Home / په‌رتووكخانه‌ / فەلسەفەی مێژوو / رامانێك لە زانست و فەلسەفەی مێژوو

رامانێك لە زانست و فەلسەفەی مێژوو

n00007324-b
سەباح عەلی جاف
مێژوو یەكێك لە كۆنترین بەرهەمی رابردووی مرۆڤ و سروشت كە پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە بەوپییەی تۆماری رابردوو و دەسكەوتەكانیەتی، رابردوویەك كە هەموو بەسەرهاتە باش و خراپەكانی تێداتۆماردەكرێت لەپێناو لەبیرنەچوونە و هێشتنەوەی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، مێژوو وەك لقێك لە زانستە مرۆڤایەتییەكان كە هاوپەیوەندی و دۆستاییەتی لەگەڵ سەرجەم زانستەكانیتردا هەیە و كاریگەری راستەوخۆیان لێدەكات بەشێوەیەك هیچ زانستێكی سەردەم بەبێ‌ مێژوو ناكرێت ئەمەیش بەو ماناییەی تا سروشت و مرۆڤ پێشبكەوێت پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆئەوەی لە دەرگای رابردوو بدات بەمشێوەییە مێژوو دەروازەیە بۆ هەموو زانستەكان و ژیان.
قسەكردن لەسەر مێژوو و زانست و فەلسەفەی مێژوو بە زمانی كوردی رەنگە ئاساننەبێت بەوپییەی ئەم زانستە لەسەر ئاستی جیهانی سەدان بێنەوبەردەی لەسەرە لە زۆر رووە بۆیە دەكرێت هەر یەك لە ئێمە لە دەرگایەكەوە ئەو بێنەوبەردانە تاوتوێبكات و قسەی لەسەربكات، لە لایەكیترەوە ئەم زانستە لەلای ئێمەی كورد نەك وەك تۆماری رووداوێكی مێژووی بەڵكو وەك زانستێكی ئەكادیمی و بەتایبەت قسەكردن لەسەر مێژوو و رەهەندەكانی و تێڕوانین و كاركردنی زانستی لەوڕووە هەروەها فەلسەفەی پشت مێژوو رەنگە زۆر گرنگ بێت بۆیە لێرەوە من پێم خۆش بوو تیشكێك بخەمەسەر چەند لایەنێكی ئەم زانستە مرۆییە گرنگە و گوزارەێكی خێرا بەچەند تەوەرێكدا بكەین بە ئومێدی ئاشنابوونمان بە زانستی مێژوو و خوێندنەوەیەكی فەلسەفەی مێژوو دوور لە مانا و مەخازی كلاسیك و كۆن كە تەنها مێژوو تۆماری رووداوەكانە و دوركەوتنەوە لە هەوڵدان بۆ مردوویی بابەتی مێژوو و رووداوە مێژووییەكان ئەمەیش بۆئەوەی مێژوو گەڕانەوەبێت بۆ رابردوو و ئاوێنەی ئێستا و رووناكی بێت بۆ داهاتووی مرۆڤ بەتایبەت بۆ ئێمەی نەتەوەی بێگیانی كورد كە تائێستایش لە زۆر رووداو بابەتدا لەناو مێژوودا دەخولێینەوە. كاركردن بۆ دروستكردنی پایە زانستییەكانی تێگەیشتن لە مێژوو وەك زانستێكی كاریگەر و گرنگ و سەردەمییانە بۆئەوەی نوێی و زیندوییەتی پێبدەین و مێژوو بەوشێوە پێناسبكەین كە خوێندنەوەیەكی نوێی سەردەمییانە بێت بۆ رووداوێكی تۆماكراوی كۆن كە رەهەندەكانی پشتی شرۆڤەبكەین و لەئەمڕۆدا سوودیلێببینین. زاراوەی مێژوو لەڕووی زمانەوانییەوە لە زمانی كوردیدا زاراوەی مێژوو بۆ رابردوو و رووداوەكانی پێشتر بەكاردێت لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەی هەژاری موكریانیدا بەمشێوە هاتووە”مێژو: زەمانی كۆن، كەونارا یان بۆ وشەی موئەرخی عەرەبی و فارسی نووسیوە”مێژوزان: زانا بە دەنگوباسی رابردوو، مێژوشناس: مێژوزان، مێژوڤان: مێژوزان”(1) لە زمانی كوردیدا زارەوەی مێژوو لە وشەی (مێژ) بە واتای كۆن وەرگیراوە كە مەبەست لێی گەڕانەوەییە بۆ رابردوو بە هەموو سەروەری و دەساوردەكانییەوە و ئەم وشەییە”مێژوو”وشەیەكی نوییە و لەدوای پەنجاكانی سەدەی رابردووە كەوتووەتە ناو فەرهەنگی كوردییەوە،(2) لە زمانی عەرەبیدا واژەی (التاریخ) مەبەستی لە ئامانج و مادەی شتێكە، واتا ئەو شتە ئامانجی چییە؟، لەبەر ئەوە وتویانە”مێژوو لەسەر كتێبەكە دابنێ‌”واتا كاتەكەیدیاری بكە،(3) وشەی (التاریخ) واژەیەكی عەرەبییە بە مانای (ارخ، یارخ ارخا) دێت كە بە مانای (الوقت) واتا كات دێت كە عەرەب ئەم وشەی بۆ رووداوە گەورە و بچووكەكان بەكارهێناوە وەك جەنگی بسوس یان عام فیل كە ئەمە پێش ئیسلام، بەڵام دوای هاتنی ئیسلام كاتەكانی وەك كۆچكردن بۆ مەدینە و هەتا دواتر هاتەئاراوە واتا پێوەرەكان بۆ مێژوو بوو بە ئایینی.(4) لە زمانی ئەوروپیشدا، وشەی ئینگلیزی (History) واتا مێژوو لە وشەی گریكی (Historie) هیستۆریاوە واتا فێربوونەوە وەرگیراوە، جۆرە هونەرێكی نووسینە مێژوونووسی بەناوبانگ (هیرۆدۆت) بەكاری هێنا كە لە زمانی گریكیدا بە مانایدیتن و سەیر كردن هاتووە،(5) زاراوەی مێژوو دەقاودەق واتای چیرۆك و توێژنەوە و گێڕانەوەی رووداوی پێزانراو دەگەیەنێت كەواتە لە سەرەتاوە ناوی مێژوو بەوجۆرە تاڕادەیەكی باش لەگەڵ مەبەستەكانیدا دەگونجا، هەمەجۆری مێژووی هەیە وەك (مێژووی جیهان، مێژووی مرۆڤایەتی، مێژووی دەرەبەگایەتی، مێژووی ئازادیخوازی گەلان، مێژووی رۆژنامەگەری و دەیان جۆریتری مێژوو..).(6) پێناسەی مێژوو مێژوو وەك مانایەكی مەعریفی وەك زاراوە گەر پێناسەیبكەین ئەوا چەندین پێناسە و بۆچون لەمڕووە هەیە كە دەكرێت تیشكبخەینەسەر هەندێك لەو بۆچونانە، مێژوو لەپێناسەیەكدا دەوترێت دەفری ئەزموونی ئادەمیزادە و زانستی كۆششی ئادەمیزادە كە لە زەمەنی رابردوودا بەخەرجیداوە، هەروەها پێناسەیەكیدی بۆكراوە مێژوو رووداوگەلی كۆمەڵگەیەك لە كۆمەڵگەكان هەڵدەداتەوە و دەیپشكنێت و مێژوو دەیەوێت بزانێت تا چەند رابردووی گەلان پێوەندی بە ژیانی ئەمڕۆوە هەیە. (7) هیچ گومان لەوەدانەماوە كە مێژوو زانستێكی گەورە و بەكەڵكە و دەتوانینن بڵێن زانستی زانستەكانە و وەك خوێیچێشت وایە بۆیان، چونكە هیچ زانیاریەكی گرنگ نییە مێژووی تایبەتی خۆی نەبێت وەك مێژووی (سروشت و ئابووری و زمان و سەربازی و وەرزش..)، مێژوو یەكێكە لە زانستە هەرە گرنگەكانی ژیان. (8) مێژوو بریتییەلە لێكۆڵینەوە لە رابردوو بەتایبەت چالاكی مرۆڤ بە مانای لە رابردووە تاكاتی ئێستا ئەمەیش واتا مانەوەی رابردوو بەپێی وێنە و تۆمارەكان، هەندێك مێژوونووس خوێندنەوەیان بۆ مێژوو خوێندنەوەیە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی لەڕابردوودا بەپشتبەستن بە پاشماوەكانی، توێژینەوەی مێژووی توێژینەوەیە لەنووسینی كۆن و مێژووی ئابووری و مێژووی بەشەكانیتر، مێژوو هەواڵپرسینی رووداوەكانی بوونە واتا بۆ تاك و كۆ بەپێی دیاردەی سروشتی و مرۆیی.(9) چەمكی مێژوو ئەو لێكۆڵینەوانەیە كە مێژوونووس ئەنجامیدەدات یان زنجیرە رووداوێكی رابردووە كە مێژوونووس لێتیۆژینەوەیان لەسەردەكات واتا ئەو رابردووە كە لێكۆڵینەوەی لەسەردەكرێت رابردویەكی مردوونییە.(10) مێژوو ئەزموونە، مێژوو كاهینێكی زانستی و مەعریفییە بۆ ژیانی مرۆڤ بێئاگابونی مرۆڤ لە مێژوو تێنەگەیشتنێتی بۆ ژیان و خۆگێلكردنە لە رابردوو و هەنگاوەكانی كوێرانەیە بۆ ئاییندەیەك كە بەبێ‌ ئەوەی بزانێت ئامانج و قازانجی چییە، مێژوو كۆگایەكی زانستی و ئەكادیمییە و كەرەستەكانی گشت زانستەكانی مرۆڤایەتی لەخۆگرتووە و هەموو زانستێك بەشێكە لە مێژوو.(11) مێژوو هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە كە لەلایەن مرۆڤەوە وترابێت یاخود بیریلێكرابێتەوە یاخود ئەنجامیدابێت یــاخود لەپێناویدا ناڕەحەتی چەشتبێت، مێژوو ئەوەیە كە رابردوو بدۆزینەوە.(12) راوبۆچونی مێژوونووس و زانایان و لێكۆڵەران بۆ مێژوو پاش ئەوەی زارەوەی مێژوومان لەڕووی زمانەوانی چەند زمانێكەوە خستەڕوو و هەندێك باس و پێناسەی مێژوومان باسكرد، دەكرێت بە بۆچونی مێژوونووسان و كەسانی پەیوەندیدار بە بابەتەكە بخەینەڕوو كە لەسەرەتادا بۆچونی ( هیرۆدۆت)،(13) یەكێكە لە مێژوونووسە هەرە كۆنەكانی جیهان كە لە دێرزەمانەوە نازناوی (باوكی مێژوو)ی لێنراوە باسبكەین، دوای خۆی كتێبێكی بەنرخی بەناوی (مێژوو)ەوە بەجێهێشتووە كە باس لە شەڕە گەورەكانی سەردەمی یونان و ئێران دەكات كە لەنووسینەكانیدا هەست بە سەرەتایەكی ساكاری رەخنەی مێژوویی دەكرێت، هیرۆدۆت وتەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێت: “گریكەكان شەڕكەری چاكن بە گیان و چەك شەڕدەكەن، چونكە تامی ئازادیان چەشتووە، بێسەربەستی هیچ فەرمانڕەوایەك تاسەر نیشانی بۆنەپێكراوە”(14) ئەو دەیویست وێنەیەكی گشتی جیهان سەبارەت بە نەژادە جۆربەجۆرەكان و مێژوو لای هاوڵاتیانی خۆی بەجێبهێڵێت و ئەو كەسێكی وردبین بووە لەگەڵ بابەتەكەی خۆی مێژوو و چیرۆك و ئەفسانەی تێكەڵكردووە،(15) هیرۆدۆت بۆ مێژوو وتویەتی:”مێژوو گەڕان و پشكنینە بەدوای كرۆكی رووداو و كارەساتەكاندا”(16). هیرۆدۆت لە سەرەتای كتێبەكەیەوە ئەوەی ئاشكراكردووە كە مەبەستی لە نووسینی ئەو كتێبە ئەوەبووە كە باسی پاڵەوانیەتی یونانییەكان بكات و ئەوشتانەی كە لەسەری شەڕیانكردووە بۆئەوەی لەیادەوریانندا بمێنێتەوە، هیرۆدۆت هەرشتێكی بینبێت یان بیستبێت نووسیویەتییەوە و گێڕاویەتییەوە بەجۆرێك عەوداڵی ئەو لە منداڵێك دەچێت زیاتر تا لە لێكۆڵەرێك بەوجۆرەی كە سترابۆ دەڵێت: “هیرۆدۆت قسەی هیچوپوچی زۆری هەبووە”، هیرۆدۆت دەڵێت: “من ناچارم ئەوشتانەی كە باسكراون بیانگێڕمەوە، بەڵام ناچارنیم كە باوەڕیانپێبهێنم”، بەڵام بێئەوەی زەختی لەسەربێت بڕوای بە هەندێك لەو شتە هیچانە هێناوە و ئەمەیش وایكردووە كە ئەرستۆ مێژوو لە شیعر بە نزمتر بزانێ‌.17 ئیبن خەلدون18، سەبارەت بە مێژوو لە كتێبی موقەدیمەدا دەنووسێت: “هونەری مێژوو هونەرێكی ئازیز مەزهەبە كە سوودی شەریفانەی هەیە و لەكاتی رابردوو دەپرسێت هی میللەتان و رەوشتیان و پێغەمبەران و ژیانیان و پاشاكان و دەوڵەت و سیاسەتیان، هەروەها سوودی هەیە بۆ ئایین و دنیا و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی باسدەكات..”، هەروەها ئیبن خەلدون درێژەیپێدەدات و مێژوو بە هەواڵی زەمان دەبینێت”، مێژوو هەواڵیدەوڵەتان و سەدەكانی پێشوو باسدەكات و باس لە دۆخیدنیا دەكات كە چۆن چۆنی گۆڕاوە و دەوڵەتانیش بە ئارەزووی خۆیان نەزانینی تێدادەكەن، لە ناواخنی مێژوودا راوبۆچون و ساغكردنەوە و لێكدانەوە و شرۆڤە هەیە، چونكە مێژوو لە ئاوەز و داناییدا رەسەن و كۆنە و ئەوەیش دەهێنێت كە ببێتە یەكێك لە زانستەكان”19 . مانای مێژوو لای ئیبن خەلدون لەلایەن بابەت و تێپەڕبوونی كات و شوێن بەو فراوانی و گشتگیرییەوە تەنها مێژووی كاربەدەستان و دەوڵەتان ناگرێتەوە كە بە مێژووی سیاسی ناسراوە، بەڵكو مێژوو ئەوەیە كە مێژووی كۆمەلایەتی و رۆشنبیریش بگرێتەوە، تەنها گرنگی بە سەردەمێك نادات یان هەرێمێكیدیاریكراو، بەڵكو لێكۆڵینەوە لە رابردوو دەكات بەهەموو رەهەندەكانییەوە، بۆیە دەكرێت بڵیین ئیبن خەلدون مێژوونووسێكی هەمەلایەن و گشتگیری جیهانە لە نووسینی مێژوودا، ئەم مێژوونووسە هەستی بەو هەڵەییە كرد بۆ روانینی خەڵك بۆ مێژوو كە مێژوو تەنها چیرۆك و حەكایەتی رابردووە بەڵكو ئەو پێیوابوو كە مێژوو واقیعی راستە و زانستێكە بۆ تێگەیشتن و كاری راستەقینەی مێژوو”لێكۆڵینەوەی هەواڵەكانە و دڵنیابوون لە راستی گێڕانەوەی هەروەها گەڕان بەدوای هۆكارەكاندا كە دەبنە هۆی روودانی رووداوەكان” گەر كاری مێژوو ئەمەبێت ئەوە مێژوو لەو بۆچەنە بەدووردەبێت كە تەنها بریتییەلە درۆ و چیرۆك و حەكایەتی رابردوو.20 ئەو زانستی مێژووەیی ئیبن خەلدون پەرەی بە شێوازی توێژینەوە و میتۆدەكەیدا بایەخ بەسەرجەم لایەنەكانی ژیانی مرۆییدەدات و مێژوو تەنها بریتینییەلە دەركەوتن و داڕووخانی هەر لای مێژووناسانی عەرەب، 22 مێژوونووسێكیتری وەك تەبەری دەڵێت: “مێژوو هونەرێكە بە دوای رووداوگەلی زەماندا دەگەڕێت، باسی گوزەرانی تایەفەكان و وڵات و رێوڕەسم و نەریت و سەنعەت و باوباپیران و مردوان دەكات.23 مێژوو لای موسڵمانان گرنگییەكی گەورەی هەیە بەتایبەت لەنێو زانستە مرۆڤایەتییەكاندا بەتایبەت ژیاننامەی پێغەمبەر (د. خ)و پەرتووكە مێژووییەكان لەو چوارچێوەییە دەرناچن بەتایبەت تەبەری كە دانەرێكی گەورەییە لەوڕووەوە كە كتێبەكەی لەئێستادا سەرچاوەیەكی گرنگ و دەستەیەكەمە، تەبەری لە زۆر بواردا كاریكردووە بەتایبەت لە بواری مێژوودا وەك ئەوەی كە ئیبن خەلەكان دەڵێت: “تەبەری ئیمامی سەردەمەكەی بووە”و كتێبە مێژووییەكانی سەرچاوەی یەكەمن بۆ مێژووی ئیسلام.24 لە قورئانی پیرۆزدا راستەوخۆ زاراوەی مێژوو نەهاتووە بەڵكو زاراوەیتری لەبەرامبەردا هاتووە وەك (اساگیر الاولین، قصص الاولین..) كە هەموو ئەوانە گوزارشت لە رابردوو دەكەن، وتەیەك هەیە دەڵێت (مرۆڤ بەبێ‌ مێژوو هیچ نییە بۆ گوزارشتكردن، مرۆڤ دەبێت گرنگی مێژوو بزانێت”، هەروەها (ویل دۆرانت)25خاوەنی كتێبی (قصە الحچارە) بەمشێوەیە باس لە مێژوو دەكات: “من گەیشتوومەتە ئەو رایەی كە نووسینەوەی مێژوو بەشێوەی بەشی جیا لەیەكدی وەك مێژووی ئابووری و سیاسی و ئایینی بەتەواوی مافی ژیانی مرۆڤ بەجێناهێنێت، مێژوو كە بەشێوەی لاوەكی دەنووسرێت دەبێت بەشی جیای هەبێت، مێژوو كاتێك بە لوتكە دەگات كە مێژوونووس وێنەی تەواوەتی بنەخشێنێت”26 . جفری برۆن خاوەنی كتێبی (تاریخ اوربا الحدیپ) لە پێشەكی ئەو كتێبەدا دەنووسێت: “مێژوو لەنێو زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا پایە و مەقامی یەكەمی هەیە، چونكە هەركەسێك بیەوێت لەهەریەكە لەو زانستانەی وەك ئابووری و جوگرافیا و سیاسەت و كۆمەڵزانی و زانستە سروشتییەكان و لە بواری ئەدەبدا رۆبچێت پێویستی بەو پێشەكییە هەیە و ئەم زانستە وەك زانستی بیركاری نییە، چونكە ئەم دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو بۆئەوەی لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە بكات”، هەروەها جفری برۆن درێژەیپێدەدات و مێژوو وادەبینێ‌ كە ناسینی خودی مرۆڤایەتییە و بە سروشتی حاڵ دنیابینینی ئێمە بۆ مێژوو وەك ئەوەی كە روویداوە مرۆڤ بەرەو لوتكەی زانست دەبات و لە لێكۆڵینەوەی مێژوویشدا هەندێكجار مەبەست بەدەستناگات، ئەو كەسەی كە بەوریاییەوە رابردوو دەخوێنێتەوە باشترلێیتێدەگات. 27 كۆلنجوود (1889 – 1943ز) رایگەیاند مانای مێژوو لەو رابردووەدایە كە مێژوونووس لێیدەكۆڵێتەوە و ئەو رابردووەیش مردوونییە بەڵكو زیندووە و بەوشێوە پێناسەی مێژوو دەكات و دەڵێت: “تۆمار یان دەفتەری پێشكەوتنی ئادەمیزادە و سجلی تەواوكاری مەعریفە و زیادبوونی ئەقڵە، هەروەها مێژوو بەو زانستە لەقەڵەمدراوە كە باس و خواسی رووداوەكان و دەسكەوتەكان و میراتی مادی و فكرییە و كاروباری كۆمەڵەكان شیدەكاتەوە و زەمەن و جێگەكانیشان دەستنیشاندەكات. مێژوونووسی ئەمەریكی (هنری جۆنسۆن) لە پێشەكی كتێبەكەیدا (وتنەوەی مێژوو) دەڵێت: “مێژوو پڕبەمانا هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە كە رابردوون، لەڕابردوودا روویانداوە، مێژوو بریتییەلە رابردوو باشبێت یان خراپ”، هەروەها مێژوونووسی فەرەنسیش (ه. مارۆ) دەڵێت: “مێژوو زانینی رابردووی ئادەمیزادە، رابردووی كۆنی ئادەمیزاد لەڕێەی مرۆڤی ئەو زەمانەوە”، مێژوونووسی ئینگلیزیش (و. ه. ویلش) دەڵێت: “هەموومان لەسەر ئەوە ریكەوتووین كە ئامانجی یەكەمی خوێندنی مێژوو رابردووی ئادەمیزادە”28. لەو پێناسانەی سەرەوە دەگەینە ئەو رایەی كە مێژوو بریتییەلە رابردوو، واتا گەر بگەڕێینەوە بۆ پێناسە كلاسیكییەكەی مێژوو كە “مێژوو نووسینەوەی تۆماری رابردووی مرۆڤە” یاخود “مێژوو وێنەی ئەو رووداوانەیە كە لەڕابردوودا روویانداوە”، لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئەو لایەنەی مێژوو وەربگرین كە گەڕان و پشكنین و توێژینەوە بێت لە رابردوو نەك تۆماركردن و نووسینەوەی رووداوە مێژووییەكان. لێرەدا تێدەگەین كە مێژوو بەتەنها هەر تۆماركردن نییە، بەڵكو بەزانستیكردن و فەلسەفەی پشتی رووداوەكانە واتا كە رووداوێك روودەدات دەكرێت پرسەكانی وەك (چۆن، كەی)و هۆكارەكان و ئەنجامەكانی شیبكەینەوە كە لێرەدا ئامانجی مێژوو دەگۆڕێت لە خوێندنەوەی سادەوە بۆ لێكۆڵینەوە و لێوردبوونەوەوە كە ئەمەیش ماهییەتی كاری نووسینەكەیە جارێكیتر.29 مێژووی مێژوو بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە سەرەتای دەستپێكردنی مێژوو و مێژووی مێژوو دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاكانی ژیانی مرۆڤ وە لێرەدا مەبەستمان لە دەقە نووسراوەكانە لەوڕووەوە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ (ئیپۆس) 30و بۆ گەڕانەوە بۆ دەقە نووسراوەكان و بۆئەم مەبەستەیش مێژوونووسان چاخ و سەردەمە مێژووییەكانیان بۆ دوو سەردەم دابەشكردووە: (چاخەكانی پێشمێژوو كە مەبەست ئەوەیە كە هێشتا نووسین نەدۆزراوەتەوە، چاخەمێژووییەكان كە مەبەست دۆزینەوەی نووسینە بەتایبەت نووسینی بسماری).(31) بەگشتی دەروبەری ساڵی (3100) بە سەرەتای دەستپێكردنی چاخەمێژووییەكان دیاریدەكرێت بەڵام بڕواوایە سەرەتای مێژوو بگەڕێتەوە بۆ بوونی مرۆڤ لەنێو ئەشكەوتەكاندا و بۆئەو نووسینە وێنەییانەی كە مرۆڤ لەئەشكەوتەكاندا نەخشاندوونی یان گێڕانەوەی مێژوو خۆی لە گێڕانەوەیدەماودەمدا بینیوەتەوە واتا پێش دۆزینەوەی نووسین مێژوو دەماودەم لەنێو میللەتەكاندا گوازراوەتەوە واتا ئیپۆس لە پرۆسەی نووسینەوەی مێژوودا رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە.32 دوایدۆزینەوەی نووسین دیاردەی كاریگەر بۆ مێژوو پەیدابونی ئایین بوو، لەگەڵ ئاییندا بۆ یەكەمینجار لێكدانەوەی رووداوی مێژوویی پەیدابوو واتا خوا و دروستكراوەكانی دەستی مرۆڤ وەك رۆژ و مانگ و پەیكەر كە ئەمانە بوون بەهۆی بەسەرهات و رووداوگەلی وەك هەڵگیرسانی شەڕ و سەركەوتن و دواتر كتێبی پیرۆزی وەك تەورات و ئینجیل و پاشتریش قورئان بوونە سەرچاوەی مێژووی رابردوو، پاش هەموو ئەمانە مێژوو وەك پیشە كە لای یۆنانییەكان كاریان بۆكردووە كە لەسەرووی هەموویانەوە هیرۆدۆت (باوكی مێژوو) دێت و بەدوایشیدا كەسانیتری وەك زەینەفون و لە سەردەمی رۆمانەكانیشدا كە خزمەتی مێژوویان كردووە كەسی وەك سالیوستیۆس (86 – 35 پ. ز) باسی رووداوەكانی سەردەمی خۆی كردووە.33 دەستپێكردنی مێژوو و پەیدابوونی ژیان و دروستبوونی یەكەمین مرۆڤ قسەوباسی زۆری لەسەردەكرێت و بۆچونی جیای لەسەردراوە لەڕووی ئایینی و زانستییەوە ئەمە بووەتە قسەوباس بەپێیدەقە ئایینیەكان ئادەم یەكەم كەسە كە دروستكراوە و زانیارییە گەردونییەكان لەمڕووەوە ژمارەی سەرسوڕهێنەر باسدەكەن و زانایانی ئەستێرەناس باس لەوەدەكەن كە گەردوون بەرلە (20) بلیۆن ساڵ لەدایكبووە و تەمەنی زەوی مەزەندە دەكرێت لەنێوان (4،6 – 4،7) بلیۆن ساڵ بێت و زاناكان مێژووی لەدایكبوونی بۆ (59) بلیۆن ساڵ دادەنێت و زاناكان ژیان لەسەر زەوی بۆ دوو بلیۆن ساڵ دەگەڕێننەوە و لەمڕووەوە ژمارە و داتای سەیر روونكراوەتەوە”.34 لە سەردەمی رێنیسانسدا35، یەكێك لە جۆرەكانیتری ئەدەب كە گەشەیكرد مێژوو بوو كە یەك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو مێژووە ئەوەبوو كە لەجیاتی نووسین بە زمانی لاتینی زمانی لۆكاڵی بەكاردەهێنرا، لە نووسینەوەی مێژوودا فلۆرانسا پێش شارەكانیتری ئیتالیا كەوت و یەكەمین مێژوونووسی فلۆرانسا (جیۆڤانی فیلانی) بوو كە ساڵی 1348ز كۆچیدواییكردووە، لە ماوەی سەردەمی رێنیسانسدا بەلایەنیكەم دوانزە مێژوونووس دەركەوتن كە دوانیان بە بلیمەت دادەنرێت (ماكیاڤیلی، دینێ‌) بوون، نووسراوە مێژووییەكانی ئەو سەردەمە پڕن لە زانیاریدەربارەیدانیشتووان و داهات و باج و بازرگانی و چەندان بابەتیتر، ماكیاڤیلی لە هەردوو كتێبەكەی خۆیدا (مێژووی فلۆرانسا، میر) باس لە ناكۆكییە سیاسییەكان و چۆنیەتی دروستبوونی دیكتاتۆرەكان دەكات، بەكورتی دەتوانین بڵێین مێژوونووسانی سەردەمی رێنیسانس بنەمای نووسینی مێژووی ئەوروپایان لەسەردەمی نوێدا دانا. سەبارەت بە قۆناغەكانی مێژوو یان ئەو قوناغانەی كە بەسەر مرۆڤایەتیدا تێپەڕبووە دەكرێن بە چوار قوناغەوە كە ئەوانیش قوناغی: (قۆناغی مێژووی كۆن كە لە دەركەوتنی یەكەمین مرۆڤەوە دەستپێدەكات تا رۆخانی ئیمبراتۆرییەتی رۆم لە ساڵی 476ز ئەمە بۆ ئەوروپا بەڵام بۆ ئاسیا و ئەفەریقا تا ساڵی 610ز واتا تا هاتنی ئیسلام درێژەدەكێشێت، قوناغی مێژووی ناوەڕاست بۆ ئەوروپا لە ساڵی 476ز تا ساڵی 1492ز درێژەدەكێشێ‌، بەڵام بۆ ئاسیا و ئەفەریقا تا ساڵی 1453ز كە محەممەد فاتحی عوسمانی قوستەنتینییەی داگیركرد، قوناغی مێژووی نوێ‌ لە ئەوروپا لە ساڵی 1492 تاوەكو شۆڕشی فەرەنسی لە ساڵی 1789ز درێژەدەكێشێت وە نێوان ساڵانی (1492 – 1789ز) بە سەردەمی بووژاندنەوە ناسراوە بەڵام لە ئاسیا و ئەفەریقا لە ساڵی 1453 تا روودانی جەنگی جیهانی لە ساڵی 1914ز، قوناغی مێژووی هاوچەرخ بۆ سەراپای جیهان لە سەرەتای سەدەی بیستەم یان روونتر لە ساڵی 1914ز دەستیپێكردووە تا رۆژگاری ئەمڕۆ.36 (2) زانستی مێژوو، ئایا مێژوو زانستە؟ چەندین سەدەیە ئەو پرسیارە دەكرێت كە ئایە مێژوو زانستە یان نا؟ یان مێژوو لە چ جۆرە مەعریفەیەكە، ئایە مەعریفەیەكی میتافیزیقییە یان هونەرێكە لە هونەرەكانی نووسین یان زانستێكە لە زانستەكان؟ هەموو ئەو پرسیارانە شتێكی مەشروعە و دەبێت بكرێت و گەر وەڵام ئەرێ‌ بێت ئەوا بابەتەكە دەبڕێتەوە بەدرێژایی چەندین سەدە ئەم پرسیارانە خۆیان دووبارەناكەنەوە،1 لێرەدا هەوڵدەدەین وەڵامێك بۆ پرسیارەكان بدۆزینەوە بۆیە باشترە سەرەتابزانینزانست چییە بەشێوەیەكی كورت. وشەی زانست بە دوو واتا لێكدراوەتەوە كە واتای یەكەم و بنەڕەتی زانست، زانینە لەبەرامبەر نەزانیندا ئیتر بەهەموو زانینەكانەوە، بەمپییە هەریەكە لە (رەوشت، بیركاری، فیقه..) هەموویان زانستن و هەر كەس ئەوانە یان هەندێكیان بزانێت بەزانا دادەنرێت، بەڵام وشەی زانست لە واتایدووەمدا كورتدەكرێتەوە لەسەر ئەو زانینانەی تاقیكردنەوەی راستەوخۆی هەستییەوە بەدەستهاتبن واتا زانست لێرەدا لەبەرامبەر نەزانین دانانرێت، بەڵكو ئەوەیە كە لەڕێەی ئەزموون و تاقیكردنەوە بەدەستهاتوون كە بەمپییە بێت زۆرێك لەو بەشانەی سەرەوە كە ناومانهێنان لە دەرەوەی زانستن، بەمشێوەییە دەكرێت تایبەتمەندییەكانی زانست كورتبكەینەوە بۆ هەریەكە لە”رەوشی زانست تاقیكردنەوەی و دیتنە، بابەتی بوونی هەرشتێك كە هەركەس ویستی ئەنجامیبدات، شییكردنەوە زانستییەكان كە هەمیشە لەژێر سایەی تیۆر و یاسادا ئەنجامدەدرێن”. 2 مێژوو یەكێكە لە زانستە هەرە گرنگەكانی ژیان، فەیلەسوفەكانی رێبازی مادی سەدەی نۆزدە دەیانگوت یەك زانست هەیە ئەویش زانستی مێژووە كە بریتییەلە دوو بەش (مێژووی ئادەمیزاد، مێژووی سروشت) مەبەست لە یەكەمیان ئەو لقانەی زانستە وەك (مێژوو، ئابووری، كۆمەلایەتی..) هەرچی ئەوەیدووەمە ئەوە بریتییەلەو زانستانەی كە لەخودی سروشتدان وەك (كیمیا، فیزیا، بایەلۆجی..)، لێرەدا پرسیارێك دەكرێت كە ئەویش ئەوەیە گەر مێژوو زانست بێت دەبێت رووداوەكانی خۆی دووبارەبكەنەوە وەك چۆن لەهەر شوێن و كاتێكدا دوو هایدرۆجین و یەك ئۆكسجین لێكبدەین ئاو دروستدەبێت، دیارە بەوجۆرە ناتوانین سەیری مێژوو بكەین چونكە كەرەستەی ئەو گیانلەبەرە كە خاوەن هەست و هۆشە و گەلێك هۆكار كاریتێدەكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا رووداوی مێژوویی خۆیدووبارەدەكاتەوە لە سنوورێكی تایبەتدا بۆنموونە لەهەموو شوێن و هەموو كاتێك فشاری زۆر بووەتە هۆی تەقینەوە و شۆڕش و مێژوو وەك زانستەكانیتر وەستانی بۆ نییە و رەوڕەوەی مێژوو هەمیشە بەرەوپێشدەچێت و ناگەڕێتەوە، مێژوو وەك هەر زانستێكیتر تەنها بەرەوپێشناچێت بەڵكو لەهەمانكات و دیسان رووداوەكانی لەگەڵ یەكتری كارلەیەكدەكەن.3 مێژوو دەتوانێت ببێت بە زانست بەو حیسابەی بریتییەلە كۆمەڵێك زانیاری رێكوپێك و بەرنامەی زانستی پەیڕەودەكات و رەخنەی پاك و بێگەرد دەگرێت، فەیلەســـوفی بەریتانی كیرو (1835 – 1908ز) یەك لەوانەیە كە دەڵێت مێژوو زانستە “مێژوو هەرچەندە وەك زانستی ئامێرەكان و عەدەسەكان و رووەكەكان زانستی باوەڕپێكراونییە، بەڵام لەڕووی ئەنجامەكان و شێوازەكانیەوە رێژەیەكی زۆری لەو زانستانە وەرگرتووە، لەبەرئەوە دەتوانین درێغیلێنەكەین و بە زانستی دابنێین”، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئاراستەی فەیلەسوفی بەریتانی جود كرا كە ئایە مێژوو زانستە؟ لەوەڵامدا وتی: “ئەم پرسیارە لەسەر پرسیاری مەبەستمان لە وشەی زانست چییە؟ وەستاوە، دەتوانین باشتر بڵێین ئەو پرسیارە پەیوەندی بەو مانا تایبەتییەوە هەیە كە لە هزر و مێشكی خۆماندا لەبارەی زانستەوە هەمانە”.4 هەموو ئەو كەسانەی كە مێژوو بە زانست دەزانن و شك و گومانیان لە زانستیبوونی نییە بەهیچ شێوەیەك رەهاییبوونی بابەتی مێژوو بەبەراورد لەگەڵ فیزیا و بیركاری دانانێن، هەروەها مێژوو ناتوانێت لە بینین و تێڕوانینی راستەوخۆ سوودوەربگرێت بەڵكو مێژوونووس دوای گەڕانێكی دژوار بەنێو بەڵگەنامەكاندا ئەوەیدەیەوێت بەدەستیدێنێت، مێژوو ناتوانێت كۆمەڵگەی مرۆیی وەك دیاردەیەكی جێگیر و نەگۆر سەیربكات بەڵكو لە كاتی جووڵە و گۆڕانیش لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو كۆمەڵگەیە دەكات، سەرباری هەموو ئەوانە هیچكەس ناتوانێت زانستیبوونی مێژوویی بەتەواوەتی رەتبكاتەوە، مێژوونووس تەنها سەروسەودای لەگەڵ دوو بابەتی نەگۆڕدا نییە كە (هۆكار و رووداون) كە ئەمەیش دژواری لە كاری مێژوودا دروستدەكات بەڵكو مێژوو لەگەڵ هەردوو لایەنی دەروونی و ویژدانییەوە مامەڵەدەكات، لەوانەیە جیاوازی سەرەكی مێژوو لەگەڵ زانستەكانی پەیوەندیدار بە مرۆڤەوە ئەوەبێت كە مێژوو مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی بیرمەند سەیردەكات.5 مێژوو تا سەدەی 18 واتای گێڕانەوەی رووداوەكان و باسی پاشاكان و شەڕەكان و تێكەڵ بە درۆ كرابێت بەبێ‌ هیچ بیرێكی رەخنەگرانە ئەوە لەو سەدە بەدواوە لەسەر دەستی بیرمەندان و سەرهەڵدانی چەمكی مێژووگەرایی (رەسەنایەتی مێژوو) بە مانای تێڕامان و بیركردنەوە و چونیەتی روودانی رووداوەكان ئەوا مێژوو مانا و مەبەستیتری بەخۆوەگرت و جیا لەمەیش مێژوو وەك زانستێك بۆ شیكردنەوە و لێكدانەوەی رووداوەكان كەڵكی لە زانستە مرۆڤایەتییەكان وەرگرت كە لێرەدا دوو خاڵی گرنگ رۆڵیان هەبوو لە تازەكردنەوە و نوێبوونەوەی مێژوودا كە ئەوانیش (شۆڕشی فەرەنسی، بزاڤی رۆشنگەری) بوو. 6 سەرباری ئەمەیش كە مێژوو زانستە دەبینن فەیلەسوفانی سروشت كە زانایشیان لەگەڵدایە پێیانوایە كە ماددەی مێژوو لە ماددەی زانست جیاوازە، چونكە مێژوو ماددەیەكی ناجێگیرە و سنووری بۆنییە و ناشتوانرێت رووداوەكانی مێژوو راستەوخۆ ببینرێت و تاقیكردنەوە و لێكۆڵینەوەی لەسەربكرێت و رووداوەكانی مێژوو بەتەنها روویانداوە و لە رووداوێكیدیكە جودان و بەمەیش زانستیبوونی مێژوو شتێكی پووچە وەك ئەوەی ولیام ستانلی جیفۆنز دەڵێت: “هیچ مانای نییە مێژوو بە زانستی تەواو دابنێین”، كەسێكیتری وەك هنری فۆرد دەڵێت: “مێژوو قسەی هەلەقوپەلەقە”، هەروەها فەیلەسوفی ئەڵمانی نیچە (1844 – 1900ز) رایگەیاند كە “مێژوو مردووە” ئەو مردووی مێژووی بەپێویست دانا بۆ رزگاركردنی ئادەمیزاد، وتی: “تام و بۆنی بۆگەنی شتە كۆنەكان گەمارۆی ئادەمیزادی داوە، سەیر لەوەدایە كە هیگڵ.7 دانەری فەلسەفەی مێژوو لە بارەی مێژووە وتی: “ئەو شتەی مرۆڤ لە مێژووەوە فێریدەبێت ئەوەیە كە هیچكەسێك هیچشتێك لە مێژووەوە فێرنابێت”.8 یەكێكیتر لە تێڕوانینەكان بۆ ناكامڵی بۆ مێژوو، بۆچونی دیكارتە (1596 -1629ز) كە وەك چۆن بۆ هۆنراوە و لاهوتی باوەڕی بەوەبوو زیاتر بەهرەیەكی سروشتین لەوەی كە توێژینەوەیەكی رێكخراو بن، بۆ مێژوویش ئەو پێیوابوو كە سەرەڕای ئەوەی كە توێژینەوەیەكی چێژدار و بەهرەدارە لە ئاراستەكردنی مرۆڤ لە شێوازێكی كار لەژیاندا، بەڵام بێگومان ناتوانرێت بە راست بزانرێت لەبەرئەوەی ئەو رووداوانەی كە مێژوونووس دەیانگێڕێتەوە بەوشێوەیە روویاننەداوە كە لێیدواوە، چونكە مێژوونووس وەك گەشیتارێك وایە دوور لە وڵاتەكەی خۆی دەژی و نامۆیە بە سەردەمەكەی، مێژوو بەوپییە وێنەیەكی چێنراوی ئەندێشەیە (خیال)، دیكارت لەبنەڕەتدا باوەڕی بەوەنەبوو كە مێژوو لقێكە لە لقەكانی زانست، چونكە مێژوو نەدەچووە چوارچێوەی میتۆدە ماتماتیكە ژێربێژێكەوە،9 بەهەرحاڵ دەتوانین بڵێین مێژوو زانستە، بەڵام لە چوارچێوەی زانستە مرۆڤایەتییەكاندا نەك لە چوارچێوەی زانستە ئەزموونی و تەجریبییەكاندا هەرچەندە زۆركەس نكۆڵیان لە تیۆری زانستیبوونی مێژوو كردووە.10 فەلسەفەی مێژوو فەلسەفە،11 لەچاو جۆرەكانی زانستدا بەواتای فراوانی زانست دێت واتا جۆرێك بەئاگابوونە لە جیهان، فەلسەفە لای ئەرستۆییەكان دوو بەش دەگرێتەوە: (حیكمەتی عەمەلی، حیكمەتی نەزەری)، فەلسەفە بە واتا تایبەتییەكەی تەنها بە حیكمەتە سەرووسروشتییەكان دەوترێت كە لە زمانە بیانییەكاندا میتافیزیقی پیدەوترێت و فەیلەسوف كەسێك بوو كە باش لە میتافیزیقی دەزانی بەڵام فەلسەفە بە مانا فراوانەكەی هاوواتای زانستە بەشێوەیەكی گشتی، فەیلەسوف واتا خۆشەویستیدانایی،، ئەمڕۆ وشەی فەلسەفە لە فەرهەنگی رۆژئاواییەكاندا واتایەكی تایبەتی وەرگرتووە، مەعریفەكانی وەك (فەلسەفەی مێژوو، فەلسەفەی زانست، فەلسەفەی ئەخلاق..) لەدایكبوونە و گەشەیانكردووە، كەواتە فەلسەفە لەهەموو ئەو بابەتانەی سەرەوەدا بە واتای”زانستناسی”دێت.12 یەكەم كەس كە زارەوەی (فەلسەفەی مێژوو) داهێنا لەنووسینەكانیدا ڤۆڵتێر (1694 – 1778ز) بوو ڤۆڵتێر لە بەكارهێنانی ئەم زاراوەیەدا مەبەستی نەبوو لقێك لە لقەكانی زانستی مرۆیی دابمەزرێنێت، بەڵكو ئەوەبوو مێژوونووس دەبێت لۆجیكی فەلسەفەی ئەقڵانی لە لێكۆڵینەوەی مێژووییدا بەكاربهێنێت و خۆی نەداتە دەستی ئەوەی كە لە كتێبە كۆنەكاندا هاتووە لە هەواڵ و رووداوگێڕانەوە، پاش ئەمە فەلسەفەی مێژوو زۆری نەبرد بوو بە بابەتێكی سەربەخۆ كە ئامانج و پرۆگرامی خۆی هەیە، لێرەوە واتا و مانای مێژوو گۆڕا لەوەی كە مانای مێژوو قووڵتربووە لەوەی كە تەنها نووسینەوە بێت.13 سەرەڕای ئەو بۆچونەی سەرەوە، بەڵام بۆچونێكیتر هەیە كە ئەویش ئەوەیە كە تائێستا بەتەواوەتی ساغ نەبووەتەوە كە لە چ سەردەمێكدا بابەتی فەلسەفەی مێژوو پەیدابووە و رووننەكراوەتەوە چ هزرمەندێك داهێنەر و رابەرێتی، ئەوەی هەیە كە لە سەردەمی رێنیسانسدا سەریهەڵدا و لەو سەردەمەدا لاهوتی لەبەردەم زانست و فەلسەفەدا پاشەكشەیكردووە، لێرەدا باسی ئەوە هاتەئاراوە كە مێژوو مێژووی گەلە بەگشتی یان هی تاكەكەس و پاشاكانە كە لێرەدا بۆ ئەم وەڵامە لایەنی سیاسی و فەلسەفی هاتەئاراوە.14 وەك پەیوەندیداران باسیلێوەدەكەن فەلسەفەی مێژوو مانای رامانە بۆ هەموو مێژوو، كەواتە فەلسەفەی مێژوو وەك قانون یان وەك ئەو زانستەی لێهاتووە كە مێژوو بەشێوەیەكی بابەتی لەڕێەی لێكدانەوەی (زانستی)یەوە كە خودی هاوكێشەكانی خۆیەتی دەبێت بە زانست، لێرەدا كێشە ئەوەیە كە مێژوو یەك بیرۆكە و یەك هاوكێشەی نییە وەك ئەوەی لە زانستە پەتییەكاندا هەیە واتا یەك لەگەڵ یەك گوزەراندەكەن پێچەوانەی زانستەكانیتر، بەمشێوەییە بیرۆكەی نوێ‌ بیرۆكەی كۆن دەسڕێتەوە و دوو بیرۆكەی دژبەیەك پێكەوەناگونجێن، لەبەرئەوە فەلسەفەی مێژوو لەوە زیاتر كە (بیروبۆچون) بێت هیچیتر نییە، هەروەكو راوبۆچونی سیاسەتمەداران وایە كە ئایە مێژوو سیاسەتی دوێنێ‌ نییە؟ سیاسەتیش مێژووی سبەینێ‌ نییە؟، هەربۆیە كۆلنجوود دەیوت: “مێژوو تەنها دەبێت فەیلەسوفەكان بینووسن”.15 فەیلەسوفانی مێژوو نەیاندەویست لێكۆڵینەوەی مێژوویی تەنها ببێت بە كۆمەڵێك جەنگ و پەیماننامەی سیاسی و رووداوگەلی یەك لەدوای یەك بەبێ‌ ئەوەی قووڵایی و هۆكاری ئەو رووداوانە دەربخەن، هەروەها ئامانجیان ئەوەبوو كە لێكۆڵینەوەی مێژوویی لە مێژووی سیاسی و سەربازییەوە بیگۆڕن و بیكەن بە مێژووی ئاوەدانی، مێژوو پەیوندییەكی بەهێزی لەگەڵ فەلەسەفەدا هەیە.16 فەلسەفەی مێژوو بابەتێكە لەو بابەتانەی وەك زانستی كۆمەلایەتی لەدوای شۆڕشی فەرەنساوە لەدوای سەدەی هەژدە بەدواوە گەشەیكردووە و دەكرێت لێرەدا باسی چەند تایبەتمەندییەكی فەلسەفەی مێژوو بكەین كە كاری خۆیەتی و بەدوایدا عەوداڵە (جۆر و شێوازی شرۆڤەكردن و لێكدانەوەی رووداوەكانی مێژوو، بەچیدا توێژینەوە مێژووییەكان لە جۆرەكانیدیكەی بابەتی زانینی مرۆڤ جیادەكرێنەوە؟ ئەو پرسیارانە كامانەن كە فەلسەفەی مێژوو دەربارەی بابەتەكە دەیانكات و كۆششی وەڵامدانەوەیان دەدات) گەر سەرەنجی ئەو تیۆرانە بدەین كە دەربارەی شرۆڤە و لێكدانەوەی مێژوو كراون ئەوا دوو جۆرن (لێكدانەوە و شرۆڤەی ئامانجەكەی كە ئەمە زیاتر لە فەلسەفەی هیگڵدا دەردەكەوێت كە مێژوو ناوەستێ‌ تا بەئامانج دەگات، لێكدانەوە و شرۆڤەی هۆیەكی ئەمەیش وەك ئەوەی كە تۆینبی هزرمەند هۆكاری ئایینی بەهۆكاری گۆڕانكاری و پەرەسەندنی شارستانییەت و مێژوو دەبینێ‌)، لە دوو لاوە فەلسەفەی مێژوو لە بابەتەكانیتر جیادەكرێتەوە ئەوانیش (ئەو میتۆدەی بەكاریدەهێنێ‌ واتا رێگا زانستییەكانی توێژینەوە، بابەتی توێژینەوەكە واتا ئەو كەرەستەی كە دەیكات بە جیهانبینینی خۆی)، ئەو پرسیارانەی لە چوارچێوەی فەلسەفەی مێژوودا دەكرێن بە سێ‌ بەشەوە (پرسیاری مێژوویی، پرسیاری لۆژیك و میتۆدی مێژوویی، پرسیاری پرۆسەی مێژووی).17 لێرەدا دەكرێت بە كورتی ئاماژە بە هۆكارەكانی دامەزراندنی فەلسەفەی مێژوو بدەین كە ئەمەیش وامانلێدەكات باشتر لەم بابەتە تێبگەین: 1. ئامانجی فەلسەفەی مێژوو دۆزینەوەی حیكمەتە یان ئەو مانایەی رووداوەكانی مێژوو دەبزوێنێ‌ لەپێناو بەدیهێنانیدا. 2. (دیكارت) تەماشایكرد كەوا مێژوو، مێژوونووس بەرەو رابردوو كێشدەكا تا وایلێدێت ئێستای بەلاوە نامۆدەبێت، بۆیە پێویستە بۆ مێژوونووس بەڕووی ئێستادا بكرێتەوە و ئاگاداری فەلسەفەی نوێ‌ بێ‌. 3. ئەو مێژوونووسەی لەژێر باری رابردوودا دەژی و بەسەر ئێستادا نەكرێتەوە ئەوا تووشی بارێك دەبێ‌ كە لە نەخۆش دەچێت وەك ئەوەی (نیچە) پێیدەڵێت: “پەتای مێژوو”. 4. فەلسەفەی مێژوو تەنها قەرەبووی كەموكورتییەكانی مێژوونووسان ناكات بەڵكو هەوڵی چارەسەری كەموكورتییەكانی فەیلەسوفانیش دەدات، فەلسەفەی مێژوو تەنها لەبەر دابینكردنی پێداویستییەكانی مێژوونووسان دانەمەزراوە بەڵكو بۆ جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی كۆمەڵگە دامەزراوە.18 فەلسەفەی مێژوو گەڕانە بەدوای كۆمەڵە بنەمایەكدا كە پەرەسەندنی كۆمەڵگە مرۆییەكانی لەسەر بەندە ئەویش راڤەكردنی رەوتی مێژووە لەژێر تیشكی دیمانەیەكی گشتی، وەك گشتێك بۆ رووداوەكان نەك دابەشكردن، بەمشێوەییە فەلسەفەی مێژوو بنەڕەتێكی فەلسەفی بۆ زانستی مێژوو دادەنێت، فەلسەفەی مێژوو تەنها شەنوكەوكردنی ئەو رێبازەی كە مێژوونووسان دایدەنێن و گفتوگۆكردن و شیكردنەوەی سەرچاوەكان و توێژینەوەی زاراوەكانی مێژوونووسان ناگەیەنێت واتا كاركردن تەنها لەڕابردوودا بەڵكو فەلسەفەی مێژوو سنووری رابردوو تیدەپەڕێنێت و ئێستا و داهاتوو لەخۆدەگرێت.19 وەك جیاوازییەك لەنێوان زانستی مێژوو و فەلسەفەی مێژوودا دەتوانین بڵێین زانستی مێژوو ئاگاداربوونە لە رووداوەكانی رابردوو و هەڵسەنگاندنی ئەو رووداوانەیە، بەڵام فەلسەفەی زانستی مێژوو لەچۆنیەتی توانا و و سنوورەكانی زانستی مێژوو دەكۆڵێتەوە، ئەو پرسیارانەی كە لە زانستی مێژوودا دەخرێنەڕوو لەمچەشنەن: شۆڕشی گەورەی فەرەنسا كەی روویدا؟ هۆكارەكانی چیبوو؟ دەرئەنجامەكانی چیبوون؟ كاریگەری لەسەر پیشەسازی چیبوو؟كاریگەری لەسەر سیاسەت چیبوو؟ هەروەها كاریگەری لەسەر وڵاتانیتر چیبوو؟ بەڵام ئەو پرسیارانەی كە لە فەلسەفەی زانستی مێژوودا دەخرێنەڕوو لەمچەشنەن: چۆن دەتوانین پێشبینیبكەین لەمێژوودا، ئایا زانستی مێژوو زانستێكی ئەزموونییە، ئایا راڤەی دیاردە مێژووییەكان هاوتای راڤەی دیاردە سروشتییەكانە؟، بەڕوونی دیارە كە جۆری پرسیارەكان لەهەردوو بەشەكەدا جیاوازن كە لەجۆری یەكەمدا پرسیارەكان دەربارەی رووداوە دەرەكییەكانن، بەڵام لەجۆری دووەمدا پرسیارەكان دەربارەی زانستێكە بەناوی زانستی مێژوو.20 فەلسەفەی مێژوو لای فەیلەسوفان و زانایان لێرەدا بە كورتی و بەشێوەیەكی پوخت تیشكدەخەینە سەر رای چەند فەیلەسوفێك كە بۆچونیان سەبارەت بە (فەلسەفەی مێژوو) هەبووە و لەم بوارەدا باسدەكرێن و كاریگەریان هەیە. ڤۆڵتێر (1694 – 1778) ز فرانسۆ ماریدو ڤۆڵتێر بە دامەزرێنەر و رابەری راستەقینەی بابەتی فەلسەفەی مێژوو دادەنرێت، بە ناحەز و ركەبەرێكی سەرسەختی ئایینی مەسیحی سەردەمی خۆی ناسراوە و لەو باوەڕەدا بوو كە بیرۆكەی بەهرەی رەبانی زیانێكی گەورە لە پرۆسەی پێشكەوتنی سەربەخۆیانەی مێژوویی داوە، گەرچی بەدەگمەن نەبێت ڤۆڵتێر نەخراوەتەناو خانەی فەیلەسۆفانەوە، بەڵام سەركەوتووانە توانیویەتی لەبەرهەمەكانیدا پوختەی بزووتنەوەی رۆشنگەری فەرەنسی بەرجەستەبكات، لەم بابەتەدا جیهانبینی ڤۆڵتێر دەكرێ‌ بە دوو بەش دابەشبكەین كە ئەویش لایەنی نەرێنی كە ئەویش بریتییەلە رەخنەگرتنی تووندی لە ئایین و ئایینی مەسیحی و جوولەكە و ئینجا تاوتوێكردنی فەلسەفەی دیكارت و هێرشبردنەسەر بیروڕاكانی رۆسۆ، هەروەها لایەنی ئەرێنی كە ئەویش بریتییەلە بیروبۆچونەكانی دەربارەی مێژووی پەرەسەندن و كلتور و شارستانییەت و مرۆڤ.22 مێژوو لای ڤۆڵتێر لە سەرووی سەرگوزشتەی دەسڵاتدارەكان و بارودۆخی نەتەوەكان و ئایینەكانی هەموو جیهانەوەیە، هەموو نەتەوەكانی جیهان یەك و هیچیان هەڵبژێردراو نین و مێژوو بریتییەلە پێشكەوتنی مرۆڤایەتی و بەمشێوەیە مێژوو بەبڕوای ڤۆڵتێر بریتییەلە پێشكەوتنی مرۆڤ لە تاریكی ئەفسانە و خەیاڵ بەرەوڕۆشنایی و دانایی و ژیریی كە ئەمەیش رۆژ لەدوای رۆژ زیاتردەبێت.23 بەكورتی دەتوانین گرنترین بیروبۆچونی ڤۆڵتێر كە پێشكەشی فەلسەفەی مێژووی كردووە بیخەینەڕوو: 1. ڤ‌وڵتێر یەكێك بوو لەوانەی كە بڕوای بە ئەقڵ هەبوو لە بواری داهێنانە زانستییەكاندا كە لە سەردەمی رۆشنگەریدا پەرەیسەند، ئەو بڕوای بە مرۆڤ هەبوو و بڕوایوابوو كە جیاوازی لە ئەقڵی مرۆڤەكاندا نییە، بەڵام ئەو جیاوازییەی كە هەیە بە هۆی هۆكارەكانی وەك (كەشوهەوا، سیستەمی دەسڵات، ئایین)ەوەیە. 2. ڤۆڵتیر و مێژوونووسە ئەقڵانییەكان بڕوایانوابوو “گەردوون و گۆمەڵگە بەشێوەیەكی ئالی بەڕێوەدەچێت”. 3. ڤۆڵتێ بیرۆكەی چاودێری خواوەندی رەتدەكردەوە لە لێكدانەوەی مێژوودا. 4. ڤۆڵتێر هەوڵیدەدا ئەقڵ و تاقیكردنەوە بەكاربهێنێت لە پشكنینی ئەو زانیاری و هەوڵانەی كە پێیدەگەیشتن و ئەو گومانی كردە رابەر بۆ هەڵبژاردنی راستیی شتەكان. 5. ڤۆڵتێر دەستیكرد بە رەخنەگرتن لە نووسینە مێژووییەكان بەتایبەت ئەوانەی كە پشتیان بە تەورات بەستووە وەك نووسینەكانی (ئۆگستین، یوسوی) كە واتەماشاكراون كە یەهودییەكان گەلی هەڵبژێردراوی خودان كەچی میللەتە دێرینەكانی رۆژهەڵات پشتگوێخراون. 6. ڤۆڵتێر دەستیكرد بە چاككردنی ساڵنامەی مێژووی ئەوروپی بەپێی جێگە و پایەی ئەقڵ، واتا جیاكردنەوەی مێژووی ئەوروپا لەیەكدی (ناوەڕاست و مێژووی یۆنان و سەردەمی رۆشنگەری..) كە رۆشنگەری بەگەشاوەترین سەردەمی مێژووی ئەوروپا داناوە. 7. ڤۆڵتێر هەولیداوە لە دیدگای”جیهانی – شارستانی”یەوە مێژوو بنووسێت نەك بەپێی مێژووی ئەوروپا، هەربۆیە ئەو گرنگی بە شارستانییەتی میللەتە كۆنەكانی عێراق و میسر و چینی و هندییەكان داوە و داوایشیكردووە گرنگی بە مێژووی گەلە سەرەتاییەكان بدرێت.24 مێژوو زنجیرەیەكی توندوتۆڵی ئەڵقەی بەیەكەوەگریدراون، ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات لە رووداوێكی رابردووە و لە رابردوو كەوتووەتەوە و دواڕۆژیش هەر لەو دەكەوێتەوە، مێژوو بریتییەلە پرۆسەیەكی هەمیشەیی گۆڕانی فرەڕەنگ و بەرەوپێشچوون، هیچ شتێك نییە نەگۆڕێ‌ و لە دەستی گۆڕان و یاساكانی دەربازبێ‌، بەڵام ئەمە هۆكاری سروشتی و مرۆیی هەیە و هیچ بەهرەیەكی سەروویسروشت دەستی لەو كارەدا نییە.25 لەبەر رۆشنایی ئەوەی كە باسمانكرد هەندێك لە مێژوونووسان و لێكۆڵەران دەنووسن كە ڤۆڵتێر یەكەمین كەسە كە بناغەی مێژووی شارستانییەتی داناوە بە مانا نوێیەكەی، (ویدجیری) لە كتێبەكەیدا دەڵێت: “ڤۆڵتێر مانای مێژووی لە زانست و هونەرە جوانەكان و ئەدەبدا دەبینی.26 ڤیكۆ (1668 – 1774) ز ڤیكۆ،(4) یەكەم هزرمەندە هەوڵیداوە بنەمای بابەتی فەلسەفەی مێژوو دابنێ‌ لەوەدا لەجیاتی ئەوەی مێژوو بە نووسین و شرۆڤەكردنێكی سادە و ساكاری رووداوەكان دابنێ‌، بەڵكو هەوڵیداوە لەو پێوەندی و یاسایانە لێكۆڵێتەوە كە لەنێو رووداوەكاندا بەدیدەكرێن و كەوتنەوەی ئەو ئامانجانەی كە لەو رووداوانە دەكەونەوە، ئەو بڕوای بەوەهەبوو كە لەپشت هەردوو دیاردەی سەرسوڕهێنەری مردن و ژیانەوە مەبەستێكی نادیار و شاراوە هەیە كە زیاتر بەلای چاكەدا دەچێت.27 سەرەڕای ئەوەی كە ڤیكۆ بە رەخنەگرێكی جیدی لە بیری دیكارت سەبارەت بە مێژوو دادەنرێت هەروەها ئەو بەیەكەم مێژوونووسی ئەوروپی دادەنرێت كە خۆی تەرخانكرد بۆ دانانی بنەڕەتگەلێك كە میتۆدی لێكۆڵینەوەی مێژووی لەسەر دابمەزرێت و ڤیگۆ رەخنەگرتنی لە سروشتنی زانینی دیكارت بەدەستپێكی میتۆدی فەلسەفی مێژوویی دادەنرێت. بەلای ڤیكۆوە ئەو هەڵانەی كە مێژوونووسان دەیكەن لەتوێژینەوەكانیاندا ئەو هەڵانە سەرچاوەی هەموو هەڵەیەكن لە تێگەیشتنی مێژوودا كە ئەوانیش بریتینلە: 1. زیادەڕۆییكردنی مێژوونووس لە هەڵسەنگاندنی ئەو سەردەمی توێژینەوەی لەسەردەكات، ڤیكۆ تێبینیكردبوو مێژوونووسان بەزۆری زیادەڕۆیی لە هێزی مەزنی ئەو سەردەمە دەكەن كە بابەتی توێژینەوەكەیانە. 2. لەخۆبایبوونی نەتەوەكان لەوەی كە هەموو نەتەوەیەك لەگرنگیدان بە مێژووی رابردووی خۆی هەوڵی رازاندنەوەی ئەو مێژووە بەپرشنگداركردنی لای خۆیی خۆشەویستیدەكات. 3. لەخۆبایبوونی فێرخوازان كە بەپێی دەربڕینی ڤیكۆ لەشێوەی ئارەزویەكدایە كە مێژوونووس هەیەتی. 4. هەڵەی پەیوەندیدار بە سەرچاوەكانەوە یاخود ئەوەی كە ڤیكۆ ناویلیدەنێت بەدوای یەكداهاتنی (زانستی نەتەوەكان)، ئەو هەڵەیەیش ئەوەیە كە ئەگەر دوو نەتەوە پابەندی یەك سیستەمی هاوشێوە بن بێگۆمان ئەوا دەبێت یەكێكیان ئەو بیرۆكە یان سیستەمەی لەیەكێكیدیانەوە وەرگرتبێت.28 ڤیكۆ لەوباوەڕەدابوو كە مێژووی ئادەمیزاد دەتوانرێَت بخرێتەبەر پێوانە و لێكدانەوەی زانست و ئەو مێژووی ئادەمیزادی دەقاودەق لە چەشنی سروشت دەبینی كە بەزەبری ژمارەیەكی زۆر یاسا و چەسپاو دەبزوێت و دەگۆڕێت، ئەو بۆچوونەی كە ڤیكۆ خستییەسەر (خولی مێژووی) كە تائەمڕۆیش بەشێك لە مێژوونووسانی رۆژئاوا بڕوایانپییەتی و لەنووسینەكانیاندا بەكاریدێنن بەشێوازی جیاواز، لای ئەو بیرمەندە مێژوو بریتییەلە چوار قۆناغ (باری دڕندەیی، چاخی خواكان، چاخی پاڵەوانان و دوا قۆناغیش چاخی ئادەمی)و دوای بڕینی ئەم قۆناغانە گوایە كۆمەڵ دەكەوێتە هەرەسهێنان و رووخان و دیسان لە سەرەتاوە دەستپیدەكات و ئادەمیزاد هێزی بزوێنەری سەرەكی هەموو ئاڵوگۆڕی قۆناغەكانە، ئەم تیۆرەی ڤیكۆ لەدوای مێژوونووسانی دوای خۆی كرایە خولی شارستانییەتەكان و بەمپییە هەموو ژیانێكی ژیاری وەك تەمەنی مرۆڤ بەهەر سێ‌ قۆناغی”مناڵی، لاوی و پیری”دا تێپەڕدەبێت.29 ڤیكۆ كە بیروبۆچونی خۆی دەخاتەڕوو پشت بە مێژوو دەبەستێت و بەمەیش دەیەوێت بەرپەرچی دیكارت بداتەوە، چونكە دیكارت پشت بە ماتماتیك دەبەستێت نەك بە مێژوو و دیكارت لەناو هەموو مەعریفەكاندا تەنها ماتماتیك بە مەعریفە دادەنێت و داكۆكیلیدەكات و دەڵێت: “لەوە زیاتر كە خودی خۆمان كردوومانە هیچیتر بەتەواوی نازانین”و ئەم وتەیەیش ئەو بنەما فەلسەفییە هاوبەشەییە كە لە سەردەمی (بیكۆن، هۆیز، كانت..)ەوە دەستپیدەكات، ڤیكۆ ئەم پرۆژە تایبەتەی خۆی ناونا (زانستی نوێ‌) كە مەبەستی (زانستی مێژوو)ە و دەڵێت: “ئەم زانستە هەروەك زانستی ئەندازە خودی خۆی هەموو جۆرە پێوەرەكان دەگۆڕێت و بەپێی رەگەزە تایبەتەكانی خۆیان دایاندەنێت بە واقیعێتێكی یەكسان بەو واقیعێتەكەی كە پەیوەندییان بە مەسەلەی مرۆڤەوە هەیە و لە واقیعێتی خەتوخاڵ و هێڵ زیاتر دەگرێتەوە”.30 دەتوانین تایبەتەمەندییەكانی (زانستی نوێ‌) كە بە پرۆژەیەكی گرنگی ڤیكۆ دادەنرێت لەچەند خاڵێكدا كورتبكەینەوە و ئاماژەیەكی بۆبكەین وەك(چاودێری خوای، فەلسەفەی دەسڵات، یاسای سروشتی بتپەرستەكان، مێژووی شارستانییەت، مێژووی جیهانی، پێشكەوت و هاوسەنگی).31 تێبینییە میتۆدییەكانی ڤیكۆ لە بەهادارترین پشكدارییەتییەكانی بووە لە توێژینەوە مێژوویەكاندا، سوودی لە میتۆدی توێژینەوەی شیكاری رەخنەیی باوی سەدەی 17ی ئەوروپا وەرگرتووە و توانیویەتی هەنگاوێك لەو میتۆدە بەرەوپێشەوەببات، ئەویش بەزیادكردنی داڕشتنێتی لەپێناو توێژینەوەی مێژووی و پەیبردن بە راستییەكانی، هەر ئەمەیش وایكرد كە زۆرێك ڤیكۆ بە دامەزرێنەری فەلسەفەی مێژوو ناوزەندبكەن، بەڵام سەرەڕای ئەمانەیش چەندین رەخنە ئاراستەی میتۆدی لێكۆڵینەوەی مێژووی ڤیكۆ دەكرێت لەوانە: 1. ڤیكۆ مەرجی زانینی راستییە مەتماتییكییەكان بە زانینێكی دڵنیایی دەگێڕێتەوە بۆئەوەی مرۆڤ خۆی زانستی ماتماتیكی لەڕێەی دانانی چەند رێسایەكەوە دروستكردووە، لێرەدا ئەو رەخنەیە ئاراستەی ئەو تێڕوانینەی ئەو دەكرێت كە یاساكانی بیركاری لەوڕووە دڵنیاینین كە دەسكردی مرۆڤن بەڵكو لەوڕووەوە دڵنیاین كە گوزارشت لە واقیعی راستەقینە دەكەن بۆنموونە كاتێك دەوترێت دوو نیوەی چوارە ئەوا مرۆڤ لەڕێەی هێماكانەوە كە خۆی دایناوە گوزارشت لەڕاستیدەكات. 2. یەكێك لە گەورەترین ناتەواوییەكانی پرۆژەكەی ڤیكۆ (زانستی نوێ‌)، پۆلێنكردنی مێژووە لەسەر بنەڕەتێكی ئایدۆلۆجییانە بۆ مێژووی پیرۆز كە مێژووی (جوولەكە و مەسیحی و مێژووی دونیایی).32 شپنگلەر (1880 – 1936ز) زۆربەی فەیلەسوفان و مێژوونووسان گرنگییان بە خودی چەمكی مێژوو داوە، چونكە چەمكێكی فرەڕەهەندە و مایەی گفتوگۆ لەسەركردنە، بەڵام دەبێت ئەم چەمكە لای شپنگلەر33 كە زۆرێك لە فەلسەفەكەی بۆ مێژوو و شارستانییەت تەرخانكردووە چی بگەیەنێت؟، شپنگلەر سەبارەت بە مێژوو دەڵێت: “مێژوو بریتییەلەو فۆرمەی بەهۆیەوە مرۆڤ تیدەكۆشێت بۆ پەیپێبردنی بوونی زیندووی جیهان لەڕووی پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤەوە، بەوهۆیەیشەوە دەتوانێت بگات بە حەقیقەتی قووڵ “لەو دەقەوە تیدەگەین مێژوو لای ئەو چوارچێوەیەكە بۆ تێگەیشتن لە جیهان وەك هەبوویەكی زیندوو كەواتە مێژوو پێكنەهاتووە لە كۆمەڵێك رووداوی بێبنەما و بێسوود، بەڵكو بەهاكەی ئەوەندە گەورەیە یەكسانە بە حەقیقەت. ئۆرگانی راستەقینەی مێژوو بریتییەلە یادەوەری بەو مانایەی كە بریتییەلە وێناكردنی رابردووی مرۆڤ و نەتەوە و جیهان كە وەك ئێستایەكی تەواوەتی دەپارێزرێت، شپنگلەر یاداشت یان ژیاننامەی كەسێك تەنها بە كۆكەرەوەی ژیانی ئەو كەسە نازانێت، بەڵكو بە كۆكەرەو و رۆحی شارستانییەتێكی تەواوی دەزانێت، یەكێكیتر لەو پرسانەی كە شپنگلەر دەیورووژێنێت ئەوەیە كە مێژوو بۆ كییە؟ یان كێ‌ خاوەنی مێژووە؟ هەر بۆخۆی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و مێژوو بەهی هەموو كەسێك دەزانێت، ئەو شارستانییەت بە یەكەی لێكۆڵینەوەی مێژوو دادەنێت و ئەمە ئەوە لەبیرناباتەوە كە رۆڵی تاك لەمێژوودا لەبیربكات، كەواتە مێژوو تەنها بریتینییەلە مێژووی سەركردە و پاشاكان و تەنها ئەوان خاوەنی نین، بەڵكو سەرجەم ئەو كەسانەی سەربە شارستانییەتێكی دیاریكراون بەشدارن لەو مێژووەدا.34 فەلسەفەی شپنگلەر سەبارەت بە شارستانییەت مەیلێكی بونگەرایی ئاشكرای هەیە، ئەم بۆچونە هەمیشە دژی ئەو روانینەیە كە حاڵەتە جیاوازەكان لەژیاندا دەشارنەوە، ویڵسن رایگەیاندووە بونگەرایی داوای ئەوەدەكات بە دیدێكی وا بۆ جیهان بڕوانین كە نێوانی زانست و هونەر یەكبخرێت و رازینابێت سروشت بكرێت بە دوو بەشەوە، مەبەستی ویڵسن كە دەڵێت شپنگلەر مێژوونووسێكی بونگەراییە واتا بونگەرایی شۆڕشێكە دژی لۆجیك و ئەقڵ و داوایەكە لەپێناو خۆرسكی دیدوبۆچوونەكان، شپنگلەر هەموو ئەوانەی خستووەتەناو لێكۆڵینەوەی مێژووییەوە و حەزی لە مۆسیقا و شیعر دەكرد و هەمیشە وتەكانی گۆتە و (نیچە)ی35 بەكاردەهێنا، ئەو لەو بڕواییەدا بوو ماتماتیك و زانست لایەنێك لەلایەنەكانی خەباتی نەفسی مرۆڤ پێكدەهێنن36. لەلایەكیترەوە دەرخستنی ئەو میتۆدەی شپنگلەر بەكاریهێناوە لە لێكۆڵینەوەی مێژووییدا كارێكی ئاسان نییە، چونكە ناتوانیت میتۆدەكەی راستەوخۆ پەییپێبەریت هەربۆیە زۆرێك لەوانەی لەسەریان نووسیوە رەخنەیان لێگرتووە و ئەو رەخنەگرانە ئاماژە بەوەدەدەن ئەوشێوازەی ئەو خراپە و پڕە لەدووبارەبونەوە و ئاڵۆزی و شپرزەیی، هەندێكیتر دەڵێن: “لێكۆڵینەوەناكات بەكرداریی بەڵكو تەنها بڕیاردەدات و زۆر گوێنادا بەهۆی هێنانەوە بۆئەو شتانەی كە بڕیاریان لەسەردەدات”، سەرباری ئەمەیش شپنگلەر بۆچوونی خۆی هەیە سەبارەت بە پرسی میتۆد و چارەسەری مێژوو، ئەو پێیواییە پێویستە سروشت بەشێوەیەكی زانستی چارەسەربكرێت، بەڵام مێژوو بەشێوەیەكی شیعری چارەسەربكرێت، چونكە لەنێوان مێژوو و شیعردا پەیوەندییەكی هاوخوێنی هەیە. ئەو میتۆدە نوییەی شپنگلەر پەسەندیدەكات ناویلێناوە میتۆدی هیمای (سیمائی) ئەمیش بریتییەلەوەی كە مێژوونووس هەڵدەسێت بە نیشانەكردنی دیمەن و خوێندنەوەی رووخسار، هەربۆیە لە دیمەنی رووداوەكان هیمای ئەو رۆحە دەردەهێنێت كە رووداوەكە لێوانلێوەلێی، ئەم میتۆدە هەروەك وێنەكێشانی كەساییەتییەكان وایە، بەڵام وێنەكێشانێكی رۆحی، شپنگلەر پێیوایە پێویستە مێژوو بەوشێوە بنووسرێت، كەواتە مەبەست لە میتۆدی سیمائی خوێندنەوەی زیندوانەیە بۆ مێژوو بەمپییە بێت خوێندنەوەی مێژوو مەعریفەیەكی خۆرسكە. لای شپنگلەر لێكۆڵینەوەی مێژوویی لە پێكهاتەی ناوكی مێژوویی دەكۆڵێتەوە چونكە ئەو پێیواییە مێژوو زیندووە وەك ئەوەی كە هەندێك وێنایدەكەن بریتینییەلە كۆمەڵە شتێكی مردوو و رواڵەتی، بەڵكو ناوەڕۆكێكی هەیە كە تەنها بە لێكۆڵەری راستەقینە دەدۆزرێتەوە و پیشاندەدرێت.37 هیگڵ (1770 – 1831ز) هیگڵ 38وەك ئنگلز دەڵێت یەكەم كەسە هەوڵیداوە ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەكانی مێژوو دەستنیشانبكات و زۆر زوو كەوتە بایەخدان بە مێژوو كە بەلای ئەوەوە لە سەردەمی گریكەكانەوە دەستپیدەكات، هیگڵ لەوە دەگەیشت كە كەس ناتوانێت رەوڕەوەی مێژوو بەرەوپاش بگەڕێنێتەوە.39 تیۆرییەكەی هیگڵ لەسەرئەوە بنیادنرابوو كە مێژوو هیچ نییە جگەلە مێژووی هۆش و پێشكەوتنی هۆش كە ئەمەیش یەكسانە بە پێشكەوتنی مێژوو و گەلانی بێهۆش كە ناتوانین بە گەلانی بێهۆش بڵێین گەلانی ئازاد، چونكە ئازادی دەستناكەوێ‌ تەنها لای ئەو كەسانە نەبێت كە هۆشیان هەیە و هەست بە گرنگییەكەی دەكەن، بەمپییە ئەقڵ جەوهەری مێژووە هەروەها جەوهەری مرۆڤیشە، مەبەستی هیگڵ لەبارەی فەلسەفەی مێژووە بە كورتی بریتییەلە: یەكەم: فەیلەسوفی مێژوو نابێتە رێگر لەبەردەم مێژوونووسی ئەزموونگەری لە لێكۆڵینەوەی رووداوە مێژوویەكان، مێژوو بریتییە لە رەنگدانەوەی گیانی ئەقڵ لە رۆژگارەكاندا. دووەم: ئەقڵ جەوهەری مێژووە هەروەك چۆن جەوهەری سروشتیشە لەگەڵ هەبوونی جیاوازییەكی گرنگ كە بریتییەلەوەی كە ئەو ئەقڵەی مێژوو دەباتبەڕێوە بریتییەلە ئەقڵێكی ئاگا لە خودی خۆی كە مەبەست مرۆڤە، هیگڵ وێنەی پێكهاتەیی كە بۆ مێژوو بەكاریهێناوە بە سێ‌ خاڵ لێكدەداتەوە (سروشتی ئەقڵ كە ناویلیدەنێت گیان، بەدیهێنانی ئەقڵ و ئەو شكڵەی كە گیانی تێدابەرجەستە دەبێت).40 هیگڵ بۆچون و سەرنجەكانی خۆی لەبارەی جۆرەكانی نووسینی مێژوو خستەڕوو لەپێناو گەیشتن بەسادەترین و چاكترین رێگە بۆ نووسینی مێژوو كە ئەمە (رێبازی رەخنەی)یە لە فەلسەفەی هیگڵ بۆ مێژوو: 1. هیگڵ روونیكردەوە سێ‌ رێگەی سەرەكی هەیە لە لێكۆڵینەوەی مێژووییدا لەڕووی رێبازەوە كە ئەمانەن (مێژووی راستەقینە، مێژووی نەزەری، مێژووی فەلەسەفی). 2. هیگڵ ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەوانەی لە گێڕانەوە و لێكۆڵینەوە رەسەنەكانەوە هاتوون دەبێت لە داستان و حیكایەت و كەلەپووری میللی دووربخرێنەوە، واتا هیگڵ زۆر بەتەنگ وردەكاری و بابەتیبوونەوە هاتووە لە لێكۆڵینەوەی مێژووییدا. 3. جۆرێك لە نووسینەوەی مێژووی بە بڕوای هیگڵ نووسینی (مێژووی دیمانەی)یە كە لێرەدا مێژوونووس ئەو رووداوانەی كە دەیگێڕێتەوە ناژی، بەڵكو ئەو سەردەمەی كە تێیدادەژی تێیدەپەڕێنێت تا مێژووی سەردەمێكیدیكە بنووسێتەوە. 4. هیگڵ ئاماژەی بە وێنەیەكی مێژووی دیمانەی (نڤری) كردووە، ئەو مێژووییە كە لەپێناو بەدەستهێنانی پەند و ئامۆژگاری لە تاقیكردنەوەكانی رابردوو دەنووسرێت كە ناویناوە مێژووی كردەوەیی كە كاربەدەستان و فەرمانڕەواكان ئەركی لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەی مێژوویان دەكەوێتەسەرشان، بەڵام ئەوەی ئەزموون و مێژوو فێرماندەكا ئەوەیە كە گەلان و حوكمەتەكان هیچ لە مێژووە فێرنابن. 5. بۆ خستەڕووی سەرنجەكانی سەبارەت بە مێژووی دیمانەی، هیگڵ جۆرێكیدیكە لە جۆرەكانیدیكە دەخاتەبەردەست كە پێیدەڵێت”مێژووی رەخنەیی” ئەم پیشاندانە لە تەرحكردنی نووسینی مێژوویی لەوجۆرەییە كە رووداوەكانی مێژووی خۆی ناخاتەڕوو بەڵكو ئەو گێڕانەوە جیاوازانەی مێژوو دەخاتەڕوو كە دەیانپشكنێ‌ و رەخنەیانلێدەگرێت و راستییەكانیان رووندەكاتەوە. 6. هیگڵ وەك جۆری چوارەم روانیویەتە (مێژووی هزر) كە ئەمەیش جۆرێكە لەجۆرەكانی نووسینی دیمانەیی مێژوو كە لە سەردەمی خۆیدا گرنكی پیدەدرا كە بە قۆناغی گواستنەوە دادەنرا لە (مێژوویدانانی)یەوە بۆ (مێژووی فەلسەفی).41 هیگڵ “مێژوو” لەمانایەكدا بەكاردەبات كە لە “فەلسەفەی مێژوو” جیاناكرێتەوە بە بۆچونی ئەو مێژوو بە مانای تۆماركردنی رووداوە مێژووییەكان نییە، بەڵكو بە مانای هزری مێژووییە كە ئەمەیش بەو مانا دێت كە مەبەست لە خوێندنەوەی مێژوو ئەوەنییە كە ئاگاییت لە رووداوەكان هەبێت بەڵكو مەبەست ئاگاداربوونە لەسەر فاكتەر و ئاراستەی روودانی ئەو رووداوانە، هیگڵ لە مانایەكی گشتیدا باس لە گەردوون دەكات كە هەم مانای مادی و رۆحی گەردوونی دەگرێتەوە و هاوكات لەسەر ئەو باوەڕە بووە كە سروشتی مادی لە گۆڕانی مێژوودا بەشدارە بەڵام رۆح و گۆڕانی رۆحی بە فاكتەری سەرەكی گۆڕانی مێژووی دەزانێت، لێرەدا دەتوانین بڵێین مێژوو خشتەی قۆناغە جۆربەجۆرەكانی بەدەستهێنانی ئازادییە، چونكە ئازادی جەوهەری رۆحە، قۆناغە جۆربەجۆرەكانی ژیانی مرۆڤ لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا قۆناغی ئەمڕۆی گوزارشت لەو ئازادییە دەكات، لەڕاستیدا هیگڵ مێژووی جیهان بە مێژووی رۆح دەزانێت، گەر بەمجۆرەی باسمانكرد ئامانجی مێژوو بەدەستهێنانی ئازادی بێت ئەوا بە بۆچونی هیگڵ ئازادی مرۆڤ بریتییەلە ئاگایی و تێگەیشتن.42 هیگڵ مێژوو پێناسەدەكات و لەهەر پێناسەیەكدا مەبەستێكی ئاكامیی هەیە كە بریتییەلە سێ‌ لایەن (سنوورداری واتا سنوورەكان دیاریكراون و پایەندی مەرج دەبن، مەبەستگەرایی واتا ئاراستە و ماناكەی تێكەڵە لە بابەتگەری و خودگەری واتا ماناكەی مەعقولێكە دەكەوێتە دوای رێكەوتە سەرزارەكییەكانەوە، بەدەستهێنان واتا بەدەستهێنان و كامڵبوون لەگەڵ سروشتدا واتا شێوەی هاوگونجاوی ناوەڕۆك) ئەو سێ‌ لایەنە پێویست و ئەقڵانین، لێرەوە دەگەینە ئەوەی دوای ئەوەی فەلسەفەی مێژوو بوونی مێژوویی مرۆڤی ئاشكراكرد و مرۆی ناسی سنوورێك بۆ مێژوو دادەنێت.43 لە دیدگای هیگڵدا ئاشتی و ئاسوودەیی هیچكات لە دەقی مێژوویدا نەبووە، ئایا بەپێچەوانەوە ناتوانرێت بڕوابكرێت كە هەوڵدان بۆ پاراستنی ئاشتی خۆی هێمایەكە بۆ دەسڵاتی مێژووسازی مرۆڤ؟ ئایا ناتوانرێت بوترێت جۆشوخرۆشی ئەو كەسانەی كە هەوڵیانداوە رێگری دروستبوونی شەڕ بكەن بەنرخترە لە چالاكی كەسێك كە ئاگری ململانییەكانی هەڵگیرساندووە؟ وەڵامێك لەبارەی ئەم بابەتەوە لە بەرهەمەكانی هیگڵدا دەتوانرێت ئەنجامگیری لێبكرێ‌ و زەین رازیناكات و ویژدانی ئەخلاقی مرۆڤ بە نیگەرانی دەهێڵتەوە و هەروەها دەمارگیری هیگڵ بۆ نەتەوەی جەرمانی ئەوا سەربەخۆیی لەو فەیلەسوفە دەسێنێتەوە.44 هیگڵ مێژوو بە ئاشتی لێكدەداتەوە واتا ئاشتی لەهەر دوو جیهانی (رۆحی، زەمەنی) بەمجۆرە لە چاخی ناوەڕاستدا زەمەنی دڕندەیی و ئارەزووبازی مرۆڤ كە دواتر لە چاخی نوێدا كە چاخی ئاشتییە روویدا لێرەوە جیهانی ئەقڵ و یاسا بنیادنرا بەمەیش جیهانی رۆح دەستی لە زۆرداری هەڵگرت، لێرەدا دەكرێت ئاماژە بە كۆتایی مێژووەكەی هیگڵ بدەین كە پێیواییە مێژووی جیهان لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا هەنگاویناوە و ئەوروپا واتا كۆتایی مێژوو بەوشێوەی كە ئاسیا سەرەتاكەی بووە، ئەوەی هیگڵ باسیدەكات ئەوەیە كە ئەم جیهانە بەكۆتاگەیشتووە ” ئەوەتا ئەم مێژووە بەكامڵبوون گەیشت واتا ئازادی.45 یەكێك لە باسەكانی فەلسەفەی مێژوو لای هیگڵ (دیالیكتیك)ە كە وشەیەكی یۆنانییە و هیگڵ لە ئەفلاتۆنەوە وەریگرتووە مەبەستیش لەمە پرۆسە مێژووییەكانە كە بە پرۆسەی یەكتر هەڵوەشاندەوە بەڕێوەدەچێت واتا هەر ئاراستەیەك كە دەگاتە كۆتای ئاراستەیەكیتر لەدایكدەبێت و بەمجۆرە هەموو شتێك هەتاهەتایی وادەبێت، سەرباری گرنگی هیگڵ بۆ مێژوو، بەڵام چەندین رەخنەی ئاراستەدەكرێت سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو لەوانە (ناڕەوایی بۆچوونەكانی لەسەر گەلانی نائەوروپی و چەندانیتر..). 46 ••• پەراویز و سەرچاوەكانی بەشی یەكەم (1) هەژار: هەنبانە بۆرینە (فەرهەنگی فارسی – كوردی) ، چاپ سوم، انتشارات سروش، تهران، 1381، ل 843. (2) د. كەیوان ئازاد ئەنوەر: رێبازی لێكۆڵینەوە و رێبازی لێكۆڵینەوەی مێژوویی، چاپیدووەم، لە بڵاوكراوەكانی كتێبخانەی رۆشنبیر، سلێمانی، 2008، ل 17. (3) پ. د. موحسین محەممەد حسین: سروشتی مەعریفە و فەلسەفەی مێژوو، چاپی یەكەم، دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی، هەولێر، 2011، ل 15. http://forum.sendbad.net/t13387.html(4) (5) پ. د. موحسین محەممەد حسین: سەرچاوەی پێشوو، ل 17. (6) د. كەمال مەزهەر ئەحمەد: مێژوو (كورتەباسێكی زانستی مێژوو و كورد و مێژوو)، چاپیدووەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی هێڤی، هەولێر، 2008، ل 16 – 19. (7) پ. د. موحسین محەممەد حسین: سەرچاوەی پێشوو، ل 19 و 20. (8) د. كەمال مەزهەر ئەحمەد: سەرچاوەی پێشوو ، ل 15. http://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%88%D9%82%D9%81%D8%A7%D8%AA (9) http://www.dengekan.info/dengekan/11/mejw/8558.html(10) (11) شاخەوان فایەق ئەلیاسی: مەعریفەی مێژوو، چاپی یەكەم، خانەی چاپ و بڵاوكراوەی چوارچرا، سلێمانی، 2009، ل 7. (12) د. محەممەد عەبدولڕەحمان برج: نوێی لە بابەتی مێژوودا، وەرگێڕانی: زریان حاجی، رێبازی نوێ‌، ژمارە (51)، تشرینی یەكەمی 2009،ل 228. (13) هیرۆدۆت لە دەروبەری ساڵی 484 پ.ز چاویبەدنیاهەڵهێناوە لە شاری (هالیكارناس) لە ئاسیای بچووك، ئەو لەهەموو سەرچاوەكانی زانست و زانیاری كەڵكیوەرگرتووە، سەرەتای سەدەی پێنجەمی پێشزایین دەورانی گەشەكردن و دەركەوتنی هیرۆدۆتە لەوانەیە بەشێكی مێژووەكەی خۆی لە دەوروبەری ساڵی 430 پ.ز نووسیبێت، ئەو لە ساڵی 460 پ.ز دوای شۆڕشی (ئینارۆس) سەفەرەكانی خۆیدەستپێكردووە كە سەردانی میسریشی كردووە، بڕوایە كە لە تەمەنی شەست ساڵیدا 424 پ.ز لە تۆریۆم لە ئیتالیا، ئەم مێژوونووسە بە باوكی مێژوو دەناسرێت لەجیهاندا و سادەیی و ئاسانی بە نووسینەكانییەوە لەچاو هاوسەردەمەكەی خۆیدا دیارە و لەدوای خۆی (مێژووی هیرۆدۆت)ی بەجێهێشتوە كە خۆشبەختانە بەناونیشانی”پوختەیەكی گرنگ لە مێژووی هیرۆدۆت” كراوە بە كوردی پاش نزیكەی 2500 ساڵ، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە- زانەر محەممەد: پوختەیەكی گرنگ لە مێژووی هیرۆدۆت، چاپی سییەم، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، 2010، ل 9 – 24. (14) د. كەمال مەزهەر ئەحمەد: سەرچاوەی پێشوو، ل 53 و 54. (15) زانەر محەممەد: سەرچاوەی پێشوو، ل 15. http://www.gullekewarew.com/viewtopic.php?pid=11923 (16) (17) عەبدولحسین زەرینكوب: مێژوو لەتەرازوودا، وەرگێڕانی: د. قادر محەممەد حەسەن و سۆران بەها‌و محەممەد، چاپی یەكەم، بەڕێوەبەرێتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی، 2011، ل 136. (18) ئیبن خەلدون ناوی تەواوی عەبدولڕەحمانی كوڕی محەممەدی كوڕی ئەبوبەكری كوڕی خەلدونە، لە تونس لە ساڵی 1332ز لەدایكبووە هەر لە تەمەنی گەنجێتیدا بە زانست و خوێندنەوەوە خەریكبووە و ئەو سەرەتا قورئانی خوێندووە پاشان خۆی بە خوێندنی زمانەوە خەریككردووە و خانەوادەكەیدەسڵاتدار و خانەدان بوونە و پاش چونی بۆ مەغریب تێكەڵی ساسەت بووە و پاش ماوەیەك بەهۆی پلانێكەوە بۆ ماوەیدوو ساڵ زیندانیدەكرێت لە ساڵی 758ی كۆچی و پاش ئەمەیش لە ساسەت دووركەوتەوە و خۆی بۆ خوێندن تەرخانكرد و پاشان چووە میسر و لەپاش تەمەنێك بۆ خزمەتی زانست و زانیاری لە ساڵی 1406ز كۆچیدواییكرد لەدوای خۆی چەندین بەرهەمی بەجێهێشت لەوانە (مقدمە ابن خلدون، لباب المحصول فی اصول الدین وهو فی علم الكلام، التعریف وهو ترجمە ژاتیە لە..)، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – عبدالرحمن بن خلدون: مقدمە ابن خلدون، الدار الژهبیە، القاهرە، 2006، ص 7 و 8. (19) عبدالرحمن بن خلدون: مصدر سابق، ص 15.. (20) دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: دەروازەیەك لە فەلسەفەی مێژوو، وەرگێڕانی: دەوەن حەسەن، چاپی یەكەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات، هەولێر، 2011، ل 133 و 134. (21) د. ئیحسان محەممەد ئەلحەسەن: ئیبن خەلدون و ئۆگست كۆنت، وەرگێڕانی: دانا مەلا حەسەن، چاپی یەكەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، 2009، ل 15. (22) لەلای عەرەب و موسڵمانان كەسانیتری وەك مەسعودی سەبارەت بە مێژوو دەڵێت: “مێژوو زانستێكە لە دەنگوباس”یان كەسێكیتری وەك سەغویدەنووسێت: “مێژوو هونەری گەڕانە بە شوێن رووداوەكانی زەماندا”، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – http://www.gullekewarew.com/viewtopic.php?pid=11923 (23) پ. د. موحسین محەممەد حسین: سەرچاوەی پێشوو، ل 16. http://www.altareekh.com/article/view/2172- (24) (25) ویل دۆرانت (1885 – 1970ز) لە ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لەدایكبووە و خوێندنی تەواوكردووە لە زانكۆی كۆلۆمبیا و لەنیۆیۆرك، وانەی مێژوو و ئەدەبی وتووەتەوە و گەشت و سەفەری بۆ زۆر جێگەی جیهان كردووە و خاوەنی چەندین لێكۆڵینەوەی گرنگە و خاوەنی كتێبی (چیرۆكی شارستانییەت).. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – حیدر زكی: كتابە التاریخ، دار نینوی، دمیشق، 2011، ص 30. (26) حیدر زەكی: نفس المصدر، ص 29 و 30. (27) جفری برون: تاریخ اوربا الحدیپ، ترجمە: علی المزروقی، الگبعە الاولی، الاهلییە للنشر والتوزیع، عمان، 2006، ص 5 – 10. (28)پ. د. موحسین محەممەد حسین: سەرچاوەی پێشوو، ل 21 – 23. (29) سەلام عەبدولكەریم: دەربارەی فەلسەفەی مێژوو.. زانستی مێژوو، چاپی یەكەم، خانەی چاپ و پەخشی رێنما، سلێمانی، 2009، ل 11 – 15. (30) ئیپۆس Eposeلە زمانی گریگیدا واتای وشە یان گێڕانەوە یان چیرۆك دەبەخشێت، گیلگامیش یەكێكە لە ئیپۆسە هەرە كۆن و گرنگەكانی مێژوو كە بەرلە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر بە زمانی ئەكەدی بە شیعر نووسراوەتەوە، ئەم داستانە باسی هاوڕێیەتی بەهێزی گیلگامیشی پاشای سۆمەری لەگەڵ پاڵەوانێكی نیمچەدڕندە دەكات و دوای مردنی ئەو پاڵەوانە دڕندەییە بەناوی ئینكیدۆ ئەم پاشایە بەدوای نهێنی ژیان بەجیهاندا دەگەڕێت، جگەلەم ئیپۆسانە چەندانیتری وەك (ئلیادە)ی هۆمیرۆسی شاعیری گریكی و ئۆدیسە و رامایانا و مەهابەهاراتی هیندی و چەندان ئیپۆسیتری جیهانی كە بە سەرەتای مێژوو دادەنرێت، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – د. كەمال مەزهەر ئەحمەد: سەرچاوەی پێشوو، ل 45 -. (31) سەلام عەبدولكەریم: سەرچاوەی پێشوو، ل 22 – 23. (32) سەلام عەبدولكەریم: هەمان سەرچاوە، ل 23 – 24 . (33) د. كەمال مەزهەر ئەحمەد: سەرچاوەی پێشوو، ل 53 – 56. (34) دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 35 – 36. (35) رێنیسانس (Renaissance) كە بە زمانی فەرەنسی واتای (ژیاندنەوە) یان (زیندوو كردنەوە) دەدات و بە لای هەندێك مێژوونووسەوە سەردەمی مرۆڤایەتی رۆژگارێكی لەوە گرنگتری بەخۆوە نەبینیوە، ئەم سەردەمە دەكەوێتە نێوان هەردوو قۆناغی مێژووی ناوەڕاست و نوێوە و بە سەردەمێكی زێرینی مێژووی ئەو كیشوەرە دادەنرێت و سەرەتاكانیدەركەوتنیشی بۆ سەرەتای سەدەی 16 دەگەڕێتەوە تا هەڵگیرسانی شۆڕشی فەرەنسی لە ساڵی 1789ز، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە –

د. كەمال مەزهەر: رێنیسانس، وەرگێڕانی: فوئاد مەجید میسری، چاپی سییەم، دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی، 2006، سلێمانی، ل 33. (36) د. عبدالمیر محمد امین و توفیق محەمەد حسێن: شارستانییەتی ئەوروپا لە سەدەكانی ناوەڕاستدا، وەرگێڕانی: مستەفا سەعید عەلی، چاپی یەكەم، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، 2011، ل 181 – 183. پەراویز و سەرچاوەكانی بەشی دووەم (1) پ. د. موحسین محەممەد حسین: سەرچاوەی پێشوو، ل 23. (2) عەبدولكەریم سروش: زانست چییە؟ فەلسەفە چییە؟ وەرگێڕانی: سامان سەلاح، چاپی یەكەم، دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی، هەولێر، 2011، ل 13 – 26. (3) د. كەمال مەزهەر ئەحمەد: مێژوو (كورتەباسێكی زانستی مێژوو و كورد و مێژوو)، سەرچاوەی پێشوو، ل 19 – 21. (4) پ. د. موحسین محەمەد حسین: سەرچاوەی پێشوو، ل 33 – 36 . (5) عەبدولحسین زەرینكوب: سەرچاوەی پێشوو، ل 213 – . (6) بەڕێز عەباس: ئایە راستە مێژوو درۆییە؟، گۆڤاری رامان، ژمارە (163)، كانونی یەكەمی 2010، ل 103 – 105. (7) جۆرج ولیم فردریك هیگل لە ساڵی 1770ز لە ئەڵمانیا لەدایكبووە لە خێزانێكی ئاست مامناوەند و خێزانەكەی هەلی خوێندنیان بۆ رەخساندووە، شارەزایی لە ئەدەبی یۆنان و لاتینیدا هەبووە و كاریگەری زۆریان لەسەری هەبووە، باوكی حەزیدەكرد كە كوڕەكەی ببێتە قەشە و لە ساڵی 1793ز پەیمانگای ئایینی تەواوكرد و دەستیكرد بە كاری مامۆستای و لەوكاتەدا دەستیكرد بە خوێندنەوە بەتایبەت (كانت) زۆر كاریتێكردبوو و پاش ئەمە چەندین وتاری نووسی لەسەر ئایین و هێرشیكردە سەر كەنیسە، پاش كۆچیدوایی باوكی و وتنەوەی وانە لە زانكۆ و دەركردنی رۆژنامەیەكی فەلسەفی و پاشان لەسەر داوای حوكمەتی ئەڵمانی لە زانكۆی (بەرلین) وانەیوتەوە و لەوكاتەدا گەیشتە ئەوپەڕی ناوبانگ و فەلسەفەی تایبەت بەخۆیدانا كە زیاتر ناوبانگی بۆپەیداكرد و پاش ماوەیەك كاركردن لە ساڵی 1830 ز كۆچیدواییكرد كە دوای خۆی لە بواری مێژوودا (فەلسەفەی مێژووی بەجێهێشت)، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 323 – 325 . (8) پ. د. موحسین محەممەد حسین: سەرچاوەی پێشوو، ل 38 – 40 . (9) كامەران محەممەد: ڤیكۆ و فەلسەفەی مێژوو، چاپی یەكەم، چاپخانەی یاد، سلێمانی، 2006، ل 69 و 70. (10) سەلام عەبدولكەریم: سەرچاوەی پێشوو، ل 21. (11) وشەی (فەلسەفە) لەبنچینەدا گریكییە، مانای (حۆشەویستی حیكمەت) دەگەیەنێت و بەمەیش واتا فەیلەسوف گیرۆدەی حیكمەتە، ئەفلاتۆن (427 – 347) پ. ز پێناسەی فەلسەفە دەكات و دەلێت:”فەلسەفە كۆششیدۆزینەوە و گەڕانە و زانینی حەقیقەتە”، هەروەها سوقراتیش دەلێت:”فەیلەسوفەكان ئەوانەن كە حەز بە بینینی راستییەكان دەكەن و بەدوایدا عەوداڵن”، لە كتێبی (المدخل الی معانی الفلسفە) باس لە خەسڵەتەكانی فەلسەفە كراوە و هاتووە:”فەلسەفە مەعریفەیەكە خەسڵەتی پاكی و تەنهایی هەیە، گەڕان بەدوای زانیاریدا كاریكە لە ناخی مرۆڤدایە و سروشتییە، فەلسەفە منداڵێكیدانایە و بەرهەمی رەخنەگرانەی عەقڵە و بیری ئازادییە..)، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – د. عرفان عبدالحمید: المدخل الی معانی الفلسفە، الگبعە الاولی، الدار الشون الپقافیە عامە، بغداد، 1986، ص 36 – 39 . (12) عەبدولكەریم سروش: سەرچاوەی پێشوو، ل 39 – 41. (13) دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 181 – 182. (14) د. حەمید عەزیز: رەهەندە هەمەڕەنگییەكانی فەلسەفەی مێژوو، گۆڤاری رامان، ژمارە (171 )، ئابی 2011، ل 78 . (15) پ. د. موحسین محەممەد حسین: سەرچاوەی پێشوو، ل 56. (16) پ. د. موحسین محەممەد حسین: هەمان سەرچاوە، ل 57 و 63 . (17) د. حەمید عەزیز: سەرچاوەی پێشوو، ل 89 – 91. (18) دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 180 – 181. (19) كامەران محەممەد: سەرچاوەی پێشوو، ل 19 و 20. (20) عەبدولكەریم سروش: سەرچاوەی پێشوو، ل 41 و 41 . (21) د. حەمید عەزیز: سەرچاوەی پێشوو، ل 85. (22) عەبدولحسین زەرینكوب: سەرچاوەی پێشوو، 349 – 350. (23) دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 306 – 309. (24) د. حەمید عەزیز: سەرچاوەی پێشوو، ل 85 – 86. (25) دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 309 . (26) جیۆڤانی باتیستا ڤیكۆ لە 23ی حوزەیرانی 1668ز لە ئیتالیا لەدایكبووە كە یەكێك بووە لە هەشت منداڵی پیاوێكی هەژار، ڤیكۆ خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی لە خوێندنگەی جێزویت تەواوكردووە، ئەو زۆر لە كارەكانی (ئەفلاتۆن، تاكیتۆس، بیكۆن..)ی خوێندووەتەوە و زۆر كاریگەریان لەسەر جێهێشتووە و ئەو توانی بۆ ماوەیەك وانە بڵێتەوە و خۆی بۆ خوێندن لە زانكۆی ناپۆلی خەریكبكات و نزیكەی نۆ ساڵ لە شارێكی ئیتالی بەناوی (ڤایتۆلا) خۆی بۆ خۆرۆشنبیركردن و پەروەردەكردن تەرخانكرد، ئەم بیرمەندە بە دەست هەژاری و نەخۆشییەوە دەیناڵاند و نەیتوانی كۆرسی یاسای زانكۆی تەواوبكات، ڤیكۆ لە ساڵی 1734ز وەك مێژوونووسی پاشای ناپۆلیدەستنیشانكرا و لە تەمەنی حەفتا و شەش ساڵیدا لە ساڵی 1744ز كۆچیدواییكرد، ئەو لە بواری هونراوە و مێژوو و فەلسەفەدا بەرهەمی هەبووە، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – كامەران محەممەد:سەرچاوەی پێشوو، ل 72 – 82. (27) د. حەمید عەزیز: سەرچاوەی پێشوو، ل 83. (28) كامەران محەممەد: سەرچاوەی پێشوو، ل 93 و 99 – 103. (29) د. كەمال مەزهەر ئەحمەد: مێژوو (كورتە باسێكی زانستی مێژوو وكورد و مێژوو)، سەرچاوەی پێشوو، ل 67 و 68. (30) پ. د. موحسین محەممەد حسین: سەرچاوەی پێشوو، ل 102 و 103. (31) كامەران محەممەد: سەرچاوەی پێشوو، ل 128. (32) كامەران محەممەد: هەمان سەرچاوە، ل 110 – 113. (33) فەیلەسوفی میسالی ئەڵمانی ئۆسواڵد شپنگلەر لە ساڵی 1880ز لەدایكبووە، خوێندنی ئامادەیی لە قوتابخانەی (هال) تەواوكردووە و پاشان چوەوتە زانكۆی بەرلین و تایبەتەمەندی لە بواری زانستە سروشتییەكاندا تەواوكردووە و پاشان دكتۆرای خوێندووە و تێزیدكتۆراكەیدەربارەی فەیلەسوفی یۆنانی (هێراكلیس) بووە.. لە ساڵی 1904ز، سەرباری ئەو هەموو زانیارییەی كە هەیە، بەڵام باسلەوەدەكرێت كە شپنگلەر هیچ بڕوانامەیەكی تایبەتمەندی ئەكادیمی نەبووە كە ئەمە وتەی (كۆڵن یۆڵسن)ی فەیلەسوفی ئنگلیزییە و ئەو زۆر بە خراب و كورتبین وەسفیدەكات، ئەم بیرمەندە چەندین بەرهەمی هەبووە جگەلە تێزیدكتۆراكەی چەندین بەرهەمیتری هەبووە لە بواری چیرۆك كە ناوی (براوە)یە، گرنگترین كتێبی شپنگلەر بەناوی (ئاوابوونی رۆژئاوا)یە كە سەرجەم فەلسەفەكەی تێداكۆكردووەتەوە و ماوەی سێ‌ ساڵ پێوەیخەریكبووە و لەم كتێبەدا بیروبۆچونی خۆی سەبارەت بە شارستانییەت بەگشتی و شارستانییەتی رۆژئاوا بەتایبەت نیشانداوە جگەلەوەی رووخانی شارستانییەتی رۆژئاوای بە هەبوونێتیداناوە و هەر ئەمەیش وایكرد كە بۆ ماوەیەك ئەم كتێبە بڵاونەبێتەوە، بەمشێوەییە ئەم بیرمەندە چەندین بابەت و وتاری لەگۆڤارەكاندا بلاوكردەوە تاساتی مردنی لە ساڵی 1936ز، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – مەریوان عەبدول: تێگەیشتنی شپنگلەر لە چەمكی كات، گۆڤاری كۆچ، ژمارە (11 – 12)، 2009، ل 568 – 573. (34) مەریوان عەبدول: فەلسەفەی مێژوو لای شپنگلەر، چاپی یەكەم، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی، سلێمانی، 2009، ل 59 – 62. (35) فردریك نیچە لە ساڵی 1884ز لە ئەڵمانیا لەدایكبووە لە بنەماڵەیەكی ئایینی و لە سەرەتای تەمەنیدا بە ئایینی مەسیحی كاریگەربووە و پاش ئەوەیدەبێتە هەژدە ساڵان لەو ئایینە هەڵدەگەڕێتەوە و ئەم هەر لە سەرەتاوە بلیمەت و دەركەوتووە و لەتەمەنیدا كەوتوەتە دوای خۆشەویستی (سالومە) ناوێكەوە و پاش ئەمەیش زۆر بەتوندیدژی ژنان قسەیكردووە و پاش ئەوەی ژیانێكی مامناوەند ژیاوە لە ساڵی 1900ز كۆچیدوایدەكات و پاش خۆی چەندین بەرهەمی بەجێهێشووە كە گرنگترین كتێبی”وەهای گوت زەردەشت”ە و بەرهەكانیتری وەك (دەجال یان دژە مەسیح، ئەمەیە مرۆڤ..)، ئەم فەیلەسوفە بۆچونی بۆ مێژوو وەك زۆرێكیتری وەك ڤیكۆ و ئیبن خەلدون ئەوەیە كە بەشێوەی خول دەگوزەرێ‌ و ژیان بەردەوامدەبێت و كۆتایینایەت، نیچە وتەیەكی بەناوبانگی هەیە بۆ مێژوو ئەویش ئەوەیە”بەتەنها ئەوە پێناسەدەكرێت كە مێژووی نییە”و ئەو دەیویست مرۆڤ لە مێژوو رزگاربكات و مێژوو بە درۆ وەسفدەكات بۆیە پێویستناكات مرۆڤ لە مێژوو تێبگات، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – ویل دورانت: قصە الفلسفە من افلاگون الی جون دیوی، ترجمە: فتح الله محمد، الگبعە الاولی، منشورات مكتبە المعارف، بیروت، 2004، ل 308 – 370. (36) دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 383. (37) مەریوان عەبدول: سەرچاوەی پێشوو، ل 51 – 58. (38) جۆرج ولیم فریدرك هیگڵ لە 27ی ئابی ساڵی 1770ز لە ئەڵمانیا لەدایكبووە لە خێزانێكی مامناوەند و خێزانەكەی لە تەمەنی سێ‌ ساڵییەوە ناردویانەتەبەر خوێندن، باوكی حەزیدەكرد كوڕەكەی ببێتە قەشە بۆیە ناردی بۆ پەیمانگای ئایینی (تۆنبگن)و ئەو نەبووە قەشە، چونكە بڕوای وابوو ئەوان دەمارگیر و بیرتەسكن، ئەو لەماوەی ژیانیدا دەستیكردە خوێندنەوەی بەرهەمانی رۆسۆ و مۆنسسكیۆ و نووسینەكانی كانت زۆر كاریتێكرد بەتایبەت كتێبی (ئایین لە سنووری ئەقڵدا و لەم كاریگەییەوە هیڵ كۆمەڵێك وتاری نووسی و لە ساڵی 1807ز بڵاوبوونەوە كە نووسینەكانی هێرشبوو بۆسەر ئایینی مەسیحی، پاش مردنی باوكی چووە شاری (بینا)و لەویدەستیكرد بە وانەوتنەوە لە زانكۆ و رۆژنامەیەكی فەلسەفیدەركرد، لە ساڵی 1816ز ژنیهێنا و دوو كوڕی لێبوو لەكاتی مردنی وەزیری فێركردن داوا لە هیگڵ كرا ئەو پۆستە پڕبكاتەوە و بەمشێوەیە هیگڵ لە سەرتاسەری وڵاتدا ناویدەركرد، ئەم فەیلەسوفە لەنێوان ساڵانی 1822 – 1830ز هزری خۆی لە وانەوتنەوە لە زانكۆی بەرلین خستەڕوو كە دوای مردنی لەكتێبێكدا بڵاوبوویەوە، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە – دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 323 – 325. (39) د. كەمال مەزهەر ئەحمەد: مێژوو (كورتەباسێكی زانستی مێژوو و كورد و مێژوو)، سەرچاوەی پێشوو، 80 و 81. (40) د. سەعدون مەحمود ساموك: لە رێبازە هزرییە هاوچەرخەكان، وەرگێڕانی: بوخاری عەبدوڵڵا و نالی یوسف، چاپی یەكەم، دەزگای نارین، 2011، ل 123 – 125. (41) دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 335 – 330. (42) ئیبراهیم دادجو: مێژووگەری لە هزری هیگڵدا، وەرگێڕانی: سامان كۆنەپۆشی، گۆڤاری سەردەم، ژمارە (58)، بەهاری 2009، ل 42 و 43. (43) هنری لوفیفر: هیگڵ و ماركس و نیچە لەبارەی مێژووە، وەرگێڕانی: جەلال حەمید، گۆڤاری ئایدیا، ژمارە (3-4)، كانونیدووەمی 2005، ل 89 و 93. (44) د. كەریم موجتەهیدی: هیگڵ و فەلسەفەی مێژوو، وەرگێڕانی: رۆژان سەیفور، گۆڤاری كۆچ، ژمارە (11 -12)، ساڵی 2009، ل 509 -510. (45) د. محەممەد شێخ: هیگڵ و فەلسەفەی تازەگەری، وەرگێڕانی: دلێر میرزا، چاپیدووەم، بەڕێوەبەرێتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی، 2011، ل 604 و 611.
(46) دكتۆر هاشم یەحیا ئەلمەلاح: سەرچاوەی پێشوو، ل 229 و 344.

About دیدار عثمان

Check Also

غیابی کورد لە رەوتی مێژوونووسی و مێژوودا

ئیسماعیل مەحموودی بە سەرهەڵدان و دەرکەوتنی وەچەگەلی مێژوونووس بە تایبەت مێژوونووسی گشتیی و دواتریش مێژوونووسی …