Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / ئیبن خەلەکان.. لە ڕوانگەی شاکارە بەناوبانگەکەیەوە “وفیات الأعیان”

ئیبن خەلەکان.. لە ڕوانگەی شاکارە بەناوبانگەکەیەوە “وفیات الأعیان”

ئیبن خەلەکان.. لە ڕوانگەی شاکارە بەناوبانگەکەیەوە “وفیات الأعیان”

ibn-khellikan

یاسین تەها
کەس نییە بەدوای زانیاری مێژوییدا بگەڕێت لە سەدە ناوەنجییەکانی ئیسلام و ناچار نەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئیبن خەلەکانی ئەربیلی (1282ز مردووە)، چونکە کۆدەنگی هەیە لەسەر ئەوەی ناوبراو خاوەن باشترین و بەپێزترین بیبلۆگرافیای ناسینی کەسایەتییەکان و ژیاننامەی ناوداران و مێژووی گشتییە لە سەردەمی خۆی و بەرهەمەکەشی لەناو لێکۆڵەراندا بە وردی و دروستی ناوبانگی ڕۆشتووە(١). ئەم بەرهەمەی ئیبن خەلەکان جگەلەوەی لە ڕووی ئەمانەتەوە وردە، بەناوبانگترینیشە لە بواری خۆی تا سەردەمی ئێستا(٢). خاڵێکی تر کە هێز و سەنگی پێ بەخشیوە ئەوەیە زۆربەی ئەو بەرهەمە مێژوویيانەی لە سەردەمی ئیبن خەلەکاندا نوسراون فەوتاون و نەماونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بیبلۆگرافیاکەی ئیبن خەلەکان نەک بۆ ژیننامەی کەسایەتییەکان بەڵکو بۆ مێژووی گشتیش ببێتە سەرچاوە(٣).
بایەخی شاکارەکەی ئیبن خەلەکان زیاتر لە پێشەکییەکەیدا دەردەکەوێت(٤)، لەوێدا نوسەر دەڵێت: هەر لەدێر زەمانەوە خولیای کۆکردنەوەی هەواڵ و باس و بابەتی هەڵکەوتووان کەوتۆتە مێشکی لەگەڵ حەزی تۆمارکردنی مێژووی لەدایکبوون و مردنیان، ئەمەش بووەتە هاندەرێک بۆئەوەی ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە کە لەم بوارەدا لەبەردەستیدابوون، نەک هەرئەوە بەڵکو لە زاری مێژوونووسان خۆیانەوە کۆمەڵێک زانیاریی کۆکردۆتەوە کە لە سەرچاوەکانیتردا نین و تایبەتن بە شاکارەکەی ئیبن خەلەکان(٥).

ئیبن خەلەکان کێیە؟
ناوی تەواوی عەباس ئەحمەد خەلەکانە و نازناوی شەمسەدینە(٦). لە شاری هەولێر لەدایکبووە و بە ڕەچەڵەک هەندێکجار دەدرێتە پاڵ بەرمەکییەکان(٧)، بەڵام مێژوونووسانی وەک سەفەدی و کەتبی و کۆمەڵێکی تر لێکۆڵەر دەڵێن لە کوردانی هەکارییە(٨). سەرباری ئەم ناکۆکییانەش کۆدەنگی هەیە لەسەر ئەوەی نازناوی ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ باپیری سێیەمی کە خەلەکانە و بە قسەی ئەسنەویش (1370ز مردووە) خەلەکان ناوی گوندێکی دەوروبەری هەولێر بووە(٩).
ئیبن خەلەکان لە (1212 ز) لە هەولێر لە پەنا قوتابخانەی موزەفەرییە و لە ئامێزی قەڵا لەدایکبووە و لە ساڵی (1282ز)یش لەدیمەشق کۆچی دوایی کردووە(١٠).
باوکی ئیبن خەلەکان کە ناوی شەهابەدین محەمەدە کەسێکی شەرعزان بووە، سەردەمێک لە قوتابخانەی نیزامییەی بەغدا وەک موعید کاریکردووە، دواتر چووەتە موسڵ و چواردە ساڵ لەو شارە ماوەتەوە، پاشان هاتۆتە هەولێر و بووەتە جێگە متمانەی سوڵتان موزەفەرەدین کەوکەبەری فه‌رمانڕەوای شارەکە (١١). پێدەچێت ئەم مەنزڵ بە مەنزڵە تایبەتمەندی خێزانی ئیبن خەلەکان بێت، چونکە ناوبراو لە باوکی زیاتر گەشتی کردووە و هەولێر و موسڵ و حەلەب و دیمەشق و قاهیرەی تەی کردووە(١٢)، بەڵام ئەوە لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە پێگەشتن و پەروەردەبوونی لە هەولێر بووە، باوکیشی ڕۆڵی گەورەی دیوە لە گەیاندنی بە پایە و بە دەستخستنی مۆڵەتە زانستییەکانی ئەو سەردەمە(١٣). وادەریش دەکەوێت پەیوەندی باشی باوکی لەگەڵ سوڵتان موزەفەرەدینی سوڵتانی هەولێر یەکێکی تر بووبێت لە هۆکارەکانی دەرکەوتن و هەڵکەوتنی، چونکە لە باسی ژیاننامەی ناوبراودا ئیبن خەلەکان دەڵێت: خۆی ماف و چاکەی بەسەرمانەوە هەیە و باو باپیرانیشی چاکە و مافیان بەسەر باوباپیرانمانەوە هەیە(١٤).

ژیانی زانستی و وەزیفی ئیبن خەلەکان:
بەرلەوەی بارگە بگوازێتەوە بۆ موسڵ و حەلەب، ئیبن خەلەکان لە هەولێر لەسەر دەستی باوکی شەرعزانی خوێندووە، لەسەر دەستی ئین شەدادی مێژوونوسی تایبەتی سەلاحەدینیش ئاشنای ڕێزمانی عەرەبی بووە. جگە لەم دوانەش بەرلەوەی گه‌شتى دیمەشق بکات شێخ شەرەفەدین ئەحمەد بن موسی بن مەنعەی هەولێری (1203ز مردووە) و کۆمەڵێکی تر زانا وانەیان بە ئیبن خەلەکان وتووە(١٥)، دواتر لە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەکاری وانەبێژی سەرقاڵ بووە(١٦). پێش گەيشتنیشی بە تەمەنی (٢٩) ساڵان کراوەتە گەورەی دادوەرەکانی دیمەشق (١٧)، لە دوو ساڵی کۆتایی ژیانیشدا ئیبن خەلەکان خۆی یەکلایی کردەوە بۆ وانەبێژی و وازی لە کارى دادوەری هێناوە(١٨). لە (٢ تشرینی دووەمی ١٢٨٢ز) کۆچی دوایی کرد و لە چیای قاسیونی دیمەشق لە گۆڕستانی غەریبان ئەسپەردە کراوە و تا کۆچی دواییشی کرد لەسەر ئاینزای شافیعی سوننە بووە(١٩). زۆرکەس شایەتی چاکەیان بۆ ئیبن خەلەکان داوە چ وەک بەهرەمەندێک و چ وەک کەسێکی ئایندار و نوسەر و ورد لە تۆمارکردنی مێژوو(٢٠). سەرباری ئەو هەموو بوارەشی کە ئیشی تیاکردووە تەنها کتێبی ” وفيات الأعيان وأنباء أبناء الزمان ” لەوەوە بەجێماوە.

چاپ و وەرگیڕانەکانی “وفيات الأعيان”:
ئیبن خەلەکان لە قاهیرە و لە تەمەنی (٤٦) ساڵیدا دەستی بە نوسینی شاکارەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی دەستبەکاربوونی لە دادگای دیمەشق وەک گەورەی دادوەرانی شارەکە ناچاربووە داببڕێت لە نووسین و دواتر گەڕاوەتەوە سەری و دروست لە ساڵی 1273ز “وفيات الأعيان”ی تەواو کردووە، وێنەیەکی ئەم بەرهەمەش بە دەستنووس تائێستا لە مۆزەخانەی بەریتانی پارێزراوە(٢١)، بە قسەی ڕۆژهەڵاتناس (فرانس ڕوزنثال)یش یەکێک لە دەستنووسەکانی ئەم کتێبە بە خەتی ئیبن خەلەکان خۆیەتی و لە دووتوێی پێنج بەرگدا نوسراوەتەوە و ڕوزنثال خۆی ئەم نوسخەی دیوە(٢٢).
شاکارەکەی ئیبن خەلەکان “وفيات الأعيان” بە چەند زمانێک و چەند چاپێک بڵاوکراوەتەوە. لە ئەڵمانیا ڕۆژهەڵاتناس فستنفلد (فردیناند) دەوروبەری ساڵی ١٨٣٥ز چاپێکی بڵاوکردۆتەوە، بەهەمانشێوەی ئەویش ڕۆژهەڵاتی فەرەنسی (دە سیلین) چاپێکی بڵاوکردۆتەوە و ساغیکردۆتەوە، جگە لەوانەش چاپێکی میسری هەیە لە چاپخانەکانی بۆلاق لە ساڵى ١٢٩٩ز، لە تارانیش ساڵی ١٨٦٧ز چاپکراوە، هەر لەم ساڵەشدا لە ئەستەمبوڵ وەرگیڕدراوەتە سەر زمانی تورکی، لەلای خۆشییەوە ڕۆژهەڵاتناس (دە سیلین) لە دووتوێی چوار بەرگدا وەریگیڕاوەتە سەر فارسی و لە شارەکانی پاریس و لەندەن بڵاویکردۆتەوە(1871 ز) (٢٣).

میتۆدی ئیبن خەلەکان لەنووسینی “وفيات الأعيان”:
ئیبن خەلەکان سەرەتا بەنياز بووە “وفيات الأعيان” لەسەر ساڵی مردنی کەسانی ناودار بنوسێتەوە، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتووە ئەمە ئەستەمە و قورسە، ناچار بەپێی پیت ژیاننامەی ناودارانی ڕێکخستووە بەجۆرێک هەرکەس یەکەم پیتی ناوەکەی هەمزە بێت پێشیی خستووە دواتر ئەوەی دووەم پیتی ناوەکەی ئەم پیتەیە یان نزیکە لێوەی، ئەمەش لەپێناو ئاسانکاری بۆ خوێنەر، بەڵام وەک خۆی دەڵێت لایەنێکی خراپیشی هەبووە ئەویش تێکدانی ڕیزبەندی زەمەنی ژیانی کەسانی ناودارە(٢٤).
ئیبن خەلەکان ژیاننامەی هاوەڵانی پێغەمبەر(د.خ) یان شوێنکەوتەکانیان (تابعین) یان خەلیفەکانی تۆمار نەکردووە تەنها کۆمەڵێکی کەم نەبێت کە خەڵک پێویستی زۆری پێیانە. هەروەها ژیاننامەکانی شاکارەکەی پەیوەست نییە بە توێژێکی دیاریکراو، بەڵکو هەمەجۆر و هەمەچەشنە و لە نوسینەوەی ژیاننامەکاندا کورت بڕی کردووە و تاپێی کرابێت هەوڵیداوە ساڵی لەدایکبوون و مردنيان ساغ بکاتەوە لەگەڵ ڕەچەڵەک و نەسەبیان، جگەلەوەش بەکورتی باسی لایەنە باشەکانی ناودارانی کردووە لەگەڵ هەرشتێکی تایبەت کە هەیانە وەک شیعر یان نامە یان هەڵوێستێکی دیار.
لە پێشەکی “وفيات الأعيان”دا ئیبن خەلەکان ڕونیکردۆتەوە کە نایەوێت ژیاننامەی خەلیفەکان تۆمار بکات، ئەوانە نەبێت کە ساڵی وەفاتیان دەزانرێت. خۆ بواردنیشی لە نوسینەوەی ژیاننامەیان لەبەرئەوە نەبووە کە شتی دەست نەکەوتووە، بەڵکو بەهۆی میتۆدی نوسینەوەی کتێبەکەی بووە و نەیویستوە چاو لە بەرهەمەکانی تر بکات و دووبارەیان بکاتەوە(٢٥).
کۆمەڵێک زانیاری بێ وێنە و بێ پێشینە هەن لە “وفيات الأعيان”دا دەربارەی دوا ڕۆژەکانی حوکمڕانی فاتمییەکانی میسر، لەگەڵ سەردەمی حوکمڕانی سەلاحەدینی ئەیوبی و ژیاننامەی ئەم ناودارە و ئەسەدەدین شێرکۆی مامی(٢٦).
خاڵی بەهێزی “وفيات الأعيان” لەوەدایە بە بەراورد بە کتێبە هاوشێوەکانی کە نوسەرەکەی گرنگی زۆریداوە بە سەلماندنی ساڵی لەدایکبوون و وەفاتی ناوداران بەجۆرێک ئەگەر ساڵی مردنی ناودارێکی دەست نەکەوتبێت ئەوا ژیاننامەکەی هەڵگرتووە و پۆزشی بۆ خوێنەر هێناوەتەوە و زۆرجار دەڵێت ژیاننامەی فڵان کەسم نەنووسی لەبەرئەوەی ساڵی وەفاتەکەیم نەدەزانی(٢٧)، ئەمەش بۆ زانایانی فەرموودەناسی زۆر زۆر گرنگە تا لە ڕێی ساڵەکانی وەفاتی ناودارانەوە سەنەدی ڕاوییەکانی فەرموودە ساغ بکەنەوە و پەیوەندی ڕاوییەکان بەیەکترەوە بزانن و سەنەدی بچڕاو (منقطع) لە سەنەدی پێکەوە گرێدراو (متصل) جیا بکەنەوە، هەر بەهۆی ئەمەشەوە گەلێک کەس ئاشکرا کراون کە فەرموودەیان هەڵبەستووە و بەڵگەیان نەبووە کە لە دەمی پێش خۆیان بیستبێت. ؛
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان
(1) جب: علم التأريخ، ترجمة لجنة الترجمة لدائرة المعارف الإسلامية (ابراهيم خورشيد وآخرون)، دار الكتاب اللبناني، بيروت،ص 100 ؛ رجب محمود بخيت: اعلام المؤرخين، مكتبة جزيرة الورد، القاهرة، ص 240
(٢) شاكر مصطفى: التأريخ العربي والمؤرخون العرب، دار العلم للملايين، بيروت، ط 3 سنة 1987، ج1، ص430.
(٣) يسري عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين المسلمين، حتى القرن الثاني عشر الهجري، دار الكتب العلمية، بيروت، ص78.
(٤) علي ابراهيم حسن: استخدام المصادر وطرق البحث في التاريخ الاسلامي العام وفي التاريخ المصري الوسيط، مكتبة النهضة المصرية، القاهرة، ط3، 1980، ص 156.
(٥) ابن خلكان: وفيات الاعيان وانباء ابناء الزمان، تحقيق احسان عباس، بيروت،ج1، ص 19_21.
(٦) تغري بردي: النجوم الزاهرة في ملوك مصر والقاهرة، المؤسسة المصرية للكتاب، القاهرة، 1963، ج7، ص 353.
(٧) ابن خلكان: وفيات الأعيان وأنباء أبناء الزمان،ج1، ص5 ؛ يسري عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين المسلمين، ص 120
(٨) الصفدي: الوافي بالوفيات، تحقيق، احسان عباس، بيروت، 1969، ج7، ص 313 ؛ الكتبي، فوات الوفيات، تحقيق، إحسان عباس، دار صادر، بيروت، ج1، ص 113.
(٩) الأسنوي: طبقات الشافعية، تحقيق، عبدالله احمد الجبوري، مطبعة الارشاد، بغداد، ج1، ص 495.
(١٠) ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج2، ص 344 ؛ فرانز روزنثال: علم التاريخ عند المسلمين، ترجمة صالح أحمد العلي، مؤسسة الرسالة، بيروت الطبعة الثانية، 1983 ، ص 764
(١١) عبدالقادر أحمد طليمات، مظفرالدين كوكبري، المؤسسة المصرية العامة للتأليف، القاهرة، 1963، ص 15 ـ 55.
(١٢) ابن خلكان: وفيات الاعيان، ج7، ص 27_36 (دراسة المحقق).
(١٣) ابن خلكان: وفيات الاعيان، ج7، ص 23 _ 24.
(١٤) ابن خلكان: وفيات الاعيان، ج4، ص 115_120.
(١٥) فراز روزنثال: عام التاريخ عند المسلمين، ص 764 ؛ شكيب راشد آل فتاح: مجدالدين بن الأثير (دراسة نصية)، بحث منشور في مجلة الدراسات الموصلية، العدد 33، رجب 1432 هـ/ حزيران 2011.
(١٦) ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج1، ص 123؛ ج3، ص 195_196 ، ج4، ص 10 ؛ عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين ص 120 ـ 121.
(١٧) عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين ص 120.
(١٨) عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين، ص 120.
(١٩) علي أبراهيم حسن: استخدام المصادر وطرق البحث في التاريخ الاسلامي، ص 156.
(٢٠) علم التاريخ عند المسلمين ص 764.
(٢١) عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين المسلمين، ص77.
(٢٢) فرانز روزنثال: علم التاريخ عند المسلمين ص 764 ؛ عبدالرحمن البدوي: موسوعة المستشرقين ص 399.
(٢٣) عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين المسلمين ص 77.
(٢٤) ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج1، ص19_21.
(٢٥) وفيات الأعيان، ج1، ص 19_21.
(٢٦) علي ابراهيم حسن: استخدام المصادر ص 156.
(٢٧) رجب محمود البخيت: أعلام المؤرخين مكتبة جزيرة الورد، مصر، ص 241.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …