یه‌کێک له شوێنه‌واره مێژووییه‌کانی سه‌رده‌می ماده‌کان ده‌که‌وێته گوندی (نه‌وێ) له بناری چیاى سورێن، که له ڕووی ئیدارییه‌وه سه‌ر به شاره‌دێی خورماڵ-ی سه‌ر به پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه، شوێنه‌وارێکی له به‌رد هه‌ڵکۆڵدراوی ده‌ستی مرۆڤه و جێگایه‌کی سه‌رنجڕاکێشه.
شوێنه‌واره‌که به شوێنه‌واری زیندانه‌که‌ی زوحاک ناسراوه، که له به‌ردێکی هه‌ڵکۆڵراوی شێوه چوارگۆشه‌یی دروستکراوه و له‌ناو به‌رده‌که‌دا چه‌ند تاقێک و ڕۆشناییه‌ک دروستکراون.
به‌رده هه‌ڵکۆڵراوه‌که‌ی گوندی نه‌وێ، درێژییه‌که‌ی دوو مه‌تر و ٣٥ سانتیمه‌تره، به‌رزییه‌که‌شی یه‌ک مه‌تر و ٧٥ سانتیمه‌تره و ده‌که‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی گونده‌که‌وه، که له نزیکیدا قه‌ڵایه‌ک بوونی هه‌یه به قه‌ڵای زوحاک ناسراوه، به وته‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که که له باو و باپیرانیانه‌وه بۆیان گێڕدراوه‌ته‌وه، ئه‌و به‌رده به یه‌کێک له زیندانه‌کانی زوحاک ناسراوه، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی زانستی و شوێنه‌واری ئه‌وه‌ی پشتڕاست نه‌کردووه‌ته‌وه، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت که مێژوونووسان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و به‌رده بۆ ساڵی ٦٠٤ ی پێش زاینی سه‌رده‌می مادده‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
سالم غه‌ریب، شوێنه‌وارناس بۆ ڕۆژنیوز باسی له‌وه‌کرد: زۆربه‌ی ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی که ده‌که‌ونه بناری سورێنهوه ده‌ستکردی مرۆڤن، یه‌کێک له‌وانه ئه‌م به‌رده ههڵکۆڵدراوهیه، که که به زیندانی زوحاک ناسراوه، به‌ڵام چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی ڕوون هه‌ن ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت ئه‌م به‌رده زیندان نه بووه، به‌ڵکو یه‌کێک بووه له گه‌رماوه تایبه‌تییه‌کانی یه‌کێک له پادشاکانی سه‌رده‌می ماده‌کان، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ هه‌ڵکۆڵینێک له‌سه‌ر به‌رده‌که نه‌ماوه نازانرێت سه‌رده‌می چ پادشایه‌ک بووه.
له‌باره‌ی به‌ڵگه‌کانه‌وه که ده‌یسه‌لمێنێت گه‌رماو بووه نه‌ک زیندان، سالم ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: ئاسه‌واری چه‌ند نیشانه‌یه‌ک بونیان ماوه که ده‌رگای به‌رده‌که له ناوه‌وه داخراوه نه‌ک له ده‌ره‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر زیندان بێت ده‌بێت له ده‌ره‌وه ده‌رگاکه‌ی دابخرێت، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ڕووی به‌رده‌که‌وه کونێکی گه‌وره له شێوه‌ی بازنه‌یی هه‌ڵکۆڵدراوه بۆ ئه‌وه‌ی له کاتی داخستنی ده‌رگاکه له سه‌ره‌وه ڕووناکی بچێته ژووره‌وه، زیندانیش پێویستی به بوونی هیچ ده‌روازه‌یه‌ک نییه، له هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه له‌ناو به‌رده‌که‌دا چه‌ند تاقێک دروستکراون که بۆ دانانی جلوبه‌رگی پادشاکه دروستکراون له‌کاتی خۆشۆردنیدا، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شی خواره‌وه‌ی به‌رده‌که له شێوه‌ی حه‌وزێکدا هه‌ڵکۆڵدراوه.
به گوێره‌ی وته‌ی خه‌ڵکی گونده‌که، له سه‌ده‌کانی ڕابردوودا له نزیک شوێنی ئه‌و به‌رده شاری گه‌وره هه‌بووه، هه‌ره‌وه‌ها شه‌ڕی گه‌وره‌ش ڕوویانداوه، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه تیروکه‌وان دۆزراوه‌ته‌وه، که‌لله‌سه‌ری مرۆڤیش دۆزراوه‌ته‌وه که تیری پێوه بووه.
ئیبراهیم حه‌مه ساڵح، که خه‌ڵکی گوندی نه‌وێ-یه و شاره‌زایی له مێژووی گونده‌که‌یان هه‌یه بۆ ڕۆژنیوز ئه‌وه‌ی وت: هه‌موو به‌ڵگه مێژوویی و زانستییه‌کان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، که پێش هه‌زاران ساڵ لێره خه‌ڵک ژیاوه و شارێکی گه‌وره‌ش بووه، هه‌روه‌ک قانع-ی شاعیری گه‌وره‌ی گه‌لی کورد له ساڵی ١٩٧٠ شیعرێکی له‌سه‌ر گوندی نوێ نوسیوه و ده‌ڵێت: “لهبهردهبهل ڕووانیم ئاساره، دیاره که جێگای یه‌ک گه‌وره شاره، قه‌یسه‌ریی و بازاڕ سه‌را و دووکانه، بنچینه‌ی خانوو هه‌روا عه‌یانه” ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات ئه‌م گونده پڕیه‌تی له شوێنه‌وار و شوێنی نیشته‌جێبوون.
ئیبراهیم هاوشێوه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵکی گونده‌که‌ی نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی، که حکومه‌تی هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار هیچ ئاوڕێکیان له‌و شوێنه‌واره گرنگه نه‌داوه‌ته‌وه، که ورده‌ورده خه‌ریکه به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت، له کاتێکدا ئه‌گه‌ر ئه‌م شوێنه‌واره له هه‌ر وڵاتێکی تردا بووایه زۆر گرنگی پێدهدراو حکومه‌ت ده‌یکرده هۆکارێک بۆ ڕاکێشانی گه‌شتیار و ده‌ستخستنی داهات.
ک.ک