Home / مێژووى جیهان / ده‌وله‌تی سعوودیا چۆن دامه‌زرا ، په‌یوه‌ندیه‌كانی نیوان محمد عبدالوهاب و ئینگلیز له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی مستەر ھمفێر

ده‌وله‌تی سعوودیا چۆن دامه‌زرا ، په‌یوه‌ندیه‌كانی نیوان محمد عبدالوهاب و ئینگلیز له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی مستەر ھمفێر

Title
بیرەوەرییەکانی مستەر ھمفێر

imgجاسوسی بەریتانیا لە وڵاتە ئیسلامییەکانداوەرگێڕانی لە فارسییەوە: تاھیر ساڵح شەریف

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست بۆ دوایین چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەنتەرنێتی ئەم وەرگێڕانە:

لە ساڵی ٢٠٠٥دا کاتێک ئەم کتێبەم وەرگێڕایە سەر کوردی، چەند کەسێک بە ئیمەیڵ پێیانڕاگەیاندم کە ئەم کتێبە لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا وەرگێڕدراوە بۆ کوردی!. من لەوەڵامی ئەو کەسانەدا وتم:” هەرگیز ئەو وەرگێڕانە کوردییەیم نەدیوە و ئەگەر ئێوە لەلاتان دەستدەکەوێت، سکانی بکەن و بۆم ڕەوانە بکەن من سوپاستان دەکەم، بەڵام ١١ ساڵ بە دوای ئەم وەرگێڕانەدا، ئەوان نەیانتوانی کۆپییەکی ئەو وەرگێڕانە[ گوایە] کوردییە بۆ من ڕەوانە بکەن، یان خۆیان لەشوێنێکی دیکەوە بیخەنە بەردەم خوێنەر. جگەلەوەش، هەرئەوکات وەڵاممدانەوە کە من نوسخەی کاغەزی ئەم کتێبەم نەبینیوە و تەنها لەڕێگای ئەنتەرنێتەوە و لە ڕێگای  کتێبخانەیەکی ئەنتەرنێتی فارسییەوە دەستم کەوتووە و پرێنتمکردووە. هەروەها ئەوەشم پێ وتن:” چ کێشەیەک هەیە لەوەدا کە دوو کەس، یان چەند کەس چەند وەرگێڕان بۆ کتێبێک بکەن، بەڵام بەو مەرجەی دزی لەیەکتر نەکەن و بەری ڕەنجی ئەوانیتر بە ناوی خۆیانەوە نەنووسنەوە. لەوەش گرنگتر ئەمەیە کە باشی، یان خراپی هەر وەرگێڕانێک خوێنەری هوشیار بڕیاری لەسەر دەدات و لە ئەنجامیشدا، ئەوە وەرگێڕەکانن کە بەرپرسن لە کاری وەرگێڕانەکەیان، نەک کەسانێک کە نەک هەر توانای وەرگێڕانی کتێبێکیان نییە، بەڵکو تواناو تاقەتی خوێندنەوەی ئەویشیان نییە!.

جگە لە بابەتی وەرگێڕانەکە، خاڵێکی زۆر گرنگتر هەیە کە دەبوو لە پێشەکییەکەی ساڵی ٢٠٠٥مدا ئاماژەی پێبکەم، بەڵام لە یادم چووبوو؛ دووڕوویی و ساختەچێتی همفێری جاسوس و نووسەری کتێبەکەیە. همفێر لە شوێنێکی بیروەرییەکانیدا، لە زمانی دووەم کتێبەوە، کە وەزارەتی مستعمراتی بەریتانیا داویانەتێ تا بیخوێنێتەوە و زانیاری لەسەر خاڵە بەهێزەکانی وڵاتانی ئیسلامی بەدەستبهێنێت، بە شێوەیەکی دووڕووانە دەیەوێت ئیسلام  بە  چەند ئایەت وحەدیسێک  بە جوانی پیشاندات!. بۆ نموونە دەڵێت” النظافە من الامان- پاک و خاوێنی لە ئیمانەوەیە”!، لەڕوانگەی همفێرەوە، ئەوە یەکێکە لەخاڵە بەهێزەکانی ئیسلام بەمەبەستی ڕاگرتنی پاک و خاوێنی ژیان و ژینگە، بەڵام چ لە ئێستاو چ لەسەردەمی نووسەری کتێبەکە[ سەدەی حەڤدە] دا، ژینگەو ژیان لە وڵاتانی ئیسلامیدا پیسترە لە وڵاتانێک کە بە بۆچوونی موسڵمانەکان کافر و بێ باوەڕن!. بۆیە هیچ یەکێک لە بۆچوونە پۆزەتیڤەکانی ناو حەدیس و قورئان  لەبارەی ژیان و ژینگەوە، ناتوانن ڕووی دزێو و ناشارستانی ئیسلام جوان بکەن و بیڕازێننەوە!.. یان لەوەش چەواشەکارانەتر، ئەمەیە کە پڕوپاگەندەکردن بۆ بێباوەری[الحاد] بەشێک لە پرۆژەکانی ئیستعماری بەریتانیایە لە وڵاتانی ئیسلامنشیندا!. بۆیە خوێنەری هوشیار لەکاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا دەبێت ئاگاداری ئەم دووڕووییەی نووسەر بێت بێت.

وەرگێڕی کوردی

١٢-٧ -٢٠١٦

پێشەکی وەرگێڕی کوردی:

ئەم وەرگێڕانە چیرۆکی سیخوڕێکی به‌ریتانیای گەورەمان بۆ دەگێڕێتەوە. نووسەری کتێبەکە ناوی ” ھمفێر “ە، کە خۆی ئەرکی جاسوسیکردنی بۆ وەزارەتی مستعمراتی به‌ریتانیای سەدەی ھەژدەھەم لە ئەستۆ گرتووە و ناوەندی چالاکی جاسوسیانەکەی ” ھمفێر “، وڵاتانی تورکیا، میسر، ئێران ، عێراق و سعودیەیە.

ھمفێری جاسوس، چەند کێشەو بابەتێکی تایبەتیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ڕەنگە زۆربەمان تا کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەی ئەو، زانیارییەکی ئەوتۆمان لە بارەیانەوە نەبووبێت؛ پرۆژەو ئامانجە نامرۆییەکانی ئیستعماری ئینگلیز بۆ بە مستعمرەکردنی وڵاتانی دواکەوتووی ئیسلامی ونائیسلامی، پەیوەندی ئاینی مەسیح و ئیستعماری ئینگلیز، چۆنیەتی دۆزینەوە و پەروەردەکردنی فکری ، سیاسی و ئەخلاقی محەمەد عبدالوەھابی ڕابەرو دامەزرێنەی ڕەوتی ” ئیسلامی وەھابی” لەڕێگای نووسەری کتێبەکەوە و پەیوەندی ئەو ڕەوتە ئیسلامییە بە دەوڵەتی ئیستعماری به‌ریتانیاوە، پلانەکانی ئیستعماری ئینگلیز بۆ ڕوخاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، نەخشە ئیستعمارییەکانی ئینگلیز بۆ دانانی چەند بنەماڵە و خێڵێکی دیکتاتۆر و ئیستبدادی لە سەرکورسی حکومەت و دەسەڵات لە وڵاتانی دواکەوتووی ئیسلامیدا، بەکارھێنانی ئاینی ئیسلام بۆ دژایەتیکردن و لێدانی خودی ئاینەکە، ئاشکراکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئایەتەکانی قورئان، حەدیسەکان و گوتارو کردارەکانی پێغەمبەر وخەلیفەکان لەگەڵ واقعی سەردەمی محەمەد و سەردەمەکەی ھمفێردا، لەوانەیش گرنگتر، خوێندنەوە و توێژینەوەی ھەمەلایەنە و ووردی ھەموو دیاریدە و پەیوەندییە ئابوریی، کۆمەڵایەتی و کڵتورییەکانی وڵاتانی دواکەوتووی بە مستعمرەکراوی ئەو ڕۆژگارە لەلایەن دەسەڵاتداران و حکومەتی ئینگلیزەوە و دیاریکردنی خاڵە بەھێزو لاوازەکانیان لە بەر ڕووناکی خوێندنەوە و توێژینەوە دیاریکراوەکانیاندا … ئەوانەو زۆر کێشەیتریش لەم پەرتوکەدا تیشکیان خراوەتە سەر و ڕوونکراونەتەوە، کە بەڕاستی بەخوێندنەوەیان سەرسام دەبین.

منیش وەک وەرگێڕی کتێبەکە، لەم پێشەکییە کەڵک وەردەگرم و دەمەوێت وەک پێویست و تا ئەو جێگایەی کە چوارچێوەی دیاریکراوی ئەو ڕێگام پێبدات، چەندڕاستییەک لە بارەی ئیستعماری کۆن و نوێوە بخەمە بەردیدەی خوێنەر و لە کۆتاییشدا ھەوڵدەدەم کە لە سەر خودی کتێبەکە و چۆنییەتی وەرگێڕانەکە چەند خاڵێک ڕوون بکەمەوە.

لە سەرەتادا جەختکردن لەسەر ئەم خاڵە بە گرنگ دەزانم ئەوە بەبیر بھێنمەوە کە  ئیستعمار دیاریدەیەکی مێژووییە و لەگەڵ دابەشبوونی کۆمەڵگە بەسەرچیینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا سەری ھەڵداوە. داگیرکردنی سەرزەوییەکانی نەتەوە لاوازترەکان لەلایەن بەھێزترەکانەوە، کە وەک دیاریدەیەکی وێرانکەر لە بەرەبەیانی کۆمەڵگەی کۆیلەدارییەوە دەستیپێکردووە، بۆخۆی جۆرێکە لە ئیستعمار. ئەگەر ووشەی ” ئیستعمار ” بە ھەمان مانای ووشەی ” ئاوەدانکردنەوە” ، یاخود ” بنیاتنانەوە ” ھاتبێتە ناو فەرھەنگە سیاسییەکانەوە، ئەوا خودی مانای ڕاستەقینەی ووشەی ” ئیستعمار”یش لەلایەن زمانناسەکانی وڵاتە ئیستعمارییەکانەوە ئاوەژۆ کراوەتەوە، چونکە لە ڕاستییدا و لە ڕووی مانای ماددی و بابەتی ووشەکەوە، ھێزە ئیستعمارییەکان، واتای ھێزە تاڵانکەر، داگیرکەر و وێرانکەرەکانی گەیاندووە و دەگەیەنێت، نەک ھێزە بنیاتنەر و ئاوەدانکەرەوەکان.

هەڵبەت لێرەدا نامەوێت بچمە سەرباسی پەیوەندی نێوان ئیستعمار و شێوەکانی بەرھەمھێنانی پێش لە سەرمایەداری، چونکە ئەوە باسێکی مێژووییەو لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم باسەی ئێستا دوورمان دەخاتەوە … بەھەرحاڵ، لە ڕوانگەی مێژووییەوە، سەرمایەداری لە سەرەتای سەرھەڵدانی خۆیدا، واتە لە کاتێکدا کە پرۆسەی کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە لە سەدەی شانزەھەمدا دەست پێدەکات، ئیستعمارو سیاسەتی ئیستعماری سەرمایەداریش وەک مەیلێکی ئابوریی جیانەکراوە و پێویست لەگەڵ ھەمان پرۆسەدا دێتەکایەوە. لە سەدەی شانزدەھەمەوە، واتە سەدەی سەرھەڵدانی شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری، ئیستعماری سەرمایەداری بە چەند قۆناغێکی گرنگدا تێپەڕ دەبێت:

قۆناغی یەکەم: قۆناغێکە کە ھاوکات و هاوشان لەگەڵ پرۆسەی کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە، گەشەکردنی بازرگانی جیھانی و شۆڕشی پیشەسازیدا دەستپێدەکات و لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا ئیتر ئەم قۆناغە لە ژیانی ئیستعمار کۆتایی پێدێت و ئیستعماری نوێ جێگای شێوەی ئیستعماری تەقلیدی دەگرێتەوە. لە قۆناغی یەکەمدا، واتە لە قۆناغی سەرھەڵدان و گەشەکردنی شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمایەداریدا، ئیستعمار وەک سیستەم و مەیلێکی داگیرکەر، تاڵانکەر، وێرانکەر و چەوسێنەری گەلانی لاواز ودواکەوتوو خۆی دەردەخاتەوە، کە ئەمەش لە دوالێکدانەوەدا دەبێتە ھۆی گەشەکردنی ھەرچی زیاتری خودی شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا. مارکس لەو بارەیەوە دەڵێت :{سیستەمی مستعمرات بووە ھۆی گەورەترین پێشکەوتنەکان لە بواری بازرگانی و کەشتیڕانی و دەریاگەڕیدا. بە واتای لوپر، ” کۆمپانیا ئیحتکارییەکان ” بوونەتە لوتکە بەھێزەکانی کەڵەکە کردنی سەرمایە. ئەو مانیفاکتۆرانەی کە بەخێرایی سەریان لەزەویدا دەردەھێنا و گەورە دەبوون، چەند بازاڕێکی دابینکراویان لە مستعمرەکاندا بۆ دەدۆزرایەوە و ئیحتکارکردنی بازاڕ ھۆکارێکی کەڵەکەکردنی خێرای سەرمایە بوو. ئەو سەروەت و سامانانەی کە لە دەرەوەی ئەوروپاوە ڕاستەوخۆ و بەھۆی تاڵانکردن، دیلکردن و مرۆڤکوشتنی سەرزەوییە داگیرکراوەکانەوە بەدەستھێنرا بوون، لەوێدا دەگۆڕان بۆ سەرمایە …. لەگەڵ گەشەکردنی سەرمایەداری قۆناغی مانیفاکتۆرەدا، بیروڕای گشتی ئەوروپا، دوایین شوێنەواری شەرم و حەیاو ویژدانی خۆیی لە دەستدا. نەتەوەکان ( مەبەستی مارکس لە نەتەوەکانی ئەوروپایە ) دەستیاندەبرد بۆ ھەموو کارێکی نەنگین و بێشەرمانە کە ببووایەتە ھۆی کەڵەکە کردنی سەرمایە ….١}. لە ھەمان پرۆسەی بێحەیایی و بێ ویژدانی ئەوروپیەکاندایە کە ئیسپانیا، پرتوگال، ھۆڵەندە، فەڕەنسا و به‌ریتانیا دەستدەکەن بە داگیرکردنی سەرزەوییەکانی ووڵاتە دواکەوتووەکانی جیھان و لەنێوخۆیاندا دابەشیاندەکەن، یان وەک مارکس دەڵێت: {قۆناغە جیاوازەکانی کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە، کە لەڕووی زەمەنییەوە کەم تا زۆر جیاوازبووە، لە نێوان ئیسپانیا، پرتوگاڵ، ھۆڵەند، فەڕەنسا و به‌ریتانیادا دابەشدەکرێن. ئەو قۆناغانەی کە ئاماژەیان پێکرا، لە ئینگڵتەرەی کۆتایی سەدەی ھەڤدەھەمدا، وەک سیستمی ئیستعمار، سیستەمی قەرزدانی دەوڵەتی، سیستەمی باجدانی نوێ و سیستەمی پشتیوانی گومرکی ( نظام التعرفە الجمرکییە )، وەک شێوازی ئۆرگانیکی و پێکەوە گرێدراو دەرکەوتەوە. بەشێک لەو شێوازانە لەسەر بنەمای توندوتیژترین کردەوەی بەربەریانەی وەک سیستەمی ئیستعماری وەستا بوون، بەڵام ھەموو ئەوانە لەلایەن ھێزی دەوڵەتەوە، واتە توندو تیژی سیستماتیک و ڕێکخراوی کۆمەڵگە، بەکار دەھێنران تا پرۆسەی گۆڕینی شێوەی بەرھەمھێنانی دەرەبەگایەتی بۆ شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری خێراتر بکات و ڕێگاکانی جێ گۆڕێکێکردنی ئەم دوو شێوە بەرھەمھێنانە کورتر بکاتەوە ،٢.}، بەڵام پرۆسەی گۆڕینی شێوەی بەرھەمھێنانی دەرەبەگایەتی بۆ شێوەی بەرھەمھێنای سەرمایەداری ئیستعماری، پرۆسەیەکی ئابوریی ، یان سیاسی ڕووت و پەتی نەبووە، بەڵکو پرۆسەیەکی فکریش بووە. لە سەرەتای سەرھەڵدان و لەدایک بوونی سەرمایەداریدا، سەرمایەدارەکانی ئەوروپا و ڕۆشنبیران و بیریارانی لایەنگری ئەم چینە، خەباتێکی فکری درێژماوەو ھەمەلایەنەیان لەدژی ئاینی مەسیحیەتکرد و سەرئەنجامی ئەم خەباتەشیان بەوە گەیشت تا ئاین مەسیح لە دەسەڵاتی سیاسیی جیا بکەنەوە ، بەڵام پاش جێگیر بوونی یەکجاری شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری، ئیتر چینی بۆرژوازی دەسەڵاتداری ئەوروپا گەیشتە ئەو بڕوایە کە ئاینی مەسیح، یەکێکە لەو ئامڕزا فکرییانەی کە دەتوانێت بۆ مانەوەی ڕژێمەکەی کەڵکی لێوەربگرێت. لەبەرئەوە، بۆرژواکانی ئەوروپا و دەوڵەتەکانیان پەنایان بردەوە بەر ئاینی مەسیح، تا لەڕێگای بەکاربردنی ئەوەوە بتوانن شەرعییەت بە ھەرکردەوەیەکی نامرۆییانەی خۆیان بدەن، کە لە پێناوی قازانجپەرەستی خۆیاندا دژ بە گەلانی دواکەوتووی دنیا ئەنجامیان دەدا. قەشەکان کرانەوە بە ڕاوێژکاری دەسەڵاتە سیاسییەکانی ئەوروپا ( ھەروەک ھمفێری نووسەری ئەم کتێبەیش ئاماژەی بۆ کردووە )، کڵیساکانیش کرانەوە ناوەندی چەواشەکاری و گێژکردنی خەڵک و کڵیسا و ئیستعمار بوونە دوو دیوی یەک دراو. مارکس ئاماژەیەکی باش بەم پەیوەندییەی نێوان ئیستعمارو ئاینی مەسیح و کڵیسا دەکات و پاش بەبەڵگە کردنی قسەکانی ولیام ھێویت دەڵێت: {پیاوێک کە پسپۆڕە لە بواری مەسیحییەتدا، لە بارەی سیستەمی ئیستعماری مەسیحییەت و ھێویتەوە ئەوھا دەڵێت: ” دڕندەیی و کارەساتگەلێکی بێشەرمانە کە ڕەگەزە بە ناومەسیحییەکان لە ھەرشوێنێکی دنیادا و دژ بە ھەر ووڵاتێکی داگیرکراوئەنجامیدەدەن، لە ھیچ یەکێک لە سەردەمە مێژووییەکانی جیھاندا و لە ناو ھیچ ڕەگەزێکدا، تەنانەت ئەگەر دواکەوتووترین و دڕندەترین ڕەگەزیشبن و بەھەر ڕادەیەک کە بێبەزەیی و بێشەرمیشبن ، وێنەی نییە **”…. لەو مستعمرە کشتوکاڵیانەی کە خەڵکەکەی تەنھا خەریکی بازرگانی ناردنە دەرەوە ( التصدیر ) بوون، وەک ھیندی ڕۆژئاوا و سەرزەوییە قەرەباڵغەکانی مەکسیک و ھیندی ڕۆژ ھەڵات، کە دەستیانکردبوو بە کوشت و کوشتار و تاڵانکردنیان، شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی ئەو شوێنانە زۆر ترسناکتر بوو. سەرەڕای ئەوەش، کەچی تەنانەت ناوەرۆکی مەسیحییەتی کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە لە مستعمراتدا، بەمانای تایبەتی ووشەکە ڕەتتنەکرایەوە. ئەم پسپۆڕە بێشەرم و تووند ڕەوانەی پرۆتستانیزم، ئەم تاوانکارانەی ئینگڵتەرەی مۆدێرن، لە ساڵی ١٧٠٣ دا، بە پێی بڕیارێکی ئەنجومەنی یاسادانانەکەیان (جمعیتھم التشریعیە assembly ) بۆ دیلکردنی ھەر ھیندییەکی سوور پێست، پاداشتێکی بە بڕی ٤٠ لیرەی ئوستەرلینی تەرخانکردووە و لە ساڵی ١٧٢٠یشدا بۆ کوشتنی ھەر سوورپێستێک ١٠٠ لیرەی ئوستەرلینی تەرخانکردووە ٣}.

قۆناغی دووەم: قۆناغێکە کە سەرمایەداری ئیستعماری گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردا ھاتووە، بەڵام لەم پرۆسەی گۆڕانکارییەدا، ئەوەی کە نەگۆڕاوە سیاسەتی داگیرکارانەو تاڵانکەرانەی سەرمایەداری ڕۆژئاوایە بەرانبەر ووڵاتانی کۆڵۆنیالی ونیمچە کۆڵۆنیالی. سەرمایەداری ڕۆژئاوا کە بە دوای شۆڕشی پیشەسازییدا پێینایە قۆناغێکی بەرزترەوە، واتە ئەو قۆناغەی کە ھەندێک بیریاری سەرەتای سەدەی بیستەم بە قۆناغی ئیمپریالیزم ناوزەدیان کرد، بەکەڵک وەرگرتن لە پیشەسازی مۆدێرنی ئەو ڕۆژگارە، پەلاماری وڵاتانی دواکەوتووی جیھانیاندایەوە و پرۆسەیەکی نوێ لە بە مستعمرەکردن دەستیپێکردەوە. ئامانج لە بە مستعمرەکردنەکانی وڵاتانی دواکەوتوو، دەستگرتنیان بوو بەسەر بازاڕ، ھێزی کار و سەرچاوە سروشتییەکاندا. لەم قۆناغەدا، نەخشە سەرەتاییەکانی سەرمایەداری ئیستعماری ڕۆژ ئاوا ـ  بە تایبەتی ئیستعماری ئینگلیز ـ بە ھەندێک ئاڵوگۆڕەوە لە وڵاتانی مستعمرەو نیمچە مستعمرەدا پراکتیزە کران. لەناوبردنی پلەبەپلەی شیوەکانی بەرھەمھێنانی پێش لە سەرمایەداری، گەشەدان بەسەرمایەی بازرگانی و سوخۆری وابەستە بە مۆنۆپۆڵەکان و سەرمایەی مالی ڕۆژئاوا، کە زیاتر لە شێوەی سەرمایەی بازرگانی، سوخۆر و بۆرژوازی کۆمبراتۆردا خۆیان دەنواندەوە، دروستکردنی چەند حکومەتێکی ئیستبدادی بنەماڵەیی و خێڵەکی لە ووڵاتانی دواکەوتوو ـ  بەتایبەتی لە وڵاتانی ئیسلامی ـ دا، وەک پارێزەری بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان، پشتیوانی دارایی و سەربازی ڕاستەوخۆ لە حکومەتە پاشایەتیی و دیکتاتۆرەکان و ھەوڵدان بۆ سەرکوتی ئەو جوڵانەوە دینی و شێوە دینیانەی کە ڕووبەڕووی سیاسەت ئیستعمارییەکان وەستابوونەوە، کە لەڕاستیشدا ئەوانە بەرگرییان لە شێوەی بەرھەمھێنانی دەرەبەگاییەتی ، ئابوریی کاڵایی ، دەسەڵات و کڵتوری فیوداڵی دەکرد، ڕوخاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، وەک سمبوڵی ئیسلامی ئەنتی ئیستعماری ڕۆژ ئاواو تاد…ھەموویان ئەو نەخشە ئیستعماریانە بوون کە لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە تا ساڵانی کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم لەدژی وڵاتانی دواکەوتووی جیھان بەڕێوە براون .

لێرەدا پێویستە ئاماژەیەکی کورتیش بەوە بکەم کە گەیشتنی سەرمایەداری بە قۆناغی ئیمپریالیزم، واتە قۆناغی باڵادەستی سەرمایەی مالی و مۆنۆپۆڵەکان، سەرمایەداری جیھانی دابەشکرد بە سەر چەند وڵاتێکی گەورەھێزی ئیستعماریدا و لە ھەمان پرۆسەدا چەند گەورەھێزێکی جیھانی نوێ سەریان ھەڵدا، کە ڕۆڵی تاک لایەنەی ئیستعماری به‌ریتانیای گەورەیان لە دیاریکردنی سیاسەتی جیھانیداسڕیوە. سەرھەڵدانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، یەکێتی سۆڤیەت، ئەمریکا، ژاپۆن وتاد… لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم و تا کۆتایی جەنگی دووەمی جیھانی ، ئەو بارودۆخە جیھانییە کۆنەی گۆڕی کە به‌ریتانیا تێیدا باڵا دەست بوو. بەریتانیای سومبڵی ئیستعماری سەرمایەداری، تەقریبەن بووە ھێزێک لە پەراوێزی سیاسەتی جیھانی ئەو سەردەمەدا و ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی جیھانی لێوەرگیرایەوە. ئەو گۆڕانکارییە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕاستەوخۆ کاردانەوەی لەسەر وڵاتانی دواکەوتووی جیھانیش ھەبوو. ھەندێک لەوڵاتانی ناوبراو، لەسەر دابەشکردن و بە مستعمرەکردنی وڵاتانی خاوەن نەوت، بازاڕ و سەرچاوەسروشتییە بەپیتەکانی وڵاتانی دواکەوتووی جیھان بەشەڕ ھاتن، دووجەنگی جیھانی ماڵوێرانکەریان بەرپا کرد و لە ھەمانکاتیشدا زۆرێک لەوڵاتانی دواکەوتووی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ئەورپای ڕۆژھەڵاتیان داگیرکرد. ھەرلەو پرۆسەی کۆڵۆنیالیزکردن و جەنگدا، خەڵکی وڵاتانی کۆڵۆنیالی و نیمچە کۆڵۆنیالی چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشیان دژ بە ئیستعماری ئیمپریالیستی بەرپاکرد. بە دوای کۆتایی جەنگی جیھانی دووەمدا، ھێزە ئیستعمارییەکان دەستیان بە پاشەکشەکرد و پرۆسەی بە مستعمرەکردنی ڕاستەوخۆ و داگیرکردنی سەربازییانەی وڵاتانی دواکەوتوو کۆتاییھات. قۆناغێکی نوێ لە ژیانی ئیمپریالیزمدا ھاتەکایەوە و وڵاتانی مستعمرەی پێشتر چوونە قۆناغێکی نوێوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیمپریالیزم بەجۆرێکیتر سیاسەت و نەخشە ئیستعمارییەکانی خۆی دژ بەوڵاتانی دواکەوتووی ناسراو بەوڵاتانی جیھانی سێیەم درێژەپێدا.

قۆناغی سێیەم: لە ڕووی ناوەرۆکی ئابوریی و سیاسییەوە، درێژکراوەی ھەمان قۆناغی دووەمە، واتە ئەو قۆناغەیە کە سەرمایەی مالی و مۆنۆپۆڵە کان تیاییدا باڵادەستن، بەڵام ھاوکێشە ئابوریی ، سیاسیی و ئایدۆڵۆجییە جیھانییەکان گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە. جەنگی جیھانی دووەم کۆتایی پێھاتووە، بە سەرکردایەتی سۆڤیەت و ئەمریکا، جیھان دابەش دەبێت بەسەر دوو کەمپی ڕۆژھەڵات و ڕۆژ ئاوادا. لەم قۆناغەدا، زۆربەی ھەرزۆری وڵاتانی مستعمرەکراو لە ڕووکەشدا سەربەخۆییان بەدەستھێناوە، یان پرۆسەی سەربەخۆییان بەرەو خاڵی و کۆتایی دەچێت. ئەم قۆناغە کە پاش لە جەنگی دووەمی جیھانییەوە دەستپێدەکات، قۆناغێکە کە وڵاتانی بەمستعمرەکراوی پێشتر ، تیایدا دەکەونە داوی وابەستەیی ئابوری ، سیاسی و دیپڵۆماسیی ئیمپریالیزمی ڕۆژ ھەڵات و ڕۆژئاواوە . سۆڤیەتی سەرکردەی کەمپی بە ناو سۆشیالیستی، چەند حیزب و کەسایەتییەکی دیکتاتۆر و عەسکەری لەو وڵاتانەدا لەسەر کورسی دەسەڵات دادەنێت کە وابەستە دەبن بەخۆیەوە و بە ھەموو شێوەیەک یارمەتییاندەدات. ئەمریکایش، کە سەرکردایەتی کەمپی ڕۆژئاوادەکات، بە ھەمان شێوەی سۆڤیەت، کۆمەڵێک بنەماڵە و جەنراڵی سەربازی لە وڵاتانی وابەستە بەخۆیدا ، وەک سەرۆک و پاشاکان بەدەسەڵات دەگەیەنێت و لەڕووی ئابوریی ، سیاسیی ، سەربازی و دیپلۆماسییەوە پشتیوانی تەواوەتییان لێدەکات . ھەر لە ئەمریکای لاتینەوە تا دەگاتە ئەوروپای ڕۆژھەڵات، ھەر لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیاو ئاسیای ناوەندییەوە بگرە تا دەگاتە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، سەرتاسەر بە حکومەتە دیکتاتۆرو تۆتیالیتارییەکان تەنرا بوو، کە تا ئەمڕۆیش زۆربەی ئەو حکومەتانە لەسەر کار ماونەتەوە. ئەم حکومەتە دیکتاتۆر و سەربازیانە لە وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی جیھانی سێیەمدا، ھیچ شتێک نەبوون، جگە لە داردەستەکانی دەستی ئیمپریالیزم و احتکاراتی ئیمپریالیستی بۆ دابینکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوریی و سیاسییەکانیان لە وڵاتانی ناوبراودا. ئەو حکومەتانە بە پێی نەخشەیەکی ئیمپریالیستی پێش و پاش جەنگی دووەمی جیھانی ھاتبوونە سەرکار، کە ئامانجە کۆنە ئیستعمارییەکانیان لە ھەلومەرجێکی تازەتردا و بەشێوەیەکیتر بەڕێوە دەبرد، بەڵام لە گەڵ کۆتاییھاتنی جەنگی سارد و ھەرەسھێنانی کەمپی سۆڤیەتدا، ھەموو ھاوکێشە ئابوریی، سیاسیی، سەربازی، دیپڵۆماسیی و تەنانەت جوگرافییەکانی جیھانی سەردەمی جەنگی ساردیش ئاڵوگۆڕیانکرد. بەوھۆیەشەوە سەردەم و قۆناغێکی نوێتر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ھاتەکایەوە. ئەم قۆناغە، قۆناغێکە کە ئیمپریالیزم لەڕووی چلۆنایەتییەوە، لە ڕووی پەیوەندییە ناوخۆییەکانییەوە و لەڕووی نەخشە ئیستعمارییەکانییەوە بۆ وڵاتانی دواکەوتووی ناسراو بە وڵاتانی جیھانی سێیەم، دووچاری گۆڕانکاری بووە، گۆڕانکارییەک کە ئاکام وبەرھەمی شۆڕشی تەکنەلۆجیای زانیاری و بە دیجتاڵیزەکردنی پرۆسەی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتییە لە پێشکەوتووترین وڵاتانی سەرمایەداریدا.

قۆناغی چوارەم:  قۆناغێکە کە ئێستا تیایدا دەژین. ئەم قۆناغە، ئەگەرچی بە قۆناغی گڵۆباڵیزەیشن ( بەجیھانیکردن )، یان پۆست مۆدێرنیزم ناودەبرێت، بەڵام لە واقعدا قۆناغی پشێوی و بێسەرەو بەرییە لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکاندا و لەڕووی کارکردو میکانیزمە ئابورییەکانیشیەوە درێژکراوەی ھەمان قۆناغی یەکەم و دووەمە، کە لەپێشەوە ئاماژەم پێکرد. دەوڵەتانی ئیمپریالیستی نوێ، بە ئابوریی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویانەوە، لەسەر دابەشکردنەوەی بازاڕو ئابوریی جیھانی کەوتوونەتە ململانێ لەگەڵ ئەمریکای پۆلیسی جیھانیدا ٤. ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ سیاسەتە ئیستعمارییەکانی به‌ریتانیای سەدەی نۆزدەھەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. ئەمریکا بەشێوەیەکی سەربازیانە وبە ڕاستەوخۆیی ( بە ھاوکاری به‌ریتانیای پیرە ئیستعمار ) لە ژێرناوی جەنگی دژی تیرۆر و سەقامگیرکردنی دیموکراتیدا، ئەو وڵاتانە داگیردەکات کە دەکەونە ناوچە ستراتیژییەکانی جیھانەوە. وڵاتانی ئاسیایی ناوەڕاست و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ٥، کە دوو ناوچەی ئیسلامینشینن، کەوتوونەتە بەرھێرشی ئیستعماریانەی ئەمریکاوە. تیۆرییەکەی ھانتنیگتۆن ( پێکدادانی شارستانییەکان٦)، تیرێکی گڕدار بوو کەسەرانی کۆشکی سپی ئاڕاستەی فەندەمینتاڵیزمی ئیسلامی و ناوجەرگی وڵاتانی ئیسلامی خاوەن نەوتیانکرد. گروپە ئیسلامییە تووندڕەوەکان سەریان بەرزکردووەتەوە و ڕووبەڕووی ئەمریکا و مەسیحیەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا وەستانەوەتەوە. ئاگری جەنگی ژێر خۆڵەمیێشی کۆن، بە تیۆری و تێزی سیاسیی تازەوە ھەڵگیرسایەوە. ئاینی مەسیح لە پرۆسەی نوێی بەمستعمرەکردنی وڵاتانی ئیسلامیدا بێلایەن نییە. ئیسلامی سەلەفی و بونیادگەرایش، وەک پارێزەری بەرژەوەندی حکومەت و دەوڵەتە ئیسلامییە تەقلیدییەکانی ناوچەکە ، ھەروەک ئیسلامی سەلەفی سەدەی نۆزدەھەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، خوازیاری مانەوەی بارودۆخی پێشترەو قەبوڵی ھیچ گۆڕانکارییەکی ئابوریی ، سیاسیی و کڵتوری ناکات کە ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەیەوێت لە وڵاتانی ئیسلامیدا، لەڕێگای میلیتاریزم و بەمستعمرەکردنەوە بەدی بھێنێت.

ئەوەی کە لەم پرۆسە جیھانییەدا ئەگەری ڕوودانی ھەیە، ئەوەیە کە سەرئەنجام ئیسلام بە ھەموو باڵەسیاسییەکانییەوە، وەک ھەموو قۆناغەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئیستعماری و مەسیحییەتدا شکست دەخوات و توانای خۆڕاگری نییە لەبەردەم ھێرش و نەخشەو پلانەکانی ئەودا، بەڵام بەو حاڵەشەوە ھێشتا ئیمپریالیزمی ئیستعماری ئەمریکاو ئینگلیس نایانەوێت و ناتوانن کە ئاین و کڵتوری ئیسلام بسڕنەوە و بۆ ھەمیشە لە ناوی بەرن (ھەروەک ئەوەی کە لە سەدە ڕابردووەکاندا به‌ریتانیای بابی ئیستعمار نەیتوانی ئەوکارە بکات)، چونکە لەلایەک ئیسلام ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی و مەعنەویی قوڵی لە ناوکۆمەڵگە ئیسلامی و بە ئیسلامیکراوەکاندا ھەیە و لەلایەکی تریشەوە ھەموو دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان (لە قۆناغی ئێستادا ئەمریکا و به‌ریتانیا) پێویستیان بە ڕەقیبێکی ئایدیۆڵۆژی ھەیە تا لەڕێگای ئەوەوە بتوانن ئامانجە ئیستعمارییەکانیان بەدی بھێنن و بۆ درێژماوە وڵاتانی خاوەن سەروەت و دەوڵەمەندی ئیسلامی لە ژێر چنگیاندا بھێڵنەوە. نەخشەکانی ئیمپریالیستەکان وورد و زیرەکانەیە و ڕووبەڕوو بوونەوەکانی دەوڵەتەکان و جوڵانەوە ئیسلامییەکانیش لەگەڵیاندا نەزانانە، گەمژانە، ناھوشیارانەیەو ئەمەش فاکتەری ھەموو شکستەکان و دواکەوتووییەکانی وڵاتانی ئیسلامی وجوڵانەوە ئیسلامییەکان بووە بە درێژایی تەمەنی بە مستعمرەکردنی وڵاتەکانیان و وابەستەبوونیان، یاخود ڕووبە ڕوو بوونەوەکانیان لەگەڵ زلھێزەکانی ڕۆژئاوادا، ھەروەک ھمفێری نووسەری ئەم کتێبەیش گۆشەیەکمان لەو ڕاستییە لە قۆناغێکی دیاریکراوی ململانێی ئیسلام و ئیستعماردا بۆ ڕووندەکاتەوە.

پاش ئەو سەرنج و تێبێنیانەی سەرەوە لەسەر ئیستعماربەشێوەیەکی گشتیی و بەتایبەتیش ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا، دەمەوێت چەند خاڵێکیش لە پەیوەند بەوەرگێڕانەکەدا ڕوون بکەمەوە:

١ـ ئەم کتێبە لەلایەن دکتۆر محسن مویدییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و لەساڵی ١٩٨٣ دا چاپکراوە. لە ساڵی ١٩٨٤ دا بۆ جاری دووەم چاپکراوەتەوە و ١٦٠٠٠دانەی لەلایەن چاپخانەی سپھرەوە ( کە یەکێکە لە چاپخانەکانی تاران ) لێچاپ و بڵاوکراوەتەوە.

٢ـ من لە ڕێگای ئینترنێتەوە ئەم کتێبەم بەدەستھێناوە، کە ھیچ پێشەکییەکی وەرگێڕی فارسی لەسەر نییە و تەنھا چەند پەراوێزێکی وەرگێڕی لەسەرە.

٣ـ ھەوڵێکی زۆرمدا تا دەقی تەرجمەی عەرەبی (ئەگەر وەرگێڕدرابێتە سەر زمانی عەرەبی)، یان دەقە ئینگلیزییەکەی بە دەست بھێنم و زانیارییەک لەسەر نووسەرەکەی و بەرھەمەکانیتری کۆبکەمەوە و لەگەڵ دەقی ئەو دووزمانەیتردا بەراوردی بکەم، بەڵام ھەوڵەکەم ئەنجامێکی نەبوو. لە بەرئەوە ، من تەنھا لێپر، سراوم بەرانبەر بە دەقی وەرگێڕانە کوردییەکەی، نەک بەرانبەر بە دەقە فارسییەکەی. ھەرھەڵەیەک لە وەرگێڕانە کوردییەکەیدا ھەبێت، ئەوا من  بەرسیارم لەو ھەڵەیە وھیواداریشم ھەرکەس کە سەرنج وتێبینییەکی لەسەر وەرگێڕانەکە ھەبوو ئاگادارم بکاتەوە تا بۆ چاپکردنەوەی دووبارەی کەڵکی لێوەربگرم.

٤ـ لە وەرگێڕانەکەدا ھەوڵمداوە کە زۆر ووشەی کوردی پەتی، یان ھەندێک زاراوەی نوێی کوردی بەکار نەھێنم، چونکە بڕوام وایە کە وازیکردن بەو ووشەو زاراوانە و بەکاربردنیان لە وەرگێڕانی بابەتێکی ئەوا بەنرخدا، ھەم لە زەوقی خوێنەرەکەی دەداو ھەم لە بەھای بابەت و وەرگێڕانەکەیش کەمدەکاتەوە. لەبەرئەوە، لەو شوێنانەدا کە بە پێویستمزانی بێت ووشە عەرەبییەکانم بە کاربردووە، چونکە زیاتر ووشە عەرەبییەکان لە ناو گشت خەڵکدا بەکار دەبرێن و تێگەیشتن لێیان پێویستی بە بەدواداگەڕانیاندا نییە لە ناو فەرھەنگە زمانەوانییەکاندا.

٥ـ لەبەرئەوەی کە ھیچ پێشەکییەک بۆ وەرگێڕانی فارسییەکەی نەنووسراوە و وەرگێڕەکەی ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی  گواستنەوەی سورەت وئایەتەکانەوە نەداوە کە ئایا ھمفێرئاماژەی بە ئایەت و سورەتەکان کردووە، یان وەرگێڕە فارسەکە ئاماژەی پێداون و ھێناونیەتەوە ؟ بەڕاستی وەڵامی ئەو پرسیارەش بۆخۆم زۆر ڕوون نییە و منیش وەک ھەرخوێنەرێکی ئەم کتێبە، بەگومانەوە لەسەر ئەوکێشەیە لە نێوان نووسەر و وەرگێڕە فارسییەکەیدا ئەم سەرو ئەوسەر دەکەم. لەبەرئەوە، من وەک خۆیان دەیانووسمەوە و بەرپرس نیم لە بەھەڵە ھێنانەوەی ئایەتەکان و سورەتەکان، ئەوە دەکەوێتە ئەستۆی وەرگێڕە فارسییەکەی. گومانیشم لەوەدا نییە کە لە چەند شوێنێکدا، لەئاماژەدان بە ئایەت و سورەتەکاندا ھەڵەکراوە، یان ناوی سورەتەکە نەھێنراوە و یان ئایەتێکی جیاواز لەو سورەتە ھێنراوەتە کە ئاماژەی پێدراوە، بۆ نموونە : لە گفتوگۆیەکی نێوان محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هابی دامەزرێنەری وەھابیەت و ھمفێردا، کەلەبارەی حەرام بوون و حەرام نەبوونی شەراب خواردنەوەیە لەئیسلامدا، ئاماژە بەم قسەیە( وھل انتم منتھون ) کراوە، کە بەڕاستی من نەمزانی ئەمە قسەی محەمەدی پێغەمبەرە، یان یان ئایەتێکە ؟ کەچی لە پەراوێزەکەیدا نووسراوە (سورەی الاعراف ، ئایەتی ٩١)، بەڵام لەدەقی ئەو قورئاندا، کە ئێستا لەبەردەستی مندایە و چاپی (مجمع الملک فھد لطباعه‌ والمصحف الشریف )ە، ئەو ئایەتەی تێدانییە و ئەم ئایەتە لەشوێنی ئاماژە پێکراودا ھاتووە : (كَذَّبُواْ شُعَيْبًا كَأَن لَّمْ يَغْنَوْاْ فِيهَا الَّذِينَ كَذَّبُواْ شُعَيْبًا كَانُواْ هُمُ الْخَاسِرِينََ).  ئەوە ھەڵەیەکی زەقە لە نەقڵکردنی ئایەت و سورەتەکان و دەستنیشانکردنی ژمارەکەیاندا. بەھەرحاڵ، ھەروەک لەپێشەوەیش وتم، ھەم من لەو ھەڵانە بەرپرس نیم و ھەم کاتی ئەوەیشم لەبەردەمدا نییە کە بچمەوە سەر بەراوردکردنی یەک بەیەکی ئەو ئایەت و سورەتانەی کە لەم کتێبەدا ئاماژەیان بۆ کراوە لەگەڵ دەقی قورئاندا، ئەمە سەرەڕای ئەوە کە ئەرکی من نییە و خوێنەرانی ڕەخنەگری ھمفێر وکتێبەکە، دەتوانن ئەو بەراوردکارییانە بکەن. ھەر لەپەیوەند بە ئایەتەکانیشدا، بەپێویستی دەزانم ئەوەیش بەبیری خوێنەر بھێنمەوە کە : وەرگێڕی فارسی ھەندێک ھەڵەی کردووە لە وەرگێڕانی ئایەتەکاندا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی، بەڵام من ئەو ھەقەم بە خۆم نەداوە کە بۆی ڕاست بکەمەوە، چونکە من تەنھا ئەرکی وەرگێڕانم لەسەرە نەک ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی وەرگێڕی فارسی.

دوایین خاڵ کە بەبێویستی دەزانم ئاماژەی پێ بکەم ، ئەوەیەکە ئەم کتێبە (ھەرچەند مێژووی نووسینەکەی پێوە نییە ) بەڵام پێدەچێت نزیک بە ٣٠٠ ساڵ بەرلە ئێستا نووسرا بێت (ئەمەش بەو دەلیلەی کە نووسەری کتێبەکە دەڵێت : ” لەساڵی ١٧١٠وەزارەتی مستعمرات بە ئەرکێکی جاسوسی ناردمیان بۆ وڵاتانی ئیسلامی”…) یان ھەر بەڕاستیش چیرۆکێک بێت، بەڵام کاتێک کە بە ووردی سەرنج دەدەیتە سەر بابەتەکانی، ئەو ھەستەت لەلا دروست دەکات کە لە دە تا دوازدە ساڵی ڕابردوودا نووسرا بێت، چونکە ئەمرۆ ئەمریکا و به‌ریتانیا نەخشەکانی به‌ریتانیای ٣٠٠ ساڵ لەوەپێش بەرانبەر بە وڵاتانی ئیسلامی دووبارە دەکەنەوە، کە دووبارەبوونەوەی ئەو نەخشانە لایەنە نێگەتیڤەکانی زۆر زیاترن لە لایەنە پۆزەتیڤەکانی. لەکۆتاییدا ھیوادارم کە بەم وەرگێڕانە بتوانم بۆشاییەک لە کتێبخانەی کوردییدا پڕبکەمەوە.

تاهیر ساڵح شەریف

٢٠-١- ٢٠٠٥

تۆرۆنتۆ – کەنەدا

_________________________________

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

١- کارل مارکس : کاپیتاڵ، بەرگی یەکەم، فەسڵی بیست و چوارەم ، لاپەڕەکانی ٨٥٥ و٨٦١ ، بەزمانی فارسی، وەرگێڕانی ایرج اسکندری. انتشارات فردوس – تھران. بە کەڵک وەرگرتن لە وەرگێڕانە عەرەبییەکەی فالح عبدالجبار. بڕوانه:

‌ http://www.marxists.org/arabic/marx/works/1867-c1/ch07.htm

٢ـ کارل مارکس:ھەمان سەرچاوە، ل٨٥٢.

* ولیام ھێویت ( ١٧٩١ ـ ١٨٧٩ ) نووسەرێکی ئینگلیزییە کە توێژینەوەیەکی گرنگی لە بارەی دانیشتوانی ئەسڵی ئوسترالیاوە کردووە.

**W.Hewitt: colonization and Christianity.A popular History of the Treatment of the Natives by the Europeans in all their colonies “London. 1838. p. 9

٣ـ کارل مارکس: ھەمان سەرچاوە. ل ٨٥٤ و ٨٥٥.

٤-بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە جێگاو ڕێگای ئەمریکا لە سیستەم و بارودۆخی جیھانی نوێدا ، بڕوانە نووسراوەی: جەنگی ستراتیژی و شکشتی ستراتیژی جەنگی ئەمریکا. بە پێنووسی وەرگێڕی کوردی ئەم پەرتووکە ، بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی کوردستانپۆستدا ، بڕوانە :

http://www.kurdistanpost.se/nuseran/t/tahir_salih/040427_1.pdf

٥- بۆتێگەیشتنی زیاتر لە گرنگی جێگاوشوێنی ستراتیژی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕوانگەی نووسەری ئەم پێشەکییەوە بڕوانە: ئامانجەکان و ئەنجامەکانی کێشەی ئەمریکا ـ عێراق: تاھیر ساڵح شەریف – کەیھان عەزیز، بڵاوکراوە لە سایتی کوردستانپۆستدا.

ا http://www.kurdistanpost.se/nuseran/t/tahir_salih/021227.pd

٦ـ بۆ تێگەیشتن لە تیۆری پێکدادانی شارستانییەتەکان، بڕوانە ” پێکدادانی شارستانیەتەکان ” ، نووسینی سامیۆڵ ھانتینگتۆن، کە لەلایەن نووسەری ئەم پێشەکییەوە کراوە بەکوردی و پێشەکییەکی چڕوپڕم بۆ نووسیووەولە گۆڤاری ئاران ، ژمارە ٤ و ٥ ساڵی ١٩٩٧ ـ ١٩٩٨ دا بڵاوکراتەوە.

———————————————————————————————————-

بیرەوەرییەکانی مستەر همفێر

لە مێژبوو کە دەوڵەتی بەریتانیای گەورە، بیری لە کێشەی ھێشتنەوەی مستعمرەکانی و دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی گەورەی خۆی دەکردەوە. ئێستا ئەم ئیمپراتۆریەتە ئەوەندە فراوانبووەتەوە کە دەتوانرێت دیمەنی خۆرھەڵاتن و خۆر ئاوابوون لە دەریاکانیدا ببینرێت. جگە لەوانەش، دورگەی به‌ریتانیا، بە بەراوردکردن لەگەڵ زۆرترین مستعمرەکانیدا، وەک وڵاتی ھیند، چین، وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وشوێنەکانیتر، زۆر بچووکتر خۆی دەنوێنێت و دێتە بەرچاوان. لەلایەکی تریشەوە، سیاسەت و کردەوەکانی ئیستعماری ئینگلیز لە ھەموو ئەو شوێنەنادا چوونیەک و یەکسان نییە. لەھەندێک وڵاتدا، بەڕووکەش وای پیشاندەدات کە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی وڵات لەدەست خەڵکەکەیدایە، بەڵام سیاسەتی ئەکتیڤی کۆڵۆنیالی تیایاندا بەڕِێوەدەچێت و ھێندەی نەماوە کە بەتەواوی سەربەخۆیی ڕووکەشی ئەو وڵاتانەش لەنێوببرێت و لە ھەموو ڕوویەکەوە بکرێنە پاشکۆی بەریتانیا. لەبەرئەوە، پێویستە لەسەرمان کە دووبارە بیر لە شێوەو چۆنیەتی ئیدارەکردنی مستعمرەکانی خۆمانبکەینەوە، بەتایبەتی سەرنج بدەینە سەر دوو خاڵی گرنگ :

١- گر تنەبەری چەند ڕێگاو شوێنێک بە مەبەستی بەھێزکردن و پتەوکردنی ھەموو دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیمپراتۆری ئینگلیز بەسەر ئەو ناوچانەی کە لە ئێستادا بەتەواوی مستعمرەی ئەم دەوڵەتەن.

٢- داڕشتن و ڕێکخستنی چەند پرۆژەیەک بۆ بەدەستھێنان و دەستگرتن بەسەر ئەو سەرزەویانەدا کە ھێشتا نەکەوتونەتە داوی ئیستعمارەوە .

وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیز بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی کە ئاماژەیان پێکرا، ھەست بەو پێداویستییە دەکات بۆ ھەریەکێک لەو ناوچانە، بە مستعمرەو نیمچە مستعمرەوە، چەند دەستەیەک بە مەبەستی جاسوسیکردن و بەدەستھێنانی زانیارییەکان ڕەوانە بکات.

خۆشبەختانە، منیش کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونمەوە لە وەزارەتی مستعمراتدا ئەرکەکانی خۆمم بە باشی ئەنجامدابوو، بە تایبەتی لە بواری ئەنجامدانی ئەرکی ڕاگەیشتنم بە کاروبارەکانی ” کۆمپانیای ھیندی ڕۆژهەڵات “، کە لە ڕووکەشدا مەسەلەیەکی بازرگانییە و لە ناوەرۆکیشدا ئەرکی جاسوسیکردنی لەئەستۆدا بوو، بەمەبەستی ناسین و زانینی ڕێگا جۆراوجۆرەکانی نفوزو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی وڵاتی ھیند و داگیرکردنی شێوە کیشوەردروست بوو بوو، بەھۆی دڵسۆزیمەوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانمدا، جێگاو شوێنێکی باشم لە وەزارەتی مستعمراتدا پێبڕابوو .

دەوڵەتی ئینگلیز لەو سەردەمەدا خەمی ھیندستانی نەبوو، چونکە ململانێی نەتەوەیی و ڕەگەزی، ناکۆکی ئاینی و کڵتوری مەودای بەدانیشتووانی شبھە قاڕە نەدەدا تا لەدژی دەسەڵات و نفوزی ئینگلیز یاخی ببن. بارودۆخەکە لەوڵاتی چینیشدا ھەر بەوجۆرە بوو. لەلایەن پەیڕوانی بوداو کۆنفۆسیۆشەوە، کە ئاینی مردووەکان بوو، ھیچ ھەڕەشەیەک لە ئینگلیز نەدەکراو چاوەڕێنەدەکرا بەو ھەموو ناکۆکییە قوڵەوە کە لە نێوان خەڵکی ھیند و چیندا ھەبوو، بتوانن بیر لە سەربەخۆیی و ئازادی خۆیان بکەنەوە، چونکە ئەو شتەی کە لەو دوو شوێنەدا لە گۆڕێدا نەبوو، بیرکردنەوە لە ژیان و ئازادی بوو. بێخەمبوونی دەوڵەتی به‌ریتانیا لە ئاسایش و ئارامی زاڵ بەسەر ئەم دوو سەرزمینە پان و پۆڕە دا، ھۆکارێک  نەبوو بۆ ئەوەی کە بەھیچ شێوەیەک سەرنج نەدرێتە سەر ئاڵوگۆڕەکانی ئایندەی ئەم ناوچەیە. لەبەرئەوە، وا پێویستی دەکرد کە بیر لە چەند خۆ ئامادەکارییەک بکرێتەوە بۆ بەرگرتن بە ھەرجۆرە گۆڕانکارییەکی ئایندە کە لەوانە بوو لە ڕێڕەوی ھوشیاربوونەوەی ئەم نەتەوانەداڕووی بدایە.. ئەو ئامادەکارییانەیش بریتی بوون لە داڕشتن و جێبەجێکردنی پرۆژەو نەخشە درێژماوەکانی وەک پەرەدان و سەرتاسەریکردنەوەی ناکۆکی و نەزانی ، ھەژاری و نەخۆشی لەو وڵاتانەدا. بۆ داسەپاندنی ئەو بەڵاو کارەساتانە بەسەر خەڵکی ئەم ناوچانەدا، ئێمە ئەم پەندە کۆنەی بوداییەمانکردە بنەمای کارکردنی خۆمان کە دەڵێت: “واز لە نەخۆشەکە بھێنە و تاقەت و حەوسەڵەی خۆت لەدەستمەدە، سەرئەنجام ناچار دەبێت کە بەھەموو تاڵییەکییەوە حەز لە دەرمانەکە بکات”.

سەرەڕای ئەوە کە لەگەڵ نەخۆشێکیتر، واتە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا، چەندین ڕێکەوتننامەمان بە قازانجی خۆمان ئیمزاکردبوو، بەڵام پێشبینی پسپۆڕانی وەزارەتی مستعمرات ئەوە بوو کە بەگشتی ئەم ئیمپراتۆریەتە بۆماوەی کەمتر لە یەک سەدە ھەرەس دەھێنێت. ھەروەھا لەگەڵ دەوڵەتی ئێًرانیشدا چەند ڕێکەوتننامەیەکی نھێنیمان ئیمزاکردبوو. کارمەندان و جاسوسەکانی ئێمە لە وڵاتانی ژێردەستەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ھەروەھا لە ئێرانیشدا خەریکی ئەنجامدانی کارو چالاکییەکانی خۆیان بوون و لە ڕێگای بەدیھێنانی ئامانجەکانی دەوڵەتی ئینگلیزدا چەند سەرکەوتنێکیان بەدەستھێنابوو. پەرەسەندنی گەندەڵی ئیداری و بەرتیلخواردن و خۆشگوزەرانی پاشاکان، تا ڕادەیەک بناغەکانی ئەم حکومەتانەیان لەق و لەرزۆک کردبوو، بەڵام لەبەر ئەو ھۆیانەی کە لە خوارەوەتر ئاماژەیان پێدەکەم، زۆر دڵنیا نەبووین لە لاوازکردنی ھەردوو حکومەتی ئێران و عوسمانیدا. گرنگترین ھۆیەکانیش بریتی بوون لە:

١ ـ نفوزی مەعنەوی ئیسلام لە ناو خەڵکی ئەم ناوچانەدا، کە لە ھێز و سەقامگیرییەکی تەواو بەھرەمەند بوو. دەتوانم بڵێم کە کەسێکی موسڵمانی ئاسایی، لە ڕووی بنەمای بیروباوەڕییەوە لەگەڵ قەشەیەکی مەسیحیدا ململانێی دەکرد. ئەوان بەھیچ شێوەیەک دەستیان لە بیروڕای خۆیان ھەڵنەدەگرت. لە ناو موسڵمانەکاندا، پەیڕوانی مەزھەبی شیعە، کە زۆربەیان لە وڵاتی ئێراندا نیشتەجێن، لە ڕووی عەقیدە و ئیمانەوە، بە بڕواترو ترسناکترن لە مەزھەبەکانیتری ئیسلام.

شیعەکان بەگشتی مەسیحییەکان بە کافرو گڵاو دەزانن. لەڕوانگەی شیعەوە کەسێکی مەسیحی پاشەڕۆیەکی بۆگەنە کە ھەر موسڵمانێک دەبێت لە سەر ڕێی خۆی لای ببات و پاکی بکاتەوە. جارێکیان لە موسڵمانێکی شیعەم پرسی : ” بۆچی بە چاوی سوک و ناپاکییەوە دەڕوانیتە مەسیحیەت، لە حاڵێکدا کە مەسیحییەکانیش بڕوایان بە خوا، بە پێغەمبەری خوا و بەدواڕۆژ ھەیە ؟ “وەڵامی دامەوە :” محەمەد پێغەمبەرێکی داناو زانا بوو کە بەم لێکچوواندنانە دەیویست تەنگ بە کافرەکان ھەڵبچنێت و ناچاریان بکات تا ئاینی ئیسلام قەبوڵ بکەن و ڕوولە خودا بکەن. لە بواری سیاسەتیشدا ھەرکاتێک کە دەوڵەتەکان ھەست بە مەترسی کەسێک یاخود گروپێک بکەن، لەگەڵیاندا تووند و تیژ دەبن و لەم ڕێگایەوە تەریکیان دەخەنەوە، تا سەرئەنجام ناچاریان دەکەن کە واز لە نەیارییان بھێنن و سەریان پێدانەوێنن. مەبەست لە گڵاوبوونی مەسیحییەکانیش ناپاکی مەعنەوی ئەوان نییە، بەڵکو زەردەشتییەکانیش، کە بەڕەگەز ئێرانین، بەپێی ھەمان لۆژیکی ئیسلام گڵاون ” .

دووبارە پێم گوتەوە: ” زۆرباشە! بەڵام خۆ مەسیحییەکانیش بڕوایان بە خوا و پێغەمبەرو دواڕۆژیش ھەیە ؟ “. وەڵامی دامەوە : ” لەبەر دوو ھۆ ئەوان بە کافر دەزانین :  یەکەم ، لەبەرئەوەی کە ئەوان پێغەمبەری ئیسلام، واتە حەزرەتی محەمەدیان قەبوڵ نییە و ئەوان بە محەمەد دەڵێن کەسێکی درۆزنە.  ئێمەش لەوەڵامدا پێیان دەڵێین کە ئێوە ناپاک و پیسن و ئەم قسانەی کە بەوانی دەڵێین بنەمایەکی ئاقڵانی ھەیە : ( ئەوەی کە ئازارت دەدا، ئازاری بدەرەوە ! ). دووەم، لەبەرئەوەی کە مەسیحییەکان تۆمەت دەدەنە پاڵ پێغەمبەرانی نێردراوی خودا، کە ئەمیش گوناھێکی گەورەیەو سوکایەتیکردنە بە پێغەمبەران .. بۆنموونە، دەڵێن کە عیسا بەوھۆیەوە کەوتە بەر لەعنەتی خودا و لە خاچ درا، چونکە شەرابی خواردبووەوە ” .

سەرم لەم قسەیەی دوایی سوڕما و پێم گوت :” مەسیحییەکان ھەرگیز وا ناڵێن “.  ئینجا ئەویش پێی وتم : ” تۆ ئاگات لێی نییە، ئەم تۆمەتانەیان لە کتێبی موقدەسدا ھەڵبەستووە “.  ئەو ھیچیتری نەگوت و منیش دڵنیا بووم کە ھەندێک لە موسڵمانانی شیعە، درۆ بەدەم محەمەدی پێغەمبەری ئیسلامیشەوە دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا مەبەستم نەبوو کە زیاتر درێژە بە گفتوگۆکەمان بدەم، دەترسام دەنگۆ (دیعایە)یەک لە بارەی ناسنامەی ڕاستەقینەمەوە بکەوێتە سەرزاران و ناسنامەکەم ئاشکرا ببێت، چونکە بەتەواوی خۆمم خستبووە بەرگی کەسێکی موسڵمانەوە و خۆم لە سەرئێشەیەکی لەوجۆرە دووردەخستەوە کە بێم بەرگری لە مەسیحیەت بکەم .

٢ ـ ئاینی ئیسلام، بەپێی پێشینە مێژووییەکانی خۆی، ئاینی ژیان، دەسەڵات و ئازادییە و پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام ھەروا بە ئاسانی مل بە دیلی و کۆیلایەتی خۆیان نادەن. لەخۆبایی بوون و خۆبەزلزانی ڕابردوو، بەجۆرێک زاڵە بەسەر ئەقڵ و بوونیاندا کە تەنانەت لەم سەردەمی لاوازی و داچوونەشیاندا دەستبەرداری نابن. ئێمە ناتوانین بچینە سەر ڕاڤەکردنی مێژووی لەخۆبایی بوون و خۆبەزلزانانەی ئیسلام و موسڵمانان و لە بارەی ئەوەوە ھوشیاریان بکەینەوە کە سەرکەوتن، مەزنی، شکۆداری و شانازییەکانی ڕابردوو، لە ھەلومەرج و پێداویستییەکانی ڕۆژگار و سەردەمی خۆیانەوە  هەڵقوڵا بوون و ئەمڕۆکەش بارودۆخێکی نوێ جێگای ئەوانەی گرتۆتەوەو گەڕانەوەیش بۆ ڕۆژگارە بەسەرچووەکان، ڕێگای ژیانی نوێی ئەمڕۆ نییە .

٣ ـ ئێمە لە ھوشیاری، دووربینی و جموجوڵەکانی ھەردوو حکومەتی ئێران و عوسمانی دەترساین، کە لەوانەبوو لە ھەر ساتەوەختێکدا بە نەخشە ئیستعمارییەکانی ئێمە بزانن و ھەموو نەخشەکانمان بکەنە بڵقی سەرئاو. ھەروەک لەپێشەوەش ئاماژەی پێکرا، لەئەنجامدا ئەو دوو حکومەتە لاواز بوون و تەنھا لە ناوەندەکانی فەرمانڕەوایەتیاندا نەبێت دەسەڵاتێکی بەھێز و پتەویان نەبوو. بەھەرحاڵ، ھێشتا ئەوەش بۆخۆی ھۆیەکی نیگەرانی و دڵنیا نەبوونی ئێمە بوو لە سەرکەوتنی ئایندەمان .

٤ ـ زاناکانی ئیسلامیش ھۆیەکی تری نیگەرانییەکانی ئێمە بوون. موفتییەکانی الازھر و مەرجەعەکانی شیعە لە عێراق و ئێراندا، ھەریەکەیان بۆخۆی وەک کۆسپ و ڕێگرەکانی بەردەم نەخشە ئیستعمارییەکانمان دەردەکەوتنەوە.. پێویستە ئەوەش بڵێم کە زانا ئیسلامییەکان کەمترین زانیاریان لە بارەی شارستانییەت، زانستی نوێ و بارودۆخی ئەمڕۆوە نەبوو، تەنھا شتێک کە سەرنجیان دەدایە و بەلایەنەوە گرنگ بوو، بریتی بوو لە خۆ ئامادەکردن بۆ بەھەشت، ئەوبەھەشتەی کە قورئان بەڵێنی پێدابوون. ئەوان ھێندە دەمارگیربوون کە یەک زەڕەیش ئامادە نەبوون پاشەکشە لە شتەکانی خۆیان بکەن. کۆمەڵانی خەڵک، پاشاکان و فەرمانڕەواکان، تێکڕا وەک مشک کە چۆن لە پشیلە دەترسێت، ئەوانیش ئەوا لە زانا ئاینییەکانی خۆیان دەترسان. سوننە مەزھەبەکان ئەوەندەی شیعە مەزھەبەکان لە زاناکانی خۆیان نەدەترسان. دەبینین کەھەمیشە لە ناوچەکانی فەرمانڕەوایەتی عوسمانییدا، لە نێوان سوڵتان و شێخەکانی ئیسلامدا پەیوەندییەکی پتەو ھەبووە و تا ڕادەیەک نفوزی مەعنەوی زاناکان پاڵیدەدا بە پاڵ دەسەڵاتی فەرمانڕەواکانەوە، بەڵام لە وڵاتی شیعەنشیندا، خەڵکی زیاتر پابەند بوون بە زانا ئاینییەکانیانەوە. پابەند بوونی شیعەکان بە زانا ئاینیەکانیانەوە، پابەندبوونێکی بەھێز و پتەو بوو، بەڵام ئەوان بایەخێکی ئەوتۆیان بە فەرمانڕەواکانیان نەدەدا. ئەم جیاوازییە لە نێوان ڕوانگەی شیعەو سوننەدا بەرامبەر بە ڕێزدانیان بۆ زاناکان وپاشاکانیان لە ھیچ کاتێکدا لە دڵەڕاوێک و نیگەرانییەکانی وەزارەتی مستعمرات و دەستەی فەرمانڕەوایەتی ئینگلیزی کەمنەدەکردەوە .

بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەوکێشە دژوارو ئاڵۆزانەی کە لەم وڵاتانەدا لەگەڵیاندا بەرەوڕوو بووبووینەوە، چەندین جار لەنێوان خۆماندا دەستمان بە گفتوگۆو قسەوباسکرد، بەڵام ھەرجارە تا ڕادەیەک کەش وھەوای بەدگومانی زاڵ دەبوو بەسەر گفتوگۆکانماندا و دەکەوتینە کۆڵانە داخراوەکەوە . ڕاپۆرتەکان و نامەی بەکرێگیراوە سیاسییەکانیشمان، ھەروەک ئەنجامی گفتوگۆکانمان ھێندە دڵخۆشکەر نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا، خۆمان نائومێد و ھیوابڕاو نەدەکرد، چونکە سەبرێکی باشمان ھەبوو بۆ بە دوادا چوونی نەخشەو پلانەکانمان .

لە یادمە کە جارێکیان وەزیری مستعمرات کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین قەشەکانی لەندەن و ژمارەیەک لە پسپۆڕانی ئاینیدا، کە بەگشتی ژمارەیان بیست کەسێک دەبوو، سازکرد و کۆبوونەوەکەش سێ کاتژمێری خایاند، بەڵام ھیچ جۆرە ئەنجامێکی لێبەدەست نەھات.  قەشەکە بە ئامادەبووانی گوت : ” لە جێی خۆتاندا مەجوڵێن و سەبرو حەوسەڵەی خۆتان لەدەست مەدەن، مەسیحیەت پاش لە سێ سەد ساڵ ئازار و دەربەدەری و پاش لە شەھیدکردنی عیسا و پەیڕوانی ئەو، توانیویەتی کە جیھانیگیر ببێتەوە. ئەوەندە بۆ ئێمە بەسە کە لە داھاتوودا عیسا چاوی لێمان بێت تا پاش لە سێ سەد ساڵیتر کافرەکان تێکبشکێنین. کەوایە پێویستە لەسەرمان خۆمان بەو ھۆکارانەی کە بۆ زاڵبوون، سەرکەوتن و لە ئەنجامیشدا بۆ بڵاوکردنەوە( تبشیر )ی مەسیحییەت لە ناوەندەکانی موسڵماناندا پێویستن، بەتەواوی چەکدار بکەین. پاش چەندین سەدە، لەوانەیە بەم ئەنجامە بگەین کە چ کێشەیەکی تێدایە ئەگەر باوکان تۆیەکە بچێنن و منداڵەکانیشان بەرھەمەکەی بچننەوە “.

جارێکیتر لە وەزارەتی مستعمراتدا کۆنفڕانسێک بۆ نوێنەرانی پایەبەرزی فەڕەنساو ڕوسیا بەسترا. ئەندامانی کۆنفڕانسەکە بریتی بوون لە لیژنە سیاسییەکان، پیاوانی ئاینی و کەسایەتییە ناسراوەکانیتر. لەبەرئەوەی کە پەیوەندییەکی نزیکم لەگەڵ شەخسی وەزیردا ھەبوو، منیشیان بۆکۆنفڕاسەکە بانگھێشت کرد. بابەتی باس و لێکۆڵینەوەی کۆنفڕانسەکە بریتی بوو لە چۆنیەتی داگیرکردنی وڵاتانی ئیسلامی و ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە دەھاتنە سەر ڕێگای ئەم ئامانجە .

بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە لەڕێگاکانی تێکشکاندنی ھێزەکانی موسڵمانان و چۆنیەتی پێکھێنان و دروستکردنی دووبەرەکی و ئاژاوەی نێوان موسڵمانەکانیان کۆڵیەوە. گفتوگۆ لەسەر لەرزۆککردنی پایەکانی بیروباوەڕی موسڵمانان کرا. ھەندێک لەبەشداربووانی کۆنفڕانسەکە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەتوانرێت موسڵمانانی جیھانیش بەرەو ڕێگای ڕاست ھیدایەت بکرێن، ھەربەوشێوەیەی کە ئیسپانیا پاش لەچەند سەدەیەک گەڕایەوە بۆ باوەشی مەسیحییەت. بۆچی ئەوە ھەر موسڵمانە دڕندەکان نەبوون کە ئیسپانیاشیان داگیرکرد؟. زۆر لە ئەنجامی کۆنفڕانسەکە گەشبین نەبووم. ئەوەی کە لەو کۆنفڕانسەدا ڕوویدا، لە کتێبی ” بەرەو مەلەکوتی مەسیحیەت “دا باسمکردووە .

بێگومان ئەو درەختەی کە ڕەگوڕیشەی بە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوادا بڵاوکردووەتەوە، ناتوانرێت بە ئاسانی لەڕەگ وڕیشەوە ببڕدرێتەوە. لەھەمانکاتیشدا، بەھەر نرخێک بووە دەبێت تەحەمولی ئەو دژواریانە بکەین کە لەسەر ڕێگاماندا بوون، چونکە ئاینی مەسیحیەت لە کاتێکدا سەرکەوتوو دەبێت کە لە سەرتاسەری دنیادا بڵاوبێتەوە. عیسا بەشێوەیەکی گشتی مژدەی بەجیھانی بوونێکی لەوجۆرەی بە پەیڕوانی خۆیداوە. سەرکەوتنی محەمەد سەرچاوەی لە ھەلومەرجی سەردەمەکەی خۆیەوە گرتبوو. ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتەکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، ئێران و ڕۆم، لە ماوەیەکی کورتدا بووە ھۆی سەرکەوتنی محەمەد و موسڵمانەکان و ئەو ئیمپراتۆریەتە گەورانەیان تێکشکاند. ھەلومەرجی مێژوویی ئێستا ڕێک بە پێچەوانەی ھەلومەرجی سەرھەڵدانی ئیسلامەوەیە. وڵاتە ئیسلامییەکان بەخێرایی بەرەو ھەڵوەشانەوە دەڕۆن. بەپێچەوانەشەوە، وڵاتانی مەسیحیش بەرەو پێشکەوتن و گەشەکردن دەڕۆن. کاتی ئەوە ھاتووە کە مەسیحییەکان تۆڵەی خۆیان لە موسڵمانان بکەنەوە و ئەوەی کە لە دەستیانداوە، سەرلەنوێ بەدەستی بھێننەوە. ئەمەکە بەھێزترین دەوڵەتی مەسیحی سەردەم لەمەیدانی جیھانیدا خۆی لە بەریتانیای گەورەدا دەنوێنێتەوە، لەو ڕووەشەوە پێویستە ڕابەریکردنی خەبات دژ بە وڵاتانی ئیسلامی لە ئەستۆی خۆی بگرێت.

***

لە ساڵی ١٧١٠ی میلادیدا، وەزارەتی مستعمراتی بەریتانیا بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی جاسوسییانە ناردمیان بۆ وڵاتەکانی میسر، عێراق، ئێران، حیجاز و ئەستەنبوڵی ناوەندی خەلافەتی عوسمانی. ئەو ئەرکەی کە پێیان سپارد بووم بریتی بوو لە کۆکردنەوەی زانیاری پێویست بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاکانی تێکشکاندنی موسڵمانان و نفوزکردنی ئیستعمارییانە لە وڵاتانی ئیسلامیدا. ھاوکات لەگەڵ مندا ٩ جاسوسیتریش لە باشترین و لێھاتووترین فەرمانبەرەکانی وەزارەتی مستعمرات، ئەنجامدانی ئەو جۆرە مەئمورییەتانەیان لە وڵاتانی ئیسلامیدا لە ئەستۆ گرتبوو. ئەوانیش بە مەبەستی فەراھەمکردنی پێداویستییەکانی دەسەڵاتی ئیستعماری ئینگلیز و بەھێزکردنی پێگەکانی دەوڵەتی ئینگلیز لە شوێنە مستعمرەکراوەکاندا دەستیان بە چالاکی کردبوو.  پارە و پوڵی پێویست خرابووە خزمەتی ئەم تاقمە جاسوسییانەوەو بە نەخشەیەکی وورد و زانیارییە سەرەکییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان ئامادەکرابوون. پێرست ( فھرست )ێکی تەواویان لە ناوی وەزیرەکان، فەرمانڕەواکان، کاربەدەستە پایە بەرزەکان، زانا ئاینییەکان و سەرۆک خێڵەکانیان پێدابوون. لە کاتی خواحافیزیدا جێگری وەزیری مستعمرات بە دێڕێک ئێمەی بەڕێکرد، کە ناکرێت هەرگیز ئەو دێڕە فەرامۆش بکەم. ئەو پێی وتین : ” سەرکەوتنی ئێوە چارەنووسی ووڵاتەکەمان دیاریدەکات. کەواتە ھەرچییەک لە تواناتاندایە بیخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانتاندا سەرکەوتووبن “.

لە کاتێکدا کە لە مەئموریەتەکەم خۆشحاڵ بووم، بە کەشتییەک بەرەو ئەستەنبوڵی ناوەندی خەلافەتی ئیسلامی کەوتمەڕێ. مەئموریەتەکەی من پێکھاتبوو لە دووبەش : یەکەم، فێربوونی زمانی تورکی، کە لەو سەردەمەدا زمانی ڕەسمی موسڵمانانی ئەو وڵاتە بوو. تەنھا چەند ووشەیەکی تورکی لە لەندەن فێر بووبووم. دووەم، پاش لە زمانی تورکی، دەبووایە زمانی عەرەبی، قورئان، تەفسیر و تاْئویل و دواتریش زمانی فارسی فێر ببم. پێویستە ئەوەش بڵێم کە فێربوونی زمانێک، یان توانایی شکانی تەواوەتی بەسەر ڕێزمانی ئەدەبی و گفتوگۆی ڕاست و ڕەوانی ئەو زمانەدا جیاوازن لەیەکتری. ئەو مەئموریەتەی کە پێم سپێردرابوو، ئەوە بوو کە ئەوەندە شارەزای ئەو زمانانە ببم، تا بتوانم وەک خەڵکی ئەو شوێنانەی بۆی دەچووم، قسەیان پێبکەم.  فێربوونی زمانێک لە ماوەی دوو ساڵدا مومکینە، بەڵام زاڵبوونی تەواوەتی بەسەریدا، چەندین ساڵ کات و دەرفەتی دەوێت.  ناچار بووم کە بە جۆرێک فێری ئەم زمانە بیانیانە ببم کە ھیچ خاڵێکی ڕێزمان و ڕەمزەکانی ئەو بەسەرمدا گوزەرنەکات و ھیچ کەسێک نەتوانێت لە تورک بوون، یاخود لە ئێرانی و عەرەبوونم بکەوێتە گومانەوە .

لەگەڵ ھەموو ئەو دژواریانەیشدا، لە لەسەرکەوتنی مەئموریەتەکەم دوو دڵ و نیگەران نەبووم، چونکە موسڵمانەکانم دەناسی و دەمزانی کە گیانی میوانداری، دەست و دڵ ئاوەڵایی و نییەت پاکییان، کە لە یادگارییەکانی قورئان و سونەتی پێغەمبەرەوە بۆ یان ماوەتەوە، ڕێگا نادات کەوەک مەسیحییەکان بەدگومان و ڕەشبین بن. لەلایەکی تریشەوە، حکومەتی عوسمانی ھێندە لاواز بوو بوو کە ڕێکخراوێکی ئەوتۆی نەبوو بۆ دۆزینەوەی تۆڕە جاسوسییەکانی بەریتانیا و چالاکی بەکرێگیراوانی بێگانە لە قەڵمڕەوی وڵاتانی ئیسلامیدا. بەگشتی ئیمپراتۆرو دەستوپێوەندەکانی بێتوانا و لەرزۆک بوو بوون. پاش چەند مانگ لە سەفەرێکی درێژخایەن و ماندووکەر، سەرئەنجام گەیشتمە دارالخلافەی عوسمانی. بەر لە پیادەبوونم لەکەشتییەکە، ناوی ” محەمەد ” م بۆ خۆم ھەڵبژارد. ھەرکە گەیشتمە ئەوێ، چووم بۆ مزگەوتی گەورەی شار. ھەر بەڕاستیش چێژم لە دیمەنی پاک و خاوێنی و نەزم و تەرتیبی و کۆبوونەوەی موسڵمانانی ئەو مزگەوتە وەرگرت. لە ناکاودا لەدڵی خۆمدا گوتم : ” بۆچی دەبێت ئێمە خەڵکانێکی دڵپاکی ئەوھا ئازار بدەین ؟ بۆچی دەبێت بێپەروا لەھەوڵی زەوتکردن و تێکدانی ئاسایشی ژیانی ئەواندا بین ؟ ئایا مەسیح ڕێگای بەمجۆرە کارە دزێو و نا بەجێیانەداوە ؟”، بەڵام بەخێرایی خۆمم لەم دڵەڕاوکێ ئەهریمەنی و پووچانە ڕزگارکرد و ئەوەم بە بیری خۆمم ھێنایەوەیە کە من فەرمانبەری وەزارەتی مستعمراتی بەریتانیای گەورەم و دەبێت ئەو ئەرکانەی کە پێم سپێردراوە بە ھەموو واتای خۆیان ئەنجامیانبدەم و پێکی مەییەک کە ناومە بەسەرمەوە، دەبێت تادوایین دڵۆپی بینۆشم.

ھەر لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی چوونە ناوەوەمدا بۆ شار، لەگەڵ شێخێکی پیرو بە ساڵە چووی سوننە مەزهەبدا ئاشنا بووم. شێخ ناوی ئەحمەدەفەندی بوو. زانایەکی بەبڕوا، چاک و بەڕێز بوو. لە ناوقەشەکانی خۆماندا ھەرگیز پیاوێکی وەک ئەوم بەو گەورەیی و ڕێزەوە نەبینبوو. شێخ ئەحمەد شەو و ڕۆژ خەریکی خوداپەرستی و عیبادەت بوو، لە گەورەیی و شکۆداری محەمەد سەرسام بوو بوو. شێخ، پێغەمبەری خوای بە سەرچاوەی ئینسانیەت دەزانی وسونەتی پێغەمبەری دەکردە پێوەری کردەوەکانی خۆی. ھەرکاتێک کە ناوی ( محەمەد ) بە زمانیدا بھاتبایە، دەستی بەگریان دەکرد و فرمێسک بە چاوەکانیدا دەھاتەخوارەوە. یەکێک لە بەختەکانی من لە بینینی شێخدا ئەوە بوو کە تەنانەت بۆ یەکجاریش لەبارەی ئەسڵ و فەسڵًی  بنەماڵەییمەوە پرسیاری لێنەکردم و ھەمیشە بە ” محەمەدەفەندی ” بانگی دەکردم. ھەر پرسیارێکیشم لێبکردایە، زۆر بەڕێزەوە وەڵامی ئەدامەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە زانی من غەریبم و دەمەوێت خزمەتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بکەم ( ئەمە درۆیەکی گەورەبوو کە بەمەبەستی مانەوە و نیشتە جێبوونم لە ئەستەنبوڵدا بە شێخم گوت بوو )کە جێگرەوەی پێغەمبەرە. جگە لەوەش، بە شێخم گوتبوو کە من گەنجێکی بێ دایک وباوکم و دایک و باوکم مردوون، بەڵام دوای مردنیان سامانێکی تاڕادەیەک باشیان بۆ بەجێھێشتووم. ئەوەشم پێ وتبوو کە بڕیارمداوە بە مەبەستی فێربوونی زمانی تورکی و عەرەبی سەفەر بۆ ناوەندی دەسەڵاتی ئیسلام، واتە بۆ شاری ئەستنبوڵ بکەم و پاش لەکۆکردنەوەی سەرمایەیەکی دینی و مەعنەوی، ئینجا سەرمایە ماددییەکەشم بەگەڕبخەم و خەریکی کارو کاسبی خۆم بم . شێخ ئەحمەد پیرۆزبایی لێکردم و چەند شتێکی پێگوتم، کە ڕێک وەک خۆی یاداشتم کردوون و لێرەیشدا دەیانووسمەوە :

ڕێزگرتن و میوانداریکردن لە تۆ، لەبەر چەند ھۆیەک واجبە و ئەو ھۆیانەیش ئەمانەن :

١. تۆ موسڵمانیت و موسڵمانانیش برای یەکترین ( انھا الموءمن اخوە ).

٢. تۆ میوانی شارەکەمانیت و پێغەمبەر فەرمویەتی ( ڕێز لە میوان بگرن ـ اکرموا الضیف)

٣. تۆ قوتابی زانست و ئیسلامیت و پێغەمبەر ڕێزی لە قوتابیانی ئاینی گرتووە .

٤. تۆ دەتەوێت کار و کاسبیەکی حەڵاڵ بکەیت، بە پێی بەڵگەکانی حەدیسیش “کاسب خۆشەویستی خودایە ـ (الکاسب حبیب الله‌).

کەسایەتی شێخ، لە ھەمان ساتەوەختی یەکەمدا سەرنجی منی بەرەو خۆی ڕاکێشا.  لە دڵی خۆمدا گوتم بریا مەسیحییەتیش بەم ڕاستیانەی بزانیبایە، بەڵام لەلایەکی تریشەوە ئەوەم دەبینی کە شەریعەتی ئیسلام، بە ھەموو پایەبڵندییەکی فیکرییەوە، خۆی لەبەردەمی ھەرەس و داڕماندا دەبینێتەوە و بەھۆی فەساد و لێنەھاتوویی دەسەڵاتدارە خۆبەزلزان و ستەمگەرەکانییەوە، بەھۆی دەمارگیر ( تعصب)ی زانا ئاینییەکانی و ئاگادار نەبوونیان لە بارودۆخی جیھانییەوە، دووچاری ئەم ڕۆژ ڕەشییە ھاتووە.  بەشێخم گوت کە :” ئەگەر ڕێگا بدەیت، حەزدەکەم کە لە حزورتاندا فێری زمانی عەربی و قورئانی پیرۆز ببم ” .

شێخ ھانیدام و پێشوازی لە پێشنیارەکەم کرد. لە یەکەم وانەدا سورەتی ئەلحەمدی پێ وتمەوە. بە دەربڕینێکی گەرموگوڕەوە دەستیکرد بە تەفسیر و تەئویل و ڕوونکردنەوەی واتای ئایەتەکان. پرۆناونسییەیشن ( تلفظ )ی زۆرێک لە ووشە عەرەبییەکان دژواربوون بۆم و ھەندێکجاریش ئەم دژوارییانە دەگەیشتنە ئەوپەڕی خۆیان. ئەو ھەمیشە پێی دەگوتم کە ڕاستەوخۆ وانەی قسەکردنی زمانی عەرەبیم پێناڵێتەوە و لەبەرئەوەش دەبێت لانی کەم ووشەکان دە جاران بڵێمەوە تا بەتەواوی لەبەریان بکەم و وەک کەسێکی عەرەب بیانڵێمەوە.

شێخ قواعیدی فێرکردم و لەلای ئەو توانیم کە لە ماوەی دوو ساڵدا فێری تەفسیرو تەجویدی قورئان ببم. شێوەی وانە وتنەوەکەی وا بوو کە بەر لە دەستپێکردنی وانەکە، دەستنوێژ( وضوء ) ی دەگرت و ڕووە و قیبلە دادەنیشت و ئینجا دەستی بە وانە وتنەوە دەکرد. پێویستە ئەوەش بڵێم کە دەستنوێژ لە ئیسلامدا بریتییە لە کۆمەڵێک شۆردنی جۆراوجۆر؛ شۆردنی دەموچاو، پاشان شۆردنی دەستی ڕاست لەسەری پەنجەکانەوە تا سەر ئانیشک، دەستی چەپ و پاککردنەوەی سەرو پشتی گوێیەکان و مل و شۆردنی  قاچەکان٣. لەکاتی دەستنوێژدا دەبێت کە ئاو لەدەمت ڕابدەیت و لوتت پاک بکەیتەوە. من زۆر ناڕەحەت دەبووم کە دەمم بە میسواک پاککدەکردەوە. ئەو مسواکانە دارێکی وشک بوو، ھەموو پیرو لاوەکان پێش لە دەستنوێژگرتن لە دەمیان ڕادەدا. من وام بیردەکردەوە کە ئەم دارە وشکە زیانی بۆ دەم و ددانەکان ھەیە. ھەندێک جار دەمبینی کە ئەو مسواکانە دەمی بریندار دەکرد و خوێنی لە کەپووەکانم دەھێنا، بەڵام من ناچار بووم کە ئەم کارەش بکەم، چونکە مسواککردن بەر لەدەستنوێژگرتن سونەتێکی جەخت لە سەرکرابوو کە حەدیسەکانی پێغەمبەر پشتیوانی لە مسواککردنە دەکرد.

لەماوەی نیشتەجێ بوونم لە ئەسنتەنبوڵدا، شەوەکانم لە مزگەوتێکدا دەگوزەراند و لە بەرانبەر ئەوەشدا پارەیەکم دەدا بە مجەوری مزگەوتەکە کە ناوی مەروان ئەفەندی بوو. مەروان پیاوێکی توڕە و عەبوس بوو، ناوەکەی خۆی بە ھاوناوی یەکێک لە ھاوەڵەکانی پێغەمبەر دەزانی و شانازیی بەم ناوە پیرۆزەوە دەکرد. جارێکیان پێی وتم کە : ” ئەگەر خودا منداڵێکی دایتێ ناوی بنێ مەروان، چونکە مەروان یەکێک بووە لە کەسایەتییە مجاھیدەکانی ئیسلام “.

شەوانە نانم لە ژووری مجەورەکە دە دەخوارد، ڕۆژانی ھەینیش، کە پشووی موسڵمانان بوو، لەگەڵ مجەوری مزگەوتەکەدا بەسەرمدەبرد. ڕۆژەکانیتری ھەفتە لە دوکانێکی دارتاشیدا شاگردیم دەکرد و لە بەرانبەریشدا کرێیەکی کەمم وەردەگرت. کارەکەم ( نیوە کات ( پارتایم ) بوو، چونکە دەبووایە کە پاش نیوەڕوان لەلای شێخ دەرس بخوێنم. کرێکەم بە قەدەر نیوەی کرێی کرێکارەکانیتر بوو. دارتاشەکە ناوی خالیدبوو. لەوکاتانەی کە بۆنانخواردنی نیوەڕوان دەستمان لە ئیش ھەڵدەگرت، چەند بابەتێکی لەبارەی ” خالیدی کوڕی وەلید “ەوە باسدەکرد و بە یەکێک لە یارانی پێغەمبەری دەزانی کە نەیارانی ئیسلامی تێکشکاندووە،  هەرچەند لەگەڵ عومەری کوڕی خەتابیشدا نێوانیان خۆش نەبووە، دارتاشەکە وای بیر دەکردەوە کە ئەگەر عومەر ببووایە بە خەلیفە، کە ئەمەش ڕوویدا بوو، خالیدی دەخستە لاوە.

بەڵام خالیدی دارتاش پیاوێکی بێڕەوشت بوو.  بەبێ ھۆ، لەناو ھەموو کرێکارەکاندا زیاتر بڕوا و متمانەی بەمن دەکردو منیش نەمدەزانی ھۆی ئەمە چییە. لەسەرەتادا وامدەزانی لەبەرئەوەیە کە ھەرچییەکی پێدەگوتم بێ چەندوچۆن ئەنجاممدەدا و نە لەسەر کێشە ئاینییەکان و نە لەسەر کارکردن ھیچ مشت و مڕێکم لەگەڵیدا نەدەکرد. لەوکاتانەی کە دوکانەکە چۆڵ دەبوو، ھەستم دەکرد کە وەستا خالید نیازێکی خراپی پێم ھەیە. شێخ ئەحمەدیش چەندین جار پێی گوت بووم کە نێرباز ( لواط ) ی لە ئیسلامدا یەکێکە لە گوناھە گەورەکان، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا خالید پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە سێکسم لەگەڵدا بکات.

خالیدی دارتاش ھێدە پابەندی ئایین نەبوو. لە ڕاستیشدا لە ناخەوە بڕوای پێی نەبوو، بەڵام بەڕووکەش وای پیشاندەدا کە پابەندی ئایینی ئیسلامە. ڕۆژانی ھەینی دەڕۆیشت بۆ مزگەوت، بەڵام لە ڕۆژەکانی تری ھەفتەدا ئێمە نەماندەبینی کە نوێژ بکات. بەھەر شێوەیەک بوو، پێشنیارە شەرمھێنەرەکەیم ڕەتکردەوە. پاش ماوەیەک دوای ئەوە کە داواکەییم ڕەتکردەوە، چاوی تەماحی خستبووە سەر یەکێکیتر لە کرێکارەکان، کە لاوێکی جوانی خەڵکی ساڵونیک بوو، ئەویش خۆی بە یەکێک لە تواناییە نوێیەکانی ئیسلام دەزانی. خالید ئەو کارە قێزەونەی لەگەڵ ئەودا ئەنجامدا.  کارەکەشی بەم شێوەیە ئەنجامدەدا کە لاوەکەی لەگەڵ خۆیدا دەبردە ئەمبار ( مخزن )ی پشتی دووکانەکەوە کە تەختەکانی تیا دانرا بوو . ھەردووکیان وایان پیشاندەدا کە بەمەبەستی بژاردن و ڕێکخستنی تەختەکان دەچنە ئەمبارەکەوە، بەڵام تا ڕادەیک ئاشکرابوو کە بە چ مەبەستێک دەڕۆنە ئەوێ.

ھەموو رۆژێک لە دوکانی دارتاشییەکەدا نانی نیوەڕۆم دەخوارد، پاشان بۆ نوێژی نیوەڕۆ دەچوومە مزگەوت و ھەتا کاتی نوێژی عەسر لەمزگەوت دەمامەوە و دوای ئەوە کە نوێژی عەسرم دەکرد، دەڕۆیشتم بۆ ماڵی شێخ ئەحمەد و بۆ ماوەی دووکاتژمێرخەریکی خوێندن و فێر بوونی قورئان دەبووم. جگە لە قورئان، زمانی عەرەبی و تورکیش فێردەبووم. ھەموو ڕۆژانێکی ھەینی، وەکو زەکات بڕێکم لە کرێی ھەفتانەکەم دەدا بەشێخ ئەحمەد.  لەڕاستیشدا نیشانەی پەیوەندی وئیرادەی من بوو بەشێخەوە و ئەم زەکاتەش وەک ھەقی زەحمەتێک وابوو لەبەرانبەر ئەوەدا کە وانەی قورئانی پێدەگوتمەوە. ھەر بە ڕاستی بڵێم، شێخ باشترین ڕێڕەوی بۆ فێرکردنی قورئان ھەبوو. جگە لەوەش، بنەماکانی ئەحکامی ئیسلامی بە زمانی عەرەبی و تورکی فێردەکردم.

کاتێک شێخ ئەحمەد زانی زگورت ( ڕەبەن )م و ھێشتا ژنم نەھێناوە، پێشنیاری ئەوەیکرد کە ھاوسەرێک بۆخۆم ھەڵبژێرم و یەکێکە لە کچەکانی بکەمە ھاوسەری خۆم. لەبەرانبەر ئەو پێشنیارە ڕێزدارانە و بە ئەدەبانەیەی ئەودا، من عوزرم ھێنایەوە، عوزرەکەشم ئەوەبوو کە پێم گوت لە ڕووی سێکسییەوە بێتوانام و وامنیشاندا نەخۆشی سێکسیم ھەیە. ھیچ چارەیەکی ترم نەبوو جگە لەھێنانەوەی ئەو بەھانەیە، چونکە شێخ بە بەردەوامی پێی لەسەر پێشنیارەکەی دادەگرت و بەھۆی ئەوەشەوە خەریک بوو پەیوەندییەکەمان بپچڕێت. ئەو شوکردن و ژنھێنانی بە یەکێک لەسونەتەکانی پێغەمبەر دەزانی و لەوڕووەوە پشتی بەم گوتەیەی پێغەمبەر دەبەست کە دەڵێت : (ھەرکەسێک پشت لە سونەتەکانی من بکات، لە پەیڕەوانی من نییە ـ من رغب عن سنتی فلیس منی). لەبەر ئەوە، ھیچ چارەیەکم نەبوو جگە لەوەی کە بێتوانایی سێکسی بکەمە بەھانە بۆ ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەی شێخ. درۆ مەسڵحەت ئامێزەکەم قەناعەتی بەشێخ کرد، ئیتر لەوبارەیەوە ھیچ شتێکی دیکەی نەگوت و دۆستایەتی و برایەتیەکەشمان گەڕایەوە دۆخی جارانی خۆی.

پاش لە دوو ساڵ نیشتەجێ بوون لە ئەستەنبوڵدا و چوونە پێشەوەم لە زمانی عەرەبیدا، ئیجازەم لەشێخ وەرگرت تا بگەڕێمەوە بۆ شارەکەی خۆم، بەڵام شێخ رێگای نەئەدام و دەیگوت بۆچی ئاوا زوو دەڕۆیتەوە ؟ خۆ ئێرە شارێکی گەورەیەو ئەوەی کە دەتەوێت لێرەش ھەیە و دەستتدەکەوێت.  بە ئەمری خودا، ئەستەنبوڵ دین و دنیای تیا دەستدەکەوێت. شێخ لە درێژەی قسەکانیدا وتی :” ئێستا کە دایک و باوکت مردوون و خوشک و برایشت نییە، ئیتر ئەستەنبوڵ بۆ نیشتەجێبوونی ھەمیشەییت ھەڵبژێرە “. بەھەرحاڵ، شێخ پێی لەسەر مانەوەم لە ئەستەنبوڵدا دادەگرت. ئەویش زۆر ھۆگری من بوو، منیش بە ھەمان شێوە ھۆگری ئەو بووبووم، بەڵام ئەرکێک کە لەبەرامبەر نیشتمانەکەم ( بەریتانیا ) دا پێم سپێردرابوو، لە سەرەوەی ھەموو شتێکیترەوە بوو، کە ئەوەش ناچاری کردم بگەڕێمەوە بۆ لەندەن. دەبووایە کە ڕاپۆرتی دوو ساڵەی مەئموریەتەکەم بدەم بە وەزارەتی مستعمرات و ڕێنمایی و فەرمانی نوێتریش وەربگرم.

بڕیار بوو لە ماوەی ئەو دووساڵەدا کە لە ئەستەنبوڵ بەسەرمبرد، ھەموومانگێک ڕاپۆرتێک لە بارەی بارودۆخ و ئاڵوگۆڕەکانی پایتەختی عوسمانییەوە ڕەوانەی لەندەن بکەم. لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانمدا، باسی داواو پێشنیارەکەی خالیدی نێربازی خاوەنکارەکەم کردبوو. لەوەڵامەکەی وەزارەتی مستعمراتدا فەرماندرابوو کە :” ئەگەر ئەزانی قبوڵکردنی داواو پێشنیارەکەی خاوەنکارەکەت، ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکەت ئاسانتر دەکات، ئەوا قەیناکە ھەمان کاری سێکسی لەگەڵدا بکە “. کاتێک ئەم وەڵامەم خوێندەوە، سەرم گێژی خوارد و تێگەیشتم کە چۆن سەرۆکەکانی ئێمە شەرم ناکەن و لەبەرخاتری بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئینگلیز من ھاندەدەن بۆ کارێکی قێزەونی سێکسی. بەھەرحاڵ، چارەیەکم نەبوو، دەبوایە ئەو پێکەی کە ناومە بەسەرمەوە تا دواین دڵۆپی بینۆشم. ناچار نەمھێنایە سەرخۆم و دەمی ناڕەزایەتیم لە نامیھرەبانی لێپرسروانی لەندەن نەکردووە. ئەو ڕۆژەی کە خوداحافیزم لە شێخ ئەحمەد کرد، چاوەکانی پڕبوون لە فرمسێک و بەم ڕستانە خوداحافیزی لێکردم :” خوات لەگەڵ بێت کوڕم ! لەیادم مەکە. انشااللە لە ڕۆژی مەحشەردا لەحزوری پێغەمبەردا چاومان بەیەکتری دەکەوێتەوە “. ھەر بە ڕاستی تا ماوەیەک، زۆر بێتافەتی شێخ ئەحمەد بووم و بێئەوەی خۆمم پێ کۆنترۆڵبکرێت بۆ شێخ دەگریام، بەڵام چی دەکەیت ؟ بەجێگەیاندنی ئەرک لەسەرەوەی سۆزی شەخسییەوەیە.

***

نۆ کەس لە ھاوکارەکانم بانگکرابوونەوە بۆ لەندەن. ئەو بەدبەختانە تەنھا پێنج کەسیان گەڕابوونەوە. لە چوارکەسەکەی دیکەش، یەکێکیان بوو بووە موسڵمان و لە میسردا مابووەوە. وەزیری مستعمرات ھەواڵی ئەوەی پێڕاگەیاندبووم خۆشحاڵ بووە لەوە کە ئەو کەسە، سەرەڕای موسڵمانبوونی، بەڵام ھیچ نھێنییەکی دەربارەی جاسوسەکانیتر نەدرکاندووە. جاسوسێکیتر کە بە ڕەگەز ڕوسی بوو، گەڕابووەوە بۆ ڕوسیاو لەوێ نیششتەجێ بووبوو. جێگری وەزیر لەوڕووە بێتاقەت بوو، چونکە ترسی ئەوەی ھەبوو کە جاسوسە بە ڕەگەز ڕوسییەکە، ئێستا کە گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتی دایک، شتێک لە بارەی نھێنییەکانی وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیزەوە ئاشکرا بکات. جێگری وەزیر بەم ئەنجامە گەیشت بوو کە ئەو جاسوسە ھەر لە سەرەتاوە لە وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیزدا جاسوسی بۆ ڕوسەکان کردبێت و پاش لە تەواوبوونی مەئموریەتەکەی گەڕابێتەوە بۆ ڕوسیا. سێیەمین جاسوسیش بەھۆی تووشبوونی بە نەخۆشی کۆلێراوە، لە ” عەمارە ” ی نزیکی بەغداد مردبوو. زانیارییەکی ئەوتۆیش لە بارەی کەسی چوارەمەوە نەبوو. وەزارەتی مستعمرات تا ” سەنعا “ی پایتەختی یەمەن ھەواڵی ئەویان ھەبووە. لە ساڵی دووەمدا، بەبەردەوام ڕاپۆرتەکانی ئەو لە سەنعاوە نێردرابوون، بەڵام پاش لەوە، ڕاپۆرتەکانی نەگەیشتبوونە دەستی وەزارەتی مستعمرات و پەیوەندی پچڕابوو لەگەڵ وەزارەتدا. ھەرچی دەوڵەت و وەزارەتی مستعمرات ھەوڵیاندا کە لەبارەی ژیانی ئەوەوە زانیاری بەدەست بھێنن، بەڵام ھەوڵەکانیان بێئەنجام بوو. وەزارەتی مستعمرات بەتەواوی ئەنجامە خراپ و نەخوازراوەکانی ونبوونی جاسوێکی شارەزای خۆی دەزانی چییە. بە پێوەرێکی ڕاست، بەھای مەئموریەتی ھەریەکێکیانی پێوابوو، ھەربەڕاستیش ونبوونی ھەریەکێک لەم جۆرە جاسوسانە بۆ دەوڵەتی ئینگلیز، کە لە ئاستانەی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی سەرکوتکردنی ئاژاوە و یاخبوون لە وڵاتانی ئیسلامیدا بوو، زۆر مەترسیدار بوو.

ئێمە نەتەوەیەکین کە ژمارەی دانیشتوانمان کەمە، بەڵام مەسئولیەتی گرنگمان لە ئەستۆدایە و کەمبوونەوەی مرۆڤە پسپۆڕەکان، بۆ ئیمە زۆر زیانبەخش دەبێت.

پاش ئەوەی کە جێگری وەزیر مستعمرات دوایین ڕاپۆرتی منی ھەڵسەنگاند، ڕێنمایی کردم بەشداری لە کۆنفڕانسێکدا بکەم کە لە لەندەندا گیرابوو تا گوێ لە ڕاپۆرتەکانی شەش جاسوسی بەشدار بووی کۆنفڕانسەکە بگرم. لە کۆنفڕانسەکەدا دەستەیەک لە پایەبەرزەکانی وەزارەتی مستعمرات بەسەرپەرشتی خودی وەزیر ئامادە بوون. ھەریەکە لە ھاوکارانم ڕاپۆرتەکانی خۆیی خوێندەوە و منیش بەشداریمکردوو ھێڵە گشتیەکانی ڕاپۆرتەکەی خۆمم لە بارەی تورکیاوە بە ئاگاداری ئامادەبووان گەیاند وەزیر، جێگرەکەیی و ھەندێک لە بەشداربووان دەستخۆشیان لێکردم بۆ ئەو چالاکییانەی کە لە تورکیادا ئەنجامم دابوون. لەگەڵ ئەوەشدا من لە پلەی سێێەمدا بووم و دوو جاسوسیتریان باشتتر لەمن چالاکییەکانیان ئەنجامدابوو. ئەو دوو کەسەیش بریتی بوون لە جی بیکڵۆد (G Becloud) و ھێنری فەنس (H.Fance)، کە پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستھێنا.

پێویستە ئەوەش بڵێم کە من لە فێربوونی زمانی تورکی، عەرەبی، تەجویدی قورئان و داب و نەریتی ئیسلامدا سەرکەوتنێکی زۆرم بەدەستھێنابوو، بەڵام لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی ڕووندا دەربارەی خاڵە لاوازەکانی دەوڵەتی عوسمانی، زۆر سەرکەتوو نەبووم. پاش لە تەواوبوونی کۆنفڕانسەکە، کە شەش کاتژمێری خایەند، جێگری وەزیر خاڵەلاوازەکانمی بۆ دەستنیشان کردم. منیش پێم گوت کە : ” بابەتی سەرەکی کارکردنی من لەو دوو ساڵەدا، فێربوونی دووزمانی جیاواز، ڕاڤەکردنی قورئان و ئاشنا بوون بووە بە داب و نەریتی ئیسلام و ھەلی پێویستم لەبەردەمدا نەبووە تا بیر لە ئەرکەکانیترم بکەمەوە. ئەگەر متمانەی خۆت بەمن لە دەستنەدەیت، ئەوا خوا یاربێت لە سەفەری داھاتوومدا قەرەبۆیان دەکەمەوە “. جێگری وەزیر پێی وتم :” بێگومان تۆ لەکارەکەتدا سەرکەوتوو بوویت، بەڵام چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیەکە لەم ڕێگایەدا لەکەسەکانیتر چالاکتر بیت ” . ھەروەھا لەدرێژەی قسەکانیدا وتی:

بابەتی گرنگی کارکردنی مەئموریەتی تۆ لەئایندەدا دوو خاڵە:

١. دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی موسڵمانەکان، کە سەرکەوتنی ئێمە بۆ نفوزکردنە ناویان و پێکھێنانی دووبەرکی و ناکۆکی لە نێوان گروپە جیاوازەکانی ئیسلامدا مسۆگەر دەکات، چونکە فاکتەری سەرکەوتنی ئێمە بەسەر دوژمندا زانین و ناسینی ئەم بابەت و کێشانەیە.

٢. پاش لە ناسینی خاڵە لاوازەکان، ھەنگاونان بۆ پێکھێنانی دووبەرەکی و ناکۆکی پێویستە. ھەرکاتێک لە بەجێھێنانی ئەم کارەدا توانایی پێویست لە خۆت پیشان بدەیت، ئەوا لەوە دڵنیابە کە لە ڕیزی پێشەوەی لێھاتووترین و باشترین جاسوسەکانی ئینگلیزدا دەبیت و دەبیتە ڕەمزی شانازی کردن.

شەش مانگ لە لەندەن مامەوە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ کچەکەی پورمدا “ماری شۆی”، کە ساڵێک لە من گەورەتر بوو، زەواجمانکرد. لەوکاتەدا، تەمەنی من بیست دووساڵ بوو، ماریش تەمەنی بیست و سێ ساڵ بوو. ماری کچێک بوو کە ڕۆشنبیریەکی مام ناوەنجی ھەبوو، بەڵام زۆر شۆخ و شەنگ بوو. ڕەفتاری ھاوسەرەکەم ئاسایی و میانەڕەو بوو. خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانم لەگەڵ ئەودا بەسەر برد. لە ھەمان سەرەتای دەستپێکردنی ژیانی ھاوسەریماندا ماری سک پڕ (حاملە) بوو. من بە سەبر و حەوسەڵەوە چاوەڕێی میوانی تازە بووم، بەڵام ھەر لەو کاتەدا، فەرمانێکی تازەم لە لە وەزارەتەوە پێگەیشت، کە بەپێی ئەو فەرمانە دەبووایە بەبێ لەدەستدانی کات و بەزوویی سەفەر بکەم بۆ وڵاتی عێراق.

خۆم و ھاوسەرەکەم، کە چاوەڕێی یەکەمین منداڵمان دەکرد، بەھۆی مەئموریەتێکی نوێ کە پێم سپێردرابوو، دووچاری خەفەتێکی زۆر بووین، بەڵام خۆشەویستی نیشتمان، پلەوپایەخوازی و مەیلی پێشبڕکێ لەگەڵ ھاوپیشەکانمدا، بوونە ھۆی ئەوە کە سۆزەکانی ژن و مێردایەتی و خۆشەویستی منداڵ، بکەونە ژێر تیشکی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانەوە. لەم ڕووەوە ھیچ گومانێکم بۆخۆم نەھێشتەوە لە قەبوڵکردنی بەجێھێنانی ئەرکەکانمدا. داواکاری ھاوسەرەکەم بۆ دواخستنی مەئموریەتەکەم تا منداڵەکەمان دێتە دنیاوە، بەجێگایەک نەگەیشت و بێھودە بوو. ئەو ڕۆژەی کە بەمەبەستی سەفەرکردن لە ھاوسەرەکەم جودا دەبوومەوە، ھەردووکمان زۆرگریاین. ئەو بەکوڵ دەگریاو دەیگوت: “نامەم بۆ بنووسەو پەیوەندی خۆتم لەگەڵدا مەپچڕێنە. منیش لە ھێلانەی ئاڵتونی منداڵەکەمانەوە نامەت بۆ دەنووسم”. ئەم وشانە دڵمیان دەگوشی. گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە سەفەرەکم دوابخەم، بەڵام بەزوویی ھەست و سۆزەکانی خۆمم کۆنترۆڵ کرد . پاش لە خواحافیزی کردن لە ھاوسەرەکەم، ڕۆیشتم بۆ وەزارەت تا لەوێ فەرمانە تازەکان وەربگرم.

***

پاش شەش مانگ ڕۆیشتن بە دەریادا، سەرئەنجام گەیشتمە بەسرە. دانیشتوانی ئەم شارە زیاتر پێکھاتووە لە خێڵەکانی دەوروبەری. دوو باڵی سەرەکی شیعەو سونی، ئێرانی و عەرەب لەم شارەدا پێکەوە دەژین. ژمارەیەکی کەمی مەسیحیش لەم شارەدا نیشتەجێ بوون. بۆیەکەمین جاربوو لە ژیانمدا کە لەگەڵ پەیڕەوانی شیعەو سونییدا ئاشناببم. جێگای خۆیەتی کە ئاماژەیەکی کورتیش بە بیروڕا تایبەتییەکانی سوننە و شیعە بکەم. شیعەکان لایەنگری عەلی کوڕی ئەبوتالیبی زاوا و کوڕی مامی پێغەمبەرن و بەبۆچونی ئەوان، محەمەد بەڕاشکاوانە عەلی بە جێگرەوەی خۆی ھەڵبژاردووە. عەلی و یازدە نەوەی کوڕی، ئیمام و جێگرەوەی بەھەقی پێغەمبەرن.

بە بڕوای من، شیعەکان لەبارەی خەلافەتی عەلی و دوو کوڕەکەی (حەسەن و حسین)ەوە، بەتەواوی لەسەر ھەقن، چونکە بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەمبارەیەوە کردوومە، چەندین بەڵگە لەبەردەستدان کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن. بێگومان عەلی کۆمەڵێک تایبەتمەندی چاکی ھەبووە کە دەیتوانی فەرماندەیی سەربازی و حکومەتی سیاسیی ئیسلام لەپاش مردنی محەمەدەوە لە ئەستۆی خۆی بگرێت.

کێشەی ئیمامێتی حەسەن و حسەینیش بەپێی ئەو حەدیسانەی کە لە پێغەمبەرەوە بەدەستی ئێمە گەیشتوون و سوننە مەزھەبەکانیش نکوڵیان لێناکەن، لەلایەن ھەردوو باڵەکەی ئیسلام (سونی و شیعە)ەوە قەبوڵکراوە. گومانی من لەسەر جێگاگرتنەوەی نۆ کوڕەکەی حسەینی کوڕی عەلییە، کە شیعەکان ئەوانیش بە ئیمام دەزانن. چۆن دەکرێت پێغەمبەر ئاگاداری ئیمامەتی کەسانێک بێت کە ھێشتا لە دایک نەبوون ؟ لە کاتێکدا ئەگەر محەمەد، پێغەمبەری بەرھەقی خوا بێت، دەتوانێت غەیبزان بێت و لەبارەی شتە غەیبیەکانەوە شت بڵێت، ھەر بەو جۆرەی کە حەزرەتی عیسا پێشبینی ڕووداوە نادیارەکانی داھاتووی دەکرد، بەڵام مەسیحییەکان لەو ڕووە گومانیان لە پێغەمبەر بوونی محەمەد ھەیە.

موسڵمانەکان دەڵێن کە قورئانی پیرۆز گەورەترین بەڵگەیە بۆ کۆتایی ھاتنی پێغەمبەرەکان (خاتم الانبیاء)، بەڵام من ھەرچەندە کە قورئانم خوێندەوە، کەچی بەڵگەیەکم لەمبارەیەوە بەرچاونەکەوت. لەوڕووەوە کە قورئان کتێبێکی پایەبەرزە، ھیچ گومانێکم نییەو بڕوایشم وایە کە جێگاوشوێنی ئەو لە تەورات و ئینجیلیش بەرزترە. داستانە کۆنەکان، ئەحکام، داب ونەریت، وانەی ڕەوشت و بابەتەکانی دیکەی، ئەفزەڵیەت و متمانەیەکی تایبەتییان بەخشیووە بەم کتێبە، بەڵام ئایا ئەو تایبەتمەندییانە بەڵگەن بۆ ڕاستگۆیی محەمەد؟ من سەرم لەکارەکانی محەمەد سوڕماوە!.. چۆن پیاوێکی دەشتەکی، کە خوێندنەوە و نووسینی نەزانیوە، کتێبێکی ئەوھا بەرز و بەنرخی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە؟ تا ئێستا ھیچ کەسێک، بە ھوشیاری و توانایی تەواوەوە، نەیتوانیوە کتێبێکی ئەوھا بڵاوبکاتەوە. ئەی چۆن ئەم عەرەبە دەشتەکییە، کە نەخوێندەوار بووە توانیویەتی کتێبێکی ئەوھا بنوسێت ؟ کێشەیەکیتر کە ئاماژەم پێکرد، ھاتنە کایەی ئەم پرسیارەیە: ئایا ئەم کتێبە دەتوانێت بۆخۆی بەڵگەیەک بێت بۆ لە ناوچوونی محەمەد؟

لەو بارەیەوە زۆرم خوێندەوە تا وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە بدۆزمەوە و لەو ڕاستییە تێبگەم. کاتێک ئەم کێشەیەم لەگەڵ یەکێک لە قەشەکاندا باسکرد، بەڵام ئەویش نەیتوانی وەڵامێکی قەناعەتبەخشم بداتەوە. قەشەکە لەڕووی دەمارگیری و دوژمنایەتییەوە وەڵامە بێبەڵگەکانی دامەوە. کە لە تورکیایش بووم، چەندین جار لەو بارەیەوە لەگەڵ شێخ ئەحمەدیشدا گفتوگۆم کرد، بەڵام وەڵامێکی شیاو و قەناعەتبەخشم لەویش وەرنەگرتەوە. پێویستە ئەوەش بڵێم کە ھێنانە گۆڕێی کێشەکە لەگەڵ شێخ ئەحمەددا بەو ڕاشکاوییە نەبوو کە لەگەڵ قەشەکەی لەندەندا ھێنابوومەگۆڕێ، چونکە لە ھێنانەکایەی کێشەکە لەگەڵ شێخ ئەحمەددا، لەوە دەترسام کە ئاشکراببم و دەستەکەم بکەوێتە ڕوو، یان لانی کەم شێخ ئەحمەد وا لێم تێبگات کە من گومانێکم لەبەرامبەر پێغەمبەردا ھەیە. بێگومان محەمەد لەڕیزی ئەو پیاوە گەورانەدایە کە ناتوانرێت نکوڵی لە تێکۆشانەکانیان بکرێت لە پێناوی ھێنانە سەر ڕێگای ڕاستی مرۆڤدا، مێژوویش ئەو ڕاستییە ڕووندەکاتەوە. لەگەڵ ھەموو ئەو ڕاستیانەشدا، بەڵام من لە پێغەمبەری محەمەد گومانم ھەیە و تەنانەت بە پێغەمبەریشی نازانم. گریمان کە ئەو پێغەمبەریش نییە، بەڵام محەمەد گەورەتر بووە لەھەموو ئەو بلیمەت (عبقری)انەی کەئێمە دەیانناسین. محەمەدلە ھوشیارترین بیریارەکانی مێژوویش ھوشیارتره‌.

موسڵمانە سونییەکان دەڵێن: بەبۆچوونی موسڵمانەکان ئەبوبەکر، عوسمان و عومەر بۆ بەڕێوەبردنی کاری خەلافەت، لە عەلی شایستەتر و لێهاتووتر بوون. لەم ڕووەوە، لە ھەڵبژاردنەکەیاندا، فەرمانی پێغەمبەریان لە یاد کردووە و ڕاستەوخۆ دەستبەکاربوون.  دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئەمجۆرە ناکۆکیانە لە زۆربەی ئاینەکاندا ھەیە و بە تایبەتیش لە مەسیحییەتدا ئەم ناکۆکیانە دەبینرێت. خاڵێک کە ڕوون نییە، ھەمان ناکۆکی نێوان شیعەو سوننەیە، کە چەندین سەدەیە بە دوای مەرگی عەلی و عومەردا درێژەی ھەیە. بەڕاستی ئەگەر موسڵمانەکان ئاقڵانە بیریان بکردایەوە، دەبووایە لەبیری حاڵی ئەمڕۆیاندا بوونایە، نەک بیریان لە ڕابردوویەکی دوورو لە یادچووەوە بکردایەوە. جارێکیات ھەمان ناکۆکی نێوان شیعەو سونیم لەگەڵ ھەندێک لە لێپرسراوانی وەزارەتی مستعمراتدا باسکرد و پێم گوتن کە: “ئەگەر موسڵمانەکان لە مانای ژیان تێبگەیشتنایە، ئەم ناکۆکیانەیان دەخستە لاوە، یەکیان دەگرتەوە و قسەی خۆیان دەکردە یەک”. لە ھەمان کۆبوونەوەدا، بەڕێوەبەی کۆبوونەوەکە قسەکانی پێ بڕیم و وتی: “تۆ دەبێت ئاگری ناکۆکی لە نێوان موسڵمانەکاندا خۆش بکەیت، نەک بێیت باسی یەکگرتن و خستنەلاوەی ناکۆکییەکانیان بکەیت!”. پێش لەوەی کە سەفەر بکەم بۆ عێراق، جێگری وەزیری مستعمرات لە کۆبوونەوەیەکدا پێی وتم :” ھمفێر، تۆ دەزانیت کە جەنگ و تێکھەڵچوونی نێوان مرۆڤەکان شتێکی ئاساییە. و لەوکاتەوە کە قابیل و ھابیل لە دایک بوون، ناکۆکیش دەستیپێکردووە و تا گەڕانەوەی مەسیحیش، ئەم جەنگ و مشتومڕە ھەروا درێژەی دەبێت. دەتوانین ناکۆکی نێوان مرۆڤەکانیش دابەشبکەین بە سەر پێنج چەمکدا:

١. ناکۆکی ڕەگەزیی (ناکۆکی نێوان ڕەش و سپی)یەکان.

٢. ناکۆکییە خێڵەکییەکان.

٣. ناکۆکی لە سەر خاک.

٤. ناکۆکییە نەتەوەییەکان.

٥. ناکۆکییە ئاینییەکان.

ئەرکی تۆ لەم سەفەرەتدا، ناسینەوەی بوعدەکانی ئەم ناکۆکییانەی نێوان موسڵمانەکانە. دەبێت ڕێگاکان و ھۆکارەکانی دوو بەرەکی و ناکۆکیەکانیان تا ڕادەی تەقینەوەیان فێر ببیت و لێپرسراوانی لەندەن لە ڕەوتی ھەواڵ و ئەو زانیارییانەی کە لەم بوارانەدا بەدەستیان دەھێنیت، ئاگادار بکەیتەوە. ئەگەر بتوانیت کە لە چەند بەشێکی وڵاتانی ئیسلامیدا جەنگی نێوان شیعەو سوننە بەرپا بکەیت، ئەوا گەورەترین خزمەتت بە به‌ریتانیای گەورەکردووە!. ژیانێکی ئاسودەو بەختەوەر بۆ ئێمەی ئینگلیز فەراھەم ناکرێت، مەگەر ئەوە کە بتوانین لە مستعمرەکانی خۆماندا ئاگری ناکۆکی، دووبەرەکی و یاخیبوون خۆشبکەین. ھەروەھا ئێمە لەکاتێکدا دەتوانین ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تێکبشکێنین کە لەشارەکان و وڵاتەکانی ژێر دەستی ئەودا، فیتنەو ئاژاوە بنێینەوە. جگە لەم حاڵەتە، چۆن دەکرێت نەتەوەیەکی بچووکی وەک ئینگلیزەکان سەرزەوییەکی پان و پۆڕ بخەنە ژێردەستی خۆیانەوە. کەواتە جەنابی ھمفێر تۆ دەبێت بە ھەموو تواناییەکتەوە ھەوڵبدەیت کەلەبەر و درزێک بدۆزیتەوە بۆ ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکی و لەوێوە دەستپێبکەیت. دەبێت ئەوەیش بزانیت کە ئێستا دەسەڵاتی عوسمانییەکان و ئێرانییەکانیش بەسەر ناوچەکەدا لاواز و لەرزۆک بووە. ئەرکی تۆ ئەوەیە کە خەڵک لە دژی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانیان ھانبدەیت و بیانجوڵێنیت بۆ یاخی بوون. بەڵگە مێژووییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ھەمیشە شۆڕشەکان لە ناڕەزایەتی و یاخیبوونەکانی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە دژ بە فەرمانڕەواکانیان. ھەر کاتێک کە ئاژاوە و پشێوی لە نێوان خەڵکی ناوچەیەکدا دروست ببێت و دەست لە ھاوڕایی و یەکگرتن بەربدەن، بە ئاسانی زەمینەی داگیرکردنیان فەراھەم دەبێت”.

***

پاش ئەوەی گەیشتمە بەسرە، ڕۆیشتم بۆ مزگەوتێکی ئەو شارە. خەتیبی مزگەوتەکە یەکێک بوو لە زانا ناسراوەکانی سوننە مەزھەب و ناوی شێخ ( عومەر طایی ) بوو. خۆمم پێناساند، بەڵام شێخ ھەر لەگەڵ یەکەمین چرکە ساتی یەکتر بینینمانەوە، بە چاوی گومانەوە سەیری کردم و دەستیکرد بە پرسیارکردن لەبارەی ناسنامە، ئەسل و فەسڵم، خێزان و پێشینەمەوە. وابزانم لە ڕەنگی ڕوخسار و لەھجەکەم کەوتە گومانەوە. لەوەڵامی پرسیارەکانی شێخدا وتم کە : خەڵکی تورکیا نیم و لە قوستەنتینیە ( ئەستەنبوڵی کۆن ـ وەرگێڕی کوردی ) قوتابی شێخ ئەحمەد بووم و لەلای خالیدی دارتاشیش شاگردبووم “. بەکورتی، ئەوەی کە لە تورکیا فێری بوو بووم، سەرلەنوێ بۆم گێڕایەوە. ھەستمکرد کە شێخ بە چاو پرسیار لە یەکێک لە ئامادەبووان دەکات، وەک دیاربوو دەیویست بزانێت کە بەتورکیەکی تەواو قسەدەکەم یان نا؟. ھەمان کەسیش بە چاو وەڵامێکی پۆزەتیڤی دایەوە. لەم ڕووەوە خۆشحاڵ بووم، چونکە توانیبووم کە تا ڕادەیەک دڵی شێخ لە خۆم ڕازی بکەم، بەڵام خۆشحاڵییەکەم شەتاو (سراب) ێکی ھەڵخەڵتێنەر بوو، چونکە پاش ماوەیەک تێگەیشتم کە شێخ ھێشتا بەچاوێکی خراپەوە سەیرم دەکات و من بە جاسوسی عوسمانییەکان دەزانێت و دەنگۆ (دیعایە)ی ئەوەش ھەبوو کە شێخ زۆر بە تووندی لەگەڵ والی بەسرەدا، کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە دیاریکرابوو، کەوتبووە نەیاری و ناکۆکییەوە و ھەرکەیان ئەویتری تاوانباردەکرد.

بەھەرحاڵ، چارەیەکم نەبوو. دەبووایە لەمزگەوتەکەی شێخ عومەرەوە بگوازمەوە بۆ کاروانسەرایەک کە شوێنی موسافیران و غەریبەکان بوو. ژورێکم لە ھەمان کاروانسەرادا بەکرێگرت. خاوەنی کاروانسەراکە، کە پیاوێکی دەبەنگ بوو، ھەموو بەیانیانێک زوو نەفەرەکانی ئیزعاج دەکرد. پاش بانگی بەیانی، کە ھێشتا دنیا تاریک بوو، بە تووندی لە دەرگاکەی دەدام و بەئاگای دەکردمەوە بۆ نوێژی بەیانی. ئەوجا ئیتر مەجبور بووم کە تا ڕۆژھەڵدەھات خەریکی خوێندنەوەی قورئان بم. کاتێک کە پێم دەگوت خۆ خوێندنەوەی قورئان یەکێک نییە لە فەرزەکان و فەرز نەکراوە، ئیتر تۆ بۆچی ئەوەندەی لەسەر دەڕۆیت، لەوەڵامدا دەیگوت کە خەوی بەیانیان ھەژاری و نەگبەتی بەدواوەیە و ھەموو دانیشتوانی کاروانسەراکە نەگبەتی دەیانگرێت. لەبەرئەوە، چارەیەکم نەبوو، جگە لەوەی ملکەچی قسەکانی ببم، چونکە ئەگەر سەرپێچیم بکردایە، ئەوا ھەڕەشەی دەرکردنی لێدەکردم. ھەموو ڕۆژیێک کە گوێم لە بانگی بەیانی دەبوو، ھەڵدەستام بۆ نوێژ و دواتریش زیاتر لە کاتژمێرک قورئانم دەخوێند. گیروگرفتەکەم لێرەیشدا کۆتایی پێنەھات. ڕۆژێکیان خاوەنی کاروانسەراکە، کە ناوی مورشیدەفەنی بوو، ھاتەلام و پێی گوتم ” لەو ڕۆژەوە تۆ ھاتوویتە کاروانسەراکەم، کێشە بەدوای کێشەدا ڕووم تێدەکات و ھۆی ئەمەش ھیچ شتێک نییە جگە لە شومی و نەگبەتی تۆ!چونکە تۆ ھاوسەرت نییە و زگورتیت. یان ئەوەیەکە بە خێرایی ژن بھێنی، یان دەبێت ژوورەکەم تەسلیم بکەیتەوە”. منیش پێم گوت ” ئاخر ئەفەندی بە چ پارەوپوڵێک ژن بھێنم؟ ” ئەمجارەیان نەموێرا کە بێتوانایی سێکسی بکەمە بیانویەک بۆ زەواج نەکردنەکەم، چونکە ئاشکرابوو مورشیدەفەنی لەو جۆرە کەسانە بوو کە بەدوای تاقیکردنەوەدا دەچێت “.

مورشیدەفەنی لەوەڵامدا پێی وتم: ” ھەی ناموسڵمانی بڕوا لاواز ! بۆچی مەگەر لە قورئاندا نەتخوێندووەتەوە کە خوای گەورە فەرمووییەتی (ئەوانەی کە ھەژارن، خوا بە گەورەیی خۆی پەکیان ناخات) . بە کورتی، سەرم لێشێواو واقم وڕمابوو کە لەگەڵ ئەم ناحاڵییەدا چی بکەم، بەڵام سەرئەنجام گوتم: زۆرچاکە ، باشە، ئەدی چۆن دەکرێت بێ پارە ژن بھێنیت ؟ ئایا تۆ بڕێک پارەم بە قەرز دەدەیتێ بۆ خەرجی سەرەتایی زەواج کردنەکەم ؟ ئەفەندی ڕۆچوو بوو بە ناو خەیاڵدا و لەبری ئەوەی باسی قەرزولحسەنە (قرض الحسنە) بکات، لە ناکاودا سەری ھەڵبڕی و ھاواریکرد: ” من نازانم چی دەڵێیت! یان ئەوەتا دەبێت زەواج بکەیت، یاخود ئەوەتا دەبێت تا یەکەمی مانگی ڕەجەب ئەم ژوورەم بۆ چۆڵ بکەیت “.

ئەو ڕۆژەش پێنجەمی (جمادی الثانی) بوو، کە تەنھا ٢٥ ڕۆژ کاتم لەبەردەمدا بوو. سەرئەنجام، لە ژێر گوشارەکانی مورشیدە فەنی خاوەن میوانخانەکەدا، ناچار بووم کە ئەوێ بەجێبھێڵم و ببمە شاگردی دوکانێکی دارتاش، بەڵام بەو مەرجەی کە شوێنی خەو و خواردنم بۆ دابین بکات و لەبەرانبەریشدا کرێیەکی کەمتر وەربگرم. بەرلەوەی مانگی ڕەجەب تەواو ببێت، گواستمەوە بۆ شوێنە تازەکەم و چوومە دوکانی دارتاشەکەوە. وەستاکەم ناوی عه‌بدولڕه‌زا بوو. پیاوێکی شەریف و بەڕێز بوو، وەک کوڕی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردم.

عەبدولڕەزا بەڕەگەز ئێرانی و شیعە مەزھەب بوو، خەڵکی خۆراسان بوو. یەکسەر ھەلەکەم قۆستەوە و دەستم بە فێربوونی زمانی فارسی کرد. ھەموو پاش نیوەڕوانێکیش، گروپک لە ئێرانییەکانی دانیشتووی بەسرە، لە دوکانەکەیدا کۆدەبوونەوە و لەبارەی ھەموو شتێکەوە، لە سیاسەتەوە بگرە ھەتا دەگاتە ئابوریی و ھەندێک جاریش دژبە حکومەتی ئیسلامی قسەوباسیان دەکرد، بەتایبەتیش لە دژی ئیمپراتۆر و خەلیفەکانی موسڵمانان کە لە ئەستەنبوڵ دانیشتبوون قسەیان دەکرد، بەڵام ھەرکە مشتەرییەکی نەناسراو خۆی بکردایە بە دوکانەکەدا، خێرا قسەکانیان دەبڕی و دەچوونە سەر باسی کێشە شەخسی و بێبایەخەکان.

لەوە تێنەگەیشتم کە چۆن متمانەیان پێکردم. ھەموو شتێکیان لەلای من باسدەکرد. دواتر تێگەیشتم کە وایانزانیبوو من خەڵکی ئازەربایجانم، چونکە بە تورکی قسەم دەکرد و ڕەنگی ڕوخسار و دەموچاویشم ئەو گومانەی لای ئەوان بەھێزتر دەکرد، چونکە وەک زۆربەی خەڵکی ئازەربیجان، ڕەنگی ڕوخسارم سوور و سپیە.

لەو ڕۆژانەی کە لەلای دارتاشەکە کارم دەکرد، لەگەڵ لاوێکدا ئاشنا بووم کە ئەویش سەردانی دوکانەکەی دەکرد و ھەر سێ زمانی تورکی، عەرەبی و فارسی دەزانی. ئەو جلوبەرگی قوتابیە دینیەکانی لەبەردەکرد و ناوی محەمەدی کوڕی عبدالوەھاب بوو. لاوێکی چاوچنۆک، خۆبەزلزان و زۆر توڕە بوو. زۆر لە حکومەتی عوسمانی بێزار بوو، بەڵام ھەقی بەسەر حکومەتی ئێرانەوە نەبوو. برادەرایەتی و مامەڵەکردنی لەگەڵ وەستاکەی مندا، ئەوەبوو کە ھەردووکیان خەلیفەکانی عوسمانیان بە دوژمنی پلەیەکی خۆیان دەزانی. من لەوە تێنەگەیشتم کە ئەم لاوە سوننەیە چۆن لەگەڵ عەبدولڕەزای شیعەدا بوو بوو بە برادەر و چۆن و لەکوێ فێری زمانی فارسی بوو بوو ؟ ھەرچەندە کە ئەمجۆرە شتانەش لە بەسرەدا ڕوودەدات و شیعە و سونیەکان، کە دانیشتووانی بەسرە پێکدەھێنن، برادەرایەتی و ھاوڕێیەتیان ھەیە و زۆرێکیش لە خەڵکی بەسرە ھەردوو زمانی عەرەبی و فارسی پێکەوە دەزانن و ھەندێکیشیان تورکییان دەزانی.

محەمەد عەبدلوەھاب، ھیچ جۆرە دەمارگیرییەکی سوننەگەرییانە و شیعەگەرییانەی نەبوو. لە حاڵێکدا کە زۆربەی سونییەکان، ھەندێک لە موفتییە سونییەکان، شیعەکانیان بە کافر دەزانی. شێخ محەمەد ھێندە پابەندی چوار مەزھەبەکە (شافعی، حەنەفی، حەمبەلی و مالکی – وەرگێڕی فارسی) نەبوو . لەو بارەیەوە دەیگوت: ئەوەی کە خوا لە قورئاندا فەرموویەتی بەسە بۆ ئێمە.

کورتە چیرۆکی چوار مەزھەبەکە بەمجۆرەیە: سەدەیەک پاش لە مەرگی پێغەمبەر، چەند زانایەکی ئیسلامی لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا پەیدابوون، کە چوار کەسیان بوونە پێشڕەوانی ئەھلی سوننە. ئەو چوارکەسەش بریتی بوون لە (ابو حنیفە)، (احمد حنبل )، (مالک) و (محمد ابن ادریس شافعی). خەلیفە عەباسییەکان، موسڵمانانیان ناچار دەکرد کە پەیڕەوی لە یەکێک لەو چوار کەسە بکەن و ڕێگایان نەئەدا کە زانایەکیتر، ھەرچەندە کە زۆریش خوێندنەوە و تێگەیشتنی لە بارەی قورئان و سوننەتەکانی پێغەمبەرەوە ھەبوو بێت، بچێتە پلەوپایەی ئیجتھادەوە. عەباسیەکان ڕێگر بوون لەبەردەمی گەشەکردنی زانستە ئاینییەکاندا. ئەمەش ببووە ھۆی بەستەڵەک (جمود)ی فکری لە نێوان موسڵمانانی سوننەمەزھەبدا. بەپێچەوانەشەوە، موسڵمانانی شیعە مەزھەب کەڵکیان لەو ڕێگایانە وەردەگرت کە سونییەکانن خستبوویانە سەر ڕێگای گەشەکردنی خۆیان. لەم لایەنەوە، شیعەکان دەستیانکرد بە بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانی خۆیان لە پانتاییەکی فراواندا. سەرەڕای ئەوە کە لە سەدەی دووەمی ھیجریدا ژمارەی شیعەکان یەک لەسەر سەدی سونییەکانی پێکدەھێنا، بەڵام بەردەوام ژمارەیان زیادی دەکرد و لەگەڵ پەیڕەوانی سونی مەزھەبدا بەرەو ھاوسەنگی دەڕۆیشتن. ئەمە شتێکی ئاسایی بوو، چونکە ئەو ئیجتھادەی کە شیعەکان بڕوایان پێی بوو، بەبەردوامی دەبووە ھۆی نوێبوونەوەی زانستی موسڵمانەکان، نوێبوونەوەی فقەی ئیسلامی و نوێبوونەوەی تێگەیشتنی قورئان و سونەت و بەوھۆیەشەوە ئاینی ئیسلامیان لەگەڵ ھەلومەرجی سەردەمدا دەگونجاند. ئیجتھاد چەکێک بوو کە دژی دۆگماتیزم بەکار دەھێنراو دەبووە ھۆی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ئایدیاکانی ئیسلام. سنوردارکردنەوەی ئیسلام لە چوار مەزھەبەکەدا و داخستنی دەرگاکانی گەڕان و داواکاری موسڵمانەکان، گوێی خۆ کەڕکردنیان لە قسە تازەکان، گوێنەدان بە پێداویستییەکانی سەردەم، چەکێکی ڕزیوو بوو کە قەناعەتی بە موسڵمانەکانیتر نەدەکرد. ئاشکرایە کە لە کاتێکدا دوژمن چەکی نوێی لەدەستدا بێت و تۆیش بە چەکی کۆن و ژەنگاوییەوە بچیتە مەیدانی شەڕەکەوە لەگەڵیدا، بە دڵنیاییەوە درەنگ یان زوو تێکدەشکێیت و دەیدۆڕێنی . بەپێی پێشبینی من، سوننە ئاقڵەکان، دەرگای ئیجتھاد بەڕووی موسڵماناندا دەکەنەوە و مژدەی ئەوەش دەدەم کەئەم کارە تا سەدەی داھاتوو ئەنجام دەدرێت وپاش لە سەدەیەک، زۆرینەی موسڵمانەکان لە شیعەکانی لایەنگری ئیجتھاد پێکدەههێێن و سوننەکانیش دەبنە کەمایەتی.

بێمەوە سەر باسی لاوە خۆبەزلزان و بەرزەفڕەکە. مەبەستم لە شێخ محەمەد عه‌بدولوه‌هابە: محەمەد توێژینەو و خوێندنەوەی تایبەتی خۆیی لەسەر قورئان و حەدیس ھەبوو. بۆ سەلماندنی ڕاستی بۆچونەکانی خۆی، پشتی بە وتەکان و بۆچونەکانی شێخەکان و زاناکانی ئیسلام دەبەست و بەڵگەی دەھێنایەوە. ئەو نەک تەنھا باسی لە باوەڕەکانی پاش ئەھلی سوننەی دەکرد، بەڵکو بیروڕاکانی ئەبوبەکر و عومەریشی دەکردە بەڵگەی قسەکانی و شارەزایی خۆیشی لە بواری فقەی ئیسلامیدا نیشاندەدا. ھەندێک جاریش ئەنجامگیرییەکانی بە پێچەوانەی بیروڕای زاناکانی ئیسلامەوە بوو. شێخ ھەمیشە دەیگوت: ” پێغەمبەری خودا تەنھا کتێب و سونەتی، وەک بنەما نەگۆڕەکان بۆ بەجێھێشتووین، بەڵام ھەرگیز نەیوتووە کە ئەسحابەکان و زانا ئاینییەکان ھەرچییەکان وت، ئیتر ئەوانە وەحی دابەزێنراوە و شایستەی گۆڕان نییە. کەواتە پێویستە لەسەرمان کە پەیڕەوی لە کتێب و سونەت بکەین، ھەرچەندەیش کە زانایان و پێشەوای مەزھەبەکان و تەنانەت ئەسحابەکانیش یەک بۆچوونیان ھەبووبێت.

ڕۆژێکیان لە نێوان ئەو و زانایەکی شیعەدا کە لە ئێرانەوە ھاتبوو، ڕەزای دارتاشیش میوانداری کردبوو، لەکاتی نانخواردندا مشتومڕێک لە نێوانیاندا ڕوویدا. ئەوکەسە ناوی شێخ جەوادی قومی بوو، ناکۆکییەکی بنچینەییان لەگەڵ محەمەددا ھەبوو، کە سەرئەنجام مشتومڕەکەیان بەخێرایی گۆڕا بۆ تووندوتیژی و بووە ھۆی دڵئێشانیان لە یەکتری. من ھەموو قسەو باسەکەیانم لە بیر نەماوە و تەنھا ئەو بەشانەی کە لە یادم ماون، لێرەدا یاداشتایان دەکەم و دەیان نووسمەوە :

شێخی قومی بەم ڕستانە باسەکەی خۆیی دەستپێکرد و بە محەمەد عه‌بدولوه‌هابی گوت: ” ئەگەر تۆ ئازادانە بیر دەکەیتەوە و بەو شێوەیەیت کە باسی خۆت دەکەیت، گوایە توێژینەوە و خوێندنەوەی پێویستت لەسەر ئیسلام ھەیە، ئەی ئەوە چۆنە کە ئێوە وەک کەسێکی شیعە ڕێز لە (عەلی) ناگرن ؟” .

محەمەد وەڵامیدایەوە: ” لەبەر ئەوەی کە عەلیش ھەروەک عومەر و ئەوانیتر قسەکانی بۆ من نەگۆڕ نییە و من تەنھا کتێب و سونەتم قەبوڵە”.

ـ شێخی قومی: ” ئەی پێغەمبەر نەیگوتووە: من شاری زانستم و عەلیش دەرگاکەمە ( انا مدینە العلم و علی بابھا) لێرەوەیە کە جیاوازییەکی لە نێوان عەلی و ئەسحابەکانیتردا کردووە”.

ـ محەمەد عه‌بدولوه‌هاب: ” ئەگەر وایە، کەواتە پێغەمبەر دەبووایە بیگوتایە: کتێب و عەلی کوڕی ئەبوتالیبم بۆ بەجێھێشتوون”.

ـ شێخی قومی: ” بەڵێ ڕاستە کە وای وتووە. لەو شوێنەدا کە دەڵێت: کتێب و بنەماڵەکەم بۆ ئێوە بەجێھێشتووە (انی تارک فیکم الثقلین ، کتاب اللە و عترتی) . ئاشکرایە کە عەلی گەورەی بنەماڵەکەی پێغەمبەرە”.

محەمەد عه‌بدولوه‌هاب نکوڵی لەم حەدیسە کرد، بەڵام شێخی قومی بە بەڵگەی تەواوەوە سەلماندی کە عەلی جێگری پێغەمبەرە. محەمەد عه‌بدولوه‌هاب کە لەو بارەیەوە بێدەنگ بوو، وەک دیار بوو وەڵامێکی بەرانبەر بە شێخی قومی پێنەبوو، بەڵام لە پڕێکدا بە ناڕەزایەتییەوە بە شێخی گوت: (پێغەمبەر تەنھا قورئان و بنەماڵەکەی بۆ ئێمە بەجێھێشتووە، کەواتە چارە چییە؟). شێخی قومی وەڵامی دایەوە :” سونەت ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردنی کتێبەکەی خودایە، شتێکی لەمە زیاتر نییە. پێغەمبەری خوا فەرموویەتی کتێبەکەی خوا و بنەماڵەکەم، واتە کتێبکەی خوا لەگەڵ شەرح و تەفسیری ئەودایە کە ناونراوە سونەت، لایەنێکیتر بۆ دووبارەکردنەوەی سونەت نەماوەتەوە.”.

محەمەد عه‌بدولوه‌هاب وتی: ” بە پێی قسەکاتی تۆ بێت (عترت) ، یان ئەھلی بەیتیش تەفسیر و قسەی خودایە، ئەی بۆچی ئەمە بۆ دەقی حەدیس زیادکراوە.”.

شیخی قومی وەڵامی دایەوە: ” پاش لە مردنی پێغەمبەری خوا، ئومەت پێویستی بە شەرح و تەفسیر قورئان ھەبووە، چونکە ئەحکامەکانی پێیویستیان بە گونجاندن ھەبوو لەگەڵ ھەلومەرجی ژیاندا. لەم ڕووەوە بوو کە پێغەمبەر لەگەڵ زانینی پێشتریدا، کتێبەکەی خوای بە بنەمایەکی نەگۆڕ زانیووە، ئەھلی بەیتیش وەک تەفسیرکەران و ڕوونکەرەوەکانی ئەو کتێبە، سپاردوویەتی بە پێداویستییەکانی سەردەم “.

چێژێکی زۆرم لەم گفتوگۆیانە وەردەگرت و سەرم لێیان سوڕ دەما. بینیم کە محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب لە بەرانبەر شێخ جەوادی قومیدا، کە پیاوێکی بە تەمەن بوو، وەکو ئەو باڵندەیە لێھاتبوو کە دەبێت بە داوی ڕاوچییەکەوە و ئیتر توانای فڕینی نامێنێ، تەنھا ئەوە نەبێت کە لە شوێنی خۆیدا باڵەتەپە دەکات .

پاشماوەیەک لە ئاشنا بوون و مامەڵەکردنم لەگەڵ محەمەد عه‌بدولوه‌هابدا، بەو ئەنجامە گەیشتم کە کەسێکی شیاوە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی بەریتانیا لە ناوچەکەدا و تواناییەکی باشی ھەیە بۆ ھەمان مەبەست. گیانی خۆ بەزلزانی، لەخۆباییبوونەکەی، پلەو پایەخوازیەکەیی و دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ زانایانی ئاینی و مەرجەعەکانی ئیسلامدا، ملھوڕییەکەی بە ئاستێک گەیشتبوو کە خەلیفەکانی ڕاشیدینیشی دەخستە ژێر ڕەخنەوە. ئەنجامگیرییەکانی ئەو لەسەر قورئان و حەدیسەکان، کە جیاوازییەکی ئاشکرای لەگەڵ واقعدا ھەبوو، گەورەترین خاڵی لاوازی ئەو بوو کە دەکرا کەڵکیان لێوەربگیرێت و بقۆزرێنەوه‌.

ئەم لاوە مەغرورە لە کوێ و ئەو زانا پیرەمێردەی تورکی دانیشتووی ئەستەنبوڵ لە کوێ، کە ھەرگیز گۆڕانکاریەک لە بیروڕا و ڕەفتاریدا بەرانبەر بە ھەزار ساڵ لەوەپێش ڕووی نەدابوو. پیرەمێردی حەنەفی مەزھەبی ئەستەنبوڵی، کاتێک کە دەیویست ناوی ئەبوحەنیفە بھێنێت، ھەڵدەستا و دەستنوێژی دەگرت. یان بۆ نموونە لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەی (صحیح بخاری)دا، کە یەکێکە لەسەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی سوننەکان، زۆر ڕێزی لێدەگرت و ئەوەی کردبووە فەرز کە دەبووایە پێش لەوەی دەستببات بۆ ئەو کتێبە دەستنوێژی بگرێت و پاشان دەیخوێندەوە. شێخ محەمەد عه‌بدولوه‌هاب ڕێک بە پێچەوانەی شێخ ئەحمەد ئەستەنبوڵییەوە بوو. محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب سوکایەتی بە ئەبوحەنیفە دەکرد و ھیچ ڕێزێکی بۆ دانە دەنا. ئەو دەیگوت: ” من زیاتر لە ئەبوحەنیفە دەزانم ” و پێیشی وابوو کە نیوەی کتێبی (صحیح البخاری ) شتی بێ مانا و قسەی پووچە.

بە ھەرحاڵ، پەیوەندی خۆمم لەگەڵ محەمەدا پتەو کرد و ووردە ووردە برادەرایەتییەکی بەھێز لە نێوانمادا دروست بوو. من بە بەردەوامی ئەوەم بە گوێی محەمەددا دەدا کە خوا بەھرەیەکی گەورەو بلیمەتانەی پێ بەخشیویت، کە لە عەلی و عومەریش گەورەتر و بە تواناتریت. پێم دەگوت کە: ” ئەگەر تۆ لەسەردەمی پێغەمبەردا بژیبایتایە، بە دڵنیاییەوە دەکرایت بە جێنشینی ئەو”. ھەمیشە بە شێوەیەکی دڵخوازانە و ئارەزومەندانە قسەم لەگەڵدا دەکرد و پێم دەگوت: ” ھیوادارم ئەو ئاڵوگۆڕەی کە دەبێت بەمزووانە لە ئاینی ئیسلامدا ڕوو بدات، لەسەردەستی تۆدا بێت، چونکە تەنھا تۆ دەتوانیت ئیسلام ڕزگار بکەیت لەم داڕمانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی بووەتەوە. ھەمووان چاوی ھیوا و ئومێدیان لەسەر تۆیە  تا ئاینی ئیسلام لە ھەرەس و داڕمان ڕزگار بکەیت “.

لەگەڵ محەمەددا ژوانێکمان دیاریکرد، بەو مەبەستەی کە لەسەر تەفسیری قورئان لەسەر بنەمای ھزرە نوێیەکان، نەک لەسەر بنەمای بیرو باوەڕی ئەسحابە و پێشەوایانی ئاینی ئیسلام، زانا و موفسیرەکان قسەو باس و گفتوگۆیەک بکەین. پێکەوە قورئانمان دەخوێندەوە و قسەو باسمان لەسەر دەکرد. نەخشەکەی من ئەوە بوو کە بە ھەر شێوەیەک بووە محەمەد بخەمە داوی وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیزەوە.

محەمەد کە کەسێکی بەرزەفڕ و خۆپەرست بوو، توانیم پلەبەپلە بیخەمە ژێر کاریگەری قسەکانمەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە بە خەیاڵی خۆی و بۆ سەرنجڕاکێشانی من، خۆی لەوە بەکەمتر بە من دەناساند کە لە ڕاستیدا لە خۆیی ڕادەبینی .

جارێکیان پێم گوت: ” ئایا جیھاد واجبە؟”. وەڵامی دایەوە: ” ئەی چۆن واجب نییە . ئەی خودا نافەرمێت : لەگەڵ کافرەکاندا بجەنگن”. منیش وتم: ” خودا دەفەرموێت لەگەڵ کافرکان و منافقەکاندا، واتە لەگەڵ ھەردووکیاندا شەڕ بکەن. ئەگەر جیھاد لە دژی کافرەکان واجبە، ئەی بۆچی پێغەمبەر خۆی شەڕی لەگەڵ مونافیقەکاندا نەکرد؟”. محەمەد وتی: ” ئاخر خۆ جیھاد ھەر لە مەیدانی جەنگدا نییە. پێغەمبەر بە کردار و بە ڕەفتار جەنگی لەگەڵ منافقەکاندا دەکرد”. منیش گوتم : ” کەواتە لەم حاڵەتەدا، جییھاد لەگەڵ کافرەکان و منافقاندا بەکردار و بە ڕەفتار واجبە”. محەمەد وەڵامی دامەوە و وتی: ” نەخێر ! چونکە پێغەمبەر لە مەیدانی جەنگدا دژ بەکافرەکان جیھادی کردووە”. منیش وتم :” جەنگی پێغەمبەر لەگەڵ کافرەکەندا بە مەبەستی بەرگریکردن بووە لە خۆی، چونکە کافرەکان دەیانویست بیکوژن”. محەمەد وەک نیشانەی ھاوڕابوونی خۆی لەگەڵمدا، سەری بۆ قسەکانم لەقاند و ئینجا من ھەستمکرد کە لە کارەکەمدا سەرکەوتنم بەدەستێناوە.

ڕۆژێکیتر پێم گوت: ” ئایا ڕێگا بە سیغەکردنی ژنان دراوە؟”. محەمەد لە وەڵامدا وتی: “ھەرگیز”.  منیش وتم: ” ئەی بۆچی قورئان ڕێگای بەوە داوە کە چێژ لە ژنان وەربگیرێت و لە بەرانبەریشدا کرێ و ھەقی خۆیان بدرێتێ؟. فما استمتعتم بە منھن فاتوھن اجروھن ـ ئایەتی ٢٤ لە سورەتی النساء). محەمەد لە وەڵامدا وتی:

“بەڵێ! بەڵام عومەر متعەی حەرام کردووە (موتعە کە لە سەردەمی پێغەمبەردا حەڵاڵ بوو، من حەرامی دەکەم و ھەرکەسێکیش ئەم کارە بکات سزای دەدەم ـ متعتان کنتا علی عھد الرسول اللە وانا احرمھا و اعاقب علیھما).”. پێم وت: “سەیرە! ئەی تۆ چۆن خۆت لە عومەر بە زیرەکتر دەزانیت ؟ ئەمە لە حاڵێکدایە کە خۆت پەیڕەوی لە قسەکانی دەکەیت. ئاخر عومەر بە چ ھەقێک دەڵێت کە: پێغمبەر حەڵاڵی کردووە و منیش حەرامی دەکەم. ئەی تۆ بۆچی حوکمەکانی قورئانت لە بیری خۆت بردووەتەوە و تەسلیمی بیروڕاکانی عومەر بوویت؟”. محەمەد لە بەرانبەر ئەم قسانەمدا بێدەنگ بوو. ئەو بێدەنگییەشی نیشانەی ڕازی بوون و ھاوڕابوونی بوو لەگەڵ قسەو پرسارەکانمدا. پاش ئەوەی کە لە سەر مەسەلەی سیغەکردن قەتاعەتم پێکرد، ئینجا دەستمکرد بە بزواندنی غەریزە سێکسیەکانی. لەبەرئەوە کە لاوێکی زگورتی و بێ ھاوسەر بوو، ئەوجا سەری قسەم لە بارەی سیغەکردنەوە بۆ کردەوە و لێم پرسی: ” ئایا حەزت لە سیغەکردن ھەیە و تام و چێژی لێوەردەگریت؟”. بینیم کە وەک نیشانەی ڕازیبوون و ھاوڕابوونی لەسەر سیغەکردن، سەری داخست و لەو بارەیەوە ھیچی نەگوت.

من بە باشترین ھەلەکانی مەئموریەتەکەم گەیشتبووم. بەڵێنم دایە کە ژنێکی بۆ سیغە بکەم. تەنھا نیگەرانی من لەو ڕووەوە ئەوە بوو کە محەمەد لە سونییەکانی بەسرە بوو، سونییەکانیش دژی سیغەکردن بوون، خەمی ئەوەم ھەبوو کە ترسێک بکەوێتە دڵی محەمەدەوە و لە سیغەکردنەکە پەشیمان ببێتەوە، بەڵام دڵنیایشم کرد کە ئەم شتە بە نھێنی دەمێتێتەوە و تەنانەت ناوی ئەویش بە ژنەکە ناڵێم. پاش ئەو گفتگۆیەمان، من یەکسەر ڕۆیشتم بۆ ماڵی ژنە سۆزانییەکی مەسیحی، ئەو ژنە بە ئاگاداری وەزارەتی مستعمرات لە شاری بەسرەدا لەشفرۆشی دەکرد و لاوە موسڵمانەکانی تووشی فەساد دەکرد. مەسەلەکەم بۆ ئەو ژنە باسکرد و پاش ڕازیبوونی، ناوی (صفیه‌)م بۆ دۆزیەوە و بڕیار بوو کە لەگەڵ شێخدا پێکەوە بڕۆین بۆ ماڵیان. پاش لەڕازیبوونی شێخ، لە ڕۆژی دیاریکراودا بڕیارماندا بڕۆین بۆ ماڵی سه‌فیه‌. جگە لە خاوەن ماڵ، ھیچ کەسێکیتری لێنەبوو. پاش ئەوەی کە محەمەد کرێی سیغەکردنی ھەفتەیەکی دایە و مۆری سیغەکردنەکەیش سکەیەکی زێڕبوو، بۆ ماوەی یەک ھەفتە سه‌فیه‌ی کرد بە ژنی خۆی. بەکورتیەکەی، سه‌فیه‌ لە ناوە و منیش لە دەرەوە، دەستبەکار بووین بۆ ئامادەکردنی محەمەد عه‌بدولوه‌هاب بۆ کار و ئامانجەکانی داھاتوومان. سه‌فیه‌ تامی شیرینی خستنە ژێر پێی ئەحکامەکانی دین و سەربەستی فکری و ئازادی بە محەمەد چەشتبوو.

ڕۆژی سێیەمی پاش زەواجە سیغەکە، محەمەدم بینییەوە و دووبارە قسەو باسەکانمان دەستپێکردەوە. ئەمجارەیان گفتگۆکەمان لەسەر حەرامکردنی شەراب بوو لە ئیسلامدا. بڕیارمدا ئەو ئایەت و حەدیسانە ڕەتبکەمەوە کە ئەو لەسەر حەرامکردنی شەراب بڕوای پێیان ھەبوو.  پێم گوت: ” ئەگەر شەراب خواردنەوەی معاویە، یەزد و خەلیفەکانیتری بنی ئومەییە و بنی عەباسیش بە ڕاست بزانین، ئەی چۆن دەبێت ڕەوابێت کە ئەم پێشەوایانەی دین، ھەموویان فێڵباز بن و تەنھا تۆ بە ڕێگای ڕاستدا بڕۆیت؟ بێگومان ئەوان لەمن و تۆ باشتر لە کتێبی ئاسمانی و سونەتەکانی پێغەمبەر تێگەیشتوون و زانیویانە. بەم پێیەش دەکرێت بڵێین کە تێگەیشتنی ئەوان لە حوکمەکانی خوا و سونەت، حەرامکردنی شەراب نەبووە، بەڵکو حەزلێنەکردن و بێزاری ئەوان بووە لە شەراب خواردنەوە. جگە لەوەش، لە کتێبە پیرۆزەکانی یەھود و مەسیحدا، کێشەی شەراب خواردنەوە ڕوونکراوەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەم ئاینانەیش، ئاینی خودایی بوون و پێغەمبەرەکانیشیان لەلایەن ئیسلامەوە تەیدکراون. ئەی ئەوە چۆنە کە تەنھا لە ئاینێکی خوداییدا شەراب حەلاڵە و لە ئاینێکیتریدا شەراب حەرامکراوە؟ ئایا ئەم ئاینانە ھەموویان ئاینی ھەق نین و لە لایەن خودای تاک و تەنھاوە نەنێردراون؟ ئێمە  چیرۆکێکمان لەبەردەستدایە دەیسەلمێنێ کە عومەریش شەرابی خواردووەتەوە ھەتا ئەو کاتەی کە ئایەتێک لەو بارەیەوە دابەزیووە (ئایا تۆ دەست لە شەراب خواردنەوەو قومار ھەڵدەگریت ـ وھل انتم منتھون ـ سورەی الاعراف ئایەتی ٩١ ـ وەرگێڕی فارسی) ئەگەر شەراب خواردنەوە حەرام بوو، ئەی بۆچی پێغەمبەر گوناھی شەراب خواردنەوەی داوەتە پاڵ عومەر، ئەمە لە کاتێکدایە کە عومەر لەسەر ئەو گوناھەی سزا نەدراوە و ئەمەیش بەڵگەیە بۆ حەڵاڵ بوونی شەراب .”.

محەمەد عبدالوەھاب بەوردی گوێی بۆ قسەکانم ڕاگرتبوو. پاشان دەمی کردەوە و وتی: ” لە خەبەرەکانی ئەو ڕۆژگارەدا ھاتووە کە عومەر شەرابی لەگەڵ ئاودا تێکەڵ کردووە تا تایبەتمەندی مەستکردنی لێدەربچێت و پاش ئەوەی کە ئەلکھوڵەکەی کەمکردووەتەوە، ئینجا خواردوویەتییەوە. لەو ڕووەیشەوە بوو کە دەیگوت شەراب حەرامە، نەک خودی شەرابی حەرامکردبێت. شەرابێک کە سەرخۆشت نەکات، ئەوا ئەو شەرابە حەرام نییە”. شێخ لە ئاڕاستەکردنی بیروبۆچوونەکانی خۆیدا لەمەڕ شەراب خواردنەوە، ئەنجامگیرییەکەی عومەری دەکردە بەڵگەی ڕاست و دروستی ئایەتەکە، چونکە خوا دەفەرموێت: ” شەیتان دەیەوێت لە ڕێگای شەراب و قومارەوە دوژمنایەتی و کینە لە نێوانتاندا دروست بکات و خوا و نوێژتان لەبیر بباتەوە ـ (انما یرید الشیطان ان یوقع بینکم العداوە والبغضاء فی الخمر والعسیر و المیسر ویصدکم عن ذکر اللە وعن الصلوە). ئەگەر شەرابێک سەرخۆشت نەکات و ئەو ئەنجامە خراپانەی لێنەکەوێتەوە، ئەو شەرابە حەرام نییە”.

ئەو قسەو باسانەی کە لەبارەی شەراب خواردنەوە لەگەڵ محەمەددا کردبووم، ھەموویم بۆ سه‌فیە گێڕایەوە و جەختم لەسەر ئەوەکرد ھەلەکەم قۆستووەتەوە و تا دەتوانیت شەرابی بدەرێ و شێخ سەرخۆش بکە. ڕۆژی دواتر سه‌فیە پێی وتم کە پێکەوە شەرابێکی زۆریان خواردووەتەوە و شێخ محەمەد وای لێھاتووە کە لەسەرپێ خۆی پێڕانەگیراوە و لە کۆتایی شەویشدا چەندین جار ھەوڵیداوە کە سێکسی لەگەڵدا بکات، بەڵام توانای نەبووە. بە کورتییەکەی، من و سه‌فییە توانیبوومان کە بە تەواوی شێخ کۆنترۆڵ بکەین. لەو کاتەدا بوو قسە زێڕینییەکانی وەزیری مستعمرات ھاتەوە یادم کە لەکاتی خوداحافیزیدا پێی گوت بووم: ” ئێمە بە شەراب و سێکس توانیمان ئیسپانیا لە کافرەکان ـ مەبەستی لە موسڵمانەکان بوو ـ بستێنینەوە و دەبێت ھەموو وڵاتاکانیتریش بەم دوو فاکتەرە وەربگرینەوە ،”.

لە درێژەی قسەو باسەکانماندا لە بارەی ئاینەوە، ڕۆژێکیان لەگەڵ شێخ محەمەددا باسی ڕۆژوگرتنم ھێنایە کایەوە و پێم گوت: ” قورئان دەڵێت: ئەگەر ڕۆژو بگریت باشترە ـ ان تصموا خیرلکم ـ لەبەرئەوە، ڕۆژوگرتن لە ئیسلامدا دڵخوازانەیە نەک واجب”. لەو کاتەدا شێخ بە شپرزەییەوە پێێ وتم: ” تۆ دەتەوێت من لە دین ھەڵبگێڕیتەوە! “.

منیش پێم گوت: ” محەمەد! ئاین ھیچ شتێک نییە جگە لە دڵخۆشکردن، سەلامەتی گیان و ھاوسەنگییەکی دەرونی. ئەم حاڵەتەیش مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە دەستدرێژی و تەعداکردن بۆسەر کەسانیتر. باشە ئەی مەسیح نەیگوتووە کە: دین عەشقە و ئەمەش لە قورئاندا ھاتووە ـ پەروەردگارت بپەرستە تا دەستت دەگات بە یەقین ـ واعبد ربک حتی یاتیک الیقین” ئێستا ئەگەر مرۆڤێک دەستی بە یەقین ڕاگەیشتبێت، بڕوای بە خودای دەسەڵاتدار ھەبێت، دڵی پڕ بووبێت لە بڕواو کردەوەی باش ئەنجام بدات، ئیتر چ پێویستییەکی بە ڕۆژوگرتن ھەیە؟ چونکە بە بەرزترین پلە و پایەی مرۆیی گەیشتووە.”

محەمەد عبدالوەھاب، ئەمجارەیان بە تووندی نکوڵی لە قسەکانم کرد و بە تووندی قسەکانمی ڕەتکردەوە و بێزاری خۆی لە قسەکانم دەربڕی. جارێکیتریشیان پێم گوت کە: ” نوێژ واجب نییە”، لێی پرسیم ” بۆچی واجب نییە؟”. وتم: ” خوا لە قورئاندا دەڵێت: نوێژ لە بەرئەوەیە کە ناوی منتان لەبیر نەچێتەوە و ناوی من فەرامۆش نەکەن ـ واقم الصلات لذکری ـ کەواتە مەبەست لە نوێژکردن لەبیرنەچوونەوەی ناوی خوایە و تۆ دەبێت لە باتی نوێژ کردن، ناوی خودات لەسەر زاربێت”. محەمەد وتی: ” بەڵێ گوێم لێبووە کە ھەندێک لە زانایانی ئاینی لە کاتەکانی نوێژدا تەنھا ناوی خودا دووبارە دەکەنەوە و ئیتر نوێژ ناکەن”. زۆر خۆشحاڵ بووم بەم ددانپیانان (اعتراف)ەی محەمەد، بەڵام تا ماوەیەک خۆم لەوە لائەدا کە پێی بڵێم واز لە نوێژ بھێنە و نوێژمەکە. محەمەد بە دوای ئەوەدا، جار نە جارێ نوێژی دەکرد، بە تایبەتی نوێژی بەیانیانی نەدەکرد و شەوەکانیش ھەتا درەنگ نەدەخەوتین. ھەر لەبەرئەوەش بوو کە بەیانیان توانای لە خەوهەستان و دەستنوێژگرتنی نەبوو.

بە کورتییەکەی، توانیم کە وردە وردە بەرگی ئیمان لەبەری شێخدا دابکەنم. ھەموو ڕۆژێک درێژەمان بە قسەوباسە بە تام و بە چێژەکانمان دەدا. جارێکیان، سەرئەنجام باسەکەم ھێنایە سەر پێغەمبەر، بەڵام لە ناکاودا ڕوخساری گۆڕاو بێمەیلی خۆی لە چوونە سەر باسی پێغەمبەر دەربڕی و پێی وتم: ” ئەگەر سوکایەتی بە پێغەمبەری خوا بکەیت، ئەوا پەیوەندییەکەمان تێکدەچێت و پەیوەندیمان نامێنێت”. منیش لە ترسی ئەوەی کە ھەرچییەکم ڕستووە نەبێتەوە بە خوری، به‌ ناچاری بابەتەکەم گۆڕی و ھیچ قسەیەکم لە بارەی پێغەمبەرەوە نەکرد.

لەوە بەدوا ئامانجی من ئەوە بوو کە ھزری ڕابەری و پێشەوایەتی لە کەسایەتی محەمەد عه‌بدولوه‌هابدا دروست بکەم. ھاتمە سەر ئەو قەناعەتەی کە شۆرببمەوە بە ڕۆحیدا و ڕێگای سێیەم، واتە جگە لە مەزھەبی شیعە و سونی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری موسڵمانانی بۆ پێشنیار بکەم. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیش، دەبوایە کە مێشکی لە ھەموو ئەو ئەوشتانە پاک بکەمەوە کە پێی گۆشکراوە و تووشی دەمارگیری کوێرانەی کردووە و لە ئەنجامیشدا ھەستی بیری ئازادی تێدا بەھێز بکەم. سه‌فیەیش بۆ ئەم کارە گرەنگە ھاوکاری دەکردم، چونکە محەمەد شێت و شەیدای بووبوو. ھەموو ھەفتەیەکیش سیغەکەی نوێ دەکردەوە. بە کورتیەکەی، سه‌فیە سەبر و ئۆقرەی لە شێخ بڕی بوو.

لە دیدارێکماندا بە شێخ محەمەدم گوت: ” ئایا ڕاستە کە پێغەمبەر لەگەڵ ھاوەڵەکانی خۆیدا ھاوڕێ بووە؟”. لە وەڵامدا وتی: ” بەڵێ “. دیسان لێمپرسی “ئایا حوکمەکانی ئیسلام ھەمیشەیین یان کاتین؟” لە وەڵامدا وتی: ” بێگومان ھەمیشەیین، چونکە پێغەمبەر دەفەرموێت: حەڵال تا ڕۆژی قیامەت حەڵاڵە و حەرامیش تا ڕۆژی قیامەت حەرامە – حلال محمد حلال الی یوم القیامە و حرام محمد حرام الی یوم القیامە”. بێ پەروا پێم وت: ” دەبێت ئێمە پابەندی سونەتەکانی ئەو بین و لەگەڵ یەکتردا برادەر و ھاوڕێ بین “. ئەو پێشنیارەکەمی قەبوڵکرد و لەوە بەدواوە لەکاتی سەفەر و سەفەرنەکردندا پێکەوە دەبووین .

بەردەوام ھەوڵی ئەوم دەدا ئەو درەختی میوەیەی کە ناشتبووم و خۆشەویسترین ڕۆژەکانی تافی لاویم کردبووە قوربانی سەوز بوون و گەشەکردنی، ھەرچی زووترە بەرھەمەکەی بچنمەوە.

ھەروەکو ڕابردوو، ھەموو مانگێک ڕاپۆرتی کارەکانی خۆم دەناردەوە بۆ وەزارەتی مستعمرات. ڕاپۆرتنووسین خوییەک بوو کە لە ھەمان سەرەتای دەستبەکاربوونمەوە لەگەڵیدا ڕاھاتبووم و لە ساتەوەختی دەرچوونمەمەوە تا گەڕامەوە بۆ لەندەن، لە ناردنی ڕاپۆرتەکاندا کورتم نەدەھێنا. ئەو وەڵامانەی کە لە لەندەنەوە پێمدەگەیشتن، ھەموویان ھاندەر و ھیوا بەخشبوون و سوورتریان دەکردم لەسەر ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی کە پێم سپێردرا بوو. ئەو ڕێگایەی کە لەبەردەمی من و محەمەددا بوو، بە خێرایی دەمانبڕی. ھەرگیز وازم لە محەمەد نەدەھێنا و بە شوێن ئەوە بووم کە گیانی ئازادی و گومان لە بیروڕاکانیدا بەھێزتر بکەم. ھەمیشە ھیوا و ئومێدی ئەوەم پێدەبەخشی کە ئەو دواڕۆژێکی ڕووناک و پرشنگداری ھەیە و لە بارەی توانایی شکانی بەسەر مەسەلە ئاینییەکاندا، ھەمیشە بە شان و باڵیدا ھەڵمدەدا. جارێکیان بە درۆ پێم گوت: ” ئەم شەو لە خەومدا پێغەمبەرم بینی لەگەڵ ژمارەیەک لەو خەتیبانەدا کە لە مینبەرەکانەوە وەسفی دەکەن، لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، دەوروبەری پڕ بوو لە زانایان و پیاوە گەورەکان، بەڵام من ھیچیانم نەدەناسی. لە ناکاودا تۆیش ھاتیتە ژوورەوە و ناوچاوانت نوری لێدەباری. کاتێک کە گەیشتیتە لای پێغەمبەر، ئەویش بەڕێزەوە ھەستا و ناوچاوانتی ماچکرد و پێی گوتیت: ئەی مەحەمەدی ھاو ناوی من !.. تۆ میراتگری زانست و جێنشینی منیت لە بەڕێوەبردنی کارو باری دین و دنیایی موسڵماندا”. تۆیش گوتت: ” ئەی ڕەسوڵی خودا، من لەوە دەترسم ئەو ھەموو زانست و زانیاریەی کە ھەمە بۆ خەڵکی ئاشکرا بکەم!” پێغەمبەر فەرمووی:” ئەی محەمەد! دوودڵ مەبە، چونکە تۆ لەوە بڵندتریت کە خۆت بیر لە تواناییەکەت دەکەیتەوە!”.

کاتێک کە محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب ئەفسانەی خەوە درۆینەکەمی گوێ لێبوو، ھەر خەریک بوو لە خۆشییاندا بفڕێت. لە بارەی خەوە درۆینەکەمەوە لێیدەپرسیم: ” ئایا تۆ ڕاستگۆیت لە گێڕانەوەی خەوەکانتدا؟”. ھەمیشە پێم دەگوت کە دڵنیابە لە ڕاستگۆییم. لە ھەمان چرکەساتی گێڕانەوەی خەوە درۆینەکەمدا، بە تەواوی ھەستم بەوەکرد کە محەمەد بڕیاری پەیگیرانەی خۆیداوە بۆ ڕاگەیاندنی مەزھەبە نوێیەکەی خۆی.

***

لە گەرماوگەرمی ئەم ڕۆژانەدا بوو کە نامەیەکم لە لەندەنەوە پێگەیشت و داوایان لێکردبووم کە بەزوویی سەفەر بکەم بۆ شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا، ئەو شوێنانەی کە قیبلەی ئاوات و ھیوای شیعەکان و ناوەندی زانستی ئاینی و ڕوحانییەکانە . لەسەرەتادا بە پێویستی دەزانم کە ئاماژەیەکی ھەرچەندە کورتیش بێت بە پێشینەی ئەم دوو شارە پیرۆزە بکەم.

گرنگی شاری نەجەف خۆی لە ناشتن و بەژێرخاککردنی ئیمامی عەلی، واتە چوارەمین خەلیفەی موسڵمانەکاندا دەبینێتەوە و لە پاش مردنی ئیمامی عەلییەوە، ئەو شارە بە بەردەوامی بەرەو ئاوادانبوونەوە و فراوانبوونەوە دەڕوات. نەجەف لە کاتی کوشتنی ئیمامی عەلیدا، سەرزەوییەک بوو کە دەکەوتە ٦ کیلۆمەتری شاری کوفەی ناوەندی خەلافەتەوە و دەتوانیت ماوەی نێوان کوفەو نەجەف بە یەک کاتژمێر ببڕیت. دوای کوشتنی ئیمامی عەلی، دوو کوڕەکەی ئەو (حەسەن و حسەین)، تەرمەکەیان بە نھێنی ھێنایە ئەم شوێنەی کە ئێستا ناوی لێنراوە نەجەف و بەشەو کردیان بەژێرخاکەوە. ئێستا نەجەف یەکێکە لە شارە گەورەکانی وڵاتی ڕافیدەین و لە شاری کوفەیش گەورەترو ئاوادانترە. حەوزەی زانستی شیعە لە شاری نەجەفدایە . بازاڕەکان، قوتابخانەکان و خانووەکانی ساڵ بە ساڵ زیاد دەکەن . زانایانی ئەم شارە لەلایەن خەڵکەوە ڕێزێکی زۆریان لێدەگیرێت. خەلیفەی عوسمانییەکان کە لە ئەستەنبوڵدا نیشتەجێن، لەبەر ئەم ھۆیانەی لای خوارەوە ھەمیشە بەھوشیاریەوە مامەڵەیان لەگەڵ شیعەکاندا دەکرد:

١. پاشای ئێران پەیڕەوی لەمەزھەبی شیعە دەکات و ڕێزلێنانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش لە زانایانی ئاینی نەجەف، دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی پەیوەندی دۆستانەی ئێران و تورکیا و ئەمەیش لە دوائەنجامدا ڕێگا لە ھەڵگیرساندنی ئاگری شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەگرێت.

٢. عەشایرێکی زۆر لە دەوروبەری نەجەفدا دەژین، کە ھەموویان چەکدارن و لە پەیڕەوانی تووندڕەوی زاناو مەرجەعەکانی شیعەن. سەرەڕای ئەوە کە ئەوان مەشقی سەربازییان نییە و خەریکی کاروبارو ژیانی خێڵەکییانەی خۆیانن، بەڵام قەبوڵی سوکایەتیکردن بە زاناو مەرجەعەکانیشیان ناکەن و ئەگەر لە کاتێکدا سوکایەتی بە زاناکانیان بکرێت، ئەوا ھەموویان لەدژی عوسمانییە سونی مەزھەبەکان یەکدەگرن و یاخی دەبن. لەبەرئەوە، ئەوە کارێکی ئاقڵانە نابێت کە خەلافەتی ئەستەنبوڵ خۆیان بخەنە ناو مەترسییەکی ئەوھاوەو سوکایەتی بە زانا ئاینییەکانی شیعەو مەرجەعەکانیان بکەن.

٣. زانایانی شیعە، لە جیھانی تەشەیعدا مەرجەعییەتی تەواوەتیان ھەیە. لەوڵاتانی ھیند، ئەفریقاو شوێنەکانیتردا، شیعەکان بوونیان ھەیە و ئەگەر لەلایەن عوسماتییەکانەوە بچووکترین سوکایەتیان پێبکرێت، جیھانی شیعە، تووشی بارگرژی و پشێوی دەبێت و ئەمەش لەقازانجی حکومەتی تورکیادا نابێت .

کەربەلا دووھەمین شاری پیرۆزی شیعەکانە . ئەم شارەیش پاش لە کوشتنی حسەینی کوڕ عەلی ئەبو تاڵیب و فاتمەی زەھرا ڕووی لە ئاوادانیکردووە . خەڵکی عێراق داوا لە حسەین دەکەن کە بۆ وەرگرتنی کاری خەلافەتی موسڵمانان لە حیجازەوە سەفەر بۆ کوفە بکات، بەڵام ھەرکە حسەین وخێزانەکەی دەگەنە کەربەلا، خەڵکی عێراق ڕای خۆیان دەگۆڕن و پشتی تێدەکەن و بە فەرمانی یەزد، خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن .

یەزیدی کوڕی معاوییە خەلیفەی ئەمەوی بوو کە لە شامدا حوکمی دەکرد. سوپاکەی ئەمەوی شەڕیان لەگەڵ حسەین و بنەماڵەکەیدا کرد و سەرئەنجام ھەموویان کوشتن. ئەم ناجوامێرییەی خەڵکی عێراق و ئەم دڵڕەقییەی سوپاکەی یەزید، پەڵەیەکی ڕەشە بە تەختی تەوێڵی مێژووی ئیسلامەوە. لەو مێژووە بە دواوە، شیعەکانی جیھان کەربەلایان کردە ناوەندی زیارەتکردن، عیبادەت و شوێنی پەیوەندی خۆیان بە ڕۆحانییەکانیانەوە و لەھەموو لایەکەوە سەردانی دەکەن. کەربەلا ھەندێک جار ئەوەندە قەرەباڵغ دەبێت کە ھەرگیز لە مەسیحییەتدا قەرەباڵغییەکی لەو جۆرە نەبووە. لە شاری کەربەلادا زانایان و مەرجەعەکانی شیعە سەرقاڵی تەرویجکردنی بنەماکانی ئاینی ئیسلامن. قوتابخانەکان پڕن لە قوتابییە دینییەکان ولە ڕاستیدا نەجەف و کەربەلا تەواوکەری یەکترین. دیجلە و فورات، کە دوو ڕووباری گەورەی عێراقن و لەشاخاکانی تورکیاوە سەرچاوە دەگرن، خاکی عێراق بۆ کشتوکاڵ ئامادە دەکەن و خەڵکەکەیشی لەخۆشگوزەرانی بەھرەمەندن.

لەکاتی گەڕانەوەم بۆ لەندەندا، پێشنیاری ئەوەم بۆ وەزارەتی مستعمرات کرد کە ڕێڕەوی دیجلەو فورات بگۆڕێت بۆ ئەوەی کە حکومەتی عێراق ڕام و دەستەمۆ بکات و بەم ھۆیەشەوە خەڵکی عێراق ناچار بکرێن کە تەسلیم بە نەخشە ئیستعمارییەکانی ئینگلیز ببن.

***

لە جلوبەرگی بازرگانێکی  بیاببانیدا ڕۆیشتم بۆ نەجەف. چەند زانایەکی ئاینی ئەم شارەشم ناسی و دەستمکرد بە مامەڵە لەگەڵیاندا. لە کۆبوونەوە و وانەو باسەکانیاندا ئامادە دەبووم. کەش و ھەوای زاڵ بەسەرکۆبوونەوەکانیاندا بەقوڵی سەرنجیانڕاکێشام. لەوەش گرنگتر، لەزۆربەی حەوزەکاندا، دڵپاکی و ویژدان حوکمی دەکرد. چەند زانایەکی شیعەی زۆر داوێن پاک و کۆنسێرڤێتیڤم دۆزییەوە، بەڵام بەداخەوە گیانی نوێگەرایی و گونجانیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا تێدا بەدی نەدەکراو گۆڕانکارییەکانی جیھان ھیچ گۆڕانکارییەکی لە فکریاندا بەدینەھێنابوو.

١. زاناو مەرجەعەکانی نەجەف بە تووندی نەیار و دژ بە دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوون، ئەویش نەک لەبەر ئەوەی کە ئەوان شیعە بوون و عوسمانیەکانیش سونی، بەڵکو لەبەرئەوەی کە دەسەڵاتی عوسمانییەکان دەسەڵاتێکی چەوسێنەرانە بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کەچی ئەوان ھزرو ئامانجێکیان بۆ ڕزگاربوون لە دیلی نەبوو.

٢. زانای ئاینی شیعەکان، زۆربەی کاتەکانی خۆیان تەرخان دەکرد بۆ وانە و باسی زانستە ئاینییەکان، بەڵام ھەروەک قەشەکانی سەدەکانی ناوەڕاست حەزیان لە زانستە نوێیەکان نەبوو. ئەگەرشتێکیشیان بزانیبایە زۆر کەم بوو، کەئەوەیش سوودێکی پێنەدەگەیاندن .

٣. زانا ئیسلامیییە شیعەکان کەمترین زانیاریان لە بارەی ڕەوتە سیاسییەکانی جیھانەوە نەبوو، ھەروەھا لەوبڕوایەشدا بوون کە پێکەوە گرێدانی فکر لەگەڵ مەسەلە سیاسییەکاندا، شتێکی بێئەنجامە.

لەدڵی خۆمدا بەخۆمم دەگوت :” ئەمانە لە چ ڕۆژ ڕەشییەکدا دەژین ! دنیا لەخەوھەستاوە، کەچی ئەمانە لە خەوی قورسی خۆیاندان و ھێشتاخەبەریان نەبووەتەوە.. با لافاوێک بێت و لە خەوی قورسیان ڕایانپەڕێنێت “.  گفتوگۆم لەگەڵ ھەندێک لە زانا شیعەکاندا کرد لەبارەی پێویستی ھاتنە کایەوەی جوڵانەوەیەکی دژی خەلافەتی عوسمانی، بەڵام ئەوان ھیچ جۆرەئامادەییەکیان لە خۆپیشاننەدا و گوێی خۆیان لە قسەو پێشنیارەکان کەڕدەکرد. تەنانەت ھەندێکیان گاڵتەیشیان پێدەکردم و بەو شێوەیە تەعبیریان لە قسەکانم دەکرد کە من دەمەوێت بارودۆخی جیھانی بگۆڕم و نەزمی دنیا تێکبدەم. زانای ئاینی شیعەکان، وەک شتێکی حەتمی و لە چارەنووس نووسراو دەیانڕوانییە خەلافەت و بڕوایان وابوو کە نابێت ھیچ ھەنگاوێک دژبە ئال عوسمان ھەڵبھێنرێتەوە، مەگەر پاش دووبارە دەرکەوتنەوە و گەڕانەوەی مەھدی، کە بە بڕوای شیعەکان دوازدەھەمین ئیمامە و لە ساڵی ٢٠٠ دا بە منداڵی ونبووە و ھەتا ئێستایش ھەر لەژیاندایە، لە ئاخرەزەماندا دەردەکەوێتەوە و دنیای پڕ لە گەندەڵی و چەوسانەوە لە ناو دەبات و عەدالەت و دادخوازی دەگێڕێتەوە بۆ دنیا.

سەرم لەوە سوڕما بوو کە گروپێک لە زانایان و ھەڵبژێردراوانی ئیسلام چاویان بڕی بووە خەون و خەیاڵێکی بێھودەی لەوجۆرە. ھەروەک ئەوەی بەشێک لە مەسیحییەکان بڕوایان وایە کە بۆ چەسپاندن و جێگیرکردنی عەدالەت لە دنیادا، دووبارە مەسیح دەگەڕێتەوە. بە یەکێک لە زانا ئاینییەکانی شیعەم گوت :” ئایا بڕوات بەوە نییە کە دەبێت ھەر ئێستا لەدژی ناعەدالەتی خەبات بکەیت و عەدالەت لەجیھاندا دامەزرێنیت، ھەروەک ئەوەی کە پێغەمبەر خەباتی لەدژی چەوسێنەران کرد ؟ ” . لەوەڵامدا وتی :” خوا پێغەمبەری نارد بوو بۆ ئەو کارەو لەو ڕووەوە توانایی لەخۆی ڕادەبینییەوە ” . پێم گوت :” باشە ئەی لەقورئاندا نەھاتووە کە بە شمشێر لەدژ چەوسێنەران ڕاپەڕن و خەڵکیان لەدژ ھانبدەن ؟ ” ؟سەرئەنجام لەوەڵامدا پێی وتم :” تۆ پیاوێکیت کە پیشەکەت بازرگانییە و چوونە سەر ئەو باسانەیش پێویستیان بە زانینی زانستێکە کە تێگەیشتنی تۆ لە ئاستیاندا نییە “.

با بگەڕێمەوە بۆ نەجەف و لەبارەی مەزارگەکەی ئیمامی عەلییەوە قسەبکەم . مەزارەکەی گۆڕێکی گەورەیەو بە ھەموو جۆرە نەخش و نیگارێکی جوان ڕازێنراوەتەوە. تەلارەکانی ئارامگەکەیش ڕازاونەتەوە و گومەزیەکی گەورەی لە زێڕی پوخت، لەگەڵ دوومنارەی بەرزی ئاڵتونی تێدا دروستکراوە . شیعەکان ھەموو ڕۆژێک دەستە دەستە دەچن بۆ زیارەتکردنی و نوێژی بە کۆمەڵی تێدا دەکەن. بەوپەڕی تامەزرۆیی و بەشێوەیکی دڵخوازانە کێلی پیرۆزی گۆڕەکەی ماچ دەکەن و لەبەردەم دەرگاکانی حەوشەکەیدا خۆیان دەدەن بە زەویدا و بەڕێزەوە بەردەمی دەرگاکانی ماچ دەکەن. پاشان سڵاو بۆ ئیمام دەنێرن و داوای ئیزنی چوونە ژوورەوەی لێدەکەن و مەزارگەکەی ماچ دەکەن. لە دەوروبەری مەرقەددا سەکۆیەکی گەورە ھەیە کە بە بەرد دروستکراوە و شوێنی زانا ئاینییەکان و زیارتکەرە مەشھەدییە عەلەوییەکانە.

لەشاری کەربەلایشدا، دوو مەزارگەی بە ناوبانگ ھەیە کە ھەردووکیان، بەکەمێک جیاوازییەوە، بەشێوەی مەزارگەکەی ئیمامی عەلی دروستکراون. یەکەمیان مەرقەدی ئیمامی حسەینە و دووەمیشیان مەرقەدی حەزرەتی عەباسی برایەتی، کە ھەردووکیان لە کەربەلادا شەھیدکران. زیارەتکەرانی کەربەلایش، ھەروەک زیارەتکەرانی نەجەف، ڕۆژانە لەوێدا کۆدەبنەوە و و زیارەتی دەکەن. دیمەنی شاری کەربەلا جوانترە لە دیمەنی شاری نەجەف. دەوروبەرەکەی بە باخ و باخات و درەختی خورما تەنراوە و چەند ڕوبارێکیش بە ناویاند تێدەپەڕێت.

کەلاوەکانی ئەم شارەو خرابوونی بارودۆخەکەی، ھۆیەک بوون بۆ ئەوەی کە چاوی ھیوای تێببڕین. دیمەنی بارودۆخی گشتی و ژیانی خراپ و نەخوازراوی خەڵکەکەی، پیشاندەری ئەوەبوون کە دەسەڵاتدارانی عوسمانی چ تاوانێکیان لەبەرامبەر خەڵکی ئەم شارەدا کردووە. دەسەڵاتدارانی عوسمانی خەڵکانێکی چاوقایم و نەزان بوون کە ھەرچییەکیان بویستبایە، بەبێ سڵەمینەوە ئەنجامیاندەدا، ھەروەک ئەوە کە خەڵکی عێراق کۆیلەی ئەوان بێت. کۆمەڵگەی عێراق، بەشێوەیەکی گشتی زۆر لە حکومەت ناڕازی بوون و ھەروەک ئاماژەیشم پێدا، شیعە مەزھەبەکان، لەگەڵ ئەوەدا کە دەیانبینی ئازادی و عەدالەتیان لە دەست دەرچووە، بەڵام شانیان خستبووەژێر باری چەوسانەوەو ستەمی دەسەڵاتداراتی عوسمانییەوە و لەو ڕووەوە ھیچ کاردانەوەیەکیان لەخۆیان پیشاننەدەدا. سونییەکانیش لە دەسەڵاتی والییەکانی تورک بەسەر ھەموو کاروباری وڵاتەکەیاندا زۆر بەتووندی بێزارو ناڕازی بوون. بەتایبەتی کە سوننەکان خوێنی عروبە لە ڕەگەکانی خوێنیاندا ھاتوچۆی دەکرد و ژمارەیەکیش لەسەیدەکانیشیان، کە لە بنەماڵەی پێغەمبەربوون، خۆیان لە والییەکانی عوسمانییەکان بە شایستە و شیاوتر دەزانی بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت لە وڵاتەکەیاندا.

شارەکانی عێراق بە تەواوی بوو بوونە کەلاوە و خەڵکەکەیشی لە پیسی و خاک و خۆڵدا نوقم بووبوون. لەڕێگاو بانەکانی سەرانسەری وڵاتدا ئاسایش نەبوو، چەند دەستەوتاقمێکی چەتەو ڕێگریش لە بۆسەدا بوون بۆ کاروانەکان کە ئەگەر سوارە چەکدارەکانی دەوڵەتیان لەگەڵدا نەبوونایە، پەلاماریان دەدان وتاڵانیاندەکردن. کاروانە گەورەکان تەنھا کاتێک دەیانتوانی بەرەو مەنزڵگە بکەونە ڕێ کە کەسانی چەکداری حکومەت پشتیوانیان لێیکردنایە.

لەلایەکی تریشەوە، شەڕو تێکھەڵچوونی ھەمیشەیی لە نێوان خێڵەکانی ئەو ناوچەیەدا لە ئارادابوو. ڕۆژ نەبوو کە چەکدارەکانی سەربەخێڵێک دەستنەکەن بە تاڵان و بڕۆی ماڵ وموڵکی خێڵیکیتر و چەند کەسی تیا نەکوژرێت. نەزانی و دواکەوتوویی بەشێوەیەکی ترسناک باڵی کێشابوو بەسەرتاسەری عێراقدا و ئەم ڕەوشە تراژیدیایەی عێراق، سەردەم و ڕۆژگاری دەسەڵاتی کڵیسای سەدەکانی ناوەڕاستی بەسەرشارەکاندنی ئەوروپادا بەبیری مرۆڤ دەھێنایەوە. جگە لە توێژی زانایانی ئاینی و ژمارەیەکی کەمیش لە قوتابییە ئاینییەکان، کە لە نەجەف و کەربەلادا دەژیان، یان کەسانێکیتر کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستبوون بە زانا ئاینییەکانەوە، لە ھەر ھەزار کەسدا، یەک کەس نەدەبینرا کەخوێندەواری ھەبێت و تەقریبەت ھەموو خەڵکەکەی نەخوێندەوار بوون. ئابوریی دواکەوتوو، ھۆی سەرەکی نەخۆشی، ھەژاری، نەخوێندەواری و ھەموو کوێرەوەری و ڕۆژ ڕەشییەکانی خەڵکە ژیان مام ناوەنجیەکەی بوو. شیرازەی کاروبارەکان تێکچوبوو، پاشاگەردانی و بێسەرەوبەرەیی ھەموو شوێنێکی عێراقی گرتبووەوە. خەڵک و حکومەت گومانیان بەرانبەر بەیەکتری ھەبوو . لەو ڕووەوە ھیچ جۆرە ھاوکاری و لەیەکتر تێگەیشتنێک لە نێوانیاندا نەبوو. زانا دینییەکان ھێندە خەریکی کێشە خوداییەکان بوون، ژیانی ئەم دنیایەیان لەبیرچوو بووەوە .

بیابانەکان زیاتر وشکبوون و بەکەڵکی کشتوکاڵ نەدەھاتن. ھەردوو ڕوباری دیجلەو فورات، بە بێ ئەوەی کەڵکیان لێوەربگیرێت، ھەروەک میوانێک بە ناوەڕاستی زەوییە تینوەکاندا بەخێرایی گوزەریان دەکرد و دەڕژانە دەریاکانەوە. ئەم بارە شێواو و گەندەڵبووە، نەیدەتوانی درێژە بکێشێت و بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری بەدواوە بوو.

بەکورتی، بۆماوەی چوار مانگ لە نەجەف وکەربەلادا مامەوە. ئەوکاتەی لەنەجەف بووم، تووشی نەخۆشییەکی قورس بووم و ھیوایەکم بە چاکبوونەوەم نەمابوو. نەخۆشییەکەم سێ ھەفتەی خایاند. بەناچاری سەردانی پزیشکێکی شارەکەم کرد. دکتۆرەکە چەند دەرمانێکی پێدام کە پاش لە بەکارھێنانیان، وردە وردە چاکبوومەوە. ئەو ساڵە ھاوینێکی زۆر گەم بوو، گەرما ھەموو شوێنێکی گرتبووە. لەکاتی نەخۆشییەکەمدا لە ژێرزەمینێکی تا ڕادەیەک فێنکدا دەژیام.  پارەیەکی کەمم دەدا بە خاوەن ماڵەکەم و ئەویش لەبەرانبەردا خواردن و دەرمانی بۆ ئامادە دەکردم. خاوەن ماڵەکەم بڕوای وابوو کە خزمەتکردنی زیارەتکەرانی ئیمامی عەلی، ئەبێتە ھۆی نزیک بوونەوە لە خوا. لەڕۆژەکانی سەرەتای نەخۆشییەکەمدا، ئاوی مریشکم دەخوارد، بەڵام پاشان دکتۆرەکەم ڕێگای پێدام کە گۆشتەکەی و برنجیش بخۆم.

پاش ئەوەی کە کەمێک چاکبوومەوە، چووم بۆ بەغداد. لە بەغداد ڕاپۆرتێکی دوورو درێژم. لەبارەی ئەو ڕووداوانەی کە لە شارەکانی کەربەلا، نەجەف، حلە و بەغداد دا دیبوونم، بۆ وەزارەتی مستعمرات ئامادەکرد و ڕاپۆرتەکیش نزیکەی سەد لاپەڕەیەک دەبوو. نامەیەکیشم لەگەڵدا تەسلیم بە نوێنەری وەزارەتی مستعمراتکرد تا بینێرێت بۆ لەندەن . لە بەغداد چاوەڕێی فەرمانی نوێێ وەزارەتم دەکرد کە ئایا لەوەزیاتر لەعێراقدا بمێنمەوە، یان بگەڕێمەوە بۆلەندەن.

حەزدەکەم ئەوەش بڵێم کەزۆر تامەزرۆی گەڕانەوە بووم بۆ لەندەن، چونکە سەفەرەکەم زۆر دوورو درێژ بوو، ئارەزوی دیداری شارو وڵات وخێزانەکەمم دەکرد. بەتایبەتی تامەزرۆی بینینی ڕاسپۆتینی کوڕم بوو، کە ماوەیەکی کەم بە دوای سەفەرەکەمدا بۆعێراق، ھاتبووە دنیاوە و دیداری ئەویش ئارام و ئۆقرەی لەبەر ھەڵگرتبووم.  لەو نامەیەدا داوام لە وەزارەت کردبوو کە لانی کەم بۆ ماوەیەکی کورت ڕێگام بدات تا بگەڕێمەوە بۆ لەندەن و لە پاش پێشکەشکردنی ڕاستەوخۆی ڕاپۆرتەکەم، بۆ ماوەیەکی کورت ئیسراحەت بکەم و ماندوویەتیم دەربکەم، چونکە سەفەرەکەی عێراقم سێ ساڵ درێژەی کێشا بوو. نوێنەرەکەی وەزارەتی مستعمرات لە بەغدادا پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە چیتر سەردانی نەکەم، چونکە دەبووە ھۆی ئەوە کە خەڵکی گومانم لەسەر دروست بکەن. بۆ ئەوەی گومانم لەسەر دروست نەبێت، ناچار بووم کە ژوورێک لە ئوتێلێکی نزیکی دیجلەدا بەکرێ بگرم. نوێنەرەکەی وەزارەتی مستعمرات پێی وتم کە ھەرکاتێک وەڵامێکم لە لەندەنەوە پێگەیشتەوە، ئاگادارت دەکەمەوە.

لەڕۆژەکانی نیشتەجێبوونم لە بەغداد، جیاوازییەکی گەورەم لە نێوان بارودۆخی گشتی بەغداد و ( قوستەنتینیە )ی پایتەختی عوسمانیدا دەبینیەوە. بارودۆخەکەی بەغداد ئەوەی پیشاندەدا کە عوسمانییەکان بەھۆی دوژمنی و بەدگومانیانەوە بەرانبەر بە عەرەبەکان، تاچ ڕادەیەک دەستیان لە پیسکردن و وێرانکرنی شارەکانی عێراق نەپارستبوو.

چەند مانگێک دوای ئەوەی کە لە بەسرەوە چووم بۆ نەجەف و کەربەلا، زۆر خەمی شێخ محەمەد عه‌بدولوه‌هابم بوو. زۆر دڵنیا نەبووم لە خۆڕاگری و مانەوەی ئەو لەسەرئەو ڕێگایەی کە بۆم دیاریکرد بوو، چونکە کەسێکی مەزاجی بوو . جگە لەوەش، ئەو زۆر بەزوویی تووڕە دەبوو. بەھۆی ئەوەوە کە تایبەتمەندی کەسایەتی ئەوم دەزانی، ترسی ئەوەم لێی ھەبوو ئەوەی تا ئێستا لەگەڵیدا کردوومە، یەکسان بکاتەوە بەسفر و ئەو ئاوات و ئارەزوانەی کە لەمێشکیدا دروستمکردبوو، بەربای بدات .

ئەو کاتەی کە لە بەسرە بووم، ڕۆژێکیان محەمەد پێی لەسەر ئەوە داگرت کە سەفەرێکی تورکیا بکات و زانیاری لە بارەی ئەستەمبوڵەوە بەدەست بھێنێت، بەڵام من بەتەواوی پەشیمانمکردەوە لە سەفەرەکەیی و پێم گوت دەترسم کە تۆ لە تورکیا چەند قسەیەک بکەیت و قسەکانیشت ببێتە ھۆی تەکفیر و ئیلحاد بوونت و سەرئەنجامیش لەسەر ئەوە خوێنت دەکەنە کاسەوە. ڕاستییەکەی مەبەستم ئەوە بوو کە نەمدەویست دیدارو گفتوگۆ بکات لەگەڵ ھەندێک لە زانایانی ئاینی ئەھلی سوننەدا، چونکە لەوانە بوو کە ئەوان بە لۆژیکی بەھێزی خۆیان، دووبارە محەمەد بگێڕینەوە بۆسەر مەزھەبی سوننەگەری و بەم ھۆیەشەوە ھەموو نەخشەکانی منیش ببێتە بڵقی سەر ئاو.

کاتێک کە بینم شێخ ھەر سوورە لەسەر دەرچوونی لەبەسرە، ھانمدا بۆ ئەوەی کە سەفەرێکی ئێران بکات و بچێت شارەکانی شیرازو ئەسفھان ببینێت. پێویستە ئەویش بڵێم کە خەڵکی ئەو دوو شارە شیعەن و ئەوەم بە دوور دەزانی کە بیروڕاکانیان کاریگەرییەکی نێگەتیڤانە لەسەر ئەقڵی شێخ دابنێن و لەو ڕووەیشەوە ترسێکم لێی نەبوو، چونکە شێخم بە باشی دەناسی.

لەکاتی خوا حافیزیدا لێم پرسی :” ئایا تۆ بڕوات بە خدعە ھەیە “. لەوەڵامدا وتی : ” بەڵێ .. چونکە یەکێک لە یارانی پێغەمبەر ـ مقداد ـ کە باو ک و دایکی لە شەڕی کافرەکانی قورەیشدا کوژرا بوو، لەترسی گیانی، خۆی وەکو کافر پیشاندابوو، پێغەمبەریش ئاماژەی بەم ڕێڕەوەی مقداد کردووە “. منیش پێم گوت کە ” ئەم بڕیارەش لەسەر تۆ واجبە کە لە ئێراندا خدعە لەبیر نەکەیت و دەبێت خۆت وەک شیعەیەکی تەواو پیشان بدەیت، تا بەھۆی ئەم خدعەیەتەوە نەتوانن ھێرش بکەنە سەرت و گفتوگۆیش لەگەڵ زانا ئاینیە شیعەکاندا بکە و ھەوڵیشبدە کە لە خوێندنەوەی داب و نەریتی ئێرانییەکاندا سەرکەوتن بەدەست بھێنیت، چونکە ئەنجامدانی کارێکی لەوجۆرە، لەداھاتوودا بەرھەم وسوودی بۆت دەبێت و لە ئامانجەکانت نزیکترت دەکاتەوە “.

پاش لەو گفتوگۆییە، بڕێک پارەم وەکو زەکات پێدا. زەکات جۆرێکە لە باجی ئیسلامی لەو کەسانەی دەستێنن کە لەڕووی مالییەوە توانایان ھەیە و ئەم زەکاتەیش بۆ ئەو کاروبارانە خەرج دەکرێت کە لە بەرژەوەندی گشتیدایە.  شێخ پێویستی بە ئەسپێک ھەبوو، منیش ئەسپەکەم بۆ کڕی و ھاوسارەکەیم دایە دەستی و لێی جودابوومەوە. لەوکاتەوە ھەتا ئەمڕۆکە، ھیچ خەبەرێکم لە شێخ نییە و نازانم کە چی لێبەسەر ھاتووە. نیگەرانی من لەو ڕووەوەیە کە ئەو کاتەی بەسرەی بەجێھێشت، ژوانێکمان دیاریکرد و بڕیامان وابوو کە لە سەروەختی دیاریکراودا ھەردووکمان بگەڕێینەوە بۆ بەسرە و ئەگەر یەکێکیشمان دواکەوت، ئەوا نامەیەک لەباری حاڵی تایبەتی خۆیەوە بۆ ئەویترمان بنووسێت و بیداتە دەست (عه‌بدولڕه‌زا)ی دارتاش، تا لەمڕێگایەوە ھۆیەکانی نەھاتنەوەی بۆ بەسرە بزانرێت، بەڵام تا ھەنوکە ھیچ ھەواڵکی شێخ محەمەدم پێنەگەیشتووە.

***

پاش ماوەیەک لە چاوەڕوانیکردن، سەرئەنجام فەرمانە پێویستەکانی وەزارەتی مستعمرات گەیشتنە بەغداد. دەوڵەتی بەریتانیا داوای لێکردبووم کە بەپەلە بگەڕێمەوە بۆ لەندەن. بە ناچاری گەڕامەوە بۆ لەندەن. ھەر کە گەیشتمە لەندەن، لەگەڵ جێگری وەزیر و ئەندامانی پایەبەرزی وەزارەتی مستعمراتدا لیژنەیەکمان پێکھێنا. لە کۆبوونەوەی لیژنەکەدا، ڕاپۆرتی مەئموریەتەکەم، کارەکان و لێکۆڵینەوەکانم خستەبەردەمی لێپرسراوانی لەندەن و ئەوانم لە بارودۆخی میزۆپۆتامیا ئاگادارکردەوە.

خودی مەئموریەتەکەم و ئەو زانیاریانەی کە لەبارەی عێراقەوە خستبوومە بەردەستیان، ھەموویانی خۆشحاڵکرد. پێشتریش لەعێراقەوە چەند ڕاپۆرتێکم ناردبوو، کە لەو ڕاپۆرتانەشم ڕازی بوون. سه‌فیەش ڕاپۆرتی خۆی ناردبوو، کە لێکچوونێکی تەواوی لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی مندا ھەبوو.  تێگەیشتم کە لە کاتی سەفەرەکەمدا، وەزارەت چەند فەرمانبەرێکی خۆی بەنھێنی ناردبوو بۆ چاوەدێریکردنم و ئەوانیش لە ڕاپۆرتەکانیاندا خۆشحاڵی خۆیان لە سلوک و کارەکانم دەربڕیبوو، ھەروەھا ڕاستی ئەو بابەتانەی کە بۆ لەندەنم ناردبوون، ھەموویان سەلماند بوو. بەگشتی جێگاو شوێنێکی زۆر باشم لە مەئموریەتەکەی دووەممدا بەدەستھێنابوو، ھەرلەبەر ئەو ھۆیەش بوو کە جێگری وەزیر ژوانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ وەزیری مستعمراتدا بۆ وەرگرتبووم و بەھۆی ئەوەوە چووم بۆ دیداری وەزیر. ھەرکە جەنابی وەزیر چاوی پێم کەوت، وەک گوڵ گەشایەوە و پاش لە چۆنی و چاکی و ئەحواڵپرسی، ئینجا دەستیدرێژ کرد و بەگەرمی تەوقەی لەگەڵدا کردم. ئەم چاوپێکەوتنەیان جیاوازیەکی بە ئاشکرای ھەبوو لەگەڵ چاوپێکەوتنە کورت و ساردو سڕەکانی پێشووتردا.

بە تایبەتی جەنابی وەزیر، لە لێھاتووییم کە توانیبووم کاریگەری لەسەر محەمەد عه‌بدولوه‌هاب دابنێم، زۆرخۆشحاڵ بوو. لەیادم ماوە کە پێی گوتم :” تەئسیردانانت لەسەر محەمەد عەبدالوھاب، بۆخۆی گەورەترین ئامانجی وەزارەتی مستعمرات بووە “. جەنابی وەزیر جەختێکی زۆری لەسەر ئەوە دەکرد کە باسی ئەو ڕێکەوتنەی بۆ بکەم کە لەگەڵ محەمەد عبدالوەھابدا کرد بووم لەسەر ئەو ئەرکانەی کە لە داھاتوودا دەبێت بۆ ئێمە ئەنجامیان بدات، ھەروەھا لەقسەکانیدا چەندین جار ددانی بەوەدا دەنا کە ھەموو ئەو زەحمەتانەی بۆ بەریتانیای گەورەم کێشاوە، تەنھا لەناسین و کاریگەری دانانم لەسەر محەمەد عبدالوەھابدا خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە. دیسان گەیشتن بەم ئەنجامەش، بەھای ئەوەی ھەیە کە یەکسان بکرێت بە ھەموو ھەوڵ و کۆششەکان. وەزیری مستعمرات دەرکی بەوە کرد بوو کە من لە خەمی ئاگادار نەبوونی چەند مانگەی چارەنووسی محەمەد عه‌بدولوه‌هابم، بە ئارامییەکەوە پێی گوتم :” ئاگاداربە! ئەوەی کە تاکو ئێستا لەگەڵ شێخدا ئەنجامتداوە، لە دەستی نەدەیت، مەئمورەکانمان لە ئەسفەھاندا بەردەوام پەیوەندی پێوە دەکەن و ئەو ڕاپۆرتانەی دەینێرن باس لەوەدەکەن کە شێخ محەمەد لەو ڕێگایەی کە تا ئێستا بڕیویەتی بەرەو دواوە نەگەڕاوەتەوە.  منیش لەدڵی خۆمدا لەخۆمم دەپرسی :” باشە چۆن شێخ بەو ھەموو لەخۆبایی بوون و غرورەوە کە ھەیەتی، ڕێگای بەوەداوە کە سیخوڕەکانی ئینگلیز بەکاروباری ئەو بزانن؟ ” لەوە دەترسام کە ئەگەر ئەوپرسیارە ئاڕاستەی وەزیر بکەم، ڕەنگە پێی ناخۆش بێت. ماوەیەکی زۆر پاش لەوە کە دووبارە شێخم بینییەوە، ڕووداوەکەی بۆ گێڕامەوە و ووتی لە ئەسفەھاندا بووە بە ناسراوی پیاوێک کە ناوی عبدالکریم بووە و پیاوەکەش وەک برای من خۆی پێناساندووە و لەم ڕێگایەوە متمانەو بڕوای شێخی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە و توانیویەتی لە نھێنییەکانی تێبگات. پاش ماوەیەک، صەفیەش چووە بۆ ئەسفەھان و شێخ بۆ ماوەی دوومانگیتر سیغەی کرد بووەوە. سه‌فیە و شێخ پێکەوە سەفەریان بۆ شیراز نەکردبوو. عه‌بدولکه‌ریم لەگەڵ شێخدا ڕۆیشتبوو بۆ شیراز. لە شیرازیش، عه‌بدولکه‌ریم ژنێک لە شێخ سیغە دەکات کە زۆر لە سەفیە شۆخ و شەنگتر و سێکسیتر بووە. ئەو ژنە گەنجەیش ناوی ” ئاسیە ” بووە و لە یەکێک لەخێزانە جولەکەکانی نیشتەجێی ئەسفەھان بووە. پێویستە ئەوەش بڵێم کە عه‌بدولکه‌ریم ناوی خوازراوی یەکێک لە مەسیحییەکانی جلفای سەر بە پارێزگای ئەسفەھانە کە چەند ساڵێک بەکرێگیراوی وەزارەتی مستعمراتی به‌ریتانیا بووە لە ئێراندا. ئەویش ھەروەک ” ئاسیە “، لە شاری شیرازدا خەریکی جاسوسیکردن بوو بۆ دەوڵەتی ئینگلیز.

بەکورتی بڵێم، لە ئەنجامی ھەوڵ و کۆششی شەو و ڕۆژمانەوە، توانیمان کە بە چوار کەسی، واتە صه‌فیە، ئاسیە، عه‌بدولکه‌ریم و نووسەری ئەم یاداشتانە، شێخ محەمەد عه‌بدولوەھاب بەپێی خواست و مەیلی وەزارەتی مستعمراتی به‌ریتانیای گەورە پەروەردە بکەین و بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی داھاتووش ئامادەی بکەین. ئەم خاڵەش بەبیر بھێنمەوە کە لەڕۆژی چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ وەزیردا، جگە لەوەزیر و جێگرەکەی، دووکەسی پایە بەرزیتری وەزارەتم بینی کە پێشتر نەمدەناسین و ئەوانیش بەشدارییان لەکۆبوونەوەکەماندا کرد. وەزیر لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕووی تێکردم و وتی :” ئێستا تۆ شایانی وەرگرتنی بەرزترین نیشانەی وەزارەتی مستعمراتی بەریتانیایت، نیشانەیەک کە دەوڵەت وەک ڕەمزی سەرفرازی دەیدات بە جاسوسە پلە یەکەمەکانی خۆی”. لەکاتی خوداحافیزیدا وتی :” فەرمانمداوە بە جێگرەکەم تاکو لە ھەندێک مەسەلەی نھێنی دەوڵەت ئاگادارت بکاتەوە. تێگەیشتن لەو مەسەلانە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ئەوەی کە باشتر بتوانیت مەئموریەتەکانت ئەنجام بدەیت”.

خۆشحاڵبوونەکەی وەزیر لە مەئموریەتەکەم، بووە ھۆی ئەوەکە ئیجازەیەکی دە ڕۆژیم بداتێ و ئەو ھەلەم بۆ بڕەخسێنێت کە ھاوسەرەکەم و منداڵەکەم ببینم. مناڵەکەم تەمەنی سێ ساڵ بوو، شێوەی زۆر لەخۆم دەچوو، ھەندێک وشەی خۆش فێر بوو بوو، ھەروەھا پێیشی گرتبوو، کاتێک کە بەو شێوەیە بینیم، بە ڕاستی ھەستم دەکرد کە پارچەیەک لە دڵ و گیانم بەسەر زەویدا ھەنگاو دەنێت. بە داخەوە کە چرکەساتەکانی خۆشی ژیان، زۆر بەخێرایی و بەپەلە تێدەپەڕێت. ئەو خۆشحاڵی و شادییەی کە لەو چەند ڕۆژەدا لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکەمدا بەسەرمبرد، بە ھیچ زمانێک بۆم پێناسە ناکرێت. ھەندێک جار ئەوەندە خۆشحاڵ دەبووم کە خەریک بوو باڵ بگرم. ئەو دە ڕۆژەی کە لە لەندەن و لە ناو خێزانەکەمدا بەسەرمبرد، خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانم بوو. پوورێکی پیرم ھەبوو کە لە مناڵیمەوە منی لە باوەشی سۆز و میھرەبانی خۆی گرتبوو. لە ماوەی ئەو دە ڕۆژەدا توانیم کە بۆ دوایین جار چاوم پێی بکەوێتەوە. لەم دیدارەی ئەویش زۆر خۆشحاڵ بووم. کاتێک کە پاش لە دە ڕۆژ پشوو، سێیەمین سەفەری خۆمم دەستپێکردەوە، زۆر بە داخەوە کە ھەواڵی مردنی ئەوم پێگەیشت.

دە ڕۆژ ئیجازەکەم بە خێراییەکی تیشک ئاسا تێپەڕیکرد، ھەروه‌ک بڵێیت کە ئەو دە ڕۆژە یەک کاتژمێر زیاتر نەبووە. ئەمە ڕاستییەکی زۆر تاڵە کە ڕۆژە خۆشەکانی ژیان بە خێراییەکی ھەرچی زیاترەوە تێدەپەڕن و ساتەوەختەکانی ڕۆژ ڕەشی و نەگبەتیش، ھەرچەندە کە کورتیش بن، بەڵام وەک درێژایی ماوەی ساڵەکان لێتدەگوزەرێن. لە ڕۆژە خۆشەکانی لەندەندا، بیرم لەو ڕۆژانە دەکردەوە کە لە نەجەفدا نەخۆش کەوتبووم و ھەر چرکە ساتێکیم بە ساڵێک لێدەڕۆیشت. ھەرگیز ناتوانم کە ئەو ڕۆژە ناخۆشانە لە بیرخۆم ببەمەوە. بیرەوەرییە خۆش و شیرنەکان بە کەمی لە یادی مرۆڤدا دەمێننەوە، بەڵام بیرەوەرییە تاڵ و تفتەکان بۆ ھەرگیز لەبیر ناچنەوە.

پاش تەواو بوونی ماوەی ئیجازە دەڕۆژییەکەم، ناچار بووم کە بچمەوە بۆ وەزارەت تا بزانم مەئموریەتی داھاتووم چییە . کاتێک کە چاوم بە جێگری وەزیر کەوت، وەک ھەمیشە دەم بە پێکەنین و ڕووی خۆش بوو . بەگەرمی تەوقەی لەگەڵدا کردم و بەزمانێکی ھاوڕێیانە پێی گوتم :” خودی وەزیر فەرمانی بە من داوە کە لە دوو نھێنی زۆر گرنگ ئاگادارت بکەمەوە کە کۆمیسیۆنی تایبەت بە کارو باری مستعمرات بۆچونی خۆیی لە بارەیانەوە دەربڕیووە. ئاگادار بوونت لەو نھێنیانە، زۆر بەکەڵک و کاریگەرن بۆ مەئموریەتەکانی داھاتووت . ئەوەش بزانە کە تەنھا ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی وەزارەتی مستعمرات ئاگاداری ئەم دوو نھێنییەن. پاشان دەستی گرتم و بردمی بۆ یەکێک لە ژوورەکانی وەزارەت. چەند کەسێک لە ژورەکەدا بەدەوری مێزێکدا دانیشتبوون. ھێندە لەبینینی ئەو کەسانە سەرم سوڕما کە خەریک بوو ھاوار بکەم، چونکە ئەو ١٠ کەسەی کە بەشدار بوون لە کۆبوونەوەکەدا، بریتی بوون لە:

١ ـ هاوشێوەکەی ئیمپراتۆری عوسمانی، کە بەزمانی تورکی و ئینگلیزی قسەی دەکرد.

٢ ـ هاوشێوەکەی شێخ ئه‌لئیسلامی قوستەنتینیە.

٣ ـ هاوشێوەکەی شای ئێران.

٤ ـ هاوشێوەکەی زانایەکی ئاینی شیعەی ئێرانی.

٥ ـ هاوشێوەکەی مەرجەعی تەقلیدی شیعەکانی نەجەف.

ئەم سێ کەسەی دوایی بە زمانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی قسەیان دەکرد. لە تەنیشتی ھەریەکێک لەو کەسانەوە یاریدەدەرێکیش دانیشتبوو کە قسەکانیانی دەنووسیەوە و بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەیان تەرجمە دەکرد. دیار بوو کە ھەریەکێک لە یاریدەرەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو پێنج کەسەدا پەیوەندی نزیکیان ھەبووە و ئەوانیشیان لە ڕاپۆرت و زانیارییە بە دەستھاتووەکانی سیخوڕەکانی ئینگلیز، لەبارەی ھەر پێنج لێپرسراوە ڕاستەقینەکەی نیشتەجێ لە (ئەستەنبوڵ، تاران و نەجەف)دا ئاگادار کردووەتەوە، چونکە کەسە شەبیھەکان بە تەواوی ئەرکەکان و جێگاو شوێنی خۆیانیان دەزانی و دەیانزانی کە چی بڵێن و چی بکەن. جێگری وەزیر دەستی بە قسەکردەوە و وتی : ” ئەم پێنج بەڕێزە چوونەتە چوارچێوە و قاڵبی کەسایتییە ڕاستەقینەکانەوە تا بزانرێت کە لێپرسراوانی ناوبراو چۆن بیر دەکەنەوە و بیروڕایان سەبارەت بە دوا ڕۆژ چییە و چۆنە ؟ ئێمە ھەریەکێکیانمان لە بارەی ئەو زانیارییانەی کە لە شارەکانی ئەستەنبوڵ، تاران و نەجەفەوە پێدەگات، ئاگادرکردۆەتەوە. ئێستا ئەوان ھەست بەمە دەکەن کە ھەربەڕاستی پێنج لێپرسراوی ڕاستەقینەو سەرەکین و بە کەڵک وەرگرتن لەو زانیاریانەی ھەیانە، وەڵامی پرسیارەکانمان دەدەنەوە. ئێمە بەو ئەنجامە گەیشتووین کە بیرو ڕا و ئەنجامگیرییەکانیان لەبارەی ئەو کێشە و وەڵامانەی دەیدەنەوە بەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەیان دەکرێت، لە ٧٠% لەگەڵ ڕاستیدا دێنەوە، واتە لە٧٠% لەگەڵ ئەو بیروڕایانەی کە لەمێشکی کەسایەتییە ڕاستەقینەکاندایە، ھاوسەنگ و یەکسانن “. جێگری وەزیر لە درێژەی قسەکانیدا ڕووی کردە من و گوتی : ” ئەگەر حەز بکەیت، ئەوا دەتوانیت دەست بە تاقیکردنەوەکانی خۆت بکەیت لەسەریان. بۆنموونە، دەتوانیت پرسیارگەلێک ئاڕاستەی مەرجەعی تەقلیدی شیعەکانی نەجەف بکەیت “. وتم : ” زۆرباشە “.  دەستمکرد بە پرسیارکردن لە شەبیھەکەی مەرجەعی تەقلیدی شیعە. یەکەمین بابەتێک کە لەبارەیەوە پرسیارم لێکرد، ئەمە بوو : ” ئایا ڕێگا دەدەیت کە پەیڕەوانی ئێوە، واتە پەیڕەوانی مەزھەبی شیعە، دەست بە نایاری و یاخی بوون بکەن لە دژی حکومەتی سونییە دەمارگیرەکانی عوسمانی و جەنگ لەدژی حکومەتی عوسمانییەکان ڕابگەیەنن ؟ .  هاوشێوەکەی مەرجەعی شیعە، پاش کەمێک بیرکردنەوە، ئینجا وتی : ” من ڕێگای جەنگیان پێنادەم، چونکە ئەوان موسڵمانی سوننە مەزھەبن و بەپێی ئایەتی قورئانی پیرۆزیش (ھەموو موسڵمانەکان برای یەکترین). تەنھا لە کاتێکدا ڕێگا بە جەنگ دەدرێت کە عوسمانییەکان خەڵکی بچەوسێننەوە، لەم حاڵەتەدا لە دەروازەی ئەمر بە چاکەو نکوڵی لەخراپە، دەتوانێرێت خەبات لە دژی کردەوەکانی حکومەت بکرێت و ئەمەش تا ئەو کاتەی کە ستەم و چەوسانەوەکە بنەبڕدەکرێت و چەوسێنەران ناچاردەکرێن کە واز لە کردەوەی چەوسێنەرانەیان بھێنن”. منیش گوتم: ” گەورەم ! ئەی بیروڕای تۆ لەبارەی یەھودی و مەسیحییەکانەوە چییە؟ ئایا ھەر بەڕاستی ئەوان گڵاو و ناپاکن؟ “. لەوەڵامدا گوتی :” بەڵێ ! .. بەدڵنیاییەوە ئەم دوو گروپە گڵاون و خۆ دوورخستنەوە و خۆ پاراستنی موسڵمانان لێیان واجبە “.  لێم پرسی : ” بۆچی ؟ ” . وەڵامی دامەوە :” ئەم مەسەلەیە لەڕووی مەبدەئیەوە وەک یەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە ئەوانیش ئێمە بە کافر دەزانن و پێغەمبەری ئیسلام بەدرۆ دەخەنەوە. لەبەرئەوە، ئێمەش وەک بەرامبەرەکەمان مامەڵە دەکەین “.  پاشان لێم پرسی : ” سەرەڕای ئەوە کە پێغەمبەر ئامۆژگاری کردووین پاک و خاوێن بین و پاک و خاوێنی بە نیشانەی ئیمانداری زانیوە، ئەی بۆچی لە مەزارگەکەی ئیمامی عەلیدا ئەو ھەموو خەوش و خەشەڵە بەسەریەکدا کەڵەکە بووە؟ بۆچی بازاڕو کۆڵانەکان ئەوەندە پیس و پۆخڵن؟ بەھۆی نەبوونی ئاودەست (توالیت)ەوە، تەنانەت دەبینم کە قوتابییەکانی قوتابخانە ئاینییەکان ناچارن لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا میز بکەن! “. شەبیھەکەی مەرجەع وەڵامی دایەوە :” بێگومان ئیسلام پاک و خاوێنی بە بەشێک لە ئیمانداری زانیووە، بەڵام چی لە کەمی ئاو و لامبالاتی کاربەدەستانی حکومەتی عوسمانی بکرێت بەرانبەربە پاک وخاوێنی ولات، کە بوونەتە ھۆی دروستبوونی ئەم بارودۆخە”.

خاڵی سەرنجڕاکێش لەم حیوارانەدا ئەمە بوو کە وەڵامەکانی شەبیھەکەی مەرجەعی تەقلیدی شیعە، بەبێ کەم و زیاد و ڕێک وەک وەکو وەڵام و دەربڕینەکانی مەرجەعی ڕاستەقینەی نەجەف وابوو. تەنھا ئەم ڕستەیە نەبێت :” گوێ نەدانی حکومەتی عوسمانی بە پاک و خاوێنی وڵات “، کە شەبیھەکەی مەرجەعی شیعەی نەجەف لە خۆییەوە ئەوەی بۆی زیاد کردبوو، چونکە ئەو دێڕەم لەزمانی زانایانی ئاینی نەجەفەوە نەبیستبوو. بەھەرحاڵ، زۆر سەرم لەم ھاوئاھەنگی و لێکچوونانە سوڕما بوو، چونکە وەڵامەکان ڕێک وەکو ئەو وەڵام و بابەتانە بوون کە مەرجەعی ڕاستەقینە بەزمانی فارسی دەریبڕی بوون و مەرجەعی شیعە تەقلیدکارەکەش بە زمانی فارسی گفتوگۆی لەسەر دەکردن. پاش ئەو گفتوگۆیە، جێگرەکەی وەزیر پێی گوتم : ” ئەگەر حەز بکەیت، ئەوا دەتوانیت پرسیار لە چوار کەسەکەیتریش بکەیت. ئەوانیش ھەروەک کەسایەتییە ڕاستەقینەکان وەڵامت دەدەنەوە”.  پێم گوت کە من چۆنییەتی بیرکردنەوە و تەعبیرەکانی شێخ ئه‌لئیسلامی ئەستەنبوڵ (شێخ ئەحمەد ئەفەندی) دەزانم و ڕستەکانیم بە تەواوی لە یاد ماوە، ڕێگا بدەن تا پرسیارەکانم لە هاوشێوەکەی شێخ ئەحمەدیش بکەم. ئینجا پرسیارم لێکرد :

” ئەفەندی ! ئایا ملکەچکردن بۆ خەلیفەی عوسمانی واجبە؟ “. بەدیلەکەی شێخ وەڵامی دامەوە و وتی : ” بەڵێ کوڕم! ھەر وەک ملکەچکردن بۆ خوا و پێغەمبەر ” . منیش وتم: ” بە چ دەلیلێک ؟ ” شەبیھەکەی وەڵامی دامەوە و وتی:” ئەی ئەم ئایەتە پیرۆزەت نەبیستووە کە دەڵێت : ملکەچی خوا و پێغەمبەر و وەلی ئەمرەکانیان بن (اطعوا اللە و اطعوا الرسول و اولی الامر منکم) منیش لێم پرسی کە: ” ئەگەر ھەرخەلیفەیەک وەلی ئەمرە، ئەی کەواتە خوایش فەرمان بە ئێمە دەدات کە پەیڕەوی لە یەزدیش بکەین، چونکە ئەویش خەلیفە بوو، کەچی لە ھەمانکاتیشدا ڕێگایدا بە لەشکرەکەی تا شاری مەدینە وێران بکەن و ئامۆزازاکەی پێغەمبەر (حسەین )یش بکوژێت. چۆن خوا فەرمان بە ئێمە ئەدات کە پەیڕەوی لە خالیدی کوڕی وەلیدێک بکەین کە مەیخۆر بووە؟”. بەدیلەکەی شێخ ئەحمەد وەڵام دەداتەوە:” کوڕی خۆم! لەلای خوا یەزید یەکێک بوو لە ئەمیرالاموئمنین، بەڵام لە کوشتنی حسەیندا کەوتە ھەڵەوە و پاشانیش تۆبەی کرد، فەرمانی فەرھود و کوشت و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی مەدینەیش بەھۆی گەندەڵی، سەرپێچی و سەربزێوی خەڵکەکەیەوە بوو لە فەرمانەکانی خەلیفەی موسڵمانان و لەو ڕووەوە، یەزیدیش بێتاوان بووە. ئەوەش ڕاستە کە وەلید شەرابی دەخواردەوە، بەڵام شەرابەکەی لەگەڵ ئاودا تێکەڵاو دەکرد و ئەمەیش دەبووە ھۆی ئەوە کە مەست نەبێت. ئەم شێوەیە لە شەراب خواردنەوە لە ئاینی ئیسلامدا حەرام نییە (شەراب خواردنەوە لە ئاینی ئیسلامدا بە تەواوی حەرامە و ھیچ مەرجێکیش بۆ حەڵاڵ بوونی دانەنراوە – وەرگێڕی فارسی.).

ئەو کاتەی کە لە ئەستەنبوڵ بووم، لەبارەی حەرامکردنی شەرابەوە چەند پرسیارێکم لە شێخ ئەحمەدکردبوو، وەڵامەکەی ئەو کەمێک جیاوازی ھەبوو لەگەڵ وەڵامی شەبیھەکەی لەندەنیدا. پاش لەبەراوردکردنی قسەکانی لێپرسراوانی ڕاستەقینەو هاوششێوەکانیان، بە کەڵک وەرگرتنم لەو بابەتانەی کەلێپرسراوانی ڕاستەقینە دەریانبڕیبوو، پێشتریش لە زمانی خەڵکی ئەو وڵاتانەوە بیستبووم، بە جێگری وەزیری مستعمراتم گوت :” دروستکردنی ئەم شەبیھانە چ سوودێکیان بۆ ئێمە ھەیە ؟ “. وەڵامی دامەوە : ” ئێمە لەمڕێگایەوە دەتوانین بیروڕاو مەیلەکانی پاشاکان، زانایانی ئاینی و گشت موسڵمانان، بە شیعەو سونەوە، بزانین و ئەو ژمارەو ئەنجامانەی کە لەم گفتوگۆیانەوە بەدەستیان دەھێنین، لە یەکلایکردنەوەی مەسەلە سیاسیی و ئاینییەکانی ناوچەکەدا بەکاریان ببەین. بۆ نموونە، ئەگەر ھەست بکەین کە فڵانە زانای ئیسلامی، یان فڵانە پاشا لە سنورەکانی ڕۆژھەلاتی ناوچەکەدا دوژمنایەتیمان دەکات، ئەوا بەخێرایی لە ھەموو لایەکەوە ھێزەکانی خۆمان بۆ پوچەڵکردنەوەی ھەنگاوەکانی ئەو ئاڕاستە دەکەین، بەڵام ئەگەر بەڕاستی بزانین کە دوژمنەکەمان لەکوێدا خەریکی چالاکین، ئەوا ناچار دەبین کە ھەموو ھێزەکانی خۆمان بە سەرتاسەری ناوچەکەدابڵاو بکەینەوە، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە، لەڕێگای نمایشکردنی ئەم شانۆگەریانەوە دەتوانین ئەنجامگیرییەکانی کەسێکی موسڵمان لەبارەی سونەت ئەحکامەکانی ئیسلامەوە بزانین و بەم ھۆیەشەوە بیروباوەڕی لەق بکەین و گومان لە زەین و مێشکیدا دروست بکەین و کۆمەڵێک باس و بابەتی ئەبستراک و ڵۆجیکی ئامادە بکەین تا بیروڕاکانی ڕەتبکەینەوە. ئەم ھەنگاوانە، لەدروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی موسڵمانەکاندا کاریگەریەکی بەرچاویان دەبێت و بیروباوەڕی موسڵمانەکان لەرزۆک دەکات “. جێگری وەزیر پاش لەتەواوکردنی قسەکانی، پەرتوکێکی قەبارە گەورەی پێدام تاکو بیخوێنمەوە، پەرتوکەکە ھەزار لاپەڕە بوو. لە پەرتوکەکەدا، ژمارە و ئەنجامی بەراوردکارییەکان و ئەو ئەنجامانەی کە لە گفتوگۆو مناقەشاتی کەسایەتییە ئەسڵیەکان لەگەڵ شەبیھەکانیاندا بەدەستھاتبوون، چاپکرابوون. دەبووایە کە من ئاگاداری پرۆژەکان و سەرەداوی بابەت و مەسەلە سەربازی، مالی، کڵتوری و ئاینییەکاننی دەوڵەتی به‌ریتانیا بم لە وڵاتانی ئیسلامیدا، کە لەسەر بنەمای ئەنجامگیرییە بەدەستھاتووەکانەوە داڕێژرابوون. بەھەرحاڵ . کتێبەکەم بردەوە بۆ ماڵەوە و لە ماوەی سێ ھەفتەدا، لەسەرەتاوە تاکۆتاییەکەی بەووردی خوێندەمەوە. پاش ئەو ماوەیەی کە بۆم دیاریکرابوو، کتێبەکەم گێڕایەوە بۆ وەزارەتی مستعمرات. بەڕاستی لە نووسینی ووردی کتێبەکە، ڕاستی و دروستی ھەڵسەنگاندنەکان، ئەوباس و ئەو ئەنجامگیریانەی کە لەبارەی بیروباوەڕ و بۆچوونەکانی پیاوانی زانست و کەسایەتییە ئاینییەکانی ئیسلامەوە کرابوون تووشی شۆک بووم. لە ٧٠%یان ڕاست بوون و لە ٣٠% یشیان جیاواز بوون. پاش خوێندنەوەی کتێبەکە، لەوە دڵنیابووم کە حکومەتی وڵاتەکەی من، واتە بەریتانیای گەورە، لە کارەکانیدا سەرکەوتن بەدەست دەھێنێت و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەپێی پێشیینییەکانی ھەمان پەرتووک، بۆماوەی کەمتر لە سەدەیەک ھەرەس دەھێنێت.

لە دیدارەکەم لەگەڵ جێگری وەزیردا، لەوە تێگەیشتم کە ئەم بەدیل دروستکردنانەی وەزارەتی مستعمرات بۆ ھەموو وڵاتانیتری جیھان کاریان لەسەرکراوە و بەپێی ژمارەو بەڵگە پێویستەکانیش، بەرنامەڕێژیی بۆ بە مستعمەرەکردنیان کراوە.

لەجێگری وەزیرم پرسی :” باشە بەم ھەموو دیقەتەوە چۆن ئەم کەسایەتییە تەزویرانەتان بۆ پەیدا کرا؟” . وەڵامی دامەوە :” ئەم کەسانە خەڵکی وڵاتانی جێگە مەبەستن و جاسوسەکانمان پاش لە توێژینەوە و ھەڵسەنگاندنیان بۆ ئەم کارە ھەڵیانبژاردوون و پێشنیاریان بۆ لەندەن کردووە تا ئەم کەسایەتیانەیان لێدروست بکەن. ئێمەیش پاش لە ھەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی دووبارەیان لەسەر بناغەی بەڵگەو زانیارییە پێویستەکانەوە، دەربارەی بیروڕاکانی کەسایەتییە ڕاستەقینەکان، ڕازی بووین لەسەر ھەڵبژاردنیان بۆ بینینی ھەمان ڕۆڵ. ئەم ئەکتەرانە کە ڕۆڵی ئەوکەسایەتیانە دەبینن، پێشتر بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو پەیوەندییانکردووە بەو کەسایەتییانەوە کە ئێستا ھەمان ڕۆڵی ئەوان دەبینین. ئەوە شتێکی ئاشکراو ئاساییە کە ئەگەر تۆ لەگەڵ کەسێکدا بژیت، شارەزای ھەڵسوکەوت و ڕەفتاری دەبیت و کەم تا زۆر دەتوانیت ڕۆڵی ئەو ببینیت”.

دیسان جێگری وەزیر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “ئەمە یەکەمین نھێنی بوو کە بە فەرمانی وەزیر بۆم ئاشکراکردیت و ھەمان ئەو مەبەستانە لە کتێبی یەکەمدا باسیانکراوە، بەڵام نھێنی دووەمت پاش لە مانگێکیتر پێدەڵێم، ئەویش بەو مەرجەی کە بەرگی دووەمی ئەم کتێبەت تەواوکردبێت “.

کتێبی دووەمیشم لێوەرگرت و دەستم بەخوێندنەوەی کرد .ئەم کتێبە تەواوکەری یەکمیان بوو. چەند بابەت و زانیارییەکی نوێی لەمەڕ بارودۆخی ئیسلامی، خاڵە بەھێزو لاوازەکانیان، وەک بیروباوەڕو تێڕوانینی موسڵمانی شیعە و سونە بۆ کێشە جۆراوجۆرکانی ژیان، ھۆی دواکەوتوویی وڵاتانی ئیسلامی و تاد… لەخۆ گرتبوو، کە تیایدا ھەموو ئەو بابەتانە بە دوورودرێژیی و بە شێوەیەکی وورد و زانستیانە خرابوونە ژێر لێکۆڵینە و ڕوونکردنەوەوە. لە بەرگی دووەمدا، خاڵە بەھێز و لاوازەکانی موسڵمانەکان دیاریکرا بوون، ھەروەھا ئەو ڕێگایانەی کە دەبێت بگیرێنە بەر بۆ خاڵە لاوازەکانیان و چۆنیەتی لە نێوبردنی خاڵە بەھێزەکانیان ڕوونکرابوونەوە. بەپێی خاڵبەندییەکانی کتێبەکە، خاڵە لاوازەکانی موسڵمانان بەو شێوەیەی لای خوارەوە دیاریکرابوون:

١. ئه‌لف: ناکۆکی نێوان شیعە و سونی. ب – ناکۆکی نێوان خەڵک و دەسەڵات. ج – ناکۆکی نێوان ھەردوو حکومەتی ئێران و عوسمانی. د – ناکۆییە ھەنوکەییەکانی نێوان خێڵەکان.- بە ھەڵە لەیەکتر گەیشتنی نێوان زانا ئاینییەکان و کارمەندانی حکومەت.

٢. دواکەوتوویی و نەخوێندەواری گشتی لە ھەموو ولاتانی ئیسلامیدا.

٣. دەمارگیری و بەستەڵەکی فکری، ئاگادارنەبوون لە بارودۆخی سەردەم، حەزنەکردن لە کارو چالاکییەکانی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی.

٤. بڕوا نەبوون بەژیانی ماددی، زیادەڕەویکردن لە پەرستن و عیبادەتدا و ھیوا بوون بە دواڕۆژی بەھەشت، کە ئەمەش بۆخۆی لەھەوڵ و تێکۆشانی بۆ ژیانێکی باشتر لەم جیھانەدا کەمدەکردەوە.

٥. ئەو ئیستبداد و ستەمەی کە حکومەتە دیکتاتۆرییەکان بەرانبەر بە خەڵکی ئەنجامی دەدەن.

٦. نەبوونی ئاسایش و نەبوونی ڕێگاکانی ھاتوچۆکردن و پەیوەندییەکان.

٧. نەبوونی تەندروستی گشتی و دەرمان، تەنانەت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی وەک تاعون و کۆلێرا کە ھەموو ساڵێک کۆمەڵێک خەڵک دەکوژێت.

٨. وێران بوون و بە کەلاوەکردنی شارەکان، نەبوونی سیستەمی ئاوەدێری و دواکەوتوویی کشتوکاڵی.

٩. بێ سەرەو بەرەیی لە ناو فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا و نەبوونی یاساو بڕیارەکان سەرەڕای ڕێزێک کەخەڵک لە قورئان و ئەحکام و شەرعی دەگرێت، بەڵام بەکردەوە جێبەجێکردنی دەستورەکانی شەرع وازیان لێھێنراوە و زۆر بەکەمی پەیڕەوییان لێدەکرێت.

١٠. ئابوریی نەخۆش و دواکەوتوو، ھەژاری گشتی و بێکاری لەسەرانسەری ناوچەکەدا.

١١. نەبوونی سوپایەکی ڕێخراو پیشەیی، کەمبوونی چەک و پێداویستییە دیفاعییەکان و لەکارکەوتنی ئەو چەکانەی کە ھەنووکە لە دەستیاندایە .

١٢. سوکایەتیکردن بەژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان.

١٣. پیسبوونی شارەکان و لادێکان کەڵەکەبوونی زبڵ و خەوش وخاڵ لە ناوەندەکانی ئاڵوێر و مەخزەنی کاڵاکان و تاد… .

کتێبەکە پاش لە خاڵبەندیکردن و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی موسڵمانان، ئاماژەیش بەو ڕاستییە دەکات کە ئاین و شەریعەتی ئیسلام بچووکترین گونجان و تەبایی لەگەڵ ئەو کەموکوڕیانەدا نییە، بەڵام پێویستە کەموسڵمانەکان لە حاڵەتی نەزانی و ئاگادار نەبوون لە ڕاستییەکانی ئیسلامدا بھێڵرێنەوە و ڕێگا نەدرێت کە پەی بە ڕاستییەکانی دینەکەی خۆیان ببەن. ئینجا کتێبەکە ئاماژە بۆ ئەو فەرمان و حوکمانە دەکات کە ڕوونکەرەوەی بنەماو پرەنسیپەکانی ئاینی ئیسلامن :

١. ئامۆژگاری لەبارەی ھاوپشتی و برایەتی نێوان موسڵمانەکان و جەختکردن لەسەر خۆ دورخستنەوەیان لە ناکۆکی و دووبەرەکی (اعتصمو بحبل اللە جمیعا).

٢. ئامۆژگاریکردن لە بارەی پەروەردەو فێرکردنەوە (طلب العلم فریضةعلی کل مسلم و مسلمە ـ حدیث).

٣. ئامۆژگاریکردن لە بارەی کار و داھێنانەوە (فسیروا فی الارض ـ قورئان).

٤. ئامۆژگاریکردن لەبارەی باشترکردنی ژیانی ماددییەوە (ربنا ا تنا فی الدنیا حسنە).

٥. ئامۆژگاریکردن لە بارەی بیروڕا گۆڕینەوە و ڕایگیری لە بارەی کێشەکانی ژیانەوە (وامرھم شوری بینھم).

٦. ئامۆژگاریکردن لە بارەی دورستکردنی جادەکانەوە (فامشوا فی مناکبھا).

٧. ئامۆژگاریکردن لە بارەی تەندروستی و دەرمانەوە، بە پێی حەدیسی پێغەمبەر : زانستەکان چوار جۆرن : ١- فقە بۆ ئاگادار و پاراستنی ئاین . ٢ – پزیشکی بۆ سەلامەتی لەش و تەندروستی . ٣ – نحو بۆ پاراستنی زمان . ٤ – نجوم بۆ ناسین و زانینی کات . (انما العلوم اربعە، علم الفقە لحفظ الادیان، علم الطب لحفظ الابدان، علم النحو لحفظ السان و العلم النجوم لحفظ الزمان- حدیث).

٨. . ئامۆژگاری لەبارەی ئاوەدانی و گەشە پێدانەوە . (- وخلق لکم ما فی الارض جمیعا).

٩. ئامۆژگاریکردن لەبارەی ڕێکخستنی کارو بارەکانەوە (- ونظم امرکم – قورئان) .

١٠. ئامۆژگاریکردن لە بارەی ئابورییەکی بەھێزەوە (- من لامعاش لە، لامعادل لە – حدیث).

١١. ئامۆژگاریکردن لەبارەی دامەزراندنی سوپاوە بە کەڵک وەرگرتن لە پێشکەوتووترین چەک و ئامڕەزەکان (واعد ولھم ما استظعتم من قوە – حدیث).

١٢. ئامۆژگاریکردن لەبارەی ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی ژنان (ولھن مثل الی علیھن بالمعروف – قورئان).

١٣. ئامۆژگاریکردن لە بارەی پاک و خاوێنییەوە (النظافە من الامان – حدیث).

پاش باسکردنی ئەو لایەنە پۆزەتیڤانەی ئیسلام، کتێبەکە لە بەشێکی دیکەیدا دەچێتە سەر ڕوونکردنەوە خاڵە بەھێزەکانی ئیسلام و ھۆیەکانی پێشکەوتنی موسڵمانەکان و دواتریش چۆنیەتی ھەڵوەشانەوە و لە ناوبردنی دیاریدە پێشکەوتوو و گەشەکردووەکانی موسڵمانان دەکاتە ھێڵە گشتییەکانی ھەنگاوەکانی وەزارەتی مستعمرات. لە کتێبەکەدا ھاتووە کە :

١. پابەند نەبوون بە دەمارگیری نەتەوەیی و ڕەگەزی، زمان و کڵتوری نەتەوەیی و پێشینەی مێژووییەوە.

٢. حەرامکردنی سووخۆری (الربویه: ‌usury)، ئیحتکارکردن، مەی خواردنەوە، خواردنی گۆشتی بەراز و یا… .

٣. خۆشەویستی و پابەند بوونی زۆر بە زانایانی ئاینیەوە لە سەر بنەمای ئاین و بیروباوەڕوە.

٤. ڕێز گرتنی گشتی موسڵمانەکان لە خەلیفەی ئێستاکەو باوەڕبوونیان بەوە کە ئەو جێگر و وەلی ئەمری پێغەمبەرە و لەم ڕووەیشەوە ملکەچکردن بۆ فەرمانەکانی، ھەروەک ملکەچکردن بۆ فەرمانەکانی خودا و پێغەمبەر.

٥. واجب بوونی جیھاد لە دژی بێباوەڕەکان.

٦. بڕوا بوونی شیعە مەزھەبەکان بەوەی کەخەڵکی ناموسڵمان (بە دیندار و بێدینەوە) ناپاکن.

٧. بڕوا بوون بەوە کە ئاین ئیسلام لەسەرو ھەموو ئاینەکانیترەوەیە.

٨. ڕێگانەدانی شیعەکان بە دروستکردنی پەرستگاکانی یەھودی و مەسیحییەکان.

٩. پێویستی کردنەدەرەوەی یەھودی و مەسیحییەکان لە سەر خاکی دورگەی عەرەبیدا (بە باوەڕی زۆرینەی موسڵمانەکان).

١٠. بەکردارکردنی ئەنجامدانی فەرزکردنی نوێژ، ڕۆژو، حەج ، بە تامزرۆیی و حەزی زۆرەوە.

١١. بڕوای شیعەکان بە دانی خمسە (خمس :جۆرێکە لە زەکات  لە ئیسلامدا کە دەبێت بدرێت بە ئەھلی بەیت – وەرگێڕی کوردی) و دابەشکردنەوەی بەسەر موسڵمانەکاندا لەلایەن زانا ئاینییەکانەوە.

١٢. پابەند بوون بە بیروباوەڕی ئیسلام، لەڕووی ئیمان و دڵسۆزییەوە.

١٣. بڕوا بوون بە پەروەردەو فێرکردنی تەقلیدی منداڵان و لاوەکان، بەمەبەستی پتەوکردنی بناغەکانی خێزان و پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان باوکان لەگەڵ منداڵاکانیاندا.

١٤. جەختکردن لەسەر پێویستی حیجابی ژنان، کە ھۆیەکە بۆ بەرگرتن بە فەساد و پەیوەندییە سێکسییە نامه‌شروعەکان.

١٥. لەڕۆژێکدا چەندجار نوێژکردنی بە کۆمەڵ و کۆبونەوەی خەڵکی ھەرگەڕکێک لە مزگەوتەکاندا.

١٦. ڕێزدانان بۆ گۆڕەکان و مەزارگەکانی پێغەمبەر، ئەھلی بەیت، زانایان و کەسانی ئاشتیخواز،ھەروەھا دروستکردنی ئەو گۆڕانە لە ناوەندەکانی کۆبوونەوە و شوێنە بەرچاوەکاندا.

١٧. ڕێزگرتن لە سەیدەکان :” کوڕ و نەوەکانی پێغەمبەر “، بەیاد ھێنانەوەی ناوی پێغەمبەر، بەجۆرێک کە ئەو لە تێڕوانینی موسڵمانەکانەوە ھەمیشە زیندووە و شایانی درود و ئافەرین لێکردنە.

١٨. بەرپاکردنی مەراسیمی ماتەمینی حسین لەلایەن شیعەکانەوە و کۆبوونەوەی گەورەی ئەوان بەم بۆنەیەوە لە مانگەکانی موحڕەم و سەفەردا و خوتبەدان و لێدوانە سیستماتیکەکان کە کاریگەر بەرچاویان لەسەر بەھێزکردنی باوەڕی موسڵمانەکان ھەیە و ئەوان ناچار دەکەن بە چاکەکاری.

١٩. پێویستی پەیڕەویکردن لە دروشمی ” ئەمر بە چاکە و نەھی لە خراپە “، وەک یەکێک لە پرەنسیپە گرنگەکانی ئیسلام.

٢٠. بەتام وچێژ نیشاندانی شوکردن و ژنھێنان و ئامۆژگاریکردن بۆ زیادکردنی منداڵ وچەند ژنە.

٢١. ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە ھیدایەت و ڕێنمایی بێباوەڕان دەکەن، بەڕادەیەک کە ئەگەر ھەرکەسێک کافرێک بکاتە موسڵمان ، ئەوا لە ھەموو سەروەت و سامانی دنیا بۆی باشترو بەسوودترە.

٢٢. گرنگی پەیڕوکردنی سونەتی باشە ” ھەرکەسێک کە پەیڕەوی لە سونەتێکی باشە بکات، ئەوا دوو پاداش وەردەگرێتەوە ، پاداشێکی سونەتە باشەکە و پاداشێکی کارکردنی بە ھەمان سونەتی باشە “.

٢٣. ڕێزدانانی زۆر بۆ قورئان و حەدیس و پێویستی پەیڕەویکردن و بەکاربردنیان، کە ببێتە ھۆی بەدەستھێنانی بەھەشت.

پاش لە باسکردنی لایەنە بەھێزەکانی ئیسلام، لە بەشەکانی دواتری کتێبەکەدا، چۆنیەتی ڕێگا عەمەلییەکانی پەرەدان بە خاڵە لاوازەکان و تێکشکاندنی لایەنە بەھێزەکانی ئاینی ئیسلام، بەبەڵگە و ئەزمونی بەھێزەوە خراونەتە ڕوو. ئینجا کتێبەکە ئەو ھەنگاوانەی کە دەکرێت بۆ پەرەپێدانی خاڵە لاوازەکان پێویستە ھەڵبھێنرێنەوە، بەشێوەی فھرەستێک ئاڕاستە دەکات :

١. پەرەدان بە ناکۆکی ئاینی لە ڕێگای دروستکردنی ھەستی بەدگومانی لە نێوان موسڵمانە شیعەو سونەکاندا. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیش، پێویستە چەند بابەتێکی سوکایەتی ئامێز لەلایەن ھەردووگروپەکەوە دژ بەیەکتری بنووسرێت. لەجێبەجێکردنی ئەم ئەجەندای ناکۆکی و دووبەرەکایەتی نانەوەیەدا، نابێت لە سەرفکردنی پارەیەکی زۆر خۆ بپارێزرێت.

٢. ھێشتنەوەی موسڵمانان لە نەزانی و نەخوێندەواریدا، ھەوڵدان بۆ ڕێگاگرتن لە دامەزراندن و کردنەوەی ھەموو ناوەندەکانی پەروەردەو فێرکردن، دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە لە سەر ڕێگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبە ئاینییەکان و لە کاتی پێویستیشدا سوتاندنی کتێبخانە گشتییەکان و ترساندنی خەڵک تا منداڵەکانیان نەنێرنە قوتابخانە ئاینییەکان، ئەمەش لەڕێگای تۆمەت خستنە پاڵ مەرجەع و زانا گەورەکانیان.

٣. پڕوپاگەندە بۆ تەمەڵی و بەرگرتن بە تێکۆشان و چالاکی کۆمەڵایەتی، ئەویش لە ڕێگای پێناسە کردنی دنیای پاش لە مردن و بەرجەستەکردنەوەی دیمەنی جوان و جۆراوجۆری بەھەشت لەبەر چاوی خەڵکدا . لە ئەنجامیشدا دڵیان ساردبکەینەوە و وایان لێبکەین کە تاقەتی ھەوڵدانیان بۆ ژیان نەبێت و لە چاوەڕوانی مەلەکوت و بەھەشتی دواڕۆژدا بمێننەوە.

٤. پەرەدانی ھەمەلایەنە بە خانەقای دەروێشەکان، ئەویش لە ڕێگای چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێب و نامیلکانەی کە خەڵکی عەوام لە شتە دنیاییەکان دووردەخەنەوە و خەڵکی تووشی گۆشەگیری دەکەن، وەک زیندووکردنەوەی زانسەکانی غەزالی، مثنوی مولوی و کتێبەکانی (محی الدین العربی).

٥. سەلماندنی ڕەوایی دەسەڵاتی شاکان و دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر و ملھوڕ، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی حەدیسەکانی وەک :” سوڵتان سێبەری خوایە لە سەرزەویدا – السلطان ظل اللە فی الارض “، یان بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیە کە ئەبوبەکر، عوسمان، عومەر، عەلی، بنی ئومەیە و بنی عباس، ھەموویان بە پشتبەستن بەتووند و تیژی و بەزۆری شمشێر، دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە و بەکورتییەکەی شمشێر حوکمی کردووە بەسەر دەسەڵاتیاندا، یان نیشاندانی کۆبوونەوەکانی سەقیفە وەک شانۆگەرییەک کە سەرەداوەکەی بەدەستی عومەرەوە بووە و لەم ڕووەیشەوە، ئاشکراکردن و خستنە ڕووی چەند بەڵگەیەکی وەک سوتاندنی خانوەکانی لایەنگرانی عەلی و لەوانەیش خانوەکەی فاتمەی ھاوسەری لە لایەن عومەری کوڕی خەتابەوە. پیشاندانی ئەوە کەخەلافەتی عومەر لەڕووکەشدا بە پێێ وەسیەتی ئەبووبەکر بووە، بەڵام لە ناوەرۆکدا بەھۆی ھەڕشەکردن و تۆقاندنی نەیارەکانییەوە بووە. ھەڵبژاردنی شورای درۆینە بەمەبەستی ھەڵبژاردنی عوسمان بۆ دژایەتیکردنی عەلی، کە سەرئەنجام بووە ھۆی ئاژاوە و کوشتنی عوسمان و گەیشتنی عەلی بە خەلافەت. خەلافەتی معاویە لەڕێگای فێڵ و تەڵەکە و بەزۆری شمشێر بووە، جێگاگرتنەوەی جێنشینەکەشی بەھەمان شێوەی خۆی بوو تا کاتی دەستپێکردنی یاخیبوونە چەکدارییەکەی سفاح بەڕایەرایەتی ابومسلم و دامەزراندنی خەلافەتی بنی عباس . خەلیفەکانی ئیسلام، لە سەردەمی ئەبوبەکرەوە تا ئەمڕۆ کە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی عوسمانییەکانە، ھەموویان ملھوڕ و دیکتاتۆر بوون : لە سیستەمی ئیسلامیدا، ھەمیشە حکومەتی دیکتاتۆرەکان سەقامگیر بووە.

٦. فەراھەمکردنی پێداویستییەکانی تێکدانی باری ئاسایشی ڕێگاوبانەکان، ئاژاوە نانەوە و دروستکردنی پشێوی لە شارو لادێکاندا، ئەوەش لەڕێگای پشتیوانیکردن لە ئاژاوەگێڕەکان و ڕێگانەدان بە سزادانی چەتەو ئاژاوەگێڕەکان و ھاندانیان بۆ چەتەیی و فەرھودکردن، بۆ ھەمان مەبەستیش پێویستە کە پارەو چەکیان بەسەردا دابەشبکرێت.

٧. بەرگرتن بە ھەمەکیبوونەوە و گەشەکردنی تەندروستی، تەرویجکردنی بیرو باوەڕە جەبری و قەدەرییەکان وەک ئەمە کە ھەموو شتێک لە دەستی خودا دایە و دەرمان بۆ نەخۆشییەکان ئەنجامێکی نابێت. بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، دەبێت پشت بەم ئایەتە ببەسترێت :” ئەوەی کە خواردن و ئاوم ئەداتێ و ئەگەر نەخۆشیش کەوتم، ئەوە ھەر ئەوە کە چارەسەرم دەداتێ و چاکم دەکاتەوە ـ الذی ھو یطعمنی و لیسقیتی و اذا مرض فھو یشفینی ” ، یان “ئەوە کە دەمرێنێت و ھەرئەویشە کە زیندووم دەکاتەوە – الذی یمتنی ثم یحیتی ” . ژیان و مردن لە دەستی خودایە. بەبێ تواناو ئیرادەی ئەو، شیفای نەخۆش و ڕزگاربوونی لە مەرگ مەحاڵە. ئەم ڕووداوانە قەدەری خوایین.

٨. ھێشتنەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە ھەژاری، نەداری و وێرانیدا و ڕێگاگرتن لە ھەرجۆرە چاکسازی (ڕیفۆرم) و گۆڕانکارییەک.

٩. پەرەدان بە فیتنەیی، ئاژاوە و پاشاگەردانی و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەم بیروبۆچوونە کە ئیسلام ئاینی پەرستن و خۆپارێزییە و ھەقی بەسەر کاروباری دنیاییەوە نییە. محەمەد و جێنشینەکانی ھیچ ھەنگاوێکیان ھەڵنەھێناوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە دنیاییەکان و ڕێکخستنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان . ئاکامەکانی جێیەجێکردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە، دواکەوتوویی ئابوری و زیادکردنی بێکاری و ھەژاری گشتییە. لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، بۆ داسەپاندنی دواکەوتوویی ھەرچی زیاتر بەسەر وڵاتانی ئیسلامیدا ، پێویستە کە دانەوێڵەو خەلەوخەرمانی جوتیاران بسوتێنرێت، کەشتییە بازرگانییەکان لەدەریاکاندا نوقم بکرێن، ناوەندە بازرگانی و پیشەسازییەکان بسوتێنرێن، بەنداو (سد)ەکان بڕوخێنرێن و ئاوادانییەکان وێران بکرێن، سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی خەڵک ژەھراوی بکرێن . پێویستە کەلە ڕێگای گرنگیدان بەوانەوە، بەتەواوی پێداویستییەکانی دواکەوتوویی و ھەژاری خەڵک فەراھەم بکرێت.

١٠. گەندەڵکردنی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانی وڵاتانی ئیسلامی، ئەمەیش لەڕێگای پەرەدان بە مەشروب خواردنەوە، قومار و شێوەکانیتری فەسادەوە، بەھەدەردانی ئەو سەروەت و موڵکی گشتیەی کە لەدەستیاندا کۆبووەتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە پارەیەکیان بۆ خەرجییە دیفاعییەکان و خەرجی ئاوەدانی و گەشەی ئابوریی لەدەستدا نەمێنێتەوە.

١١. بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دیلی و کۆیلەیەتی ژنان و سوکایەتی پێکردنیان، ئەمەیش بە پشت بەستن بە ئایەتی ” پیاوان بەسەر ژناندا زاڵن – الرجال قوامون علی نساء”، یان حەدیسی ” ژن سەرتاپا خراپەیە – المرئە شر کلھا “.

١٢. بێگومان لەزۆربەی ناوچەکاندا، فاکتەری گشتی پیسبوونی ژینگەی شارو لادێ موسڵماننشینەکان، کەمبوونی ئاوە، دەبێت بەھەر نرخێک بووە فێڵک بکرێت تاکو بەر بەزیادبوونی ئاو بگیرێت و بەم ھۆیەشەوە ڕێژەی پیس و پۆخڵی شارو لادێکان زیاد بکرێت.

بەندێکی تری کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ ئامۆژگاریکردنی شێوەی لەناوبردنی فاکتەرە بەھێزەکان و تواناییەکانی موسڵمانان و چۆنییەتی لاوازکردنیان، کە ئەم بەشەش بۆخۆی جێگای سەرنجە:

١. بەھێزکردنی ئەو ئایدیایانەی کە دەبنە ھۆی زیندوکردنەوەی دەمارگیریی خێڵەکی، ڕەگەزی و نەتەوەییانە، وابەستەکردنی بەھێزیان بە کەڵچەر، زمان وڕابردووی خۆیانەوە، بەڕادەیەک کە ڕێزێکی زۆر لەکەسایەتییە مێژووییە قارەمانەکانی خۆیان، کە بەر لە ھاتنی ئیسلام دەرکەوتوون، بگرن. وەک زیندووکردنەوەی فیرعەونییەت لە میسردا، ئاینی زەردەشتی لە ئێراندا و بتبەرستیش لە وڵاتی میزۆپۆتامیادا. لەم بەشەی کتێبەکەدا، نەخشەیەکی گەورە ھاتووە کە ناوەندی چالاکییەکان لەو سەرزەمینانەی کە ئاماژەیان بۆکرا، دیاریدەکات.

٢. پەرەدان بە مەی خواردنەوە، قومار، فەساد، سێکس و ھاندانی خەڵک بۆ خواردنی گۆشتی بەراز : لەمجۆرە چالاکییانەدا دەبێت کەمایەتییە ئاینییەکانیتری وەک جولەکە، زەردەشتی و مەسیحیەکانیش ھاوکاری یەکتری بکەن و لەھەوڵی پەرەپێدانی ئەو شێوە فەسادانەدا بن. لە ھەقی ئەوەشدا، وەزاراتی مستعمرات پاداشت و خەڵاتیان بۆ لەبەرچاودەگرێت. دەبێت کەسانی کارامە و لێھاتوو بۆ ھەمان مەبەست ئامادە بکرێن و نابێت لەم ڕێگایەدا ھیچ ھەلێک لەدەستبدەن و چوار جۆرەکەی فەساد، واتە قومار، مەشروب، سێکس و خواردنی گۆشتی بەراز، ھەرچی زیاتر پەرەپێبدەن. ئەو کارمەندانەی ئینگلیز کە لەوڵاتانی ئیسلامیدان، فەرزە لەسەریان بە ھەر شێوەیەک کە بە شیاوی بزانن، لە ڕێگای خەڵاتکردن، پارە و شتەکانیترەوە، بە شێوەی ئاشکرا و نھێنێ، پشتیوانی لەم جۆرە فەسادانە بکەن و نەیەڵن زیان بگات بەو کەسانەی کە ھەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەو کارانە. ئەوە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە، دەبێت موسڵمانەکان ھانبدەن بۆ خستنە ژێرپێی فەرمانەکانی ئیسلام و سەرپێچیکردن و نەفرەت لێکردنیان، چونکە بڕوا نەبوون بە حوکمەکانی شەرع، دەبێتە ھۆی پشێویی و پچڕانی شیرازەی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، بۆ نموونە: لە قورئاندا سووخواردن مەحکومکراوە و بە یەکێک لە گوناھە گەورەکان ناو براوە. کەواتە لە ھەموو حاڵەتێکدا پێویستە پەرەبدرێت بە سوو و سەلەمخۆری و مامەڵەی حەرام و لەم ڕێگایەوە ئابوریی لەبەریەک ھەڵبوەشێنرێتەوە. پێویستە کە تەفسیری ناڕاست بۆ ئەو ئایەتە بکرێت کە سووخۆریی حەرامکردووە. پێویستە ئەم ڕاستییە لەبەرچاوبگرین کە سەرپێچیکردن لە دەستوورێکی قورئان، زەمینەی سەرپێچیکردن لە گشت حوکمەکانی ئیسلام فەراھەم دەکات. دەبێت ئەوە بە موسڵمانەکان بگوترێت ئەوەی کە لە قورئاندا حەرامکراوە، قازانجی بەدەستھێنراوە، نەک سووی ئەو پارەیەی کە بە سوودراوە: ” سوو مەخۆن لەبەر ئەوەی کە پارەکەتان زیاد بکەن – لا تاکلو الربا اضعفا مضاعفە”. لەبەرئەوە وەرگرتنی سووی سادە حەرام نییە.

٣. تێکدانی پەیوەندیی دۆستانەی تێکەڵکراو لەگەڵ ڕێزدا، لە نێوان زانایان و ئاینی خەڵکدا، ئەرکێکە کە ھیچ فەرمانبەرێکی ئینگلیز نابێت فەرامۆشی بکات. لەم ڕێگایەدا، دەبێت لە سەرەتادا دوو کاری سەرەکی بکرێت: ئه‌لف – تۆمەت ھەڵبەستن بۆ زانایان ئاین و مەرجەعە ئاینییەکان. بە گەڕخستنی ھەندێک لە ڕۆشنبیرەکانی سەر بە وەزارەتی مستعمرات لە کار و پیشەی زانا ئاینییەکاندا: بە تایبەتی دەبێت ئەم ڕۆشنبیرە بەکرێگیراوانە بسەپێنین بەسەر زانکۆی ئەلئەزھر، ناوەندە زانستی و ئاینییەکانی ئەستەنبوڵ و حەوزەکانی نەجەف و کەربەلادا. یەکێک لە ھۆیەکانی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان خەڵک و زانا ئاینییەکان، دروستکردنی قوتابخانە نوێیەکان و پەروەردەکردنی منداڵانە لەچوارچێوەی پرۆگرامەکانی وەزارەتی مستعمراتدا. لەم قوتابخانانەدا دەبێت پشت بەو مامۆستایانە ببەسرێت کە ئێمە مووچەیان دەدەینێ تا لەڕێگای وتنەوەی وانە زانستییەکانی سەردەمەوە، پێداویستییەکانی ڕق و بێزاری لاوان دژ بە خەلیفەی عوسمانی و ئاینی ئیسلام فەراھەم بکرێت. دەبێت بەدڕەوشتی، ستەمگەری و فەسادە ئەخلاقییەکانی خەلیفەکان بە ڕوونی بۆ قوتابیەکان باسبکرێن کە چۆن و بە چ شێوەیەک سامان و سەروەتی گشتییان بۆ خۆشگوزەرانی و ئارەزووە تایبەتییەکانی خۆیان بەکار هێناوە و ئەم ڕەفتار و کردەوانەشیان، لە ھیچ ڕووەیەکەوە بچووکترین لێکچوونیان لەگەڵ کردەوەو ڕەفتارەکانی پێغەمبەردا نییە.

٤. لەرزۆککردنی بیروباوەڕی پێویستی جیھادکردن و جەنگ لەگەڵ کافرەکاندا. دەبێت جەخت لەسەر بەیانکردنی ئەم خاڵە بکرێت و پێ لەسەرئەوە دابگیرێت کە فەرمانی جیھاد، تایبەت بووە بە سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلام و بە مەبەستی سەرکوتکردنی نەیارانی ئەم ئاینە بووە و ئێستا ئیتر جیھاد پێویستی خۆیی لەدەستداوە.

٥. مەسەلەی پیسی و گڵاوی کافرەکات کە تایبەتە بە بیروڕای شیعەوە، یەکێکە لەو کێشانەی کە دەبێت لە مێشکی موسڵماناندا بسڕێتەوە و بەھێنانەوەی ئایەت و حەدیسەکان، پاکبوونی بێباوەڕانیان بۆ بسەلمێنرێت. لەو ڕووە پێویستە پشت بەم ئایەتە ببەسترێت : ” ئەو شتەی کە ئەھلی کتێب خواردیان، بۆ ئێوەیش حەڵاڵە و ئەوەی کە ئێوەیش دەیخۆن بۆ ئەوانیش حەڵاڵە (طعام الذین اوتوا الکتاب حل لکم و طعامکم حل لھم والمحسنات من المومنات و المحصنات الذین اوتوا الکتاب من قبلکم) ژنە داوێن پاکەکانی ئەھلی کتێب (جولەکە و کریستییەن)یش حەڵاڵن. ئەی ئەوە نەبوو کە پێغەمبەر ھاوسەرێکی جولەکە (صه‌فیە) و ھاوسەرێکی مەسیحی ( ماریا )ی بۆخۆی ھەڵبژارد بوو: ئایا دەتوانرێت بگوترێت کە ھاوسەرەکانی پێغەمبەریش گڵاو بوون؟.

٦. ئەبێت ئەوە بۆ موسڵمانەکان بسەلمێنرێت کە مەبەستی محەمەد لە ئاین تەنھا تایبەت بە ئیسلام نییە، ھەروەکو لە قورئانیشدا باسکراوە، بەڵکو ئاین ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە لایەن خواوە کتێبیان دراوەتێ (جولەکە و مەسیحییەکان) و پەیڕەوانی ئاینەکانی تریش موسڵمانن. لە قورئاندا ھاتووە کە حەزرەتی یوسف داوای لە خودا کردووە کە بە موسڵمانی بمرێت ـ توفنی مسلما”ـ . پێغەمبەرەکانی وەک ئیبراھیم و ئیسماعیلیش لە خوا پاڕاونەتەوە کە : (خوایە ئێمەیش بخەرە ڕیزی موسڵمانەکانەوە و خێزانەکانیشمان بخەرە ڕیزی ئۆمەتی ئیسلامەوە ـ ربنا اجعلنا مسلمین لک ذریتنا امە المسلمە لک”. یه‌عقوب پێغەمبەریش، لە بەرانبەر منداڵەکانیدا دەڵێت : ” بەرلەوەی کە بمرن موسڵمان ببن ـ فلا تموتن الا و انتم مسلمون”.

٧. بابەتێکی گرنگتر، فەراھەمکردنی پێداویستییەکانی دروستکردنی کڵیساکان و کەنسیەکانە: دەبێت لە قورئان، حەدیس و مێژووی ئیسلامەوە بەڵگە بھێنرێتەوە تا موسڵمانان قەناعەت پێبکرێن کە پەرستگاکانی ئەھلی کتێب ڕێزیان لێگیراوە. لە قورئاندا ھاتووە : ” ئەگەر خوا ڕێگای لە لە خەڵک نەگرتبایە، کڵیساکانی مەسیحییەکان، کەنیسەکانی جولەکەکان، کورەکانی ئاگری زەردەشتییەکانیان وێران دەکرد ـ ولو لا دفع اللە الناس بعضھم بعض، لھدمت جوامع و بیع صلوات ” . دەکرێت کە لەو ئایەتە کەڵک وەربگیرێت بۆ سەلماندنی ئەوە کە ئیسلام ڕێز لە پەرەستگاکان دەگرێت و موسڵمانەکان ناتوانن و نابێت کە ئەو پەرەستگایانە لە ناو ببەن.

٨. چەند حەدیسێک لە زمانی پێغەمبەرەوە دەھێننەوە کە نکوڵی لە ئاینی جولەکە دەکات، وەک :” جولەکەکان لە دورگەی عەرەبدا دەربکەن”، یان ئەمه‌ی کە: ” دوو ئاینی جیاواز ناتوانن لە دورگەی عەرەبدا پێکەوە بگونجێن”. بە ھەرحاڵ، دەبێت لە بارەی ڕاستی و دروستی ئەم حەدیسانەوە گومان لە لای موسڵمانەکان دروست بکەین. بۆ نموونە، دەبێت بگوترێت: ” ئەگەر ئەم جۆرە حەدیسانە ڕاست بوونایە، ئەوا محەمەد ھەرگیز ھاوسەری جولەکەی بۆ خۆی ھەڵنەدەبژارد و ھەندێکیش لە ئەسحابەکان (وەک ته‌لحە) ژنی جولەکەیان نەدەبوو، یاخود لەگەڵ مەسیحییەکانی نەجراندا ڕێککەوتنی ئاشتییان ئیمزا نەدەکرد.

٩. پێویستە کە موسڵمانان لە عیبادەکردن دوور بخرێنەوە و لە بەرانبەر واجبەکانی پەرستندا گومانیان لەلا دروست بکرێت. بەتایبەتی دەبێت لەسەر ئەم خاڵە جەخت بکرێت کە خوا پێویستی بە ئیتاعەتکردنی بەندەکانی خۆی نییە. حەج بە شتێکی پووچ لە قەڵەم بدرێت و بەتوندیی موسڵمانەکان لە سەفەرکردن بۆ مەککە و کۆبوونەوەیان لەوێدا، ئاگادار بکرێنەوە، ھەروەھا کۆبوونەوە لە مەراسیمی ماتەمینی و لەخۆدان و تاد… بۆ ئامانجەکانمان مەترسیان ھەیە و دەبێت بە تووندی بەریان پێبگیرێت. دەبێت بە ھەر شێوەیەک بووە ڕێگا نەدرێت کە کۆبوونەوە لە ناو مزگەوتەکان، لە سەرگڵکۆ و مەزارگەی کەسانی گەورەی ئاینی و لە ناوقوتابخانەکاندا بکرێت.

١٠. چەند کارێکیتر کە بوونەتە ھۆی بەھێزکردنی نفوزی ئیسلام لە ناوچەکەدا، بابەتی خەمسەو دابەشکردنی دەسکەوتە جەنگییەکانە. ئەوەش ھۆکارێکە بۆ نفوزی زانا ئاینییەکان لە ناوخەڵکدا. (خمسە) ھیچ پەیوەندییەکی نییە بەو داھاتانەوە کە لە بازرگانی وئاڵووێرەوە بە دەست دەھێنرێت. پێویستە موسڵمانان لەوە ئاگادار بکەینەوە کە زەکات لە سەردەمی پێغەمبەر و ئیمامەکاندا واجب بووە و ئەمڕۆ ئیتر زانایانی ئاینی مافی ئەوەیان نییە کە زەکات بکەنە واجبێک لەسەر خەڵک. بە تایبەتی کە زانا ئاینیەکان داھاتی (خمسە) بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان خەرج دەکەن و خانو، کۆشک، باخ، ئەسپ و مەڕ و ماڵاتی پێدەکڕن. لەبەر ئەوە (خمسە) پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە.

١١. دەبێت ھەوڵبدەین کە ئاینی ئیسلام وەک ئاینی ناکۆکی و ئاژاوەگێڕی بناسێنین و عەشق و ئیمانی موسڵمانان بەرانبەر بەم ئاینە کەم بکەینەوە. بەڵگەیش بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە، ھەبوونی ناکۆکییە ھەنوکەییەکانی نێوان ولاتە ئیسلامییەکان و تێکچوونی ھەرچی زیاتری باری ئاسایشی ئەو وڵاتانەیە.

١٢. پێویستە نفوزبکرێتە ناو خێزانەکان و پەیوەندییەکانی نێوان باوکان و منداڵاکانیان تا ئەو ڕادەیە تێکبدەین کە چیتر نەچنە ژێرباری ئامۆژگاری و پەروەردەی گەورەترەکانیان و بیانخەینە ژێر کاریگەری کڵتوری ئیستعمارییەوە. لەم حاڵەتەدا، ئێمە دەتوانین لاوەکان لەژێر کاریگەری و دەسەڵاتی بیروباوەڕی ئاینییدا دەربھێنیین و پەیوەندییان بە زانا ئاینییەکانە بپچڕێنین.

١٣. لەبارەی مەسەلەی بێ سەرپۆش (حیجاب)ی ژنانیشەوە، دەبێت ھەوڵێکی زۆر بدەین ژنانی موسڵمانەکان وا لێبکەین کە تامەزرۆی بێ حیجاب و ڕزگاربوون لە سەرپۆش پۆشین بن. بۆ گەیشتن بەو مەبەستەیش، دەبێت بە پشت بەستن بە بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەوە بسەلمێنیین کە داپۆشراوی ژنان لە سەردەمی بنی عەباسدا کراوەتە عادەت و بە ھیچ شێوەیەک یەکێک لە سونەتەکانی ئیسلام نییە. خەڵکی ھاوسەرەکانی پێغەمبەریان بەبێ حیجاب دەبینی، لە سەردەمی سەرھەڵدان و دەرکەوتنی ئیسلامدا، ژنانیش شانبەشانی پیاوان لە ھەموو کاروبارەکانی ژیاندا بەشدار بوون و چالاکیان لەخۆ دەنواند. پاش ئەوەی کە لە ڕێگای پڕوپاگەندەیەکی فراوانەوە توانیمان حیجابی ژنان کۆتایی پێبھێنین، ئینجا ئەرکی کارمەندەکانمان ئەوەیە کە کوڕە گەنجەکان ھانبدەن بۆ دڵداری و پەیوەندی سێکسی نا مه‌شروع لەگەڵ ژناندا و لەم ڕێگایەشەوە فەسادی ئەخلاقی لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا پەرە پێبدەن. پێویستە کە ژنانی ناموسڵمانان بە بێ سەرپۆش دەربکەون و ببینرێن بۆ ئەوەی کە ژنانی موسڵمانیش لاساییان بکەنەوە.

١٤. دەبێت لە ڕێگای تۆمەت خستنە پاڵ خەتیب و مەلاکانەوە، ھەر جۆرە نوێژێکی بەکۆمەڵ (جەماعه‌ت) تێکبدرێن و کارێک بکرێت کە مەیلی پێشوازیکردنی خەڵک بۆ نوێژی جەماعەت کەمبکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش، پێویستە کە چەند بەڵگەیک لە بارەی داوێنپیسی خەتیب و مەلاکانەوە بخرێتە ڕوو تا ھەر جۆرە پەیوەندییەکی نێوان ئەوان و خەڵک بە تەواوی تێک بچێت.

١٥. یەکێک لە گیروگرفتەکانیتر، سەردانی موسڵمانەکانە لە مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکان . پێویستە لە ڕێگای چەند بەڵگەیەکەوە ئەوە بسەلمێنین کە بایەخ پێدانی گۆڕەکان و ڕازاندنەوەیان بیدعەیە و بە پێچەوانەی شەرعەوەیە و لەسەردەمی پێغەمبەردا، ئەمجۆرە نەریت و ڕێزلێنانە نەبووە و عیبادەتکرنی مردووەکان باوی نەبووە. دەبێت پلە بە پلە و لەڕێگای رووخاندنی بینا و سومبڵەکانی ئەم گۆڕانەوە، خەڵک لە سەردانی ئەو شوێنانە دوور بخەینەوە. یەکێک لە پرۆژە بەکەڵکەکان بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجە، چۆنییەتی گومان دروستکردنە لەسەر ڕەسەنایەت (ئه‌ساله‌ت)ی ئەم مەزارگایانە. بۆ نموونە، دەبێت ئەوە بە خەڵک بگوترێت کە پێغەمبەر لە مزگەوتی نەبی (مسجد النبی) دا نەخراوەتە ژێر خاکەوە، بەڵکو خراوەتە ناو گۆڕەکەی دایکییەوە. لەبەرئەوە، ھەموو ئەولیاو کەسە گەورەکانی ئیسلام لەو شوێنانەی کە بە گڵکۆ و مەزرگای ئەوان ناسراوە، بەخاک نەسپێردراون. ئەبوبەکر و عومەر لە بقیعدا دفن کراون و کەس نازانێت کە گۆڕەکەی عوسمانیش لە کوێییە. مەزاری ئیمامی عەلی لە بەسرەیە و ئەو گۆڕەی کە لەنەجەفدا کراوەتە شوێنی زیارەتکردنی موسڵمانەکان، گۆڕی مغیرەی کوڕی شوعەیبە. سەری حسەین لە مزگەوتی (حنانە)دا دفن کراوە و کەسیش نازانێت کە لاشەکەی لەکوێدا دفنکراوە. لە کازمین دوو خەلیفەی عەباسی دفن کراون، نەک حەزرەتی موسا کازم و جه‌واد ئه‌لئه‌ئمه‌. مەزارگەی مەشھەد، گۆڕی ھارونە ڕەشیدە نەک مەزارگەی حەزرەتی ڕەزا. لە سامەڕایشدا خەلیفەکانی کوڕی عەباس نێژراوە، نەک ئیمامی ھادی و ئیمامی عەسکەری. دەبێت ھەوڵبدەین کە گۆڕستانی بقیع تەخت و تاراج بکەین و ھەموو شوێنە پیرۆزەکانی دیکە لە وڵاتانی ئیسلامیدا بکەینە کەلاوە.

١٦. دەبێت ھەوڵبدرێت سۆز و ڕێزێک کە شیعەکان بۆ بنەماڵەی پێغەمبەر ھەیانە لە ناوببرێت. دەبێت گومان لەسەر ھەڵبژاردنی محەمەد بۆ پێغەمبەری دروست بکەین و ئەو سۆزو ڕێزەی شیعەکان بۆ پێغەمبەر لە ناوبچێت. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، دەبێت چەند کەسێک بەکرێ بگرین کە بە مێزەری سەوز یان ڕەشەوە خۆیان دەربخەن و بە درۆ خۆیان بکەنە وەچە و نەوەکانی پێغەمبەر. بەم شێوەیە، ئەو خەڵکانەی کە ئەوان دەناسن، ووردە ووردە دەکەونە گومانەوە لە سەیدە ڕاستییەکان و لە نەوەکانی پێغەمبەریش. مەسەلەیەکیتر ئەوەیەکە ھەوڵبدرێت مێزەر و عەمامە لەسەری زانا ئاینی و سەیدە ڕاستییەکان لاببرێت تاکو لەم ڕێگایەوە ھەم پابەند بوون بە پێغەمبەر لە ناو ببرێت و ھەم ڕێزی زانا ئاینییەکانیش لە ناو خەڵکدا نەمێنێت .

١٧. شوێنەکانی ماتەمگێڕانی حسەین، یان حسەینییە، ئەبێت نابووت بکرێن و بکرێنە کەلاوە. ھۆی ئەم کارەیش، دەبێت بە خەبات لە دژی گومڕاییەکانی موسڵمانان و ئەو بەدبەختیانەی کە لە ئاینەوە سەرچاوە دەگرن، لەقەڵەم بدرێت. دەبێت بە ھەموو توانایەکمانەوە ھەوڵبدەین کە خەڵک نەچنە حوسەینیە و خۆیان لابدەن لە ماتەمگێڕان بۆ حوسەین و ووردە ووردە وایان لێیکرێت کە واز لەو جۆرە کارانە بھێنن. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیش، دەبێت لەڕێگای کۆمەڵێک مەرج و دیسپڵینی توند و قورسەوە، دروستکردنی حوسەینییەکان دژوار بکرێنەوە.

١٨. دەبێت ئازادی بیروڕا و پرسیارکردن بخرێتە مێشکی موسڵمانانەوە. ھەموو کەسێک دەتوانێت بە ئازادی بیربکاتەوە و حەزی لە ھەرشتێک بوو بیکات. ئەمر بە چاکەو نکوڵی لە خراپە واجب نییە. تەرویجکردنی حوکمەکانی شەریعەتی ئیسلام پێویست نییە و دەبێت وازیان لێبھێنرێت. پەندێکی ئێرانی ھەیە کە دەڵێت ” عیسا بەدینی خۆیی و موسا بە دینی خۆی”. پاش لە مردن، ھیچ کەسێک ناچێتە گۆڕی کەسێکی دیکەوە. ئەگەر ئەمر بە چاکە و نەھی لە خراپە واجب بێت، ئەوا دەبێت پاشاکان لە پێش ھەر کەسێکی دیکەوە ئەم فەرمانە بەجێ بھێنن و خەڵکە ئاساییەکە ھەقیان بەسەر ئەوەوە نییە.

١٩. دەبێت نەوە دروستکردن کۆنترۆڵ بکرێت و نەیەڵن کە پیاوەکان لە یەک ژن زیاتریان ھەبێت. دەبێت کاری ژنھێنان و شووکردن لە ڕێگای چەند بڕیارێکەوە ئاڵۆز و دژوار بکرێتەوە.. بۆ نموونە، نابێت کە ھیچ پیاوێکی عەرەب ژنێکی ئێرانی بکاتە ھاوسەری ژیانی، یان بە پێچەوانەکەشیەوە نابێت ھیچ پیاوێکی ئێرانی ژنێکی عەرەب بکاتە ھاوسەری خۆی و بەم شێوەیە پیاوە تورکەکانیش نەتوانن کە ژنێکی عەرەب، یان فارس بکەنە ھاوسەری خۆیان.

٢٠. دەبێت مەسەلەی بەجیھانیکردنی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی ئیسلام بە تەواوی ڕەتبکرێتەوە و ئەو دەنگۆیە لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو بکرێتەوە کە ئاینی ئیسلام، ئاینی کۆمەککردن و ھیدایه‌تکردن نییە و تەنھا ئاینی خێلێکه‌، ھەر بەو جۆرەشی کە قورئان بڕیاری لەسەر داوە :” ئەم ئاینە بۆ یادەوەری خۆت و خێڵەکەتەـ انە لذکر لک و لقومک”.

٢١. سونەتە باشەکانی ئیسلام، وەک دروستکردنی بینای مزگەوتەکان، قوتابخانەکان و ناوەندە فێرکاریەکانی، دامەزراوە و ئۆرگانە خێرخوازییەکان، دەبێت ھەموویان لە ناوببرێن، یان لانی کەم سنووردار و کەمبکرێنەوە. دروستکردنی ئەوانە و بەڕێوەبردنیان ئەرکی دەوڵەتەکانە، نەک زانایانی ئاینی. ھەر کاتێک کە دەوڵەتەکان دەستببەن بۆ دروستکردن و بەڕێوەبردنی ئەوانە، ئیتر بەھای ئاینیان نامێنێت و لە ناو دەچێت.

٢٢. پێویستە کە لە ڕاستی و ڕەسەنایەتی ئەو قورئانە کەم بکەینەوە کە ئێستا لەبەردەستی موسڵمانەکاندایە، ئەویش لەڕێگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو قورئانانەوە کە شتێکی کەمتر یاخود زیاتریان لەم قورئانەی ئێستا تێدایە و ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوە کە گومانی خەڵک لەسەر ئەساڵەتی ئەودا زیاد بکەین. لەم رووەوە، بەتایبەتی دەبێت سەرنج بدەینە سەر ئەوە کە ئایەتە سوکایەتی ئامێزەکانی سەبارەت بە مەسیحییەت و یەھودی و بێباوەڕەکانەوە بسڕینەوە. چەند نوسخەیەک لەم قوئانانە بگۆڕینە سەر زمانی تورکی، فارسی و ھیندی و چاپیان بکەین و بڵاویان بکەینەوە. دەبێت حکومەتە موسڵمانە نا عەرەبییەکان ھانبدەین کە لە ناوچەکانی بندەستیاندا ڕێگا لە قورئانخوێندن، بانگ و نوێژ بە زمانی عەرەبی بگرن. شتێکتر کە پێویستە سەرنجی بدەینێ، دروستکردنی گومانە لەسەر حەدیس و ڕیوایەتەکانی ئاینی ئیسلام. لە لایەکی دیکەیشەوه‌ دەبێت ھەر بەو جۆرەی کە لە وەرگێڕانی  قورئاندا شێوێنراوە، تەحریف لە حەدیسەکانیشدا بکرێت.

بە کورتییەکەی، ئەوەی کە لە کتێبی دووەمیاندا بینیم و لێی تێگەیشتم، زۆر چاک و بەسوود دەھاتنە پێش چاوم. ئەم ناونیشانەیان لە سەر کتێبەکە دانا بوو : ” چۆن ئیسلام لە ناو ببەین ؟ “، کە لە ڕاستیدا ئەم کتێبە باشترین و و زانستیترین ئەو پرۆژانە بوو کە من و ھاوکارەکانم ئەرکمان بوو لە وڵاتانی ئیسلامیدا جێبەجێییان بکەین. پاش لە خوێندنەوەی کتێبەکە، کە بە توندیی کاریگەری لەسەرم دانابوو، چووم بۆ وەزارەتی مستعمرات تا کتتێبەکەیان تەسلیم بکەمەوە. لە چاوپێکەوتنێکیتردا کە دووبارە لەگەڵ جێگری وەزیردا بووم، ڕووی تێکردم پێی گوتم: ” تۆ بەتەنیا نیت لە ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە دەبێت بکرێن، بەڵکو گرووپێکی گەورەیش لە ھاوکارانی دڵسۆز و ڕاستگۆ، کە ژمارەیان لە سەرتاسەری وڵاتانی ئیسلامیدا (٥٠) ھەزار کەسە ھاوکاری و کۆمەکت پێدەکەن. وەزارەتی مستعمرات لە بیری ئەوەدایە کە ھەنگاو بەھەنگاو و لەگەڵ چوونە پێشەوەی کارەکانیدا، ئەم ژمارەیە بگەیەنێتە سەد ھەزار کەس. ھەرکاتێک کە گروپێکی گەورەی وامان بۆ دروست بکرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم زاڵ دەبین بەسەر وڵاتانی ئیسلامیداو دەست دەکەین بە سڕینەوەی یەکجاری شوێنەوارەکانی ئیسلام “.

پاشان جێگری وەزیر، بەمجۆرە درێژەی بەقسەکانیدا و وتی : ” مزگێنیت دەدەمێ کە لە ماوەی سەدەیەکدا بە ئامانج و ئارەزووەکانی خۆمان دەگەین . ئەگەر نەوەکانی ئەمڕۆی ئینگلیز سەرکەوتنەکانی ئایندەمان نەبینن، ئەوا نەوەکانی داھاتوومان ڕۆژە خۆشەکانی ئایندە بە چاوی خۆیان دەبینن. ئەم پەندە ئێرانییە چەند جوان و باشە کە دەڵێت:

(پێشینان چاندیان و ئێمەیش خواردمان)، ئێمەیش دەیچێنین تاکو ئەوانیتر بیخۆن. ھەرکاتێک کە بەریتانیای گەورە، یان (پاشای دەریاکان)، لە تێکشکاندنی ئیسلامدا سەرکەوتو بێت و بەسەر ناوچەکەدا فەرمانڕەوایی بکات، ئەوا جیھانی مەسیحییەت لە ھەموو ئەو ئازارو ژانانەی کە لە دوازدە سەدەدا چەشتوویەتی، بە تەواوی ڕزگاری دەبێت. لە دوازدە سەدەی ڕابردوودا، موسڵمانەکان چەندین ھێرشیان کردووەتە سەرمان و چەندین جەنگیان بەسەردا سەپاندووین: بۆنموونە، جەنگە سه‌لیبییەکان کە ھیچ قازانجێکی بۆ مەسیحییەت نەبووە، ھەر بەو شێوەیەی کە ھێرشی مەغۆل لەسەرەتای خۆیەوە بە مەبەستی تاڵانکردن و وێرانکردنی وڵاتانی ئیسلامی دەستیپێکرد، بەڵام چونکە بەبێ لێکۆڵینەوە، توێژینەوە و بەبێ ئامانج دەستیپێکردبوو، نەیتوانی ئیسلام لە نێو ببات. پەلامار و ھێرشی ئێمە بۆ سەر وڵاتانی ئیسلامی، وەک ھێرش و پەلاماری مەغۆلەکان نییە کە تەنھا لە چوارچێوەی کردەوە سەربازییەکان و کوشت و کوشتار و تاڵانکردندا خۆی قەتیس بکات، بەڵکو ئێمە ھیچ پەلەیەکمان لەم کارەدا نییە و زۆر بەشێنەیی ئەم کارە ئەنجام دەدەین. حکومەتی بەریتانیای گەورە، لەگەڵ توێژینەوە و خوێندنەوەیەکی ھەمەلایەنەی ڕێگای تێکشکاندنی ئیسلامدا ھەنگاو دەنێت و بە سەبر و حەوسەڵەوە بەدوای بەرنامە سیستەماتیک و ووردەکانی خۆیدا دەچێت و سەرئەنجامیش بە دوا ئامانجی خۆی دەگات. بێگومان بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجە، پەنا دەبەینە بەر ھێزی سەربازی، بەڵام کردەی ھەنگاوی سەربازی و جەنگی، دوایین ڕێگاچارە دەبێت و ئەو کاتەی کە بەتەواوەتی دەسەڵاتی خۆمان بەسەر وڵاتە ئیسلامییەکاندا سەپاند، بۆ سەقامگیرکردن و پاراستنی ئەو دەسەڵاتە و لەدژی ئەو گروپ و لایەنانەی کە دژی دەسەڵاتی ئێمە بن، پەنا دەبەینە بەرچەک. ئەوەیش گومانی تێدانییە کە دەسەڵاتدارانی ئەستەنبوڵ (عوسمانییەکان)، زۆر ھوشیارن و ناھێڵن کە پرۆژەکانمان لە وڵاتانی ئیسلامیدا بەخێرایی پراکتیزە بکەین، بەڵام دەبێت ھەرلە ئێستاوە منداڵانی چینە ناوەنجییەکان (middle class)، لەو قوتابخانانەی کە بۆمان ئامادەکردوون، پەروەردە بکەین. چەندین کڵیسا لەو ناوچانەدا دروست بکەین، دەبێت ئەوەندە پەرەبدەین بە مه‌شروب، قومار و سێکس تا بتوانین بە تەواوی نەوەی نوێی ئیسلام لە ئاین دوور بخەینەوە. دەبێت لە نێوان دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایانی ئیسلامیدا ناکۆکی و ململانێ جۆراوجۆرەکان پەرە پێبدەین و ئاگری فیتنەیی و دووبەرەکی خۆش بکەین. ئەشرافەکان و پیاوانی دەوڵەت و ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتدارن، بیانخەینە داوی ژنانی جوان و مەکربازی مەسیحییەوە و مەحافلەکانی ئەم ژنە ئەگریجە لولانە پەرە پێبدەین و بیانڕازێنینەوە تا ووردە ووردە لەڕێگای ئەمانەوە ئەشرافەکان و پیاوانی دەوڵەت توانایی دینی خۆیان لە دەست بدەن و خەڵکیش گومانی خراپیان لەسەر دروست بکات و بڕوایان بە ئیسلام کەمبکرێتەوە و لە دوا ئەنجامیشدا یەکێتی و یەکبوونی سێ لایەنەی زاناکان، حکومەت و خەڵک لە ناوببرێت. لە ڕەوشێکی لەو جۆرەدایە کە بە پەرپاکردنی جەنگە ماڵوێرانکەرەکان، بنەماکانی ئیسلام لە رەگ و ڕیشەوە ھەڵدەتەکێنین”.

***

سەرئەنجام، جێگری وەزیری وەزارەتی مستعمرات پەردەی لەسەر دووھەمین نھێنییەک، کە پێشتر بەڵێنی پێدا بووم پێم بڵێت و منیش چاوەڕوانی بیستنیم دەکرد، ھەڵدایەوە : نھێنی دووەم بریتی بوو لەو ڕێککەوتنامەیەی کە لێپرسراوانی پایەبەرزی دەوڵەتی ئینگلیز، کە ھەموویان ئەندامی وەزارەتی دەرەوە بوون، پەسەندیانکردبوو. ئەم ڕێکەوتننامە پەنجا لاپەڕەییە، نەھجی وەزارەتی مستعمراتی بۆ شکستپێھێنان و لە ناوبردنی ئیسلام و موسڵمانانی لەماوەی سەدەیەکدا دیاریدەکرد. بەپێی پێشبینییەکانی ئەم نامیلکەیە، پاش لەو ماوەیەی کە دیاریکرابوو، ناوی ئیسلام لە سەر ئاستی جیھانیدا دەسڕایەوە و شوێنەوارێکی نەدەما. لە ھەمان نامیلکەدا تەئکیدێکی زۆریش لەسەر ئەوە کرابوو کە بەندەکانی ئەم ڕێکەوتننامە ١٤ مادەییە، نھێنییە و نابێت بەھیچ شێوەیەک بابەتەکان و ناوەرۆکەکەی ئاشکرا بکرێت، چونکە ترسی ئەوە ھەبوو ئەگەر موسڵمانەکان پێی بزانن، ئەوا ئەوانیش بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێن. کورتەیەکی ڕێکەوتنامەکە، بەم شێوەیەی لای خوارەوە بوو:

١. ھاوکارییەکی فراوان و کاریگەر لەگەڵ ڕوسیادا بەمەبەستی دەستگرتن و زاڵبوون بەسەر ناوچە موسڵمان نشینەکانی باشوری ئەو وڵاتە (بوخارا، تاجیکستان، ئەرمەنستان، باکوری خۆرسان و سەروی ڕووبار ـ “ماوراء النھر”)دا. ھەروەھا ھاوکاریکردن لەگەڵ ڕوسەکاندا ئامانجێکی تریشی ھەبوو، ئەویش دەستگرتن بەسەر خاکی تورکمەنستان و ئازەربایجاندا، کە ئەو دوو وڵاتەش وابەستە بوون بە ئێرانەوە و ھاوسنووریشی بوون.

٢. ھاوکاریکردن لەگەڵ پاشاکان و ئیمپراتۆرەکانی فەڕەنساو ڕوسیای قەیسەر بۆ دانانی پرۆژەیەکی ھاوبەش و ھەمەلایەنە بۆ تێکشکان و ڕوخاندنی حکومەتە ئیسلامییەکانی ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکە.

٣. پەرەدان بە بە ناکۆکی و کێشە لەمێژینەکانی نێوان ھەردوو دەوڵەتی ئێرانی و عوسمانی و خۆشکردنی ئاگری ناکۆکی و دوژمنایەتی نەتەوەیی و ڕەگەزییەکانی نێوان تورکەکان و فارسەکان، بەرپاکردنی ڕاپەڕینە ناوخۆییەکان و جەنگە خێڵەکییەکان لە نێوان ھۆز و خێڵە موسڵمانەکانی دەوروبەری شارە گەورەکانی عێراق و ئێران. بڵاوکردنەوە و زیندووکردنەوەی سەرلەنوێی ئاینەکانی پێش لە ئیسلام، تەنانەت ئاینە وازلێھێنراو و لەیادچووەکانی میزۆپۆتامیا، ئێران و میسر و ھەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ لەنێوان ئیسلام و ئاینە ناوبراوەکاندا.

٤. دانی بەشێک لەزەوی شارەکان و لادێکانی وڵاتانی ئیسلامی، وەک (اقطاع) بە نەتەوە نا موسڵمانەکان. بۆنموونە، سپاردنی مەدینە بە جولەکەکان، بەندەری ئەسکەندەرییە بە مەسیحییەکان و شاری یەزدی ئێرانیش بە زەردەشتییە پارسییەکان، عەمارەی عێراقیش بە صائبینەکان، کرماشانیش بە علی اللھیان، موسڵیش بە یەزیدییەکان، دەوروبەری کەنداوی فارسیش، بوشھر… بە ھیندییەکان، لەم ناوچەی دواییەیان دەبێت لەپێشدا ھیندییەکان جێگیر بکەین. طرابلسی لوبنان بە خێڵەکانی دروز و گارچیش بەشیعە عەلەوییەکان و مەسقەتی عومانیش بە خوارجەکان. پاش سپاردنی ئەم شوێنانە بەو گروپە ئاینی و کۆمەڵایەتیانەی کە ئاماژەیان پێکرا، پێویستە ھەوڵبدەین کە بناغەی دارایی و سەربازییانەی ئەم کەمایەتییانە، لەڕێگای کۆمەکە لۆجستییەکان، کەلوپەلی جەنگی و ناردنی پسپۆڕانی سیاسیی و جەنگییەوە بەھێز بکەین بۆ ئەوەی کە پاش لە ماوەیەکی کەم، ئەم کەمایەتییە ئاینییانە ببن بە دڕکی چاوی موسڵمانان و ئازاری گیانیان بدەن. فراوانبوونەوەی پلەبەپلەی نفوز و دەسەڵاتی ئەوان لە ناوچەکەدا، دەبێتە ھۆی لە ناوچوونی حکومەتەکانی موسڵمانان و نفوزی ئیسلامیش لە ناوچەکەدا بەرەو لاوازی و داڕزین دەبات.

٥. داڕشتنی نەخشەیەکی وورد و عەمەلی بەمەبەستی دابەشکردنی حکومەتە بەھێزەکانی ئێران و عوسمانی بەسەر چەند فەرمانڕەوایەکی بچووک و خۆجێ (محەلی)یدا و دروستکردنی کێشەو ناکۆکی لە نێوانیاندا، لەلایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە بەشەڕدانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا، وەک ئەو پرۆژەیەی کەئێستا لە لە ھیندستاندا پیادە دەکرێت، یان بەکەڵک وەرگرتن لە دەستور؛ دووبەرەکی دروستبکە و حکومەت لەدەستبگرە، یان بە دەربڕینێکی ڕاشکاوانەتر و باشتر: دووبەرەکی بنێرەوە و لە ناویان ببە!.

٦. لە ناوچە ئیسلامییەکاندا، بە بەرنامەڕێژی ھوشیارانە وسیستماتیکەوە پڕوپاگەندە بۆ بیروباوەڕ و ئاینە ساختە و دروستکراوەکان بکرێت، بەجۆرێک کە ئەو کارە دەبێت پاش لە ھەڵسەنگاندنی زەمینە فکرییەکانی توێژە جیاوازەکانی خەڵک ئەنجام بدرێت. بۆ نموونە: شیعەکان ئیمامەکانی خۆیان زۆر خۆش دەوێت، بۆ مەزھەبی حسین اللھی، پەرەستنی حەزرەتی صادق، زیادەڕەویکردن لە بارەی حەزرەتی مەھدی ونبووەوە، زیادەڕەوی لەبارەی کەسایەتی عەلی کوڕی موسا ڕەزاوە ـ گروپی ھەشت ئیمامی ـ تەرویج بکرێت. گونجاوترین شوێنەکان بۆ بڵابوونەوەی ھەریەکێک لەم مەزھەبانە، بەم شێوەیەیە : حسێن ئیلاهی لە (کەربەلا)، مەھدی ونبوو لە (سامەڕا)، حەزرەتی صادق لە (ئەسفەھان)، ھەشت ئیمامەکەیش لە (مەشھەد). بێگومان بڵاوکردنەوە و تەبلیغ کردنی ھەریەکێک لەم مەزھەبە ساختانە نابێت تەنھا سنوردار بکرێنەوە بە ناوچە شیعەنشینەکانەوە، بەڵکو دەبێت کە لە ناو گروپی چواری ئەھلی سوننەیشدا، چەند مەزھەبێکی لەوجۆرەی کەباسکران، بڵاوبکرێتەوە و ناکۆکی و دووبەرەکیەکی بەھێزیش لە نێوانیاندا دروست بکەین، بەجۆرێک کە ھەر یەکەیان خۆی بە موسڵمانی ڕاستەقینە لەوی دیکەیان بزانێت و ئەوانی دیکە بەکافرو ھەڵگەڕاوە لە دین بزانێت و کوشتنیان بکاتە واجب.

٧. بڵاوکردنوەی لەشفرۆشی و نێربازی (لواط)، مەیخواردنەوە و قوماربازی ، لەو بەرنامانەیە کە دەبێت لە ناو موسڵماناندا پەرەیان پێبدرێت. لە پەرەدان و تەرویجکردنی ئەمجۆرە فاسادانەدا، دەبێت لە ئاینەکانی پێش لە ھاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە، کە خۆش بەختانە ژمارەیان کەم نییە، زۆرترین کەڵک وەربگرین.

٨. ھەوڵدان بۆ ھەڵبژاردنی فەرمانڕەوایانی گەندەڵ و ناپاک تا ھەستیارترین کارو بارەکانی ئەم وڵاتانە لەدەستبگرن. پەیڕەویکردن لەم بنەمایە کە فەرمانڕەوایانی ویلایەتەکان دەبێت بەکرێگیراوانی وابەستەبن بە وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیزەوە، بەکورتییەکەی کار بۆ دەوڵەتی ئینگلیز بکەن و فەرمان لەوەوە وەربگرن. پێویستە کە ئامانجەکانی ئێمە لە وڵاتانی ئیسلامیدا، لە ڕێگای ئەو فەرمانڕەوا بەکرێگیراوانەوە بەنھێنیانە عەمەلی بکرێنەوە. بێگومان دەبێت لە ڕووکەشدا وا بنوێنێت کە ئەم فەرمانڕەواو فەرمانبەرانە لە لایەن پاشاکانی ئیسلامەوە دیاری دەکرێن، بەڵام لە ژێرەوە فەرمانبەری دەوڵەتی به‌ریتانیای گەورەو وەزارەتی مستعمراتن.

٩. بەرگرتن بە کڵتورو زمانی عەرەبی لە وڵاتانی موسڵماننشینی نا عەرەبیدا و لەبەرانبەریشدا تەبلیغ و بڵاوکردنەوەی زمان و کڵتوری نەتەوەیی خۆیان، وەک زمانی سانکریت، زمانە ئێرانییەکان، زمانی کوردی، زمانی پەشتو و ئۆردو. دەبێت بایەخ بەوە بدرێت کە لەهجە محەلییە باوەکانی ناو خێڵە عەرەبەکان پەرەی پێدرێت و جێگای زمانی عەرەبی پەتی (فصیح) بگرێتەوە تا لەم ڕێگایەوە بتوانرێت پەیوەندی عەرەبەکان لەگەڵ زمان و کڵتوری قورئان و سونەتدا بپچڕێنرێت.

١٠. ھەوڵدان بۆ زیادکردنی ژمارەی بەکرێگیراوان و سیخوڕەکانی ئینگلیز لە ئۆرگانە دەوڵەتییەکاندا وەک ڕاوێژکارانی دەسەڵاتداران، پسپۆڕان و… لە ئەنجامدا کاریگەری دانانیان لەسەر بڕیارەکانی ئەمیرەکانی و وەزیران وڵاتانی ئیسلامی. باشترین ڕێگای گەیشتن بەو ئامانجانەش، لە پێشدا پەروەردەکردن و ڕاھێنانی کۆیلەکان و کەنیزە ھوشیارو لێھاتووەکانە و لە قۆناغی دواتریشدا فرۆشتنەوەیانە بە فەرمانڕەواکان، مناڵەکانی لێپرسروانی دەربار، شازادەکان، ھاوسەرەکانیان و کەسانی بەنفوزتر. ئەم کۆیلە و کەنیزانە، بەھۆی لێھاتووییەکەوە کە ھەیانە، ووردە ووردە جێگای خۆیان دەکەنەوە و تا ئاستی ڕاوێژکارانی دەسەڵاتداران و ڕێپیشاندەرانی وەزیر و ئەمیرەکانی وڵاتانی ئیسلامی دەچنە سەرەوە. پەیوەندی لە پساننەھاتوو و کاریگەری ئەوانە لە سەر پیاوانی موسڵمان زۆر بەھێز دەبێت.

١١. پەرەدان بە ئاینی مەسیحیەت لە ناو چەند توێژێکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا، بە تایبەتی تەکنۆکراتەکان (کارمەندانی مالیەی دەوڵەت، پزیشکەکان و ئەندازیاران) و کەسانێکیتر کە وابەستەن بەمانەوە. زیادکردنی ژمارەی کڵیساکان، قوتابخانەکان و دەرمانخانەکانی سەربە کڵیسا، بڵاوکردنەوەی کتێب و نامیلکە تەبشیریەکان و دابەشکردنیان بە خۆڕایی لە ناوچینە ناوەنجییەکانی خەڵکدا، بایەخدان بەمێژووی مەسیحیەت و بەرجەستەکردنەوەی ئەو مێژووە لە بەرانبەر مێژووی ئیسلامدا. بە مەبەستی فەراھەمکردنی ئیمکاناتی زیاتر بۆ تەبلیغ کردنی ئاینی مەسیح و بەدەستھێنانی زانیاری پێویست لەبارەی بارودۆخ و گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی ناوکۆمەڵگە ئیسلامییەکانەوە، دەبێت بەکرێگیراوەکان و جاسوسەکانی به‌ریتانیا لەبەرگی خوشکانی دنیا تەرککردوو، ڕاھیب و قەشەکاندا بنێردرێن بۆ ناوکڵیساکانی وڵاتانی ئیسلامی. ھەندێک لەم ئاینییە بە شێوە مەسیحیانە، دەبێت لە بەرگی ئیسلامناس، ڕۆژھەڵاتناس و تاد… لە ھەوڵی ئاوەژۆکردنەوەی ڕاستییە مێژووییەکاندا بن و پاش لە فەراھەمکردنی بەڵگە و زانیارییە پێویستەکان لە مەڕ بارودۆخی وڵاتانی ئیسلامی، ئینجا دەبێت ھیمەت بکەن بۆ نووسینی چەند وتارو بابەتێک بەزیانی ئیسلام و بە قازانجی مەسیحییەت.

١٢. بلاوکردنەوەی ئاتەیزم (الحاد) لە ناوکچان و کوڕانی موسڵماندا و دروستکردنی گومان لە مێشکیاندا بەرانبەر بە بنەماکانی ئیسلام، ئەویش لەڕێگای تەبلیغکردنەوە لە قوتابخانەکانی سەر بەکڵیسا، بڵاوکردنەوەی کتێبە دژی ئەخلافی و دژی ئیسلامییەکان، دروستکردنی یانەکانی ڕابواردن و دیسکۆکان، فەراھەمکردنی پێداویستییەکانی دروستکردنی پەیوەندی دڵداری لەگەڵ دۆستە ناموسڵمانەکانیان و ئامادەکردنیان بە مەبەستی بەدڕەوشتی و بێدینی. دروستکردنی ئەنجومەنە نھێنییەکان بە بەشداری لاوە جولەکە و مەسیحییەکان و… بە مەبەستی خستنەداوی لاوانی موسڵمان، بەھەر ھۆیەک کە مەیسەر ببێت.

١٣. ھەڵگیرساندنی ئاگری ناکۆکی و پشێووییەکان لە نێوان موسڵمانان و ئاینەکانی دیکەدا، لە ناوەو دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتانی ئیسلامیدا، یاخود لە نێوان خودی گروپە جیاوازەکانی موسڵمانەکانیشدا، ئەویش بە مەبەستی لاوازکردنی ھێزی ئیسلام و دورخستنەوەی پەیڕوانی ئەم ئاینە لە ھاوڕایی و لەیەکجۆر بیرکردنەوە لە بارەی کێشەکانی ژیانەوە و پابەستکردنیان لە ھەنگاونان بەرەو گەشەکردن و پێشکەوتنیان. لە ناوبردنی ھێزە فکری، دارایی و نەتەوەییەکانیان، مراندنی گیانی چالاکی و تێکۆشانی لاوەکانیان و پەرەدان بە بێ سەرەو بەرەیی و پاشاگەردانی.

١٤. تێکشکاندنی ئابوریی نەتەوەیی وڵاتانی ئیسلامی، بە کشتوکاڵ و سەرچاوەکانیتری بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی و ژیانەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەیش دەبێت بەنداوەکان تێکبدەین و ھەوڵبدەین کە گیانی تەمەڵی و بێزار بوون لە ناو یەک بەیەکی ئەندامانی کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بەرانبەر بە کارو بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی بەھێز بکەین. ھەوڵبدەین کە لەڕێگای کردنەوەی شوێنە تەرفیھییەکان و چایخانەکانەوە، ڕێژەی بەکارھێنانی تریاک و کەرەستە سڕکەرەکانیتر ببەینە سەرەوە.

پێویستە ئەوەش بڵێم کە ئەو ١٤ بەندەی سەرەوە، ھەموویان لەگەڵ نەخشە، وێنە و نموونەدا لە نامیلکەکەدا نووسرابوونەوە، بەڵام من لێرەدا چەند ئاماژەیەکی کورتم بە ھەر یەکێک لەو بەندانە کردووە.

بەکورتیەکەی، پاش ئەوەی کە سوپاسی جێگری وەزیری وەزارەتی مستعمراتم کرد بۆ ئەو متمانەیەی کە پێی بەخشی بووم، نامیلەکە نھێنییەکەم لەلای خۆم ھێشتەوە. مانگێک لە لەندەن مامەوە تا ئەو کاتەی کە لە لایەن وەزیرەوە فەرمانی درێژەدان بە مەئمورییەتەکەم لەعێراقدا دەرچوو. دوایین مەئمورییەتەکەم تایبەت بوو بە ئامادەکردنی محەمەد عبدالوەھاب تا ئاینە نوێیەکەی ڕابگەیەنێت. جێگری وەزیر لەوە ئاگاداری کردمەوە کە زۆر بە شێنەیی و ھوشیارییەوە لەگەڵیدا بەرەو ڕوو ببمەوە و بەھیچ شێوەیەک پێویست ناکات کە لەسەرەتاوە زیادەڕۆی لەگەڵدا بکەم، چونکە تێگەیشتنەکەی جێگری وەزیر لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە بیناکرابوو کە جاسوسەکانی به‌ریتانیا لە عێراق و ئێرانەوە ناردبوویان بۆ وەزارەتی مستعمرات. محەمەد عبدالوەھاب گونجاوترین و شایستەترین کەس بوو کە دەکرا دەوڵەتی بەریتانیا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەزارەتی مستعمرات حیسابی لەسەر بکات. پاشان جێگری وەزیر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ” دەبێت بەڕاشکاوانە قسە لەگەڵ محەمەددا بکەیت، چونکە جاسوسەکانمان پێشتر لە ئەسفەھاندا گفتوگۆیان لەگەڵدا کردووە و و شێخ پێشنیارەکانمانی قەبوڵ کردووە، ھەڵبەتە بەو مەرجەی کە لە ئەگەری ئەو مەترسی و ھەڕەشانە بپارێزرێت کە لەلایەن زاناکان، یان لەلایەن دەمارگیر و بەکرێگیراوەکانی دەسەڵاتدرانی ناوخۆییەوە، کە کار بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەکەن، ڕووبەڕووی دەبنەوە، چونکە لەگەڵ ئاشکرابوونی بانگی نوێ ئەودا، لە ھەموو لایەکەوە پلان و ھێرشی ترسناک بۆ لە ناوبردنی شێخ دەست پێدەکات”.

ھەروەھا دەوڵەتی ئینگلیز ڕازی بوو بوو بەوە کە لە کاتی پێویستدا پارەو چەک بۆ شێخ محەمەد بنێردرێت و بەپێی مەیل و ئارەزووی شێخ، ناوەندی فەرمانڕەوایەتییە سەرەتاییەکەیان لە ناوچەیەکی بچووکدا دیاریکردبوو لە نزیکی ” نجد “ەوە، کە دەکەوێتە جەزیرەی عەربی.

بەڵێ ! زۆر خۆشحاڵ بووم بەبیستنی ڕازی بوونەکەی شێخ، بەڵام تەنھا پرسیارێک کە لە جێگری وەزیرم کرد، ئەمەبوو کە: ڕۆڵ و ئەرکی داھاتووی من چییە ؟ لەمەودوا چی بکەم ؟ چ کارێکیتر بخەمە سەرشانی شێخ ؟ لە کوێوە دەست بەمەئموریەتەکەم بکەم؟ جێگری وەزیر وەڵامی دامەوە کە: ” پێشتر وەزارەتی مستعمرات سنووری ئەرکەکانی تۆی بەڕوونی دیاریکردووە و ئەویش ئەو ئەرکانەیە کە دەبێت شێخ پلە بەپلە ئەنجامیان بدات. ئەرکەکانیش بریتین لە:

١. بەکافر ناوزەد کردنی ھەموو ئەو موسڵمانانەی کە بە مەزھەبەکەی شێخەوە پەیوەست نەبن و بە ڕەوا زانینی کوشتن، تاڵانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ناموسیان، ڕێگادان بە فرۆشتنی ئەوانەی کە بەدیل دەگیرێن لەبازاڕەکانی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەکاندا، وەکو کۆیلە و کەنیزەک .

٢. ئەگەر بکرێت، ئەوا بینای کەعبە وێران بکرێت، ئەویش بە بیانوی نەھێشتن وسڕینەوەی پاشماوەکانی بت پەرستی، ڕێگاگرتن لە موسڵمانان بۆ ئەنجامدانی فەرزی حەج و بزواندن و ھاندانی خێڵە عەرەبەکان بۆ تاڵانکردنی حاجییەکان.

٣. ھاندانی خێڵە عەرەبەکان بۆ یاخیبوون و سەرپێچیکردن لە فەرمانەکانی خەلیفە (ئیمپراتۆری عوسمانی)، بزواندن و ھاندانی خێڵ و کەسە ناڕازییەکان بۆ ھەڵگیرسانی ئاگری جەنگ دژ بە حکومەتی عوسمانی، دروستکردن و ئامادەکردنی سوپایەکی چەکدار بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە و شەڕو تێکھەڵچوون لەگەڵ ئەرستۆکراتەکانی حیجازدا بەھەرھۆکارێک کە لە توانادا بێت، ئەویش بە مەبەستی کەمکردنەوە لە نفوز و ڕێزیان لە حیجازدا.

٤. وێرانکردنی گۆڕەکان و مەزارگەکانی موسڵمانان کە لە مەککە مەدینەو شارەکانی تردا ھەن، ئەوەش بە بیانوی خەبات لەدژی نەریت و ڕەوشتی بتپەرەستی و شەریک دروستکردن بۆ خودا و بەرگرتن بە سوکایەتیکردن بە کەسایەتی محەمەد و بەشێوەیەکی گشتیش بە ھەڵبژێردراوان و زانایانی ئیسلامیی تا ئەو جێگایەی کە لە توانادا بێت.

٥. تا ئەو جێگایەی کە مەیسەر بێت، پەرە بە نائارامی، فیتنە و دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە بدرێت لە وڵاتانی ئیسلامیدا.

٦. چاپکردن و بڵاوکردنەوەی قورئانێکی نوێ کە ئایەت و سورەتەکانی کەم و زیاد کرابێت، ئەویش لە سەر بنەمای حەدیس و ئەو ھەواڵانەی کە دەبنە بەڵگەی کەمبوونەوە، یان زیادبوونی ئەو قورئانەی کە ھەنوکە لەبەر دەستدایە.

پاش ئەوەی کە جێگری وەزیر ئەو بەرنامە شەش بڕگەییەی ڕوونکردەوە، کەدەبوو شێخ محه‌مه‌د عبدالوەھاب جێبەجێکردنی تەواوەتیان لە ئەستۆ بگرێت، لە درێژەی قسەکانیدا ووتی :” نابێت قورسی و چڕو پڕی ئەم بەرنامەیە بترسێنێت! ئەرکی ھەموومانە کە تۆوی لەناوبردنی ئاینی ئیسلام لە وڵاتانی ئیسلامیدا بچێنین تاکو نەوەکانی ئایندەمان بتوانن کاروانەکەی ئێمە لەم ڕێگایەوە بگەیەننە دوا مەنزڵگەی خۆی. دەوڵەتی بەریتانیای گەورە سەبرو حەوسەڵەی ھەیە و نەفەسی درێژە لە تێکۆشانی درێژخایەنی خۆیدا. ئێمە ئەم ڕێگا دوورو درێژە بە ھەنگاوی حساب بۆکراو و دڵنیابووەنەوە تەی دەکەین. باشە ئەی محەمەدی پێغەمبەر خۆی پیاوێکی تەنھا نەبوو کە توانی شۆڕشێکی ئەوھا ماڵوێرانکەر بەرپا بکات؟ محەمەد عه‌بدولوەھابیش، ھەروەک پێغەمبەر، دەتوانێت ئاگری ئەو شۆڕشە بڵێسەدار بکات کە ئامانجی ئێمەیە لەداھاتوودا “.

چەند ڕۆژێک دوای دیدارەکەم لەگەڵ جێگری وەزیردا، ئیزنی سەفەرەکەم وەرگرت و پاشانیش ماڵئاواییم لە خێزانەکەم و برادەرەکانم کرد. لەکاتی ھاتنە دەرەوەم لەماڵەوەدا، کوڕەکەم بە ئاوازێکی داواکارییانەوە وتی : ” بابە! زوو بگەڕێرەوە “. بە قسەکانی ئەو، چاوەکانم پڕ لە فرمێسک بوون و چیتر نەمتوانی گریانەکەم لە ھاوسەرەکەم بشارمەوە، یەکترمان ماچکرد، ماچەکانمان، ماچی گەرم و ئاگراوی بوون. دوای ئەوە، ئینجا بەمەبەستی سەفەرکردن بۆ بەسرە، بەرەو لای کەشتییەکە ڕۆیشتم. پاش سەفەرێکی سەخت و دژوار، سەرئەنجام لە شەودا گەیشتمە بەسرە و بە پەلە خۆمکرد بە ماڵی عەبدولڕەزای دارتاشدا. کە چوومە ماڵیان، عه‌بدوڵڕه‌زا خەوتبوو، ھەرکە خەبەری بووە و چاوی بەمن کەوت، زۆر بەگەرمی پێشوازی و بەخێرھاتنی لێکردم. ئەو شەوە لە ماڵی ئەوان مامەوە، بەیانی زوو کە لە خەو ھەستاین، عبدالڕەزا پێی وتم کە ماوەیەک لەوەپێش شێخ محەمەد عبدالوەھاب گەڕاوەتەوە بۆ بەسرە، بەڵام چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، خواحافیزی لێکردووە و سەفەری بۆ شوێنێکی نادیار کردووە. عبدالڕەزا پێی وتم کە شێخ نامەیەکی بۆ من نووسیووە و لەلای ئەو بەجێیھێشتووە. شێخ لە نامەکەیدا ئادرەسی شوێنی نیشتەجێبوونەکەی خۆیی لە نەجدا بۆ نووسی بووم.

ڕۆژی دوایی بە تەنیا بەرەو نەجد کەوتمەڕێ و پاش لە ماندووبوون و فەلاکەتێکی زۆر، گەیشتمە نەجد و سەرئەنجام شێخم لە ھەمان ماڵدا دۆزییەوە کە لە نامەکەیدا بۆی دەستنیشان کرد بووم. ماندوویەتی لە ڕوخساریدا دەبینرا. بە باشم نەزانی کە لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵدا بکەم، خێرا تێگەیشتم کە لە کاری سێکسیدا زیادەڕەوی کردووە و وزەی لەبەر بڕاوە، بەڵام ھەر ناچاربووم کە ئامۆژگاری بکەم تا لەکاری سێکسیدا زیادەڕەوی نەکات، چونکە دەبووایە کە پێکەوە چەند پرۆژەیەکیتر ئەنجام بدەین. شێخ ئامۆژگارییەکەمی قەبوڵکرد و پاشان بڕیارماندا کە من خۆم بکەمە کۆیلەی ئەو و بە ناوی “عەبدوڵا “وەخۆم بناسێنم و واپیشان بدەین کە شێخ منی کۆیلەی لە کۆیلەفرۆشەکان کڕیووەتەوە و ئێسایش بوومەتە موڵکی ئەو، ھەروەھا شێخیش واباسیکردبوو کە منی لە شاری بەسرە کڕیوە و بۆئەنجامدانی کارەکانی ماوەیەک لەبەسرەدا ماوەتەوە و  پاشان گەڕاوەتەوە بۆ نەجد.

خەڵکی نەجد منیان بە کۆیلەی شێخ محەمەد عبدالوەھاب دەزانی. پێویستە ئەوەش بڵێم کە ئێمە بۆ ماوەی دووساڵ لەنەجد خەریکی فەراھەمکردنی سەرەتاکانی دەرچوونی شێخ و ڕاگەیاندنی بانگی نوێی ئەو بووین. لە ناوەڕاستی ساڵی ١١٤٣ ی کۆچیدا، محەمەد عه‌بدولوه‌هاب بڕیاری یەکجاری خۆییدا بۆ ڕاگەیاندن و ئاشکراکردنی ئاینە نوێیەکەی لە جه‌زیرەی عەرەبدا و ھاوکاتیش بانگەوازی ئەو برادەرانەی خۆییکرد کە ھاوبیری بوون و بەڵێنی ھاوکاریکردنیان پێدابوو. لەسەرەتادا، بانگەوازەکەی بە ووشە و دەربڕینی کورت و ناڕۆشن، کە ڕووی لە ھاوەڵ و مریدەکانی بوو دەستپێکرد، بەڵام پاشماوەیەک چەندین دەعوەتننامەی بۆ چینە جیاوازەکانی نەجد نارد و سەرئەنجام توانیمان ھەنگاو بەھەنگاو، لەڕێگای پارەدانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە دەوری بەری شێخ و بۆ پشتیوانی لە بیرو باوەڕەکانی کۆبکەینەوە و بەھۆی پڕوپاگەندەی ئەم کەسانەی دەوری شێخەوە، بڕیارەکەی خۆمان لەبارەی ئەوەوە دا کە خەباتکردن لەدژی دوژمنان و نەیارانی شێخ تووندوتیژتر بکەینەوە. پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە ھەرچی بانگەوازەکەی شێخ لەدورگەی عەرەبدا ئاشکراتر دەبوو، ھەربەو ڕادەیەیش ژمارەی دوژمنان و نەیارەکانی ئەویش زیادیان دەکرد.

زۆر بەخێرایی دوژمنکاری و دژایەتیکردنەکانی شێخ گەیشتنە ئاستێک کە خەریک بوو بڕیارەکەی شێخ لەق بکات و پاشەکشەی پێبکات، ئەمە بەتایبەتی لەوکاتەدا بوو کە لە نەجدا دەنگۆ ترسناکەکان لەدژی ئەو بڵاوبوونەوە. من زۆر بە لێبڕاوییەوە ھانی شێخم ئەدا تا خۆی ڕابگرێت و نەمدەھێشت کە ئیرادە و ڕۆڵی ئەو بەرەو لاوازی بڕوات. ھەردەم پێم دەگوت: ” محەمەدی پێغەمبەری خودایش لە یەکەمین رۆژەکانی (بعثت) دا، کۆمەڵێک دوژمنی ھەبوو کە زۆر لە دوژمنەکانی تۆ بەھێزتر بوون، زیاتریش لەتۆ تەحمولی بەڵاوکوێرەوەرییەکانی دەکرد، بڕینی ڕێگایەکی گەورەو شکۆدار، بەبێ تەحەمولکردنی ئەزیەت و ئازار مەیسەر نابێت و ھەر ڕابەرو پێشەوایەکی خێرخوایش لەگەڵ ئەم دژوارییانەدا بەرەو ڕوو دەبێتەوە “.

سەرئەنجام، شێخ محەمەد عبدالوەھاب لەوە دڵنیایکردم کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە تێدەکۆشێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە ٦ بڕگەییەکەی وەزارەتی مستعمرات، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، ھێشتا شێخ لە دوو ڕووەوە بەڵێنی گونجاوی نەدەدا : یەکەمیان لەکاتی گرتنی کەعبەدا، کەعبە بڕوخێنێت، چونکە شێخ ئەوەی بەکارێکی ترسناک و مەحاڵ دەزانی و پێی وابوو کە موسڵمانەکان بەو زووییە قسەکانی ئەو لە بارەی بتپەرەستییەوە قەبوڵ ناکەن. دووەمیان ئەوە بوو کە ئەو توانایەی لەخۆی ڕانەدەبینی قورئانە نوێیەکە بنووسێتەوە و و ئامادە نەبوو کە ھیچ شتێک لەبەرانبەر قورئاندا بکات. ھەروەھا شێخ زۆر لەدەسەڵاتدارانی مەکە و ئەستەنبوڵی ناوەندی خەلافەتی عوسمانی دەترسا و لەو بارەیەوە دەیگوت : ” ئەگەر کەعبە بڕوخێنم و قورئانێکی نوێ بھێنمە کایەوە، ئەوا مەترسی ئەوە ھەیە کە عوسمانییەکان ھێزێکی زیاتر بۆ سەرکوتکردن و لەناوبردنم ڕەوانەی عەرەبستان بکەن. لەوحاڵەتەدا، ئێمەش توانای مقاوەمەتکردنمان نابێت لەبەرانبەریاندا “. منیش لە عوزرەکەی تێگەیشتم و زانیم کە کەش و ھەوای سیاسیی – ئاینی ئەمڕۆ لەبارنییە بۆ ئەوەی کە خەڵک قورئانی نوێ قەبوڵ بکەن و کەعبەیش بڕوخێنن.

پاش چەندین ساڵ کە بانگەوازەکەی محه‌مه‌د عبدالوەھاب و بڵاوبوونەوەی ئاینەکەی بەپێی بەرنامەیەکی شەش بڕگەیی، لە سەرکەوتن نزیک دەبووەوە، ئینجا وەزارەتی مستعمرات بڕیاریدا کە لەباری سیاسیشەوە لە جەزیرەی عەرەبیدا دەستبەکارببێت . ئەوەبوو کە یەکێک لە بەکرێگیراوەکانی خۆی (کە ناوی محەمەد بن سعودی*) بوو، ئەرکی ھاوکاریکردنی محەمەد عه‌بدولوەھابی گرتە ئەستۆی خۆیی و بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەرێکی خۆی ناردە لای محەمەد عەبدالوەھاب تا ئامانجەکانی بەریتانیای گەورەی بۆ ڕوونبکاتەوە و تەئکید لەسەر ھاوکاری و تێکۆشانی ھاوبەشی ھەردوو محەمەد (محەمەد عه‌بدولوه‌هاب و محەمەد بن سعود) بکات. بڕیاری ھاوکاری کردنەکەیان بەم شێوەیە بوو کە یەکلاییکردنەوەی کێشە ئاینییەکان بسپێردرێت بـە محەمەد عه‌بدولوه‌هاب و مەسئولیەتە سیاسییەکەیش بکەوێتە ئەستۆی محەمەد بن سعود. لەو سەردەمەدا ئامانجی وەزارەتی مستعمرات ئەوە بوو کە ھەیمەنەکردنی دوو لایەنە بەسەر دڵ و جەستەی موسڵمانەکاندا، بە تێگەیشتن لەمە و بە شایەتی مێژوو، حکومەتە دینییەکان تەمەنیان درێژتر و بەھێزتر بوون لە حکومەتە سیاسییەکان.

بەمجۆرە، ھەر ڕۆژێک کە دەگوزەرا، بەرھەمی یەکێتی و یەکبوونەکەی ئەم دوو کەسایەتییە ئاینی و سیاسییە بە قازانجی دەوڵەتی ئینگلیز زیادی دەکرد. ھەردوو ڕابەرەکە توانیان کە شاری ” درعیە “ی نەجد بکەنە پایتەختی دەسەڵاتی خۆیان. وەزارەتی مستعمرات بە نھێنیانە کۆمەکی دارایی زۆری بەم حکومەتە نوێیە دەکرد، بەتایبەتی ئیمکاناتێکی مالی ئەوتۆی بۆ حکومەتی نەجد فەراھەمکردبوو کە بتوانێت چەند کەسێکی بەڕووکەش کۆیلەی بۆ بکڕێت. لەڕاستییدا ئەوانە کۆیلە نەبوون، بەڵکو کارمەندە مەشق پێکراوەکانی وەزارەتی مستعمراتی ئینگلیز بوون، بەتەواوی شارەزای زمانی عەرەبی بوون، ھونەری جەنگی بیابانیشیان دەزانی. بە ھاوکاری و ئازایەتی ئەو دەستەیە، کە ژمارەیان ١١ کەس بوو، توانیمان نەخشەی مه‌نهه‌جی ئاینی ـ سیاسیی حکومەت دابڕێژین. ھەردوو محەمەدەکەش پابەندبوون بە بەجێھێنانی ئەرکەکانیانەوە و ھەنگاویان لەڕێڕەوی ئەوبەرنامەیەی کەبۆیان دانرابوو، بەرەو پێشەوە دەنا. پێویستە ئەوەش بڵێم کە جاروباریش لە نێوانیاندا کێشەو دەمەقاڵێی لاوەکیانە دروست دەبوو، بەڵام ھێندە توند وتیژ نەبوون تا وەزارەتی مستعمرات تەدەخولیان تێدا بکات.

ئێمەیش ھەموومان زەواجمان لەگەڵ کچانی دەوروبەری نەجدا کرد. پێویستە ددان بەوڕاستییەشدا بنێم کە دڵسۆزی و خۆشەویستی ژنانی موسڵمان بەرانبەرانبەر بە پیاوەکانیان، بەڕاستی سەرسوڕ ھێنەرە. ئێمە توانیمان لە ڕێگای پەیوەندی پتەوی ژن و مێردایەتییەوە، زنجیرە پەیوەندییەکی برایانە و دۆستانەی بەھێز و پتەولەگەڵ خێڵەکانی نەجددا دابمەزرێنین.

ئێستا پەیوەندی نێوانمان زیاترلە ھەر کاتێکی دیکە بەھێزترو باشترە. حکومەتی ناوەندی توانی کە دەسەڵات و نفوزی خۆی لەسەرتاسەری دورگەی عەرەبدا بەھێز بکات. ئەگەر ڕووداوێکی نەخوازراو و کارەساتێکی دڵتەزێن ڕوو نەدات، بەزوویی بەرھەم و میوەی ئەو نەمامە تازەپێگەیشتووە دەچنیینەوە کە تۆوەکەیمان بەسەرتاسەری وڵاتە ئیسلامییەکاندا چاندووە.

____________________________________

* باپیرەی بنەماڵەکەی پاشای سعودییەیە کە لە ساڵی ١١٤٧ ی کۆچیدا مەزھەبی وەھابی قەبوڵکرد و لەنەجددا بە ھاوکاریی ئینگلیز حکومەتی بەدەستەوەگرت و لەساڵی ١١٧٩ کۆچیدا مرد. – وەرگێڕی فارسی

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …