Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / چاوخشاندنێ‌ بە سەردەمەكانی مێژووی ئیسلامیدا

چاوخشاندنێ‌ بە سەردەمەكانی مێژووی ئیسلامیدا

چاوخشاندنێ‌ بە سەردەمەكانی مێژووی ئیسلامیدا

ئێمە ناتوانین لێرەدا وردەكاری سەردەمەكانی مێژووی ئیسلامی باس بكەین، بەڵام بە كورتی دیمەنی گشتی قۆناغەكانی مێژووی ئیسلامی دەخەینەروو تا ببێتە زانیاریەكی گشتی بۆ خوێنەری ئازیز‌و بەرچاوروونیەك بۆ خوێندنەوە سەبارەت بە قۆناغەكانی مێژووی ئیسلامی.

سەردەمی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم):

ئەم سەردەمەش دابەش دەكرێت بەسەر چەند قۆناغێكدا:

یەكەم: قۆناغی پێش پێغەمبەرایەتی.

لەم قۆناغەدا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)بە چەند بارێكدا تێپەڕ بوو، لەوانە:

مردنی باوك‌و دایك‌و باپیری‌و نەبوونی هیچ خوشك‌و برایەك.

كاری شوانەیی: بوارێكی دیارو بڵاوی ژیانی ئابووری ئەو سەردەمە بووە, پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەم كاری شوانەیییەی كرد تا یارمەتی مامی بدات, لەم كاری شوانەییەدا چەندین شت فێر بوو, وەك خۆڕاگری‌و لەسەرخۆیی‌و بەتوانابوون‌و سۆزداری‌و …هتد.

كاری بازرگانی: ئەبووتالیب هەوڵیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ببات لەگەڵ خۆیدا بۆ كاری بازرگانی تا فێری كاری بازرگانی ببێت, ئەمەش سەرەتای ئاشنابوون بوو بەو بوارە.

بواری جەنگ‌و سەربازی: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو ماوەیەدا بەشداری جەنگی كرد.

هاوپەیمانی‌و كاری سیاسی: وەك پەیمانی فضول.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاری شوانەیی دەكرد لە شاری مەككەدا, چونكە ئەوە كاری هەموو پێغەمبەرانی پێشوو بووە، بە دڵنیاییەوە قوتابخانەیەك كە هەموو پێغەمبەران تیایدا وانەیان وەرگرتبێ دەبێ قوتابخانەیەكی گرنگ بێت, چونكە شوان بە پێی ئیشەكەی كۆمەڵێ شت فێر دەبێ كە لە مەیدانەكانی تردا بەو جۆرە نییە.

شوان دەبێ ڕابكات بە شوێن مەڕو ماڵاتەكەدا‌و خۆڕاگر بێ‌و كۆیان بكاتەوە‌و بیانپارێزێ‌و سۆزی هەبێت بۆیان, لێیان تێبگات‌و جوان پێیان بگەیەنێت .

دواتر كاری بازرگانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە لەبەر دەستپاكی‌و ڕاستگۆییەكەی جێی متمانە بوو, بۆیە خەدیجەی كچی خوەیلدی گەورە بێوەژنی دەوڵەمەند داوا دەكات لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا كاری بازرگانی بۆ بكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوودێكی زۆری لێ وەرگرت لە ئاشنابوون بە باری ئابووری‌و بوارەكانی ژیانی گەلان‌و ناوچەكانی تر.

هەروەها لە بواری سەربازیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشداری دەكات لە جەنگدا‌و یارمەتی مامەكانی دەدات لە كاتێكدا تەمەنی 15 ساڵە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە پێگەی كۆمەڵایەتیدا زۆر بەهێز بوو, بەڵكو ببوو بە نموونە لە نێو خەڵكدا, خەڵكەكە بە ڕاستگۆ‌و دەستپاك ناویان دەبرد، بۆیە لە زۆر بواردا پشتیان پێ دەبەست‌و ئەمانەتەكانیان لای ئەو دادەنا‌و گرفتەكانیان دەبردە لای ئەو چارەسەریان بكات بۆیان, وەك گرفتی بنیاتنانەوەی كەعبە كاتێ كە قوڕەیش كەعبەیان ڕووخاند تا سەرلەنوێ نۆژەنی بكەنەوە, لە دانانەوەی بەردەڕەشی كەعبەدا گرفتیان بۆ دروست بووو هەر یەكەو دەیویست بە دانانی بەردەڕەشەكە پێگەی خۆی بەرز بكاتەوە, پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چارەسەری گرفتەكەی بۆ كردن‌و هەموان پێی ڕازی بوون.

لە مەڕ باس‌و خواسی ژنهێنانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەبینین بڵندی‌و شكۆداری كەسایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وادەكات كە باری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە لە بەرامبەر ئەودا ڕۆڵ نەبینێ‌و ئافرەتێك بەوپەڕی دەوڵەمەندی‌و ناودارییەوە داوا بكات تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕازی بێت بە هاوسەرگیری نێوانیان كە ئەویش خەدیجەی كچی خوەیلد بوو، بە هاوسەرگیری نێوانیان باری ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چاك بووو عەلی كوڕی ئەبوو تالیبی هێنا بۆ لای خۆی تا یارمەتی ئەبوتالیبی مامی بدات، هاوكات لە خەدیجەی خێزانی پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) خوای گەورە ئەم منداڵانەی پێ بەخشین: قاسم, زەینەب, روقییە, ئوم كلپوم, فاگمە عەبدوڵا.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیانی تەنهایی لا گرنگ بوو, بۆیە لە مانگی ڕەمەزاندا دەچوو بەرەو ئەشكەوتی حەڕا‌و لە دەرەوەی مەككەو لەوێ ژیانی تەنهایی دەبردەسەر.

دووەم: قۆناغی مەككە:

لەم قۆناغەدا سەرەتای بانگەوازی خوایی دەستی پێكرد، قورئان كە دەستووری خوایی بوو بۆ مرۆڤەكان‌و كۆتا كتێبی ئاسمانی بوو بۆ یەكەم جار دابەزیە سەر پێغەمبەر(صلى اللهعليه وسلم)، بە كورتی گرنگترین رووداوەكانی ئەم قۆناغە بریتی بوون لە:

دابەزینی سروش بۆ سەر پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە ئەشكەوتی (حرا‌ء)دا‌و بوون بە پێغەمبەری موحەممەدی كوڕی عەبدوڵا.

سەرەتای بڵاوكردنەوەی بانگەوازی پێغەمبەرایەتی‌و موسڵمانبوونی چەند كەسێكی دەوری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)‌و ماوەی سێ ساڵ بانگەواز بە نهێنی بوو.

ئاشكراكردنی بانگەوازی ئیسلامی‌و زۆربوونی رێژەی موسڵمانان‌و هاوكات تووشبوونی موسڵمانان بە نارەحەتی‌و ئەو ئازارانەی بێباوەرانی قورەیش تووشیان دەكردن.

گەمارۆدانی سێ ساڵەی موسڵمانان‌و دواتر هەڵوەشانەوەشی.

مردنی خەدیجەی دایكی باوەرداران‌و خێزانیپێغەمبەری خوا‌و ئەبووتالیبی مامی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە ئەو دوو مەرگە نارەحەتیەكی زۆریان بۆ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دروستكرد.

كۆچكردنی هەندێ لە موسڵمانەكان بۆ حەبەشە‌و گەیاندنی پەیامی ئیسلام بۆ دەرەوەی ناوچەكە‌و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بانگەوازی ئیسلامی.

چوونی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ تائیف‌و ئاارچەشتنی‌و گەرانەوەی بۆ مەككە.

بەستنی بەیعەتەكانی عەقەبە‌و دانانی سەرەتاكانی بنكەی ئیسلامی لە مەدینە.

سەرەتاكانی كۆچكردنی موسڵمانان بۆ مەدینە‌و دروستكردنی یەكەم بنكەی دەوڵەتی ئیسلام.

سێیەم: قۆناغی مەدینە:

لەم قۆناغەشدا گرنگترینرووداوەكان بریتیبوون لە:

بەردەوامی دابەزینی سروش بۆ سەر پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تا كامڵبوونی ئایینەكە.

دروستكردنی مزگەوت‌و كردنی بە بنكەی پەرستش‌و بنیادی تاك‌و كۆمەڵگەش.

نەهێشتنی دووبەرەكیەكان‌و دروستكردنی برایەتی نێوان كۆچەران‌و پشتیوانان لەلایەك‌و ئاشتكردنەوەو بەبراكردنی ئەوسی‌و خەزرەجیەكان لەلایەكی ترەوە.

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی بە سەركردایەتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)‌و دانانی دەستوور بۆ دەوڵەتكە‌و بەشداری پێكردنی ئەهلی كیتاب‌و دیاریكردنی ئەرك‌و مافەكانیان.

دەستپێكردنی قۆناغی سەربازی موسڵمانان‌و ئەنجامدانی چەندین جەنگ‌و سەركەوتنی موسڵمانان.

هاوسەرگیریەكانی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)‌و فراوانبوونی رۆشنبیریە فرەلایەنەكانی موسڵمان بە رێنمایی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).

هەنگاونان بۆ بڵاوكردنەوەی بانگەوازی ئیسلامی‌و گەیاندنی بە هەموو جیهان بە رێگەی ئاشتیانە كەئەویش لە ناردنی نامەكانی پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم)خۆی دەبینێتەوە بۆ سەركردەكانی دەوڵەتانی دەوروبەری.

بەرگرتن بە دەستدرێیە ناوخۆیی‌و دەرەكیەكان‌و پێشوازی كردن لە موسڵمانبوونی بە لێشاوی هۆز‌و كۆمەڵەكان.

كۆچی دوایی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)‌و بەجێهێشتنی ئوممەتی ئیسلامی هاودەم بە قورئان‌و فەرموودەكانی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).

سەردەمی خیلافەتی راشیدین

سەبارەت بە سەردەمی خیلافەتی راشیدین بەپێی ئەو فەرموودەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ماوەكەی دیاری كراوە كە دەفەرموێت(الخلافة بعدی فی أمتی ثلاثون سنة)، بەم پێیە ئەو ماوەیە ئەم پێنج خەلیفەیە لەخۆ دەگرێت(ئەبووبەكر، عومەر، عوسمان، عەلی، حەسەن)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئامۆژگاری موسڵمانانی كردووەو رێز‌و گرنگی قۆناغی ئەو خیلافەەی خستوەتەروو‌و دەفەرموێت(علیكم بسنتی‌و سنة الخلفا‌ء الراشدین المهدیین).

گرنگترین باسوخواسەكانی ئەم ماوەیە لە چەند خاڵێكدا دەخەینەروو:

یەكەم: دانانی خەلیفە بۆ موسڵمانان تا هەم دووبەرەكی نەكەوێتە نێوان موسڵمانان، هەم بێ سەركردەیی لەناو موسڵماناندا نەبێتە باو، هەم بەر بگیرێ بە هەر هەوڵێكی دەرەكی بۆ لەباربردنی یەكەم دەوڵەتی ئیسلامی سەرزەوی، بۆیە خێرا هاودەم بە وەفاتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) موسڵمانان لە كەپری ەنی ساعیدە كۆبوونەوەو پاش مشتومڕێكی هێمنانە‌و رێزبەخشانە‌و راگۆڕینەوەیەكی زانستی پڕ رێز هەموان یەكدەنگ بوون لەسەر ئیمامی ئەبووبەكر بە خەلیفەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، لەوێ بەیعەتی پێدرا‌و بۆ رۆژی دواتریش بە رەسمی لە مزگەوتدا بەیعەتی پێدرا، ئەوانەش یەكەمجار ئامادەی بەیعەتەكە نەبوون بەیعەتیاندا وەك ئیمامی عەلی.

زۆرێك لە نەیارانی مێژووی ئیسلامی ئەم یەكەم هەنگاوە دەكەنە تانەیەك بۆ مێژووی ئیسلامی‌و عەیبەیەك بەسەر هاوەڵانەوە، لەكاتێكدا ئەمە شانازیەكی گەورە بوولە یەكەم ئەزموونی دانانی سەركردەدا بێ بوونی هیچ دووبەرەكی‌و ئاژاوەیەك لە ماوەی یەك رۆژدا سەركردە دیاری بكرێت‌و هەموانیش پێی رازی بن، ئەوانەش یەكەم رۆژ ئامادەی بەیعەت پَدانەكە نەبوون سەرقاڵ بوون بە ترمی پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم)، ئیمامی عەلیش ئەگەر نارازی بوایە بەیعەتی نەدەدا، چونكە تەنها ئەگەر بیزانیایە ئەو لەپێشترە بۆ ئەو پۆستە بێدەنگ نەدەبوو لەو شیاوتر بوونە، بەڵكو دەیتوانی لەبەر نزیكی خزمایەتی لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەواداری زیاتر بۆ خۆی رابكێشێت ئەگەر مەسەلەكە ململانێی سیاسی بوایە، بەڵام ئیمامی عەلی زۆر رازی بوو لە ئیمامی ئەبووبەكر‌و سەرچاوەكانی مێژووش پڕن لە بەڵگەی روون لەو بارەوە.

دووەم: بەردەوامی دان بە چالاكیە سەربازیەكان‌و پارێزگاری لە سنووری ئیسلامی‌و بەرگرتن بە هەرەشە دەرەكیەكان، ئەو سوپایەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە سەركردایەتی ئوسامەی كوڕی زەید ئامادەی كردبوو دژبە رۆمەكان بەڕێكرا‌و سەركەوتنی بەدەست هێنا.

سێیەم: وەستاندنی بزوتنەوەی هەڵگەراوەكان كە لە ئیسلام هەڵدەگەرانەوە‌و سەرلەنوێ هەوڵیان دەدا بۆ چەند قەوارەیەكی سەربەخۆ، لەم میانەدا هەندێ بانگەشەی پێغەمبەرایەتیەكیان دەدا وەك موسەیلەمە، هەندێكیش هەوڵیان دەدا سەرپشكی لە یوەوناچڵ پەیرەوكردنی ئیسلامدا بێننە مەیدان، بەڵام دەوڵەتی ئیسلامی توانی ئەو كێشەش لە كەمترین ماوەدا چارەسەر بكات.

چوارەم: كۆكردنەوە‌و نووسینەوەی قورئانی پیرۆز، بۆ ئەمەش هەنگاوی زۆر ورد‌و هۆشیارانە گیرایەبەر‌و زەید ئەركی سەرەكی ئەم كارەی گرتە ئەستۆ، بۆ ئەم كارەبڕێ مەرجی دانان‌و توانی بە جوانترین شێوە بیگەیەنێتە كۆتا‌و یەكدەنگی ئوممەتی ئیسلامی لەو بارەیەوە بپارێزێ‌و موعجیزەی خواییش لەو بارەیەوەهاتەدی(إنا نحن نزلنا الذكر وإنا له لحافظون)، دواتر لەسەردەمی ئیمامی عوسمانیشدا نووسینەوەكان هەموو یەكخران‌و تەواوی جیهانی ئیسلامی یەكدەنگ بوون لەسەر ئەو نوسخەی قورئانە.

پێنجەم: فتووحاتی ئیسلامی، ئەمەش هەوڵێك بوو بۆ گەیاندنی پەیامی ئیسلام بە ناوچەكان‌و فراوانخوازیەك بوو بۆ سنووری دەوڵەتی ئیسلامی‌و بەشداری پێكردنێكی گەلانی تریش بوو بەو دەوڵەتە بەرفراوانە ئایینیە‌و هەوڵێ بوو بۆ رووخاندنی دەوڵەتی فرەخودایی‌و پەرستشی دروستكراوەكان، دوور لەو تۆمەتەی بۆی دانراوە كە گوایە بەرژەوەندی ئابووری هۆكار بووە، ئەگەر ئەمە لای كەمینەیەكی بەشداربوان لەسەر ئاستی تاكەكەسی هەبووبێت بەڵام لە رێرەوی گشتیدا ئامانجەكە ئایینی بوو نەك ئابووری، وەك دەبینین دەوڵەتانی بەرامبەر ویستیان بە ماددە موسڵمانان رازی بكەن تا واز لەو نیازەیان بهێنن، بەڵام موسڵمانان تەنها ئامانج‌و بنەما سەرەكیەكانی چەمكی جیهادیان دەوتنەوە، بەم هۆیەوە دەوڵەتی كیسراكان رووخا‌و بەیتولمەقدیس فەتح كرا‌و گورزی سەختوەشێنرا لە رۆمەكان، فتووحاتی میسریش لەو قۆناغەدا بوو.

شەشەم: رێكخستنە كارگێڕیەكان كە ئەمەش بریتی بوو لە رێكخستنی دیوانەكان‌و دیاریكردنی مووچەكان‌و بەشی دادوەری‌و لایەنەكانی تری دەوڵەتداری، لەوەشدا چاوپۆشی نەبوو، ئیتر بۆ سكاڵای تاكێكی كۆمەڵگە خەلیفە دەبرایە بەردەم دادگا، مووچە بۆ سەرجەم تاكەكانی ناو كۆمەڵگە دیاری كرا‌و هەموو كەسێك لەگەڵ لەدایكبوونیدا مووچەی دیاریكراوی بۆ دادەنرا.

حەوتەم: ژیان لەم قۆناغەدا ژیانێكی ساكار بوو كە هەردەم هەوڵ دەدرا هاوسەنگی نێوان دنیا‌و قیامەت بپارێزرێ‌و مافی هەردووكیان وەك خۆی بدرێ، ئەم بروایە لە سەركردایەتیەوە بۆ ناو كۆمەڵگە درێژببوویەوە‌و بە گشتی كۆمەڵگە لەو بارەدا بوون، بەرەبەرەش باری ئابووری خەڵك بەرەو باشتر دەچوو،تێكەڵبوونی نەتەوەكان سەریهەڵدا‌و جۆرێ لە تێكەڵاوی كۆمەڵایەتی بەرچاو لەو قۆناغەدا بەدیدەكرێ، ئەمەش لەلایەكەوە بەهۆی چوونە ناو ناوچە فەتحكراوەكانەوە بوو، لەلایەكیشەوە چوونی موسڵمانبووەكانی ئەو نەتەوانە بوو بۆ ناو موسڵمانە عەرەبەكان، لە لایەكی ترەوە بردنی كۆیلەو كەنیزەكەكانی نەتەوەكانی تر بوو بۆ ناو موسڵمانانی نیمچە دوورگە، بە گشتی ژمارەی موسڵمانان تەواو روویلە زیاتر كرد‌و سنووریشیان زۆر فراوانتر بوو.

هەشتەم: پێشخستنی سەربازی لەم ماوەیەدا زۆر بەرچاوە، لە لایەكەوە سوپای وشكانی رێكخرا‌و پێشرەوی پێكرا‌و لەو بوارەشدا سەربازگەكان دروست دەكران كە دواتر بوونە بنكە بۆ دروستبوونی شارەكان، هاوكات بواری سەربازی دەریایی دەستی پێكرد‌و لەگەڵ تازە دامەزرانیشیدا توانی لە جەنگی زاتوصەواریدا سەركەوتن بەدەست بهێنێ.

نۆیەم: دیاردەی تیرۆركردنی سەركردە ئیسلامیەكان لەلایەن نەیارانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە كە سەرەتا توانییان وەك هەوڵی یەكەمیان ئیمامی عومەر بكوژن، دواتر هەریەك لە ئیمامی عوسمان‌و عەلیش بەركەوتن، هەوڵ درا بۆ كوشتنی هەریەك لە موعاویە‌و عەمری كوڕی عاصیش(رەزای خوا لە هەردووكیان)، بەڵام هەوڵەكەیان سەركەوتوو نەبوو.

دەیەم: روودانی فیتنەی نێوان هاوەڵان‌و دەركەوتنی سەرەتای دەستە لادەرەكان لە دوای شەش ساڵ دەسەڵاتی ئیمامی عوسمانەوە بەدیدەكرێ، ئیتر لەوە بەدوا بۆ ماوەیەكی دیاری كراو شڵەژانێكی سەختی ناوخۆیی روویكردە دەوڵەتی ئیسلامی كە دواجار لەسەر دەستی ئیمامی حەسەن چارەسەر كرا‌و ئەو خوێن رژانەی وەستاند، بەڵام كێشەكە لەوەدایە زۆرترین تۆمەت‌و ناراستیەكان سەبارەت بەو قۆناغە تۆماركراون‌و وای لێكراوە ئەو ماوە وەك زیاتر لە جەنگی نێوان دوو دەوڵەتی گەورەی ئەوكات باس دەكرێ، چاكترین نووسینێ سەبارەت بە وردەكاری مێژوویی لەو بارەیەوە توێژینەوەیەكی مێژوویە بە ناونیشانی((تحقیق مواقف الصحابة فی الفتنة من روایات الإمام الطبری‌و المحدثین) لە نووسینی: أ.د. محمد أمحزون.).

بەراستی وردەكاری سەبارەت بەو ماوەیە ۆر پێویستە، بەڵام ئێمە وەك بەرچاوروونی لێرەدا تەنها وەك سەرەباس دە خاڵمان خستە بەردەست سەبارەت بەو ماوە مێژووییە، پێویستە خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەكانی تایبەت بەو ماوەیە تا زانیاری تەواو لەو بارەیەوە وەربگرێ.

سەردەمی ئومەوی

بە گشتی مێژووی سەردەمی ئومەویش لە چەند خاڵێكدا خۆی دەبینێتەوە:

یەكەم: گۆڕانی سیستەمی خیلافەت‌و لەبری ئەوەی خەلیفە بەپێی شوورا هەڵبژێردرێ دەسەڵاتی خیلافەت كرا بە پاشایەتی‌و دەسەڵات وەرگرتن بوو بە پشتاوپشت، پێشەنگی ئە م كارە لەلایەن ئیمامی موعاویەوە ئەنجام درا هەرچەندە ئەم سەركردەیە بۆ دانانی یەزید رراوێژێكی زۆری كرد بە زانایان‌و كەسایەتیە دیارەكان، بەلام ئیتر لەو كاتەوە تا رووخانی دەوڵەتی عوسمانی سیستەمی دەسەڵات گۆڕا بە پشتاوپشت.

دووەم: فراوانبوونی مەیدانی كۆمەڵایەتی ناو ئەو دەوڵەتە بەهۆی زۆری تێكەڵاوی نێوان نەتەوەكان‌و ژن‌و ژنخوازی‌و هەروەها فراوانبوونی مەیدانی فتووحاتەوە، بەلام ئەوەی جێی داخە پاش چارەكی یەكەمی ئەو دەوڵەتە ئیتر دەمارگیری نەتەوەیی لەناو عەرەبەكاندا دەركەوت‌و خۆیان بە پێشرەوتر دەزانی، ئەمەش هەڵەیەك بوو كە هۆكارێك بوو تا ئیتر زۆرێ لە نەتەوەكانی تر دڵ نەدەن بە عەرەبەكان‌و كینە‌و ناحەزی لەنێوانیاندا دروست بوو‌و دواجاریش هۆكارێ‌ بوو لە هۆكارەكانی رووخانی دەوڵەتی ئومەوی.

سێیەم: بزووتنەوەی فتووحات لەم سەردەمەدا پێشرەویەكی تەواو بەرچاوی بەخۆیەوە دی‌و چەندین ناوچەی نوێ زیاد كران بۆ دەوڵەتی ئیسلامی، وێڕا فەتحكردنی خاكەكان فەتحی دڵەكانیش بەرفراوانی بەرچاوی بەخۆیەوەدی، لە هەردوو بەرەی رۆژهەڵات‌و رۆژئاواوە فتووحات قۆناێكی دیار‌و بەرچاوی بڕی، هەرچەندە لە هەندێ قۆناغدا هەنگاوگەلێ نران كە لێڵیەكیان دەدا بە نیاز‌و ئامانجی جیهادی ئیسلامی‌و بڕێ لادان لە بنەماكان بەدیدەكرا، بەڵام لە رێرەوی گشتیدا ئەو دەوڵەتە توانی خزمەتی خۆی بۆ ئیسلام‌و موسڵمانان نیشان بدات‌و پەیامی جیهادی ئیسلامی بە پەیرەوی كاراوە بهێڵێتەوە، نموونەی هێرش بردن بۆ فەتحكردنی قوستەنتینیەش نموونەیەكی تاسەی ئومەویەكان بوو بۆ پەیرەوی جیهاد.

چوارەم: فراوانبون‌و پێشرەوی بەرچاو لە بواری زانستیدا روویدا، تا ئاستێ دەوڵەتی ئومەوی زانایانی گەورەی لەخۆدەگرت، بەڵام بڕێ ستەمیشیان بەرامبەر بە زانست‌و مەیدانی زانستی جیهانی ئیسلامی نیشاندا، ئەویش بەهۆی كوشتنی چەند زانای گەورەی ناو جیهانی ئیسلامیەوە، بەهەرحاڵ لە ماوەی ئەو دەوڵەتەدا نەك هەر مۆمی داگیرساوی زانست نەكوژایەوە بەڵكو پرشنگی تەواو زیاد كرا‌و چەندین مۆمی تر داگیرسان، كردنەوەی خوێندنگە سەرەتاییەكان لە سەرەتای ئەم دەوڵەتەوە نیشانەی هەنگاونانی ئەودەوڵەتەیە بۆ پێشرەوی زانستی، هەروەها ئازادی زۆر دەدرا بە كەسانی سەرقاڵ بە بواری زانست، نموونەیەك لەوە وانەوتنەوەی حەسەنیبەصری بە بەرفراوانی‌و جیابوونەوەی ئیبن واصلی خوێندكاری كە بیری موعتەزیلی دامەزراند، كەچی هیچ جۆرە توندوتیژیەك بەرامبەر بەو لادان‌و دەرچوونە نەگیرایەبەر، بەڵام كاتێ‌ لە سەردەمی عەبباسیدا موعتەزیلەكان بۆ ماوەیەكی زۆر كەم دەسەڵاتیان قۆستەوە كەوتنە تیرۆری فیكری‌و بیروباەڕی دژ بە ئەهلی سوننە وەك بەندكردن‌و سزادانی ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل.

پێنجەم: ململانێی نێوان ئومەویەكان‌و نەیارانی دەسەلاتی ئومەوی لە مەیدانی ململانێی سیاسی‌و سەربازیدا چڕتر بوویەوەو بەرەبەرە ململانێكە چووە مەیدانی فیكری‌و بیروباوەڕیەوە، لەالایەكەوە جەنگی خەواریج‌و لەلایەكی تریشەوە جەنگی سەرسەختی نێوان شیعە‌و ئومەویەكان بوو، نموونەی دیارترین بەریەكەوتنە سەربازیەكان لەگەڵ ئومەویەكان بریتی بوون لە بزاڤی عەبدوڵای كوڕی زوبەیر، بزاڤی حوسەینی كوڕی عەلی، بزاڤەكەی موختاری پهقەفی، بزاڤی عەبباسیەكان كە توانییان دەوڵەتی ئومەوی بڕووخێنن.

شەشەم: شەهیدكردنی حوسەینی كوڕی عەلی بوو بە پەڵەیەك بە نێوچاوی ئومەویەكانەوە تا داخی دڵی شیعەكانبەرامبەر ئومەویەكان زیاتر بكات‌و چەندبزاڤێكی ویستی تۆڵەسێنی دەركەوتن كە دیارترینیان بزووتنەوەكەی موختاری پهقەفی بوو.

حەوتەم: سەبارەت بە پێشرەوی ژیاری بە گشتی دەبینین ئومەویەكان رێكخستنی كارگێڕی وڵاتیان بەرەو پێش برد وەك دانانی دیوانی پ‌وستە‌و وردەكاریەكانی، رێكخستنی دادوەری‌و دیوانی حەسبە‌و ئەوقاف‌و چەندین بواری تر، بیناسازییان پێشرەوی زیادی كرد بەهۆی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی تر‌و كەتاتیبدا.

هەشتەم: دەركەوتنی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز لە نێوەندی سەردەمی دەوڵەتەكەدا گوڕپَدانەوەیەكی نوێ بوو بۆ درێژەدان بە تواناكانی دەوڵەتەكە‌و راستكردنەوەی هەڵەكان‌و چاكسازیەكی بەهێز بەجۆرێ هێندێ‌ هەستی ئەوەیان لا دروست بووە بە خەلیفەی پێنجەمی راشیدی بزانن، بەڵام ئەوە راست نیە‌و هەڵچوونێكی سۆزداریە، چونكە مەرجەكانی راشیدی بوون لەو سەركردە خواناسەدا نەبوون بەهۆی دووری ماوەكەی‌و لانەدانیشی لە سیستمی دەسەڵاتی پشتاوپشت.

بەهەرحاڵ ئومەویەكان ماوەیخۆیان تێپەراند‌و لە دادگای مرۆڤەكاندا بە چەندین شێواز دادگایی كراون، بەڵام دادگای راست‌و دروست بریتیە لە دادگایی خوایی لە رۆژێكدا كە هەموو نهێنیەكان ئاشكرا دەبن‌و مافەكان دەدرێنەوە.

 

 

 

سەردەمی عەبباسی

دیارترین خەسڵەتەكانی سەردەمی عەبباسی بریتین لە:

یەكەم: بەهێزی سیاسی عەبباسیەكان هەر لە سەرەتاوە، بەڵام دواتر بەهۆی لادان لە یەكدەسەلاتی‌و دەركەوتنی دەوڵەتۆكەكان دەسەڵاتیان لاواز بوو، ئیتر ماوەیەك بەهێزو ماوەیەكلاواز بوون، هەرچەندە چەند جارێ هەوڵ درا بۆ گەڕانەوە بۆ هێزی سەرەتای دەوڵەتەكە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بە گتشی دەوڵەتی عەبباسی لە ساڵی 132 تا 656 دەسەڵاتی جیهانی ئیسلامییان بەڕێوەبرد تا دواتر لەسەر دەستی مەغۆلەكان لەنواچوون.

دووەم: پێشرەوی بێوێنەی زانستی‌و ژیاری لە سەردەمی عەبباسیدا بەجۆرێ بە سەردەمی زێڕین ناو دەبرێت، بەڵكو پێشەنگی باڵای پێشرەوی ژیاری‌و زانستی سەردەمی خۆی بوو، لەو سەردەمەدا زانا گەورەكان دەركەوتن‌و زۆربەی هەرەزۆری زانایانی ئیسلامی لەو قۆناغەدا دەركەوتن، هەر لەو سەرەدەمەدا زانایانی فەرموودە دەركەوتن‌و فەرمودەكانیان نووسینەوە وەك بوخاری‌و موسلیم‌و مالیك‌و شافیعی‌و ئەحمەد‌و نەسائی‌و ترمزی‌و چەندینی تر، ئیتر ئەگەر سەدان لاپەرە تایبەت بكەین تەنها بە ناوهێنانی زانایانی ئەو ماوەیە هێشتا كەمە.

سەبارەت بە لایەنە ژیاریەكەشی پێویست دەكات دەیان بەرگ لەو بارەیەوە بنووسین، ئەگەر نا هیچ مافێكی نادەین، پێرەوی بەرچاوی بیناسازی‌و پزیشكی‌و خوێندن‌و كارگێڕی‌و بوارەكانی تر لە مێژووی ئەو دەوڵەتەدا زەق‌و دیار بەرچاو دەكەون.

سێیەم: ماوە فراوانی ئازادی سیاسی‌و بوونی فرەدەسەڵاتی لە سەردەمی عەبباسیدا بە روونی بەدیدەكرێ، بۆ نموونە بوونی دەوڵەتۆكە كوردیەكان لەو سەردەمە، دەوڵەتی غەزنەوی‌و سامانی‌و ئیدریسی‌و زەنگی‌و ئەیووبی‌و دەیانی تر نموونەن، ئەمە ئەگەر چی لەلایەكەوە خزمەت بوو بەو دەوڵەتە تا هەریەك لەو دەوڵەتانە بە گوڕ‌و تینەوە خزمەتی خۆیان پێشكەشبكەن، لەلایەكی ترەوە دابەشبوونی دەوڵەتەكە‌و فرەئاغایی بوو.

چوارەم: لە چەند ماوەیەكی دەوڵەتی عەبباسیدا خەلیفەی عەبباسی تەنها نازناو‌و رێزی هەبو‌و دەسەڵاتی كرداری لەدەست كەسانی تردا بوو، بۆ نموونە ماوەیەك توركەكان بوونە خاوەن قەڵەمرەوی كارا، دواتر بوەیهیە شیعە مەزهەبەكان بوون، دواتر سەلجووقیەكان هاتن، هەروەها زەنگی‌و ئەیووبیەكانیش دەسەلاتی زۆر بەرفراوان‌و كارایان لەدەستدا بوو، هەروەها مەملووكیەكان كە دواتر دەوڵەتی سەربەخۆیان دامەزراند‌و بوونە زیندووكەرەوەی دەسەلاتی ئیسلامی دوای دارمانی دەوڵەتی عەبباسی.

پاشان دەركەوتنی دەوڵەتی شیعە مەزهەبی فاتیمی كە خیلافەتی جیای دژ بە عەبباسی راگەیاند، زۆرێ لە تواناكانی دەوڵەتی عەبباسی كوشت بەڵام دواتر لەسەر دەستی صەلاحەدینی ئەیووبی ئەو دەوڵە فاتیمیە لەناوبرا.

هەروەها دەستەی ئیسماعیلیەكان‌و قەرمەیەكانیش هەبوون كە دەستەی تیرۆری پەیوەست بە مەزهەبی شیعە بوون، ئیسماعیلیەكان مانەوە تا دواجار لە سەر دەستی مەغۆلەكان بنكەی ئەلەمووتیان دەستی بەسەردا گیرا.

هەروەها دەوڵەتی ئومەوی لە ئەندەلوس هەبوو كە دانی نەدەنا بە دەوڵەتی عەبباسیدا، ئەم دەوڵەتەش توانی ماوەیەكی زۆر بەردەوام بێت‌و بە بەهێزی مایەوە.

پێنجەم: دەركەوتن‌و بڵاوبوونەوەی زیاتری دەستە‌و بیرو مەزهەبە جیاجیاكان، ئەوانەی هەركامە‌و بە جۆرێ جیا لە روانینین ئەهلی سوننەو جەماعە بیریان دەكردەوە، لەوەشدا ئازادی تەواویان پێدرابوو، تەنانەت نووسینەكانی ئەوكاتیان كە دەیاننووسین‌و بڵاویان دەكردنەوە تا ئەمڕۆش ماونەتەوە، وەك موعتەزیلەكان‌و صۆفیەكان‌و رەوتە فەلسەفیەكان، شیعەكان بە دید‌و بەشە جیاجیاكانیانەوە، چەندین دەستەی تریش كە كاریگەرییان زۆر نەبوو.

شەشەم: زەقبوونەوەی مەزهەبگەرایی ناو ئەهلی سوننە‌و ململانَ نێوان مەزهەبەكانیان وایكردبوو بكەونە هەڵەی گەورەوەو زۆرجار سووكایەتی بە یەكدی بەكەن تەنانەت كوشتارلەنێوانیاندا روویداو خوێنی یەكتریان رەوا دەكرد، دیارترین ئەو مەزهەبانەش مالیكی‌و حەنبەلی‌و شافیعی‌و حەنەفیەكان بوون، ئەگەر چی ئەو چوار زانایە لەسەردەمی عەبباسیدا بوون‌و هەر چواریان هیچ هۆكارێكیان دانەنابوو تا ئەو دژایەتیە دروست بێت، بەڵكو لە پەیرەوی ژیان‌و نوسینەكانیشیاندا هاوسۆزی‌و برایەی‌و رێزگرتنی یەكدی بەدیدەكرێ.

حەوتەم: دەركەوتنی مەغۆلەكان مەترسیەك بوو بۆ جیهانی ئیسلامی، ئەو مەترسیەش بوو بە واقیع‌و مەغۆلەكان توانییان بەرەبەرە ناوچەكانی جیهانی ئیسلامی داگیر بكەن تا دواجار بەغدادی پایتەختی دەوڵەتی عەبباسییان داگیر كرد‌و خەلیفەشیان كوشت، دواتریش مەغۆلەكان شامیان گرت‌و تاكە شوێنێك مابوویەوە بیگرن میسر بوو كە تیایدا مەملووكیەكان بڕیاری بەرگرییان دابوو.

سەردەمی مەملووكی

ئەم سەردەمەش سەردەمی شانازی‌و سەرلەنوێ سەركەوتنەوەی موسڵمانانە، تیایدا:

یەكەم: مەترسی مەغۆلەكان لەلایەن مەملووكیەكانەوە لەنوابرا، هەرچەندە مەغۆلەكان ببوون بە دووبەشەوەو هەندێكیان موسڵمان ببوون بەڵام موسڵمان بوونەكەیان پەیوەست بە ملكەچ بوون بە ئیسلام نەبوو، بۆیە مەملووكیەكان وازیان لێ نەهێنان تا دواجار سەركەوتن.

دووەم: لەناوبردنی مەترسی خاچیەكان لەلایەن مەملووكیەكانەوە بوو كاتێ‌ توانییان بەربگرن بە كۆتا شاڵاوەكانیان‌و لەلایەن سوڵتان بیبرسەوە گورزی كوشندە ئاراستەی خاچپەرستان كرا.

سێیەم: دەركەوتنی چەندین زانای هەڵكەوتە‌و دیار كە كارێگەری‌و ناوو بەرهەمیشیان تا ئەمڕۆ درێژەیان هەیە وەك ئیمامی نەوەوی‌و عیززی كوڕی عەبدوسەلام‌و شەیخولئیسلام ئیبن تەیمیە‌و ئیبن كەپیر‌و چەندینی تر.

چوارەم: لەم سەردەمەشدا مەزهەبگەرایی هەر باوبوو‌و جۆرێ لە یەكتر نەخوێندنەوە هەبوو تەنانەت دادگاكان بەپێی مەزهەبەكان دابەش كرابوون، لە سەردەمی سوڵتان بیبرسدا یەكەم هەنگاو نرا تا هەر چوار مەزهەبەكە پێكەوە كارابن‌و هاریكاری یەكتر بن نەك تەنها مەزهەبێ زاڵ بێ.

پێنجەم: لە بوارەكانی تریشدا هەوڵ درا گەشە بدرێ بەوەی لە عەبباسیەكانەوە بۆیان بەجێماوە، چ لە بواری بنیاد یان كارگێڕی ین بوارەكانی ترەوە، مەملووكیەكان توانییان خزمەتێكی باڵا پێشكەش بكەن، بەڵام ئەوانیش وەك ئومەوی‌و عەبباسیەكان سیستمی دەسەڵاتی پشتاوپشتیان پەیرەو دەكرد، هەروەها كوشتنی سەركردەكان لەلایەن نزیكەكانیانەوە لەناویاندا باوبوو، بەگشتی بڕێ ستەم‌و ناهەقی لە دەوڵەتەكەیاندا هەبوو، بەڵام خزمەتێكی زۆریشیان پێشكەش كرد.

سەردەمی عوسمانی111_0

یەكەم: بەگشتی دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتێكی جیهادی بوو‌و هێزی سەربازی تیایدا لە بوارەكانی تری بەهێزتر بوو، عوسمانیەكان لە مەیدانی جیهادی ئیسلامیدا نموونەیەكی بەرچاو‌و خزمەتێكی باڵایان پێشكەش كرد، ئەوان توانییان ئەو سنوورانە ببڕن كە پێشت نەبڕابوون‌و بچنە ئەو خاكانەی كە پێشتر موسڵمانان نەچووبوونە ناویانەوە، خوا فەزڵی بەو دەوڵەتە بەخشی فەتحی قوستەنتینیە بكەن.

دووەم: بواری زانست لە سەرەتاوە گرنگی پێدەدرا، بەڵام لە دواییەكانی ئەو دەوڵەتەدا گەندەڵیەكی بەرچاو روویكردە بواری زانست‌و وای لێهات بروانامە دەدرا بە كەسێك كە ئەو خاك‌و وڵاتەشی نەدیبوو‌و هیچ ئەو زانستەی نەخوێندبوو.

سێیەم: بواری نەتەوەیی لە سەرەتاوە نەكرابوو بە كێشە‌و گەل‌و نەتەوەكان بە برایانە پێكەوە دەژیان‌و هەموو گوڕو تینەكان درابوونە مەیدانی جیهادی، بەڵام لە دوو سەدەی كۆتاییەوە دەمارگیری نەتەوەیی‌و ستەم لە هەندێ گەل‌و زمان دەستی پێكرد، لەوانە ستەمێكی بەرچاو كرا لە گەلی كورد، چونكە بەرەبەرە بیری گەنیوی نەتەوەپەرستی رویكردە نەتوەكانی ناو جیهانی ئیسلامی‌و لە پێش هەموویشیانەوە تورك‌و عەرەب ئەو بیرەیان وەرگرت.

چوارەم: فەرموودەیەكی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هاتەدی سەبارە بە فەتحكردنی قوستەنتینیە، ئەوەبوو لەسەر دەستی سوڵتان موحەممەدی فاتیح شاری قوستەنتینیە فەتحكرا، ئەوە موژدەیەكی گەورە بوو بۆ بەشداربوانی‌و شانازیەكیش بوو بۆ ئەو سەردەمەی عوسمانی‌و ئەو سوڵتانەش.

پێنجەم: كوشتنی كەسەكانی دەوری سوڵتان بەایبەت خزمانی لەلایەن سوڵتانەكانەوە شتێكی بلاو بوو، هێز‌و سوپایەكیش كە سەرەتا بۆ مەیدانی جیهاد دروستكران بەرەبەرە خوویان دایە ئارەزووی دنیا‌و ستەم‌و كوشتاری ناهەقیان دەستپێكرد.

شەشەم: مەزهەبی سۆفیگەرایی بە سەختی بلاوبوویەوەو دەوڵەتی عوسمانی داگرتەوە، ئیتر تەكیە‌و خانەقاكان بوونە بەدیلی خوێندنگە‌و كتێبخانەكانی جاران، بەڵام موحەممەدی كوڕی عەبدولوەهاب لە حیجاز دەركەوت‌و كۆبەرهەمی شەیخولئیسلام ئیبن تەیمیەی زیندوو كردەوەو بە هەموو توانایەوە هەوڵیدا سەلەفیەت بلاو بكاتەوەو ئەو ململانێیەش تا ئەمڕۆش ماوە‌و بزاڤی سەلەفیەت رۆژدوای رۆژ لە پێشرەویدایە.

حەوتەم: رووخانی خیلافەتی ئیسلامی لە سەدەی بیستەمدا برینێكی ساڕێژ نەبووی موسڵمانانە كە تا ئەمڕۆش هەوڵی موسڵمانان بۆ ئەوەیە ئەو برینە ساڕێژ بكەن‌و بتوانن جارێكی تر خیلافەتی ئیسلامی بگێڕنەوە، بەڵام ئەمجار سەرلەنوێ لەسەر سوننەتی خەلیفە راشیدینەكان بێت، كەمال ئەتاتورك توانی بە هاوكاری هێزە دەرەكیەكانی ناحەز بە ئیسلام توانی سوود‌و دەرفەت وەرگرێ لە لاوازی‌و نەفامی موسڵمانان‌و بە یەكجاری دەوڵەتی ئیسلامی لەناوبەرێت.

 

 

 

 

 

 

 

موسڵمانان لە سەدەی بیستی زاینیدا

بەگشتی دیارترین خەسڵەتەكانی سەردەمی نوێ‌و هاوچەرخی موسڵمانان خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە:

یەكەم: داگیركردنی خاكی موسڵمانان لەلایەن بێباوەران‌و خاچپەرستانی نوێ‌و جوولەكەكان‌و ررەوت‌و بیرە ملهوڕیە هاوچەرخەكانەوە، بەجۆرێ گیانی موسڵمانان قوربانی درندەیی ئەوان‌و خاكی موسڵمانانیش تێركەری هیوای چاوچنۆكانەی ئەوان بوو، داگیركاران نموونەیەكی وایان پێشكەش كرد كە مێژووی درندەیی ئاژەڵانیان كردە نموونەی ئەزموونی میهرەبانی‌و رەحمكردن بە یەكتر، هێندە بەسە نموونەی كوشتاری جەزائیر بكەینە بەڵگەی ئەو دڕندەییە.

دووەم: دابەشبوونی فرەلایەنەی موسڵمانان، لە لایەكەوە موسڵمانان لە رووی هزری‌و بیروباوەریەوە دابەش بوون بۆ چەند دەستەیەك‌و كەوتنە وێزەی یەكدی لەبری ئەوەی ببنە هەوادار‌و پاڵپشتی یەكدی، كەوتنە وێزەی یەكتر‌و ئەزموونێكی تاڵی دژایەتی یەكتریان پێشكەش كرد، لە لایەكی ترەوە جیاوازی فیكری لەنێویاندا روویدا‌و هەریەكەو هەوڵی دەدا بیركردنەوەو قەناعەتی خۆی بسەپێنێ‌و بەرامبەر بە هەڵە‌و ناراست لەقەڵەم ربدات، زۆرجار لەبری گوێگرتن لە یەكدی بۆ جیاكردنەوەو ناسینەوەی حەق‌و راستی دەكەوتنە هەوڵی راسەپێنی، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیواكانی یەكتر خوێندنەوە روولە زیادبوونن‌و زانایانیش لەو مەیدانەدا رۆڵی كارای خۆیان گێڕاوە.

سێیەم: دواكەوتەیی موسڵمانان لە روانگەی زانستیەوە هۆكارێ بوو تا لەلایەكەوە سەرسام بن بە ئەزموونی دادگایی نەكراوی رۆژئاوا، لەلایەكی ترەوە سەری شەرمەزاری دانەوێنن بۆ بڕێ بەخششی زانستی رۆژئاوا، دەست بەتاڵی موسڵمانان وایكرد نەتوانن عەیب‌و هەڵە‌و شەرمەزاریەكانی رۆژئاوا بدەنەوە بە نێوچاوانیاندا.

چوارەم: بەردەوامی بزاڤی بەرگریكاری موسڵمانان ئاوی ناوچاوانی موسڵمانانی پاراست، لەلایەكەوە جیهادی بەردەوامی موسڵمانان‌و ملكەچ نەكردنیان بۆ داگیركەر ئەزموونێكی پڕ شانازی بەخشی كە بەرهەمی زۆر چاكیشی هەبوو‌و بڕێ سەروەری بۆ موسڵمانان گێڕایەوە، لە لایەكی تریشەوە بەرگریكاری هزری موسڵمانان هێندە بەهێز بوو كە توانی بە هێزی بانگەوازی ئیسلامی ئەمجار موسڵمانان ببنە هێرشبەر‌و بچنە خاكی دوژمن‌و دڵەكان فەتح بكەن، بەجۆرێ زۆربەی روانینەكان پێشبینی ئەوە دەكەن فەتحی ئاشتی رۆژئاوا لەلایەن موسڵمانانەوە رووبدات.

بەگشتی ئەمە روانینێكی كورت‌و گشتی بوو بۆ سەردەمەكانی مێژووی ئیسلامی، پێویستە خوێنەر زۆر بە وردی بكۆڵێتەوە لە هەریەك لەو قۆناغانە تا بتوانێ روانینێكی سەربەخۆ‌و چاكتری هەبێت بۆ مێژووی ئیسلامی.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …