Home / مێژووى جیهان / نهێنیەکانى مێژوو / ئێران 1979: چارەنوسی ئەو حەوت کەسەی یاوەری گەڕانەوەی خومەینیان کرد

ئێران 1979: چارەنوسی ئەو حەوت کەسەی یاوەری گەڕانەوەی خومەینیان کرد

(سبەی):
کاتێک تەماشای وێنەی سەرکردەی “رۆحی شۆڕشی ئێران”ی ئایەتوڵا رۆحوڵا خومەنی دەکەیت کە دوای (15) ساڵ لە دورخستنەوە، گەڕایەوە ئێران، لە چواردەوری ژمارەیەکی کەسی نزیکی هاوپەیمانی خۆی دەبینێت، پرسیار ئەوەیە، ئێستا ئەو کەسانەی کە لە چواردەوری خومەنی بون لە کوێن؟، دوای گەڕان و بەدواداچون، دەردەکەوێت کە بەشێکیان کۆچی دواییان کردوە و بەشێکی دیکەشیان کوژراون.

ئەوانەی لە وێنەکەدا دەردەکەون، براوەی ساتەوەختی شۆڕشی ئێرانی بون لە ساڵی (1979)، هەر وەکو دەوترێت شۆڕش رۆڵەکانی خۆی دەخوات و پاش ماوەیەکی کەم لە پەرەسەندنەکانی شۆڕشی ئێران، بەشێک لەو کەسایەتییانە لەسەر شانۆی سیاسی نێودەوڵەتی دورکەوتنەوە و تەنها کەسێکیان مایەوە، لەم بابەتەدا باس لە چارەنوسی ئەو کەسانە دەکرێت کە پێش (40) ساڵ یاوەری خومەینیان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران.

1-مورتەزا موتتەهری: مەتهەری کاریگەری زۆری هەبو لەسەر ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش بە سیفەتی ئەوەی یەکێک بو لە مونەزیرەکانی شۆڕش و هەروەها یەکێک بو لە دامەزێنەرانی ئەنجومەنی شورای شۆڕشی ئیسلامی لەدوای روخانی رژێمی شا، بەڵام لە مانگی ئایاری ساڵی (1979) لە تاران تیرۆر کرا و دواتر گروپی ئیسلامی بەناوی (فورقان) بەرپرسیارێتی خۆی لە تیرۆرکردنی ئەو کەسە راگەیاند، ئەو گروپە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بون.

2-حسێن لاهوتی ئەشکوری: ئەشکوری کەسێکی نزیکی ئایەتوڵا خومەینی بو، بەڵام راستەوخۆ دوای شۆڕش بو بە کەسێکی نزیکی ئەبو حەسەن بەنی سەدری سەرۆکی ئێران و دواتر ناکۆکی لەگەڵ خومەنی (کە بو بە سەرکردەی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران) دروست بو، هەروەها دوای دو ساڵ لە شۆڕش، ئەشکوری دەستگیرکرا و پاش چەند رۆژێک گیانی لەدەستدا، کە بەوتەی خێزانەکەی، ئەشکوری ژەخوارد کرابو.

3-ئەحمەد خومەینی: کوڕی ئایەتوڵا خومەینی، کە بە دەستە راستی خومەنی دادەنرا، لەمانگی ئاداری ساڵی (1995) بەهۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

4-سادق قوتب زادە: وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوای شۆڕش تاوەکو مانگی ئابی ساڵی (1980)، بەڵام لە ساڵی (1982) بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی خومەینی و کارکردن دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران، لەسێدارەدرا.

5-ئەبو حەسەن بەنی سەدر: یەکەم سەرۆکی ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامی، دواتر لە ئێران هەڵات و ئێستا لە پاریس دەژی، بە تۆمەتی نزیکی لە گروپی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە حوزەیرانی ساڵی (1981) لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە متمانەی لێ وەرگیراوە.

6-سادق تەباتەبائی: زاوای ئەحمەد خومەینی، ژمارەیەک پۆستی حکومی وەرگرت لەدوای شۆرشەوە، لەنێویاندا جێگری سەرۆک وەزیران لە حکومەتی مەهدی بازرگان، بەڵام دواتر خۆی دورخستەوە لە سیاسەت. ساڵی (2015) بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکانەوە لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، کە کۆتاییەکانی تەمەنیشی لەو وڵاتە بەسەربرد.

7-داریوش فروهەر: لەوانەیە ناوبراو لە وێنەکەدا هەبێت و پێدەچێت ئەو کەسە بێت کە لە پشتەوە بەشێکی سەری دەرکەوتوە، ناوبراو دژی پێکهێنانی حکومەت بو لە کەسایەتییە ئاینییەکان، ناوبراو ساڵی (1998) لەگەڵ خێزانەکەیدا لەلایەن گروپێکی سەر بە هەواڵگری ئێرانییەوە تیرۆرکران.

ئەوانی باسیان لەبارەوە کرا کە یاوەری خومەینیان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران، لە مانگی شوباتی ساڵی (1979)، بون بە قوربانی پەرەسەندنە سیاسییەکانی دوای شۆڕش، دوانیان تیرۆرکران و یەکێکی دیکەش لەسێدارەدران، هەروەها یەکێکی دیکەیان لە دۆخێکی تەمومژاویدا مرد و ئەوەی دیکەش دورخرایەوە و لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبات، جیاوازییەکە ئەوەیە زۆربەی ئەو کەسانە لە نێویشیاندا کەسانی نێو بنەماڵەی خودی خومەینی، خۆیان دورخستوەتەوە لە دەستەبژێری دەسەڵاتدار لەو وڵاتە، ئێستاش گروپێکی جیاواز حوکمی ئێران دەکات کە هیچ کامیان نزیک نین لە ئایەتوڵا خومەینی (سەرکردەی باڵای ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران) کە لە وێنەکەدا دەرکەوتوە.

سەرچاوە: بی بی سی

لە عەرەبییەوە: لاوک ئەمجەد

About دیدار عثمان

Check Also

جینۆسایدی ئەمریکی بۆ “هیندییە سوورەکان”،  ڕاستییە مێژووییەکان‌و بەڵگە سەلمێنراوەکان

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی چین، ساڵی٢٠٢٢ لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق زاراوەی “جینۆساید”، کە لە وشەی …