Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / شاری مێژوویی کوڕوخاننی (تل الفخار)

شاری مێژوویی کوڕوخاننی (تل الفخار)

 ئوسامە حەسیب

کوڕوخاننی(۱) پاشماوەی شارێکی کۆنە، کە ئێستا بە (تل الفخار) ناسراوە، بە دووری نزیکەی ٤٥کم دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای شاری کەرکووک و نوزی بە نزیکەی ۳٥ کم، لەسەر ڕێگای کۆمپانیای نەوت، کەبەدۆڵی نەوت ناسراوە. پاشماوەکانی ئەم شارە بۆ یەکەم جار لەساڵی ۱۹٦۷ دۆزرانەوە، ئەم شوێنە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی شوێنەوارناسی عێراقیەوە بەدوو قۆناغ پشکنینیان لێ ئەنجام داوە، یەکەم لەتشرینی یەکەمی ۱۹٦۷ تا کانونی دووەمی ۱۹٦۸، دووەم لەتشرینی یەکەمی ۱۹٦۸ تا کانونی دووەمی ۱۹٦۹ کە چەندین گردی پاشماوەیی بەدەوروبەریدا بەدی دەکرێن.(۲) بەهۆی پشکنینەکان کۆمەڵێک کەل و پەلی شوێنەواری پڕ بایەخ دۆزراوەتەوە، لە چینەکانی خوارەوەدا ژمارەیەک مۆر و گڵێنە جۆراوجۆر تێدابووە، کە بۆ چاخەکانی پێش مێژوو دەگەڕێنەوە تیشکێکی زۆر دەخەنە سەر مێژوویەکی بەردەوامی ئاوەدان بوونی شارەکە، بەتایبەت لەچاخەکانی پێش مێژوودا، کە لە شوێنەکانی تری کوردستاندا ڕوون نەبووەتەوە. ئەم شارە لەچاخەکانی پێش مێژووەوە تا چاخەکانی ئاشووری نوێ (۹۱۱-٦۱۲پ.ز)، ئەشکانی (پرثی/فرثی) (۱۲٦پ.ز-۲۲٦ز) و ساسانی (ٚ۲۲۷-٦۳۸ز)، چاخە ئیسلامیەکان ئاوەدان بووە(۳). لەنێوان چینە مێژووییەکان، گرنگترین پاشماوە لە چینی دووەمی سەرەوەدا دۆزراوەتەوە کەمێژووەکەی بۆ سەدەکانی ناوەڕاستی هەزارەی ۲ی پ.ز دەگەڕێتەوە، هاوچاخی چینی دووەمە لە نوزی. گرنگترین پاشماوەی ئەم چینە کۆشکێکی گەورەیە کە بەکۆشکی سەوز ناسراوە، چونکە زۆربەی بەشەکانی ناوەوەی بەڕەنگی سەوز ڕووپۆش کراوە و لەڕووی تەلارسازیەوە، هاوشێوەی تەلارسازیەکانی نوزیە لەهەمان چیندا. بەڵام لەنوزیدا ژمارەی تەلارەکان زۆرتر و مەزنترن(٤). بەپێی بەڵگە دۆزراوەکانی کوڕوخاننی پێدەچێت ئەم کۆشکە هی کەسایەتیەکی باڵای کارگێری و کۆمەڵایەتی بووبێت.(٥) جگە لەپاشماوەکانی ئەو کۆشکە، ئەرشیفێکی گەورە دۆزراوەتەوە کەبریتیە لەنزیکەی ٦۰۰ تابلۆی قوڕین بەخەتی مێخی و زمانی ئەکەدی نووسراون، ناوە کەسیەکانی دانیشتووی شاری خوری بوون، تابلۆکان تیشکێکی زۆر دەخەنە سەر کاروباری کارگێری، ئابووری، دادوەری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە،(٦) ئەوەی جێی سەرنجە ژمارەیەکی زۆر شوێن مۆر لەسەر تۆمارەکاندا هەن، کەمۆری میتانین، بەو پێیەش ئەم شارە وەک بەشێکی دەوڵەتی ئارابخا، سەر بەدەوڵەتی میتانی بووە.(۷)

پەراوێزەکان: ۱-ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ناوەکە هەبووە، فەوزی ڕەشید پێی وابووە کە (Urwa,Uru)، ناوی ڕاستەقینەی شارەکەیە، ئەوەش بەهۆی دۆزینەوەی ئەم ناوە کە لە چەند دەقێکی شارەکەدا بووە، بەڵام ئێستا ڕوون بووەتەوە کەلەچەندین دەقدا ناوی ‌ uru G/Kur-ru-ĥa-an-ni هاتووەو شیاوترە، الخالصي، محمود ياسين، تل الفخار (الموسم الثاني)، في :سومر، مج ۳۳، ۱۹۷۷، ص ٤٤-٤٥. ۲-الخالصي، تل الفخار (الموسم الاول)، في سومر، مج ۲٦، ۱۹۷۰، ص ٥۲. ۳-الخالصي، تل الفخار (الموسم الثاني)، ص ٤۳ ٤-هاوشێوەی هونەری ئەم هونەرە، کە بەهونەری نوزی ناسراوە لە چەند پاشماوەیەکی شارەزووردا دۆزراوەتەوە، وەک گردەکانی (بەکراوە، شاملو، صالح)، قحطان رشيد، الكشاف الاثري، بغداد، ۱۹۸۷، ص ۷۱-۷۲. ٥-الخالصي، تل الفخار (الموسم الثاني)، ص ٤۷. ٦-بۆ دەقە کارگێری و دادوەریەکانی کوڕوخاننی، بڕوانە: المنذري، منذر: نصوص ادارية و قضائية من تل الفخار/مدينة كوروخانني، ص ۳۸

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی سپی لەئێران

‎نیهاد عەزیز سەعید‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆران‎پێشەکی :‎پێشەکی : لە بوارەکانی مێژوو و زانستی سیاسیدا، شۆڕش …