Home / ناوداران / ئیبراهیم ئەحمەد ئەو پیاوەی لە زڕەی زنجیر دڵی نەلەرزی

ئیبراهیم ئەحمەد ئەو پیاوەی لە زڕەی زنجیر دڵی نەلەرزی

ئیبراهیم ئەحمەد ئەو پیاوەی لە زڕەی زنجیر دڵی نەلەرزی

FB_IMG_1491644724700

برایم ئەحمەد لە6-3-1914 لە بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی لەدایکبووە، ڕەمزی فەتاح کە ئەفسەرێکی کورد بووە و ‌مامی مامۆستا برایم ئەحمەد بووەو کاریگەری زۆری لەسەر ڕۆشنبیر بوونی برازاکەی ھەبوو، ھەربۆیە زوو ڕەوانەی قوتابخانەی دەکات. ئەم کاریگەرییەی مامی تا قۆناغەکانی دواناوەندی خوێندنی ھەربەردەوام بوو، لە ساڵی ١٩٣٧ لە شاری بەغدا کۆلیژی یاسا تەواودەکات. ھەر زوو مامۆستا برایم ئەحمەد لە شاری سلێمانی گوێی لە سروود و ھۆنراوەی نیشتمانپەروەران و ھەواڵی شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمر بووە، ھەروەھا بۆردومانی شاری سلێمانی لەلایەن فڕۆکەکانی ئینگلیزەوە کاری تێکردووە، جگە لەو ھەلومەرجە تایبەتییەی ئەوکاتەی سلێمانی، (مامە ڕەمزی) یشی ڕێبەرایەتی کردووە بۆ ئاشناکردنی بەخەباتی رزگاریی و نەتەوایەتیی. لە ساڵانی سییەکاندا و لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری کوردی لە بەغدا گروپێکی پێکهێناوە بەناوی (لاوانی کورد) و گۆڤارێکیشی بەناوی(دیاری لاوان) بڵاوکردۆتەوە. مامۆستا برایم ئەحمەد بەدامەزرێنەر و لێپرسراوی (ژ. ک) لە باشووری کوردستان دەناسرێت، کە سەر بەمەڵبەندی کۆمەڵەی ژیانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، کە سەروەری دامەزراندنی کۆماری کوردستان – مەھاباد ١٩٤٦)ی ھەیە، لەگەڵ ھەڤاڵەکانی دا توانیبووی لە زۆر ناوچەی کوردستان لق بۆ (ژ. ک) و پاشان بۆ (حدک) بکاتەوە. پاش ڕووخانی کۆماری مەھاباد لە ساڵی ١٩٤٧دا مامۆستا برایم ئەحمەد بەسەرۆکی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردرا.
لە ساڵی ١٩٤٨ پاش ئەوەی دەسەڵاتداری ئەو کاتەی عێراق کەوتە گیانی شۆڕشگێڕانی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیبراھیم ئەحمەد بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بەندکرا. ئەو کاتەی ئازادکرا تا ھەڵگیرسانی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ی عێراق ڕێگای خەباتی نهێنی گرتەبەر. لە شوباتی ساڵی ١٩٥١ لە میانەی کۆنگرەی دووەمی پارتی لە شاری بەغدا بەکۆی دەنگ کۆنگرە برایم ئەحمەدی بەسکرتیری گشتی پارتی ھەڵبژارد. ھەر لە میانەی ھەمان کۆنگرەدا لەسەر پێشنیازی ئەو ناوی (پدک) گۆڕدرا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان-ئێراق. لە ھاوینی ساڵی ١٩٥١ لەسەر کار و چالاکی ڕامیاریی  لە سلێمانییەوە بۆ کەرکووک گوێزرایەوە. لە ساڵی ١٩٥٣ کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێبەرایەتی برایم ئەحمەد کرا و لەم کۆنگرەیەدا دامەزراندنی یەکێیتی ئافرەتان و لاوان و قوتابیان پەسەندکرا. لە ساڵی ١٩٦١ برایم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات کاری دەکرد، پێش داخستنی ڕۆژنامەی خەبات و ھەڵگرتنی مۆڵەتی پارتی لە کۆتایی ساڵی ١٩٦١ ناچاربوو شاری بەغدا بەجێبهێڵێت و خۆی بشارێتەوە. لەگەڵ ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ڕوویکردۆتە شاخ و لە ڕووی ڕامیارییەوە شۆڕشەکەی بەڕێوەبردووە. لە ساڵی ١٩٦٤ تا ساڵی ١٩٧١ سکرتێری باڵی (مەکتەبی سیاسیی) پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، پاش ھەرەسی شۆڕشەکە ڕوودەکات ھەندەران و زۆربەی ژیانی لە شاری لەندەنی پایتەختی بریتانیا گوزەراندووە. ژیانی وێژەیی و ڕۆژنامەوانی برایم ئەحمەد ھەر لە سەرەتای ژیانییەوە دەستی داوەتە کاری نووسین و ڕۆژنامەوانی، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە ڕۆژنامەی (ژیان) دا کاریکردووەو نۆبەرەی نووسینەکانی لەوێ بڵاوکردۆتەوە. لەبەر شارەزایی نووسین مامۆستا (پیرەمێرد)ی شاعیر و خاوەنی ڕۆژنامەی ژیان لە نووسێنێکدا ستایشی برایم ئەحمەد دەکات و دەڵێت: «ژیان چاوەڕێی ئەم کوردییە ڕەوانەیە، پیرەمێردیش بەھیوای نەوجەوانانە. کاتیکێش خوێندن تەواو دەکات، دیسان پیرەمێرد باسی دەکات و دەڵێت: «لە خوێندەوارە ھەڵبژێردراوەکانمان ئیبراھیم ئەحمەد کە کۆلێژی مافی تەواوکردووە.. ھتد.» لەساڵی ١٩٣٩ بۆ ساڵی ١٩٤٩ لەگەڵ مامۆستا عەلائەدین سەجادی گۆڤاری (گەلاوێژ)‌ دەردەکەن، ھەربۆیەناچار دەبێت لەساڵی ١٩٤٤ دەست لەکاری میریی ھەڵبگرێت.
ساڵی ١٩٤٧ ژیانی هاوسەریی لەگەڵ خاتوو(گەلاوێژ – ساجیدە ساڵح فەتاح) دا پێکهیناوە و لە ئاکامی تەمەنی هاوسەرێتییان دوو کوڕ و شەش کچیان بووە بە ناوەکانی (هەڵۆ، هاوڕێ، هێرۆ، شاناز، هەتاو، لیلۆز و مژدە).
 پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی چەند ژمارەیەکی گۆڤاری (رزگاری) پێبەخشرا و ھاوکاتیش بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەی (خەبات)یش دەکرد. برایم ئەحمەد بێجگە لەو ڕۆژنامانەش خاوەنی ڕۆژنامەی (کوردستان)یش بوو، کە جەلال تاڵەبانی زاوای سەرنووسەری بووە. بەھۆی بڵاوکردنەوەی وتارێکی بەڕووی دەسەڵاتدارانی عێراق دا، خەبات و کوردستان لە ساڵی ١٩٦١ داخران و فەرمانی زیندانیکردنیش بۆ برایم ئەحمەد دەرچوو. لە گۆڕەپانی وێژەشدا برایم ئەحمەدی نووسەر و پارێزەر چەندین کاری بەنرخی نووسیوە، ئەویش بەچەند شاکارێکی بەنرخ وەک (ژانی گەل، کوێرەوەری، دوا تیری کەوان و ھتد). نامیلکەی (الاکراد و العرب)یش کە لە ساڵی ١٩٣٧ بەعەرەبی نووسیوێتی ھەوڵێک بووە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب لە وڵاتی عێراق دا.
برایم ئەحمەد لە تەمەنی ٨٦ ساڵییدا لەکاژمێر پێنجی ئێوارەی ٨-٤-٢٠٠٠ لە شاری لەندەن کۆچیدوایی کرد. تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆژی ٢١-٤-٢٠٠٠ لە ڕێوڕەسمێکی شایستە و شکۆدار دا لە گردی سەلیم بەگ لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

 

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …