كریس كۆچێرا ئەو ڕۆژنامەنووسە فەرەنسییەی نزیك بە 45 ساڵ لەگەڵ كورد ژیا، وێنەكانی ئەو بەشێكی گرنگن لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد، رەنگە ئەو نەبووایە كەلێنێكی گەورە لەو مێژووەدا دروست ببوایە.
كۆچێرا بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1979 چاوی بە تاڵەبانی و هێرۆخانی خێزانی دەكەوێت.
ئەو لە كتێبێكیدا بە ناوی (وێنەی كوردستان) چەند وێستگەیەكی تاڵەبانی بە وێنەو گێڕانەوە تۆمار كردووە، منیش بەباشم زانی بەهۆی دوا كۆچی هەڤاڵ مام جەلال چاوێكی خێرا بەو وێستگە خێرایانەی كۆچێرادا بگێڕم و لە رێگەی وێنەو گێڕانەوەكانی كریس كۆچێرا-وە ئاهێكی سەبوری بە گیانماندا بێنینەوە.
لە بارەی وێنەكانەوە كۆچێرا دەڵێت: كاتێك چاو لەو وێنانەی جەلال تاڵەبانی دەكەم كە گرتوومن، زۆربەیان پۆرترێت-ن، واتە وێنەی دەموچاو.
لەكاتی وتوێژەكانیدا، من بەتەواوی ڕۆدەچوومە ئەو هەست و حاڵەتانەی كە لەكاتی سەرگەرمی قسەو باسەكانیدا دەردەكەوتن، ئەو لەبیری دەچوو كە ئێمە خەریكین وێنەی دەگرین، لەوكاتانەدا وێنەگرتنی ئەو چێژێكی یەكجار زۆری هەبوو.
منیش ئەو شتانەم پێخۆشە كە بتوانم بەشێك لە ژیانی رۆژانەی لە وێنەكانمدا نیشان بدەم، وەك ئەو وەختەی كە لەسەر هەیوانی ماڵەكەی ماڵئاوایی لە میوانەكان دەكات، یان كاتێك كە بە ئارامی قسەیەكی خۆش دەكات و هەموو هاوكارانی بەپێكەنین دێنێت.
لە بڕگەیەكی دیكەی گێڕانەوەكانیدا كریس كۆچێرا باس لە هەستكردن بە سەردەمێكی نوێ دەكات و دەڵێت: لەوەتەی بۆتە سەرۆك كۆماری عیراق وێنەیم نەگرتووە، بەڵام كاتێك بە تەلەفۆن گوێی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 1-ی قێبریوەری 2005 راگرتبوو، بەسەریدا چووم، لە روخساری گەشیدا تێگەیشتم كە سەردەمێكی نوێ خەریكە لە ژیانیدا دەست پێدەكات.
دوای ساڵی 1979 بۆ یەكەمجار میوانی تاڵەبانی و هێرۆخان دەبێت لەدوای راپەرین بە یادی ئەو ڕۆژانەوە جاروبار سەر بە ماڵەكەیدا دەكاتەوەو بەیەكەوە نان دەخۆن، وەك بۆ خۆی دەیگێڕێتەوە: (دواتر زۆرجار لە ماڵەكەی خۆی لە قەڵاچوالان لەنزیك سلێمانی چاومان پێیكەوتەوە، جەلال تاڵەبانی بەسەرو دڵێكی خۆش و بە گەرموگوڕییەوە، بە تێڕادیتنەوە دەرگای ماڵەكەی بۆ میوانان دەكاتەوە، سەرەتا حەزدەكات لە كتێبخانەكەی كە لە كتێبخانەی مامۆستایەكی زانكۆ دەچوو، پێشوازیت لێبكات.
لەوێ بە ئیسراحەت دادەنیشین، ئەو لە پشت مێزەكەی جگەرە دەكێشێت، ئێمەش خەریكی وێنەگرتنین. دواتریش بانگهێشتی سەر سفرەی نانخواردنمان دەكات، كە پڕە لە خواردنی جۆراوجۆر، كەم جاریش وا رێكدەكەوت ئێمە بە تەنیا میوانەكانی بین، ئەو هەمیشە میوانی دیكەی هەبوو، كەشوهەوای ماڵەكەی ساكارو بەبێ پڕۆتۆكۆل، زۆرجار بۆ خۆی چێشت بۆ میوانەكانی تێدەكات.
لێرەوە كۆچێرا ئەمە لەگەڵ یەكەم یادەوەری تێكەڵ دەكات و دەڵێت: با بەیادی یەكەمین چێشتی ساردو سڕ، كە پێكەوە لە ساڵی 1979 لە كوێستانەكانی كوردستان خواردمان، داوام لێكرد لەگەڵ خێزانەكەی هێرۆ لە ژووری خواردن لەپێش تابلۆیەكی ڕۆستەم ئاغالە وێنەیەكیان بگرم.
كۆچێرا باسی قۆناغی دوای ڕاپەرین دەكات و دەگێڕێتەوە: كە لە سپتێمبەری 1991 جەلال تاڵەبانیم حاسل كرد، كاتێك لەگەڵ جەماوەرێكی زۆر ئێمەی بەرەو هەولێر برد، كە هێشتا لەژێر كۆنترۆلی سوپای عیراقدا بوو، لەوێ لە ناوەڕاستی شارو یاریگای وەرزشی كۆبوونەوەیەكی گەورەی جەماوەری پڕجۆش و خڕۆشی ئەنجامدا.
كاتێك لەپشت تریبوونەكە وێنەیم دەگرت، هەستم بەوە دەكرد كە چۆن لەپشت سەرم جەماوەرەكە بە قسەكانی دەخرۆشان، لە كۆتایدا چۆن بە چەپڵە ڕێزانێكی پڕ شادمانی لە سەكۆكەیان داگرت، لەوكاتەدا تێگەیشتین لاپەڕەیەكی نوێ لە مێژووی كورد دا كراوەتەوە.
كریس كۆچێرا باسی یەكەم دیدارو یەكەم دیتنی تاڵەبانی دەكات و دەڵێت: لە ڕۆژێكی پایزی ساڵی 1979 لە بنكەی عەبدولڕەحمان قاسملو لەسەر سنووری ئێران و عیراق چاومان پێیكەوت، بە پێیان رێگای كوێستانمان گرتەبەر، لە چۆمێكی خۆرین پەڕینەوە، بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین لەسەر خاكی عیراق بووین، هەروەها كە لەسەر بڵندایی سەرەوەی چۆمەكە رێگامان دەپێوا، گەیشتینە كامپێك كە پڕبوو لە چادرو ماڵۆچكەی لە دارو چیغ داپۆشراو كە لەوێ بۆ یەكەمینجار جەلال تاڵەبانیمان دیت. لەگەڵ هێرۆ-ی خێزانی، كچی ئیبراهیم ئەحمەد لە هەلومەرجێكی زۆر دژواردا دەژیان ئەو نان و ماستەكەی لەگەڵ دابەشكردین. وێنەگرتنی ئەو زۆر خۆشبوو، لەبەرئەوەی كە ئەو مرۆڤە هەموو هەستی دەروونی لە روخساریدا دیاربوو، جارجار دڵڕفێن، یان نێوچاوانی تێكنراو، لێو بە پێكەنین، بوێر، ئەو دڵی هەموو ئەو كەسانە دەبات كە چاویان پێیدەكەوێت.
خاك