پێنج شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 10 2024
Home / مێژووى جیهان / دەوڵەتانی زلهێز چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشکرد

دەوڵەتانی زلهێز چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشکرد

دەوڵەتانی زلهێز چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشکرد

 

ئاماده‌كردنی: زاهیر سدیق
به‌شی‌ چواره‌م
دابه‌شكردنی ناوچه‌كه‌
ئارام عه‌لی: ئێمه‌ باسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ین، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌و كاتانه‌ وڵاتی شام بوو، لوبنان بوو فه‌له‌ستین بوو ئوردون بوو سووریا بوو، هه‌روه‌ها ئه‌و ناوچانه‌ی زیاتر نزیكی ئه‌وێش زیاتر عێراق بوو به‌تایبه‌تی ناوچه‌ كوردییه‌كانی خۆمان بڵێین ناوچه‌كانی تری باكووری كوردستان و ناوچه‌كانی ڕۆژئاوا وناوچه‌ سنوریه‌كانی تر كه‌ په‌یوه‌ندی به‌كوردستانه‌وه‌ هه‌بوو، فه‌ره‌نسا هه‌ندێك ناوچه‌ی به‌ركه‌وت وه‌كو سوریاو لوبنان و موسڵ و هه‌روه‌ها هه‌ندێك ناوچه‌كانی نزیك كه‌نداوی عه‌ره‌بی، به‌ریتانیا ئه‌و كاتانه‌ ویلایه‌تی به‌غدا له‌گه‌ڵ ویلایه‌تی به‌سره‌ هه‌بوون یان پێیان ئه‌وت دۆڵی ڕافیده‌ین له‌ خانه‌قینه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی باشووری كوه‌یت درێژ ئه‌بوه‌وه‌ ئه‌مانه‌ش زیاتر به‌ر نفوسی به‌ریتانیا ئه‌كه‌وت، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو دواتر به‌پێی ڕێكه‌وتنێكی نهێنی كاتێك كه‌ روسیاش كشایه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ روسیاو فه‌ره‌نسا ڕێكه‌وتنێكیان كرد له‌نێوان خۆیاندا ناوچه‌كانی ویلایه‌تی موسڵ به‌فه‌ره‌نسا گۆڕییه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتیدابوو به‌هه‌ندێك له‌ناوچه‌كانی تری كوردستان به‌تایبه‌تی ناوچه‌كانی باكووری كوردستان درا به‌فه‌ره‌نسیه‌كان به‌پێی ئه‌وه‌ به‌شێكی تری كوردستان كه‌وته‌ ژێر نفوس وكاریگه‌ری و هه‌ژموونی داگیركاری وڵاتی به‌ریتانیای ئه‌و كاته‌وه‌.
روسیاش پشكی به‌ركه‌وت
سدیق ساڵح: فه‌ره‌نسا كه‌م وزۆر ئه‌توانین بڵێین خوارووی ئه‌نادۆڵ خوارووی كوردستانی باكووری ئێستا و سوریا و لوبنانی به‌ركه‌وت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ویلایه‌تی موسڵیشی به‌ركه‌وت، مه‌به‌ستی به‌ریتانیا له‌دابه‌شكردنه‌كه‌ ویلایه‌تی موسڵیشی دایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌بوو به‌هه‌مان ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی پێشوو له‌مپه‌ڕێك دروست بكات له‌نێوان ناوچه‌كانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی به‌ریتانیا خۆی و ده‌وڵه‌تی روسیای ته‌زاریدا، هه‌تا نه‌توانرێ‌ به‌ئاسانی په‌ل بهاوێژێ‌ و ببێ‌ به‌مایه‌ی تێكدانی سه‌لامه‌تی ڕێڕه‌وه‌ بازرگانییه‌كانی خۆی به‌ره‌و هیندوستان و كۆڵۆنییه‌كانی تری به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات به‌ریتانیا ئه‌توانین بڵێین بۆ خۆیشی به‌پێی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ بووه‌ كه‌ بۆ خۆیانیان داڕشتبوو خوارووی سوریا له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌كانی به‌سره‌و به‌غدا بۆ خۆی هێڵرایه‌وه‌ و له‌هه‌مان كاتدا مه‌رجی به‌ریتانیاش ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی عه‌كا و حه‌یفا هه‌بێ‌ له‌سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و هێڵی ئاسنه‌ی له‌وڵاتی میزۆپۆتامیاوه‌ ئه‌هێنرێت بۆسه‌ر به‌نده‌ری عه‌كا وحه‌یفا ئه‌مه‌ش هه‌ر دیسان به‌شێك بێت له‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وانه‌ به‌وڵاتی به‌ریتانیا به‌م شێوه‌یه‌، ئه‌م دوو وڵاته‌ واته‌ به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌یان له‌نێوان خۆیاندا ئیمزا كرد، پاشتریش چون بۆ سانپتروزبورگ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری روسیای ته‌زاریدا كۆبوونه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌ره‌كه‌یان سازانۆڤ بوو به‌پێ‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ دیسان ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌گه‌ڵ روسیادا كردیان، ئه‌توانین بڵێین به‌شێكی زۆری كوردستانی باكوور ویلایه‌ته‌كانی وان و بایه‌زیدو ئه‌رزرۆم به‌ر روسیا كه‌وتن، ئه‌توانین ته‌نانه‌ت هاتن به‌ره‌و خواره‌وه‌ به‌ره‌و موش و ئورفه‌و به‌شێك له‌و ناوچانه‌ش بوون به‌پشكی روسیا له‌و دابه‌شكردنه‌ جیهانیه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیدا، ئه‌م دۆخه‌ دیسان به‌و شێوه‌یه‌ مایه‌وه‌ هه‌تا جه‌نگ كۆتایی پێهات، كاتێ‌ جه‌نگ كۆتایی پێهات دیاره‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌وڵه‌تێكی دۆڕاو بوو له‌و جه‌نگه‌دا، چونكه‌ وڵاتانی ته‌وه‌ره‌ له‌و جه‌نگه‌دا دۆڕان و ئیتر واده‌ی دابه‌شكردنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هات، ئیتر له‌و یه‌ك پارچه‌ییه‌ نه‌مێنێته‌وه‌.
ئارام عه‌لی: به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا له‌وه‌ ئه‌ترسان هه‌ژموونی شیوعی گه‌راییه‌ كۆمۆنیستی و چه‌پ زیاتر بڕوات و ئه‌و ناوچانه‌ی تری نفوسی به‌ریتانیاو وڵاتانی زلهێزه‌یه‌ له‌رووی ئه‌و وڵاتانه‌ی براوی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی بوون ئه‌و ناوچانه‌ بگرێته‌وه‌، ئێمه‌ بیریشمان نه‌چێ‌ كۆی ئه‌و ڕێكه‌وتننانه‌ی له‌دوای ساڵی 1916ه‌وه‌ دێن به‌شێكی زۆری هه‌مان درێژكراوه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆن، چونكه‌ ڕوسیا ڕۆڵێكی زۆر كاریگه‌ری هه‌بوو له‌ناوچه‌كه‌دا، چونكه‌ بمانه‌وێ‌ و نه‌مانه‌وێ‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ شۆڕشیان ئه‌كرد دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌كان به‌شێكی زۆری نفوسی روسیای تیابوو، له‌و كاتانه‌دا به‌ریتانیا و روسیا ترسان له‌وه‌ی كه‌ نفوسی شیوعییه‌كان ته‌شه‌نه‌ بكات و بڵاوبێته‌وه‌ و ناوچه‌كانی تر بگرێته‌وه‌، ئێمه‌ به‌ڕاستی جۆرێك له‌مامه‌ڵه‌كردنی نا ئه‌خلاقیانه‌ ئه‌بینین له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی نفووس و جوگرافیاو شوێنه‌ جیاوازه‌كان یا سنووری ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ناوچه‌كانی وڵاتی شام و فه‌له‌ستین به‌كوردستانیشه‌وه‌ روسیا وتی ئێمه‌ نایه‌ین له‌سه‌ر دابه‌شكردنی خاكی میلله‌تانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه‌ وه‌كو میرات به‌جێ‌ ماوه‌ شه‌ڕی له‌سه‌ر ئه‌كرێت ئێمه‌ به‌شداری له‌وه‌دا ناكه‌ین، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تر كاریگه‌ری شۆرشی به‌لشه‌فیه‌كان له‌ساڵی 1917 دا لینین ده‌سته‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، روسیا ئه‌وكاته‌ مه‌شغوڵی سیاسه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانی خۆی بوو، قورسایی سیاسه‌ته‌كانی گواسته‌وه‌ بۆناوخۆی وڵاته‌كه‌ی، كاتێك كه‌ باسی وڵاتانی زلهێز ئه‌كه‌یه‌ن هه‌ر له‌ڕووی نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌ باسی ئه‌و داگیركاریانه‌ یا كۆڵۆنیالیزمه‌كان ئه‌كه‌ین بۆ ناوچه‌كانی تر ڕاسته‌وخۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریمان دێته‌ پێش چاو، هه‌تا به‌م له‌حزه‌ی ئێستاشه‌وه‌ كوردستان خاوه‌نی سه‌رخان و ژێرخانی ئابوورییه‌كی به‌هێزه‌ به‌تایبه‌تی سامانێكی سروشتی نه‌وت وكانزایی له‌ژێر خاكی هه‌یه‌، واته‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م بۆ داگیركردنی ئه‌و ناوچانه‌ زیاتركاریگه‌ری بردنی سامانی ئه‌م وڵاته‌ بوو كه‌ بریتی بوو له‌ نه‌وت، ڕاسته‌ ئێمه‌ باسی نه‌وت ئه‌كه‌ین ئه‌ڵێین له‌ساڵی 1927 ه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م جار نه‌وتی كه‌ركوك دۆزراوه‌ته‌وه‌ یان پاڵاوگه‌ی نه‌وت دانرا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه‌ باسی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ین به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا كاتێك كه‌ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ڕێكه‌وتن ئه‌كات و هه‌ندێك ناوچه‌ی وه‌ك مه‌نغۆلیا و ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌دات به‌فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا چی ئه‌كات؟ دێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ویلایه‌تی موسڵی لێ‌ ئه‌ستێنێت ویلایه‌تی موسڵ یه‌كێك بوو له‌سه‌رچاوه‌ گرنگ و به‌هێزه‌كان و زۆرترین ژێرخانی ئابووری نه‌وتی ئه‌م ناوچانه‌ی لێ‌ بوو ئه‌و كاتانه‌ هێشتا موسڵیش ویلایه‌تێك بوو دواتریش ئه‌وه‌بوو به‌پێی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ی كرا مه‌لیك فه‌یسه‌ڵیان هێنا بۆ عێراق و دواتر ویلایه‌تی موسڵ لكێنرا به‌عێراقی عه‌ره‌بیه‌وه‌.
ئه‌مریكاش هاتبووه‌ پێش
م.سدیق ساڵح: ویلایه‌تی موسڵی واته‌ كوردستانی باشوور بخاته‌ ژێر ده‌ستی خۆی و ئه‌و ناوچه‌یه‌ جگه‌ له‌سه‌رچاوه‌ی په‌تڕۆڵ توانی له‌ڕووی ئابووریه‌وه‌ خزمه‌تێكی زۆری به‌ریتانیا و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌یه‌ بكات كه‌ ئینگلیز به‌ته‌مابوو به‌ناوی عێراقه‌وه‌ دایبمه‌زرێنێت به‌تایه‌تی بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و زۆری دانه‌وێڵه‌ بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ریتانیا مه‌رجی ئه‌وه‌بوو پێویسته‌ فه‌ره‌نسا واز له‌ویلایه‌تی موسڵ بێنێت بۆ به‌ریتانیا كریمه‌سون به‌وه‌ رازی بوو به‌سێ‌ مه‌رج یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانی ئه‌وه‌بوو فه‌ره‌نسا ئه‌بێت پشكی هه‌بێت له‌نه‌وتی ویلایه‌تی موسڵ، دووه‌میان ئه‌بوو پێویسته‌ به‌ریتانیا پشتیوانی فه‌ره‌نسا بكات له‌هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه‌ له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسادا دروست ده‌بێ‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكاش له‌ دوا دواییه‌كانی یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی وه‌ك زلهێزێك هاته‌ پێشه‌وه‌و و ئه‌ویش ئه‌توانین بڵێین ده‌وری هه‌بوو له‌ گۆڕینی هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا فه‌ره‌نسا مه‌رجی ئه‌وه‌ بوو ئه‌بێ‌ به‌ریتانیا هاوكاری فه‌ره‌نسا بكات كاتێ‌ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان فه‌ره‌نسا و ئه‌مه‌ریكادا ڕوو ئه‌دات دیسان مه‌رجی سێیه‌می فه‌ره‌نساش ئه‌وه‌ بوو ئه‌گه‌ر هاتوو سیستمی مانده‌یت واته‌ ئنتیداب هاته‌ پێشه‌وه‌ فه‌ره‌نسا داوای ئه‌كرد ناوچه‌كانی سوریای ئێستا و لوبنان و ئه‌مانه‌ به‌شێك بن له‌و ناوچانه‌ی سیستمی مانده‌یتی فه‌ره‌نسا بیان گه‌ڕێننه‌وه‌ فه‌ره‌نسا خۆی سه‌روكاریان بكات، به‌م شێوه‌یه‌ وه‌كو وتمان ڕێكه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆ گۆڕانی تێدا به‌سه‌رهات و ویلایه‌تی موسڵیش واته‌ كوردستانی باشوور بوو به‌ به‌شێك له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئینگلیز دواتر به‌ته‌مابوو ده‌وله‌تێكی تازه‌ی به‌سه‌رپه‌رشتی خۆی تێدا دروست بكات.
 فاكته‌ری نه‌وت سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بوو
ئارام علی: له‌به‌رئه‌وه‌ یه‌كێك له‌فاكته‌ره‌ ئه‌ساسییه‌كان بریتی بوو له‌فاكته‌ری كانزایی یا بابڵێین فاكته‌ری نه‌وت كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سروشتی گرنگ بوو له‌ ناوچه‌كه‌دا ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تر بۆ ده‌ست به‌سه‌را گرتنی به‌ریتانیا، بیچگومان ناوچه‌ی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ستراتیجی گرنگ بوو، به‌ڵام كوردستان له‌و كاتانه‌دا ملی دانه‌نه‌واند بۆ ده‌سته‌ڵاتی داگیركاری به‌ریتانی، ئه‌بینین له‌دوای ساڵانی بیسته‌كانه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ریتانیا بۆ نموونه‌ له‌ڕێی هێزی عه‌سكه‌رییه‌وه‌ دێته‌ ناو عێراق له‌ فاو و به‌سره‌و دێت ئینجا دێته‌ ئه‌م ناوچانه‌، ئه‌گینا ئێمه‌ بیرمان بێت باسی ده‌سته‌ڵاته‌كانی شێخ مه‌حمود بكه‌ین شه‌ڕی دژی ئینگلیزه‌كان كردوه‌ یا لێره‌وه‌ هێزی بردوه‌ بۆ شوعێبه‌ له‌ناوچه‌كانی باشوری عێراق له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كاندا شه‌ڕی كردووه‌، واته‌ كاریگه‌رییه‌كی ستراتیجی گرنگی هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تر كاریگه‌رییه‌كی ئابووری به‌هێزی هه‌بووه‌ كه‌ سه‌رمایه‌و سه‌رخان و ژێرخانی ئابووری خۆی وه‌كو وڵاتێكی داگیركه‌ر به‌هێز كرد، ئێمه‌ كه‌ باسی په‌یمانی سایكس پیكۆ ئه‌كه‌ین ڕاسته‌وخۆ برینێكی گه‌وره‌مان ئه‌كولێته‌وه‌ هه‌ست ئه‌كه‌ین چه‌قۆیه‌كه‌ دراوه‌ له‌جه‌سته‌ی كوردستان ئه‌گه‌ر كوردستان له‌شه‌ڕی چاڵدێراندا یان له‌په‌یمانی زه‌هاودا له‌ڕووی تیۆری و كرده‌ییه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌نێوان دوو وڵاتدا یان له‌نێوان دوو هێزدا یان دوو بلۆكی جیاوازدا دابه‌شكرابێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌په‌یمانی سایكس پیكۆدا به‌سه‌رچوار ده‌وڵه‌تدا دابه‌شكراوه‌،  هه‌ریه‌ك له‌وڵاته‌كانی سووریا و توركیا و عێراق و ئێران، هه‌ر یه‌كه‌ی به‌شێكیان برد به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی زلهێز له‌ڕوی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریه‌كیان به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌بوو له‌دوای ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سه‌یر بكه‌ین له‌ساڵی 1908 كاتێك كوده‌تای كۆمه‌ڵه‌ی ئیتیحادو ته‌ره‌قی له‌ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا ڕووئه‌دا و واته‌ بیری توركچێتی و هه‌روه‌ها ئیتیحادیه‌كان ده‌سته‌ڵات ئه‌گرنه‌ ده‌ست تا ڕاده‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ سوڵتان له‌ده‌سته‌ڵات لائه‌به‌ن، ئێمه‌ بمانه‌وێ‌ ونه‌مانه‌وێ‌ ئه‌و بزاڤه‌ ڕۆشنبیری و سیاسیانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا دروست بوو بوون كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا، به‌چی به‌پاڵنه‌ری ده‌وڵه‌تانی زلهێز، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تر ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌و كاته‌دا یه‌كێك له‌كه‌سایه‌تیه‌ ڕۆژئاواییه‌كان ناوی نا ده‌وڵه‌تی پیاوه‌ نه‌خۆشه‌كه‌، كه‌ وورده‌ وورده‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ره‌و لاوازی ئه‌چوو، نفوسی به‌ره‌و كه‌م بوونه‌وه‌ ئه‌چوو شۆڕش و ڕاپه‌ڕین له‌ناوچه‌كاندا دروست ئه‌بوو و هه‌موو ئه‌و هێزه‌ ناوچه‌یی و هه‌رێمییانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌بوو به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌وروپاو له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ هاوكاری ئه‌كران، چونكه‌ ئه‌وروپا یان با بڵێن وڵاتانی زلهێز دوو فاكته‌ری گرنگ كاریگه‌رییان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی بڕوخێن كارگه‌رییه‌كیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری وبه‌هێزكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی  ژێرخانی خۆیان بوو له‌لایه‌ك له‌یه‌كی تر كاریگه‌ری ئاینییه‌ كه‌ ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بوو.
كونگره‌ی پاریس
ئه‌م كۆنفرانسه‌ دوای كۆتایی هاتن به‌جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا له‌شه‌شی شوباتی 1919ی زاینی به‌سترا، ئامانجیش له‌به‌ستنی ئه‌م كۆنفرانسه‌ چه‌سپاندنی ئاشتی جیهانی بوو، ئاوڕدانه‌وه‌بوو له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌ تێكشكاوه‌كانی جه‌نگ، له‌و كۆنفرانسه‌دا زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان و گه‌لانی به‌شخوراو به‌شداریان تێداكرد، نوێنه‌ری گه‌لی كوردیش بۆ ئه‌و كۆنفرانسه‌ جه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا بوو، كه‌ راپۆرتێكی پێشكه‌ش به‌كۆنفرانسه‌كه‌ كردبوو، هه‌روه‌ها شه‌شی شوباتی 1919 چاوی به‌سه‌رۆكی كۆنفرانسه‌كه‌ كلیمان سۆل سه‌رۆك وه‌زیرانی فه‌ره‌نسا كه‌وت و له‌سه‌ر مافی گه‌لی كورد بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد، به‌ڵام كۆنفرانسه‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاوڕی له‌مافی كورد نه‌دایه‌وه‌، له‌كاتێكدا مافی گه‌لانی وه‌ك ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب له‌به‌رچاو گیرا، چونكه‌ كورد له‌و جه‌نگه‌دا به‌ره‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردبوو، جه‌نه‌رال شه‌ریف پاشا به‌شێوازێكی دیبلۆماسییانه‌ی به‌رز توانی له‌كاتی كۆنفرانسی ئاشتی پاریسدا ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان قایل بكات، یاداشتنامه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌ی كوردستاندا پێشكه‌ش بكات، ئه‌م دیبلۆماسییه‌ته‌ بووه‌ هۆكاری ئیمزاكردنی رێككه‌وتننامه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی سیڤه‌ری 1920  كه‌ به‌ئاشكرا داننرا به‌مافی گه‌لی كورد بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی، جه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا له‌ 27ی 4ی 1920 ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌نوێنه‌رایه‌تی كردنی گه‌لی كورد راگه‌یاند.
بۆ دابه‌شكردنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ له‌جه‌نگدا به‌ده‌ستیان هێنابوو
د.ئارام عه‌لی: كۆنفرانسی ئاشتی پاریس كه‌ له‌پاریس به‌سترا له‌كۆشكی فێرسای كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ نزیك پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نساوه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا تێیدا به‌شداربوون، له‌پێش هه‌موویاندا به‌رێبه‌ری به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و دواییش ئه‌مریكا ئه‌م كۆنفرانسه‌یان به‌ست بۆ تاوتوێ‌ كردنی ئاكامه‌كانی جه‌نگ وسه‌رله‌نوێ‌ دابه‌شكردنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ له‌جه‌نگدا به‌ده‌ستیان هێنابوو.
كۆنگره‌كه‌ دانانی نه‌خشه‌یه‌كی نوێ‌ بوو بۆ ئه‌وروپا
د.سۆزان كه‌ریم: كۆنگره‌ی ئاشتی له‌پاریس له‌ساڵی 1919دا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سێ‌ بابه‌تی گرنگ دروستبوو، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ چاره‌نووسی زه‌وییه‌ داگیركراوه‌كان بوو كه‌ پێشتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا بوو به‌رووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی چاره‌نووسی ئه‌م ناوچانه‌ دیاری نه‌كراوبوو، بۆیه‌ یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی به‌ستنی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ بۆ چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ بوو، هۆكارێكی تری دروستبوونی كۆنگره‌كه‌ دانانی نه‌خشه‌یه‌كی نوێ‌ بوو بۆ ئه‌وروپا، چونكه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزانه‌ی له‌جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا به‌شداریان كرد ئه‌یانویست پێگه‌ی خۆیان له‌ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی جێگه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ دانانی نه‌خشه‌یه‌كی نوێ‌ بوو بۆ وڵاته‌ زلهێزه‌كان له‌رۆژهه‌ڵاتدا، هۆكارێكی تر باسكردنی ئه‌و په‌یماننامه‌ نهێنییانه‌ بوو كه‌ له‌پێش كۆنگره‌ی پاریسدا دروستبوو. بۆ نموونه‌ په‌یماننامه‌ی سایكس پیكۆ، په‌یماننامه‌ی سان ریمۆ، بۆیه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌رفه‌تێك بوو بۆ باسكردن و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یماننامه‌ نهێنییانه‌.
د.ئارام عه‌لی: كۆنفرانسه‌كه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵێكی خایاند، هه‌مووی تایبه‌ت نه‌بوو به‌كورد، كورد له‌و كۆنفرانسه‌ نوێنه‌ری هه‌بوو، به‌شێكی كۆنفرانسه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌ و په‌یمانی جیاوازی تێدابوو، بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا په‌یماننامه‌یه‌ك هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی له‌سیڤه‌ر به‌سترا له‌ساڵی 1920 ئه‌و كاته‌ نوێنه‌ری كورد شه‌ریف پاشای خه‌ندان بوو ئه‌و به‌شداری كردووه‌ یاریده‌ده‌رێكیشی هه‌بووه‌.
كورد ئه‌یویست له‌دوای جه‌نگ مافه‌كانی خۆی به‌دی بهێنێ‌
د. سۆزان كه‌ریم: كورد بۆ یه‌كه‌م جار له‌كۆنگره‌ی ئاشتی پاریسدا به‌شدار بوو، كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌بوون كه‌ هانده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌شدار بێت، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌دوای ته‌واو بوونی جه‌نگ و به‌ستنی ئاگربه‌ست كاتێ‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌سترا، كورد ئه‌یویست له‌دوای جه‌نگ به‌شێك له‌مافه‌كانی خۆی به‌دی بهێنێ، یه‌كێك له‌و هانده‌رانه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی چوارده‌ به‌نده‌كه‌ی وێڵسۆنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو، به‌تایبه‌تی به‌ندی دوانزه‌ كه‌ باس له‌مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌كات، كوردیش وه‌ك یه‌كێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ئه‌یویست مافی چاره‌ی خۆنووسین به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌هۆكاره‌كان، هۆكارێكی تر بوونی هه‌ندێك رێكخراو كه‌ ئه‌و كاته‌ له‌مه‌یدانی سیاسیدا تازه‌ دروست بوون بۆ نموونه‌ كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی كوردستان له‌ساڵی 1918دا دروست بوو، شێخ عه‌بدولقادری شه‌مزینی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك رۆشنبیری وه‌كو جه‌للاده‌ت به‌درخان تێیدا به‌شدار بوون، جگه‌ له‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌مانه‌ له‌و كاته‌دا تازه‌ دروستبوو بوون، هه‌وڵیان ئه‌دا له‌مه‌یدانی سیاسیدا به‌شێك له‌مافه‌كانی كورد به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكاربوون وای له‌كورد كرد نوێنه‌رێكی هه‌بێ‌ له‌كۆنگره‌ی ئاشتی، یان نوێنه‌رێك بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ‌ تا  له‌كۆنگره‌ی ئاشتیدا داكۆكی له‌مافه‌كانی خۆی بكات، بۆیه‌ ئه‌بینین له‌دوای ئه‌مه‌وه‌ شه‌ریف پاشا له‌و كۆنگره‌یه‌دا وه‌كو نوێنه‌ری كورد ده‌ستنیشان ده‌كرێ‌، بێگومان نوێنه‌رایه‌تی شه‌ریف پاشا له‌لایه‌ن ئه‌م كۆمه‌ڵانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا، جگه‌ له‌وه‌ له‌باشووری كوردستانیشدا هه‌وڵدرا شه‌ریف پاشا وه‌ك نوێنه‌ری خۆیان بناسێنن، بۆ نموونه‌ شێخ له‌تیفی كوری شێخ مه‌حمود باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ شه‌ریف پاشا په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌شێخ مه‌حموده‌وه‌ داوای لێكردووه‌ كه‌ مافی نوێنه‌رایه‌تی كوردی پێبدرێ‌ له‌كۆنگره‌ی پاریسدا، بۆیه‌ شێخ مه‌حمود ده‌ست ده‌كات به‌كۆكردنه‌وه‌ی پشتگیری و لایه‌نگری بۆ شه‌ریف پاشا، مه‌سبه‌ته‌یه‌ك به‌عه‌شایه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ مۆر ئه‌كات، ره‌فیق حیلمی خۆی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و مه‌سبه‌ته‌یه‌یه‌ی به‌خه‌تی خۆی له‌ماڵی حوكمدار نووسیوه‌، واته‌ له‌ماڵی شێخ مه‌حمود، ئینجا به‌دوو كه‌سایه‌تی كه‌ ره‌شید كابان و سه‌ید ئه‌حمه‌ده‌ مه‌سبه‌ته‌ ده‌ینێرێ‌ بۆ كۆنگره‌ی ئاشتی له‌پاریس و هه‌روه‌ها هه‌وڵێكی تری شێخ مه‌حمود ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ته‌نها له‌باشووری كوردستاندا پشتگیری بۆ به‌ده‌ست بهێنێ‌ و له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشی پشتگیری بۆ شه‌ریف پاشا كۆكرده‌وه‌، بۆیه‌ نوێنه‌رێك ئه‌نێرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ عیزه‌ت مه‌تفه‌عی و كه‌سایه‌تییه‌كی تر ده‌ستده‌كه‌ن به‌كۆكردنه‌وه‌ی پشتیوانی بۆ شه‌ریف پاشا و له‌وێش دیسانه‌وه‌ مه‌سبه‌ته‌یه‌كی تر به‌خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ مۆر ئه‌كه‌ن، به‌ڵام ئینگلیز ئاگاداری ئه‌م هه‌وڵه‌ی كورده‌كان بووه‌، بۆیه‌ فه‌ره‌نسییه‌كان ڕاده‌سپێرن كه‌ رێگه‌ له‌ره‌شید كابان و سه‌ید ئه‌حمه‌د بگرن، ئیتر له‌حه‌له‌ب ده‌ستگیر ده‌كرێن و ته‌سلیم به‌ئینگلیزه‌كان ده‌كرێن و ده‌ستبه‌ سه‌ر ده‌كرێن و پاش ماوه‌یه‌ك ره‌شید كابان ئازاد ئه‌كرێ‌، به‌ڵام سه‌ید ئه‌حمه‌د نه‌فی ده‌كرێ‌ بۆ ناوچه‌ی بنجام له‌كه‌نداو.
فه‌ره‌نسییه‌كان ئاسته‌نگیان بۆ دروستكرد
د: ئارام عه‌لی: ئه‌وه‌ هه‌ر بۆ خۆی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ شه‌ریف پاشا نوێنه‌رایه‌تی خۆی نه‌كردووه‌، وه‌كو ئه‌و مێژوونووسانه‌ ئه‌ڵێن، به‌ڵكو پشتیوانییه‌كی زۆری هه‌بووه‌، له‌سلێمانی به‌زمانی جاران ئه‌ڵێن مه‌سبه‌ته‌یه‌ك كۆكراوه‌ته‌وه‌، شێخ مه‌حمودی نه‌مر و سه‌رۆك خێڵ و كه‌سانی ناوداری هه‌موو ناوچه‌ی سلێمانی و كوردسانی رۆژهه‌ڵاتیش ئیمزایان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سبه‌ته‌یه‌ كرد و به‌دووكه‌سدا ناردوویانه‌ بۆ سوریا و له‌وێ‌ فه‌ره‌نسییه‌كان رێگه‌یان نه‌داوه‌ برۆن، ئاسته‌نگیان بۆ دروستكردوون.
د. سۆزان كه‌ریم: كۆمه‌ڵێك هۆكار رۆڵی خۆی بینی له‌دژایه‌تی ئینگلیزه‌كان بۆ هه‌وڵی كورده‌كان، ئینگلیزه‌كان هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوون ده‌وڵه‌تێكی كوردی سه‌ربه‌خۆ له‌ناوچه‌كه‌دا دروستبێت، چ ئینگلیز و چ فه‌ڕه‌نسییه‌كان، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نه‌بوو، ئه‌وان هاتبوون تاوه‌كو ناوچه‌كانی كوردستان كه‌ ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شبكه‌ن، بۆیه‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی یان قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی كوردی دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ده‌وه‌ستایه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نه‌بوون پشتیوانی له‌دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی كوردی بكه‌ن، بۆیه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی بوون، چ له‌ناو كۆنگره‌دا دژی شه‌ریف پاشا وه‌ستانه‌وه‌ و چ له‌هه‌وڵه‌كانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا دژی وه‌ستانه‌وه‌ و نه‌یانهێشت سه‌ربگرێ‌.
د. ئارام عه‌لی: هێنده‌ی من بزانم ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ پێشتر دیاریبكرێ‌، شه‌ریف پاشا بۆ خۆی كه‌سێكی چالاك بووه‌، له‌بواری دیبلۆماسی و سیاسه‌تدا، سه‌رده‌مانێكیش باڵیۆزی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو له‌ستۆكهۆڵم، دوای كه‌ كێشه‌ دروستبوو له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و ئینجا له‌گه‌ڵ ئیتیحادولته‌ره‌قییه‌كاندا كه‌وته‌ سه‌ر رێبازی كوردایه‌تی، ئه‌و دیدو بۆچوونێكی عوسمانیانه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام دوایی كه‌وته‌ سه‌ركه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆیی. ئه‌و كاته‌ خۆی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌دیبلۆماتكاران و سیاسی و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فه‌ره‌نسی و به‌ریتانی بۆ ئه‌وه‌ی شتێك بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد بكه‌ن، ئه‌مه‌ ده‌ستپێشخه‌ری و چالاكی خۆی بوو، به‌ڵام ناكرێ‌ بڵێین به‌ته‌نها خۆی بووه‌ و كه‌سی له‌گه‌ڵ نه‌بووه‌، هه‌ندێك له‌مێژوونووسه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سۆڤێتی جاران به‌و چاوه‌وه‌ سه‌یری جه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا ده‌كه‌ن كه‌ نوێنه‌ری كه‌س نه‌بووه‌، یاخود جاری واهه‌یه‌ ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ شاندی توركی یان عوسمانی دا چووه‌ته‌ ئه‌وێ‌. به‌ڵام نه‌خێر راستییه‌كه‌ی وانییه‌، كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی كوردستان كه‌ سه‌ید عه‌بدولقادر سه‌رۆكایه‌تی كردووه‌، له‌ناوچه‌ی سلێمانی و باشووری كوردستان و زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستاندا پشتیوانی لێكراوه‌ و به‌نوێنه‌ری خۆیان داناوه‌.
دوو بیرخه‌ره‌وه‌ی پێشكه‌ش به‌كۆنگره‌ی پاریس كرد
د.سۆزان كه‌ریم: سودی كورد له‌م كۆنگره‌یه‌دا ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌وڵه‌كانی ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا، ئه‌و هه‌وڵێكی زۆری دا له‌كۆنگره‌ی پاریسدا شتێك بۆ كورد به‌ده‌ست بهێنێ‌، له‌وانه‌ دوو بیرخه‌ره‌وه‌ی پێشكه‌ش به‌كۆنگره‌ی پاریس كرد له‌ 22ی ئاداری 1919دا و له‌ 1ی ئاداری 1920 هه‌ر یه‌كێك له‌م بیرخه‌ره‌وانه‌ كه‌ به‌زمانی فه‌ره‌نسی پێشكه‌ش كراوه‌ نه‌خشه‌یه‌كی كوردستانی له‌گه‌ڵ بووه‌، لێره‌دا شه‌ریف پاشا كۆمه‌ڵێك داخوازی كوردی پێشكه‌ش به‌كۆنگره‌كه‌ كرد، یه‌كێك له‌و داخوازییانه‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بوو بۆ كورد، دووه‌هه‌مین به‌توندی دژی هه‌وڵی ئه‌رمه‌نه‌كان وه‌ستایه‌وه‌ له‌كۆنگره‌كه‌دا، چونكه‌ ئه‌رمه‌نه‌كانیش داوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان ده‌كرد، به‌شێك له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئه‌رمه‌نه‌كان داوایان ده‌كرد له‌سنووری جوگرافیای كوردستاندا بوو، خرابووه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌ن، به‌ڵام شه‌ریف پاشا نه‌یهێشت ئه‌و ناوچه‌كوردییانه‌ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردبوون بخرێنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌ن. داخوازییه‌كی تری كورد ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كان كۆچ و ڕه‌ویان ئه‌كرد له‌ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی تر، گه‌رمیان و كوێستانیان ئه‌كرد، بۆیه‌ شه‌ریف پاشا داوای ئه‌وه‌ی ئه‌كرد هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كان كۆچی بۆ ئه‌كه‌ن و سه‌ر به‌سنووری جوگرافیای كوردستانه‌ بخرێته‌ نێو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ بۆ كورد دروستده‌كرێ‌، داخوازییه‌كی تر له‌و بیرخه‌ره‌وانه‌ی شه‌ریف پاشا پێشكه‌شی كرد بریتی بوو له‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ دیاری كردنی سنووری جوگرافی كوردستان.
كوردیش قسه‌ی خۆی كرد
د. ئارام عه‌لی: من پێم وایه‌ كورد توانی داواكارییه‌كان بگه‌یه‌نێ‌، چونكه‌ ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا بۆ خۆی كه‌سێكی دیبلۆماتكار و زیره‌ك بوو، له‌ڕووی سیاسیشه‌وه‌ به‌توانا بوو، ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ‌ خاڵێكی گرنگ هه‌یه‌ رێككه‌وتنێك له‌نێوان شاندی كوردی و شاندی ئه‌رمه‌نیشدا هه‌بووه‌ كه‌ توانیان ئه‌و ناكۆكییه‌ی له‌نێوان ئه‌رمینیا و كوردستان هه‌بووه‌ تاڕاده‌یه‌ك  چاره‌سه‌ر بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ شه‌ریف پاشا میموردوكی پێشكه‌ش كرد كه‌ هه‌موو خاڵه‌كان و داواكارییه‌كانی تێدا بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش باس ده‌كات كه‌ چ شارێك كوردییه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ی كورده‌ و به‌ناحه‌ق ئه‌درێ‌ به‌ ئه‌رمینیا، ئه‌و خاڵانه‌ش هه‌مووی باس كرابوون، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و توركیای تازه‌ی تێدانه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و داواكارییانه‌ی كورد ناكۆك بوون، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خاڵه‌كان جێبه‌جێ‌ نه‌كران، بێگومان ئێمه‌ ئه‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كۆنفرانسی ئاشتی پاریس یاخود ئه‌وه‌ی كه‌ له‌دواییدا په‌یمانی سێڤه‌ری پێده‌ڵێن، بۆ یه‌كه‌م جاره‌ كورد راسته‌وخۆ به‌شداری بكات و پرسی پێبكرێ‌، وه‌ك وتم چالاكی جه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشاشی تێدابوو، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی تر مافیان هه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ كوردیش به‌شداری پێكرا و راسته‌وخۆ گوێ‌ له‌قسه‌یان گیرا، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ش به‌تایبه‌ت فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا حیسابی بۆ ده‌كرا، كاتێ‌ مه‌سه‌له‌ی ویلایه‌تی موسڵ هاته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وان كێشه‌یه‌كیان هه‌بوو ئه‌یانویست ئاسته‌نگی بۆ دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی كورد به‌دی نه‌یه‌ت به‌و شێوه‌ییه‌ی كورد ده‌خوازێ‌.
 ناكۆكی ناوخۆ هۆكارێكی شكستی كوردبوو
د. سۆزان كه‌ریم: كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌بوون وایان كرد هه‌وڵه‌كانی شه‌ریف پاشا و كورد له‌م كۆنگره‌یه‌دا شكست بهێنێ‌، به‌داخه‌وه‌ دووبه‌ره‌كی و ناكۆكی ناوخۆیی هۆكارێكی شكست پێهێنانی كوردبوو، وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ ململانێی دووبه‌ره‌كی كورد هۆكارێك بووه‌ بۆ شكست، كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی كوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌هۆی ململانێی ناوخۆیییه‌وه‌ دابه‌شبوون بۆ دووبه‌ره‌، به‌ره‌یه‌كیان پشتیوانی له‌هه‌وڵه‌كانی شه‌ریف پاشا ئه‌كرد و پێیان وابوو كورد ئه‌بێ‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌ده‌ست بهێنێ‌ و پشتیوانییان له‌داواكاری شه‌ریف پاشا ده‌كرد، كه‌ بریتی بوو له‌به‌ده‌ستهێنانی مافی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ره‌كه‌ی تریان كه‌ جه‌للاده‌ت به‌درخان سه‌رۆكایه‌تی ئه‌كرد ئه‌مانه‌ داوای مافی چاره‌ی خۆنووسین یان دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی ئۆتۆنۆمی له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌كرد، ئه‌مه‌ وای كردبوو ململانێ‌ له‌نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا دروست بێت و هۆكارێك بێت بۆ شكسپێهێنانی هه‌وڵه‌كانی كورد، جگه‌ له‌وه‌ پێش ئه‌مه‌ش شێخ عه‌بدولقادری شه‌مزینی و جه‌للاده‌ت به‌درخان له‌هه‌وڵێكدا بوون بۆ پێكهاتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا، ئه‌و كاته‌ سه‌دری ئه‌عه‌زه‌م كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌بوو ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌ناوچه‌كه‌دا دروست ببێ‌، كۆمه‌ڵێك هه‌وڵیدا، له‌وانه‌ بانگێشتی كورده‌كانی كرد بۆ توركیا و پێی گوتن جیابوونه‌وه‌ی كورد باش نییه‌، كوردو تورك هه‌میشه‌ برابوون و هاوئاینن و پێویسته‌ داوای مافی سه‌ربه‌خۆیی نه‌كه‌ن. به‌ڵێنی پێدابوون كه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورده‌كان دروستبكات، به‌ڵام دواتر به‌هۆی گۆڕینی سه‌دری ئه‌عه‌زه‌مه‌وه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ فه‌رید پاشا بوو به‌سه‌دری ئه‌عه‌زه‌م ئیتر هه‌وڵه‌كه‌ شكست ئه‌هێنێ‌ و داخوازییه‌كانی كورد پشتگوێ‌ ئه‌خرێ‌ و یه‌كێكش له‌وانه‌ جێبه‌جێ‌ ناكرێ‌. جگه‌ له‌وه‌ له‌دوای مۆركردنی په‌یماننامه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نه‌كاندا كه‌ ئه‌مه‌ش كارێكی تری شه‌ریف پاشا بوو له‌ساڵی 1919 په‌یماننامه‌یه‌كی ئاشتیان مۆركرد، كه‌ تێیدا دان به‌وه‌دا نرابوو  كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌ به‌شدارنه‌بووه‌ له‌قڕكردنی ئه‌رمه‌نه‌كاندا كه‌ پێشتر له‌سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولحه‌میدا هه‌وڵی قڕكردنی ئه‌رمه‌نه‌كان درابوو، بۆیه‌ په‌یماننامه‌یه‌كی ئاشتیان مۆركرد و ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان كورد و ئه‌رمه‌ندا دروستبوو، دانپێدانانێكی مێژوویش بوو بۆ كورد كه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ له‌قڕكردنی ئه‌رمه‌نه‌كاندا به‌شدارنه‌بووه‌، ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ جێی ناڕه‌زامه‌ندی به‌شێك له‌كورده‌كان بوو، بۆ نموونه‌ شێخ عه‌بدولقادری شه‌مزینی له‌دوای مۆركردنی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌رۆژنامه‌كانی توركیادا زۆر به‌خراپه‌ باسی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی كرد و ناڕه‌زایی خۆی له‌سه‌ری ده‌ربڕی.
د.ئارام عه‌لی: ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌ك بوو له‌دیدو بۆچوونی سیاسییه‌كانی كورددا لایه‌نێكی سه‌ربه‌خۆخواز هه‌بوو كه‌ زیاتر خوێنده‌وار و رۆشنبیره‌كانی كوردبوون له‌نێوان شه‌ریف پاشا و كوڕانی یان نه‌وه‌كانی  به‌درخانییاندا، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ردا سه‌ید عه‌بدولقادر كه‌ كوڕی شێخ عوبێدوڵڵای نه‌هرییه‌ ئه‌و زیاتر دیدێكی ئیسلامی هه‌بوو، باوه‌ڕی وابوو كه‌ ئۆتۆنۆمی بدرێ‌ به‌كورد له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا، ئه‌مه‌ هه‌ر زوو بوو به‌كێشه‌یه‌ك له‌نێوان سیاسییه‌كانی كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی كوردستان و رۆشنبیره‌كان، ئه‌گه‌رچی له‌پێشه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی كوردستان پشتیوانی شه‌ریف پاشایان ده‌كرد، به‌ڵام كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دروست بوو مه‌سه‌له‌ی ئۆتۆنۆمی له‌ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا ئه‌وه‌ ته‌نانه‌ت وای كرد كه‌ شه‌ریف پاشا كه‌ به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ كوتوپڕ وه‌كو هه‌ڵوێستێك، وه‌ك توڕه‌بوونێك وازی له‌نوێنه‌رایه‌تی هێنا.
كه‌مالییه‌كانیش رازی نه‌بوون كورد سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستبهێنێ‌
د. سۆزان كه‌ریم: ئه‌مانه‌ هۆكارێك بوون وای له‌شه‌ریف پاشا كرد بێومێدبێ‌ له‌هه‌وڵه‌كانی كۆنگره‌ی ئاشتی پاریس، هۆكاری ده‌ره‌كیش هه‌یه‌ و رۆڵی خۆی بینیوه‌، بۆ نموونه‌ هه‌وڵه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌شێكی یه‌كجار كه‌می ئه‌سته‌نبوڵ و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ده‌سته‌وه‌ مابوو، دژی ئه‌وه‌ بوو به‌شێكی تر له‌خاكی كورد له‌سه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نه‌مێنێ‌ و جیاببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا نه‌بوو، هه‌روه‌ها هه‌وڵێكی تر هه‌ر له‌نێوده‌وڵه‌تی عوسمانیدا كه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌مالییه‌كان تازه‌ سه‌ریان هه‌ڵدابوو، ئه‌مانیش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیاندا نه‌بوو كورده‌كان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن و پارچه‌یه‌كی تر له‌ده‌وڵه‌تی عوسمانی جیاببێته‌وه‌ ببێت به‌ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ. بۆیه‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌ هۆكارێك بوون له‌شكست هێنانی كورده‌كان، جگه‌ له‌وه‌ رۆڵی وه‌ڵاته‌ زلهێزه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌تایبه‌تی به‌ریتانی و فه‌ره‌نسا رۆڵی ته‌واوی خۆیان گێڕا بۆ ئه‌وه‌ی كورد شكست بهێنێ‌.
د.ئارام عه‌لی: داواكاری كورد بێگومان وه‌كو نه‌ته‌وه‌كانی تر سه‌ربه‌خۆیی بوو جا نابێ‌ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێ‌ له‌كوردستاندا جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا خه‌باتی رزگاری خوازی ده‌ستی پێكردبوو، خه‌باتی رێكخراوه‌یی سیاسی و رۆشنبیریش ده‌ستی پێكردبوو، توێژێكی تازه‌ی كورد هاتنه‌ پێشه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی جارانه‌وه‌ كه‌ میر و میرزاده‌ و به‌گ و ئاغاكان، ئه‌مانه‌ زیاتر خه‌ڵكانی رۆشنبیر و خوێنده‌واربوون،  بێگومان ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی وێڵسۆنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه‌ له‌چوارده‌ خاڵ پێك هاتبوو هاندانێكی زۆری تێدابوو بۆ كورد، چونكه‌ له‌خاڵی دوانزه‌هه‌مدا باسی مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌كانی بن ده‌ستی عوسمانی ده‌كات، ئه‌مه‌ به‌گشتی كوردی هاندابوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش وه‌كو نه‌ته‌وه‌كانی تر بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنن.
د.سۆزان كه‌ریم: كورد له‌كۆنگره‌ی ئاشتی پاریسدا هه‌وڵی زۆریدا تاوه‌كو هه‌رچۆنێك بێت مافێك به‌ده‌ست بهێنێ‌، جا ئه‌و مافه‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی بێت یان مافی ئۆتۆنۆمی بێت، تاكه‌ هانده‌ر وه‌كو باسم كرد ئه‌و به‌ڵێنانه‌بوو كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كان له‌دوای داگیركردنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌گه‌لانی ژێر ده‌سته‌ی ناوچه‌كه‌یان دابوو، له‌وانه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو كه‌ ئه‌و به‌ندانه‌ی راگه‌یاند، یه‌كێك له‌به‌نده‌كان جه‌ختی له‌سه‌ر مافی سه‌ربه‌خۆیی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌كان ئه‌كرده‌وه‌، كوردیش ئه‌مه‌ی به‌هه‌ل زانی بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م به‌نده‌ كاری كرد و له‌كۆنگره‌ی ئاشتی پاریسدا هه‌وڵه‌كانی خۆی خسته‌گڕ بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مه‌ له‌ئه‌نجامدا په‌یمانی سیڤه‌ری لێ‌ كه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌سێ‌ به‌نددا توانیان دان به‌سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا بنێن، به‌ڵام دواتر به‌هاتنه‌سه‌ر كاری كه‌مالییه‌كان، ئه‌م هه‌وڵه‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و له‌جیاتی ئه‌وه‌ په‌یمانێكی ترمۆر كرا كه‌ په‌یمانی لۆزان بوو.
ئەم بابەتە وەک بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی لەلایەن خاک-ەوە ئامادەکراوە. لەچوارچیوەی هەماهەنگیەکانی کوردستانی نوێ‌و  خاکدا بەچەند ئەڵقەیەک لە کوردستانی نوێشدا بڵاودەبێتەوە.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی سپی لەئێران :

نیهاد عوزێر پێشەکی :پێشەکی : لە بوارەکانی مێژوو و زانستی سیاسیدا، شۆڕش بریتییە لە گۆڕانکارییەکی …