چوار شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 9 2024
Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / سه‌له‌فيه‌ت مێژوو و ره‌چه‌ڵه‌ك. چه‌مك و بيري سه‌له‌فيه‌ت.

سه‌له‌فيه‌ت مێژوو و ره‌چه‌ڵه‌ك. چه‌مك و بيري سه‌له‌فيه‌ت.

هیمداد ته‌ها

له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا باس له‌واتای سه‌له‌فیه‌ت ده‌كه‌ن, له‌و قۆناغانه‌ ده‌دوێین كه‌ سه‌له‌فیه‌ت پێیدا تێپه‌ریوه‌ تائێسنتا, قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردن و دیدی رێبه‌رانیان ده‌خه‌ینه ڕوو.

سه‌له‌فیه‌ت كه‌ به‌ به‌شێك له‌ بونیاد گه‌رای هه‌ژمار ده‌كرێت, پانتاییه‌كی فراوانی هه‌یه‌ له‌دوونیای ئیسلامدا, له ‌هه‌ر قۆناغو سه‌رده‌مێكدا بیری سه‌له‌فیه‌ت به‌جۆرێك وێناكراوه ‌و له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كو كه‌سانێكه‌وه‌ په‌یڕه‌و كراوه‌. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت پێناسه‌یه‌كی گشتگیر و تێروته‌سه‌ل بۆسه‌له‌فیه‌ت بكه‌ینو له‌م پێناسه‌یه‌دا باس له‌هه‌موگروپو ڕه‌وته ‌جیاوازه‌كانی ناوسه‌له‌فیه‌ت بكه‌ین, كارێكی ئه‌سته‌مه‌ و هه‌روابه‌سانای ده‌ستمان ناكه‌وێت, هه‌رچه‌نده‌ سه‌له‌فییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره‌ باسكردنه‌ی سه‌له‌فیه‌تدانین, كه‌یفیان پێنایه‌ت باس له‌هه‌موجۆره‌كانی سه‌له‌فیه‌ت بكرێتو ئه‌و گروپانه‌ به‌سه‌له‌فی بناسرێن, ده‌ڵێن ئه‌م دابه‌شكردنه‌ كارێكی ناڕه‌وایه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كی شه‌رعی نییه‌, به‌ڵام به‌تێڕوانینێكی واقیعیانه ‌و هاتنه‌ده‌ره‌وه ‌له‌دووتوێی كتێبو نوسراوه‌كان, باسكردنی ئه‌م جۆرانه‌ی سه‌له‌فیانه‌ و ناوهێنانی ئه‌م گروپانه‌ی خۆیان له‌ژێرناوی سه‌له‌فیه‌تدا كۆكردۆته‌وه ‌كارێكی پێویسته‌, به‌ڵكه‌ كه‌ڵكیشی بۆسه‌له‌فیه‌ت هه‌یه‌, خه‌ڵك تێكه‌ڵكردن ناكات له‌نێوان سه‌له‌فیه‌كی ڕادیكاڵو سه‌له‌فیه‌ك كه‌باوه‌ڕی به‌ ڕه‌خنه‌ گرتنیش نییه‌ له‌ده‌سه‌ڵات.

ئه‌وه‌ی له‌سه‌رچاوه ‌سه‌له‌فیه‌كاندا ده‌رباره‌ی پێناسه‌ی سه‌له‌فیه‌ت نوسراون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌له‌ف له‌زمانه‌وانیدا به‌مانای پێشین دێت. له‌ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامیدا زاراوه‌ی سه‌له‌فیه‌ت واته‌ ده‌ست گرتن به‌قورئان و فه‌رموده ‌ڕاسته‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ درودی خوای له‌سه‌ر بێت, به‌پێی تێگه‌شتنی زانا پێشینه‌كانی ئومه‌تی ئیسلامی. به‌ كه‌سێك ده‌وترێت سه‌له‌فی كه‌به‌ڕێچكه‌ی موسوڵمانه‌ پێشینو یه‌كه‌مینه‌كان له‌ هاوه‌ڵانو شوێن كه‌وته‌ی هاوه‌ڵانو شوێن كه‌وته‌ی شوێن كه‌وتوانی هاوه‌ڵاندا بڕوات, له‌ چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی ئیسلامو تێگه‌شتن لێی و كارپێكردنی. (1).

بیری سه‌له‌فیه‌ت له‌مێژووی ئیسلامدا, ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵوێستی ئیمام ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌لی سه‌رده‌سته‌ی مه‌زه‌بی حه‌نبه‌لی, له ‌به‌رامبه‌ر بۆچو‌نی موعته‌زیله‌كان كه‌ پێیان وابوو قورئان مه‌خلوقی خودایه‌ نه‌ك وته‌ی خودای گه‌وره‌ و نه‌فی سیفاته‌كانی خودایان ده‌كرد. له‌و كاته‌شدا موعته‌زیله‌كان توانیبویان خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ خه‌لیفه‌ و مێشكی پڕ بكه‌ن و باوه‌ڕی پێ بهێنن به ‌بۆچونه‌كانی خۆیان, ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌لیان توشی ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌و قامچی خواردن كرد به‌فه‌رمانی خه‌لیفه‌, له‌سه‌ره‌تادا خه‌لیفه‌ مه‌ئموون فه‌رمانی كرد به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی خه‌لقی قورئان, زانایانیش به‌رهه‌ڵستیان كردو بێده‌نگ نه‌بوون, خه‌لیفه‌ش بریاریدازانایان تاقی بكاته‌وه‌ و بۆچونیان ده‌رباره‌ی قورئان وه‌ربگرێت, له‌نێویشیاندا ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌ل و محمدی كوڕی نوح, بانگهێشتی تاقیكردنه‌وه‌ كران, به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی ڕۆیشت بۆلای خه‌لیفه‌دا محمدی كوڕی نوح وه‌فاتی كرد و ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌ل نوێژی له‌سه‌ر كرد و له‌خودا پاڕایه‌وه‌ له‌شه‌ری مه‌ئموون بیپارێزێت, نزاكه‌ی گیرا ده‌بێت و پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ جێ هه‌واڵی مه‌رگی مه‌ئمونی پێده‌گات, ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غداد, به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی موعته‌سه‌م ده‌بێته‌ خه‌لیفه‌ ڕوو له‌شاری به‌غداد ده‌كات, ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌ل به‌كه‌له‌پچه‌ كراوی ده‌هێننه‌ به‌رده‌ستی بۆ تاقی كردنه‌وه‌ و گفتوگۆ و ده‌مه‌قاڵێی ئیمام ئه‌حمه‌د و خه‌لیفه‌ و زانا فوقه‌هاكانی چوار ده‌وری بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و ناتوانن وا له‌ ئیمام ئه‌حمه‌د بكه‌ن وته‌كه‌یان قه‌بوڵ بكات, كار ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بن ئه‌بی دوئاد وبشری مره‌یسی به‌خه‌لیفه‌ ده‌لێن بیكوژه‌, له‌ناوی بده‌, با نه‌جاتمان بێت له‌ده‌ستی, به‌ڵام به‌قسه‌یان ناكات. له‌سه‌ر فه‌رمانی خه‌لیفه‌ ئه‌وه‌نده‌ داركاری ده‌كه‌ن تاوه‌كو له‌هۆشی خۆی ده‌چێت, ژیانی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌زینداندا تاوه‌كو هاتنی خه‌لیفه‌ واپق, واپق فه‌رمان ده‌دات له‌سه‌ر دیواری مزگه‌وته‌كان بنوسرێت “لا إله إلا الله رب القرێ‌ن المخلوق”, هه‌ڵوێستێكی توندی ده‌بێت و زیندانه‌كان پڕ ده‌كات له‌و زانایانه‌ی باوه‌ڕیان به‌مه‌خلوقیه‌تی قورئان نیه‌, به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی خه‌لیفه‌ موته‌وه‌كیلدا میحنه‌ت له‌سه‌ر ئیمام ئه‌حمه‌د هه‌ڵده‌گیرێتو له‌پاش 30 مانگ زیندانی ئازاد ده‌كرێت. ئه‌م ڕووداوه‌ی ئیمام ئه‌حمه‌د له‌مێژوودا به‌ فیتنه‌ یان میحنه‌تی خه‌لقی قورئان ناسراوه‌. (2). هۆكاری تاك بونه‌وه‌ی ئیمام ئه‌حمه‌د له‌م ڕووداوه‌دا ئه‌و توند و تیژییه‌بو به‌رامبه‌ر زانایان ده‌كرا, ئه‌و زانایانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ بۆچونه‌كه‌ی خه‌لیفه‌ نه‌بوو بۆئه‌وه‌ی دووچاری ئه‌شكه‌نجه‌, كوشتن , ئازار و داركاری كردن, نه‌بنه‌وه‌, له‌ڕێگه‌ی ته‌وریه‌ كردن و دان پێدانان به‌ناچاری ( إكراه‌), خۆیان ده‌رباز ده‌كرد. (3).

قۆناغی دووه‌می سه‌له‌فیه‌ت گه‌رای له‌لای ئیبن ته‌یمیه‌ وێنا ده‌كرێت.

ئیبن ته‌یمیه‌ ناوی ئه‌حمه‌دی كوری عه‌بدول حه‌لیمی كوڕی عه‌بدوسه‌لامی كوڕی ته‌یمیه‌ی حه‌ڕانییه‌, له‌به‌ر به‌رفراوانی زانستی ئیبن ته‌یمیه‌و ده‌ستی باڵای له‌زانسته‌ شه‌رعیه‌كاندا, سه‌له‌فیه‌كان به‌شێخی ئیسلامی ناوده‌هێننو له‌سه‌ر ئه‌و سه‌له‌فیه‌ت گه‌راییه‌ی ده‌ستی دابویێ سێ جار ده‌ستگیر ده‌كرێتو ژیانی له‌نێو زینداندا كۆتای دێت و ده‌مرێت.(4). ئیبن ته‌یمیه‌ به‌وه‌ده‌ناسرێت كه ‌تانوپۆی نوسینو فه‌تواو وانه‌كانی خۆی له‌دژایه‌تی كردنی بیروباوه‌ڕی سۆفییه‌كان و موعته‌زیله‌و ئه‌شعه‌ری و شیعه‌كان..تاد. له‌هه‌موئه‌وگروپانه‌ی تردا ده‌بینێـه‌وه‌ كه‌مه‌دره‌سه‌ی كه‌لامیینو سه‌ربه‌قوتابخانه‌ی سه‌له‌فیه‌ت نینو نه‌یاری بیری سه‌له‌فیه‌تن(5). ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ ئیبن ته‌یمیه‌ به‌پاڵه‌وانی كه‌م وێنه‌و ناسری سوننه‌و.. تاكۆتای له‌پێ هه‌ڵدانه‌كانی هه‌وادارانی بناسرێتو بانگه‌وازه‌كه‌ی كاریگه‌ری به‌سه‌رتاك تاكی سه‌له‌فی دوای خۆیه‌وه‌ هه‌بێت, تاوه‌كو نوسراوه‌كانی بمێنن. چه‌ندین قوتابی به‌رده‌ستی خۆشی له‌ئیبن كه‌سیرو زه‌هه‌بیو ئیبن ده‌قیقو ئیبن قه‌ییمو..هتد, له‌سه‌ر هه‌مان بیرو رێبازی سه‌له‌فیه‌ت په‌روه‌رده‌ كردو هه‌ركه‌یان زانایه‌كو فه‌رموده‌ناسێكو حافزێكیان لێده‌رچوه, هاوشانی ئیبن ته‌یمیه ‌كاریان بۆسه‌له‌فیه‌ت كردوه‌, نه‌یان هێشتوه‌ مه‌شخه‌ڵی ده‌ستی له‌دوای خۆی بكوژێته‌وه‌. هه‌روه‌ها وایكرد به‌پیاوێكی ئاژاوه‌ چی, توندووتیژ, تێكده‌ر, بناسرێت به‌لای نه‌یاره‌كانییه‌وه‌. ئیبن ته‌یمیه‌ زۆرترین ده‌مه‌قاڵه‌ی درووستكردوه‌ بۆ زانایانو بانگحوازانو لێكۆڵه‌رانی دوای خۆی, تاهه‌نووكه‌ ناو و ژیانو نوسینه‌كانی زیندووه ‌له‌نێو دوونیای ئیسلامداو كه‌م موسوڵمانێك ده‌بینیت كه‌ڵك له‌ئیبن ته‌یمیه‌ وه‌رنه‌گرێت و نه‌یكاته‌ سه‌رمه‌شقی خۆی و بۆكاروكرده‌وه‌كانی, فه‌تواو قه‌ولێكی ئیبن ته‌یمیه‌ نه‌كاته‌ پاساو, هه‌رله‌گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه ‌بگره‌ تاوه‌كو میانڕه‌وه‌كان. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجو تێڕامانه‌ له‌قۆناغی یه‌كه‌مو دووه‌می سه‌له‌فیه‌تدا ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌و زیندانه‌یه‌ زانا سه‌له‌فیه‌كان تووشی هاتون به‌ده‌ستی خه‌لیفه‌و ده‌سه‌ڵاتداران به‌هۆی پڕكردنیان له‌لایه‌ن زاناكانی مه‌دره‌سه‌ عه‌قڵانیو كه‌لامیو سۆفیگه‌رییه‌كانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر سه‌له‌فییه‌كان, كارگه‌شتۆته‌ ئه‌وه‌ی نه‌یان هێشتوه‌ سه‌له‌فیه‌ت له‌ژێر سایه‌ی حوكمی عه‌قڵدا بواری ژیانی بۆ بڕه‌خسێت. ئه‌و تانه‌یه‌ش نه‌یاره‌كانیان ده‌یده‌نه‌ پاڵ سه‌له‌فیه‌كان له‌توند ڕه‌وی, له‌خۆشیاندا به‌دی ده‌كرێت, نه‌یانهێشتوه‌ ئه‌و زانا سه‌له‌فیانه‌ به‌ئازادی بژینو بۆچوونیان هه‌بێت.! هه‌روه‌ها تا ئاستێكی به‌رچاویش جیاوازی له‌نێوان سه‌له‌فیه‌تی كۆنو نوێدا ده‌بینین, زانایانو ژێنه‌ره‌وانی بیری سه‌له‌فیه‌ت له‌كۆندا دووچاری زیندانو ئازار كێشان بوون له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌, به‌ڵام زانایان و ژێنه‌ره‌وانی بیری سه‌له‌فیه‌تی نوێ و له‌م سه‌رده‌مه‌دا په‌یوه‌ندی توندو خۆشیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه‌, هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تی درووست بونو گه‌شه‌كردنه‌وه‌- كه‌له‌ باسی محمد عه‌بدولوه‌هابدا له‌باره‌یوه‌ ده‌دوێن- تاوه‌كو هه‌نوكه‌ له‌وڵاته‌ ئیسلامیه‌كاندا له‌سه‌ر هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌فتارو گوفتارێكی ده‌سه‌ڵاتدا نابینین زانایه‌كی سه‌له‌فی دووچاری زیندان ببێته‌وه‌.

چه‌مكی سه‌له‌فیه‌تو ئوصولی بوون له‌قۆناغی سێیه‌م و له‌م چه‌رخه‌ی خۆمانی تێدا ده‌ژین, خۆی له‌بزوتنه‌وه‌ی وه‌هابیزمدا ده‌بینێته‌وه‌ . بزوتنه‌وه‌ی وه‌هابیزم كه‌له‌سه‌رده‌ستی محمد بن عبدالوهاب, له‌نیوه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا سه‌ری هه‌ڵدا, دیارترین بزوتنه‌وه‌ی سه‌له‌فیه‌ت و ئوصوڵ گه‌راییه‌, ئه‌م بزوتنه‌وه‌ سه‌له‌فیه‌ كاری سه‌ره‌كی بریتی بوو له‌ دژایه‌تی كردنو نه‌هێشتنی چه‌مكی بیدعه‌ و هاوبه‌ش بۆ خودا په‌یداكردن. له‌ڕوانگه‌ی وه‌هابییه‌كانه‌وه‌ زۆرێك له‌كارو كرده‌وه‌ی موسوڵمانانو به‌تایبه‌ت سۆفییه‌كان, به‌ هاوبه‌ش بۆ خودا په‌یداكردن هه‌ژمار ده‌كرێت, وه‌ك ئه‌نجامدانی به‌ندایه‌تیه‌كان بۆ جگه‌له‌خودا له‌ به‌ندایه‌تیه‌كانی (هاواربردنو ئاژه‌ڵ سه‌ربڕینو نه‌زركردنو پاڕانه‌وه‌و هیوا پێ بونو پشت پێبه‌ستنو داوای شه‌فاعه‌ت لێكردنو سوێند پێخواردن..هتد).

ناونانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ وه‌هابیه‌ت ئاماژه‌یه ‌بۆناوی دا‌مه‌زرێنه‌ری بزوتنه‌وه‌كه‌ محمد عبدالوهاب, هه‌رچه‌نده‌ سه‌له‌فیه ‌وه‌هابیه‌كان ئه‌م ناو لێنانه‌ به‌فێڵێكی سیاسی لێكده‌ده‌نه‌وه ‌و پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ پیلانێكی دوژمنانه, بۆدوورخسته‌نه‌وه‌ی خه‌ڵك له ‌سه‌له‌فیه‌ت و كورتكردنه‌وه‌ی له‌پیاوێكدا, له‌ڕوی زمانه‌وانیشه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی تێدایه,‌ چونكه‌ ده‌بوو بوترایه‌ محمدی نه‌ك وه‌هابی چونكه‌ محمد دامه‌زرێنه‌ره‌ نه‌ك باوكی. هه‌روه‌ها خۆیان به‌شوێن كه‌وته‌و ده‌ست گرتوو به‌مه‌زه‌بێكی دیاریكراوه‌وه‌ نازانن, به‌ڵكه‌ بانگه‌شه‌ی پابه‌ندبوون به‌عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌نو له‌بابه‌ته‌ فه‌رعیو فیقهیه‌كانیشدا له‌سه‌ر مه‌زه‌بی ئیمام ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌لن, ده‌ڵێن محمد بن عبدالوهاب هیچ شتێكی نوێی نه‌هێناوه‌ته‌ دوونیای ئیسلامه‌وه‌ تاوه‌كو ئێمه‌ خۆمانی پێوه‌هه‌ڵبواسین. زانایانی سه‌له‌فیه‌تی وه‌هابی بانگه‌وازی وه‌هابیه‌ت به‌بانگه‌وازێكی پاكی دوور له‌خه‌وشو خاڵو لاڕێ بوون وه‌سف ده‌كه‌ن, هه‌مو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌یان, شێخ محمد بن عه‌بولوه‌هاب به‌ نوێ گه‌رێكی ئاینی و پاڵفته‌ كارێكی بیرو باوه‌ڕی خه‌ڵك له‌هاوبه‌ش بۆ خودا په‌یداكردن ده‌ناسێنن, ده‌ڵێن بزوتنه‌وه‌ی هابی واته‌ سه‌له‌فی بوونو به‌ندایه‌تی كردن به‌شێوازی پێغه‌مبه‌رو هاوه‌ڵانی درودی خوای لێبێت و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌هاوبه‌ش بۆ خودا دانان و ده‌ست گرتن به‌ بیروباوه‌ڕی سه‌له‌فو دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌بیرو باوه‌ڕی داهێنراوی سۆفییه‌كان.(6).

له‌گرنگترین ئه‌وهۆكارانه‌ی ویان كرد كه‌سایه‌تی محمد عبدولوه‌هاب ده‌ربكه‌وێتو بزوتنه‌وه‌ی وه‌هابیه‌ت سه‌رهه‌لبداتو سه‌له‌فیه‌ت بژیه‌نێته‌وه‌, خانه‌واده‌كه‌ی محمد عه‌بدولوه‌هاب بوو, عه‌بدولوه‌هابی باوكی زاناو فه‌قیهێكی سه‌ربه‌مه‌زه‌بی حه‌نبه‌لی بوه‌و باپیریشی شێخی نه‌جد بوه‌ له‌زه‌مه‌نی خۆیدا.

كاریگه‌ری كه‌سایه‌تیو بانگه‌زاو بیروبۆچونه‌كانی ئیبن ته‌یمیه‌ی دووه‌م مامۆستای سه‌له‌فیه‌ت زۆربوه‌ به‌سه‌ر محمد عه‌بدولوه‌هابه‌وه‌, له‌ماوه‌ی ژیانیدا زۆرێك له‌ژیانی زانستی خۆی سه‌رقاڵ كردبوو به‌كتێبو نوسراو و فه‌تاواكانی ئیبن ته‌یمیه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی وردوو قوڵی له‌سه‌رده‌كرن. وه‌ك باسمان كرد ئاشكراشه‌ ‌بن ته‌یمیه‌ زۆرێك له‌نوسینه‌كانی له‌دژایه‌تی بیدعه‌و شركو ره‌فتاری سۆفیه‌كاندایه‌. پاشان ئه‌و گه‌شته ‌زانستیانه‌ی محمد عه‌بدولوه‌هاب ئه‌نجامی ده‌دان بۆمه‌ككه ‌و مه‌دینه‌ و به‌سره‌و حره‌یمه‌لاو..هتد, له‌ ئه‌نجامی ئه‌م گه‌شتو گه‌ڕانه‌دا چاوی به‌زۆر شێخو زانایه‌ك ده‌كه‌وت كه‌هه‌مان بیوباوه‌ڕی ئه‌میان هه‌بو له‌دژایه‌تی كردنی شركو بیدعه‌دا, به‌ڵام ئه‌م زانایانه‌ هه‌مان مه‌به‌ستو خۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌یه‌یان نه‌بو بۆبن بڕكردنی, پاشان ئه‌و باردۆخه‌ی موسوڵمانان تێیدا ده‌ژیان و بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و دیاردانه كاریگه‌ری له‌سه‌ری هه‌بوه‌, هه‌وڵی گۆرینی عه‌قیده‌ی خه‌ڵكی داوه‌, ویستویه‌تی پاكیان بكاته‌وه‌.(7)

هه‌رچه‌نده‌ زانایانی سه‌له‌فی كه ‌به‌ڕێگه‌ی محمد عه‌بدلوه‌هابدا ده‌رۆن له‌دژایه‌تی كردنی شرك و بیدعه‌, به‌ڵام كاركردن بۆدرووست كردنی ده‌وڵه‌تێك تاوه‌كو سنوره‌كانی شه‌رعی تێدا جێبه‌جێ بكرێت, به‌گرنگتر له‌بانگه‌وازكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كخواپه‌رستی نابینن, به‌ڵام محمد عه‌بدولوه‌هاب به‌رده‌وام هه‌وڵیداوه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دین به‌سه‌رخه‌ڵكدا جێبه‌جێ بكاتو كۆمه‌ڵگه‌ پاكبكاته‌وه‌, بۆچونی وابوه‌ كه‌گۆڕینی ئه‌م دیارده‌ شیركیانه‌ به‌بێ ده‌سه‌ڵات و هێز كارێكی ئه‌سته‌مه‌و بۆی ناچێته‌ سه‌ر.

بۆیه‌ په‌یوه‌ندی به‌چه‌ند میرێكه‌وه ‌ده‌كاتو ده‌یه‌وێت به ‌به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات خه‌ڵك بهێنێته ‌سه‌ر دینداری درووست. په‌یوه‌ندی به‌میر عوسمانی میری عوه‌ینه‌وه‌ ده‌كاتو میریش پێشوازی لێده‌كاتو جێگه‌ی ده‌كاته‌وه‌, بن عه‌بدولوه‌هابیش ده‌ستده‌كات به‌ناردنی ‌نامه‌ی بانگه‌واز بۆمیر و كه‌سایه‌تیه‌كانی دیكه‌ و چه‌ند كارێك ئه‌نجامده‌دات, له‌وانه‌ بڕینی ئه‌ودارانه‌ی, ‌خه‌ڵك به‌پیرۆزو موتفه‌ڕكیان ده‌زانین, چیله‌كه‌یان لێده‌كرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی شیفای نه‌خۆشیو په‌ڕینی ده‌ردو به‌ڵا. هه‌روه‌ها ئه‌و گومه‌زانه‌ی ڕووخاند و ته‌خت كرد ‌له‌سه‌ر گۆری پیاوچاكان كرابون, گۆڕه‌كانی وه‌ك گۆری خه‌لكی ساده‌ لێكرد. پاشان به‌رده‌بارانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد كه‌كاری زینایان ده‌ركرد و مێرد یان خێزانیان هه‌بوو, داواشی له‌میر عوسمان كرد ده‌سته‌یه‌ك درووست بكات خه‌ڵكی به‌زۆر بهێنن بۆئه‌نجامدانی نوێژی به‌كۆمه‌ڵ له‌مزگه‌وته‌كاندا. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك, له‌به‌رچه‌ند هۆكارێكی ده‌ره‌كی میر عوسمان بێ ده‌سه‌ڵات مایه‌وه‌ له‌ده‌ركردنی محمد عه‌بدولوه‌هابدا و ئیتر كۆتای به‌ده‌سه‌ڵاتو قسه ‌ڕۆیشتووی هاتو عوه‌ینه‌ی جێهێشت, پاشان ڕووی له‌درعیه‌كردوو له‌ماڵی هه‌وادارێكی خۆیدا به‌ناوی سوه‌یلم, كاریگه‌ری له‌دوو برای میری درعیه‌ محمد بن سعوود كردو به‌هه‌وڵی ئه‌وان توانی پشتیوانی میر سعوود به‌ده‌ست بهێنێت و جێگه‌ی خۆی بكاته‌وه‌, ڕێكه‌وتنێكیان كرد‌ له‌نێوان خۆیان له‌سه‌ردابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و رابه‌رایه‌تی ڕۆحیی, به‌و جۆره‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ محمد سعوود بێتو محمد عه‌بدولوه‌هابیش موفتی و ڕابه‌ربێت.(8) به‌ڵام ده‌توانین بڵێین خاڵی هاوبه‌شی زۆر دیاری نێوان زانایانی سه‌له‌فی ئه‌مڕۆو محمد عه‌بدولوه‌هاب ئه‌وه‌یه‌ ‌هه‌ردووكیان ئامانجیان ژیان گوزه‌راندنه‌ له‌ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تدا و ده‌رنه‌چوونه‌ له‌حوكمی ئه‌و مییر- سه‌رۆك- ه‌ی ‌ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ناوچه‌كه‌دا و هه‌وڵدان بۆكاریگه‌ربوون له‌سه‌ری و دڵنیای بكه‌یته‌وه‌ ‌مه‌ترسیت بۆكورسی و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌وو نیه‌, ناته‌وێت بچیته‌ جێگه‌ی, به‌ڵكه‌ به‌ دابه‌ش كردنی دین و ده‌سه‌ڵات ڕازیت له‌نێوانتاندا به‌ومه‌رجه‌ی ڕێگه‌ی بانگه‌وازكردنت لێنه‌گرێت.

هه‌روه‌ها ئه‌و زاناو بانگخوازانه‌ی كه‌سه‌ر به‌قوتابخانه‌ی ئاینی (سه‌له‌فیه‌ت- وه‌هابیزم)ن, له‌گه‌ڵ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌وهه‌لومه‌رجه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ی تێدا هاتۆته‌ گۆڕێ گۆڕانكارییان له‌گووتاری ئاینیاندا كردوه‌ و ته‌نها باسیان له‌شرك نه‌كردوه‌, له‌گه‌ڵ پاڵفته‌كردنی بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكدا ته‌وه‌ری دیكه‌شیان كردۆته‌ درووشمی سه‌ره‌كی كاركردنی خۆیان, ده‌توانین بڵێین كاری سه‌ره‌كییان له‌سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیدا چڕ ده‌بێته‌وه‌ و زۆرینه‌ی ژیانی بانگه‌وازییان له‌سه‌ر كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و سێ ته‌وه‌ره‌و دژایه‌تی كردنی سێ چه‌مك ته‌رخانكردوه‌, ئه‌وانیش هه‌ر سێ چه‌مكی( شرك- بیدعه‌- حیزبایه‌تی) یه‌. به‌هۆی زۆربونی كاروچالاكی پارته ‌ئیسلامیه‌كان له‌به‌رهه‌ڵستی ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌كان, كار له‌سه‌ر بڵاو كردنه‌وه‌ی یه‌كتا په‌رستی و سوننه‌ت و مامه‌ڵه‌ی درووست ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ پێشه‌واو سه‌رۆكی موسوڵمانان ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجو تێڕامانه‌ زانایانی سه‌له‌فی له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌وانه‌كانی عه‌قیده ‌و یه‌كخواپه‌رستیدا ته‌نها له‌سه‌رئه‌و كتابانه‌ ده‌ڕۆن كه‌ محمد عبدالوهاب نوسیویه‌تی, زیاتر سه‌رقاڵی باسكردنو ناساندنی بنه‌ماكانی بیروباوه‌ری ئه‌و گروپو قوتابخانه‌ ئاینیه‌ كه‌لامییانه‌ن كه‌ له‌كتێبه‌كانی ئیبن ته‌یمیه‌دا هاتوه‌ و تائێستا بنه‌ماكانی بیروباوه‌ڕه‌ ئیلحادیو سیكۆلاریستیه‌كانی سه‌رده‌م كه ‌دزه‌یان كردۆته ‌نێو ماڵی موسوڵمانان, نه‌خستۆته‌ دوتوێی كتێبه‌كانی ته‌وحید و باسی بكه‌ن, وه‌ك چۆن بن عبدالوهاب باسی دیارده ‌و بیروباوه‌ڕه‌كانی سه‌رده‌می خۆی ده‌كرد, یان وه‌ك ئیبن ته‌یمیه,‌ سه‌رقالی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی لادانه‌كانی گروپه‌كانی سه‌رده‌می خۆیان بن. یه‌كتاپه‌رستی به‌لای زانایانی سه‌له‌فیه‌ وه‌هابیه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت به‌سێ جۆری سه‌ره‌كییه‌وه‌.

یه‌كتاپه‌رستی له‌ به‌خوا دانان- توحید الربوبیە-: واته‌ به‌ته‌نها زانینی خودای گه‌وره‌ له‌كاره‌كانیدا. له‌په‌رستن- توحید اڵالوهیە- : واته‌ ته‌نها ڕاگرتنی خودای گه‌وره‌ له‌په‌رستنداو هیچ شتێكی دیكه‌ نه‌كرێته‌ هاوبه‌شی. له‌ئه‌سمائو سیفاته‌كان – توحید اڵاسما‌و والصفات-: واته‌ به‌تاك ڕاگرتنی خودا له‌ ناوو سیفاته‌كانیدا و هیچ شتێك هاو وێنه‌ی خودا سه‌یر نه‌كرێت له‌سیفاته‌كانیدا, له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ بوون به‌هه‌موو ئه‌و سیفاتانه‌ی خوداو پێغه‌مبه‌ر بۆخودایان باسكردوه‌ له‌قورئانو فه‌رموده‌داو نكوڵی هیچیان نه‌كرێت.(9).

بیدعه‌ به‌لای زانایانی سه‌له‌فییه‌وه‌ زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌و له‌هه‌ر كوێیه‌كدا بیدعه‌یه‌ك هه‌بێت سوننه‌تێكی شاردۆته‌وه, بیدعه‌ به‌هه‌ر ڕێچكه‌یه‌كی ئاینی داهێنراوو ده‌وترێت به‌مه‌به‌ستی خودا په‌رستی, كه‌ پێشینه‌ی نیه‌و له‌قورئانو فه‌رموده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت.(10).

حیزبایه‌تی كردنو ئۆپۆزسیۆن بونو به‌رهه‌ڵستی كردنی حكومه‌تی وڵاتانی موسوڵمان نشین به‌هه‌موو شێوازێك له‌لای ئه‌م جۆره‌ سه‌له‌فیه‌ته‌ قه‌ده‌غه‌یه‌, نابێت موسوڵمان كێبه‌ركێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتو كورسی بكات و دژایه‌تی پێشه‌وایان و حكومه‌ت بكات, نابێت ڕه‌خنه‌ی ئاشكراشیان لێ بگرێت و به‌خراپه‌ باسیان بكات به‌ڵكه‌ ده‌بێت ڕه‌خنه‌یه‌كیشی هه‌بێت به‌نهێنی ئامۆژگارییان بكات. به‌هۆی دژایه‌تیو ترساندنی به‌رده‌وامی خه‌ڵك له‌حیزبایه‌تی كردن ئه‌م جۆره‌ سه‌له‌فیه‌ته‌ به‌ سه‌له‌فیه‌تی لاحیزبی ده‌ناسرێن.(11). هه‌روه‌ها له‌پاش بڵاوبونه‌وه‌ی بیری سه‌له‌فیه‌ت له‌سعودیه‌وه‌ و به‌رفراوان بونی ئێستا چه‌ندین ڕه‌وتی سه‌له‌فی دیكه‌ درووست بونو له‌پاڵ ڕه‌وتی وه‌هابیزمی دایكی ڕه‌وته‌سه‌له‌فیه‌كانی دیكه‌ چه‌ندین گروپی دیكه‌ بانگه‌شه‌ی سه‌له‌فیه‌ت ده‌كه‌ن, دیارترینیان ڕه‌وتی مه‌دخه‌لیه‌ت یان جامییه‌. مه‌دخه‌لیه‌ت ئه‌و گروپه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵه‌كانی 1990 له‌سعودیه‌ دروست بوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ محمد ئه‌مان ئه‌لجامی و شێخ ڕه‌بیع بن هادی ئه‌لمه‌دخه‌لی, جامی پسپۆڕی له‌بواری عه‌قیده‌دایه ‌و مه‌دخه‌لیش له‌بواری فه‌رمووده‌ ناسیدا.(12). جامی ئه‌و زانایه‌بو كه ‌له‌وڵاتی ئه‌سیوپیاوه‌ كۆچی كرد بۆ سعودیه‌ و مامۆستایه‌كی وانه‌بێژ بوه‌ له‌ زانكۆی ئیسلامی سعودیه‌ و مه‌دخه‌لیش خوێندكاری بوه‌ له‌و زانكۆیه‌. سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی بیری قوتابخانه‌ی جامی- مه‌دخه‌لیه‌ت, ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جه‌نگی كه‌نداوی یه‌كه‌م, ئه‌وكاته‌ی وڵاتی سعودیه‌ یارمه‌تی و هاوكاری وه‌رگرت له‌وڵاتانی بیانی. له‌مه‌ڕ ئه‌م بابه‌ته‌ش ناكۆكی كه‌وته‌ نێوان زانایانی سعودیه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وایه‌تی و ناڕه‌وایه‌تی وه‌رگرتنی هاوكاری له‌وڵاتانی بێگانه‌ له‌لایه‌ن وڵاته‌ ئیسلامیه‌كانه‌وه‌. زانایانی سعودیه‌ بوون به‌دوو به‌ره‌ی سه‌ره‌كییه‌وه‌, كه‌به‌ره‌ی یه‌كه‌م پێكهاتبو له‌ده‌سته‌ی گه‌وره‌ زانایانی سعودیه‌, پێیان وابو وه‌رگرتنی ئه‌و هاوكارییانه‌ و هێنانی هێزه‌كانی بێگانه‌ بۆ سعودیه‌ ڕه‌وایه‌ و ناشه‌رعی نییه‌. به‌ره‌ی دووه‌میش ئه‌و زانایانه‌بوون كه‌ئه‌م كاره‌یان پێ ڕه‌وانه‌بوو, كه‌پێكهاتبون له‌ سه‌فه‌ر ئه‌لحه‌والی و عائچ ئه‌لقه‌ره‌نی و سه‌لمان عۆده‌ ومحمد شه‌نقیتی و ..هتد. ئه‌م ڕا جییایه‌ له‌نێوان هه‌ردو به‌ره‌ له‌زانایان به‌ خیلافێكی سائغ سه‌یر كراو به‌بارێكی ته‌نرووست لێیان ده‌روانی. به‌ڵام له‌م سه‌رو به‌نده‌دا مه‌دخه‌لیه‌ت سه‌ر هه‌لده‌داتو ده‌بێته‌ به‌ره‌ی سێ یه‌م, بۆچونێكی تێكه‌ڵاو له‌هی هه‌ردوولا وه‌رده‌گرێت, مه‌دخه‌لیه‌ت پێی وایه‌ هێنانی هێزی بێگانه‌ بۆ وڵاته‌ ئیسلامیه‌كان ڕه‌وایه ‌و له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌روا به‌سانای سه‌یری بۆچونی پێچه‌وانه‌ ناكات و دژایه‌تیه‌كی توندی ئه‌و زانایانه‌ی دیكه‌ی كرد پێچه‌وانه‌ی بۆچونیان بون و ره‌خنه‌یان له‌حكومه‌ت ده‌گرت, داوای چاكسازییان ده‌كرد. مه‌دخه‌لییه‌ت ئه‌م زانایانه‌ی به‌خه‌واریجو له‌رێ ده‌رچو و بیدعه‌كار ناوزه‌ند كرد و هانی ده‌سه‌ڵات دارانیدا به‌توندترین شێوه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل بكه‌نو سزایان بده‌ن.(13). مه‌دخه‌لیه‌ت خاڵی لێكچووی له‌گه‌ڵ باقی گروپه‌ سه‌له‌فیه‌كانی دیكه‌ زۆرن, به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م لێكچونه‌شدا چه‌ند خاڵێك جیاوازییان هه‌یه‌, به‌پێی بۆچونی نه‌یاره‌كانیان ئه‌م جیاوازییانه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ سه‌له‌فییه‌كانی دیكه‌,‌ ده‌بێته‌ سیمای دیاری مه‌دخه‌لیه‌ت و قوتابخانه‌ی شێخ جامی و شێخ ڕه‌بیع جیاده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌له‌فیه‌كانی دیكه‌. له‌وانه‌ش به‌پێی بیروبۆچونی مه‌دخه‌لیه‌ت هه‌موو جۆره‌ ڕه‌خنه‌ گرتنێك له‌ده‌سه‌ڵاتو حكومه‌ت كارێكی ناڕه‌وایه‌, كاری خه‌واریجه‌كانه‌, ڕه‌خنه‌گرتنی ئاشكرا له‌حكومه‌ت به‌خروج كردن هه‌ژمار ده‌كرێ. هه‌ر كه‌سێك بكه‌وێته‌ ناو بیدعه‌وه‌ یان بیدعه‌ بكات یان تێكه‌ڵاوی بیدعه‌كاران بێت هه‌رچه‌نده‌ بۆخۆشی بیدعه‌ نه‌كات, ئه‌وا پێویسته‌ پشتی لێبكرێت و ده‌نگی له‌گه‌ڵ دابچڕێت, ئه‌گه‌ر زانابوو هیچ قسه‌یه‌كی وه‌رنه‌گیرێتو گوێی بۆ نه‌گیرێت. زانایانی جگه‌ له‌خۆیان به‌ موبته‌دیع هه‌ژمار ده‌كه‌ن, له‌كۆڕو وانه‌كانیادا ناویان ده‌هێنن و خوێندكاره‌كانی به‌رده‌ستیانی لێ وشیارده‌كه‌نه‌وه‌. سه‌ركێشی له‌مافی زانایانی وه‌كو نه‌وه‌وی و ئیبن حه‌جه‌رو..هتد, ده‌كه‌نو به‌ ئه‌هلی سوننه‌یان نازانن. ناو و ناتۆر له‌و سه‌له‌فییانه‌ ده‌نێن خه‌ریكی زانستی شه‌رعین و خۆیان به ‌ته‌بدیعی خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌رقاڵ ناكه‌ن, پێیان ده‌ڵێن مومیعه‌ و هه‌ركه‌سێك وته‌ی حه‌ق له‌غه‌یره‌ سه‌له‌فییه‌وه‌ وه‌رگرێت به‌ئیخوانی سه‌یری ده‌كه‌ن, هه‌روه‌ها كه‌سێك به‌رده‌وام پشتگیری ده‌مه‌قاڵێ و چه‌له‌حانێكانی مه‌دخه‌لیه‌كان نه‌كات له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیان, خۆی پێوه‌ سه‌رقاڵ نه‌كات به‌ متخاژل ناوی ده‌هێنن. هه‌روه‌ها پێیان وایه‌ ئه‌وسه‌له‌فییه‌شی كه‌له‌خۆیانه‌و كه‌مێك به‌دڵی ئه‌وان كار ناكات زه‌ره‌ر و زیانی زۆر زیاتره‌ له‌ حیزبیی و ئیخوانیه‌كان, چوونكه‌ حیزبیه‌كان ئاشكرانو خه‌ڵك ده‌یانناسێت به‌ڵام ئه‌مه‌یان خۆی له‌ به‌رگی سه‌له‌فیه‌تدا شاردۆته‌وه‌. هیچ جۆره‌ ڕا جیاییه‌ك قه‌بوڵ ناكه‌ن له‌به‌رامبه‌ره‌كه‌یان هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك ئه‌مان سه‌له‌فی بێت به‌ڵام كه‌مێك لایدا بێت و بۆچونی جیاوازی ده‌رباره‌ی به‌ موبته‌دیع زانینی كه‌سێك یان كه‌مێك جیاوازی له‌ فروعدا هه‌بێت ئه‌وا ده‌ست به‌جێ ناتۆرێكی لێ ده‌نێنو له‌بازنه‌ی سه‌له‌فیه‌ت ده‌ری ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه‌ له‌سیماكانیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ زانستی جه‌رحو ته‌عدیلدا ته‌نها باوه‌ڕیان به‌جه‌رح هه‌یه ‌و به‌هیچ جۆرێك باوه‌ڕیان به‌باس كردنی چاكه‌ی كه‌سێكی غه‌یره‌ خۆیان نیه‌, ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ڕه‌فتاری زانایانی پێشینه‌ كه ‌له‌ جه‌رح و ته‌عدیلدا كاریان به‌هه‌ردو به‌شی زانسته‌كه‌ كردوه‌ و ویستبێتیان باس له‌ لادانی كه‌سێك بكه‌ن له‌حه‌ق, پێشا هه‌ڵیان سه‌نگاندوه‌, چاكه‌كه‌یان باسكردوه‌ ئه‌وجا برینداریان كردوه‌, هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه‌ له‌سیماكان به‌كار هێنانی ناتۆری ناشرینو جوێندانه‌ له‌كاتی باسكردنی نه‌یاره‌كانیان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌چه‌ند بانگخواز زانایه‌كینه‌یاری خۆیان ده‌ڵێن سه‌گی وه‌ڕیو یان كه‌ر..(14). پێیان وایه‌ تاكه‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامو تاكه‌ گروپی ڕاستی سه‌له‌فی خۆیانن و هه‌مو گروپه‌كانی دیكه‌ به‌سه‌ر لێ شێواو ده‌زانن.(15). زێده‌ڕۆی كردنی زۆر له‌ ته‌بدیعو ته‌جریحی ئه‌و زانایانه‌ی كه‌ بۆچونیان پێچه‌وانه‌ی مه‌دخه‌لیه‌ته ‌و به‌هه‌مو جۆرێك دژایه‌تییان ده‌كه‌ن. به ‌نه‌یارێكی توند و زۆر دیاری ئیخوان موسلمین ده‌ناسرێن, چوونكه‌ هه‌موبه‌رهه‌ڵستی و ئۆپۆزسیۆنیه‌ك به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ناڕه‌وا ده‌بینێت و گروپی ئیخوان موسلیمینیش ئه‌م ئاكاره‌ی تێدایه‌, ناكۆكیه‌كی گه‌وره‌ له‌نێوانیاندا هه‌یه‌و دوو ڕه‌وتی زۆر دژ به‌یه‌كن. سه‌له‌فیه‌تی مه‌دخه‌لی هه‌وڵده‌دات به‌دوو پاساو به‌رگی ناڕه‌وایه‌تی و بێزراوی به ‌به‌ر ئیخواندا بكات و موسوڵمانانیان له‌ده‌ست بسه‌نێت, یه‌كه‌م- سه‌له‌فیه‌تی مه‌دخه‌لی ده‌یه‌وێت هه‌مو ئه‌و بارودۆخه‌ ناخۆشو ناهه‌مواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر موسوڵماناندا دێت له‌تێكڕای وڵاتانی ئیسلامی تاوانه‌كه‌ی بخاته‌ ئه‌ستۆی ئیخوانه‌كان و بیانكاته‌ به‌رپرسیاری یه‌كه‌م له‌م ڕودانه‌, ئه‌م بارو دۆخه‌ دژواره‌ی وڵاتانی موسوڵمان به‌ لێكه‌وته‌ی سیاسه‌تی چه‌وت و خه‌بات و شۆرشی بێ پێشه‌واو بێ پیلانی شه‌رعی و ڕه‌مه‌كیی ئیخوان ده‌بینێت و باسی لێوه‌ده‌كات.

ڕێگه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ڕوانگه‌ی سه‌له‌فیه‌تی مه‌دخه‌لییه‌وه‌ حیزبایه‌تی كردن به‌كارێكی داهێنراو و دوور له‌ڕێبازی پێشینه‌ چاكه‌كانه‌.(16).

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان.

بڕوانه‌: الوجیز فی عقیدە السلف الصالح (أهل السنە والجماعە), عبد الله بن عبد الحمید اڵاپری, وزارە الشۆون الإسلامیە واڵاوقاف والدعوە والإرشاد – السعودیە, گ1، 1422هـ, لا 32.
بڕوانه‌: – تأریخ الخلفا‌و, جلال الدین عبدالرحمن السیوگی,دار القلم, گ1, 1986م, لا312.
– التعریف بكتاب محنە الإمام أحمد بن حنبل, محمد نغش, الجامعە الإسلامیە بالمدینە المنورە, السنە الپانیە عشرە، العدد السابع واڵاربعون، والپامن واڵاربعون,1980ز, لا 382.

بۆ بینی ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی له‌باره‌ی میحنه‌تی خه‌لقی قورئانه‌وه‌ هاتون بڕوانه‌ : سیر أعلام النبلا‌و, الژهبی, تح: مجموعە من المحققین بإشراف الشیخ شعیب اڵارناۆوگ, مۆسسە الرسالە, گ2, 1985, (10/ 223, 9/ 159, 6/ 28, 10/ 610).
تاریخ حوداپ الزمان وأنبائه‌ ووفیات اڵاكابر واڵاعیان من أبنائه‌, الجزری, بیروت, 2006, ( 2/106).
بۆ تێگه‌شتن له‌بیرو باوه‌ڕی و چۆنیه‌تی ڕوانینی بن ته‌یمیه‌ له‌ قوتابخانه‌و گرۆ ئیسلامیه‌كان, بڕوانه‌:مجموع الفتاوی لابن تیمیە.
خواگر حول الوهابی, محمد بن أحمد بن إسماعیل المقدم, دار التوحید للتراپ، الإسكندریە, گ1، 1429 هـ – 2008 م, لا 46.
بڕوانه‌: حیاە الشیخ محمد بن عبد الوهاب وحقیقە دعوته, سلیمان بن عبد الرحمن الحقیل, گ1, 1999ز, لا 60- 65.
هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
بڕوانه‌: التمهید لشرح كتاب التوحید, صالح بن عبد العزیز ێ‌ل شیخ, دار الإمام البخاری, الدولە- قگر, گ1, 1432هـ, لا 15- 16.
البدعە چوابگها وأپرها السی‌و فی اڵامە, علی بن محمد بن ناصر الفقیهی, الجامعە الاسلامیە, گ2, 1414هـ, لا 13.
المعلوم من واجب العلاقە بین الحاكم والمحكوم, عبدالعزیز عبدالله‌ بن باز, دار السلفیە, گ1, 1422هــ, لا 22.
المدخلیە, http://www.almoumnoon.com /
الجامیە والمداخلە .. نشأتهم – أسماۆهم – مشایخهم, عبدالسلام راغب, http://islamion.com
بۆبینینی چه‌ند نمونه‌یه‌ك له‌م باره‌یه‌وه‌ بگه‌ڕێره‌وه‌ بۆكتێبی إعلام اڵاجیال, بكلام الإمام الوادعی, فی الفرق والكتب والرجال, دار اڵاپار, الیمن- صنعا‌و, گ1, 2008ز, لا 355.
احژر من السلفیە المدخلیە, مصگفی شرف الدین, http://mustafasharaf.blogspot.com/
المدخلیە .. تیار دینی ینصّب نفسه ممپلا حقیقیاً للسلفیە, صلاح الدین حسن, . http://www.islamyun.net

 

About دیدار عثمان

Check Also

رێبازە فیکرییەکانی ئێرانی سەردەمی عەباسییەکان بە جەخت کردنەوە لە سەر قیرمەتی و ئیسماعیلییەکان

ئیسماعیل مەحموودی مانیا رەزایی پوختە: جگە لە دەسەڵاتی ئالی بوویەی شێعە مەزهەب (٤٤٧-٣٣١) و بە …