یه‌كه‌م جار ژنێك له مێژووی توركیا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌گرێته‌ده‌ست
تانسۆ چێله‌ر ئه‌و ژنه سوروسپیه رۆژهه‌ڵاتیه بوو كه له ده‌رگایه‌كی به‌رینه‌وه خۆی كرد به مێژووی توركیا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی وه‌ك یه‌كه‌م ژن باڵاترین پۆستی حوكمڕانی له‌و وڵاته‌دا گرته‌ده‌ست.
چێله‌ر به هه‌زار شێوه و ره‌نگی سیاسی خۆی گۆڕی تا ئه‌و كاته‌ی باڵاترین پۆستی به‌رپرسیارێتی سیاسی گرته‌ده‌ست و بووه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ر له‌وه‌ی بۆ خاڵی سفر بگه‌ڕێته‌وه.
«مسته‌ر چێله‌ر»ی مێردی كه به ته‌واوه‌تی وازی له خانه‌واده‌كه‌ی خۆی هێنا تا نازناوی خانه‌واده‌ی ژنه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت، له‌ڕێی پشتیوانیكردنێكی بێده‌نگانه‌وه، هاوبه‌شێكی كاریگه‌ر بوو بۆ گه‌یاندنی تانسۆ چێله‌ر به پۆسته‌كان و هۆكاریش بوو بۆ كه‌وتنی ئه‌و ژنه به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی ئابڕچوونه دارایی و گرێبه‌سته بازرگانییه گوماناوییه‌كانییه‌وه.
باوكی چاوه‌ڕوانی كوڕی ده‌كرد
كاتێك ئه‌و كچه سوروسپیه له ساڵی 1946 له‌دایك بوو، حسێن نیفاتی باوكی به‌بێده‌نگییه‌وه سه‌ری دانه‌واند و بینی هه‌موو خه‌ونه‌كانی ئاینده‌ی به‌خێرایی به‌هه‌وادا رۆیشتن، چونكه بووه باوكی كچ له بری ئه‌وه‌ی ببێته باوكی كوڕ و لێوه‌ی خه‌ونه سیاسییه‌كانی به‌دی بهێنێت و ناوی خانه‌واده‌ی «چێله‌ر»به‌رزبكاته‌وه پاش ئه‌وه‌ی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك نه‌ریتی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی توركیادا سه‌پاند كه ده‌بێت هه‌موو خانه‌واده و خێزانێك نازناوێكی دیاریكراویان هه‌بێت و شوێنی ناوه‌كانی پێشوویان بگرێته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی باوكی هیچ منداڵێكی تری نه‌بوو، هه‌موو بایه‌خێكی دایه ئه‌و كچه كه پاره‌یه‌كی زۆری تێدا خه‌رج كرد و ره‌وانه‌ی خوێندنگه و زانكۆ تایبه‌ته‌كانی كرد، له‌و رووه‌شه‌وه تانسۆ توانی له‌نێو هاوڕێكانیدا به سه‌ركه‌وتووترین بناسرێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌ش و له میانی ئاهه‌نگێكدا كه له‌لایه‌ن یانه‌ی یه‌خته‌كان له ئیسته‌نبوڵ سازكرا، ئۆزێر ئه‌چۆرانی هاوبه‌شی ژیانی ناسی كه لاوێكی ره‌شتاڵه‌ی قۆز و رێكپۆش و سه‌رنجڕاكێش بوو.
ئۆزێر خوێندكاری كۆلێژی ئه‌ندازیاری بوو، له‌كاتێكدا تانسۆ، ئابوری ده‌خوێند له په‌یمانگای رۆبه‌رت كه دواتر بووه زانكۆی بسفۆر، پاش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی سۆزداریی له‌نێوانیاندا دروست بوو، دوای كه‌متر له ساڵێك ئاهه‌نگی ماره‌بڕینیان گێڕا.
هه‌ردوو خوێندنیان ته‌واو كرد و له بواری خۆیاندا بڕوانامه‌یان به‌ده‌ستهێنا، بۆیه هه‌ر دوابه‌وای ئه‌وه بڕیاریاندا زه‌ماوه‌ندی هاوسه‌رگیری بگێڕن و دوای ئه‌وه‌ش سه‌فه‌ریان كرد بۆ ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان تا درێژه به خوێندنی زانستی بده‌ن، له‌و ماوه‌یه‌دا تانسۆ له بواری ئابوری‌دا بڕوانامه‌كانی ماسته‌ر و دكتۆرای به‌ده‌ستهێنا.
دوای به‌سه‌ربردنی چه‌ندان ساڵ له ئه‌مریكا، كوڕێكیان بوو كه ناوی «میرت»یان لێنا به واتای داوێن پاك و بێ خه‌وش، له ساڵی 1970 ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكاییان ده‌سته‌به‌ركرد، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ گه‌وره بازرگانانی توركیا پته‌وكرد و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو مایه‌ی ئاواڵابوونی ده‌رگای كاریی سیاسی له‌به‌رده‌میان.
ماوه‌ی زێڕینی تانسۆ چێله‌ر
چێله‌ر و ئه‌چۆران گه‌ڕانه‌وه توركیا و له‌و ماوه‌یه‌شدا چێله‌ر ده‌ستیكرد به وتنه‌وه‌ی وانه‌ی ئابوری له زانكۆی بسفۆر و كوڕی دووه‌میان له‌دایكبوو كه ناویان نا «بیرك» به واتای گه‌ڵای دار.
تانسۆ درێژه‌یدا به كاریی وانه‌بێژی و توانی به‌شێوازیی تایبه‌تی مێیینه‌ی خۆی له‌و كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا تانسۆ چێله‌ر چه‌ندان وتاری به زمانی ئینگلیزی و توركی و ئه‌ڵمانی بڵاوكرده‌وه و شه‌ش كتێبی له‌و بواره‌دا به‌چاپگه‌یاند، هاوكات مێرده‌كه‌یشی له كه‌رتی تایبه‌تدا ده‌ستی به‌كاركرد و بووه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی ئیسته‌نبوڵی فه‌رمی كه دواتر بانكه‌كه مایه‌پوچی خۆی راگه‌یاند، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك له‌وه ئه‌و ژن و مێرده بوونه خاوه‌نی حیسابێكی بانكی زه‌به‌لاح.
ماوه‌ی زێڕینی تانسۆ چێله‌ر به هاتنه‌دی خه‌ونی باوكی ده‌ستیپێكرد كه ده‌یویست ناوی چێله‌ر، نه‌وه له دوای نه‌وه درێژه‌بكێشێت، بۆیه مێرده‌كه‌ی تانسۆ له بری نازناوی خانه‌واده‌كه‌ی «ئه‌چوران» نازناوی چێله‌ری خانه‌واده‌ی ژنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت، ئه‌وه‌ش نوكته و قسه‌وقسه‌ڵۆكێكی زۆری لێكه‌وته‌وه، ئه‌و قسه توركییه‌شی له‌و ده‌مه‌دا به‌سه‌ر خۆیدا ساغكرده‌وه كه ده‌ڵێت»لێیبگه‌ڕێ با بفڕێت»، به‌و شێوه‌یه مێرده‌كه‌ی تانسۆ بووه «مسته‌ر چێله‌ر» .
هاتنه‌دی خه‌ونی دووه‌می باوكی له چوونه نێو جیهانی سیاسه‌ته‌وه هاته‌دی، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی گه‌وره بازرگانانی توركیا چێله‌رییان بۆ سلێمان دیمیریل سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی وڵات و سه‌رۆكی حزبی «رێگه‌ی راست» خسته‌ڕوو، ئه‌ویش ده‌ستبه‌جێ رایسپارد تا پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی له حكومه‌ته‌كه‌یدا بگرێته‌ده‌ست، وێڕای ئه‌وه‌ی چێله‌ر به ته‌واوه‌تی كه‌سێتییه‌كی تازه بوو له مه‌یدانی سیاسه‌ت.
تانسۆ كاروانی سیاسی خۆی به پشتبه‌ستن به فكری ماكیاڤیلیزمی «وه‌ك له‌نێوه‌ده سیاسییه‌كانی توركیادا ناسرا» ده‌ستپێكرد و مێرده‌كه‌یشی تا ده‌هات لێی دوورده‌كه‌وته و سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌بوو كه له‌و ده‌مه‌دا سامانه‌كه‌ی به ده‌یان ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده ده‌كرا، ئه‌ویش له‌ڕێی بازرگانیكردن له بواری خانوبه‌ره به‌شێوازی یاسایی و نایاسایی كه پێگه‌ی گرنگی سیاسی ژنه‌كه‌ی بواری بۆ ره‌خساندبوو. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی یه‌كه‌م هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی سامانه‌كه‌ی خۆی راگه‌یاند و «له‌بیری كرد» موڵك و سامانه‌كانی تری له ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرا بكات كه له 4 خانوو و یه‌خت و هه‌ندێك خانووبه‌ره‌ی تر پێكهاتبوون.
تانسۆ به‌بێ دوو دڵی و پشودان، وه‌ك مێروله‌یه‌كی چالاك ژیانی سیاسی خۆی بنیاتنا و وه‌ك نوێنه‌ری ئیسته‌نبوڵ هه‌ڵبژێردرا، له‌ڕێی پشتیوانی دیمیریلیشه‌وه رێگه‌ی بۆ خۆشكرا تا جێگه‌ی بگرێته‌وه له سه‌رۆكایه‌تی حزبه‌كه دوای ئه‌وه‌ی بۆخۆی بووه سه‌رۆك كۆمار كه له‌و ده‌مه‌دا به‌وپه‌ڕی شانازی و به ده‌نگێكی به‌رز رایگه‌یاند كه «مێژوومان گۆڕی».
چێله‌ر ده‌ستی به ئاماده‌كارییه‌كان كرد تا ببێته یه‌كه‌م خانم كه له مێژووی توركیادا پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت ده‌گرێته‌ده‌ست.
توانی به‌سه‌ر مامۆستاكه‌یدا زاڵ ببێت له‌ڕووی سیاسی و ده‌ست به مانگرتن بكات له‌دژی و لێی دووربكه‌وێته‌وه، له‌ڕێی ئه‌و كاره‌شه‌وه توانی وێنه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و هێڵی سیاسی تایبه‌ت به خۆی بكێشێت و هه‌موو ئامرازه به‌رده‌سته‌كانیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بخاته‌گه‌ڕ، ته‌نانه‌ت كه‌سه نزیكه‌كانیشی بۆیان ده‌ركه‌وت كه چێله‌ر مێیینه‌ی خۆی بۆ رازیكردنی سیاسه‌توانان و پیاوانی تری ده‌وڵه‌ت به راوبۆچوونه‌كانی به‌كارده‌هێنێت. كار گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ی گله‌یی و گازنده‌ی له مێرده‌كه‌ی كرد كه «پشتگوێی خستووه و رێز له جوانی و زیره‌كییه‌كه‌ی ناگرێت».
ئه‌و به ته‌واوه‌تی متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بوو كه خاوه‌ن ئیراده‌یه‌كی ئاسنینه و له زۆربه‌ی كاتیش‌دا كه‌سێكی خۆسه‌پێنه. پشتی به هه‌موو ئه‌و لاوه به‌هره‌مه‌ندانه‌ش به‌ست كه خوێندكاری زانكۆ بوون تا یارمه‌تی بده‌ن، له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی ده‌گمه‌ن و بێ پێشینه‌ی مێژووی سیاسی توركیاش، ژنێكی له پۆستی حاكمی هه‌رێمێكی توركی ده‌ستنیشان كرد. به «ژنی ساڵ» له توركیادا هه‌ڵبژێردرا و له‌لایه‌ن موعه‌مه‌ر قه‌زافی سه‌رۆكی پێشووی لیبیاوه‌شه‌وه به «نمونه‌ی ژنی ئیسلامی» باسكرا. له رۆژنامه خۆرئاواییه‌كاندا بووه مانشێتی لاپه‌ڕه‌ی یه‌ك… وه‌ك خانمی یه‌كه‌می بێ ركابه‌ر ده‌ركه‌وت.
قۆناغی داڕمان
له‌گه‌ڵ جێگیركردنی پێگه‌ی سیاسی خۆی، هه‌ڵه كوشنده گه‌وره‌كانی تانسۆ چێله‌ر ده‌ستیان پێكرد: زانیارییه سیاسی و ئابورییه ساخته‌كانی، هه‌ڵه نه‌شیاوه‌كانی له نێوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، چاوچنۆكی له راده‌به‌ده‌ری له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی، به‌وپێیه‌ی سامانه‌كانیان ته‌نیا له ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به 4.5 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكا مه‌زه‌نده‌كرا، ئه‌وه‌ش چه‌ندان پرسیاری وروژاند.
رووبه‌ڕووی كێشه‌ی سیاسی زۆر بووه‌وه، به تایبه‌تیش به‌هۆی خه‌رجییه تایبه‌ته‌كانی كه له‌لایه‌ن خه‌زێنه‌وه خه‌رج ده‌كران. جارێك فڕۆكه‌یه‌كی حكومی بۆ ئه‌رجه‌نتین ره‌وانه ده‌كرد تا بڕێك خۆراكی تایبه‌ت به ژه‌مێكی سه‌یر بكڕێت، یان راسپاردنی كه‌سانێك بۆ سه‌فه‌ركردن بۆ ئه‌وروپا، تا جۆرێكی دیاریكراوی «ئایس كرێم» بۆ «خانمه سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تمه‌دار» بهێنن.
هه‌روه‌ها له چه‌ندان دۆسێی گه‌نده‌ڵیدا تۆمه‌تباركرا، له‌وانه دیارنه‌مانی پاره له خه‌زێنه به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بكێشێته‌وه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵییه‌كی دارایی زۆر كه رووبه‌ڕووی خۆی و مێرده‌كه‌ی كرایه‌وه.. له‌هه‌موو ئه‌وانه‌دا ته‌نیا پارێزبه‌ندی سیاسی و پشتیوانی سوپا كه هێزی راسته‌قینه‌ی فه‌رمانڕه‌وا بوو له توركیا رزگارییان كرد.
تانسۆ چێله‌ر له به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌یان لێده‌گرت رایگه‌یاند:»سه‌رچاوه‌ی ئه‌و سامانه ئاساییه‌ی هه‌یه‌تی، له باوكییه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه و ئه‌ویش به‌باشی توانیویه‌تی وه‌به‌رهێنانی تێدا بكات».
چێله‌ر رێڕه‌وی خۆی له سیاسه‌تدا گرته‌به‌ر، وه‌ك پوشێك كه له‌گه‌ڵ ره‌شه‌بادا ده‌چه‌مێته‌وه و ناشكێت. دۆسێ گڵاوه‌كانی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و سیاسه‌توانانه كۆكرده‌وه كه مه‌ترسییان له‌سه‌ر دروستكردبوو، به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌ی ئابڕوبدنی لێده‌كردن…به‌ر له هه‌ڵبژاردن باسی له‌وه‌ده‌كرد كه نیوه‌ی سامانه‌كه‌ی پێشكه‌ش به رێكخراوه خێرخوازه‌كان ده‌كات.
له‌گه‌ڵ چاوتروكاندا له‌نێوان هاوپه‌یمان و نه‌یاره سیاسییه‌كانیدا جێگۆڕكێی ده‌كرد. له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1995، دژایه‌تی «حزبی ره‌فاهی ئیسلامی» كرد تا ره‌زامه‌ندی دیمیریل و سوپا به‌ده‌ستبهێنێت، پاشان له‌گه‌ڵ حزبی ره‌فاهی ئیسلامی هاوپه‌یمانی به‌ست و به‌ره‌كه‌ی تری توڕه كرد، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێك بوو كه بووه مایه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی له گۆڕه‌پانی سیاسی.
بۆ یه‌كه‌مجار په‌رله‌مان متمانه‌ی له حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌نده‌وه، به‌ڵام ته‌نیا له‌پاش 3 رۆژ به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێز گه‌ڕایه‌وه گۆڕه‌پانه‌كه و سه‌رله‌نوێ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌وه‌ده‌ست.
دوای ئه‌وه‌ی زۆرێك پێیانوابوو به‌ته‌نیا خۆی باجی شكسته ئابورییه‌كه‌ی داوه، باسی له‌وه‌كرد كه سه‌ربه‌رزه و،» سه‌ربه‌رزییه‌كه‌ی هێنده‌یه كه خه‌ریكه سه‌ری له ئاسمان ده‌دات، وانه‌ی سیاسی هه‌موانی داداوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی رێگه بدات كه‌س وانه‌ی دابدات».
شكستی ته‌واوه‌تی و وازهێنانی له سیاسه‌ت
دوابه‌دوای ئه‌وه تانسۆ چێله‌ر جارێكی تر گورزێكی كه‌مه‌رشكێنی به‌ركه‌وت كه په‌یوه‌ندی به ئاشكرابوونی زنجیره‌یه‌ك ئابڕووچونی نوێوه هه‌بوو، به جۆرێك تۆمه‌ته‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌مجاره‌دا گه‌یشتنه 12 دۆسێی دادوه‌ریی و ده‌ركه‌وتووترینیشیان ئابڕووچونی تایبه‌ت به پشتیوانیكردنی بوو له مافیا و تاوانباران. حزبه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ساڵی 1999 دووچاری شكست هات و به‌ده‌ستخستنی ته‌نیا 12%ی ده‌نگه‌كان له پله‌ی پێنجه‌مدا بوو، ئه‌وه‌ش وایكرد به‌ناچاری سه‌ركردایه‌تی حزبی «رێگه‌ی ڕاست» راده‌ستی محه‌مه‌د ئاغار بكات.
له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2002، جارێكی تر حزبی رێگه‌ی راست دووچاری شكست هات و له‌و ده‌مه‌وه تانسۆ چێله‌ر به ته‌واوه‌تی پشتی له سیاسه‌ت كرد و وازی له ژیانی سیاسی هێنا.