Home / ناوداران / ئەنجوم یاموڵکی (ئەسما خان )

ئەنجوم یاموڵکی (ئەسما خان )

یەکێک لەو ژنە کوردانەی کە مێژو ناتوانێت لەیادی بکات خاتوو ئەنجوم یامولکییە کە چالاکوانی مافەکانی ژنانە و لە بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا بە شیوازێکی مۆدێرن دەرکەوتووە،لە ساڵی 1919 لە ئیستەنبووڵ بە سەرۆکایەتی ئەنجوم یامولکی “کۆمەڵەی ژنانی کورد”ی دامەزراندوە لێکۆڵینەوەی لەسەر ماف و ئازادییەکانی ژنانی کورد لە کۆمەڵگەدا کردوە.

نوسەرە تورکەکان دەڵێن یامولکی هێمایە لە مێژووی کورد.بۆیە یامولکی یەکەم کەسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە باسی ماف و ئازادییەکانی ژنان بکات . ئەو کۆمەڵگای ژنانی کوردی دامەزراند ڕۆڵی ئەنجوم یامولکی لە مێژووی کورددا گرنگە.

ئەنجوم یاموڵكی ساڵی ١٩٢٤ لەسەر داوای باوكی بۆ خوێندنی پزیشكی چووەتە فەڕەنسا و لەوێ لەگەڵ مامۆستاكەی پڕۆفیسۆر لۆمێر هاوسەرگیری كردووە . هەرلەوێ ماوەتەوە تاكو ساڵی ١٩٧٠ كۆچی دوایی كردووە . لەسەر وەسێتی خۆی لەتەنیشتی دایكییەوە لەگۆڕستانی ئەعزەمییەی بەغدا بەخاك سپێراوە . یەك كوڕی هەبووە ناوی دانیاڵ بووە .

لێرەدا زۆر جێی خۆیەتی كەباس لەگەورەیی كەسایەتی مستەفا پاشای یاموڵكی ( نمرود پاشا ) بكرێ كەتاكو ئەو ڕۆژەش كۆچی دوایی كردووە سەفارەتی توركیا لەبغدا لەڕێگای جاسوسەكانیانەوە چاودێری ئەو پیاوەیان كردووەو تەنانەت زۆربەی ساڵەكان بەرقییەو تەلەگرافیان لەبارەیەوە بۆ ئەنقەرە ناردووە …

ژنانی کورد ڕێک سەدەیەک لەمەوبەر لە ئیستەنبول کۆمەڵەکیان دامەزراند، لە ساڵی 1919 بە مەراسیمێک کە لە لە ناوچەی “قەغالئۆغلو” گەڕەکی فەتحی شاری ئەستەنبوڵی تورکیایە.. پەیامە و ئامانجەکەی خوێندرایەوە، دەزگایەک بەناوی کۆمەڵگەی پێشخستنی ژنانی کورد بە فەرمی کرایەوە،لەژێر ناونیشانی خاتوونانەی کە «لە هەموو ئیستەنبووڵەوە ڕادەکەن»

ئامانجی کۆمەڵەکه بۆ پێشخستنی ڕەوشی ژنانی کورد بوو،بۆیە ئەنجوم یامولکی لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکیدا وتی: “بەڵێن بێ و بەڵێنی کورد بێت،کە هەموو جۆرە هاوکارییەک و یارمەتیەک پێشکەش بکەین و درێخی نەکەین، هەرچی پێویست بێت بۆ پێشکەوتنی ڕەوشی ژنانی کورد و کوردایەتی بەبێ دوودڵی ئەنجامی بدەین” هەروەها وتیشی:

با هەموومان هەوڵبدەین چونکە جارێکی تر وشەی کورد زیندو بکەینەوە،چونکە جارێکی تر ئەم هەلە هەڵناکەوێتەوە.. من باوەڕم بەو بڕوایەی خۆم هەیە،کە کورد بەڵێنی هەموو شتێک نادات،بەڵام بە دڵنیاییەوە لەو بەڵێنەی کە دابووی لانادات.

خاتوو ئەنجوم “ئەسما خان”

یامولکی ساڵی 1895 لە شاری سلێمانی لەگەڕەکی سابونکەران لەدایکبووە، کچی مستەفا پاشای یامولکی بووە، پاشا کردی بە ئامانجی ژیانی خۆی بۆ داواکردنی مافی نەتەوایەتی گەلی کورد، چونکە لە بنەماڵەیەکی خۆشەویستەوە هاتووە خاتوو ئەنجوم کچە ناوەنجی (مستەفا یاموڵکی)یە و باوکی هەمیشە دەبێتە پاڵپشت و یاریدەدەری،لە زۆربەی کار و چالاکییەکانیدا هاریکاری و هاوکاری دەبێت.

لە ساڵی ١٩١٩ز کاتێک (کۆمەڵەی ژنانی کورد)لە ئەستەنبوڵ دادەمەزرێت. ئەنجوم یاموڵکی،دەبێت بە سەرۆکی کۆمەڵەکە و کاریگەرییەکی تەواوی لەبرەودانی کۆمەڵە و دەستەبەرکردنی مافی ژناندا هەبووە،لەسەر دەستی ئەو کۆمەڵەکە بەرەوپێش دەچێت. شتێک لەم ژنەدا زۆر سەرەنجڕاکێش بووە لەگەڵ ئەوەی زمانزانێکی باش بووە،لەکاتی وتاردان و قسەکردندا زۆر ئازایەنە لێدوانی داوە،بۆیە وتاربێژێکی کەم وێنە و ئافرەتێکی بەویقار و زرنگ بوو،بۆیە بوو بە ناوێکی دیار و ناسراو،خەڵکی لەبەر هۆشیاری و زیرەکی و ئازایەتی خۆشیان دەویست..

ئەنجوم یامولکی یەکێک لەو ژنانە بوو کە لە مەیدانی سولتان حەمید قسەی کرد و ڕایگەیاند “پێویستە ژنانی کورد بۆ زیهنیەتی مۆدێرن کار بکەن و هەموو ژنان بە بێ جیاوازی ڕەگەز، زمان و ئایین خاوەنداری لەو تێکۆشانە بکەن”

ئەو هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆری دا هەتا ئافرەتان بتوانن بخوێنن و ئاستی ڕۆشنبیری خۆیان بەرز تر بکەنەوە،لە پێناو هۆشیارکردنەوەی کچ و ژنانی کوردا مۆمی ڕۆشنایی داگیرساند هەتا ژنانی کوردیش وەک سەرجەم وڵاتانی دونیا لە ماراسیۆنی پێشکەوتن و کرانەوەدا بن.. لە دوای درووستبوونی کۆماری تورکیا،کێشەی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا، پەڕاگەندە و ئاوارەی ئەوروپا ئەبێت، لە تاراوگە لە وڵاتی فەرەنسا دەژیت و دواجار لە غوربەتا و لە ساڵی۱۹۷۰ز لە پاریس گیان دەسپێرێ و لە بەغداد بەخاک دەسپێردرێ.

تێبینی: ئەنجوم کچی سیاسەتمەداری بەناوبانگی کورد مستەفا پاشا یامولکییە: کە وەزیری مەعاریف (پەروەردە) لە حکومەتەکەی شێخ مەحموودی حەفید لە ٢٥ کانوونی دووەمی ١٨٦٦ لە سلێمانی لەدایك بووە. کاتێک کە شێخ مەحموودی حەفید لە دوای مانگی ئە‌یلوولی ١٩٢٢دا گە‌ڕایە‌وە سلێمانی و بووە‌ پاشای کوردستان، لە ١٠-١٠-١٩٢٢دا کابینە‌ی دووە‌می فە‌رمانڕە‌واکە‌ی دامە‌زراند، مستە‌فا پاشای کردە وەزیری مە‌عاریف و ئە‌ویش خزمە‌تێکی زۆری خوێندە‌واریی کرد لە کوردستان و گە‌لێک قوتابخانە‌‌ی تازەی کردە‌وە. ڕۆژنامە‌کە‌یشی کردە زمانحاڵی حکومە‌تە‌کە‌ی شێخ مە‌حموود و ناونرا ڕۆژنامە‌ی ڕۆژی کوردستان، لە ساڵی ١٩٣٦ دا کۆچی دوایی کرد.

ئامادەکردنی :داناز عەبدولڕەحمان

تۆمارێکی تایبەت بۆ کورد کۆلێکت لەلایەن بەرێز (داناز عەبدولڕەحمان)وە.

Wha0

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …