Home / مێژووى جیهان / سەددام و عێراق تراژیدیای دەمارگیریی و ستەم بەشی دووەم

سەددام و عێراق تراژیدیای دەمارگیریی و ستەم بەشی دووەم

سەددام و عێراق تراژیدیای دەمارگیریی و ستەم112102016_zhwqqa

خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی “سەدام بەئێرەدا تێپەڕیی-صدام مر من هنا”
ژینۆ عەبدولڵا*
بەشی دووەم

لە خوێندنەوەی بەشی دووەم كتێبی (سەددام بەئێرەدا تێپەڕیی-صدام مر من هنا)-ی نووسەری بەناوبانگ غەسان شربل، سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەلحایت، لە زاری سەركردەیەكی ئەندامی قیادەی قوتریی و مە جلس قیادەی ئەلسورەوە، باسی كەسایەتی سەدام حسێن ئەكات بەو پێیەی یەكەم بەرپرسی حزبی بووەو چەند وردەكارییەكی گرنگی 1یانی دە خاتە ڕوو.

–    كەسێتیی سەددام
سەڵاح عومەر ئەلعەلی ( لە دایكبووی ساڵی  1937) یەكێكە لەسەركردەكانی بەعس وخەڵكی تكریتە، ئەندامی قیادەی قوتریی  و مەجلس قیادەت ئەلسەورە بووە، ساڵی 1964 بەسەددامیان وت ئەمە سەركردەو فەرماندەی تۆیە وپێكەوە بەشداریی كودەتاكەی ساڵی 1968 یان كردووەو پێكەوە لەئۆفیسی ئەحمەد حەسەن بەكر، عەبدلرەزاق نایف سەرۆك وەزیرانیان دەستگیر كردووە. سەدام پێی وتووە یان دەتكوژم یان بەقسەم بكە و بەرەو فڕۆكەخانە بردوویانە بۆدورخستنەوەی لەعێراق. ئاشكرایە سەددام ساڵی 1937 لە عۆجە لەدایك بووە، لەماڵێكی هەژارو باوكێكی جوتیار بووە، تەمەنی سەددام سێ ساڵ بووە، كەباوكی مردووەو دواتر دایكی شوی كردۆتەوە بە ئیبراهیم حەسەن كە  كەسێكی توندو تیژبووەو هیچ سۆزی بۆ سەددام نەبووەو بەردەوام لێی داوە. بەڵام لە نێو كەسوكارەكەیدا سەددام بەهۆی هەتیوكەوتنییەوە بەردەوام بەچاوی بەزەییەوە تەماشای كراوە.

هەروەها زانراوە كە لە تەمەنی نۆ ساڵیەوە بەهۆی مامەڵەی خراپی باوەپیارەكەیەوە لەماڵەوە هەڵهاتووە بۆ ماڵی خەیروڵا تلفاحی خاڵی كە ئەو كات ئەفسەربووە ودواتر كراوەبەبەڕێوبەری قوتابخانەو بەهۆی ئەوەوە سەددام لەتەمەنی نۆ ساڵیدا چووە قوتابخانە. پسپۆڕان دەڵێن سەددام حسەین بەكاریگەریی ئەو توندوتیژییەی باوەپیارەكەیەوە تووشی گرێیەكی دەروونیی سەردەمی منداڵیی بووە وهەمیشەوەك دێوەزمەیەك بەدوایەوەبووە.هەر بەكاریگەریی ئەو پەروەردە خراپە سەددام بەردەوام توندوتیژ وشەڕەنگێز بووە سڵی لەهیچ نەكردۆتەوە تەنانەت كاتێك خاڵی شەڕی بووە لەگەڵ حاجی سەعدون تكریتی، سەددام ئەمەی دوایی كوشتووە وهیچ بەڵگەیەكی بەجێ نەهێشتووە.لە قوتابخانەیەكی عۆجەش كاتێك لەوانەی ئینگلیزییدا دەكەوێت، بەچەقۆ مامۆستاكەی دەگەیەنێتە سەرە مەرگ و پاش چاكبوونەوە مامۆستاكە زووبەزوو گوندەكەی جێهێشتووە.

بەكورتی سروشتی ئەم بەخێوكردنە توندوتیژە كاریگەریی دەروونیی و رەفتاریی خراپیی هەبووە بۆ سەددام كە بەردەوام وتویەتی ئەم ژیانە بۆ كەسانی لاوازو بودەڵە نەكراوەو مانەوەتەنها بۆ بەهێزەكانە هەر لەم روانگەیەشەوە لە منداڵییەوە  بۆ پاراستنی خۆی چەقۆ و دەمانچەی هەڵگرتووە.تەنانەت لەكاتی دەسەڵاتیشیدا، بەردەوام دەمانچەی پێ بووە.
–    سەرەتای پاكتاوی رەفیقان
سەلاح عومەر،لەم كتێبەدا بە وردیی باسی بەشداریی كارای سەدام و گوێڕایەڵیی و پەرۆشیی بۆ كودەتاكەی  1968دەكات بەتایبەت دەستگیركردن و دورخستنەوەی عەبدولرەزاق نایفی سەرۆك وەزیر لەكاتی خواردنی نانی بەیانیی و دوورخستنەوەی ئیبراهیم داوود ووزیری بەرگری بۆ ئیسپانیا.
هەروەها سەدام زۆر بەرۆشی  كۆبوونەوەكانی بەعس بووە،  بەشداربوونی لە كۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی ئەندامانی سەركردایەتیی حزبی بەعس و سەركردایەتی شۆڕش  كە زیاتر بۆ دووتەوەر دەبوو یەكەمیان كێشەكانی وڵات و دووەمیان كاروباری حزب .

بەوتەی سەڵاح عومەر كاتێك ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆكی وڵات دەچێتە دەرەوە ” لەیەكێك لەو كۆبوونەوانەدا بەسانایی و بێ مەبەست باسی ئەوەكراوە لە ڕووی حزبییەوە كی َجێگری بەكر بێت، چونكە تەنیا جێگری سەرۆك كۆمار هەبووە كە ساڵح مەهدی عەماش بوو. لەوەڵامدا هەمووان شتەكەمان بەڕۆتین وەرگرت و وتمان كۆبوونەوەی داهاتوو باسی دەكەین بەڵام  بێگومان هەمووان كۆك بووین كە بێگومان كەسی شیاو بۆ ئەو پۆستە دەبێت ساڵح مەهدی عەماش بێت چونكە كەسێكی كاریزماتیك وخاوەن ئەزموون ویەكەم دەستەی دامەزرێنەرانی حزب بووە.لەرووی سەربازییشەوە پلەی لەهەمووان بەرزتربوو ئەمەجگە لە ڕۆشنبیریی و بیر فراوانی (ل113-116).
سەرباری ئەو كۆك بوون و یەكدەنگییە لەمەڕ كەسایەتیی عەماش ، بەڵام ئەو (رەفیق) ـە ، كە دەستەواژەی رەسمیی ناوهێنانی بەعسییەكان بوو لەسەر شێوەی كۆمرەید-هەڤاڵ لە حزبی شیوعیی یەكێتیی سۆڤییەتدا ،بووە یەكێك لە ئامانجەكانی پاكتاوكردنی لەلایەن كوتلەیەكی نیوخۆیی بەعسەوە كە سەددام بزوێنەری سەرەكیی بوو. بۆ ئەمەش وەك سەلاح عومەر دە ڵێت “ئەحمەد حەسەن بەكر پێشنیازی كرد ساڵح مەهدی عەماش، بۆڕوونكردنەوەی پەیامی حزبی بەعس بچێتە مەراكش و ڕۆیشت. دوای دوو ڕۆژ ئەحمەد حەسەن بەكر داوای كۆبوونەوەی نائاسایی حزبی كرد كە ئەمەش تەنها بۆ حاڵەتی شەڕو خیانەتە. ئەجیندای كۆبوونەوەكە ئەوەبوو وتی دەركەوتووە ساڵح مەهدی عەماش، خیانەتمان لێ دەكات و كار دەكات بۆ كودەتا و دەبێت فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەربكرێت و هەریەك لەتەها یاسین رەمەزان و عیزەت ئیبراهیم  ئەلدورییش پشگیریان لێكرد بەڵام ئێمە بەتوندیی دژی وەستاینەوە و وتمان بابێتەوە گوێ لەخۆی بگرین تا گەیشتە ئەوەی دەستبرا بۆ دەمانچە و چەك و میلی سیلاح هێنرایەوە و كۆبۆبوونەوەكە زۆر توندوتیژبوو. دواجار ئەحمەد حەسەن بەكر وتی با كاتی بدەینێ . تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكەش دانانی جێگری سەرۆكی حزبی بەعس بوو، كەوەك پێشتر ئاماژەی پێكرا عەماش پاڵێوراوی یەكەمی بوو بەڵام كەس نەیدەویست باسی بكات چونكە تۆمەتباركرا  بەخیانەت و وتیان كێ خۆی دەپاڵێوێت  تەها یاسین رەمەزان وتی من سەددام حسێن پێشنیاز دەكەم و عزەت دووریش پشتگیریی كردو ئێمەش زیاتر مەسەلەكەمان بەشكڵیی وەرگرت، بەڵام بەو كارە گەورەترین هەڵەمان كرد چونكە سەدام بەتەواوەتی جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست و سەرپەرشتیی دەزگای ئەمنیی (حەنین) ی دەكردو عیراقی بەو كارەساتە و ماڵوێرانییە گەیاند. ئەگەر وەكو ئەندامێكی سەركردایەتیی ئەنجومەنی شۆڕش بمایەتەوە ئەم كارەساتەی نە ئەخوڵقاند”.

–    شەڕەنگێزیی دژ بە دراوسێ
ئاشكرایە یەكێك لە هەرە كارەساتبارترین بڕیارەكانی سەددام حسەین دوای هاتنە سەر كورسی دەسەڵات هەڵگیرساندنی جەنگ بوو دژی ئێران كە پێشتر ئاماژەی بۆ كرا. لەم رووەوە سەڵاح عومەر دەڵێت  “ساڵی 1979 سەددام تازە ببووە سەرۆك كۆمار شۆڕشی ئیسلامیی ئیرانیش خەریك بوو دەهاتەوە سەرخۆی.ئەو كات من نوێنەری هەمیشەیی عیراق بووم لەنەتەوەیەكگرتووەكان و لەشاری هاڤانای پایتەختی كوبا كۆبوونەوەی ساڵانەی وڵاتانی بزوتنەوەی لایەنگیریی نەكردن– عدم الانحیاز  Nonaligned Movement هەبوو” كە مانگی ئەیلولی 1961 بە بەشداریی سەرانی  25 وڵات (لەوانە ئێرانی پادشایی و عێراقی كۆماریی بەسەرۆكایەتیی قاسم) لە بەلگرادی پایتەختی یوگسلاڤیا راگەیەندرا بۆ  نیشاندانیی بێ لایەنیی ئەو وڵاتانە لە ململانێی سیاسیی وسەربازیی  بلۆكی سۆشسالیستیی خۆرهەڵات بە سەرۆكایەتیی (یەكێتییی سۆڤییەتی جاران) و بلۆكی سەرمایەداریی خۆرئاوا بە سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سەردەمی جەنگی سارددا. لەبەر ئەوەی لەساتەوەختی بەڕێوەچوونی ئەو كۆبوونەوەیەدا لە كوبا هەریەك لە ئێران (تازە ئیسلامیی) و عێراق (تازە سەددامیی)  دوو دراوسێی خاوەن رێككەوتنێكی هاوبەش بوون (جەزایر 1975) هەر بۆیە “وەزیری دەرەوەی ئیران هات بۆ لای سەددام و داوی كرد برەو بەپەیوەندییە دیبلۆماتییەكانیی نێوانیان بدرێت و لاپەڕەی ئاشتیی هەردوو وڵاتی دراوسێ بكرێتەوەو وەزیرەكەی ئێران ئامادەیی  بۆ هەموو هاوكارییەكی ئاشتیی دەربڕیی و سەدامیش زور موجامەلەی كرد ومنیش لە كاتی ڕۆیشتندا وەزیری دەرەوەی ئیرانم بەڕێكرد.كە هاتمەوە دەستخۆشیم لەسەددام كرد بۆ برەودان بەپرۆسەی ئاشتیی كەچی وتی ئەوەتۆ دەڵێیت چی سەڵاح.جارێكی تر ئەم قسەیە دوبارە نەكەیتەوە،سەری ئێرانت بۆ ئەبڕم و هەموو بستە خاكێكی عیراق وەردەگرمەوە ئەمە هەلێكە  سەد ساڵ جارێك دووبارە نابێتەوە،بڕۆ خوت حازر بكەو بەڵگەو دیكۆمێنت ئامادە بكە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ئێران وێران  دەكەم”.

–    دیداری حسێن كامل
ساڵی 1996 حسێن كامل ئامۆزا زا و زاوای سەددام ،مێردی رەغەد (1983-1996) چەند مانگێك پاش جیابوونەوەی و چوونی بۆ ئەردەن لە (7/8/1995) دا زۆر تەلەفون دەكات بۆ سەلاح عومەر ئەلعەلیی و”بەردەوام دەیوت دەبێت بتبینم،چونكە كاتێك ساڵی 1982 لەگەرمەی جەنگی عیراق- ئیراندا وازم هێنا لەدوا پۆستم كە نوێنەری عیراق بوو لەنەتەوەیەكگرتووەكان سەددام ،حسێن كاملی بەتایبەت نارد بۆئەوەی قایلم بكەن واز نەهێنم و لانیكەم بگەڕێمە بۆ عیراق وتی سەدام دەڵێت وازهێنانی كاریگەریی نێگەتیفی بۆ عێراق لێ دەكەوێتەوە بەتایبەت لای ئێرانییەكان و چی دەوێت بۆی دەكەین و لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەدەینەوە.منیش بڕوام بە بەڵێنی  سەددام نەمابوو”. پاش 14 ساڵ لەو پەیامە ساختەیەی سەددام “لەودیدارەدا حسەین كامل پێی وتم بەس بهاتیتایتەوە سەدام لە ناوی دەبردیت”.
سەلاح عومەر لەباسكردنی كەسایەتی حسێن كاملدا (1954-1996)  ئاماژە بۆ ئەوەدەكات ئەویش لەو كەسانەبوو كە سەددام لە گوندی عوجەی زێدی لەدایكبوونییەوە هێنابوونی “كەسێكی ئاسایی كە هیچ زیرەكیی و توانایەكی نەبوو. نەخوێندەوار و خۆش باوەڕ خاوەن عەقڵییەتێكی خێڵەكیی لە ئازایەتیدا و كچە گەورەكەی خۆیشی پێدا بوو” هەر بۆیە لە سەرەتادا خۆی و سەددام كاملی برابچووكی،كە ئەویش هەر بوو بەزاوای سەددام (مێردی رەنا) ،بوونە پاسەوانی سەددام بەڵام “لەپڕ سەددام  پلەی سەربازیی ( فەریق)ی پێداو كردی بەوەزیر لە وەزارەتە هەستیارەكانی پیشەسازیی سەربازیی و بەرگریی و تا وای لێهات بووە كەسی سێهەم دوای سەددام وعەبد حەمودی سكرتێری تایبەتیی و گومانیش هەبوو كە كامل ،عەدنان خەیروڵا برای خێزان و خالۆزای سەددام ووەزیری بەرگریی عێراقی كوشتبێت” لەرووداوێكی نادیاری كەوتنەخوارەوەی كۆپتەرەكەیدا لە 5/5/1989  كە رۆژێكی تەم وغوباراویی بەهاری گەرمی عێراق بوو.

–    سەرلێشێوان و فەوتانی حسەین كامل
لە راستییدا جیابوونەوەی حسەین كامل لە رژێمی سەدام و رۆیشتنی لەگەڵ رەغەدی خێزانی و سەددام كامل و رەنای خێزانی بۆ ئەردەن ، رووداوێكی دەگمەن بوو لە مێژووی سیاسیی عێراقدا بەگشتیی و بنەماڵەكەی سەددامدا بەتایبەتیی بەهۆی ئەو ترس و بیم و تێرۆر و تۆقاندنەوە كە سەددام و دارودەستەكەی لەوانە كەسەنزیكەكانی خۆی خستبوویانە دڵ و دەروونی عێراقییەكانەوە بە یار و نەیارەكانی بەعسیشەوە. لەم رووەوە لە كتێبەكەی شربلدا هاتووە حسێن كامل مێژووی خۆی بیرچووبووەوە كە كەسی نزیكی سەدام بووە.یەكێك بووە لەوانەی دەستی سوور بوو بوو  بە خوێنی عێراقییەكان بەتایبەت لە دامركاندنەوەو داپلۆسینی ڕاپەڕینی شیعەكان ناسراوبە (ڕاپەڕینی شەعبانییە).ئەمە جگە لەوەی كە سەدام و عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای و كامل خۆی بەرپرسیاری داگیركردنی كوەیت بوون. لەناوخۆی عێراقیشدا بەحوتەكەی بەغدا ناسرابوو بەهۆی گەندەڵی ودزییەوە لەسەردەمی ئابڵۆقەی سەرعیراق.بەڵام بەهۆی ناكۆكیی وپەرەسەندنی ململانێكانی لەگەڵ عودەی كوڕی سەددام  وڵاتی بەرەوە ئەردەن جێهێشت ودەیویست لەشەوو ڕۆژێكدا هەموو ئەمانەبسڕێتەوە و داوای گۆڕینی ڕژێمی سەدامی كرد. تەنانەت لە ئەردەنیش دەستبەرداری رەفتاری خۆسەپێنیی و چەوساندنەوەی بەرانبەری لەبیرنەكردووە بەجۆرێك “زۆر جار بەسەر كارمەندانی كۆشكی مەلەكی ئەردەندا وا مامەڵەی ئەكرد دەتوت لەعیراقە و لە دەسەڵاتدایە نەی دەزانی پەنابەرە.” سەرەنجام دوای ئەوەی زۆر كەس  متمانەیان پێنەكردو پاش داواكردنی مافی پەنابەریی لە سوریاو عەرەبستانی سعودی كە ڕەتیان نەكردەوە بەڵام پێویستیان بەكات بوو چونكە دووكچی سەدامیان لەگەڵ بوو لەسەر بنەمای بەڵێنێكی بەهێزی لێخۆشبوونی سەددام حسەین گەڕانەوە بۆ عێراق. لەپاش گەڕانەوەشیان دەستبەجێ هەردوو براكە ناچاركران هاوسەرەكانیان تەڵاق بدەن و لەرووداوی شەڕوپێكدادانێكدا كە چەند لێكدانەوەیەكی بۆ كراوە ئەو دوو برایە كوژران بەبێ ئەوەی بكوژەكانیان ئەو كەسانە بن كە ساڵانێكی زۆرە بەشداریی لە چەوساندنەوەیاندا دەكەن بەڵكو كێشەیەكی خێزانیی ناوخۆیی بنەماڵەی دەسەڵاتداربوو.
–    پلانێكی خەیاڵیی
حسێن كامل زۆر شانازی بەوەوەدەكرد كە خۆی هێزی گاردی كۆماریی  بنیاتناوە و ئەفسەربەئەفسەر و سەرباز بە سەرباز لە تەواوی لیواوفەوج وسریەكانیدا دەناسێت.هەربۆیە پلانێكی خەیاڵیی دانابوو – ئەمەشی بۆ ئەمریكیەكان باسكردبوو- كەدوای گرتنی بینكەیەكی سەربازیی لەنزیك سنوری ئەردن، بانگەواز بكات وتەواوی فەرماندە باڵاكانی حەرەس جمهوری  بەدەم بەناگەوازەكەیەوە دێن بەوەش پێكەوە بۆبەغدا دەڕۆن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمە كەی سەدام.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …