Home / ناوداران / ژیاننامەی خانای قوبادی

ژیاننامەی خانای قوبادی

36367435_1298895610254427_6431916480144605184_n
کاروان عوسمان خه‌یات (ڕێبین)

 
ناوی خانای قوبادی:
ئەوە ڕوونە كە بەشێك لە شاعیران بەهۆی ئەوەی لە لایەن خانەوادە و نەوەكانیانەوە، یان بەهۆی باری ناهەمواری ناوچەكەوە، بەرهەم و مێژووی ژیان و ناو و ناونیشانیان لە ئەدەبیاتی كوردیدا ون بووە. یان ناوی تەواویان لە مێژوودا ڕوون نییە. یا تەنها بەرهەم و نازناوی شعیرییان دیارە… خانای قوبادیش یەكێكە لەو شاعیرە گەورانەی كورد كە خاوەنی بەرهەمێكی زۆرە لە شعر و وەرگێڕان و لەناو مێژووی ئەدەبیاتی كوردیدا جێگەی بەرز و دیاری كراوی هەیە. سەبارەت بە ناوی تەواوی لە پێشوودا تەنها بە خانا ناوی براوە. لەوە زیاتر شتێكی ڕوونیان لە بەردەست دا نەبووە.
هەندێك لە ئەدیبان و نووسەرانی كۆنی كورد ناوی خانایان بە (موحەممەد) هێناوە. بەڵام بە بێ بەڵگە و سەرچاوەیەكی ڕوون ئەوەیان وتووە. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە پێی ئەو سەرچاوە و بەڵگانەی بەردەستم ئەوە ڕوون و ڕاست بكەمەوە، ناوی خانا موشەخەس بكەم.
بەگزادەكانی جوانڕۆ دەڵێن: بەپێی شەجەرە نامە، ناوی خانا خانلەرخان یا خانلەر بەیگی.
هەروەها بە تەلەفۆن وتەیەكم لە مامۆستا ئیبراهیمی غەفاری سارۆ وەرگرت2 لەبارەی ئەم موحەممەد ناوەوە، ئەویش وتی: من لە هەندێ كەسی پیری هۆزی قوبادی و باوەجانییەكانم بیستووە كە خانا ناوی موحەممەد بووە. غەففاری سارۆیی ئەوەشی وت: كە چەند كەسێك هەن بە ناوی موحەمەد خان. بەڵام نەم بیستووە بەناوی موحەممەد خانا و بەتایبەتی لەو دەم و كاتەدا.. كە دەمی خانای قوبادی بووبێت.
لەناو شەجەرە و سەنەد و دەستنووسەكانی بەردەستی منیشدا بە چەندین شێوە باسی ئەم بنەماڵە كراوە. بەشێوەیەك شەجەرە و خانەوادەی ئەم شاعیرە تێك دراوە و تێكەڵ كراوە، ئەگەر بە وردی لێی ڕوون نەبیتەوە، ئەوا دەكەویتە هەڵەی گەورەوە.
ئەوەی جێگەی باس بێت لە سەر ناوی خانا، ئەوەیشی ئاماژەی بەو لایەنە بكات، دەیخەمە ڕوو. لە یەكێك لە بەڵگەنامەكاندا كە لە ساڵی (29-5-1341) نووسراوە و ئیمزا و مۆری چەندین كەسی لە سەرە. بەم شێوە هاتووە: (كوڕانی جەنابی خوالێخۆشبوو سەیید ئەحمەدی دووەم بریتییە لە: 1- بەڕێز مومن بەگ كوڕی خوالێخۆشبوو سەیید ئەحمەد. 2- بەڕێز هەمیر خان بەگ كوڕی سەیید ئەحمەد. 3- بەڕێز یارحوسێن بەگ كوڕی سەیید ئەحمەد. 4- بەڕێز خانلەر بەگ گوڕی كوڕی سەیید ئەحمەد لە بەراوری 1317 لە سەردەمی خوالێخۆشبوو علیحچرت كۆچكردوو تا ئێستا قەباڵەی كوڕانی بەڕێزی ناوبراو سەیید ئەحمەد دانیشتووی قوبادی لە بەرواری ساڵی 1301 بەڕێز مەنسوور ئاغایی كەیخوسرەوی كوڕی موحەممەد خان و … میرزا مورادی كوڕی كوێخا عەبدوڵڵا و عەزیزی كوڕی مەهدی و میرزا مورادی كوڕی عەبدولقادر و غەفووری كوڕی ئەعزەم، لە بەرواری سەرەوە تا ئێستا نووسینی قەباڵەی موڵكدارێتییان لە منداڵانی سەیید ئەحمەد وەرگرتووە…). لە كۆتایی ئەم قەباڵەیەدا ئەمەش هاتووە: (چەندین كەس لە لاپەڕەی وەرگیراو، بەڵام بەم شێوەیەی خوارەوە “عیسا بەگ كوڕی سەیید ئەحمەد بەگ، ڕۆستەم بەگی كوڕی سەیید ئەحمەد بەگ، خانە بەگ برای سەیید ئەحمەد، شۆرە بەگ برای سەیید ئەحمەد و میرزا بەگ كوڕی سەیید ئەحمەد.).
لە سەنەدێكی موڵكداری تریدا كە لە ساڵی (1130)ی كۆچی دا نووسراوە، بەم شێوەیە باس لەم خانەوادەیە دەكات: (بۆیە ئەم نووسراوە شەرعییەمان نووسی، چونكە عەزیزالله خانی كوڕی خوالێخۆشبوو سەیف الله حانی جەلیلوەندی و موتیعولئیسلام هاروونی كوڕی سلێمان یەهوودی، دانیشتووی شاری كرمانشاهان، هەردوولایان لە حاڵەتی تەندروستی باشدان و ئەم كارەیان بە ڕەزامەندی تەواوی هەردوولایان كردووە. عەزیزالله خانی جەلیلوەند، پێنج دانگ لە شەش دانگی موڵكی “نەهرئاب” كە بە میرات بۆ ئەو ماوەتەوە و هاروون یەك دانگی وەرگرتووە، بفرۆشێت بە جەنابی سەعادەت قروون هەمیرخان بێگی كوڕی سەیید ئەحمەد بێگی حاجی جوانڕۆیی ئێناقی ئەسڵ و بەو نرخەی كە دیاری كراوە لە لایەن (حەل و فەسل)ەوە. كە بڕی (400) قرانی پارەی كار پێكراوی ئەو كاتەی ئێران بووە…).
هەروەها لە سەندێكی كۆنتردا كە لە ساڵی (1102)ی كۆچی دا نووسراوە. بە شایەد و مۆر و ئامادەبوونی چەندین كەس لەو دانیشتنەدا و گفتوگۆی تێر و تەسەل، ئەو موڵكە بە بنەماڵەی قوبادییەكان دەفرۆشن. ئەم موڵكە دوای كەمتر لە ساڵێك گرفتی تێ دەكەوێت، بە ئامادەبوونی كەسانی پێشوو و تەسدیق كردنی سەنەدی پێشوو و سەنەدێكی تر لەبەر ڕۆشنایی سەنەدی پێشوو بە ئاڵوگۆڕێكی زۆر كەم لەناوی كەسەكان و هەردوو سەنەدەكە دووبارە ساڵی (1103)ی لە سەر دەنووسنەوە.
لەم سەنەدەدا ئەوە هاتووە كە: (ڕۆستەم بەگی “دووەم” كوڕی سەیید ئەحمەد بەگی “سێیەم” ئێناخی ئەسڵ كە ناسراوە… هەمووی بە تەواوەتی و كەماڵی هەر چوار لاكە ناسراوە لە پاڵ (شاب الاجل) ئەمر خان كوڕی موحەممەد و ئوغڵوو بەگ، ئەو نووسراوە قەبوڵ بكات… دوای تێپەڕبوونی چەند كاتژمێرێك داواكارییەكی تازە… ئەمیر خان بەگی ناوبراو لە ڕۆستەم خان نووسراوێكی وەرگرت. ڕۆستەم بەگ بە مۆڵەتی تازە لە وەرگرتنی و ئەو و ئەمیر خان بەگ وەرگرتووە بە فەرمانی سوڵحی شەرعیی و هەموو مەرجێكی بێ كەموكوڕی و ئاشكرابوونی…).
هەروەها لە كەشكۆڵێك كە لە لای مامۆستا (موحەممەد عەلی قەرەداغی)یە و بە كەشكۆڵی مەولانا حەمزە ناسراوە. دوای ئەوەی خودی كەشكۆڵەكەم دی و لێكۆڵینەوەیەكم لەبارەوە كرد. هەندێ وردەكاریم لەم دەستنووسەدا بۆ دەركەوت كە جێگەی بایەخ بوون و پێویستی بە ورد بوونەوە و لێتوێژنەوە بوو. هەر لەو كەشكۆڵەدا بە چەند شێوەیەك ناوی خانا و شیعر و نازناوی خاناوە هاتووە.
مەولانا حەمزە خاوەنی كەشكۆڵەكەیە. نووسەر تاكو ساڵی (1110- 1138)ی كۆچی لە ژیاندا بووە. ئەم دەستنووسە لە سەردەمی ژیانی خانادا نووسراوەتەوە. بەڵام لە شاری كەركووكدا. ئەو كاتە خانا تەمەنی 40 ساڵ بووە.
لە چەند جێگەیەكدا ناوی خانای هێناوە. لە سەر پارچە شیعرێك نووسیویەتی: (مخمس محمد خان جوانروی)، هەروەها لە شوێنێكی دییدا نووسیویەتی: (خانای جوانرودی).
مامۆستا قەرەداغی لە كتێبەكانی دا چەند جێگەیەكی تریدا هۆنراوەی خانای بڵاو كردووەتەوە. لە سەرەتای هۆنراوەكان نووسراوە: (قازی خانا). هەر لەو سەرچاوانەی مامۆستادا شیعرێكی تری بە ناوی (من كلام محمد خان قبادی) بڵاوكراوەتەوە.
جگە لەو بەڵگانەی سەرەوە كە خستمانە ڕوو، دوابەدوای چاپی یەكەمی دیوانی خانا، چەند دەستنووسێكم دەست كەوت كە لە یەكێك لە كتێبخانەكانی شاری بەرلین دا پارێزراوە. چەند پارچە شیعرێكی بڵاوكراوە و بڵاونەكراوەی خانای تێدایە. لەناو ئەو دەستنووسانەدا بەم شێوە چاومان بەناوی خانا دەكەوێت: (محمد خان قبادی)، (خانە قبادی).
دوا بەڵگە و بەڵگەیەك كە حاشا هەڵنەگرە، لەناو هۆنراوەكانی خانا خۆیدا بەناوی (خانە، خانا، خانای قوبادی، خانەی قوبادی، خانای خان قوباد…) ناوی هاتووە.
لەم بەڵگانەدا زۆر لایەنی شاراوە لە ژیانی خانامان بۆ ڕوون دەبێتەوە، لەوانە:
1- لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە ناوی خانا بەم شێوانە هاتووە: (موحەممەد خان قوبادی، خانەی قوبادی، خانای قوبادی و موحەممەد خانەی قوبادی).
2- تەواو ئەوەمان بۆ ئاشكرا ئەبێت كە خانا لە هیچ دەستنووسێكدا بە ناوی خانلەر و یا كەسێكی تری نەهاتووە. لەناو زۆربەی زۆری شیعرەكان و ئەو بەڵگانەدا كە هێنامانەوە و نوسخەی كۆنن ناوی خانا وەكو خاڵی یەك ناوی هاتووە.
3- خانا لە نەوەی قوباد بەگی جافی جوانڕۆیە.
4- لەناو قوبادییەكاندا چەندین ئەمیر خان بەگ و سەیید ئەحمەد بەگ و ڕۆستەم بەگ هەن.
5- ئەوەیشمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە نەوەكانی سەیید ئەحمەد چەندن و كێن.
6- قوباد بەگ چەند نەوەی هەبووە.
7- جگە لەوەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە قوباد بەگ دوو كوڕی بەناوی (موحەممەد)دەوە هەبووە. نەوەی موحەممەد بەگی “گەورە” موڵكی كڕیوە.
8- ئەم زەوییانە لەچی ساڵ و سەردەمێكدا كڕدراوە، لە كێ كڕاون، سنوورەكان لە كوێوە دەست پێ دەكات و تا كوێن. هەروەها بە چەند كڕاوە.
9- بە ماوەیەكی كەم لە دوای كڕینی زەوییەكان، كێشە و گیر و گرفتەكات دەستی پێ كردووە، ئەگەرچی پێشتریش كێشە لە سەر ئەو زەویانە هەبووە.
10- لە ماوەی یەك ساڵدا ئەو بەڵگەی موڵكە تەسدیق كراوەتە بە ئامادەبوونی هەموو ئەو كەسانەی پێشوو، مۆر و ناوی كەسانی پێشووی تێدا هێنراوە، سەنەدی پێشووش دووبارە ساڵی لە سەر نووسراوە و ئاماژەی پێ دراوە و كێشەكان حەل كراوە…
11- ئەم كێشە و گیر و گرفتە لە پێش خانا و لەكاتی خانا و لە دوای خانا هەتاكو ئێستاش بەردەوامی هەیە.
12- لەناو نەوەی قوبادییەكان دا كڕین و فرۆشتن بەو موڵكانەوە كراوە…
لە سەرەوەدا چەند خاڵێكمان خستە ڕوو لەوەی كە لە سەردەمی پێش خانا و كاتی خانا و دوای خاناشدا ناوی خانا و برا و برازا و مامە و باوك و… زانیارییەكان چۆن نووسراون و چۆن گواستراونەتەوە.
هەر یەكەیان لە جێگەی خۆیدا و لە بەشی خۆیاندا سوودیان لێ وەردەگرین. ئەوەی لەم بەشەدا سوودی لێ وەردەگرین. ئەوەیە، كە لە چەندین نوسخەدا ئەوەمان بۆ دووپات ئەكاتەوە كە خانا ناوی بە: (خانەی قوبادی، خانای قوبادی، موحەممەد خان، قازی خانا، خانە، موحەممەد خان جوانڕۆیی و خانای جوانڕۆیی) هاتووە. هەمان خانای قوبادییە و ناوی ڕاستی خاناشام بۆ ڕوون دەبێتەوە كە خانا ناوی (موحەممەد) بووە.
سەرچاوە: دیوانی خانای قوبادی

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …