Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / بەرۆژئاواییكردن

بەرۆژئاواییكردن

taxreeeb

بەرۆژئاواییكردن
نووسینی : ئەنوەرلجوندی –

وەرگێڕانی : محمد مەلا محمود

بەردەوام هەوڵی پڕ مەترسی لەلایەن ڕۆژئاواوە لە ئارادایە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ووتەیەی دەووترێت: دیاردەی “بەڕۆژ ئاوایی كردن”‌و هێرشی ڕۆشنبیری، یاخود هەوڵی زاڵكردنی فیكرێكی نێردراوو گەمارۆدانی هزری ئیسلامی، هەیە.

بۆ ئەم هەوڵانەشیان پشت بە دووشت دەبەستن:

یەكەم: بەوەی كە دەڵێن: (ئەو دامەزراوەی ئێوە “بەڕۆژئاواییكردن”ی پێدەڵێن لە كوێ‌یە؟) بۆیە ئەم پرسیارەش دەكەن تەنها لەبەر ئەوەی ئەم دامەزراوەیە قەوارەیەك نیە تاوەكو مەڵبەندێكیان هەبێت‌و لەسەری نوسرابێت.

(قوتابخانە یاخود دامەزراوەی ، دیارە ئەمەش پرسیارێكە تەنها ئەو گەمژەو كاڵ فامانە دەیكەن كە ڕۆژئاوا باشترین سودیان لێدەبینێت‌و ئامێرو خزمەتكاری “بەڕۆژئاواییكردن”.

دووەم: بەكرێ‌ گیراوان بەردەوام وەك “ماری بازوو” وان، ڕووی ڕاستی خۆیان شاردۆتەوەو فێڵ لە خەڵكی دەكەن، بەداخیشەوە ئەوانەی گومانیان لە دیاردەی بە ڕۆژئاواییكردن هەیە كەسانێكی گێل‌و كاڵ فامن، ‌وژیریان لەدەست داوە‌و خوداش مۆری ناوە بەسەر دڵیاندا‌و چاویشی كوێر كردوون، چونكە هەوڵی “بەڕۆژئاواییكردن” شتێكە جێگەی گومان‌و پرسیاركردن نیە، لەساڵانی (سی یەكاندا) ئەم هەوڵە هەبووە، كاتێك كە جیهانی ئیسلامی‌و نەتەوەی عەرەب لەناو تاریكی‌و بێ‌ ئاگاییدا دەژیان‌و گەلێك ڕاستی یان لێ‌ پەردەپۆش كرابوو، كە گرنگترینیان پرۆتۆكۆلاتی زایۆنی یەكان بوو، كە هەموویان لە ساڵی (1902) زانینی یەوە بۆ (1952ز)‌و تا پاش ئەوەی ئیسرائیل لە ناو جەرگەی عەرەبدا ڕاست بویەوە، ئاشكرابوون. ئەم ڕاستی یەش بانگخوازانی “بەڕۆژئاوایی كردن” خۆیان ئاشكرایان كردوە‌و پێدەچێت یەكەم پەیماننامەش لەم بوارەدا كتێبی (وجهة الاسلام) بێت، كە (هاملتۆن جب) لەگەڵ كۆمەڵێك ڕۆژهەڵاتناسدا ڕاشكاوانە نوسیویانە، ئامانجی ئەم لێكۆڵینەوەیە ئاگادار بوونە لەوەی كە: (بزوتنەوەی بەڕۆژئاواییكردن گەیشتووەتە كوێ‌، وە ئەو هۆكارانە چین دەبنە ڕێگر لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدا “بەڕۆژئاواییكردن” ) تاوەكو چارەسەری بكەن.

ئەوەی ئەم كتێبە بخوێنێتەوە بەڕوونی بەرنامەی “بەڕۆژئاوایی كردن”ی بۆ ئاشكرا دەبێت، كەوەك تیرێك وایە بدات لە سەرچاوەی گومڕا‌و گومڕاكەران بۆ ئەوەی پەردەی نەفامی‌و نەزانی یان لێ‌ بكەوێتە خوارەوە، لەپاش ئەمانیش گەلێك زانا هاتن‌و ئاماژەیان بەم باسەداو سەرچاوە‌و بەڵگەنامەكانیان خستە ڕوو، لە عەرەبەكاندا: دكتۆر (عمر فرج‌و دكتۆر خالدی) لە كتێبەكەیاندا: (موژدەگاری‌و داگیركاری)، لە زانایانی خۆرئاواشدا مێژوونوسی جیهانی (توینبی) لە كتێبەكەیدا : (جیهان‌و خۆرئاوا). وە دەیان بەڵگەنامە‌و پەیماننامە هەیە كە ڕاستی یەكان دەخەنە بەردەم ڕاستخوازان.

وەگەر كەسێك سەرنجی كتێبی (تاڵانی بۆسەر جیهانی ئیسلام) بدات، كەلە پێش كتێبەكەی (هاملتون جب)دا نوسراوە‌و (موحیب دین ئەلقوتب) پێش سەدەی بیستەم وەری گێڕاو لە ڕۆژنامەی (ئەلموئەیەد)دا بڵاویكردەوە، ئەم كتێبە بە ناوەكەیدا ئامانجیمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە: پیلانەكانیان (ڕۆژئاوا) هاوتا‌و هاوكۆكن‌و جیهانی ئیسلامیش لێی ئاگادارەو دابەش بووە بەسەر ئەم دامەزراوانەدا: دامەزراوەی زانكۆ‌و قوتابخانەكان، ئەمیش لەڕێگەی نوێنەری فێركاری موژدەگاری یەوە، دامەزراوەی ڕۆژنامەوانی‌و ڕۆشنگەری ئەمیش لەڕێگەی ڕۆژنامە‌و گۆڤارو كتێبەوە، پاش ئەمانەش دامەزراوەیەكی ترسناكتر هاتەكایەوە، ئەویش دامەزراوەی شانۆ‌و سینەما‌و ڕۆمان‌و ڕاگەیاندن بوو (بیسترا‌و بینرا‌و).

پاش زانینی هەموو ئەمانە‌و (دەیان هەوڵی شاراوەی تر) دەبێت چ گومانێك لە ڕاستێتی هەوڵی “بەخۆرئاواییكردن” هەبێت لەكاتێكدا بانگخوازانی ئەم ڕێبازە هەموو جیهانیان تەنیوە؟! تەنها لای ئەوانە نەبێت خەڵەفاوو ئەڵقە لەگوێی خۆرئاوان‌و درەختێكی ڕزیوو میوەیەكی كرچ‌و كاڵن.

“بەخۆر ئاواییكردن” بزوتنەوەیەكی گرجو گۆڵە‌و ئامانجی دروستكردنی عەقڵیەتێكی نوێی پشت بەستە بە هزری خۆرئاوایەو دەیەوێت كۆمەڵگەی ئیسلامی‌و هزری ئیسلامی دادگایی بكات‌و شارستانێتی خۆرئاواش بسەپێنێت بەسەر هەموو شارستانیەتەكانی تردا، بەتایبەت شارستانی ئیسلامی.

موژدەگارو ڕۆژهەڵاتناسان باسی ئەوەیان كردووە كە دەیانەوێت توێژێكی نوێ‌ دروست بكەن لە جیهانی ئیسلامی‌و تەنانەت ڕۆژهەڵاتیش بەكەم سەیر بكەن‌و كار بۆ لەكەداركردنی كەسایەتیە دیارەكانی عەرەب‌و موسڵمانان دەكەن، لەپێش هەمووشیانەوە پێغەمبەری نازدار (دروودی خوای لێبێت)‌و هاوەڵانی‌و بیرمەندانی ئیسلامی، هەروەك كاریان لەسەر زیندوكردنەوە‌و بڵاوكردنەوەی كەسە دەگمەنەكانی وەك: (حەلاج‌و سەهرە‌وەردی‌و بەشارو ئیبن روادی) دەكرد.

ئەم هەوڵانەشیان لەڕێگەی نوسینەوە بوو كەچاپی زۆر‌و ناونیشانی بریقەدار‌و نەخشەسازی یەكی قەشەنگیان بۆ دەكرد. گریمانەیان دادەنا‌و پاشان لەسەر ئەو گریمانانە بیرۆكەكانیان بنیاد دەنا.

بانگخوازە خۆرئاوایی یەكان لەهەمووكەس زیاتر ئەو بەرنامەزانستی یانەیان تێكدەدا كە بانگەشەیان بۆ دەكرد بۆ دووركەوتنەوە لە توندو تیژی، و نوسینەكانیان تێكەڵ كردبوو لە دوژمنایەتی‌و دەمارگیری‌و ڕق‌وكینە.

مەترسیترین هەوڵەكانیشیان پێدەچێت دانانی بەدیلێكی دەستكرد بێت لەبری بەرنامە ڕەسەنە خوایی یەكە‌و كاركردن بێت بۆ بەرەو پێشبردنی بەدیلێكی ڕوكارجوان‌و قەشەنگێكی لاواز، لەژێر ناوی بریقەدارو لێكۆڵینەوەی زانستی دا. ئەم هەوڵەش بەنسبەت ئیسلام‌و موسڵمانانەوە شتێكی نوێ‌ نیە‌و نوێ‌ نەبووە، بەڵكو سروشتی هەموو چەرخێك‌و سەردەمێكە‌و نەریتی موسڵمانانیش ڕوبەڕوبونەوە بووە، كەلەشێوەی داستانێكی جوان دا دەستی پێكردووە‌و ناوداران‌و بیرمەندانی ئیسلام چین لەدوای چین ڕوبەڕوی وەستاونەتەوە، بەبێ‌ ترسی ئەوەی ئەو كەسایەتی یانە لەناو بچن‌و شارستانی ئیسلامی بتوێتەوە‌و نەمێنێت.

وە موسڵمانانی ئەمڕۆ لەبواری هزریدا لەبواری جەنگی زیاتر سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، وەكاتێك سەرنجی جەزائیر‌و سەركەوتنیان بدەین لەپێناو مانەوەی كەسایەتی عەرەبی ئیسلامیدا ئەم ڕاستی یەمان زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە.

ناودارانی هزری ئیسلامی بەردەوام تەپڵی ڕووبەڕووبونەوەیان دژ بەوانە لێداوە كە بۆ گۆڕینی یان بۆكەم‌و زیادكردنی هزریو ڕیشەی ئیسلامی هەوڵدەدەن، یان دەیانەوێ‌ لێكدانەوەی ناڕاست بۆ دەقەكانی بكەن، وەگەورەترین مەترسیش ئەوەیە كە ئێمە بەپێی پێوەرە ڕۆژئاوایی یەكان تێگەیشتنمان بۆ ڕووداوەكان هەبێت. لێرەدا ڕاستی یەك هەیە نابێت نكۆڵی لێبكەین، ئەویش ئەوەیە جیهان لە دوو سەقافەت پێك هاتووە، ئەوانیش: سەقافەتی ئیسلامی‌و سەقافەتی نا ئیسلامی یە، كە ناكرێت هەردووكیان لەژێر چەترێكدا گردببنەوە، هەڵەیشە هەندێك كەس واگومان ببەن كە هەوڵی “بەخۆرئاواییكردن” هەڵنانی موسڵمانان و عەرەبەكانە بۆ ئەوەی عەقڵیەتی ڕۆژئاوا قبوڵ بكەن، بەڵكو هەوڵی ئەوان دروستكردنی فەرمانگەیەكی هزری خۆرئاوایی یە، كە فەرمانگەی هزری موسڵمانان‌و عەرەب بڕوخێنێت‌و گومان لەناویاندا بڵاوبكاتەوە.

نەریتی ئەم فیكرە ڕۆژئاوایی یە وایە كە ڕێگرە لە نێوان موسڵمانان‌و هەر بزوتنەوەیەكی دیكەدا‌و دەستیان دەگرن بۆ ئەوەی بەدەوری بازنەیەكی داخراودا بسوڕێنەوە تاوەكو كۆتایی یان دێت‌و بیر لەژیانێكی تەواو ماددی دەكەنەوە‌و لەبیروباوەڕی ئیسلامی دوردەكەونەوە، كە ئیسلام بۆ بەرنامەی ژیانیان بە دیاری بۆی هێناون،‌و لەلایەك توانای پێشكەوتنی هەیە‌و لەلایەكی دیكەوە توانای بەرگری كردنی هێرشی فیكری هەیە.

خۆرئاوایی یەكان چەمك‌و كەسایەتیە (زندیقە‌و باتنی یەكانی) هزری عەرەبی ئیسلامی یان زیندوو كردەوە بۆ ئەوەی دەرونی عەرەبی بكوژێت‌و ببێتە بەربەست لە نێوان ژیان‌و بزاوتی عەرەبی‌و بەرەوپێشچونیدا. ئێمە دەزانین كە هێزو كەسایەتیمان لە ئاكارو هەڵس‌و كەوتماندایە، وە ئەگەر لەم هەڵس‌و كەوتەلاماندا ئەوا ڕێگا وون دەكەین‌و سەرگەردانی بیابانەكان دەبین، بەمەش ئامانجی خۆرئاوایی یەكان دێتە دی، كە تاڕادەیەكیش هاتۆتەدی وە پێدەچێت دیارترین هەوڵەكانی بە خۆرئاواییكردن ڕێگری كردن بێت لە نێوان خاڵی بەیەكگەیشتنی ئەو گەلانەی یەك بۆچونی‌و یەك هەڵوێستی كۆیان دەكاتەوە كە سەرچاوەكەی قورئانی پیرۆز‌و ڕێبازی پێغەمبەرو (دروودی خوای لێبێت) زمانی عەرەبی یە،وەكار بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو یەكیەتیەی ئیسلام دروستی كردووە لەناوی ببەن‌و تێكی بدەن.

وەكاتێك هەوڵی بڵاوكردنەوەی بەرەڵڵایی بخەینە سەر ئەم هەوڵانە كە لە ڕێگەی ڕۆمان‌و فەلسەفەی بونگەرایی یەوە دەیدەن ئەوكات دەزانین هەوڵە مەترسیدارەكەیان بە چ ئاستێك گەیشتووە‌و چی دەكەن.

ئەو چەمكی ئازادی‌و دیموكراتی‌و دادگەری یەی بە موسڵمانان‌و عەرەبەكان دراوە لە بنەڕەتدا هەمووی هی ئیسلامە‌و پێشكەشی مرۆڤایەتی كردووە بۆ دروستكردنی شارستانیەتی ئیسلامی، پاشان خۆرئاوا بە بەرگێكی بریقەدارو نوێوە بۆی گێڕاو نەتەوە (بە شێوێنراوی).

هەوڵێكی تری ڕۆژئاوایییەكان‌و پیلانەكانیان بە تاڵكردنەوەی دڵ‌و مێشكی عەرەب‌و موسڵمانانە لە بنەماكانی یەكتاپەرستی‌و بەها ڕەووشتی یەكان‌و باوەڕ بەخودا بوون‌و ڕوتكردنەوەی دڵ‌و مێشكیان لە بەردەم ڕەشەبایەكی ژەهراوی‌و میكرۆبدار كراودا لە ڕێگەی كتێب‌و ڕۆژنامە‌و پۆشاك‌و خوێندنەوە. هەوڵی ئەم دامەزراوانە بەرهەم هێنانیچینێكی لێكەوتەوە كە لە ژێر ناوی شارستانیەت و پێشكەوتندا كۆمەڵگەیان ڕووخاند‌و شوێنی موژدەگارو ڕۆژهەڵاتناسەكان كەوتن لە شێواندنی مێژووی ئیسلامی‌و گۆڕینی بنەما‌و سەقافەتی ئیسلامی‌و بەكەم نرخاندنی ئەو ڕۆڵەی لە مێژووی جیهاندا هەیبووە‌و دروستكردنی هەستی خۆ بەكەم زانینی موسڵمانان‌و دەیان بواری تر وەك هەوڵی جیاكردنەوەی ئایین‌و دەوڵەت لەیەكتر، ‌و جیاكردنەوەی زمان‌و مێژوو كەئیسلام كۆتایی بەم كێشانە هێنا بوو ئەوان زیندویان دەكردەوە.

یەكێكی تر لەهەوڵەكانی بەڕۆژئاواییكردن بانگەشە كردن بوو بۆ شارستانیەتی مرۆیی‌و ڕۆشنگەری جیهانی‌و یەكبونی هزری مرۆڤ، هەموو ئەمانەش بانگەشەیەك بوون هەریەكە‌و ئامانج‌و ناوەڕكی خۆیان هەبوو، كە هەموویان لە دەوری تواندنەوە‌و نەهێشتنی هزری عەرەبی‌و ئیسلامی‌و گەمارۆدانی شارستانیەتی ئیسلامیدا دەخولانەوە. بەڵام ڕیشە‌و ڕەگی موسڵمانان‌و هزری ئیسلامی چووەتە ناخدا‌و تەواو چەسپاوە‌و لە هەموو هێزێك بە هێز ترە‌و مەحاڵە بتوێتەوە، چونكە خاوەنی مێژوو سەقافەت‌و كەلتور‌و فكری خۆیەتی وە دەتوانین بزوتنەوەی هێرشی ڕۆشنبیری نوێ‌ لە جیهانی ئیسلامیدا بگێڕینەوە بۆ سەردەمی زاڵبونی داگیركاری خۆرئاوا، كە بزوتنەوەیەكی تێر‌و تەواوە‌و یاسا ‌و ڕێسا‌و ئامانجی خۆی هەیە‌و بەڕبَوەبەرانی چاودێری دەكەن. “بەڕۆژئاواییكردن” نەخشە‌و پلانێكی فراوان‌و بەر بڵاوە‌و ئامانج لێی دەست بەسەركردنی كەسایەتیە دیارەكان‌و گۆڕینێتی بۆ وێنەیەكی خۆرئاوایی‌و بۆ ئەم مەبەستەش ئەندامەكانیان لە ناوچە داگیركراوەكاندا بۆ ماوەیەكی زۆر دەهێشتەوە تاوەكو لە خودی خەڵكی ئەو ناوچانە كەسانێك دروست بكەن ببنە خاوەنی بزوتنەوەی بەڕۆژئاواییكردن‌و ڕێَچكەی ئەوان بگرنە بەر‌و لەڕێگەی خوێندنەوە ئامانجەكانیان بهێننەدی. بزوتنەوەی بەڕۆژئاواییكردن لەوە زیاتر نیە كە لە دروشم گەلێك پێك هاتووە‌و بنەماكەی تەنها قسەی بریق و باقی وێنەی: ئازادی‌و یەكسانی‌و مەدەنیەت‌و هاوشێوەكانیانە، وە دڵنیاشین كە ڕۆژگارێك دێت ئەوانەی بەم بەزمە هەڵخەڵەتاوون پاشگەزدەبنەوە‌و بڕوایان پێی نامێنێت.

وە دەبێت لەوەش ئاگاداربین كە ئێمە بەتەواوی ڕوومان وەرنەگێڕاوە لە فكری ڕۆژئاوا، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئێمە بە فكرێكی مرۆیی دادەنێین لە بنەڕەتدا، بەڵام ڕۆژئاوا هەندێك چەمكیان گۆڕیوە، وەهەروەها درگامان بەڕووی ڕۆشنبیری جیهان‌و ڕۆژئاواشدا دانە خستووە، بەڵكو لەو هەڵمەتە ڕۆشنبیری یەدا بەشداری بوین‌و ڕۆڵی كاراو كاریگەرمان هەبووە‌و نوسەر‌و بیرمەندە بەویژدانەكانیش شایەتی ئەم ڕاستی یەن، بەڵام دەبێت ئێمە پێش لەوەی درگا بەڕووی هەرسەقافەتێكدا بكەینەوە ئامادە باشی دەروون‌و مێشك‌و ڕۆح بكەین، بۆ ئەوەی ئەوسەقافەتانە ڕێگە ڕاستەكەی خۆمانمان لێ‌ نەگۆڕێت‌و كەسایەتیمان لەكەدار نەبێت، چونكە ئەوە ئاشكرایە كە ئەوروپا سەقافەتی ئیسلامی گواستەوە بۆ خۆیو كردیە بنەمای شارستانێتی خۆی، بەڵام ئەمە وای لێنەكرد كە خۆی بگۆڕێت بۆ بەعەرەب بوون یان بەئیسلامی‌و ڕۆژهەڵاتی بوون. ئێمەی موسڵمان گەلێكین خاوەن كیان‌و هێزو سەقافەتی خۆمانین‌و لە پێشەوەین وە ئەگەر بمانەوێت لەسەقافەت‌و توانای گەلانی تر بەهرەدار بین ئەوا ئەوكات ئێمە دەبینە سەرقافڵەی شارستانیەت‌و پێشكەوتن، بەڵام نەریتی ڕۆژئاوا وایە كە دەیەوێت هەموو سەقافەتێكی خۆی (بەچاك‌و خراپیەوە) بسەپێنێت‌و تەنها سەقافەتی ئەوان لەریزی واقیعدا بوونی هەبێت، دیارە ئەمەش ئەستەمە لەسەر گەلان، بەتایبەت ئێمەی ئیسلامی، كە بەهیچ جۆرێك دەست بەرداری كەلتور‌و سەقافەتی ڕەسەنی خۆمان نابین بۆ ئەوەی ئەوان دەیانەوێت‌و بانگەشەی بۆ دەكەن، چونكە خۆشیان (ڕۆژئاوا) باش دەزانن كە ئەستەمە مسوڵمانان ماكەچی ئەو هێزە بیانی یانە ببن‌و سەر بۆداواكاری یەكانیان نەوی بكەن، لەبەر ئەوەی قورئان قەدەغەیان دەكات لەم كارە كەواتە ڕون بویەوە كاری بە ڕۆژئاواییكردن گۆڕینی چەمكە ئیسلامیەكان‌و جیاكردنەوەی نێوان ئەم گەلە‌و ڕاببردویەتی‌و گومان دروستكرنە لە ئایین‌و زمان‌و مێژوو فیكر‌و بیررباوەڕدا ئەوكارەی فەرەنساو بەریتانیا‌و هۆڵندا لە جیهانی ئیسلامیدا كردیان (لورد كرومر) نەخشەكەی داڕشت، كاتێك ووتی: (ئەوگەنجانەی لە ئەوروپا‌و بەریتانیا زانست یان وەرگرتووە پەیوەندی ڕۆحی‌و سەقافی یان بەو وڵاتەكەی خۆیانەوە نەماوە، ولە هەمان كاتیشدا ناتوانن ئینتیمایان بۆ ئەو ووڵاتە هەبێت كە سەقافەتی پێبەخشیوون،ئەوكات لەو بەینەدا لەناودەچن).

سروشتی موژدەگارەكان ئەوەیە دوامانخەن‌و بمان گۆڕن وەك (جبران) دەڵێت: (ئەو گەنجانەی پارویەك زانستی ئەمەریكیان وەرگرتووە بە سروشت گۆڕاوون وە ئەوگەنجانەی قومێك زانستی بیروباوەڕی مەسیحیەتیان خوێندبێت بونەتە باڵوێزی فەرەنسا، وەئەوگەنجانەی كراسێكی قوتابخانەی ڕوسی یان لەبەر كردبێ‌ بونەتە باڵوێزی ڕوسیا، ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتی داگیركرد، ئەمەیش لەڕێگەی كۆمەڵێكی زۆر لە زانا‌و موژدەگار‌و ڕۆژهەڵاتناس‌و ڕۆژنامەوانەكانەوە‌و دامەزراوەی زۆریان دامەزراند لە پایتەختی وڵاتە ئیسلامی یەكاندا بۆ كردنەوەی درگای سەقافەت‌و فكری ڕۆژئاوا‌و لەو سۆنگەیەشەوە زاڵببن بەسەر زانكۆ‌و قەتابخانەو ڕۆژنامەگەری‌و پەروەردە‌و پزیشكی‌و سینەما‌و ڕاگەیاندن دا.

بەخۆرئاواییكردن پیلانێكی ووردو بە هێزبوو ئامانجی گومان دروستكردن‌و كەم بایەخكردنی هزری ئیسلامی‌و هێنانی هەوری ڕق‌وقین بوو بۆ ناو كۆمەڵگەی ئیسلامی، ئەویش لە ڕێگەی زیادكردنی ڕۆژنامە‌و ڕاگەیاندنەكانیاوە كە ڕۆژلە دوای ڕۆژ زیادی دەكرد‌و پێشكەشكردنی ئەو كتێبانەی لە كەسایەتیمانی دەخوێند‌و بەلاوازی لە قەڵەم دەداین بەبەرنامەی خوێندن، ‌وساغكردنەوەی بەرووبومی خراپی خۆی بەسەر ئێمەدا‌و ناردنی ماددە هۆشبەرەكان‌و كۆیلە سپی پێستەكان‌و بابەتی خۆڕازاندنەوە بۆمان، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەمان سەرقاڵ بكەن‌و دوای بخەن‌و تێكیشكێنن، تاوەكو وایان لێدێت خۆیان داوای بەرەڵڵایی‌و ئازادی بكەن.

ئامانجی خۆرئاواو بانگەشەكانی بۆ دوركەتنەوە بوو لە مۆركی موسڵمانێتی‌و عەرەب بوون، بۆئەوەی (میسر) بكەنە بەشێك لە ئەوروپا‌و پەیوەندی یەك لە نێوان جیهانی ئیسلامی‌و شارستانێتی (دەریای سپی) دروست بكەن، لێرەشەوە بانگەوازی فیرعەونیەكان سەری هەڵدا، ولە (شام) یش بانگەوازی فینیقی یەكان، ولە (عێراق) یش بانگەوازی ئاشوری یەكان، وەهەروەها (ناعور)ە كۆنەكان بەناوی مەسیحی‌و موسڵمان، عەرەب‌و بەربەری،‌و عەرەب‌و كورد، دەركەوتن‌و داگیركارانیش هەڵگری ئاڵای ئەم بانگەوازانە بووم، بۆئەوەی ئوممەی ئیسلامی بەش بەش بكەن ماوەیەكی زۆری نەخایاند نوسەرە خۆرئاوایی یەكان خۆیان دانیان بە بزوتنەوەو دامەزراوەكانیاندا نا،و دەستیان كرد بە لێكۆڵینەوە لەوەی هەوڵەكانیان بەكوێ‌ گەیشتووە‌و چ ئامانجێكیان بەدیهێناوە، (جب) دەڵێت: (بزوتنەوەی بە ڕۆژئاواییكردن نەخشەو مەودای دووری هەیە بۆ داگرتنی ئیسلام لە هێلانەی ژیانی كۆمەڵایەتی) ئەم بزوتنەوە دامەزراوانە لە گەلێك بواردا ئەسپی خۆیان تاوداو پاش ماوەیەكیش ڕەشۆی كارەكانیان دایەوە دەست چەند نوسەرێكی عەرەبی‌و ئیسلامی، تاوەكو بە نوسینەكانیان متمانە بۆ ئاوەزەكانیان لە دڵی موسڵماناندا دروست بكەن، وە لە هەموو بوارەكاندا لەناو عەرەبە موسڵمانەكاندا هاوڕێ‌‌و هاوكاریان دەستكەوت، وە بەداخەوە زۆرێك هەڵخەڵەتان‌و ئاڵای ئەوهێرشەیان هەڵگرت، ئەگەرچی سەرەتا بەناوی ڕۆشنبیری ئیسلامی دەستیان پێكردو زۆرینەی كارەكانیان لە ڕێگەی زمان‌و ئایینەوە بوو، بەڵام دواتر هیچ بوارێكیان نەهێشتەوە ژەهراوی‌و گوماناوی نەكەن.

ئازادی بیر‌وڕا‌و پێشكەوتن قسانێك بوون خزمەتی زۆری كارەكەیانی كرد‌و ڕۆڵی گەورەی بینی لە هەڵخەلەتاندنی جەماوەردا، وتوانی یان بەنەرمی‌و لەسەر خۆیی ئەوەی بیانەوێت بیكەن. ئەوان زۆرنەمانەوەو خۆیان لەسەرشانۆكە شاردەوە وێنەیەكی تری وورد‌و فێڵاوی تریان هێنایە كایەوە ، ئەویش خستنە ڕووی وێنەیەكی ڕووكاری بوو كە بەگەورەدانانی ئایین‌و زمانی پێكهاتەی گەل بوو، وەتونیان لەو سۆنگەیەوە هزری خوێنەران مەست بكەن‌و متمانە بۆ نوسینەكانیان پەیدابكەن، ئیتر لێرەوە گومان دروستكردن دەستی پێكردو هێرشكردنە سەر پێكهاتەكانی گەل بوویە دیاردە، بەڵام زۆری نەخایاند خۆیان ئاشكرا كردوو ملكەچی موقەدەساتە ئیسلامیەكان بوون.

جەنگەكە لەسەر شانۆ نەما‌و چووە پشت شانۆوە‌و كارەكانیان بەنهێنی ئەنجامدەدا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندی یان بەهەڵس‌و كەوتی عەرەب‌و مسوڵمانانەوە هەبوو. ڕۆژئاوایی یەكان هەوڵی ئەوەیان دەدا شارستانێتی مەسیحی یەكانمان بۆ بگوازنەوە، لەگەڵ ئەو هەمووە جیاوازی یەی نێوان ئێمە‌و ئەوان. ئیسلام هەردەم وەڵامی گونجاوی هەمووكات‌و شوێن‌و سەردەمێكە‌و زاڵ‌و لێبوردەیە.

بەخۆرئاواییكردن هەڵمەت گەلێك بوو لەهەستێكی ئارەزوباز‌و دەروونێكی دەمارگیرو دڵێكی كینەدار‌و خۆبەگەورەزانەوە دەردەچوون، هەوڵی دروستكردنی جیاوازی ڕەگەزی نێوان سپی پێست‌و ڕەگەزەكانی تردا دەكردو دەشیانویست زاڵببن بەسەر هەموو شارستانیەتەكانی تردا، ئەمەش لەكاتێكدا ئەوروپا لە ناوقوڕ‌و تاریكیدا دەژیا، وەهیچ درۆیە لەوە گەورەتر نیە كە خۆرئاوایی یەكان دەیڵێن: مێژووی شارستانیەت لە ئەسیناوە دەستی پێكردوە‌و بەسەر ڕۆمادا تێپەڕیوە‌و دواتر هەزارساڵ خۆی شاردەووەتەوە بۆئەوەی لە ڕاپەڕینێكی نوێدا دەربكەوێتەوە، ئەم بۆچونە هەڵەیەكی گەورەیە‌و دورە لە ڕاستی یەوە، چونكە پێش ئەسینا شارستانێتی نیل‌و فورات هەبووە‌و موسڵمانانیش ئاڵای فیكر‌و شارستانی یەتیان بەرز كردوەتەوە‌و پاشماوەی شارستانێتی یۆنانیان وەرگێڕاوە‌و زیادەیان خستۆەتە سەری‌و بنەما گەورەكانی شارستانیەتیان لێ‌ پێكهێناوە.

بەڕۆژئاوایی كاران ڕۆژهەڵاتی یەكانیان بەهەڵە تێگەیاند‌و ڕێی یان لێ‌ هەڵەكردن‌و چاویان لە ئاست زمان‌و كەلتوری‌و مێژوویان نوقاند‌و هەوڵی سڕینەوەی نەریت‌و ڕووخاندنی كەسایەتی یان دەدا‌و لەگەڵا نەهێشتنی ڕۆڵیان. ئامانجی بە ڕۆژئاوایی كاران ڕوون بوو ئەویش تەسلیم بوون بوو بەدەسەڵاتی داگیركاری‌و توانەوە لە نێو ڕۆشنبیری‌و شارستانێتی ڕۆژئاوادا. كە دیارە بەدیهاتنی ئەم ئامانجەیان دوور‌و ئەستەمە چونكە ڕِیشەو ڕەسەنایەتی ئیسلام لەماوەی پازدە سەدەی تەواودا چووەتە ناخی عەرەب‌و مسوڵمانانەوە. ڕۆژئاوایی یەكان دامەزراوەی زۆریان هەبوو، هەمووشیان یەك ئامانج بوون، بەڵام سەرنەكەوتن‌و سەركەوتو نابن‌و ئەوەی ئەوان دەیڵێن‌و دەیانەوێ‌ خەیاڵی یە.

هێرشی ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا لەپێش هێرشی سەربازی‌و سیاسیەوە بوو كەهاوتای هێرشە سەربازی‌و ئابووری یەكان بوو، لەبواری سیاسەت‌و ئابووری‌و پەروەردەو كۆمەڵایەتیدا دەیویست هێرش بكاتە سەر ئیسلام‌و زمانی عەرەبی‌و قورئان‌و پێغەمبەر‌و مێژووی ئیسلامی‌و بەها سەرەكی یەكانی.

هزری ئیسلامی توشی ڕووبەڕووبونەوەی دەیان شۆڕشی فكری‌و فەلسەفی بێ‌ باوەڕی‌و شارستانێتی خۆرئاوا بویەوە،‌و خۆرئاواش هەر سوربوون لەسەر كاری خۆیان‌و ڕۆژلەدوای ڕۆژ هەوڵەكانیان چڕتر دەكردەوە.

هەوڵیان دەدا بۆئەوەی نەتەوە جیاواز‌و جۆراوجۆرەكان قایل كەن بەوەی توانای سپی پێستەكان لە توانای نەتەوەكانی دی زیاترە،‌و خودا گرنگی یەكی تایبەتی بەسپی پێستەكان داوە، ئەمەش بەئامانجی ئەوەی دوو بەرەكی لەنێوان نەتەوەو ڕەگەزەكاندا دروست بكەن، كە چەندین پەلوپۆی هەبوو وەهەوڵیان دەدا لەچەندین ڕێگەوە كار بۆ بەڕۆژئاواییكردن بكەن‌و لەهەوڵی بەردەوامدا بوون بۆی، كەگرنگترینیان هەوڵەكانیان لەمانەوەی خوارەوەدا خۆی دەبینیەوە:ـ

یەكەم: دروستكردنی كێشەی ڕەگەزی‌و چینایەتی لە نێوان (ئاری)‌و (سامی) یەكاندا‌و ئامانجیان دابەزاندنی ئاستی عەرەب بوو.

دووەم: هێرش كردنە سەر هەموو ئایینەكان، بەتایبەتیش ئیسلام‌و تۆمەتباركردنیان بەوەی هۆكاری دواكەوتنن.

سێ‌ یەم: ڕەخنەگرتن لە عەرەب‌و میسری یەكان‌و تۆمەتباركردنیان بەوەی بونەتە كۆیلەی یۆنان‌و ڕۆمان.

چوارەم: نكۆڵی كردن لە فەزڵدانی شارستانی عەرەب بەسەر ئەم شارستانی یەتە نوێ‌ یەدا.

پێنجەم: هەڵمەت كوتانە سەر بیروباوەڕو بەها ڕەوشتی یەكان.

شەشەم: بانگەشە كردن بۆ بەش بەش بوون‌و هەرێمایەتی‌و زیندوكردنەوەی بانگەشە كۆنەكەی فیرعەونی‌و فینیقی یەكان.

حەوتەم: بانگەشەكردن بۆ ئەو ڕۆشنبیری یەی بەڕۆشنبیری دەریای سپی ناودەبرێت.

هەشتەم: دروستكردنی جیاكاری‌و كێشە لە نێوان ئایین‌و ڕەگەزە جیاوازەكاندا وەك: بەربەر‌و عەرەب، موسڵمان‌و مەسیحی، سونە‌و شیعە، دروزو(1)موارەنەكان(2).

بزاوتی “بەڕۆژئاواییكردن” لەپێناو بەدیهاتنی ئامانجەكانیان چەندین دامەزراوەیان دامەزراند، گرنگترینیان: موژدەگاری (بەمەسیحی كردن) بوو، كەدامەزراوەیەكی زۆر گەورەو فراوان بوو، زۆرێك لەموسڵمانانی ووڵاتە ڕۆژهەڵاتیەكان كاریان تێدا دەكرد بە دامەزراندنی خوێندنگە‌و نەخۆشخانە‌و ئەو پەیمانگانەی كە نەوەی موسڵمانانیان بەرەو ڕێبازێك ڕادەكێشا لە ئیسلامیان دوور خەنەوە، دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتناسی ئەوكاریگەریە بوو كە بزوتنەوەی موژدەگاری درێژەی پێدا، ئەویش لە ڕێگەی ماددەی خاوەوە، كە لە كتێب‌و ڕۆژنامەكاندا بڵاوی دەكردەوەو دەینوسین.

ئەم بزوتنەوەیە “بەڕۆژئاواییكردن” خوێندكارو نەخۆشەكانی بەكاردەهێنا‌و بیر‌و بنەڕەتیانی تێكدەدا‌و مەعنەوی یاتیانی دەڕوخاند، دەیویست چینێك دروست بكات نكۆڵی لە بیروباوەڕ‌و زمان‌و كەلەپور‌و مێژوو ڕۆشنبیری خۆیان بكەن، لێرەوە دەتوانین بڵێین ڕۆژهەڵاتناسان بوونە بەرەبەیانی موژدەگاری‌و پەیوەندیدار بە وەزارەتە داگیركاری یەكانەوە‌و بەناوی خزمەتكردنی زانستەوە داگیركاریان كردە ئامانج، وهەموویشی هەر دروشم و بیرۆكەی بێ‌ بنەما بوون‌و ئێمە یان پێدەخەڵەتاند، وەپێدەچێت گرنگترین شتێك كاریان لەسەر كردبێت: پێغەمبەر‌و ئیسلام بێت، كە قسەی هەڵبەستراوو بێ‌ مانایان دەدایە پاڵ ئیسلام‌و چەمكەكانی‌و مێژووی پێغەمبەری ئازیز (دروودی خوای لێبێت)، ناودارترین‌و توندترین كەسانێكیش بۆ ئەم مەبەستە كاریان دەكرد: مرجلیوپ، فنسك، لویس شیخو، هنری لاماس بوو.

لێكۆڵەرە بەویژدانەكانی وەك: حسێن هەراوی، عومەر فەروخ، شكیب ئەرسەلان، موحیب دین ئەلخەتیب، ڕەشید ڕزا، چەندین هەڵە‌و مەرامی پیسی ڕۆژهەڵاتناسانیان ئاشكرا كردووە، كە چەندین ئامانجی ڕوونیان هەیە‌و ئەمانە دیارترینیانن.

یەكەم: شێواندنی سەقافەتی ئیسلامی‌و كەلەپوری عەرەبی‌و ئیسلامی.

دووەم: تێكدانی تایبەتمەندیەكانی وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسلامی‌و ڕوخاندنی مەعنەوی یاتیان.

سێ‌ یەم: دروستكردنی هەستی خۆ بەناتەواو زانین‌و ڕۆح زەلیل كردن.

چوارەم: فراوانكردنی كەلێنی جیاوازی لە نێوان هۆز‌و ڕێباز‌و ئایینە جیاوازەكاندا.

پێنجەم: ملكەچكردنی جیهانی ئیسلامی‌و نەتەوەی عەرەب بۆ داگیركارە ڕۆژئاوایی یەكان.

شەشەم: ئامادەكردنی چەند كەسایەتیەكی عەرەبی ملكەچ بۆ ڕۆژئاوا‌و دەسەڵاتە بیانیەكان.

موژدەگاران قوتابی‌و هاوكارەكانیان لەپەیمانگە موژدەگاری یەكانیاندا دەخستە پلەی یەكەمەوە‌و لەڕێگەی نوسین‌و ڕۆژنامە‌و كتێبەوە هەموو شتێكی ئیسلامیان بەناتەواو لەقەڵەم دەدا‌و توانیشیان لەم ڕووەوە زیان بە ئیسلام‌و نیشتمانی عەرەبی بگەیەنن‌و تانەو تەشەر بخەنە شوێنیان.

موژدەگاران هەردەم جەختیان لەسەر ملكەچكردنی ئیسلام دەكردەوە بۆ ڕێبازە فكری یەكانی خۆرئاوا، بۆئەوەی حەقیقەتی ئیسلام بشارنەوە كە بیروباوەڕو یاسای ژیانە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …