Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / لێكدانەوەی ئیبن تەیمیە بۆ مێژوو

لێكدانەوەی ئیبن تەیمیە بۆ مێژوو

لێكدانەوەی ئیبن تەیمیە بۆ مێژوو

ئیبن تەیمیە وەك بوارەكانی تری زانستەكان، لە دیدی قورئان و سوننەت و پاشان ڕای سەلەفەوە سەیری مێژووی  دەكردو خوێندنەوەی بۆ ژیان و مێژووی بوون و ڕێكردەی مێژوویی مرۆڤەكان هەبوو،  هەر لەم ڕوانگەشەوە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی دەگێرێتەوە بۆ دروستكردنی ئادەم و حەوا، ئەمەش لە ڕوانگەی ئایەتەكانی قورئان‌و دەقەكانی فەرموودەو، بەمە هزرێكی ئیسلامی دوور لە كاریگەری بیانی هەیە.Ibntaimia

ئەو باس لەسەرەتای ململانێی مرۆڤ و بەرەوڕوبوونەوەی تاقیكردنەوەكان دەكات، مرۆڤ دەخاتە قاڵبی بەردەم دووڕیانی چاكەو خراپە، شەیتان دەبێتە دوژمنی مرۆڤ و بڕیاردەدات مرۆڤەكان بەرەو چەوتی ببات، لەمەشدا دەرفەتی خودایی ڕێپێدەریەتی نەوەك تواناو هاوهێزی خودی شەیتان، فریشتەكانیش ڕۆڵی فرمانبینی دەبینن نەوەك هەڵوێست نواندن واتە لە خوداوە بڕیار وەردەگرن  چی بكەن و چی نەكەن ‌و بە ویست وبیری خۆیان دەستوەرنادەنە ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی.
ئیبن تەیمیە پێی وایە مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی پێغەمبەرەكانەو ئەگەر ئەو پێكهاتەیە لە مێژوو دابماڵین
هیچ واتایەك بۆ مێژوو نامێنێتەوە، بەڵكو پێغەمبەران مێژووی مرۆڤایەتیان گرتوەتە دەست و سەركەوتن و نوشوستیەكانی مێژووی مرۆڤیش بە ئاستی پەیوەستبوون و لادانیان لە ڕەوتی ڕێنیشاندەری پێغەمبەرانەوە بەستراوەو هەركات  لەڕێنموونی و ڕێنماییەكانی پێغەمبەران لایاندابێت، ئەوا چەرمەسەری و سەختی ڕووبكردوەتە ئەو كەس و گەلانە،  نموونەی ئەمەش نەوەی ئیسرائیلە كە ناوو ناوبانگی مێژووییان لە قورئاندا بە كوشتاری پێغەمبەران و ڕێگری پەیامی خواو لادان لەڕێنمایی پێغەمبەران هاتووە.
ئەو پێی وایە مرۆڤایەتی هەمیشە پەیوەست بوون بە بوونی پێغەمبەرانەوەو مێژووش بە بێ ئەوان ڕێ نابڕێت، بۆیە لە هەموو سەردەمەكانی مێژووی مرۆڤایەتیدا پێغەمبەران بەدیكراون و لە نێو ئەو سەردەمەشدا وەك كەسایەتی یەكەم بەرچاو دەكەون،ئەركی مرۆڤەكان لە مێژوودا بەجێگەیاندنی فرمانی خوایە، پێغەمبەرانیش نێوەندی نێوان خواو مرۆڤەكانن تا پەیامی خوایان پێبگەیەنن.
پاشان بەراوردی نێوان پێغەمبەران و فەیلەسوفان دەكات و پێی وایە فەیلەسوفان هاتون تا ڕێی ڕاست لە مرۆڤەكان ئاڵۆز بكەن و پێچی و سەختی بێننە بەردەم مرۆڤەكان، بەڵام پێغەمبەران هاتون بە ڕوونی و ساكاری ڕێگەی ڕوونیان نیشانی مرۆڤایەتی داوە، بەمە فەیلەسووفەكان ڕۆڵی زیانبەخش و پێغەمبەرانیش ڕۆڵی سوودبەخش و چاكسازی دەبینن.
گەل و كۆمەڵەكانیش بەسەر دوودەستەدا دابەشدەكات:
1- كۆمەڵێك ئەوانەن كە ئایینی ئاسمانییان بۆهاتووە، ئەمانە هەڵگری پەیامی خوایی بون،  بەڵام دەستێوەردانە مرۆییەكان و سەركەشی ولادانیان لەپەیامێكی خوا وایكردووە بەدوای هەر پەیامێكدا پەیامێكی تر بێت تا نوێگەری و گۆڕانی چاكسازی بەپەیامی پێشوو بدات، بەڵام لەمەبەستی گەیاندندا هەموویان یەك مەبەست وئامانجیان هەبووە كە ئەویش بریتیە لە یەكتاپەرستی، بۆیە هیچ پەیامێك پێچەوانەی پەیامی پێشووی خۆی نیە.
پاشان قسە لەسەر مێژووی ئەو ئایینانە دەكات و ڕۆڵی دەستێوەردانی مرۆڤەكان  لە ئایینەكان دەخاتەڕوو، بۆنمووونە ئەو كارە چەوت و لاساریانەی جولەكە لە ئایینی مووسادا ئەنجامیاندا، یان گۆڕینی ئایینی مەسیح لەلایەن شوێنكەوتوانی دواتری ئایینی مەسیحیەتەوە، ئەمەش لە كتێیبی(الجواب الصحیح لمن بدل دین المسیح)دا ڕوونكراوەتەوە.
2- ئەوانەی ئاینی ئاسمانییان بۆ نەهاتوەتە خوارەوەو خاون پەیامی خودایی نین،  سەرچاوەی هەموو تێرَامانی ئەمانە خودی مرۆڤەكانن، بۆیە ئیشكردنی سەرەكییان لەسەر عەقڵی مرۆڤە، وەك فەیلەسوفە یۆنانیەكان، ئەو پێی وایە ئەمانە لێڵی و قورساییان بە ڕێڕەوی چوون بەرەو حەقیقەت داوە‌و پێغەمبەرانیش هاتوون تا بەرامبەر بەوە رێڕەوی ڕاست و ڕوون و ساكار بخەنە پێشچاو.
هەروەها پێی وایە مرۆڤەكان تووشی نەخۆشی بون، بۆ ئەمەش دوو دەستە قسەیان لەسەر نەخۆشیەكە كردووە، فەیلەسوفەكان هاتون قسەیان لەسەر هۆكارو شێوەو لایەنەكانی نەخۆشیەكە كردووە لە كاتێكدا نەخۆشەكە بەرەومەرگ دەچێت و ئەوانەش دادی نادەن، پێغەمبەرانیش هاتون لەگەڵ ئەوەی ئەو شتانەیان زانیوە، بەڵام قسەیان لەسەر نەكردووە و  ڕاستەوخۆ چارەسەرەكانیان خستوەتەكار، بەمە تووشبوانی نەخۆشیەكە ڕزگاریانبووە، لێرەدا نەخۆشەكان ئەگەر فەیلەسوفان هەڵبژێرن لەئاست چارەسەردا دەستەوسان دەوەستن، ئەگەریش پێغەمبەران هەڵبژێرن چارەسەیان دەستدەكەوێت.
بە شێوەیەكی گشتی دیدی ئیبن تەیمیە بۆ مێژوو تێڕوانینێكی ئایینیە‌و لە چوارچێوەی ئایینە یەكتاپەرستیەكاندایە‌و بە هاتنی هەر ئایینێكی نوێی یەكتاپەرستی دەستەبەرداری كارابوونی ئایینی پێشوو بووە، بەمجۆرە پێی وایە تێڕوانینی ئیسلام بۆ مێژوو تاكە تێڕوانینی دروستە.

تێڕوانینی بۆ مێژووی ئیسلامی:
ئیبن تەیمیە سەردەمی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و دواتر سەردەمی خەلیفەكانی ڕاشیدین دەكاتە بناغەی ڕێڕەوی مێژووی ئیسلامی و زۆر جەخت لەو فەرموودە دەكاتەوە كە دەفەرموێت:(خیر الناس قرنی ثم الذین یلونهم، ثم الذین یلونهم…)،  لەسەر بنەمای ئەم فەرموودەیە پێی وایە مێژووی ئیسلامی تا لەسەردەمی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دووربكەوێتەوە هەڵەو لادانی زیاتری تێدەكەوێت، لەگەڵ ئەمەشدا ڕای خۆی بەڕەشبینانە ناهێڵێتەوە‌و فەرموودەیەك دەكاتە بەڵگە بۆ هیوابەخشین بە موسڵمانان (إن الله یبعث إلی هذه اڵامة علی رأس كل مائة سنة من یجدد لها دینها)،  بەپێی ئەم فەرموودەیە ئوممەتی ئیسلامی بەرەو هەر هەڵدێرێك بڕۆن، لەهەموو سەدەیەك ڕەوتەكەیان لەسەر دەستی نوێگەرێك دەچێتەوە ڕەوڕەوەی ڕاستی جارانی خۆی.
هەروەها پێی وایە قسەكردن لەسەر كەسایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)بە خراپە، بەزاندنی سنوری خواو لێدانی موسڵمانانە، بەڵكو مێژووی پێغەمبەر(صى الله عليه وسلم) مێژوویەكی دروست و بناغەو پێشەنگی پێوەركردنی ئەركی سەرشانی موسڵمانانە، هاوەڵانیش كەسانی دەوری پێغەمبەرو نموونەی باڵای مرۆڤایەتین، ڕای بەرامبەر بەكارو كردەوەی هاوەڵان هەمان ڕای ئەهلی سوننەو جەماعەیە و پێی وایە دادوەرو ڕاستن، قسەكردنیش لە ڕوویاندا یان بەكەمدانانیان تاوانەو پێویستە وەك سەرمەشق سەیربكرێن.
پاشان قسە لەسەر فیتنەی گەورەی كوژرانی عوسمانی كوڕی عەففان و حوسەینی كوڕی عەلی  و فیتنەی جەنگی جەمەل و صەفین دەكات،  پێی وایە گەورەترین چەرمەسەریەك دووچاری مێژووی موسڵمانان بووبێت، بریتیە لە كوژرانی عوسمان و حوسەین  كە دووهاوەڵی دیاری پێغەمبەرن صلى الله عليه وسلم.

جگە لەوەی تاوانی هەڵەی جەنگی جەمەل و صەفین دەداتەوە پاڵ نەیارانی ئیسلام و بەشداربوانی جەنگەكە لەو ئاستەدا دادەنێت كە ئیجتهادیان كردووە، ئەوەی لە  ئیجتهادەكەدا پێكاویەتی عەلی كوڕی ئەبو تاڵیبەو دووپاداشتی بۆ هەیە، ئەوانی تریش لە ئیجتهاددا نەیانپێكاوەو یەك پاداشتیان بۆ هەیە.
دیدی ئیبن تەیمیە بۆ دەستەو تاقمەكانی ناو ئیسلام دیدێكی ڕەخنەگرانەو نەیارانەیە، ئەو بە ڕووی بەڵگەو بیانووەكانی خەواریج و شیعەو موعتەزیلە و …هتد.دا دەوەستێت،  بۆ نموونە بەرامبەر بە شیعە گومانی لە بنەڕەتیان هەیەو بە دەستی جوولەكەیان دەزانێت.
سەبارەت بە سۆفیگەرایی سێ قۆناغیان بۆ دادەنێت:
1- قۆناغی كەسانی وەك حەسەنی بەصری و عەبدولقادلاری گەیلانی و جونەید و …هتد، ئەمانە لە خزمەتكردنی ئیسلام و موسڵماناندا جێدەستیان دیارە.
2- قۆناغی ئەوانەی تێكەڵ بە فەلسەفەو لادانەكان بوون وەك حەللاج و سەهرەوەردی و ئیبن عەرەبی، ئەمانە زیانبەخش بون.
3- ئەوانەی سۆفیگەراییان كردووە بە پێناوێك بۆ بەدەستهێنانی دارایی.
لایەنێكی دیاری مێژووی ئیسلامی بریتیە لە مێژووی بنەماڵەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم كە ئیبن تەیمیە لە كتێبی (منهاج السنة النبویة) یدا بە وردەكاریەوە قسەی لەسەر دەكات و پێی وایە بنەماڵەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بە جیا لەهەموان مافی زیاتریان هەیەو هەر ستەمێكیشیان لێكرابێت دەبێت پێی ناڕازی بن، تێڕوانینێكی خۆشەویستی و بەرگریكردنی بۆ عەلی كوڕی ئەبووتالیب و فاتیمەو حەسەن و حوسەین هەیە و بەرپەرچی دەستەی دژایەتیكەری خەواریج و دەستەی زیادەڕەویكەری شیعە لە بارەیانەوە دەداتەوە.
ئەو بە هێزی بیرووباوەڕی دروستی ئیسلامی دەكاتە بنەمای بە هێزی مێژووی ئیسلامی، پێی وایە لەو كاتەوەی بیروباوەڕی پتەوی ئیسلامی لە بەهێزی ڕازیكردنی عەقڵی و دڵنیایی دڵەوە بوو بەچەند بیرو هزرێكی وشكی لێدوان لە بوونی خودایی، شانوشكۆی دڵەكان نەماو بە كوژاندنەوەی بیروباوەڕو تاودانە بواری مشتومڕی كەلام و فەلسەفەو سەرهەڵدانی بیدعە لەناو موسڵماناندا، مێژووی ئیسلامی بەرەو لاوازی چووەو لە دەرەنجامی ئەوەدا دەرفەت كراوەتەوە تا خاچیەكان هێرش بكەنە سەر جیهانی ئیسلامی و لەكۆتاییەكانی سەدەی چوارەمدا بەیتولمەقدیس بگرن.
ئیبن تەیمیە پێی وایە سەرهەڵدانی دەستەو مەزهەبەكانی ناو ئیسلام لە دەرەنجامی لادانیان بووە لە قورئان و سوننەت، ئەمەش زیانی بە مێژووی ئیسلامی گەیاندووە، بۆ ئەمەش دەبێت لە ڕوویاندا بوەستن، بۆیە چەندین وەڵامدانەوەو نووسینی ڕەخنەگرانەی لە مەزهەب  و تاقمە جیاجیاكانی وەك خەواریج و شیعەو سۆفی و موعتەزیلەو جوهەمیەو قەدەریە هەیە.
بەمجۆرە ئیبن تەیمیە بنەڕەتی مێژووی  ئیسلامی بە بنەڕەتێكی بەتین و نێوەندەكەشی بە ماوەیەكی ئیجابی تێكەڵ بە هەڵەو سەردەمی لاوازیشی بە ماوەی دووركەوتنەوە لە قورئان و سوننەت و پێشەنگی پێغەمبەرو هاوەڵان دەزانێت و گەشبینیش بەرامبەر بە داهاتووی موسڵمانان دەدات كە لەوپەڕی لاداندا  هەموو سەدساڵ جارێك كەسێك دەبێتە  پێشەنگی موسڵمانان تا بیانگێڕێتەوە سەر ڕەوتی جارانی.

About كه‌یفی عمر

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …