Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / (خەواریج) سەرهەڵدان‌، گەشەكردن، بیروبۆچوون وهەڵسەنگاندنیان [بەشی دووەم]

(خەواریج) سەرهەڵدان‌، گەشەكردن، بیروبۆچوون وهەڵسەنگاندنیان [بەشی دووەم]

(خەواریج) سەرهەڵدان‌، گەشەكردن، بیروبۆچوون وهەڵسەنگاندنیان

[بەشی دووەم]

1486634759030

 

د. ئومێد عوسمان

خەسڵەت‌وتایبەتمەندیەكانی فیكری خەواریج

      دەتوانین گرنگترین خەسڵەت‌و تایبەتمەندیەكانی فیكری خەواریج لە چەند خاڵێكدا بخەینە روو:
1ـ دەستگرتن بە رووكەشی دەقەكانەوە‌و پشتگوێخستنی مەبەستە سەرەكیەكان: پەیوەستبوون بە رووكەشی دەقەكان، بەبێ وردبوونەوەوتێگەیشتن لە مەبەستە سەرەكیەكانی شەریعەت‌و بێ گوێدانە ئەنجامی گوفتارو رەفتارەكان، بێگومان دەبێتە مایەی كەوتنە نێو نەسازی‌و هەڵەی گەورە لە راڤەكردنی دەقەكاندا.

     ئەمەی ئاماژەمان پێدا رێبازی خەواریجەكان بووە لە زۆربەی قۆناغەكاندا، ئەوان هاتوون بەبێ گوێدانە  دۆخ‌و هۆكاری دابەزینی دەقە قورئانیەكان، راڤەی هەڵەیان بۆ هەندێك ئایەتی قورئان كردوە، لێوەی شەرعیەتیانداوە بەكارە توندوتیژو قێزەونەكانیان‌و كۆمەڵگەیان كافركردوە.
بۆنموونە هەندێكیان لەروانگەی ئەم دووئایەتەوە: (وَقَالَ نُوحٌ رَّبِّ لَاتَذَرْعَلَى الْأَرْضِ مِنَ الْكَافِرِينَ دَيَّارًا* إِنَّ كَإِن تَذَرْهُمْ يُضِلُّوا عِبَادَكَ وَلَايَلِدُوا إِلَّافَاجِرًا كَفَّارًا) نوح: ٢٦ – ٢٧ . سەرجەم منداڵانیشیان كافركردوەوخوێنیان حەڵاڵكردوون24.

    2ـ توندگیری‌و زێدەڕۆیی لە پەرستشیەكاندا:  توندگیری‌و زێدەڕۆیی لە ئەنجامدانی كارە پەرستشیەكاندا، لە گرنگترین خەسڵەتەكانی خەواریج بووە، زۆربەیان ناوچاویان بریندارو لەپی دەست‌و سەرئەژنۆكانیان ساف‌وئەستوور ببوو، بەهۆی زۆر نوێژكردن‌و درێژ مانەوەیان لە سوجدەدا25.
كاتێك والی كوفە، عوروەی كوڕی ئودەیەی سەركردەی خەواریجی كوشت، بانگی خزمەتكارەكەی عوروەی كردو پێیگوت: وەسفی عوروەم بۆ بكە چۆن بووە؟ خزمەتكارەكە وتی: بەدرێژی بۆت باس بكەم یان بە كورتی؟ والی گوتی: بەكورتی. خزمەتكارەكە گوتی: سوێند بەخوا چەند ساڵ من خزمەتكاری ئەوبووم، نە بە رۆژ خواردنم بۆ بردووە، نەبە شەو جێی خەوم بۆ راخستووە. واتە رۆژ تا ئێوارە بە ڕۆژوو بووەو شەویش تا بەیانی خەریكی نوێژكردن بووە26.

   3ـ پەنابردنە بەر توندوتیژی‌وتۆقاندن لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ موسوڵماناندا: ئەمەش خەسڵەتێكی تری خەواریجەكان بووە، هەمیشە خۆیان بەراست‌و باوەڕداری تەواو لە قەڵەمداوەو سەرجەم موسوڵمانانی تریان بەهەڵەوبێباوەڕ داناوە، لەم پێناوەشدا تا توانیویانە هەوڵیانداوە بە چەندین شێوازی توندوتیژ باوەڕبە خەڵك بهێنن، ئەگەر رێبكەوتایە كەسێك بە ئاشكرا بۆچوونەكانیانی رەتكردایەوە، بێگومان چارەنووسی كوشتن دەبوو، ئەمە سەبارەت بە موسوڵمانان، بەڵام لەگەڵ جولەكەومەسیحی‌وبێباوەڕاندا بە پێچەوانەوە، بەنەرمی مامەڵەیان دەكرد.

      بۆنموونە لەسەرەتای هەڵگەڕانەوەیاندا، گروپێكیان تووشی عەبدوڵای كوڕی خەباب دەبن، كە باوكی هاوەڵی پێغەمبەر( دروودی خوای لێبێت) بووەو عەبدوڵا خۆیشی هەر پێغەمبەر(دروودی خوای لێبێت) ناویناوە، واتە ئەمیش لای زۆرێك لە زانایان هەر بە سەحابی دادەنرێت، كاتێك پرسیاری لێدەكەن سەبارەت بە خەلیفە عوسمان‌و عەلی، ئەویش بەباشی باسیان دەكات‌و بەهەڵەیان دانانێت، دەستبەجێ  سەری دەبڕن‌و سكی خێزانەكەشی هەڵدەدڕن كە دووگیان دەبێت، هەر لەوناوەدا دەچنە باخە خورمای كابرایەكی مەسیحیەوە رازی نابن بەخواردنی چەند دەنكە خورمایەك تا نرخەكەی نەدەنە كابرا! كابراش لەبەر خۆیەوە دەڵێت: چەند سەیرە! پیاوی وەك عەبدوڵا دەكوژن‌و بەلایانەوە حەرامە چەند دەنكە خورمایەكی كابرایەكی مەسیحی بخۆن!27.

    4ـ دڵسۆزی‌وئازایەتیان لەراپەڕاندنی كارەكانیانداو ئامادەییان بۆ هەر قوربانیدانێك:
خەواریجەكان لەراپەڕاندنی كارەكانیاندا زۆر جددی‌و دڵسۆزو لە كایەكانی شەڕدا زۆر ئازاو چاونەترس بوون، لە هۆنراوەو نووسینەكانیاندا هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە مردن لە دەرەوەی كایەی شەڕدا مردنی ترسنۆكانەیە، تەنها كەسە ریسواو بوودەڵە وزەلیلەكان لەدەرەوەی شەڕدەمرن، هەر ئەم دنیا نەویستی‌و هۆگریەیان بۆمردن وایكردبوو زۆرجار بە ژمارەیەكی كەمەوە گەورەترین سوپای نەیارانیان تێكدەشكاند28.

5-  بەشداریكردنی ئافرەتانیان لە شەڕدا:  ئافرەتانی خەواریج هیچیان لە پیاوەكانیان كەمتر نەبوو لە ئازایەتی‌و گیانفیداییدا، شانبەشانیان دەجەنگان‌، رۆڵی كارایان دەگێڕا لە زیاتر هاندانی پیاوان بۆ شەڕكردن‌و دنیا نەویستی‌و قوربانیداندا.
(أم حكیم) كە ئافرەتێكی زۆر جوان بوو، خێزانی یەكێك لە دیارترین سەركردەكانی خەواریج بوو، كە قەتەری كوڕی فوجائە بوو، بەسەر ئەسپێكەوە هێرشی دەكرد بەرەو ریزی نەیارانی‌و بەڕاست‌و چەپدا شمشێری دەوەشاند، زۆرجار ئەم هۆنراوەی دەگوتەوە:
أحْمِلُ رَأساً قد سَئِمْتُ حَـمْلَهُ      وقد مللتُ دهْنَهُ وغسلَهُ
ألا فتـى يَحمل عَنِّي ثِقلَهُ.

واتە: سەرێكم پێوەیە بێزار بووم لە هەڵگرتنی، بێتاقەت بووم لە رۆنكردن‌و شۆردنی، ئەوە كوڕێك نییە ئەو قورسی هەڵگرتنەم لە كۆڵ كاتەوە29.
6- زمانپاراوی‌و رەوانبێژیی سەركردەكانیان:  بەگشتی سەركردەوكەسایەتیە دیارەكانی خەواریج زمانپاراوو رەوانبێژو بەگوفتاربوون لە وتاردان‌و دواندنی خەڵكدا، لێزانبوون لە چۆنیەتی دروستكردنی كاریگەری لەسەرگوێگرانیان، چەندین وتاربێژی زمانپاراوو شاعیری ناودار لە نێویاندا هەبوو، لەوانە: عوروەی كوڕی ئودەیە، نافیعی كوڕی ئەزرەق، قەتەری كوڕی فوجائە، ئەبو حەمزە، عیمرانی كوڕی حیتان30

     7ـ رەنگدانەوەی نەسازی‌و هەڵەشەیی‌و ناڕێكی لە گوفتار‌و رەفتارو هەڵسوكەوتیاندا: گەورەترین خاڵی لاوازی خەواریجەكان لە رووی رێكخستنەوە بریتی بووە لە رەنگدانەوە‌و باڵادەستی ناڕێكی‌و هەڵەشەیی‌و دژبەری (التناقض) لە گوفتارو رەفتاریاندا، یاخود بە واتایەكی تر نەبوونی بەرنامە‌و سیاسەتێكی سازو دروست‌و رێكخستنێكی تۆكمە، وایكردبوو زۆر جار لە نێو خۆیاندا دەبووە مشتومڕو هەرایان لەسەر شتی زۆر هیچ‌و بێمانا، یەكڕیزی خۆیان تێكدەداو دابەشدەبوون بۆ چەندین گروپی دژیەك‌و یەكتریان كافر دەكرد، بەمەش لایەنی دەسەڵاتدار بە ئاسانی بەسەریاندا زاڵدەبوو31.

گروپەكانی خەواریج‌وبۆچوونەكانیان

     خەواریجەكان لەسەرەتاوە وەك كۆمەڵەیەكی سیاسی دەركەوتن، بەڵام لەناوەڕاستی سەدەی یەكەمی كۆچی بەدواوە، چەندین بۆچونی عەقیدەیی‌و فكری لە نێویاندا سەرهەڵدەدات‌و بەهۆیەوە دابەش دەبن بۆ چەند گروپێك، كە  گرنگترینیان بریتی بووە لە: ئەزاریقە، نەجدات، سوفەرییە، عەجاریدە، سەعالیبە، ئیبازییە.
زۆربەی ئەم گروپانە هاوڕا بوون لە چەند مەسەلەیەكدا، لەوانە:

   1ـ كردنە دەرەوەی عەلی، عوسمان، عائیشە، موعاویە، عەمری كوڕی عاس‌و ئەبوموسای ئەشعەری لە بازنەی ئیسلام.
2ـ  ئیمان بریتیە لە باوەڕبوون لە دڵ‌وناخدا‌و سەلماندنی بە گوفتار‌و رەفتار، هەربۆیە زۆربەیان بكەری تاوانە گەورەكانیان كافر كردووە.
3ـ پێشەوایەتی دەبێت لەسەر بنەمای راوێژو هەڵبژاردن بێت، مەرج نییە پێشەوا عەرەب یاخود قورەیشی بێت، بەڵكو بەندەیەكی حەبەشی دەتوانێت ببـێتە پێشەوا ئەگەر شیاو بێت، هەركات پێشەوا بە پێچەوانەی هەق رەفتاری كرد دەبێت لاببرێت، ئەگەر لانەچوو دەبێت بكوژرێت.

   4ـ قورئان وتەی خودایە، بەڵام هەربوویی( أزلی) نییە، بەڵكو دروستكراوی خودایە32.
بێجگە لەم مەسەلانە، گروپەكانی خەواریج هەر گروپەو رای تایبەت بەخۆی هەیە، گەورەترین گروپیان لەكاتی خۆیدا بریتی بووە لە ئەزاریقەكان، كە چەندین راو بۆچوونی توندیان هەبووە، لەوانە:
أ ـ موسوڵمانانی نەیاریان كافرن‌و هەتا هەتایی لە دۆزەخدا دەمێننەوە، هاوكات ژن‌ومنداڵەكانیشیان، شانبەشانی پیاوانیان كافرن‌و دەبێت بكوژرێن.
ب- نیشتەجێبوون‌و مامەڵەكردن لەگەڵ نەیاراندادروست نییە، هەربۆیە گروپی ناوبراو ئەو خەواریجانەشیان كافركرد بوو كە بە ئاشتی لە نێو موسوڵماناندا دانیشتبوون‌و ژیانیان دەگوزەران.

  ج-  گرنگیدانیان بە قورئان‌و گوێنەدانیان بە زۆرێك لە فەرموودەكانی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) بە تایبەت ئەو فـەرموودانەی بنیاتنەری جۆرە حوكمێكن، كە بە ئاشكراو راشكاوانە لە قورئاندا باسنەكراوە، هەر لەم روانگەوە ئەزاریقەكان‌و هەندێكی تریشیان سزای بەردبارانكردن (عقوبة الرجم)‌و سزای لە قامچیدانی مەیخۆریان رەتكردۆتەوەو كاریان پێنەكردووە، بە بیانووی ئەوەی لە قورئاندا نەهاتووە33.
لە ئەمڕۆدا هیچكام لەو گروپانەی خەواریج نەماون‌و بوونیان نییە، تەنها گروپی ئیبازیەكان نەبیت، كە لە وڵاتی عومان‌و تەنزانیاو هەندێك ناوچەی لیبیاو تونس‌و جەزائیر بوونیان هەیە، شوێنكەوتوانیان بە نزیكەی حەوت ملیۆن كەس خەمڵێنراوە.

ئیبازیەكان‌و چەند سەرنج‌و تێبینیەك

 مەزهەبی ئیبازی بە یەكێك لە مەزهەبە میانڕەوەكان ئەژمار دەكرێت، هاوشێوەی مەزهەبە فیقهی‌و كەلامیە ئیسلامیەكانی تر، خاوەنی سەرچاوەو بیروبۆچونی تایبەت بەخۆیەتی، مەڵبەندی سەرەكییان كە سوڵتاننشینی عومانە، لە ئەمڕۆدا هێمنترین ناوچەیە لە نیشتمانی عەرەبیدا لە رووی بەرقەراری ئاسایش‌و نەبوونی دیاردەی توندوتیژی ئایینی‌و نەكەوتنە ژێر كاریگەری گروپە جیهادی‌و ئیرهابیەكانەوە.

لە رووی مێژووییشەوە مەزهەبی ئیبازی كۆنترین مەزهەبی فیقهی‌و كەلامیە،  خاوەنی سەدان زانای بەناوبانگ بووە لە زانستە شەرعیەكاندا، رۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە بڵاوكردنەوەی ئایینی ئیسلام لە ئەفریقیاو لە نێو هۆزە بەربەریەكاندا، مەزهەبی رەسمیی دەوڵەتی رۆستەمیەكان بووە كە لە سەدەی دووەم‌و سێیەمی كۆچی كەناراوەكانی باكوری ئەفریقای بە دەست بووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ناوی زانایانی ئیبازی‌و بیرو بۆچوون‌و نووسینەكانیان لە مێژووی ئیسلامیدا زۆر گرنگی پێنەدراوەو لە مەسەلە خیلافیەكانیشدا بەدەگمەن ئاماژە بە بۆچوونیان دراوە، یان وەك گروپێكی یاخی، گومڕا، خاوەن بۆچوونی نامۆو دژبە كۆمەڵ ناوبراون‌و هاوشێوەی گروپە توندڕەوەكانی تری خەواریج مامەڵەیان لە تەكدا كراوە.

  كاتێك لە كتێبە مێژوویی‌و عەقیدەییەكانی ئیبازیەكان خۆیان ورد دەبینەوە، دوو كەسایەتی ناودەبرێن، كە رۆڵی كارایان هەبوە لە بنیاتنانی مەزهەبی ئیبازیدا، ئەوانیش: پێشەوا جابری كوڕی زەیدو عەبدوڵای كوڕی ئیباز بوون.
پێشەوا جابری كوڕی زەید یەكێك بووە لەگەورە زانایانی تابیعین، چاوی بە ژمارەیەكی زۆر هاوەڵی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) كەوتووەو فەرموودەی لێگێڕاونەتەوە، بەتایبەتی ماوەیەكی زۆر هۆگری عەبدوڵای كوڕی عەبباس بووەو زانستی لێوەرگرتووە، نێوانی لەگەڵ والی‌و لێپرسراوانی سەر بە ئومەویەكاندا باش بووە، كەسێكی زۆر دیندارو لەخواترس بووە، حەجاجی سەقەفی داوای لێكردووە ببێتە قازی، بەڵام ئەو ملی بۆنەداوە‌و لەبەر ئەمە دوور خراوەتەوە بۆ عومان، پاش ماوەیەك گەڕاوەتەوە بەسرەو هەر لەوێ لەساڵی(93ك) كۆچی دوایی كردووە34.

ئیبازیەكان لایانوایە پێشەوا جابری كوڕی زەید بنیاتنەری سەرەكی مەزهەبەكەیانە، كە هەوڵیداوە لەوسەردەمی ئاشوب‌و فیتنەو سامان بە تاڵانبردنەدا ئاڕاستەو رەوتێكی فیكری چاكسازو میانەڕەوو ئاشتیخواز دروست بكات، لەم پێناوەشدا پێشەوا جابر زۆرتر بە نهێنی كاری كردووەو لەگەڵ شوێنكەوتووانیدا كۆبۆتەوەو پەیامی پێداون35.
هەرئەمەش وایكردووە نیسبەتی مەزهەبەكەی نەدراوەتە پاڵ خۆی، بەڵكو دراوەتە پاڵ  عەبدوڵای كوڕی ئیباز، كە كەسێكی دیارو ئازاو هەقبێژبووە، پەیوەندی هەبووە بە زۆرێك لە پاشماوەكانی شەڕی نەهرەوان‌و لایەنگرانیان، سەرجەمیشیان لە ژێر كاریگەری پێشەوا جابردا بوون، خۆیان بە دوور گرتووە لە توندڕەوی‌و شەڕەنگێزی ئەزاریقەكان36.

عەبدوڵای كوڕی ئیباز لە نامەیەكی درێژدا بۆ عەبدولمەلیكی كوڕی مروان  بیروبۆچوونی خۆی سەبارەت بە خەلیفەكانی راشدین‌و موعاویەو حەسەن‌و زۆربەی رووداوەكانی ئەوكاتە خستۆتە روو، راشكاوانە باسی لە هەڵەو كەموكورتیەكانی خەلیفە عوسمان كردووە‌و عەبدولمەلیكی ئاگادار كردۆتەوە كە خۆشەویستی‌و لایەنگیری بۆ عوسمان وایلێنەكات ستەم لەخەڵك بكات‌و بكەوێتە هەڵەوە37.هەربۆیە دەركەوتنی عەبدوڵای كوڕی ئیباز لە سەردەمی ئومەویەكانداو بە ئاشكرا دەربڕینی بۆچوونەكانی، هۆكار بووە بۆ ئەوەی نیسبەتی كۆمەڵەكەی بدرێت بۆلای ئەو.

  لەوانەشە هۆكاری نیسبەتدانەكە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە ئیمام جابر لێپرسراوی رۆحی‌و موفتی كۆمەڵەكە بووبێت، عەبدوڵای كوڕی ئیبازیش ئاراستەكردنی سیاسی‌و رێكخستنی بانگەوازو ناردنی بانگخوازانی بۆ ناوچە جیاوازەكان لەسەر شان بووبێت، بەم هۆیەشەوە عەبدوڵا زۆرتر دەركەوتووەو بینراوە وەك لە پێشەوا جابر.
هەرچەندە ئیبازیەكان لە نووسینەكانیاندا هەوڵدەدەن ناوی خەواریج لە خۆیان دوور بخەنەوە، زۆرتر خۆیان بە (أهل الحق) یان (أهل الاستقامة) یان (جماعة المسلمین)ناودەبەن‌و زاراوەی (الخوارج) دەدەن بەسەر گروپە توندڕەوەكانی وەك ئەزاریقەو ئەوانی تردا، بەڵام زۆربەیان بە شانازی‌وگەورەییەوە لە هەڵگەڕاوەكانی سەردەمی ئیمام عەلی دەڕوانن‌و لایانوایە چەندین هاوەڵی پێغەمبەریان لەناودا بووە، لەوانە: حەرقوسی كوڕی زوهەیر، عەبدوڵای كوڕی وەهب، زەیدی كوڕی سەوحان، شورەیحی كوڕی ئەبی ئەوفا، زەیدی كوڕی حیسن، ئەبو عەمری كوڕی نەوفەل، حیریسی كوڕی راشد، شەجەرەی كوڕی ئەوفای سوللەمی، سورمولە یان تورمولەی حەنزەلی‌و چەندانی تر38.

      لە دوای وەفاتی هەركام لە عەبدوڵای كوڕی ئیباز لە ساڵی(86ك)و پێشەوا جابر لەساڵی (93ك)، لێپرسراویەتی ئیبازیەكان دەكەوێتە سەر شانی ئەبو عوبەیدە موسلیمی كوڕی ئەبی كەریمە، كە زانایەكی بەناوبانگی سەردەمی خۆی بووەو لەسەردەمی ئەمەوە ئیبازیەكان گەشە دەكەن‌و بە زۆربەی ناوچەكاندا بڵاودەبنەوە، یەك لە قوتابیەكانی بریتی بووە لە عەبدولرەحمانی كوڕی رۆستەم، دەچێتە مەغریبی عەرەبی‌و دەوڵەتی رۆستەمیەكان بنیات دەنێت39.
یەكێكی تر لە قوتابیەكانی ئیبنو ئەبی كەریمە رەبیعی كوڕی حەبیب بووە، كە زۆربەی ریوایەتەكانی پێشەوا جابر لە كتێبێكدا بە ناوی (مسند الربیع) كۆدەكاتەوە، كە دواتر ئەم كتێبە دەبێتە مەرجەعی ئیبازیەكان40.

      بەدرێژایی هەموو سەردەمەكان ئیبازیەكان زانای گەورەیان پێگەیاندووەو بە سەدان نووسراویان لە زانستە شەرعیەكاندا لە پاش بەجێماوە.
ئیبازیەكان خاوەنی بۆچوونی كەلامیی تایبەت بە خۆیانن، كە لە هەندێكیاندا هاوڕای موعتەزیلەو لە هەندێكی تریشدا لەگەڵ ئەشاعیرەو ماتوریدیەكاندا هاوڕان‌و چەندین رای تایبەت بە خۆیشیان هەیە، لەوانە:

1ـ  بە تاك‌وتەنها ناسینی خودای پەروەردگارو پاكوبێگەرد ڕاگرتنی لەهەر كەموكورتی‌و هاوشێوەیی‌و لێچوونێك.
2- بەهەمانشێوەی موعتەزیلەكان سیفاتە زیادەكان بەسەر زاتی خوداوە رەتدەكەنەوە.
3- ئیمان بریتیە لە باوەڕی تەواو لەدڵداو دەربڕینی بە گوفتارو جێبەجێكردنی بە رەفتار، هەر بۆیە لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینەیانەوە بۆ ئیمان باوەڕیان وایە بكەری تاوانە گەورەكان یەكتاپەرستە، بەڵام باوەڕداری تەواو نییە، واتە ئەگەر تۆبە نەكات هەتا هەتایی دەچێتە ئاگرەوە.
4- نەیارانیان لە ئەهلی قیبلە كافرن بە كوفری نیعمەت، نەك كوفری باوەڕیی، واتە: بەو كافربوونەیان لە ئیسلام ناچنە دەرەوە، لەبەرئەمە رێیانداوە بەدروستی پەیوەندی ژن‌وژنخوازی‌و هەر جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ سەرجەم موسوڵماناندا.

5- لەگەڵ موعتەزیلەكاندا هاوڕان لە مەسەلەكانی: رەتكردنەوەی بینینی خودا، رەتكردنەوەی شەفاعەت بۆ تاوانباران، واتاكردنی عەقڵانیی بابەتەكانی كێشانەی كردەوەكان، پردی سیرات‌و هەندێك مەسەلەی تری تایبەت بە رۆژی دوایی.
6- باوەڕیان وایە خودا خوڵقێنەری كاروكردەوەی مرۆڤەكانەو ئەمانیش بە دەستهێنەرین، واتە خودا توانایەكی داوە بە مرۆڤەكان لێوەی دەتوانن چاكی‌وخراپی هەڵبژێرن، ئەم توانایەش لەپێش یان لە دوای كارەكەوە نییە، بەڵكو لەگەڵیدایە، ئەم رایەش هاوشێوەی تیۆری بەدەستهێنان(نظرية الكسب)ی ئەشاعیرەكانە.

7- خودای پەروەردگار هەر بەڵێنێكی دابێت، یان هەر هەرەشەیەكی كردبێت، جێبەجێی دەكات، هاوكات پاداشتی بەهەشت‌و سزای دۆزەخ هەتا هەتاییە.
8- خەڵكەكان دووبەشن سێیەمیان نییە، یان ئیماندارن، یان كافرن، هاوكات مونافیق لەدنیادا حوكمی موسوڵمانی هەیەو لە رۆژی دواییشدا حوكمی موشریك.
9- سەبارەت بە قورئانیش ئیبازیەكان دوو بۆچوونیان هەیە: یەكەمیان قورئان وتەی خودایەو دروستكراو نییە، ئەمەش رای ئیبازیەكانی عومانە، بۆچوونی دووەمیش كە دراوەتە پاڵ ئیبازیەكانی باكوری ئەفریقا، دەڵێن: قورئان دروستكراوی خودایە.

10- بە پێچەوانەی سەرجەم گروپەكانی تری خەواریجەوە، ئیبازیەكان باوەڕیان بە بنەمای تەقیە هەیە.
11- دانانی پێشەوا واجبەو دەبێت لە رێگەی راوێژو هەڵبژاردنەوە بێت، مەرجی سەرەكییش بریتیە لە شیاویی تەواو، با ئەوكەسە كەسێكی غەیرە قورەیشی یان غەیرە عەرەبیش بێت.

12- هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵاتداری دادپەروەردروست نییە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدار ستەمكار بوو، با ئیبازیش بێت ئەوە هەڵگەڕانەوە لێی دروستە، بەمەرجی لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەكەی، واتە هەڵگەڕانەوەكە سەرنەكێشێت بۆ خراپتركردنی بارودۆخی وڵات.
13- مەنزڵگەی موسوڵمانان مەنزڵگەی یەكتاپەرستانە، بێجگە لە مەنزڵگەی سوڵتانی ستەمكار، كە شوێنی تاوانبارو یاخیبووانە، دەبێت موسوڵمان خۆی بەدووربگرێت لێی.
14- هەر بابەتێكی هەڵگری فرەڕایی لە نێوان مەزهەب‌وگروپە جیاوازەكان، خاوەنەكەی لای وابێت دینی هەقە، ئەوكەسە لەناوچووەو نزیكە لە كافربوونەوە، بەڵام ئەگەر لای وابێت راوبۆچوونێكی باشە یان راستە، ئەوە زیانی نییە.
15- ئیبازیەكان سەبارەت بە هاوەڵانی پێغەمبەر(دروودی خوای لێبێت) چەند بۆچوونێكیان هەیە، گرنگترینیان: هاوەڵان وەك خەڵكانی تر دەكەونە ژێر لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ وەرگیرانی ریوایەت‌و وتەكانیان. یان هەموویان راستگۆن‌وریوایەتەكانیان لێوەردەگیرێت، ئەوانەیان نەبێت لەسەر فیتنەو ئاژاوەكانی ناوخۆ گێڕانەوەیان هەیەو بەشداری سەرەكییش بوون41.

     سەبارەت بە مەسەلە فیقهیەكانیش، ئیبازیەكان رێبازی تایبەت بە خۆیان هەیە وەك سەرجەم رێبازەكانی حەنەفی‌ومالیكی‌و شافیعی‌وحەنبەلی، لە چەند مەسەلەیەكی  زۆر كەمدا نەبێت بۆچوونەكانیان لە بازنەی چوار مەزهەبەكە ناچێتە دەرەوە.

گرنگترین سەرچاوەكانی تەشریع‌و هەڵگۆزینی حوكمە شەرعیەكانیش لەلایان لەمانەی خوارەوەدا خۆیدەبینێتەوە:

 أ- قورئانی پیرۆز، وتەی خودای پەروەردگارەو بە رێگەی تەواتور گوازراوەتەوە، هەركەسیش باوەڕی بە سورەتێك یان ئایەتێك یان وشەیەكی نەبێت كافر دەبێت.
ب- سوننەتی پێغەمبەر(دروودی خوای لێبێت): ئیبازیەكان سوننەت بە دووەم سەرچاوەی شەریعەت دەزانن، لە بابەتە فیقهیەكاندا كار بە سوننەتی موتەواتیرو ئاحاد دەكەن، بەڵام لە بابەتە عەقیدەییەكاندا تەنها كار بە موتەواتیر دەكەن، هەركاتیش جۆرێك لە نەسازی لە نێوان وتەو كرداری پێغەمبەردا بەدیكراو نەتوانرا كۆبكرێنەوە، ئەوكات كار بە وتەكە دەكرێت نەك كردارەكە.

سەبارەت بە سەرچاوەكانی فەرموودەش، زۆرێك لە توێژەران‌و مێژوونووسان لایان وایە پێشەوا جابری كوڕی زەید یەكەم كەس بووە فەرموودەی پێغەمبەری كۆكردۆتەوە لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا(دیوان جابر)، بەڵام ئەم كتێبە زۆر نەماوەتەوەو فەوتاوە، هەندێك بەشی زۆر كەمی نەبێت، دواتر رەبیعی كوڕی حەبیب زۆربەی گێڕانەوەكانی لە موسنەدەكەیدا كۆدەكاتەوە، كە نزیكەی(743) فەرموودە لە خۆدەگرێت لە سەرجەم بابەتەكاندا، دواتر ئەبو یەعقوبی وەرجەلانی فەرموودەكانی موسنەدی رەبیع بە شێوازێكی وردو زانستی رێكدەخاتەوەو ناوی لێدەنێت (الجامع الصحیح).
هەر سەبارەت بە فەرموودە، ئیبازیەكان بەپێی كۆمەڵێك مەرجی تایبەت كار بە فەرموودەكانی بوخاری‌و موسلیم‌و ئەوانی تر دەكەن.

 ج-  كۆدەنگیی (الإجماع): سێیەم سەرچاوەی تەشریع لای ئیبازیەكان بریتیە لە كۆدەنگیی زانایان، ئەگەر سەرجەم زانایان لە هەر سەردەمێكدا راشكاوانە رای خۆیان دەرببڕن لە بابەتێكداو لە ئەنجامدا كۆدەنگی‌و یەكڕاییەك دروست بێت، ئەوە بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرەو نابێت كەس پێچەوانەی مامەڵە بكات.
لەدوای قورئان‌و سوننەو ئیجماع، ئیبازیەكان لە ژێر ناوی (الاستدلال)دا كار بە بەڵگەكانی: پێوانە (القیاس) بەرژەوەندی واڵا(المصلحة المرسلة)  هێشتنەوەی حوكمی پێشوو(الاستصحاب) شەریعەتەكانی پێشین(شرع من قبلنا) دەكەن42.

 بەناوبانگترین سەرچاوەی فیقهییشیان لە ئەمڕۆدا كتێبی(شرح النیل وشفا‌ء العلیل)ی محەمەد یوسف ئەتفەیشە.
لە نموونەی بۆچوونە فیقهیەكانیان: وتنی وشەی (امین) لە نوێژدادروست نییە، دروست نییە دۆعای قنووت لە هیچ نوێژێكدا بخوێندرێت، مەسحی خوف بەهیچ جۆرێك دروست نییە، نابێت لە نوێژدا دەست بەرزبكرێتەوە بۆ پەنا گوێ، نە لەسەرەتادا‌و نە لەكاتی هەستانەوە لە ركوعدا. هەروەها دروست نییە راگرتنی دەستی راست‌و چەپ لەسەر سنگ لەكاتی هەستانەكاندا، بەڵكو دەبێت دە ستەكانت واڵابكەیت بۆ خوارەوە، شیرخواردن كەم تا زۆر دەبێتە هۆی حەرامكردنی ژن‌وژنخوازی 43.

سەرچاوەو پەراوێز

24- المبرد: الكامل في اللغة والأدب، تحقيق: عبد الحميد هنداوي، وزارة الشؤون الإسلامية والأوقاف والدعوة والإرشاد، الرياض، 1998، 3/102.
25- أمين، أحمد: فجر الإسلام، دار الكتب العلمية، بيروت، ط1، 2004، ل 249.
26- المبرد:سەرچاوەی پێشوو،3/23.
27- المبرد:سەرچاوەی پێشوو،3/49.
28- أمين، أحمد: فجر الإسلام،ل 251. عباس، إحسان:سەرچاوەی پێشوو،ل 18.
29- أمين، أحمد: فجر الإسلام، ل 251. عباس، إحسان: سەرچاوەی پێشوو، ل 15.
30- بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە هۆنراوەو وتاری خەواریج بڕوانە:الأصبهاني: الأغاني. المبرد: الكامل في اللغة والأدب، ابن عبد ربه: العقد الفريد.
31- الشعكة، د. مصطفى: إسلام بلا مذاهب، الدار المصرية اللبنانية، ط11، 1996، ل 129.
32- الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو،1/107. البغدادي: سەرچاوەی پێشوو،ل72.الأزكوي: كشف الغمة الجامع لأخبار الأمة، تحقيق: محمد حبيب صالح ومحمود بن مبارك، وزارة التراث والثقافة، سلطنة عمان،2/284.
33- الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو، 1/114. البغدادي: سەرچاوەی پێشوو،ل 78 . الأزكوي:سەرچاوەی پێشوو،2/284 .أمين، أحمد: سەرچاوەی پێشوو،ل248.
34- الحارثي: سەرچاوەی پێشوو،ل 93.الزركلي: الأعلام، دار العلم للملايين، بيروت، ط15، 2002، 2/104.
35- جهلان، عدون: الفكر السياسي عن الإباضية من خلال آراء الشيخ محمد يوسف أطفيش، مكتبة الضامري، سلطنة عمان، ل 19.
36- هەمان سەرچاوەی پێشوو،ل 19.
37- الأزكوي:سەرچاوەی پێشوو،2/206.
38- الشماخي: السير، تحقيق: أحمد بن سعود السيابي، وزارة التراث القومي والثقافة، سلطنة عمان، ط2، 1992، 1/51 . الأزكوي:سەرچاوەی پێشوو،2/188.الحارثي:سەرچاوەی پێشوو،ل 47. السابعي: الخوارج والحقيقة الغائبة، ط1، 1999، ص75.
39- الزركلي:سەرچاوەی پێشوو،3/306. 7/222.
40- الحارثي:سەرچاوەی پێشوو،ل 149.
41- الورجلاني: الدليل والبرهان، تحقيق: سالم بن حمد الحارثي، ط2، 2006، وزارة الثقافة والتراث، مسقط. 1/65-100، 2/7-58. 3/202.  الحارثي:سەرچاوەی پێشوو،ص 286. صابر طعيمة: الإباضية عقيدة ومذهبًا، دار الجيل، بيروت، 1986، ص 99.  معمر، علي يحيى: الإباضية مذهب إسلامي معتدل، كتاب ألكتروني، ص 10.
42- المالكي، عامر بن خميس: موارد الألطاف، وزارة التراث القومي والثقافة، سلطنة عمان، 1985، ل 43-58. معمر، علي يحيى:سەرچاوەی پێشوو،ل 12.
43- الحارثي:سەرچاوەی پێشوو،ل 290.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …