Home / ناوداران / مەلا محەمەدەمین گوێزلینگەی زیاتر لە نیو سەدە لە خەبات و تێكۆشانی كوردایەتیدا

مەلا محەمەدەمین گوێزلینگەی زیاتر لە نیو سەدە لە خەبات و تێكۆشانی كوردایەتیدا

ئامادەكردنی:
كۆچەر عبدالڕحمان سۆفی
قوتابی قۆناغی چوار، بەشی مێژوو، زانكۆی سۆران.

زۆرن ئەو شۆڕشگێڕانەی لە پێناو خاك و كوردایەتیدا چەكی پێشمەرگایەتیان كردووەتە شان و دژبە دوژمنان جەنگاون، یەكێك لەم قارەمانانەش مەلا محەمەدەمین گوێزلینگەی، پێشمەرگەو كادری پێشكەوتووی شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و راپەرێن و هەڵگری میدالیای بارزانی.

م حەمەدئەمین مەلا حاجی مەحموود ناسراو بە (مەلا محەمەد ئەمین گوێزلینگەی) لە ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی گوێزلینگەی دەڤەری باڵەكایەتی لە سنووری قەزای چۆمان چاوی بەدونیا هەڵێنەوە، هەر لە تەمەنی مێر منداڵی هەستی كوردایەتی لا دروست بووە، بەمەش لە ساڵی ١٩٥٨ دوای گەڕانەوەی بارزانی لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، پەیوەندی بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و دەبێتە كارگێڕی رێكخراوی هەڵگورد لەشاری كەركووك، ساڵی ١٩٦١ لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، كە ئەوكات مەلا محەمەدەمین گوێزلینگەی لە كەركووك سەرباز بووە، سەربازگەكە جێدەهێڵێت و پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەكات و چەكی پێشمەرگایەتی دەكاتە شانی و ڕوو دەكاتەوە دەڤەری باڵەكایەتی و ئەم ناوچانەی لەژێر دەستی شۆڕش و پێشمەرگە دابوونە”.

بۆ یەكەمین جار چاوی بە مەلا مستەفا دەكەوێت:
دوای تێپەڕبوونی ساڵێك لە پێشمەرگایەتی لە ساڵی ١٩٦٢ مەلا محەمەدەمین، لە گوندی بێشەی سەربە ناحیەی سیمیلان، بۆ یەكەمینجار چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی دەكەوێت، هەر لەو دیدارەدا دەبێتە جێگای متمانەی جەنابی بارزانی، لە ساڵی ١٩٦٣ بە شداری داستانی بەرسیرین دەكات، لە گرتنی مەخفەرەكانی ناحیەی گەڵاڵە و ڕایات دەوری باڵای دەبێت و دوای تۆماركردنی ئەو سەركەوتنانە مامۆستا مەلا محەمەدەمین لەگەڵ بارزانی و پێشمەرگەكانی دەچێتە دەڤەری بێتواتە، لەساڵی ١٩٦٤ لەگەڵ هەڤاڵانی دەگەڕێنەوە دەڤەرەكە و بارەگایان لە دەرگەڵە و هاودیان و دێڵزیان جێگیر دەكەن، چەندین داستانی پڕ سەروەری تۆمار دەكەن، لەساڵی ١٩٦٧ بە فەرمانی سەركردایەتی دەبێتە ئەندام لە بەشی سەربازی مەكتەبی سیاسی، لە ساڵی ١٩٧٠ دەبیتە ئەندامی ناوچەی باڵەك و لە دادگای شۆڕش بەردەوام دەبێت لە خزمەت”.

ئاوارەبوونی مەلا محەمەدئەمین و خانەوادەكەی بۆ ئێران و وەرگرتنی چەند پلەیەك لە حیزبەكەی:
دووی نسكۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ مەلا محەمەدئەمین و خانەوادەكەی ئاوارەی ئێران دەبن و دەگوازرێنەوە بو شاری اصفهان و هەر لەوێ دەبێتە بەرپرسی رێكخراوی اصفهانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵی ١٩٨٣ دەبێتە بەرپرسی ئیدارە لە بارەگای سەركردەی نەمر ئیدریس بارزانی لە ناوچەی حاجی ئومەران، لە ساڵی ١٩٧٩ دەبێتە كارگێڕی ناوچەی باڵەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی ١٩٨١ تا ساڵی ١٩٩٣ دەبێتە كارگێڕی ی لقی٢ بەرپرسی بەشەكانی دارایی و شەهیدان.

بەشداری كردنی لە شەڕەكان و بریندار بوونی:
مەلا محەمەدئەمین گوێزلینگەیی ساڵی ١٩٨٨ وەك بەرپرسی هێزەكانی لقی دوو بەشداری داستانی خواكوڕ دەكات و رۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت و هەر لەو داستانەدا بریندار دەبێت. لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بەشداری ئازاد كردنی كوردستان دەكات و رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە ئازادكردنی شاری كەركووك.

رۆڵ و بەشداری كردنی مەلا محەمەد ئەمین گوێزلینگەی لە كۆنگرەی 13 پارتی دیموكراتی كوردستان:
لە كۆنگرەی ٧ تا كۆنگرەیی ١٣ وەك ئەندام بەشداری كردوە و لە كۆنگرەی ١١ لە ساڵی ١٩٩٣ بەربژێر بووە بۆ سەركردایتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەساڵی ١٩٩٣ دوای كۆنگرە لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی دەكرێتە كارگێڕی لقی ١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ساڵی ١٩٩٩ هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەندامی دەزگای ئەیلولی سۆران لە ساڵی ٢٠٠٧ لە سەر فەرمانی سەرۆك بارزانی، مەلا محەمەدەمین دەبێتە ئەندامی دەزگای باڵای ئەیلول، لە كونگرەی ١٣ پارتی دیموكراتی كوردستان”.

پێدانی میدالیای بارزانی:
بەهۆی لێهاتوویی و ڕۆلی دیاری لە ناو حزب و پێشمەرگایەتیدا، لە ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن سەرۆك مەسعود بارزانی میدالیای رێزلێنانی بارزانی بە مامۆستا مەلا محەمەدەمین گوێزلینگەی دەبەخشرێت، ناوبراو خاوەنی ٥كوڕ و ٢كچە، هەموو رۆڵەكانی لەسەر ڕێبازی بارزانی بۆ خزمەتی خاك و نیشتیمان پێگەیاندون.

كوچی دوایی مەلا محەمەدەمین گوێزلینگەی
دوای زیاتر لە نیو سەدە لە خەباتی پێشمەرگایەتی و حزبەكەیدا لەسەر رێبازی پارتی و بارزانی، پێش نیوەڕۆی رۆژی ١٧ی حوزەیرانی ساڵی٢٠٢٠ دڵە گەورەكەی لە لێدان دەكەوێت و لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات، لەسەر وەسیەتی خۆیی لە گوندی گوێزلینگە سەربە قەزای چۆمان بەخاك دەسپێردرێت.

‎دەرئەنجام: بۆمان دەردەكەوێت كە بە درێژایی شۆڕشەكانی كورد چەندان كەسی دڵسۆزو خەباتگێڕ، دژبە دوژمن و داگیركەران جەنگاون و ئامادەبوونە بۆ ئازادكردنی خاك و نیشتیمانەكەیان سەروماڵیان بكەنە قوربانی و شەهیدبن لەم پێناوەدا”. هەروەك ئەگەر سەیری خەبات و مێژووی دەیان ساڵەی (مامۆستا ملا حەمەدئەمین گوێزرینگەی) بكەین، كە هاوشانی دڵسۆزانی خاك و نیشتیمانەكەی، بە تایبەتیش لە شۆڕشەكانی (ئەیلول، گوڵان، ڕاپەڕین) بە ڕابەرایەتی پارتی و بارزانی، چەند سەختی و دەربەدەری و شەڕو برینداربوونی بینیووە، بەڵام هەرگیز كۆڵی نەداوە .

تێبینی /سەرچاوەکانم لە پەرتووکی زیاتر لە نیوسەدە لە خەبات وتێکۆشان بۆ کوردستان .
نوسین مەلا محەمەد ئەمین گوێزڵینگەیی. وەرگرتووە.

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …