Home / ناوداران / تێكۆشەری ماركسی و ڕۆژنامەنووس و ئەدیب مەلا شەریفی رەنگەڕێژانی 1925-1976

تێكۆشەری ماركسی و ڕۆژنامەنووس و ئەدیب مەلا شەریفی رەنگەڕێژانی 1925-1976

19668042_1479223815493060_1385158040_n

مةلا

ئا: كەریم شارەزا

خەباتگێری ماركسیی كوردو ڕۆژنامەنووس مەلاشەریفی كوڕی مەلا عوسمانی كوڕی مەلا عەبدولكەریمی رەنگەرێژانی و ، ناسراو بەمەلا عرووس لە سالی 1925 دا لە هەولێر لەدایكبووەو لە تەمەنی حەوت ساڵیدا چۆتە بەرخوێندنی مەلایەتی و لەسەردەمی خوێندنی فەقێیەتیدا لەگەڵا شێخ عەوبدوڵڵای كوڕی شێخ مستەفای نەقشبەندی ومامۆستا عوسمانی مەلا صاڵحی كۆزەپانكە خوێندوویەتی تاكو بووەتە مەلا ؛ كەچی ئیجازەی مەلایەتی وەرنەگرتووە، بەڵام لەڕێگەی خۆفێركردنەوە خۆی پێگەیاندووەو گەلێك سەرچاوەی سیاسی خوێندۆتەوەو بەزیرەكی خۆی لەرێگەی مامۆستای تایبەتیەوە فێری چەند زمانێكی بیانی وەك فەڕەنسی و ئینگلیزی‌و فارسی بووە، جگە لەزمانی كوردی كەزمانی زگماكی خۆی بووە. مەلا شەریف لەسالی (1942) ــەوە چووتە كۆڕی خەباتی چینایەتی و بۆ بژێویی ژیانیشی چەند فرمانی حكومی دیوەودوا فرمانی (مولاحز) بووە لەچایخانەی هەولێری سەربەشارەوانی و تا رۆژی كۆچی دوایی لەرۆژی 28/4/1976 دا بەنەخۆشی دڵا ، وەك كەسایەتییەكی خەباتگیروخۆشەویستی جەماوەری میللەت ناسراوە .(1)

مەلا شەریفی سیاسی و خەباتگێڕ :
مەلا شەریفی رەنگەرێژانی لەتێكۆشەرە پێشەنگە ماركسییەكانی هەولێر بوو ، لەسەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمەوە پەیوەندی بەڕێكخراوی ماركسییەوە كردووەولەسەرەتای ژیانی سیاسی پەیوەندی بەرێكخراوی سیاسی (بۆ پێشەوە) بووە. ئینجا چووتە ناو ڕێكخراوی (كۆمەڵی میللەت) و لەهاوینی 1943 دا چووتە بەغدا كە ئەوساكە پەیوەندی بەرێكخراوی ماركسی (یەكێتی تێكۆشین) ــەوە بووە. لەشاری بەغدا چاوی بەهاوڕێ‌ (فەهد) ی سكرتێری گشتیی حزبی شیوعیی عێڕاق كەوتووەو ، (فەهد) قەناعەتی پێهێناوە واز لەرێكخراوی (یەكێتیی تێكۆشین) واتە (وحدە النچال) بێنێ‌ و بچێتە ناو حزبی شیوعیی عێڕاق جەماعەتی (قاعدە) .
(مەلا شەریف) ی چوست وچالاك لەسالی 1945 دا بەشداریی لەكۆنفرانسی یەكەمی حزبی شیوعیی عێڕاقدا بەسەرپەرشتی هاورێ‌ (فەهد) كردووە ، لەكۆتاییدا بەئەندامی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژێردراوەو ناوی خوازراوەی (فوئاد) بووەو دەرچوواندنی رۆژنامەی ئازادیی ئۆرگانی لقی كوردی حزبی شیوعیی پێ سپێردراوەو كراوەتە بەرپرسی لقەكەی حزب تاكو لەساڵی 1947 دا، كە سكرتێری گشتیی حزب هاوڕێ‌ فەهد دەگیرێ‌ لەماڵی ئیبراهیم ناجی لەگەرەكی صاڵحیەی بەغداو مالیك سیف لەجێی ئەو كاروباری حزب بەرێوە دەبات .
مەلا شەریف باوەڕی بەسەركردایەتیی مالیك سێف نابێت ودەلێ‌ : ئەو كەسە لەئاستی لێپرسراوی حزب دانیەو كاری لەگەڵدا ناكات تاكو هاورێ‌ فەهد بەرنەبێ‌ ئەو واز لەحزب دێنێ‌ بەدرەنگەوە وازهێنانەكەی لێ‌ قەبوول دەكری(2).
بۆ چوونەكەی مەلا شەریف بەڕاست گەڕاو زۆری پێنەچوو مالیك سێف گیراو هەموو نهێنییەكانی حزبی ئاشكراكردو دوای ئەو وازهێنانەیشی هەر لەسەر هەڵوێستی سیاسیی خۆی مایەوە تاكو دوا ڕۆژی ژیانی وەك تێكۆشەرێكی كوردپەروەری پاك مایەوە.

مەلا شەریفی شاعیر:
مەلا شەریف شاعیرێكی واقیعی بوو، لەسەرەتادا شیعری كلاسیكی دەنووسی و وەسفی نیشتمانەكەی خۆی دەكرد. بۆ نموونە: لەهۆنراوەیەكیدا بەناوی (بەیادی وەتەن) دەلێ‌ :
هەڵئەسم وەختی بەیانی سەیری كوردستان ئەكەم
دیقەتتی باخ وگوڵانی جەننەتی عەدنان ئەكەم
ئەم دڵەی من گەرچی نازانێ‌ كە مەئیووسی چییە ؟
ئەم چیایەی پڕ نەغمە من چەند ئەبینم ژان ئەكەم
تاكو لەكۆتایی هۆنراوەكەیدا دەڵێ‌:
میللەتی كورد (رەنگە رێژانی) وەها موشتاقە بۆت
قیبلەمی تۆ هەردەمێك بۆت ئارەزووی سوتان ئەكەم(3)

مەلا شەریفی ئەدیب وبەرهەمەكانی:
مەلا شەریف نووسەرێكی چالاك و لێهاتوو بوو، چەند كتێبێكی بەنرخی دانا ، ئەمانەی خوارەوەی لێ‌ چاپكردن:
1- الصداقە العربیە الكوردیە 1959
2- لمحە عن اڵاكراد – دانانی تۆمابوا – لەساڵی 1973 دا لەفەرەنسیەوە كردوویەتییە عەرەبی و بەیارمەتی كۆڕی زانیاری كورد لەبەغدا چاپكراوە.

بەرهەمە دەسنووسەكانی:
1- ریزمانی كوردی 2- رۆمیۆوجوولێتی چینی لەفەرەنسیەوە كردوویەتی بەكوردی.

مەلا شەریف و یەكێتیی نووسەرانی كورد:
مەلا شەریف وەك ئەدیبێكی دڵسۆزی كولتووری كوردی، لەسالی 1970 دا لەگەل دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورد لە 10/2/1970 دا بووەتە ئەندامێكی كارا لەو یەكێتیە و لەكۆنگرەی یەكەمی یەكێتیەكە كە لەڕۆژانی 23 و 24/6/1970 لەبەغدا بەسترا بەشداری كردووەو بووەتە ئەندامی دەستەی دامەزرینەرو لێژنەی ئامادەكردنی كۆنفرانسی یەكەمی لقی یەكێتیی هەولێر. تاكو رۆژی كۆچی دوایی لەهەموو كۆنگرەو كۆنفرانس و سیمینارێكی یەكێتیی نوسەرانی كورد بەشداری دەكرد.
كاتێك كە كۆچی دوایی كرد یەكێتیی نووسەران لقی هەولێر لەرۆژی چلەی ماتەمینی كۆڕێكی گەورەی بۆ سازداو لەوكۆڕەدا : ئەحمەد دڵزار و جەودەت ئەحمەد ناجی و كەریم شارەزا و هاشم عەبدوڵڵا و عەبدوڵڵا حەداد بەوتاری بەپێز دەوری ئەو زاتەیان لەمەیدانی خەباتی سیاسی و رۆشنبیریی دا بەجوانی بەدیارخست(4).

سەرچاوە:
(1) زبیر بلال اسماعیل – علما‌و ومدارس فی أربیل – الموصل 1984
(2) مامۆستا صالح حەیدەری – مژكرات ولمحات – جریدە الاتحاد – 1/1/1993
(3) گۆڤاری گلاوێژ- ژمارە (6) سالی (5) حوزەیرانی 1944
(4) گۆڤاری نووسەری نوێ‌ – ژمارە (3) سالی 1978 – لەیادی محەمەد شەریف عوسماندا

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …