سەربەست ساڵح
بەپێ بەڵگە مێژوویەکان لە نەمانی دەوڵەتی (ماد)ە وە گەلی کورد ئامادەییەکی کارا و چالاکانەی نەبوە، لە دوای لە دایکبوونی عیسا مەسیح (زایین)ەوە کورد لە باشترین دۆخدا ئەمارەت(میرنشین)ی ناوچەی ھەبوە، ھەوڵەکانی شێخ محمودی حەفید لە سلێمانی و پێشەوا قازی محمد لە مھاباد بە داخەوە ناکام بوون، سایکس-بیکۆ بوو بە تەوقێکو لە گەردنی کوردستان ئاڵا، سەرباری گۆڕانکاریە گەورەکانی جیھان، گەلی کوردستان لە مێژووی مرۆڤایەتی دا لاتەریک و دابڕا بوو، کورد یان نەبوو یان وەک دیل و یەغسیر ھەبووین.
نزیکەی ھەموو ئەو خوێندنەوە و شیکاریانەی بۆ رێکەوتنامەی سایکس-بیکۆ کراوە، کۆک و تەبان لەسەر ئەوەی رێکەوتنێک بوە بۆ بەرژەوەندی براوەکانی یەکەم گەورە جەنگی جیھانی، بێ گوێدانە خواست ویستی گەلانی ناوچەکە، بەتایبەتی بێ رەچاوکردنی ماف ویستی گەلی کوردستان.
گەلی کوردستان سەرباری پەرتەوازەی و نەھامەتیەکانی بەردەوامبوە لە خەبات و تێکۆشان، لە ھەردەرفەتێکدا ھەوڵەکانی چڕکردۆتەوە، لە دوای یەکەم گەورە جەنگی جیھانی، شۆرشی شێخ محمود و سەرھەڵدانەکانی سلێمانی، لە دوای دووەم گەورە جەنگی جیھانی، کۆماری کوردستان لە مھاباد، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆرشکردن بۆ سەلماندنی مافەکانی گەلێکی نکوڵی لێکراو، ھەڵگیرساندنی شۆرشی ئەیلولی مەزن و دەسکەوتەکانی ١١ئازار و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی و رێکەوتنامەی شومی جەزائیر،کۆڵنەدان و خەبات.
گرتنەبەری شێوازە جیاواز و رەواکانی خەبات و تێکۆشان، لە ھەوڵەکانی بەدرخان پاشاوە بۆ شەریف پاشای خەندان و لە پەیوەندیکردنی نوێنەرانی شۆرشی ئەیلول بە جیھانی دەرەوە، مرۆڤایەتی لە بوون و مافی گەلێکی دێرین بێ خەبەربوون ! یان دروسستتر بڵێن دەرگاو دەروازە و دەلاقەکانین بەرووی کورد و دۆزە رەواکەیدا داخستبوو.
لەمەڕ پرسی پەیوەندیکردن بە جیھانی دەرەوە و گەیاندنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان بە جیھان، خەبات و بەردەوامبوە و گەلێک کۆششکراوەو ئەنجامەکان نائومێد کەربوون!. لە بەڵگەنامە نھێنیەکانی بەریتانیادا، کونسوڵی بەریتانیا بروسکە دەکات و دەڵێت(لە ساڵانی ١٩٦٠ دا جاروبار وەفدی کوردی لەلایەن ئەندامانی وەزارەتی دەرەوە و کۆمۆنوێڵزەوە لە لەندەن لە دەروەی وەزارەت و بەشێوازی نافەرمی پێشوازییان لێ کراوە!)یان دەنوسێت (ئەگەر کوردەکان داوای چاوپێکەوتنیانکردبێت یاخود نامەیەکیان بۆ سەرۆک وەزیران یاخود بۆ وەزیرەکانی دیکە ھەبوبێت لێیان وەرگیراوەو رەوانەی وەزارەتی دەرەوە و کۆمۆنوێڵز کراوە، بەڵام وا باو بووە کە پێزانینی نوسراویان نە درێتێ یاخود وەڵامی نامەکانیان نەدرێتەوە!) *٦٣ھەرلەم بەڵگەنامانەدا لە چەند شوێنی جیاواز ئاماژە بە خۆپارستن کراوە لە بینینی نوێنەری کوردەکان و وەرگرتنی داواکاریەکانی کورد و وەڵامنەدانەوەیان و خۆپارستن لەوە کەبە ھیچ بەڵگە و نوسراوێک وەڵامی داواکاریەکان نەدەنەوە، بۆ ئەوەی نەبێت بە بەڵگەیەک بە دەست نوێنەرانی کوردەوە.
ھەر لە بارەی ھەوڵەچڕ و پڕەکانی شۆرشی کوردیەوە بۆ پەیوەندیکردن بە دەوڵەتانی جیھانەوە، لە داواکاریەکی د.شەفیق قەزاز وتەبێژی شۆرشی کورد لە ویلایەتە یەکگرتوەکان، قەزازا نامەیەک ئاراستەی جەنابی لۆرد کارادۆن وەزیری دەوڵەت بۆکاروباری دەرەوە و کۆمۆنوێڵزی نوێنەری ھەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات و پوختەی کێشەی گەلی کوردستان روون دەکاتەوە و بەتکاوە کۆتایی بە نوسراوەکەی دەھێنێت و دەنوسێت(بەرێز، من زۆر خۆشحاڵ دەبم و پێزانینم دەبێت ئەگەر دەرفەتێک ھەبێت رووبەروو بارودۆخی کوردتان بۆ باس بکەم. تکایە بەرێز ئەوپەڕی رێزم قبوڵ بفەرموون)*١٣٥
شۆرشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان ھەوڵ وکۆششی زۆریانکرد تا دەنگیان بە جیھان بگات و پشتیوانی و ھاوکاری دەوڵەتان بە دەست بھێنن، لێ بەرژەوەندی زلھێزەکان لەگەڵ خواست و داواکاری و مافەکانی گەلی کوردستان تەبا نەبوو، بگرە بەرژەوەندی زلھێزەکان لەگەڵ داگیرکارانی خاکی کوردستان دا بووە.
لە دوای راپەرینی ئاداری ١٩٩١ گەلی کوردستان لە رووی کاتەوە ئەزموونێکی درێژ و لەرووی چۆنیەتیەوە ئەزموونێکی پەرەسەندو مامەڵە دەکات،لەرووی دەسەڵاتی سیاسی وئیداری و کارگێریشەوە نزیکەی تەواوی باشوری کوردستان لەژێر قەڵەمڕەوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگەدایە، ھاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکاری بەسەرداھاتوە، لەمەڕ پرسی مامەڵەکردنی دۆزی کورد و پەیوەندیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دۆخێکی زێڕین دەگوزەرێت، دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک حوکمڕانی کوردی ھەنکوکە ئاستی پەیوەندیەکانی کوردستان لە دەمێکی زێڕیندایەو واشی لێدەخوێنرێتەوە بەرو ھەڵکشان و گەشەی زیاتریش بچێت،حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی بەرنامە و نەخشەیەکی ھەمەلایەن کار بۆ دروستکرنی پەیوەندیەکی بەھێز لەگەل دەوڵەتان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆمپانیا فرە رەگەزەکان دەکات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، خاوەن دنیابینیەکی تایبەت و بەھێزە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیەکی دروست لە گەڵ جیھانی دەرەوەدا، وەک دەڵین ئیستا ھەولێری پایتەخت بۆتە ترافیکی دیبلۆماسی، بەبەڵگەی ئەوەی رۆژانە جموجۆڵی دیبلۆماسی لە ھەولێر و لەگەڵ ھەولێر روودەدات، بوونی نوێنەرایەتی دەوڵەتانی ئەنجومەنی ئاسایش(٥+١) بوونی ٣٩ کونسوڵگەری و نوێنەرایەتی دەوڵەتانی جیھان لە ھەولێر دیاردەیەکی گرنگ و پڕبایەخە، ھاوکات وابڕیارە بەمنزیکانە کونسوڵگەری ئۆکرانیا و سریلانکا لە ھەولێر بکرێتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی بەردەوام وەفدی باڵی ووڵاتان دێنە ھەولێر لە فرانسوا ھۆلاند ی سەرۆکی فەرانساوە بۆ وەزیر و گەورە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتوەکان و دەیان وەفدی باڵای دەوڵەتانی ئەوروپا و جیھان…
ئەمرۆ ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی دیبلۆماسی گەورەی ھەیە لە ناوچەکەدا و ئاسۆی پەیوەندیەکانمان گەش دەنوێنێت، ئاستی پەیوەندیەکانی کوردستان رەھەند و ڕوانگەی جیاوازی ھەیە، بۆنموونە لە جەنگی دژی تیرۆرستانی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام”داعش”) دا پەیوەندیە سەربازیەکان لە ئاستێکی بەرزی ھەماھەنگی و ھاوکاریدا بوون، لە پرسی ووزەدا، دەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتی، گەورە کۆمپانیاکانی جیھان بەشداری پرۆسەی بە بازاڕکردنی ووزەی کوردستان بوون، سەرۆک بارزانی سەرۆکی ھەریم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆشکی سپی وکۆشکی ئەلیزێ و کرملن و گەورە کۆشکەکانی جیھان پێشوازیدەکرێن، ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ھەرێمی کوردستان لە پرسی سیاسەتی نێودەوڵەتی دا لەسەر ھێڵێکی دروست گەشەدەکات.
*سەرچاوە: کتێبی جوڵانەوەی نەتەوەیی باشوری کوردستان(١٩٦١-١٩٧٧) لەبەڵگەنامە نھێنیەکانی وەارەتی دەرەوەی بەریتانیادا، ئامادەکرن و ساغکردنەوەی لەئەرشیفی نەتەوەیی بەریتانی: شەریف ھەژار،وەرگێرانی پاسار شێرکۆ.