Home / ناوداران / نووسەر‌و شاعیری پێشكەوتنخواز مامۆستا ع. و. نوری

نووسەر‌و شاعیری پێشكەوتنخواز مامۆستا ع. و. نوری

18644583_1425642930851149_738808580_n

ع و نورى

كەریم شارەزا

مامۆستای پەروەردەكار‌و نووسەر‌و شاعیری پێشكەوتنخوازی كورد عەبدولواحید مەجید سەعید لە ساڵی 1904دا لە چەمچەماڵا لە دایكبووە. چونكە باوكی لەو ساڵەدا فەرمانبەر بووە لەو شارەدا. بەڵام چونكە (نووری عەلی) صەیدەلی خاڵی لە دوای كۆچی دوایی دایكی خەمخۆری پەروەردە كردنی‌و پێگەیاندنی بووە، بۆیە بە (عەبدولواحید نووری) دەناسرێ‌‌و لە نووسینیشدا بە ئیمزای (ع. و. نووری) بابەتی ئەدەبی‌و رۆشنبیری‌و بابەتی وەرگێڕدراوی بڵاوكردۆتەوە.
خوێندنی قۆناغی سەرەتایی‌و ناوەندی لە سلێمانی ‌و كەركووك تەواوكردووە‌و لە ساڵی 1927دا لە خوێندنگای (خانەی مامۆستایان) دەرچووە‌و كراوە بە مامۆستا لە قوتابخانەی سەرەتایی لە شارباژێر‌و هەڵەبجە‌و شەقڵاوە‌و لەیلان‌و سلێمانی‌و ماوەی 17 ساڵا خزمەتی پڕۆسەی پەروەردەكردنی نەوەی نوێ ی كوردی كردووە‌و ماوەیەكی زۆریش لە سلێمانی مامۆستای قوتابخانەی فەیسەلیە بووە‌و بووەتە ئەندامێكی چاڵاكی كۆمەڵ ی زانستی لە شارەكەیدا.
عەبدولواحید نووری هەر مامۆستای پەروەردەكاری قوتابییان نەبووە، بەڵكو لە هەمان كاتدا رابەرێكی نەتەوەیی‌و نیشتمانی ‌و پەروەردەكارێكی منداڵانی كوردستان‌و ئەكتەرێكی لێهاتووی شانۆی كورد‌و نووسەر‌و شاعیرێكی لێهاتووش بووە. لە ساڵی (1926)ەوە چ وەك ئەكتەرێكی پێشەنگ‌و چ وەك ئامادەكاری دەقی شانۆیی بەشداریی لە بنیات نانی شانۆی كوردی كردووە‌و گەلێك كتێبی بە كەڵكی بۆ گەلی كورد داناوە یان لە زمانی عەرەبییەوە كردووە بە كوردی. مانای حەسانەوەی لە ژیاندا نەزانیوە، شۆڕەسوارێكی عەگیدی مەیدانی پەروەردە‌و زانست‌و ئەدەب‌و رۆشنبیریی كورد بووە لە سەردەمەكەی خۆیدا. بەڵام داخی گرانم تاسەر ئەو سوار چاكییەی بەردەوام نەبووە‌و لە گەرمەی تین‌و تاویدا گڵاوە‌و دەردی وەرەم (سیل) لە ساڵی (1942)ەوە تەنگی پێ‌ هەڵچنیوە‌و ساڵا بە ساڵا تین‌و گوڕی لێ‌ بڕیوە تاكو لە رۆژی 5ی تەمووزی 1944دا لە تەمەنی 40 ساڵیدا جوانە مەرگ بووە‌و پەروەردە‌و زانست‌و ئەدەبی كوردی‌و شانۆی كوردستان‌و كۆڕی خەباتی نەتەوەیی پێشكەوتنخوازی گەلی كوردستان تێكۆشەرێكی كوڵنەدەری لە دەست چووە.

عەبدولواحید نووری نووسەری پێشكەوتنخواز:-
عەبدولواحید نووری نووسەرێكی پێشكەوتنخواز بوو، لەو ماوە كورتەی ژیانییدا توانی كۆمەڵە بەرهەمێكی بە نرخی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و پەروەردەیی لە نووسین‌و وەرگێڕان پێشكەش بە نەوەی نوێ‌‌و سەرجەم گەلی كورد بكات، جگە لە دەیان وتاری بە پێزی كە لە رۆژنامەی ژیان‌و ژین‌و گۆڤاری گەلاوێژدا بڵاوی دەكردنەوە.
عەبدولواحید نووری لە ماوەی ژیانە كورتەكەیدا ئەم كتێبانەی بە چاپ گەیاندووە:
1- لە وڵاتی ئادەمیزادە سەربەستەكان (وەرگێڕدراوە) ساڵی 1939.
2- پیرۆزی مناڵا (نووسین) 1942.
3- دوانێك لەسەر پێڕەوی میللی (وەرگێڕدراو) 1942.
4- بەرە‌و رووناكی (جزمی-1-) (نووسین) 1942.
5- لە رێگای سەركەوتنی ئینسانا (نووسین) 1943.
جگە لەو كتێبانەیشی ئەم بەرهەمانەی بۆ قوتابییان كردووە بە كوردی:
1- سەرەتای تەبیعیات.
2- سەرەتای جوغرافیا.
3- جوغرافیای تازە.
4- كتێبی صحە.
5- جوغرافیای ئەوەلی.
زمانی نووسینی ئەم نووسەرە، شێوە زمانە یەكگرتووەكەی كرمانجی خواروو بوو، بەڵام خۆی لە شێوە كلاسیكیەكەی نالی‌و سالم‌و كوردی لاداوە‌و جارێ‌ وەكو پیرمێرد‌و نووسەرانی دوای ئەویش، نەكەوتووەتە سەر كوردی پەتی نووسین بۆیە دەتوانین بڵێین شێوەیەكی ناوەنجی رۆمانسی بەكارهێناوە كە ئەو دەمە شێخ نووری شێخ صالح‌و گۆران لە سەرەتای شاعیرییدا بەكاری دەهێنا.
نووسەری بە پەرۆشمان بۆ خوێندەواریی نەوەی نوێی میللەتەكەی لە پێشەكی كتێبەكەی جوگرافیای تازەیدا نووسیویەتی‌و دەڵێ‌:
پێشكەشی ئەو لاوانە بێ‌
كە بەرامبەر بە خراپە چاكە ئەكەن
ئەی لاو بخوێنە
تا ئەتوانی بخوێنە!!
خۆت، خۆت تێ‌ بگەیەنی
باوەڕت بە قووەتی بازووی خۆت هەبێ‌
باوەڕت بێ‌ بە چاكە‌و
هەر بۆ چاكە بژی.
كاتێك سەرنج دەدەینە ئەم دەقە نووسینەی هەست دەكەین بە زمانێكی پاڕاو داڕێژراوە، قەڵەم پتەوی خاوەنەكەی دەردەبڕی‌و، نووسەری لێهاتوومان لە كتێبەكەی (لە وڵاتی ئادەمیزادە سەربەستەكان)دا دەڵێ‌ (بنووسە… بنووسە… هیچت لە كیس ناچێ‌… ئەگەر زەرەریش بكەی هەر ئەو زنجیرەی نەفامیە لە ملت دائەماڵی، كە هەزاران ساڵە تۆی گیرۆدە‌و دەسخەڕۆ كردووە) ل 288.
((ئاواتی عەبدولواحید نووری، ژیانێكی ئازاد‌و بەختیاری بووە بۆ میللەتەكەی، باوەڕێكی پتەوی بە گۆڕین‌و گۆڕانكاری هەبووە. تیۆری سۆسیالیستی بەشێوەیەكی سادە‌و ساكار هەرس كردووە‌و وای شی كردۆتەوە كە بۆ جووتیارێكی چەوساوە‌و هەر هەژارێك بخوێنێتەوە یەكسەر تێی بگات)). ل289

عەبدلواحید نووری ‌و شیعر:-
ئەم نووسەرە بە توانایە شاعیرێكی هەواداری بووە‌و گەلێك نموونەی سادەی ناسكی شیعری بۆ لاوان هۆنیوەتەوە تاكو بیكەن بە سروودی نیشتمانی‌و بیچڕن. هەروەك لەم نموونەیدا كە بە ناوی (ڕاچڵەكین)ە دایناوە‌و دەڵێ‌:
راچڵەكین‌و وریا بووین
راپەڕین‌و هۆشیار بووین
قەفەزی دیلیمان شكاند
تا لە عالەمدا بژین!
ئەژین، ئەژین
ئێمەش وەك بەشەر ئەژین
ژیانێكی شێرانە
ئێرە ئەكەین بەلانە
ئەیپارێزین لە میكڕۆب
لە میكڕۆبی بێگانە!
شاعیر لە هۆنراوەكەیدا بە ناوی (ئێمە كە لاوین) خۆشترین سروودی بۆ قوتابییانی كورد داڕشتووە‌و دەڵێ‌:
ئێمە كە لاوین تازە پێ‌ ئەگەین،
بۆ دواڕۆژی كورد دایم هەوڵئەدەین
بە ئەخلاقی جوان، بە عیلم‌و عیرفان
تەجەدود نەشرەكەین لەناو كوردستان
نووستبووین سەردەمێك بێ‌ هۆش‌و بێ‌ گۆش
لەزەتی دنیامان كردبووە فەرامۆش!
بەڵام سەد شوكر هاتینەوە هۆش
بژی قەومی كورد بژین هەزارجار

بەم جۆرە مامۆستا عەبدولواحید نووری لە گەلێك بواری رووناكبیری خزمەتی میللەتەكەی خۆی كرد‌و بە نەمانی پەروەردە‌و شانۆ‌و نووسین‌و شیعری نیشتمانی كوردی زیانێكی گەورەیان لێ‌ كەوت‌و سڵا‌و لە گیانی پاكی

نورى

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …