Home / ناوداران / سوهەیبی ڕۆمی

سوهەیبی ڕۆمی

 

sohaeb

سوهەیبی ڕۆمی

نووسينى: نهاد جلال حبيب الله

یەكێكی ترلە هاوەڵانی خۆشەویستی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) ناوی صوهەیب بوو كە پێی دەوترا صوهەیبی ڕۆمی، ئەمە ئەو هاوەڵە بوو لە پێناو خوادا وازی هێنا لە هەموو سامانی خۆی تا خۆی بگەیەنێت بە پێغەمبەری خوا، پێغەمبەریش (صلى الله علیه وسلم)پێی دەفەرموو صوهەیب براوە بوو، صوهەیب براوە بوو.

صوهەیب كوڕی یەكێك لەو دەسەڵاتدارانە بوو كە لە عێرقدا دەژیا و دەسەڵاتێكی زۆری هەبوو و كاربەدەستی كیسرای فارس بوو، باوكی سوهەیب لە ناوچەی ئوبللە دەسەڵاتدار بوو، ئیتر بەو هۆیەوە صوهەیب بەردەوام لە خۆشیدا دەژیاو سەختی و ناڕەحەتی نەهاتە ڕێی.

هەرچەندە سوهەیب لە عێراقدا لە دایك بوو بەڵام دواتر ماوەیەكی زۆر لە ناو ڕۆمیەكاندا ژیانی بردەسەر.

ڕۆژێكیان صوهەیب لەگەڵ دایكیدا هاودەم بە چەند پاسەوان و چەند خزمەتگوزارێك لە ناوچەی خۆیان چوونە دەرەوەو چوون بۆ ناوچەیەكی تر، كەچی لەو كاتەدا ڕۆمەكان هێرشیان بردە سەر ئەو ناوچەو هەرچی پاسەوان و پیاوەكان هەبوون كوژران و ژن و منداڵەكانیش بە كۆیلە گیران.

صوهەیبیش یەكێك بوو لەو منداڵانەی كە ڕۆمەكان گرتیان و بردیان بۆ بازاڕو وەك كۆیلە فرۆشتیان، ئیتر هەرجارەو صوهەیب لای كەسێك كۆیلە بوو و خزمەتی دەكرد و دواتر دەفرۆشرا بە كەسێكی تر، بەوجۆرە ژیانێكی ناخۆشی كۆیلایەتی بەشی ئەو منداڵە هەژارە بوو.

جارێكیان صوهەیب تەواو لە دەست ستەمی یەكێك لە گەورەكانی بێزار بوو و بڕیاری دا خۆی ڕزگار بكات، بۆیە ڕای كردو چوو بۆ شاری مەككەو لەوێ لەگەڵ كەسێكدا ڕێك كەوت و كەوتە ئیش كردن و دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆی و لە مەككەدا بەرەبەرە گەورە دەبوو.

جارێكیان صوهەیب لەدەمی یەكێك لە زانا مەسیحیەكانەوە بیستبووی كاتی ئەوەیە لەناو عەرەبدا لە مەككە پێغەمبەری كۆتا زەمان دەربەكەوێ، بۆیە سوهەیب بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێ بوو ئەو پێغەمبەرە دەربكەوێت تا خێرا باوەڕی پێ بهێنێت.

هێندەی نەبرد هەواڵی هاتنی پێغەمبەری خوای بیست، بیستی دەیانوت محەمەدی كوڕی عەبدوڵا بانگەواز دەكات بۆ ئایینێكی نوێ و بڕوای نیە بە بتەكان و دەڵێت دەبێت تەنها یەك خوا بیەرستیت. بۆیە بەیانی زوو پێش ئەوەی خەڵكی بێنە دەر صوهەیب كەوتە ڕێ بەرەو ماڵی ئەرقەم.

ماڵی ئەرقەم ئەو ماڵە بوو كە لە مەككەدا تیایدا هاوەڵان بە نهێنی كۆدەبوونەوەو پێغەمبەری خوایان دەبینی و لەوێ پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) باسی ئایینی خوای بۆ دەكردن.

صوهەیب بە نهێنی چوو بۆ ماڵی ئەرقەم و سەیری كرد عەمماری كوڕی یاسر لە بەردەرگایە، كەمێ وەستاو دواتر لێی نزیك بوویەوەو وتی

ئەی عەممار لێرە چی دەكەیت؟

ئەویش وتی ئەی تۆ چی دەكەیت؟

صوهەیب وتی دەمەوێ بچم بۆ لای موحەمەدو وتەكانی ببیستم بزانم چی دەڵێت.

عەمماریش وتی منیش بۆ هەمان شت هاتووم

بۆیە پێكەوە چوونە ژوورەوە، لەوێ گوێیان گرت لە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم)و تامەزرۆی ئیسلام بوون و خێرا لەوێ موسڵمان بوون و وازیانهێنا لەو بتپەرستیەی لە مەككەدا باو بوو، هەموو ڕۆژەكە لای پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) مانەوە تا شەو داهات، ئەو كات بە نهێنی چوونەوە بۆ ماڵی خۆیان.

دوای ئەوە صوهەیب زۆر بەخۆشی و بەختەوەریەوە ژیانی دەبردە سەر و وا هەستی دەكرد بەو موسڵمان بوونەی تازە لەدایك بووە.

هێندەی نەبرد بێباوڕەكان زانییان صوهەیب موسڵمان بووە، ئیتر كەوتنە گاڵتە پێكردن وقسە پێوتن و سزادانی، ئیتر لە گەرمای ناو مەككەدا بەسەر بەردو خاكدا ڕایاندەكێشاو بە قامچی لێیان دەداو بەردی گەورەیان لە سەر سكی دادەناو هەر سزایەكی سەختیان بۆ بەكار دەهێنا، بەڵام صوهەیب ئامادە نەبوو بە هیچ جۆرێ‌ دەستبەرداری ئایینەكەی ببێت.

پاش ماوەیەك پیغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) بریاریدا موسڵمانان كۆچ بكەن بۆ مەدینە، بەڵام صوهەیب ڕێی لێگیرا كۆچ بكات، بێباوەڕەكان پێیان وت دەبێ هەموو پارەو سامانەكەت دابنێیت ئینجا بچیت بۆ مەدینە.

ئەو كات پیغەمبەریش (صلى الله علیه وسلم) كۆچی كردبوو بۆ مەدینە.

صوهەیبیش بڕیاریدا چی سامان و پارەی هەیە بیدات بەوان تا ڕێی پێ بدەن خۆی بگەیەنێتە پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)، كاتێ‌ پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) ئەمەی بیست فەرمووی ئەبویەحیا(صوهیەب) بردیەوە، ئەبویەحیا بردیەوە.

بێباوەڕەكان بەوەشەوە وازیان نەهێنا لە صوهەیب و كەوتنە شوێنی، صوهەیبیش تیروكەوانەكەی دەركردو پێی وتن بەخوا ناهێڵم بگەنە لام تا بەم چل تیرەی پێمە چل كەستان نەكوژم، دوای ئەوەش بە شمشێر لێتان ئەدەم.

ناچار ئەوانیش ترسان و گەڕانەوەو وازیان لێ هێنا، ئیتر صوهەیب كەوتە ڕێ تا گەیشتە مەدینە و بە دیداری پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) شادبوویەوە.

صوهەیب كەسێكی زۆر بەخشندەو دەست كراوە بوو، هەروەها كەسێكی زۆر خاكی و نەرم و نیان و رووخۆش و قسە خۆش بوو، بە قسە خۆشەكانی دڵی هاوەڵانی خۆش دەكرد. هەرگیز كەسی تووڕە نەدەكرد.

صوهەیب بەردەوام لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله علیه وسلم) بوو و بەشداری غەزاكانی دەكرد و لە جەنگی بەدردا بەشداری كرد، ئیتر تا كۆچی دوایی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) هەمیشە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) بوو و لەیەك جەنگە دوا نەدەكەوت.

پێغەمبەر (صلى الله علی) كە كۆچی دوایی كرد زۆر لە صوهەیب ڕازی بوو و هاوەڵانیش صوهەیبیان زۆر خۆش دەویست.

ئیمامی ئەبوبەكرو ئیمامی عومەریش لە كاتی دەسەڵاتیاندا ڕاوێژیان پێ دەكرد، تەنانەت كاتێ ئیمامی عومەر لەلایەن دوژمنێكی ئیسلامەوە بریندار كرا فەرمانی كرد صوهەیب بەرنوێژی بكات بۆ خەڵك، لە كاتی ئەسپەردەكردنی تەرمی ئیمامی عومەریشدا صوهەیب لەگەڵ ئیمامی عوسماندا چوونە ناو گۆڕەكەو تەرمی ئیمامی عومەریان داگرت و دانا.

ئیمامی عوسمانیش بە هەمان شێوە لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا زۆر ڕێزی صوهەیبی دەگرت، بەڵام هێندەی نەبرد ئیمامی عوسمانیش كۆچی دوایی كرد.

صوهەیب لە سەردەمی ئیمامی عەلیشدا بە هەمان شێوە ژیا، تا ئەوەی دوای تەمەنێكی زۆری هەوڵ و خزمەت كردن بە ئیسلام لە ساڵی (38)ی كۆچیدا لە شاری مەدینەدا كۆچی دوایی كردو لەوێش تەرمەكەی ئەسپەردە كرا.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …