Home / ناوداران / شاعیری نەتەوەیی كورد عەونی حەبیب 1914 – 1992

شاعیری نەتەوەیی كورد عەونی حەبیب 1914 – 1992

18644583_1425642930851149_738808580_n

ئا: كەریم شارەزا

عەونی نازناوی شیعریی شاعیری نەتەوەیی كورد عوسمان كوڕی حەبیب كوڕی عەبدولڵڵایە . لە ساڵی 1914 دا لە گەڕەكی بەفریقەندی لە شاری كۆیە، شاری ئەدەب، هونەر و خەباتی كوردایەتی لە دایكبووە، لە سڵی خویندنی 1927 – 1928 دا چۆتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی سەرەتایی كۆیە، تا پۆلی پێنجەم خوێندوویەتی . ماوەیەكیش لە مزگەوتی (حەتك) لە لای مەلا محەمەدی دلاوەر دەرسی مەلایەتی خوێندووە، ماوەی ساڵ و نیوێكیش زمانی فارسی لە لای (مەلا ئەحمەدی ڕەش)ی كۆیە خوێندووە، بە چاكی فێری زمانەكانی (كوردی، عەرەبی و فارسی) بووە . عەونی لە سیەكانی سەدەی رابوردووەوە وەك تێكۆشەرێكی نەتەوەیی خەباتی سیاسی كردووە، لەگەڵا دامەزراندنی حزبی (هیوا) لە سەر پەیكەری (كۆمەڵەی داركەر) بووەتە ئەندامێكی چالاكی ئەو حزبە، كە پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە 16 ی ئابی 1946 دا دامەزراوە، وەك ئەندامێكی چالاك و دڵسۆز كاری تێدا كردووە. لە پەنجاكانی سەدەی ڕابوردووش دا لە بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی عیراق كاری كردووە. لە سەر هەڵویستی كوردایەتی زۆر جار تووشی گرتن و دوور خستنەوە لە شارەكەیدا بووە ، بەڵام كۆڵی نەداوە و بە سەر بەرزیی ژیاوە، تاكو لە تەمەنی 78 ساڵیدا لە شاری كۆیە، لە ساڵی 1992 دا كۆچی دوایی كردووە و میللەتی كورد شاعیرێكی نەتەوەیی مەزنی لە دەست چووە .
عەونی و شیعر: عەونی وەك خۆی دەیگوت : شیعرە بەرزەكانی نالی، حاجی قادری كۆیی و مەحوی بەرەو جیهانی ئەدیبان بردووە و بەهرەی شاعیرییان ئاوداوە، . لە سەرەتادا بە شیعری دڵداری چووەتە نێو دنیای ئەدەبیات ، بەڵام زۆری پێ‌ نەچووە هەستی نەتەوەیی پاڵی پێوەنا لە دەرگەی شیعری نەتەوەیی بدات . بۆ نموونە : لە ناوەڕاستی بیستەكان و سەرتای سییەكانی سەدەی رابوردوودا كوردستان كەوتبووە بەر شاڵاوی داگیركاری و سەركوت كردنی نەتەوەیی گەلەكەی، بۆیە هۆنراوەی پڕسۆزی نەتەوەیی داناوە و یەكێك لەوانە ئەمە نموونەیەتی :
ئەسلەحەی جەنگی دەبەستم باسی كوردستان دەكەم
قەتلوعامی حاكمانی توركیا و ئێران دەكەم
دوای ئەم سەرەتایەی هۆنراوەكەی درێژە بە شیعرەكەی دەدات و دەڵێ‌ : –
چیم بە ئاشوور كرد لە كاتی خۆی بەڵێن بێ‌ هەروەها
تەخت و بەختی دوژمنانی كورد بە خاك یەكسان دەكەم
هەر كەسێك بێتو لە هەر لا خوێنی كوردی ڕشتبێ‌
خۆم بە شوێنی دا دەڕۆم خانەی بە سەر وێران دەكەم
عەونی بە بۆنەی لە سێَدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و كوژاندنەوەی گڕی رووناكی هیوای كورد، بە تێكدانی كۆماری دیموكراتی كوردستان، هۆنراوەیەكی بە ناونیشانی (سینی پێشەوا) داناوە و بەم جۆرە دەست پێدەكات :
لە سی مارتی چل و حەوتا
لە چەپگەردی چەرخی چەوتا
لە مەهاباد لە چوار چرا،
داری بێدادی هەڵكرا .
ئەو دارەی پێش نیوەی شەوا
وەستا لە ژێریا پێشەوا
گوتی : ئێستا دەڵێم كوردم
لە رێی ئازادی كورد مردم
دوای ئەم سەرەتایە و بە بیرهێنانەوەی كارەساتی تێكدانی كۆماری دیموكراتی كوردستان ، شاعیر ورە بەر نادات و هێزێكی دەروونی بە بەر هۆش و بیری لاوانی نەوەی نوێ‌ دادەكات و پێیان دەڵێ‌ :
كورد ناترسێنێ‌ سێدارە ،
كرداری دەستی زۆردارە
هەردەبێ‌ زۆردار كەساد بێ‌
زۆر لێكراویش ئازاد بێ‌
كورد دەبێ‌ بۆ خۆی هوشیار بێ‌
نابێ‌ لە كەس هیوادار بێ‌ً !!
دەبێ‌ زانا و هونەرمەند بێ‌
لە زانستا دەوڵەمەند بێ‌ !
عەونی شاعیری ورە بەرزی نەتەوە پەروەر ، ترووسكەی رووناكی هیوای دوا رۆژی كورد لە هوشیاریی رۆڵەكانی، لە هونەرمەندیی لاوە تازە پێگەیشتیوەكانی یەوە پیشانی نەوەی نویێ‌ گەلەكەی خۆی دەدات ، كە دەبێ‌ لەم سەردەمەماندا و لە دوا رۆژیشدا هەر پشت بە خۆی ببەستێ‌ تاكو تاقیكردنەوە سیاسیەكەی كۆماری دیموكراتیی كوردستانی لێ‌ دووبارە نەبێتەوە. عەونی شاعیری نیشتمانپەروەری كورد لە دوای كارەساتە دڵتەزێنەكەی نسكۆی شۆرشی ئەیلوول لە سالی 1975دا ، هۆنراوەیەكی پڕ بەهای لە شیعری كوردایەتی دانا، بە ناوی (ڕۆژی ڕەش) دایڕشت و ورەی خەباتگێڕانی بەرزكردەوە، كە جارێكی دیكەش وانەی خۆڕاگریی و نەبەزین بۆ رۆڵەكانی نەتەوەی كوردمان دادەدات. لە بەشێكی هۆنراوە درێژەكەیدا دەڵێ‌:
گەر نەمردم بەم برینە
ئەمجا ئاكارم ببینە !
بە كار دێنم بیر و هەستم
سروودێك وا هەڵدەبەستم
قارەمانی ناو سەنگەر بێ‌ ،
دوژمن كوژ و كۆڵنەدەر بێ‌
مووشەكێكی تانك شكێن بێ‌
هێزێكی دوژمن بەزێن بێ‌
سرودێك ناوی تۆڵە بێ‌،
دژی ئەوشایە زۆڵە بێ‌!!
هەروەها شاعێری نەتەوەییمان لە ساڵی 1979دا لەگەل بیستنی هەواڵی جەرگبڕی كۆچی دوایی سەرۆكی میللەتی كورد (بازانیی نەمر)، هۆنراوەیەكی شیوەنی بە ناوی (كاوەی سەدەی بیستەم)ی بۆ داناو لە بەشێكی دا دەڵێ‌ :
لە كوردستانی بەرین ،
كاوەی سەدەی بیستەمین
كاوەی نەمر بارزانی
ئاڵای خستە سەر شانی
شۆڕشێكی بەرپا كرد
مافی كوردی داوا كرد
داوای مافی ڕەوامان
بۆمان نووسرا بە تاوان
دوژمن چەند هێرشی كرد
بۆ لە ناوبردنی كورد
تاكو شاعیر دەڵێ‌ :
گەلی كوردی قارەمان
نە ترسا لە دەژمنان
بە خوێنی رۆڵەكانی
سووری كرد كوردستانی
لە ساڵی بیست تاحەفتا
دوژمن لە هیچ نەوەستا
نەیتوانی كورد سەر شۆڕ كا
نامەی پەستی پێ‌ مۆر كا !
ناچار خۆی سەری شۆڕ كرد
پەیمانی دۆستی مۆر كرد
دانی نا بە مافی كورد
ئۆتۆنۆمی بەیان كرد .
شاعێر بە بۆنەی رێككەوتننامەی 11ی ئادار شیعرێكی داناوە، بۆ ئەو قۆناغیش ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان دروشمێكی سیاسی گونجاو بوو . دوای ئەو قۆناغەی كە شعری سیاسی بە دروشمی خەباتی بێ‌ وچانی كورد ئاودرا ، شاعیر وردە وردە دەكەوێتە سەر شیعری سیاسی پتەو دانان و خۆی لەو راستەو خۆییەی لادەدات و وزەی داهێنانی نوێمان پێشكەش دەكات، هۆنراوەیەكی پتەو دادەنێت و دەڵێ‌:
دوژمنی بەدكاری من هەرچی بكەی لێت ناگرم
پێت دەڵێم من تاكو ئێستا ماوم و قەت نامرم
هەرچی پێت دەكرێ‌ لەگەڵا من بیكە هیچ سوودی نیە
ئەو پرۆژەی خۆم مەبەستمە دەستی لێ‌ هەڵناگرم !
وەك هەڵۆ لانەم لە كێوێكی بڵند هەڵبەستوە
چەندی بەردم تێ‌ گرن تازە بە كەسم هەڵنافڕم
تێگەیشتم چەند هەڵەم كرد و فریوم خوارد بوو
تۆبە بێ‌ تۆبە ئیتر دەستی برای خۆم نابڕم !

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …