Home / بەشی مێژووی كورد / رۆڵی ئافرەتانی کورد لە مێژوو و شۆرشەکان:

رۆڵی ئافرەتانی کورد لە مێژوو و شۆرشەکان:

رۆشنا ابراهیم
قوتابی قۆناغی چوارەمی بەشی مێژووی زانکۆی سۆران

لەگەڵ ئەوەی ئافرەتی کورد لەهەموو سەردەم و قۆناغێکی مێژوودا رۆڵێکی درەوشاوەی هەیە، لەگەڵ ئەوشدا وەک پێویست گرنگی بەدەرخستن و نووسینەوەی ئەو رۆڵە درەوشاوەیە نەدراوە ، دەشێت هۆکار گەلێک لەپشتی کەم دەرکەوتنی رۆڵی ئافرەتان هەبێت ، لەوانەش قسەنەکردنی ئافرەتانی کورد و شاردنەوەی بەژداریەکانیان لە شۆرش و جەنگدا ، نەبوونی مێژوونووسی کورد لەسەردەمی قارەمانیەتی بەشێک لەو ئافرەتانە ، ترسی نوسەران لە دووژمنانی کورد لە دەرخستنی پاڵەوانییە تییەکان ، سەیرکردنی ئافرەت تەنها وەک ئامراز و جەستە نەوەک پێشمەرگە و ئازاو بەرگریکار و بەکەم تەماشاکردنی ئەرک و هێزی ئافرەت ، دەشێت هەستی خۆبەزلزانی پیاوانیش هۆکارێک بێت لەوەی پێیان شەرمەزاری بێت ئافرەت لەهەندێک لە پیوان لە پێشتر بێت ..هتد، ئەمانەو چەندین هۆکاری تریش.

سەرباری ئەوەی، هیچ سەردەمێکی مێژوو لە بواری کاری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، بەبێ رۆڵی ئافرەت نەگوزەراوە. کۆمەڵێک ئافرەتی دیاری مێژوو هەن، کە ناویان لە لاپەڕە دیارەکانی مێژوودا هەیە و رۆڵیان دیار و جێگەی باس و پیاهەڵدانی رۆژهەڵاتناسان و نەتەوەکانی دیکە بوون. هەربۆیە بۆ خوێندنەوەو زانینی زانیاری لەسەر ئافرەتە پاڵەوانەکانی مێژووی کورد، دەبێ سود لە توێژینەوە و سەرنجی زانا و رۆژهەڵاتناسان بدەین.

شیاوی باسە ئەو ئافرەتانەی، کە ناویان لە مێژوودا دیارە، جگەلە راپەراندنی کاری کۆمەڵایەتی و پەروەردە، گرنگیان بەبواری سیاسی و خەباتیش داوە. بەپێچەوانەشەوە ئەو ئافرەتانەی کە لە بواری سیاسیدا دیاربوون، بایەخیان بە بواری پەروەردە و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیش داوە. ئەوەش ئاماژەیەکە بەوەی کە لە پاڵ هەرکارێکدا پێیانوابووە، کە بەبێ پێشکەوتن لە بواریی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری لە گۆڕەپانی سیاسەتیشدا سەرکەوتوو نابن. لێرەدا هەوڵدەدەین بەشێک لە ئافرەتەکانی کورد لە هەردوو بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی بخەینەڕو.

ناهیدەی شێخ سەلام، لەگەڵ ئەوەی ژنێکی سیاسی بووە، بەڵام ژنانی هانداوە بۆ چوونە بەرخوێندن و گرنگیدان بە لایەنی خوێندەواری و رۆشنبیری.

حەپسەخان راستە وەکو ژنێکی سیاسی دەردەکەوێت، بەڵام یەکێک لە خانووەکانی خۆی دەدات بە پەروەردەی سلێمانی، بۆ ئەوەی بکرێت بە قوتابخانە.

ئەوکاتەی خانزادی میری سۆران، دەسەڵاتی عەشیرەتی گرتە ئەستۆ، چەندین قوتابخانە و حوجرەی کردەوە.

مینا خانمی قازی ئەوکاتانەی لەگەڵ خانمە هاوڕێکانیدا خەباتی سیاسی دەکرد، بایەخی بە خەباتی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریش دەدات، هەموو ئەمانە و چەندانی تر نموونەی بەرزی ئافرەتی ناو مێژوون .

دروستە ئافرەت رۆڵی یەکسەر نەدەبینرا یان بڵێین پیشان نەدەدرا، بەڵام هەموو سەردەمێک رۆڵێکی کارای هەبووە نەک بەتەنها رۆڵی لەچەک هەڵگری هەبووبێت ، لە بواری خواردن و کاروباری برینپێچی و هاوکاری لە ماڵ و لە دەرەوە، بەشداری بووە لە خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد، هەر ئافرەتان بوون لە مێژووی خەبات و شۆڕشەکانی کورد دا، لەسەر ماڵ و گوندەکانی پێشمەرگە حەوایەوە و دەرمانسازی بۆ بریندارەکان دەکرد ، سەرباری ئەوەش ، بەخێوکردنی منداڵان پاڵپشتییەکی گەورە بوو، بۆ خەبات و شۆڕشەکان کورد.

ئەگەرچی بەهۆی نەریتی باوی سەردەمانی کۆن کەم پیاو دانی بەمەزنی و رۆڵی ئافرەت دادەنا ، وەڵی هێشتانیش کەم تازۆر پیاویش هەبووە ئەو دان بە راستی رۆڵی ئافرەت دابنێت بە نموونە ،بێکەسی شاعیر لە شعرێکدا دەڵێت: نەسرین دەمێکە، داخت لە دڵمە. گیرۆدەی بەندی ژیانت زوڵمە. وا من پێت ئەڵێم، چونکە لەسەرمە. هەستە تێبکۆشە تا خوێنت گەرمە. سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە. کەواتە پیاوانی رۆشنبیر و ئازادیخوازیش هەبوون کە هاندەری ژنان بوون بۆ هاتنە دەرەوە لە ماڵەوە و خەباتی ژنانیش لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە.

لێرەدا هەوڵ دەدەین ناوی بەشێک لەو ئافرەتانە بنوسمەوە، کە بەشداری شۆڕشەکان بوون، بەو هیوایەی لە داهاتوودا ببێت بە یەکێک لەو سەرچاوانەی کە بایەخیی بە دەرخستنی رۆڵی ئافرەت داوە لە مێژوودا.

١/حەپسەخانی نەقیب ٢/لەیلا قاسم ٣/نەعیمە مستەفا٤/ئایشەگوڵ٥/ناهیدە شێخ سەلام٦/عادیلە خانم ٧/خانزادی میری سۆران٨/دایە گوڵە٩/مامۆستا سنەوبەر١٠/خەجە باوە ١١/دایفە خاتوون ١٢/سەییدە ماما خاتوون١٣/مەیان خاتوون١٤/زەریفە ١٥/قەدەمخێر ١٦/لەیلا زانا ١٧/خەدیجە مستەفا.

لەبارەی رۆڵی ئافرەتانەوە پلوتارک، مێژوونوسی گریکی-رۆمانی، دەڵێت: خەڵکی خۆجێی لە کوردستانی باکور و رۆژئاوادا، لە سەدەی یەکەمی پێش زاییندا لە دژی هێزە پەلاماردەرەکانی رۆمان بەرگرییان لە خۆیان کردووە. جەختی لە هەبوونی ژنانی شەڕکەر کردووەوتەوە، کە ژنانێک هەبوون مەشقی بەکارهێنانی چەکیان کردووە و ئامادەبوون بۆ جەنگ.

هەروەها نوسیویەتی: هاوسەری میتریداتسی شای کوردی پۆنتیان، جلوبەرگێکی تەقلیدی رەنگاورەنگی کوردی لەبەربووە. خۆنیشاندانێکی بێوێنەی پاڵەوانێتی سەربازی کردووە بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتی گەمارۆدراوی پۆنتیان لە لایەن پۆمپی ژەنەڕاڵی رۆمانییەوە.

سەرچاوەکان:

١_ (کورد) ن: مەهرداد ر. ئیزەدی- و: شێرکۆ ئە‌حمەد ‌حەوێز

٢_ (باری سیاسی ئافرەتی کورد لە باشووری کوردستان) د. کوردستان موکریانی

٣_ (ئافرەتیزم) مهاباد قەرەداخی

٤_ https://www.historyofkurd.com/

٥_ https://rojnews.news

٦-(خانی لەپزێڕین و شەڕی شەش مانگەی قەڵای دم دم) محەمەد گۆران.

٧-https://www.nuche.net/post-9849.html

هاوپێچ وێنەی دوو ئافرەتی كورد لە شڕناخ ساڵی 

About دیدار عثمان

Check Also

تەنگ و دەربەندەکانی سەر چەمی قەڵاچوالان و یەکگرتنەوەی لەگەڵ زێی خواروودا

نووسینی: فرانسیس م. هاڵی، کە ساڵی ١٩٢١ پزیشکی نەشتەرگەری مەدەنی بووە لە سلێمانی لە ئینگلیزییەوە: …