Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / ئەو زانا ئیسلامییە کێیە کە گۆگڵ یادی دەکاتەوە؟ بە دکتۆری دکتۆرەکان ناسراوە

ئەو زانا ئیسلامییە کێیە کە گۆگڵ یادی دەکاتەوە؟ بە دکتۆری دکتۆرەکان ناسراوە

خێزان

ماڵپەڕی گۆگڵ لۆگۆی کۆمپانیاکەی گۆڕی بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی لە دایکبونی زانای گەورەی ئیسلامی (ئیبن سینا) کە خاوەنی کتێبی (یاسا لە پزیشکیدا) یە، ئەم کتێبە شەش سەدەش بە باڵاترین کتێبی پزیشکی لە جیهاندا مایەوە و سەرچاوەی سەرەکی بوو.

ئیبن سینا  زانایەکی گەورەیموسوڵمانی فارسی بوو. ناوی تەواوی (ئەبو عەلی حسێن کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی سینا)یە، لە ڕۆژئاوادا بە (Avicenna) ناسراوە، لە ساڵی ٩٨٠ز لە شاری ئەفشانش لە نزیک شاری بوخارا (ئوزبەکستانی ئێستا) لە دایکبووە. زمانی دایکی ئبین سینا فارسی بووە. خوێندنی سەرەتایی لە بوخارادا بووە. لە ھەموو تەمەنێکیدا بلیمەتی ناو بلیمەتەکان بووە. ئیبن سینا، ئەو فارسەی کە تەواوی ژیانی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئێران بەسەربرد، لە بوخارا لەدایکبووە، لەو شوێنەی کە سەرەتایترین خوێندنی تیایدا وەرگرت لە ژێر چاودێری باوکیدا. هەر لەبەر ئەوەی ماڵی باوکی شوێنێک بوو بۆ چاوپێکەوتنی پیاوە ڕۆشنبیرەکان، ئیبن سینا هەر لە سەرەتای منداڵییەوە توانی سوود وەربگرێت لە هاوڕێیەتی کردنی مامۆستا دەرکەوتووەکانی ڕۆژگاری خۆی. منداڵێکی پێگەیشتوو بوو بە بیرێکی دەگمەنەوە، کە بە درێژایی ژیانی پارێزگاری لێکرد.

ئیبن سینا بەناوبانگترین پزیشک و فەیلەسووف و ئینسایکلۆپیدیست و بیرکاریناس و گەردوونناسی سەردەمی خۆی بووە. بەشداری سەرەکی ئیبن سینا لە بواری زانستی پزیشکیدا بریتیە لە کتێبی قانون (القانون في الطب) کە لە ڕۆژئاوادا بە (The Canon of Medicine) ناسراوە کە ئەم کتێبەی لە ساڵی ١٠٢٥ دا تەواوکردووە ، هەروەها ئەم کتێبە پێکهاتووە لە ئینسایکڵۆپیدیایەکی دەرمان لە پێنج کتێبدا. نوسخەی عەرەبی کتێبی (القانون) لە ڕۆما دا لە ساڵی ١٥٩٣ز لە چاپدراوە و بەمەش یەکێکە لە سەرتاییترین ئەو کتێبە عەرەبیانەی کە بە چاپگەیەنراوە.  ئەم کتێبە لە سەدەی دوازدەی زایینیدا وەرگێردراوەتە سەر زمانی لاتینی. تاوەکو نزیکەی نیوەی سەدەی پازدەیەمی زایینی ئەم کتێبە پازدە جار بە لاتینی و یەک جاریش بە زمانی عیبری بە چاپ گەیەنراوە. لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی لێ وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی. لە سەدەی دوازدە تا حەڤدە کتێبی القانون وەک ڕێبەری سەرەکی پزیشکی بەکارھێنراوە ، وەک باسیش دەکرێت کاریگەری زۆری کردووەتە سەر لیۆناردۆ داڤینچی.

القیفتی ووتویەتی ئیبن سینا (٢١) کتێبی سەرەکی و ( ٢٤) کتێبی لاوەکی لەسەر بوارەکانی فەلسەفە ، پزیشکی ، ئایینناسی، ئەندازەزانی و گەردوونناسی و سەرجەم بوارەکانی تر نوسیوە. بەڵام لە سەرچاوەیەکی تردا برۆکل مان پێی وایە ئیبن سینا (٩٩) کتێبی ھەیە، (١٦) کتێبیان لەسەر پزیشکی ، (٦٨) یان لەسەر ئایینناسی و مێتافیزیک ، (١١) یان لەسەر گەردوونناسی و چواری دیکەیان لەسەر شیعرن. زۆرترینی کتێبەکانی بە زمانی عەرەبی نووسیوە.

کتێبی یاسا لە پزیشکیدا 


دکتۆر ویلیام ئۆسلەر لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت : “کتێبێکی زۆر بەنرخی پزیشکیە و ماوەی مانەوەی وەک کتێبێکی سەرەکی لە ھەموو کتیبێکی تری پزیشکی زیاتر بووە.” (القانون في الطب) ئینسایکڵۆپیدیایەکی زۆر گەورەیە کە زیاد لە ملیۆنێک ووشەی لە خۆگرتووە. ئەو کتێبە زۆرینەی زانیارییە پزیشکیە کۆنەکان و سەرچاوە ئیسلامیەکانی ئەو سەردەمەی پاراستووە. بەھۆی لێکۆڵینەوەی سیستەماتیکی کتێبەکە و کامڵی و نرخ و گەورەییەوە ، القانون توانی شوێنی کتێبەکانی (ئەبوبەکر ڕازی و عەلی کوڕی عەبباس مەجوسی و تەنانەت کارەکانی گالین)یش بگرێتەوە و بۆ ماوەی شەش سەدەش بە باڵاترین کتێبی پزیشکی بمێنێتەوە.[١٤] لەگەڵ ئەوەی ھەموو زانین و زانیاریە پزیشکیە بەردەسەکانی ئەو کاتەی پێکەوە کۆکردووەتەوە ، کتێبەکەی بە کردار و داھێنانە تایبەتیەکانی خۆی دەوڵەمەند کردووە. ناسینەوە و ناساندنی سروشتی ھەندێ نەخۆشی درمی وەک دەردەباریکە و سیل ، دابەشکردنی نەخۆشی بە پێی توشبونیان لە ڕێگەی ئاو و خاکەوە و ھەروەھا کاریگەری سایکۆلۆجیا و تەندروستی لەسەر یەکتری لە کردار و داھێنانە ڕەسەنەکانی ئیبن سینان.

سەڕەڕای ئەوەی کە کتێبەکەی شێوازەکانی زانستی دەرمانسازی باسکردووە ، زیاد لە (٧٦٠) جۆر دەرمانی باسکردووە و ناساندوونی و باسی شێوازی بەکارھێنانیان و کاریگەریەکانیشی کردوون. کتێبەکەش بووەتە باشترین و ڕاسترین سەرچاوەی پزیشکی ئەو سەردەمە. ھەروەھا ئیبن سینا یەکەمین کەسە کە باسی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشکی کردووە و بەشداریەکی گەورەشی لە بابەتی توێکاری (زانستی پێکھاتنی لەش) و نەخۆشی ژنان و تەندروستی منداڵاندا کردووە. ئیبن سینا پێی وابووە پەیوەندیەکی زۆر نزیک لە نێوان ھەستەکان و بارودۆخی فیزیکیماندا ھەیە و ھەستی بەوە کردووە کە مۆسیقا کاریگەریەکی بێ ئەندازەی لەسەر لایەنی دەروونی و فیزیکی مرۆڤی نەخۆش ھەیە.

ئیبن سینا لەم کتێبەدا (القانون فی الطب)دا لە بەشی پێنجەم بە ناوی (کرمەکانی ڕیخۆڵە) باسێکی دوور و درێژی لە بارەی ھۆکارەکانی دروستبونی کرمی لول پێچەوە (بە عەرەبی: الدودە المستدیرە) نوسیوە، کە لە زانستی ئێستادا بە الإنکلستوما دێت . مامۆستا دکتۆر محەممەد خەلیل عەبدولخالق لە بارەی ئەم کتێبە و گرنگیەکەی لە گۆڤاری الرسالەدا نوسیویەتی:(ئەوەی ئیبن سینا باسی لێوە کردووە لە بارەی کرمی لول پێچەوە و زانستی ئێستا پێی دەڵێن (الإنکلستوما)، لە ڕۆژئاوا ٧٠٠ ساڵ دوای ئیبن سینا لەلایەن (دوبینی) پزیشکی ئیتاڵیەوە ساڵی ١٨٣٨ز دۆزرایەوە، کەوا جۆرە کرمێک لە ڕیخۆڵەدادەژی…)، پاشان بەردەوام دەبێت و دەنوسێ: “دامەزراوەی روکلفری ئەمریکی ھەستا بە کۆکردنەوەی ھەموو ئەو کتێبانەی کە لەبارەی نەخۆشیەکانەوە نوسراون، پاش پۆلێن کردنیان و سەیرکردنیان بەپێی باسکردنی زۆرترین نەخۆشی کتێبەکانیان ڕیز کرد و یەکەمی ئەم ڕیزبەندیەش کتێبەکەی ئیبن سینا بوو کە زۆرترین نەخۆشی تێدا دەست نیشانکرابوو لە نێو ھەموو ئەو کتێبانەی کەلە جیھاندا لەبارەی زانستی پزیشکیەوە نوسراون”

ھەروەھا ئیبن سینا لە بوارەکانی بیرکاری ، فیزیا ، مۆسیقا و چەند بوارێکی تردا بەشداریەکی بەرچاو و کاریگەری ھەبووە. ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی گەردوونناسی ئەنجام داوە و ئامێرێکی وردکاری داھێنا بۆ ئەوەی وردکاری و دەقیقی ئامێری خوێندنەوەکان زیاد بکات.

لە بواری مۆسیقاشدا بەشداریەکانی بریتی بوو لە بەرەو پێش بردنی کارەکانی فارابی ، لەگەڵ ئەوەشدا زانیاریەکانی زۆر لە پێشتریش بووە لەو زانیاریانەی لەو کاتەدا لە شوێنەکانی تر لەسەر ئەو بابەتە ھەبووە.

ئامێرێکی مۆسیقا کە بە داهێنراوی ئیبن سینا لە قەڵەم دەدرێت.

لە بواری کیمیاشدا باوەڕی بە گونجاوی (شیان)ی گۆڕانە کیمیاییەکان نییە چونکە باوەڕی وابوو ماددەکان لە کرۆک و بنەڕەتیان دا جیاوازن. ئەم بۆ چوونەشی بە تەواوی پێچەوانەی بۆچوونە باوەکانی ئەو کاتەی خۆی بووە. لێکۆڵینەوە نوسراوەکانی لەسەر کانزاکان سەرچاوەیەکی زۆر سەرەکی بوون بۆ ئینسایکڵۆپیدیای زەویناسی مەسیحییەکانی سەدەی سیازدەیەم.

ئیبن سینا گرنگی زۆری داوە بە زانستی کیمیا، بە سوود وەرگرتن لەو پێشینانەی کە هەبوون لە زانایانی کۆنی عەجەمی و زانایانی شارستانیەتی ئیسلامی لەوانە بۆ نموونە جابیر کوڕی حەییان. بۆ ئەو مەبەستەش هەستا بە تێکەڵکردن و کارلێک کردنی ماددە جیاوازەکان و دروستکردنی ماددەیەکی سوودبەخش لێیان. ئیبن سینا زیاتر کاری کیمیایی بۆ بوارەپزیشکییەکەی بەکاردەهێنا تاوەکو لەو ڕێگایەوە گیراوەیەکی باش و ماددەیەکی باش بەرهەم بهێنێت و چارەسەری نەخۆشییەکانی پێ بکات، بەهۆی ئەمەشەوە شارەزاییەکی باشی هەبوو لە کاری (دڵۆپاندن و کارلێک کردن و سەرخستن و لێکدان و پاڵاوتن) هەروەها ڕێگایەکی نوێشی تاقیکردەوە لە بەرهەم هێنانی زێو و زێڕ.

ئیبن سینا یەکێکە لە بەرزترین فەیلەسووفە باوەڕدارەکان و لە هەموو کەس زیاتر لە فارابی دەچێت سەبارەت بە فەلسەفەی بوون، گرنگترین دانراوێکیش لەم بوارەدا نووسینی پەیامی (حي بن یقضان) واتە (زیندووی بێدار) بە نووسەری یەکەمی ئەم بیرۆکەیە دادەنرێت، جگە لەمەش خاوەنی داڕشتنی تیۆری زانین (المعرفة)یە.

تیۆریەکەی بە (بوون) دەست پێ دەکات. بەپێی ڕای ئیبن سینا (وجود) یان (بوون) یان (Existence) لە عەقڵی کارای سەرەتا و یەکەمەوە (خودا) دەست پێدەکات، پاشان قۆناغەکانی تری بوون بە دوایدا دێن بە ڕادەیەک هەر قۆناغێک لە خوار پلە و پایەی قۆناغی پێش خۆیەوە دێت. یەکەم پلەی بوون فریشتەکانن، ئینجا تەنەکانی ئاسمان دێن و هەندێکیان لە هەندێکی تریان بەرزترن، دواتر جیهانی ماددی دێت کە توانای لێبوونەوە و تیاچوونیان هەیە، پاشان ڕەگەزەکان دێن، ئینجا کانزا ڕووتەکان و دواجاریش بوونەوەرە زیندووەکان. پێشکەوتووترین بوونەوەری زیندووش بریتیە لە مرۆڤ یان ئادەمیزاد کە پێویستی بە مانەوە و بەگەڕخستنی تواناکانیەتی تا بژی بە شێوەی کۆمەڵ کۆمەڵ. ژیانیش لەگەڵ خەڵکیدا پێویستی بە بوونی یاسایەک هەیە نیگای تێدابێ بۆی. ئەو یاسا (نیگا)یەش مرۆڤ لە عەقڵی یەکەمیش دەستوور و یاسای خۆی دەنێرێ بۆ عەقڵی وەرگر کە لە ڕیزی پێشکەوتووترین نەوەکانی مرۆڤدایە. ئەوانەش بریتین لە پێغەمبەران و فەیلەسووفەکان. جیاوازیش لە نێوان ئەم دوو بەرەیە ئەوەیە پێغەمبەر لە ڕێگای ڕاستەوخۆ و بە عەقڵی یەکەمەوە وەردەگرێ و بێ فێرکردن چونکە هێزە عەقڵیەکانی بە تواناترە لە عەقڵی خەڵکانی تر.

بەڵام فەیلەسووف توانا عەقڵیەکانی بە دەست دەهێنێت لە ڕێگای فێربوون و هەوڵی بەردەوامە ئینجا یاساکە (نیگا)کە وەردەگرێ لە عەقڵی کاریگەرەوە کە خودایە. بەم پێودانگەش مەنتیق دەیسەلمێنێ کەوا چ پێغەمبەران و چ فەیلەسووفان کاریان ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا و هۆشیارکردنەوەیانە، هەر بۆیە مادام پێغەمبەران تەواوبوون تاکە کەسێک بۆ ئەم ڕابەرایەتی کردنە فەیلەسووفەکانن. هۆکاری کەوتنە ناو ئەم هەڵەیەشەوە زانایان بۆ ئەو بۆشاییە گەورەیە دەیگێڕنەوە کە جیهانی ئیسلامی لەو کاتەدا تێی کەوتبوو لە دۆگمایی و پەرتەوازەیی و مەزهەبگەرایی و لە بەرامبەریشدا بوونی ئەو هەموو کتێبە فەلسەفیانەی کە باسیان لە گەورەیی و عەقڵگەرایی بیری مرۆڤ دەکرد، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە تیۆرەکەی هیچ سوودێکی نەبێت، بەڵکو دەتوانرێت سوودی باشی لێوەربگیرێ لە ڕووی گرنگی بیرمەندان و فەیلەسووفان بۆ بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی کردنی وڵات بەڵام نەک تەنها لە ڕوانگەی بیری عەقڵی خۆیانەوە بەڵکو لەبەر ڕۆشنایی قورئان و فەرموودەی خواییەوە.

سەڕەڕای ئەو کاریگەری و کارە گرنگانەی ، ئێستا لە ڕۆژئاوادا ئیبن سینایان زۆر بە کەمی لە بیرە و بەشداریە گرنگەکانی لە بواری پزیشکی و ھەستانەوەی ئەوروپادا بەشێوەیەکی گشتی نازانرێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە مۆزەخانەی بوخارا، شوێنێک ھەیە بۆ پیشاندانی ھەندێک لە نوسین و ئامێرەکانی نەشتەرگەریکردن تابلۆی دەستی لە کاتی چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا. لەدەرەوەی مۆزەخانەکشدا یادپەیکەرێکی زۆر گەورە بۆ ژیان و کارەکانی ئەو کەسەی کە بە “دکتۆری دکتۆرەکان” ناسرابوو دانراوە. ھەروەھا لە ھۆڵی بەشی پزیشکی زانکۆی پاریس وێنەکەی بە دیواری ھۆڵەکەدا ھەڵواسراوە.

قەبری ئبن سینا لە شاری ھەمەدان

 

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی سپی لەئێران

‎نیهاد عەزیز سەعید‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆران‎پێشەکی :‎پێشەکی : لە بوارەکانی مێژوو و زانستی سیاسیدا، شۆڕش …