Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / مۆزەخانەی میسری.. لانكەی شارشتانی جیهانی

مۆزەخانەی میسری.. لانكەی شارشتانی جیهانی

قاهیرە-ژینۆ عەبدولڵا*

شوێنەوار  وەك شارەزایان و پسپۆڕان پێناسەی دەكەن، ئەو زانستەیە كەگرنگی بەتوێژینەوە‌و لێكۆڵینەوەی ئەو پاشماوە‌و كەرەستەو كەلوپەلانە ئەدات كە مرۆڤــ  لەژیانی رۆژانەی خۆیدا لەسەردەمانی كۆنی بەكاری هێناوە.ئەو شارستانیە كۆنانەی كە ئێستا تەنیا پاشماوەیان ماوە، چەندین سیفات‌و تایبەتمەندی خۆیان هەبووە لەبیناسازی‌و هونەر‌و نەخش‌و نیگار،  ئەمەش وای كردووە گرنگی بەتوێژینەوە‌و دیراسەكردنی هەموو جومگەكانی ئەو شارستانییە كۆنانە بدرێت و زانیاریان لەسەر كۆبكرێتەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە میللەتانی هۆشیار بەردەوام گرنگی و بایەخی تایبەتیان داوە بە شوێنەوارناسی وپاراستنی مۆزەخانەكان و هاندانی نەوەكانیان بۆ بەبایەخ سەیركردنی ئەم سەروتەنەتەوەییە كە هەرگیز بەپارە ناخەمڵێنرێت.
دەوڵەمەندی هەر وڵاتێك بەناوچەی شوێنەواریی، سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی ئەو وڵاتەیە لەرێی سەردانیكردنی گەشتیارانی بیناییەوە بۆ ئەو ناوچە شوێنەوارییانە.لەم ڕوەشەوە وڵاتی میسر بەیەكێك لەم وڵاتە گرنگ و پڕبایەخانە دائەنرێت كەخاوەنی شارستانی و مێژوویەكی دەوڵەمەندن و زۆر جوانن توانیویانە سوود لەو سەرمایە مرۆییە وەرگرن.
لە ڕێبەری گەشتاری میسردا، كەدەدرێتە میوانان و گەشتیارانی،ئاماژە بەمۆزەخانەی نیشتمانی میسری كراوە‌و  چەند خالێك تێدا ڕوونكراوەتە كەجێگای بایەخە لەوانە باس لەگرنگی و بایەخی شوێنەوار دەكات و تێیدا هاتووە:
-زانینی بیروباوەڕی ئایینی كۆن‌و شێوازی پەرستن لەرێی خوێندنەوەی دەقە ئایینە كۆنەكان‌و شێوازی پەرستگاو ئەو پەیكەر‌و پێداویستییانەی لەپەرستگاكاندا بەكارهێنراوە.
-زانینی هونەری بیناسازی سەردەمەكان‌و بەكارهێنانی نەخش‌و نیگار‌و چۆنیەتی بەكارهێنانی كەرەستەو پێداویستی لەخانوو كۆشك‌و پەرستگاو قەڵاكاندا‌و توێژینەوە لەسەر هونەری نەخش‌و نیگاری ناو كۆشكەكان‌و كاریگەرییان لەسەر سەردەمەكانی تر.
-زانینی رووداوە سروشتییەكانی سەردەمانی كۆن، لەرێی كنەكردنی ناوچە شوێنەوارییەكان‌و زانینی هۆكاری رووخانی ئەو سەردەم‌و شارستانییانە لەرێی زانینی رووداوی سروشتی وەك بومەلەرزەو لافاوو زریانی گەورە.
مۆزەخانە میسر، یەكێكە لەناسراوترین و گەورەترین شوێنەوار لە جیهاندا، دەكەوێتە سەنتەری شاری قاهیرەی پایتەخت و مێژووی دامەزراندن و بنیاتنای دەگەڕێتەوە بۆ 1835 كە سە رەتا شوێنەكەی  لەناو باخچەی ئەزبەكیە بوو، دواتر شوێنەكەی گواستراوەتەوە بۆ بینای قەڵای سەڵاحەدینی ئەیبوی و دواتر لەسەردەمی خدێوی عەباس و لەساڵی 1902 لەم بینایەی ئێستایە كەدەكەوێتە سەنتەری شارەوەلە باكوری ناوچەی وەست بەلەدە.
بەو پێیەی شارستانیەتی میسری بەیەكێك  لانكە شارستانیەكانی جیهان دادەنرێت‌و لێرەوە مرۆڤایەتی بەشارستانی ئاشنابووە، شوێنەواری دێرینی میسری بەیەكێك لە دەوڵەمەندترین شوێنەوار دادەنرێت كە 200 هەزار پارچە شوێنەواری تێدایە و مێژووی دێرین و ناوەڕاست و تازەی میسر دەگێڕێتەوە.
ئەمە بێجگە لەوەی، زیاتر لە 150 هەزار پارچە شوێنەواری تر لە گەنجینە دانراون و تائێستا نمایش نەكراون.
بە چوونە ژوورەوت بۆ مۆزەخانەی میسر، بەهۆی كەمی كاتەوە دەبێت بۆ ماوەی یەك سەعات یاخود دوو سەعات تەواوی بكەیت بەڵام ئەگەر بتەوێ بەوردی ئاشنای بیت ماوەی هەفتەیەكت دەوێت، بەگوێرەی پلە پەندی پارچە ئاسەوارو بەردەكان و پەیكەر و لاشەكان دیاری كراوە وە لە مێژووی دێرینەوە بۆ ناوەڕاست و مێژووی تازە، بەهۆی گەورەی لاشەكانیشەوە لەنهۆمی خوارەوە نمایش كراوە، لە ناو مۆزەخانەكەشدا جارێكی تر مۆزەخانەیەكی تر هەیە و دەبێت بچیتە ناوەو ئەویش تەرخانكراوە بۆ لاشەی مۆمیاكراوەكان.
بە هۆی مێژووی دەوڵەمەندی شارستانی فرعەونەكان تەواوی كەلو پەل‌و كارە هونەری و بەرهەمی ژیانی ڕۆژانەو پێداویستی و پەیكەرو بەردو خشڵ و كارە گرانبەهاكان وەك خۆی ماوەتەوە نمایش دەكرێت و بەشێوەیەكی ورد وەك كارتێكی زانیاریش بەچەند زمانێك پێناسێكی ورد كراوە بۆ ئەو پارچە ئاسەوارانە.
كار ئاسانی تەواو كراوە بۆ سەردانیكردنی مۆزەخانە ڕۆژانە لەسەعات هەشتی بەیانیەوە بۆ چواری ئێوارە كراوەیەو ڕۆژانی هەینیش هەیە و لە بەرنامەشدا هەیە شەوانیش بكرێتەوە.
پێشتر ڕێگە نەدەدرا بە وێنەگرتن و دواتر كراوە بە پارەو ئێستاش هەر بۆ هاندانی سەردانیكردن وێنەگرتن ڕێگا پێدراوە تەنها لەچەند شوێنێك نەبێت ئەویش بەهۆی كاریگەری خراپی  لەسەر هەندێك پارچە ئاسەوار.
ئەوەی جێگای كار ئاسانیە، بەهۆی میكرۆفون و سەماعەوە، دەتوانیت ڕێبەرێك بۆ خۆت وەرگرێت و تەواوی مۆزەخانەوە بەشەكانی بۆ ڕوون دەكاتەوە.
كتێبخانەی مۆزەخانە
لەگەڵ دامەزارندنی مۆزەخانەكەدا، هەوڵدراوە كتێبخانەیەكی گەورەش دابمەزرێت و لە ساڵی 1899 ەوە كتێبخانەكە دامەزراوەو زۆرترین كتێب بۆ كڕاوە پەیداكراوەو ئێستا كتێبخانەكە هاوشانی مۆزەخانەكە دەوڵەمەندە لەدوو نهۆمی گەورە پێكهاتووەو زیاتر لە 50 هەزار ناونیشان و دەستنووسی دەگمەنی تێدایە وناونیشانی كتێبەكانیش زیاتر پەیوەندییان بەمێژووی فرعەونی و مێژووی كۆنی میسرو ناوچەكەو یۆنانی و رۆمانی و مێژووی دێرینی ناوچەكە و ئەمە بێجگە لە چەندین نەخشەو وێنەو تابلۆی دەگمەن و دانسقەی كۆن.
ئێستاش مەسەلەی كنەو پشكنین لە خاكی میسر درێژەی هەیە و بەگوێرەی یاساكانی میسر هەر وڵاتێكی بیانی شوێنەواری نوێ بەهەموو بەشەكانیەوە ئاشكرا بكات و ئەوا لە 80% دەبێتە موڵكی حكومەتی میسرو لە 20% دەبێتە ئەو وڵات و لایەنەی كنەو پشكنیەنەكەی ئەنجامداوە.
هەموو پارچە ئاسەوارەكانی مۆزەخانەی میسر لەیۆنسكۆ تۆمار كراوە، هەر بۆیە ئەگەر هاتوو هەر پارچە شوێنەوارێكیان دیار نەمێنێت یاخود بدزرێت، ئەوا وەك خۆیان دەڵێن كەس سوودی لێ نابینێ چونكە لەهەر وڵاتێك بێت دەگێڕدرێتەوە بۆ میسر.
دووجار ئەم مۆزەخانەی میسرە تووشی ڕووداوی دزی و دیارنەمانی پارچە شوێنەوارەكانیان بووە ساڵی یەكەم 2004 كە 38 پارچە شوێنەوار دیار نەماوە، دووەم جاریش لە گەرمەی شۆڕشی یەنایەری 2011 بووە كە 45 پارچە شوێنەوار دیار نەماو هەر دوای ئەوە سوپا ئەركی پاراستنی گرتە ئەستۆو دواتر توانرا هەندێك لە و پارچە شوێنەوارانە بگێڕدرێتەوە، بەڵام 29 پارچە شوێنەوار هەر دیار نەماوە.
بنیاتنانی مۆزەخانەیەكی نوێ
ئێستا وەزارەتی شوێنەواری میسر لەقۆناغی بنیاتنانی گەورەترین مۆزەخانەیە لە سەر ئاستی جیهان كەدەكەوێتە ناوچەی جیزە لە نزیك ئەهرامات، كە بودجەی 550 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بۆ تەرخانكراوەو حكومەتی ژاپۆنی 300 ملیۆن دۆلاری وەك قەرزی درێژخایەن پێشكەشی حكومەتی میسری كردوەو توانای سەردانیكردنی پێنچ ملیون گەشتیاری هەیە و بەتەواو بوونی دەبێتە گەورەترین مۆزەخانە لە جیهاندا.
بۆ لای ئێمەی كورد وانییە؟
دوای گەڕان و سەردانیكردنی ئەم مۆزەخانە جیهانیە، بێگومان پرسیارێك لەهزری هەر كەسێكی وشیاردا دێتە بەرباس و لێكۆڵینەوە بەوەی ئایا هۆشیاری و پاراستنی شوێنەوار لای ئێمەی كورد چۆنە، ئەم پرسارەم ئاڕاستەی هاشم حەمە عەبدوڵا بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی كردو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە:
“گەر بگەرێینەوە بۆ مێژوو، خاكی كوردستان شوێنی یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان دەوڵەتە زلهێزەكان بووەو سەقامگیری سیاسی‌و ئابووری ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە كە ببێتە هۆی گرنگیدان بە شوناس‌و مێژوو و كەلتوور‌و پاراستنیان لەفەوتاندن، گەر زۆر دوور نەڕۆین و بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی میرنشینی بابانییەكان، دەبینین بەهۆی ململانێ لەسەر دەسەڵات‌و دەستێوەردانی بێگانە، میرە بابانییەكان شوێنەوارێكی ئەوتۆیان بۆ بەجێ‌ نەهێشتووین، جگە لەوەش پێگەی جوگرافی هەر یەك لەمیرنشینە كوردییەكان كارێكی وای كردووە كە نەتوانن حوكمڕانی هەموو خاكی كوردستان بكەن‌و بەشێكی لەژێر دەستی عوسمانی‌و بەشێكی لەژێر دەستی ئێرانییەكاندا بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زۆری نەخش‌و قەڵاو شوێنەوارەكانمان ماون‌و بەشێوەیەكی وا نەشێوێنراو‌و تێك نەدراون كە ببێتە هۆی سڕینەوەی یەكجارەكیان. هۆكارێكی گرنگی تریش ئەوەیە كە كورد بەدرێژایی مێژوو خۆی حوكمڕانی خۆی نەكردووەو بەردەوام دەسەڵاتی عەرەب‌و فارس‌و تورك حوكمی كردووەو ئەم دەسەڵاتانەش هەوڵیانداوە مۆركی نەتەوەیی لای تاكی كورد بسڕننەوەو شوێنەوارەكانیان بەمەبەست تێكداوەو تاوەكو نیشانی بدەن كە باوباپیرانی كورد خاوەنی شارستانییەتی خۆیان نەبوون.”
تێبینی: تەواوی زانیاری و ڕوونكردنەوەی زانیاریەكان لەم گەشتەدا لەلایەن ڕێبەری گەشتیاری محەمەد حەنەفیەوە بوو، كەدەرچووی بەشی گەشت و گوزارو شوێنەوار بوو، زیاتر لەچوار زمانی دەزانی و بەتەواوەتی ئاشنای كردین بەهەموو شوێنەگرنگەكانی ئەم مۆزەخانەیە.

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی سپی لەئێران

‎نیهاد عەزیز سەعید‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆران‎پێشەکی :‎پێشەکی : لە بوارەکانی مێژوو و زانستی سیاسیدا، شۆڕش …