Home / ڤیدیۆ / دیكۆمنتاری / ڤیدیۆ:ئیدریس بارزانی

ڤیدیۆ:ئیدریس بارزانی

ئیدریس كوڕی  مەلا مستەفا بارزانی لەساڵی ١٩٤٤لە گوندی بارزان لەدایكبووە. ئەو لەنێو هەلومەرجی شۆڕشی سێیەمی بارزان هاتووەتە دنیا، ساڵی ١٩٤٧ مەلا مستەفای باوكی لەگەڵ ٥٠٠ كەس لە هەڤاڵانی روویانكردە یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو ، دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد.

ئیدریس بارزانی ئەوكات تەمەنی 3 ساڵ بوو، لەگەڵ بنەماڵەكەیاندا لەلایەن رژێمی ئەوكاتی عێراق بۆ ماوەی ١١ ساڵ بۆ باشووری عێراق دووردەخرێنەوە و لە شارەكانی بەسرە، بەغدا و مووسڵ لەدەستبەسەریدا دەبن . ئیدریس تاوەكو گەڕانەوەی بارزانی باوكی بۆ عێراق و كوردستان لە ١٩٥٨دا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات پاشان دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان .

ئەو هاوڕێ و پێشمەرگانەی لە ئیدریس بارزانییەوە نزیكبوون، هەمیشە باس لە خەسڵەتی جەماوەریبوونی ئەو دەكەن و دەڵێن ئیدریس بارزانی قەت خۆی لە پێشمەرگەكان جیانەدەكردەوەو بەسادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگەدا لە ئەشكەوت و بنبەردەكانی چیاكانی كوردستاندا رۆژی كردووەتەوە .

لەساڵی ١٩٦١ كە شۆڕشی ئەیلوول بەرپا دەبێت، ئیدریس بارزانی رۆڵێكی زۆری دەبێت بەتایبەت لە شەڕی هەندرێندا، كە دواتر گفتوگۆكانی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكومەتی عێراقی بەدواداهات و گەیشتە رێككەوتننامەی ١١ی ئاداری 1970، لە دوای ساڵی ١٩٧٥ لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و پێكهێنانی بەرەی نیشتمانیی عێراق جود و دواتر ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و ئاشتبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا ، رۆڵی باڵای هەبووە .

پێش ئەوەش لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ پارتەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستانیشدا رۆڵێكی باڵای هەبووە ، بەتایبەتی لە دروستكردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا . ئەو تایبەتمەندییە دروستكردنی هاوكاری بەشێوەیەك بەرچاوبوو ، كە لە ئەدەبیاتی پارتیدا بە “ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی ” نێونراوە.

لەساڵی ١٩٦٤ ئەوكاتەی بارزانی باوكی لە ناوچەی رانیە و دەورووبەری دەبێت ، بۆ هاوكاریكردنی لە ئیشوكاری پێشمەرگە و ئیدارەی سەربازیدا، ئیدریس بارزانی لە ناوچەی بارزانەوە دەباتە لای خۆی و بەرپرسیارێتی ئیداری و پێشمەرگایەتی پێدەسپێرێت .

ئەو كەسانەی هەمیشە نزیكی بوونە دەڵێن ، ئیدریس بارزانی لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا هاورێیەتیەكی باشی هەبووەو توانای زۆری هەبووە لەنووسین و داڕشتندا بە هەرسێ زمانی كوردی وعەرەبی و فارسی ، شەوانە تاوەكو درەنگ دەیخوێندەوەو دەینووسی و هەردەم كتێبی پێبووە، هەموو دەرفەتەكانی دەقۆستەوە بۆ خوێندنەوە تەنانەت لەنێو ئۆتۆمبیلیشدا. بایەخی بە بوارەكانی نەتەوەیی و ئایین و ئەدەب و مێژوو داوە، زۆربەی شیعرەكانی مەلای جزیری ، ئەحمەدی خانی و وەفایی لەبەربوونە. كەسێكبووە زۆر حەزی لە ئەدەب و سۆفیگەرێتی بووە .

ئیدریس بارزانی لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول ، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە بەدواداچوونی كێشە و گرفتەكانی ئاوارەكانی باشووری كوردستان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان .

ئەو پێشمەرگانەی ماوەیەكی زۆر لەگەڵیبوونە و لێی نزیكبوون ئێستاش نایانەوێت رۆژی كۆچی دوایی ئیدریس بارزانییان بیربكەوێتەوە.

لە كاژێر ٦ی سەرلەبەیانی رۆژی ٣١ی مانگی ١ی ١٩٨٧ لە گوندی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان ماڵئاوایی دەكات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشت باوكی دەنێژرێت. دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانیدا و  لە رۆژانی ٦ تاوەكو ٨/١٠/١٩٩٣ لە رێورەسمێكی تایبەت تەرمی هەردووكیان، لەنێو پێشوازییەكی خەڵكی كوردستان ، گەیێندرانە گوندی بارزان و لەوێ نێژران.

About kocher Hussien

Check Also

یەكەمین بروسكەی نەوشیروان مستەفا بۆ دەستپێكردنی راپەڕین

لڤین: عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان یەكەمین بروسكەی نەوشیروان مستەفای بۆ …