەڕێندرێن .

      کاروباری ناوخۆیی کۆمەڵە و کێشە و خیلافی ناوخۆیی ئەندامان هەیئەتی ئیستیشارە یەکلایان دەکاتەوە.

      لە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵە دا ئیدارە محەلییەکان لە ناوچەکانی خۆیان کۆنفڕانس پێک دەهێنن و نوێنەرانی ئەوان لە ناوەندی کۆمەڵەکەماندا مەجلیسی بەرزی ئیستیشارە یان دەبێ. لەو کۆنفڕانسانە دا  کاروبارەکانی ساڵی پێشوو هەڵدەسەنگێندرێن و بەرنامەی کار بۆ ساڵی دادێ دیاری دەکرێ.

    بێ لە بەچاوگرتنی ئێمتیاز و باڵادەستی ئەندامانی کۆمەڵەکەمان لە دەرەوەی کۆمەڵە، لە ناوخۆی کۆمەڵە دا ئەندامان بە ڕێگای کاروتێکۆشانیان ڕا دەکرێ یەک لە یەک باڵاتر و هەڵکەوتە تر بن.

    ئەندامانی کۆمەڵە دەبێ هەموو مانگێک ١٠ ڕیاڵ دراو بدەن بە خەزێنەی کۆمەڵە جگەلەوە ئەو ئەندامانەی وەزعی ماڵییان باشە بە پێی توانای خۆیان کۆمەڵە باربوو دەکەن.بۆ هەر دراوێکی کە وەردگیرێ قەبزی ڕەسمی دەدرێ.

 داوخوازەکانی کۆمەڵەکەمان لە حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن

    -بەپێی مادەی ١٢٩هەمی قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی ئێمە ئەم داخوازانەی خوارەوەمان هەیە.

١-ناسینی کۆمەڵەکەمان بە شێوەی ڕەسمی

٢-یارمەتی کردن بۆ پەرەسەندنی کۆمەڵەکەمان

٣-پێشگرتن لە هاتنەوەی ئەرتەشی ئێران بۆ سەربازخانەی مەهاباد

٤-لەلایەن فەرماندەرانی ئەڕتەشی سوور بەعەشێرەتەکان و ئاغاوەت بگوترێ بە گوێی ئێمە بکەن یان ئەوەی لە هەرێمی جێی نفووزی ئێمە دا بێدەنگ دانیشن و دەست لەکاروبار وەرنەدەن

٥-دابین کردنی پێداویستییەکانی ئێمە لە ڕووی ئامرازی فەنییەوە

٦-دوای پەرەسەندی کافی کۆمەڵەکەمان ناوچە کوردەکانی سەردەشت، بۆکان، میاندواو، مەهاباد، نەغەدە، شنۆ و ورمێ لە تەشکیلاتی ئیداری حکوومەتی ئێران پاک کردنەوە و بۆ ئەو مەبەستە دانی یارمەتی پێویست

٧-ئەو هەرێمە ناوی بنرێ کوردستانی ئازاد و لە ئێران و عێڕاق و سووریا و لە کوردەکانی دیکەی عالەم  کابینەیەکی حکوومەتی کاتی پێک بهێندرێ و لەو ناوچانەی لە سەرەوە ناو بردران کار بکرێ بۆ بەڕێوەچوونی پڕێنسیپەکانی ئیداری و ئابووری ئەو حکوومەتە تازەیە

٨-بە پێی بەندی ‘ پێ ‘ ی مادەی ١٤ هەمی قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شوورەوی مەزن ئەگەر ئەو حکوومەتە کاتییە دامەزرا دەناو یەکەتیی کۆمارەکانی شووڕەوی مەزن دا جێی بکرێتەوە و ئەندامەتییەکەی پەسند بکرێ

٩-بۆ ئازاد کردنی پارچەکان و لایەکانی دیکەی کوردستان حکوومەتی شووڕەوی مەزن ئەو گەڵالەیە پەرە پێ بدا

١٠-بۆ وەدیهێنانی گشت ئەو کاروبارانە لە لایەن حکوومەتی شووڕەوی مەزنەوە دوو یان سێ کەس ڕاوێژکار بدرێ بە ئێمە

 بە ناوی ئینسانییەت و شارستانییەت تکا دەکەین لە حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی  مەزن و هیوادارین کە وەک نەتەوە لاوازەکانی دیکە گەلی کوردیش لە عەداڵەت و فەیزی ئەو حکوومەتە مەزنە بێ بەش نەبێ

بژی لایەنگری نەتەوە لاوازەکان حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن

 بژی سەرکردە مێهرەوان و بدەری نەتەوە لاوازەکان مارشاڵ ستالینی ئازیز

 بژی برایەتی گەلی کورد و یەکەتیی کۆمارەکانی شووڕەوی

 لە لایەن ئیدارەی ناوەندی کۆمەڵەی ” ژ-ک ” وە

 لە ١٢-ی مانگی مەی ١٩٤٣ دا کۆمەڵەکەمان سەبارەت بە حکوومەتێکی بێگانە  لە شاخێک بە ناوی ” قەڵای سارم ”  کۆبوونەوەیەکی ڕێک خست بە بەشداری ٢٥ ئەندام. لەو  کۆبوونەوەیە دا بەرنامەی کۆمەڵەکەمان لەگەڵ قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن بەراوەرد کرد و بڕیار درا . بە پێی ئەو بڕیارە کۆمەڵەکەمان دەبێ لەگەڵ حکوومەتی شووڕەوی پێوەندی دامەزرێنێ و بۆ گەیشتن بەو مەبەستە پێداگری کرا لە سەر ملە و خەباتی ئەندامان. لە دوای ئەو بەروارە  ژمارەی یەکەمی گۆوارەکەمان ” نیشتمان ” دەرکەوت. لەو ژمارەیەدا و لەوی دواوە کۆمەڵەکەمان بۆ وەدیهێنانی ئەو بڕیارە تا دەکرێ ئەوپەڕی حەولی خۆی دەدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن و بە سەداقەتەوە ئەوە ئەنجام دەدا.

  *******************************************

 ٢٣ /  ١٢ / ١٩٤٤

١٣٢٣

کۆنسوولی گشتی یەکەتیی شووڕەوی  مەزن لە تەورێز

 داواتان کرد بوو چەند کەس  لە ئەندامانی  چالاکی کۆمەڵەکەمانتان پێ بناسێنم کە لە ڕێگای بیروباوەر دا تێ دەکۆشن.

 لە خوارەوە ناوەکانتان پێشکێش دەکەم:

١-قاسم قادری قازی     لە مەهابادە      پیرە

٢-عەلی ڕیحانی          لە مەهابادە      پیرە

٣-عەبدولڕەحمان کەیانی   لە مەهابادە    گەنجە

٤-مەناف کەریمی         لە مەهاباد ە       گەنجە

٥-محەمەد یاهوو          لە مەهاباد ە       گەنجە

٦-محەمەد دڵشاد[ڕەسووڵی] لە مەهابادە  گەنجە

٧-سەدیق حەیدەری     لە مەهابادە         گەنجە

٨-محەمەدئەمین شەڕەفی         لە مەهابادە  گەنجە

 ٩-ڕەحمان  ئێلخانیزادە    لە بۆکان ە         گەنجە

 ١٠-عەبباس حەقیقی    لە بۆکان ە          گەنجە

 ١١-ڕەحمان شەڕەفکەندی   لە بۆکان ە    گەنجە

 ١٢-مامەند قادری              لە نەغەدە یە  پیرە

١٣-مەجید خوسرەوی         لە نەغەدە یە   گەنجە

١٤-محەمەد قادری             لە شنۆ یە       گەنجە

١٥-نافع                           لە سەقز ە       گەنجە

١٦-محەمەد سەعید حافدی   لە کرماشان ە   گەنجە

١٧-تاهیر هاشمی             لە کرماشان ە    گەنجە

١٨-عوسمان دانش           لە سلێمانی یە لە عێڕاق   گەنجە

١٩-قادر دەباغی              لە سلێمانی یە                گەنجە    خەڵکی سەقزە

٢٠-محەمەد سەعید مەلا عەلی   لە هەولێر ە   گەنجە

٢١-فەتتاح غانمی             لە سەردەشت ە     گەنجە

 ٢٢-محەمەدئەمین شێخولئیسلامی   لە مەهابادە   گەنجە

بەڕێوەبەری چاپەکانی کۆمەڵەی  ” ژ-ک “

 وەرگێڕان لە زمانی تورکی ئازەربایجانییەوە: حەسەن قازی

سەرچاوە: حامید گەوهەری، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ، ستۆکهۆڵم ١٩٩٩ ،  لاپەڕەکانی   ٢٢٧،   ٢٢٨ ، ٢٢٩، ٢٣٠،  ٢٣١ ، ٢٣٢

1782562_694380003946182_1958306492_o
وێنەیەکی حوسێن فرووهەر (حوسێنی زێڕینگەران) کاتی دوورخرانەوەی بۆ شیراز . لە پشت ئەو وێنەیە بە دەستخەتی خۆی بە فارسی ئاوای نووسیوە:

مهاباد
نوریچشمان  عزیزم ‌آقای ابراهیم فروهر

اینک محض یادبود عکس خود را در تاریخ ١٩ فروردین ماە سال ١٣٢٠ کە بشیراز تبعید نمودە بودند یادگاری فرزند عزیز و ارجمندم آقای ابراهیم زردشت فروهر بوسیلەء پست توسط مادرم بانو رعنای فروهر ارسال گردید و سلامتی شما را با عموم خانوادە و عموزادگان ‌‌آقایان زرگری و امامی از خداوند متعال خواستارم

امضاء حسین فروهر

٢١/١/٢٠

27710147_2021085914816501_531714865768502418_o

unnamed

وەرگێڕانی کوردی
نووریچاوانی خۆشەویستم ئاغای براییمی فرووهەر

ئێستا بۆ بیرەوەری وێنەی خۆم کە لە بەرواری  ١٩ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٠ کە دوور خرابوومەوە بۆ شیراز  وەکوو یادگاری بۆ ڕۆڵەی خۆشەویست و بەڕێزم ئاغای برایمی زەردەشت فڕووهەر بە پۆست لە ڕێگای دایکمەوە یای ڕەعنای فڕووهەر  نارد و لەشساغی ئێوە و گشت بنەماڵە و ئامۆزاکان ئاغایانی زەرگەری و ئیمامی لە خوڵای بەرز داوا دەکەم.

ئیمزا:حوسێن فرووهەر

٢١/١/٢٠

ئەندامان و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵەی ژ.ک  دانیشتوو لە ڕاستەوە: نەجمەدین تەوحیدی، قاسم ئێلخانیزادە، عەبدولڕەحمان ئیمامی، ڕاوەستاوان لە ڕاستەوە : مەحموود وەلیزادە، سماییل خانی فەڕوخی، عەبدولڕەحمان زەبیحی و وەهاب بلووریان

 لە ڕاستەوە محەمەد دڵشاد ڕەسووڵی، قاسم قادریی قازی و حوسێن فڕووهەر. فڕووهەر بە دەستی خۆی تاریخی گرتنی ئەو وێنەیەی نووسیوە، وێنەکە ئی سەردەمی کۆماری کوردستانە وبە تاریخی زایینی لە ٢٤ی مەی ١٩٤٦ گیراوە

یەک لە دوایین وێنەکانی عەبدوڵڕەحمان زەبیحی ( ع، بیژەن – ٢ ) یەک لە ئەندامە هەرە هەڵسسوڕاوەکانی کۆمەڵەی ژ.ک ،
گەڕێنەندەی نیشتمان

About دیدار عثمان

Check Also

بەڵگەنامەیه‌کی زۆر گرنگ دەربارەی مێژووی کورد کە بەڵگەنامەکە دەربارەی ئاوارەبوونی 20هەزار کەسە لە خەلکی هەورەمان لە دیوی ئیران بەرەو خاکی عوسمانی

ناوەرۆکی بەلگەنامەکە هو ، ئاماژەیە بۆ بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ تەلەگرافنامە بۆ سەفارەتی تهران لەو …