Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / گوزەرێك بەناو ژیانی ئیبن حەزمی ظاهیری و چەمكێك لە كارەكانی

گوزەرێك بەناو ژیانی ئیبن حەزمی ظاهیری و چەمكێك لە كارەكانی

گوزەرێك بەناو ژیانی ئیبن حەزمی ظاهیری و چەمكێك لە كارەكانی

 ebnhazm

ناوی تەواوی

عەلی كوڕی حەزمی ئەندەلوسی بریتیە لەو پێشەوا ناودارەی كە وەك دەریا وا بوو لە زانست وزانیاریدا ، خاوەنی چەندەها هونەر و زانست بوو ، ناوی تەواوی موحەممدی كوڕی ئەحمەدی كوڕی سەعیدی كوڕی حەزمی كوڕی غالبی كوڕی ساڵحی كوڕی خەڵەفی كوڕی معدانی كوڕی سوفیانی كوڕی یەزیدی ئەندەلوسیە كە باپیرەگەورەی بەندەی یەزیدی كوڕی مەعاویەی كوڕی ئەبی سوفیانی كوڕی حەربی ئەمەویە ،

لەدایك بووی 30ی ڕەمەزانی 384 كۆچی بەرامبەر 7نۆڤەمبەری 994ی زاینیە ،لە قورتوبە ،وە كۆچی دوایی كردوە لە 28ی شەعبانی 456 كۆچی بەرامبەر بە 15/8/1064 زاینی لە (ولبة) خوا بە بەهەشتی بەرینی شادبكات .

وێنەی خەیاڵی ئیبن حەزم

بنەچەی ئەم زانا ناودارە بریتی یە لە ئەندەلوس و بادیەی ولبە ،وە لە نێو زانایاندا ناوزەند كراوە بە گەورەترین زانای ئیسلامی لە ڕووی زۆری دانراوە وە لە پاش تەبەری رەحەتی خوای لێبێت ،لەگەڵ ئەمانەشدا ئەم زانایە پلەی (حافظ) ی لە زانستی فەرموودەدا پێبەخشراوە ، وەیەكێكە لە هەرە ناودار ترین فەقیهەكانی فیقهی ظاهری ، بگرە یەكێكە لەوانەی كە بە تازەكەرەوەی فیقهی ظاهری ناو دەبرێت ، بەڵكو دا دەنرێ بە زیندووكەرەوەی ئەو مەزهەبە لە دوای لە ناو چوونی لە ڕۆژهەڵاتدا ،هەروەها زانایەكی زانسی عەقیدەیش بوو ئەدیب و شاعیرێكی ناسراو بو وە ڕخنەگر و شیكەرەوەیەكی باش بووە ، بگرە هەنێك ناوزەندیان كردوە بە فەیلەسوف ، وەیەكێك بووە لەوانەی كە گەیشتۆتە پلەی وەزیری لە دەوڵەتی بەنی ئومەیەدا لە ئەندەلوس ، وەبەیەكێك لە گەورەترین زانایانی ئەندەلوس هەژمار دەكرێت .لە كۆتایی تەمەنیدا كۆمەڵێك لەزانایانی مەزهەبی مالیكی هەستان بەدژایەتی كردنی وە لە نیشتمانی خۆی دوریان خستەوە ، بۆیە پەنای بردە بەر گوندێك كە موڵكی باوكی بوو بە ناوی (مۆنت لەشیم) كە ئێستا پێی دەڵێن (ولبة) هەرلەوێش كۆچی دوایی كرد خوا لێی خۆش بێت .

بنەماڵەی ئیبن حەزم وگەشەكردنی:

ئیبن حەزم لە یەكێك لە بنە ماڵە ناودارەكانی ئەندەلوس هاتۆتە دوونیاوە ، لە ماڵێكی دەوڵەمەند و خاوەن ڕێز و دەسەڵاتدا نەشونمای كردوە ، بۆیە زۆر جار فەخری دەكرد بە خانەوادەكەیەوە وە فەخری دەكرد بەوەی كە ئەو بەشوێن زانست و زانیاریدا دەگەڕێت مەبەستی بەو زانست و زانیاریەش ماڵ ودەسەڵات نیە ، بەڵك ومەبەستی پێی نور و ڕۆشنایی ڕۆژی دواییە ، بۆ یە دەگێڕنەوە لەم بارەیەوە كە وا ڕۆژێك ئیبن حەزم لەگەڵ (باجی) زانای بەناو بانگ كەشەرحی موطأ كردوە ،دەكەونە موناقەشەوە باجی پێی دەلێ من هیمەت و توانای خۆم زیاتر بەكار هێناوە لە گەڕان بە شوێن زانست وزانیاریدا چونكە تۆ كە داوات كردوەو بە دوایدا گەراِویت یارمەتی و كۆمەكی كراوی هەروەها شەونخونیت كردوە لەبەر چرای ئاڵتونی ، بەڵام من هەوڵ و كۆششم بۆ كردوە بەجۆرێك كە شەونخونیم بۆ كردوە بە دیار چرای كۆنەی بازاڕەوە بۆیە ئیبن حەزم پێی دەڵێت : ئەم قسەیە بەسەر خۆتدا دەشكێتەوە نەك من چەنكە تۆ بۆیە هەوڵت بۆ زانیاری داوە لەبەر ئەوە تۆ لە و حاڵ وگوزەرانەدا بووی بە هیوای ئەوەی كە بیگۆڕی بە بارێكی باشتر ، بەڵام من لەو گوزەرانەدا بووم كە خۆت دەیزانیت و باست كرد وەهیچ مەبەست و ئامانجێكم نەبووە تەنها بەرز بوونەوەی ڕێزی زانستیم نەبێت لە دونیا و دوا ڕۆژدا ، ئیبن حەزم لە ناو ئەو نازو نیعمەتەدا گەورە دەبوو وە هەر بە منداڵی هەموو قورئانی لەبەر كرد ، خۆی دەڵیت كە وا هەموو قورئانی لە ماڵی خۆیاندا لەبەر كرد وە ئەوانەشی كە پێیان لەبەر كردوە ئافرەت بوون لە كەنیزەك و نزیكەكانی خۆی ، وە خۆی باس لەمە دەكات لە كتێبی (طوق الحمامة) دا ، وەك دەگێڕتەوە و دەڵێت :(من زۆر لە ئافرەتانم بینیوە وە ئاگاداری زۆرێك لە پەنهانیەكانیانم ، لەو پەنهانیانەی كە دەتوانم بڵێم بێجگە لەمن كەم كەسی تر دەیزانێت ، چونكە من لە ژێر چاودێری ئەواندا گەورە بووم ،وە كەسێكی ترم نەدەناسی جگە لە ئەوان ،وە لەگەڵ پیاواندا دانەدەنیشتم تا كاتی هەرزەكاریم ،وەهەر ئەو ئافرەتانە قورئانیان فێر كردم وە ڕوایەتی زۆرێك لە شیعرە كانیان بۆ دەگێڕامەوە ، وە ڕاهێنانیان لەسەر شێوازی خەتەكان پێدەكردم ) طوق الحمامة 50.

هەروەك باسمانكرد ئیبن حەزم فێربوونی سەرەتایی لە ژێر دەستی ئافرەتاندا بووە ، بەڵام باوكی سەرپەرشتی پەروەردەی و خوڕەوشتی ئەوی لەژێر دەستدا بوو وە زۆر گرنگی پێدەدا بە شێوەیەك كە بێئاگا نەدەبوو لە چاواشتی كردنی وەسەرنج دانی مەیل و ئارە زووە كانی وە خۆی باسی ئەم چاواشی كردنەمان بۆدەكات ودەڵێت : ئەمەش هۆكارێكی ئێجگار گەورە بوو لە پاك داوێنی من لەگەڵ ئەوەشدا كە هەمیشە لە ناو ئافرەتاندا بووم ، هەروەها هۆكارێكی گرنگیش بوو بۆ خۆشی و خۆش گوزەرانی من .

بەڵێ ئیبن حەزم رۆشنبیری وەردەگرت لە ناو ئەو گوزەرانە خۆشەدا وەك هەموو ئەوانەی كەوا پەروەردە دەبوون لە ماڵ و كۆشك و تەلاری پاشا و وەزیراندا ، هەر لەوێدا وەكو وتمان قورئان فێربوو و لەبەریشی كرد ، وە هەندێكی باشیش شیعری لە بەر كرد بەڕادەیەك كەزمانی پاراو بكات ، پاشان ڕووی كردە شیخ و مامۆستا بەناوبانگەكانی ئەو ناوچەیە ،بۆ ئەوەی لە و سەرچاوە شیرینەی ئەوان شتێك وەربگرێت ، وە شوێنكەوتەی خوڕەوشتی ئەوان بێت .

وە جێی خۆیەتی بڵین ئەم ژیانە خۆشەی ئیبن حەزم وە ئەو بەختیاری و ئارامیەی زۆر درێژەی نەكێشا نە بۆ خۆی نە بۆ بنەماڵەكەی ،چونكە وەك پێشتر باسمان كرد باوكی وەزیر بووە وەبیر مەندانی عەربیش ووتویانە (من أكل من مال السلطان فقد سعی بقدمه علی دمه) واتە هەركەس پارەو ماڵی دەسەڵات بخوات ئەوە بەپێی خۆی دەڕوا بۆ كوشتنی خۆی . باوكی ئیبن حەزم لە كۆتایی سەردەمی ئەمەویەكان لە ئەندەلوس بوو بە وەزیر واتە كاتێك كە دەسەڵات لە دەستیاندا نەما وە دەست بەسەر دەسڵاتدا گیرا لەلایەن سوڵتان ئەبی منصور العامری و خانەوادەكەیەوە ، وەمادام كارەكەش بەم جۆرە بێت ئەوە بە هیچ شێوەیەك ئاسایش و ئارامی نیە بۆ ئەو كەسانەی كە وەزیر بن لەكاتێكدا كە ئاژاوە و ئاڵۆزی هەبێ لە ناو حكومەتەكەیاندا ،یان بەرامبەر بەو سەرۆكەی كەئەمان وەزیری ئەون بەڕاستیش بە نیسبەت باوكی ئیبن حەزمیش هەر بەو شێوەیە بوو .

ئیبن حەزم خۆی بۆمان دەگێڕێتەوە كە چۆن ئەو ژیانە خۆشەی گۆڕا بۆ ناخۆشی و دەربەدەری ، ئەو ئاماژە بۆ ئەو ناڕەحەتیە دەكات كە توشی بنەماڵەكەی بوو لە كاتێكدا كە ئەو تەمەنی پانزە ساڵان بوو دەڵێت: لەدوای هاتنە سەر حوكمی (هیشام المؤید) توشی چەندەها نەكسە و ناڕەحەتی بووین لەلایەن پیاوانی دەوڵەتەوە دەست درێژیمان كرایە سەر ،وە تاقی كراینەوە بە گرتن و ڕاگواستن و باج دان و خۆشاردنەوە , فیتنەكە بە تەواوی گەورە بوو درێژەی كێشا بەشێوەیەك زۆربەی خەڵكی گرتەوە بە تایبەت ئەوانەی كە پەیوەندیان بە ئێمەوە هەبوو ، هەر لەم ژیانەدا بووین تا كۆچی دوایی باوكم خوا لێی خۆش بێت ، لە عەسری كۆتا شەممەی مانگی ژی القعدەی ساڵی 402 كۆچی .

ئەمەش یەكەم كۆسپ بوو كە تووشی ئیبن حەزم هات لە دوای لە ناو چوونی ئەو ژیانە خۆشە ، ئەم ئاژاوەیە تەنها بنەماڵی ئیبن حەزمی نە گرتەوە بەڵكو هەموو خەڵكی ئەندەلوسی دەگرتەوە ،وە لەم كاتەدا قورتوبە دزی و ڕا و ڕوتێكی زۆری تێدا دەكرا بە تایبەتی خۆرهەڵاتی قورتوبە بۆیە بنەماڵەی ئیبن حەزم ناچار بوون كەوا كۆشكەكانیان لە خۆرهەڵات بەجێ بهێڵن و كۆچ بكەن بۆ ڕۆژئاوای قورتوبە ، ئەم ئاژاوەیە درێژەی كێشا هەتا ناچار بوون كە لە خۆرئاواش نە توانن بمێننەوە وە كۆچ بكەن بۆ (مەریە) ئەمەش ساڵی 404 كۆچی بوو .

 

پلەو پایەی ئیبن حەزم لەدەسەڵاتدا :

1- بوو بەوەزیر لە سەردەمی دەسەڵاتی (مورتضی)دا لە (بەلنسیە) لە كاتێكدا كە مورتچی دەسەڵاتی لە دەستدا ئیبن حەزم گیرا ئەمەیش لە ناوەڕاستی ساڵی 409ی كۆچیدا بوو ، پاشان لە زیندان ئازاد كراو گەڕایەوە بۆ قورتوبە .

2- دوای ئەمە بوو بە وەزیر لە دەسەڵاتی هاوڕێكەی (عبد الرحمن المستظهر) لە ڕەمەزانی ساڵی 412ی كۆچیدا ، وە جگە لە مانگ ونیوێك لەو مەنسەبەدا نەمایەوە چونكە مستظهر كوژرا لە مانگی ذی الحجەی هەمان ساڵدا ، لەبەر ئەمە ئیبن حەزم گیراو پاشان بەر لێخۆش بوون كەوت .

3- پاشان لەسەردەمی (هیشام المعتمد)دا دەسەڵاتی وەزیری پێ بەخشرایەوە لە نێوان ساڵەكانی 418ك – 422ك .

بیرو بۆچوونی ئیبن حەزم:

ئەم زانا بەڕێَزە موجتەهیدی ڕەها بوو ، وە پێشەوایەكی حافڤ بوو ، یەكەم جار لەسەر مەزهەبی ئیمامی مالیك بوو ،پاشان ڕۆشتە سەر مەزهەبی ئیمامی شافعی ،بۆ كۆتا جار لەسەر مەزهەبی ظاهیری جێگیر بوو .

بۆیە زانایانیش دەڵێن خۆزگە لە عەقیدەشدا ظاهیری مەزهەب بووایە ، بەڵام ئەفسوس وازی لە ڤاهیر بینیەكەی هێنا لە بیرو باوەڕو عەقیدە دا ،كاری بە عەقڵی دەكرد واتە بیرو باوەڕێكی عەقڵانی هەبوو لە عەقیدەدا ، بۆیە لە هەندێك شوێندا بیرو باوەڕی ئیبن حەزم لە گەڵ عەقیدەی سەلەفیەكان یەكدەگرێتەوە ،وە لەهەنێك شوێنیشدا جیاوازە ، یەكێك لەو شوێنانەی كە لەگەڵ سەلەفیەكان هاوڕان بابەتی یەكتایی اسما‌ء وصیفاتە ، وە هەندێك جار هاوڕابوو لەگەڵ جەهمیەكاندا هەتا هەندێك جار كار دەگەیشتە ڕادەیەك كە هاوڕا دەبوو لەگەڵ باگنی و قەڕامیتەكاندا ، وەهەموو ئەمانەش لە ئەنجامی ئیجتهادو هەوڵ و كۆششی خۆیەوە بوو وە دوور بوو لە عەقیدەی ئەهلی ڤاهیر ،چونكە ڤاهیری مەزهەبەكان هەمان بیرو باوەڕی پێشینە چاكەكانیان (السلف الصالح)هەبوو.

هەروەها ئیبن حەزم چەندەها ڕەد دانەوەی هەبوو دژی جولەكەو گاورەكان ،هەروەها دژی صۆفی و خەواریج و شیعەكان .

بنەچەی بیروباوەڕی ئیبن حەزم بە بیرو باوەڕی ڤاهیری دەناسرێت ،بەوە دەناسرێت كە بانگەشەی ڕەتكردنەوەی قیاسی فیقهی كردوە ،هەروەها بانگەشەی دەكرد بە پێویست بوونی بەڵگەیەكی شەرعی لە قورئان وفەرموودەكانی پێغەمبەری خۆشەویست بۆ سابت كردن و جێگیر كردنی هەر فەرمانێك بە كردن یان بە واز هێنان ، بۆیە ئیبن حەزم بانگەشەی دەكرد بە دەست گرتن بە قورئان و سوننەت و ئیجماعی هاوەڵانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وە جگە لەمەی پێ قبوڵ نەبوو ، وە ئیشی بە قیاس و ئیستحسان و مەصالحی مورسەلە نەدەكرد ، دەیوت ئیشكردن بەوان ئیشكردنە بە گومان (ظن) بە پێچەوانەی زۆربەی زانایانەوە .

گەڕانی بەشوێن فیقه و زانیاریدا:

وەك لەپێشەوە باسكرا ئیبن حەزم لە سەرەتای ژیانی دا فێری زانست و زانیاری دەكرا ، هەروەك گشت كوڕی گەورە و بەرپرسەكان ،سەرەتا بە لەبەركركدنی قورئان و شیعر هەروەها فێری نوسین و جۆرەكانی خەت دەكرا ، وە هەموو ئەمانەش لە ژێر چاودێری ئافرەتاندا دەكران وەك باسمان كرد ، بەڵام باوكی بەمە وازی لێنەهێنا بەڵكو كردی بە پیاوێكی لە خوا ترس و بە ڕێز و خۆپارێز ، بەزۆری لە گەڵیدا بوو وە دەیبرد بۆ كۆڕو كۆبوونەوەی زانایان ، بۆ ئەوەی گوێیان لێبگرێت و زانست و زانیاریان لێوە فێر ببێت بە گوێرەی تەمەن و توانای خۆی ، ئەو زانایەی كە ئیبن حەزم دەبرا بۆ كۆڕی زانست و زانیاریەكانی (ئەبولحەسەنی كوڕی عەلی فارسی )بوو ، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە و تەمەنەدا زانست و زانیاری وەردەگرت لە (احمدی كوڕی جسور) فەرموودەی لێوە ڕیوایەت دەكرد ، لە كتێبی (طوق الحمام) دا هاتوە كە دەلێت : (احمدی كوڕی جسور بۆی گێراوینەوە لە احمدی كوڕی مگرف لە عبدالله ی كوڕی یحی ئەویش لە مالیك لە حبیبی كوڕی عبدالرحمنی ئەنصاری ئەویش لە حەفصی كوڕی قاسم كە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی (سبعە یظلهم الله فی ظله یوم لاظل إلا ظله إمام عادل، وشاب نشأ فی عیبادە الله عزوجل ، ورجل قلبه متعلق بالمسجد إذا خرج منه یعود الیه ، ورجلان تحابا فی الله إجتمعا علی ذلك وتفرقا علیه ، ورجل ذكر الله خالیاً ففاضت عیناه ،ورجل دعته إمرأە ذات الحسب فقال إنی أخاف الله ، ورجل تصدق صدقە فأخفی حتی لاتعلم شیماله ماتنفق یمینه ) واتە لە ڕۆژی دوایی حەوت گرۆه هەن لەژێر سێبەری عەرشی خودان لەو ڕۆژەی كە سێبەر نیە جگە لە سێبەری ئەو نەبێت ، پاشایەكی داد پەروەر ، گەنجێك گەورە بوو بێت لە خوا پەرستیدا ، پیاوێك كە دڵی بە مزگەوتەوە پەیوەست بێت كاتێك دەر دەچێت بەزووی دەگەڕێتەوە بۆی ، وە دوو كەس لەبەر خوا یەكتریان خۆش بوێت هەر لەبەر خاتری ئەو بەیەكەوە بن و لەبەر خاتری ئەویش لەیەك جیا ببنەوە ، وە كەسێك بەتەنهایی ویردی خوا بكات و ئەسرین بەچاوانیدا بێتە خوارەوە ، وە پیاوێك كە ژنێكی خاوەن دەسەڵات داوای بەد ڕەوشتی لێبكات ئەویش بڵێت من لە خوا دەترسم ، وە پیاوێك خێرێك بكات بە پەنهانی بە شێوەیەك كە دەستی چەپی بەدەستی ڕاستی نەزانێت.

جا گێڕانەوەی ئەم فەرموودەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە وا ئیبن حەزم فەرموودەی لە احمدی كوڕی جەسورەوە گێڕاوەتەوە كە لە 401ی كۆچدا وەفاتی كردوە ، كەوابوو ئیبن حەزم گەراِوە بە شوێن فەرموودەداو وەری گرتوە پێش ئەوەی تەمەنی بگات بە حەڤدە ساڵان ، ڕێڕەوی ژیانی ئیبن حەزمیش گوزارشت لەمەدەكات ، چونكە دەڵێت چەندەها جار لەگەڵ مامۆستاكەی ئەبی حسنی فارسی ڕۆیشتووە و ئامادەی كۆڕی زانایان بووە ، جا ئەگەر فەرموودە و فیقهیش تەواو كەری یەكتر بن نا گونجێت كە فەرموودە وەربگرێت و فیقهی وەرنەگرتبێت ، یان بەلایەنی كەمەوە دەبێت سەرەتایەكی دەربارەی فیقه هەبێت ، بۆیە بەناچاری دەبێ بلێین كە وا ئیبن حەزم دەستی كردوە بەوەرگرتنی فیقه لەساڵە كانی سەرەتای تەمەنیدا ، وە ناگوجێت باوكی كە ئەو هەموو گرنگیەی پێدەدات وازی لێبهێنێت و گوێی پێنەدا بەبێ ئەوەی بابەتە گرنگەكانی فیقهی فێركات ، وەك نوێژ و فەرز و سوننەتەكانی ، بۆ یە بەڕاستی ژیرانە ئەوەیە كە بڵێین ئیبن حەزم لە ساڵەكانی سەرەتاوە دەستی لە وەرگرتنی فیقهدا هەبووە هەر ئەم بۆچوونەش لە گەڵ رێڕوی مێژوودا دەگونجێت .نەك ئەو بۆ چونانەی كەبەپێچەوانەی ئەمەوەن .

بەڕاستی ئیبن حەزم پێش خەریك بوونی بە سیاسەتەوە بە شوێن زانست و زانیاریدا دەگەرا ،وە بەتەواوی ڕووی كردبوە زانست ، ئەگەر چی ژیانی پاش ماوەیەك جێگیر و ئارم نەما ،لە قەرتوبەوە گوازرایەوە بۆ (مەرییە) بە هۆی ئەو وێرانكارییەی لە قورتوبە ڕووی دا پاشان گیرا و زیندانی كرا پاشان ئاوارەی (بەلەنسیە) كرا ئینجا بەرە و قەیرەوان ڕاگوێز كرا ، هەربەم شێوەیە لە هاتوو چۆدا بوو وە هیچ لە كاتەكانی بەسەر نەدەبرد لە هەر یەك لە و جێگایانەدا جگە بە خوێندنەوە و تەدریس و گەڕان بە شوێن زانست و زانیاری دا نەبێت .

بەڵام ئاشكرایە كە لە سەرەتای ژیانیدا بەیەكجاری ڕووی بەلای فیقهدا نەكرد، بەڵكو زیاتر خەریكی فەرموودە و ئەدەب و هەواڵ بوو ، لەگەڵ زانستە عەقڵی و فەلسەفیەكان لە گەڵ ئەوەشدا زۆر موناقەشە و موجادەلەی دەكرد ، لەسەرەتادا ڕووی لە فیقهی مالیكی كرد چونكە ئەوە مەزهەبی زۆرینەی دانیشتوانی ئەندەلوس بوو ، هەروەها مەزهەبی ڕەسمی وڵاتیش بوو ، ڕیوایەت كراوە كە ئیبن حەزم وتویەتی : دوو مەزهەب بڵاو بوونەتەوە بە زۆری دەسەڵات داران یەكەم مەزهەبی ئەبو حنیفە لە خۆرهەڵات دووەم مەزهەبی ئیمامی مالیك لە خۆر ئاوا ، بۆیە شتێكی لۆجیكی بوو كە ئیبن حەزم لەسەرەتادا ڕوولە مەزهەبی ئیمامی مالیك بكات هەربۆیە دەستی كرد بە خوێندنی (الموطأ) لای عبدالله ی كوڕی دەحون ، هەروەها فیقی لای ئەو و لای زۆرێكی كە لە زانایان خوێند ، بەڵام وا پێدەچێ‌ كە ئیبن حەزم چاوی بەو كتێبە ڕەخنە ئامێَزەی ئیمامی شافعی كەوتبێ كە لە سەر ئیمامی مالیك نوسیویەتی لەگەڵ ئەوەش كە مامۆستای بووە ، بەڵام لێوەی دەگێڕنەوە كە شافعی وتویەتی :(أحب مالكا ولكن محبتی للحق أكثر من محبتی للمالك) واتە مالیك م خۆش ئەوێت بەڵام ڕاستیم لەمالیك لا خۆشەویسترە ، بۆیە دەلێن بێگومان كە وا ئیبن حەزم كتێبی (ئیختلاف مالك)ی خوێندۆتەوە كە تێیدا هاتوەو باس كراوە مالك ڕەحمەتی خوای لێبێت ئەصڵی كردوە بە فەرع و فەرعیشی كردوە بە ئەصل ، هەروەها بیستبووی كە ئیمامی شافعی دوو دڵ بوو لەوەی كە ڕەخنە لە ئیمامی مالك بگرێت هەتا بیستی كە هەندێك لە خەڵكی ئەندەلوس داوای باران بارین دەكەن بە كڵاوەكەی ئیمامی مالیك بۆیە ئیستخارەی بە خوای گەورە كردوو ڕخنەی لێگرت تا بۆ خەڵكی ئاشكرا بكات كە ئیمامی مالكیش مرۆڤێكە وەكو ئەوان ، لەوانەیە هەر خوێندنەوەی ئەو كتێبانە بووبنە هۆی ئەوەی كە واز لە مەزهەبی مالبكی بێنێت و بچێتە سەر مەزهەبی شافعی ، چونكە ئەم مەزهەبە لەگەڵ بیر و بۆچوونە فیكریەكەی ئەودا دەگونجا.

پاشان ئیبن حەزم دەستی كرد بەخوێندنی مەزهەبی شافعی وەبەبۆنەی دیراسەكردنی بۆ مەزهەبی ئیمامی شافعی ڕەحمەتی خوای لێبێ‌ شارەزایی پەیدا كرد لەسەر مەزهەبەكانی ناو عێراق ,پاشان دەستی كردبەخوێندنی فیقهی قورئان و سونەت , وەغەیری ئەمانەش , بەڵام ئەو وزەو جوڵەی كەلە ناخیدا هەبوو ڕێگەی بێنەئەدا كەبمێنێتەوە لەچوار چێوەی مەزهەبێكداو لێی دەر نەچێ‌ هەربۆیە نەی توانی زۆر بمێنێتەوە لەسەر مەزهەبی ئیمامی شافعی .

لەوانەیە ئەوەی زۆر سەرسامی كردبێت لەمەزهەبی ئیمامی شافعیدا ئەوە بوبێ‌ كەزۆر پەیوەستە بەدەست گرتنی بەقورئان و سونەتەوە. وە ئیبن و حەزم ئیعتباری فقهی وەها دەكرد كە لە نەصەوە وەرگیرا بێت یان پاڵ درا بێتە لای نەصێێكەوە ، بۆیە زۆر هێرشی دەركردەسەر مەزهەبی مالكی لە بەرئەوەی فەتوایان بە ئیستحسان و مصالحی مورسەلە دە دا ، هەربۆیە ئیبن حەزم كتێبێكی سەربەخۆی نوسی لەسەر پوچەڵكردنەوەی ئستحسان ،بەڵام وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا زۆر نەمایەوە لەسەر مەزهەبی ئیمامی شافعی بەڵكو وەك مامۆستاكەی داودی ئەصفەهانی كە بەشێخی مەزهەبی ڤاهیری دا دەنرێت وە قوتابی ئیمامی شافعی بوو بانگەشەی دەستگرتنی دەكرد تەنها بە دەقەكانەوە وە دەیوت هیچ رێگایەك نیە بۆ داوا كردن و واز هێنان لە كارێك یان فەرمان كردن بەكارێك جگە لەڕێگەی دەق و ئەپه رەوە نەبێت ، وە ئەگەر وانەبوو ئەوە كارەكە لەسەر حوكمە ئەصلیەكەی خۆی دەمێنێتەوە بە رێگەی ئستصحاب وەهەر وەك داود ئەی وت ئەو بەڵگانەی كە شافعی هێناونێتیوە بۆ پوچەڵكردنەوەی ئیستحسان هەر هەمان ئەو بەلگانەش قیاس پوچەڵ دەكاتەوە ، وە ئیبن حەزم ئێجگار موتابەعەی دەكرد بە شێوەیەك هەر كتێبێكی بەدەست بگەیشتایە دەیخوێندەوە وە بگەیشتایە بەهەر مامۆستایەك دەرسی لەلا دەخوێند بۆ نمونە دەرسی لای (ئەحمدی كوڕی جسور ، عەلی كوڕی قاسم ، عبد الرحمان ئەزدی ) خوێندوووە هەروەها لای عبداللەی كوڕی دحون و عەبداللەی ئەزدی كەناسراوە بە (ئیبن الفرضی) فقهی خوێندوە لای ئەم مامۆستایانەو غەیری ئەمانیش ئیبن حەزم سەرچاوە و سەرەتاكانی ئیسلامی وەردەگرت لە فقه وفەرموودە و زانستی قورئاندا هەروەها لای ئەوان فێری زانستەكانی زمانی عەرەبی بوو وە هەندێك لە مامۆستاكان چەندەها دەرسی لەلا خوێندبوون وەك عبد الرحمنی ئەزدی كە هەموو ئەو زانستانەی لەلا خوێندبوو ،وە لە تەنیشت ئەم زانایانەوە چەندەها مامۆستای كەی هەیە كە زانست و زانیاری لێوەر گرتوون ، بەڵام ئێمە نایاناسین ، بەڵام ئیبن حەزم لەسەر ڕێو ڕێچكەی ئەوان دەڕۆی ئەو زانایانەی كە بەدانراوەكانیان مەكتەبەكانی بەلەنسییەو مەرییە و قەیرەوان یان پڕكردبوو لە گەڵ هەموو ئەو شارانەی كەشدا كە ئەم زانا پایە بەرزە بۆی چووبوو ،وە هەموو ئەو زانست و زانیاریانەی خوێندبوی و فێری بوبو بو بەهۆی دروست بوونی عەقڵیەتی ئەو زانا ژیر بێژەی كە ببوو بە جێگە سەرنجی هەمووان وەناوی لە مێژوودا بۆ هەتا هەتا دەنگ دە داتەوە ، بەڵام ئایا ئیبن حەزم دوای ئەوەی كە ئەم هەموو زانست و زانیاریەی وەرگرت هەستا بە پێگەیاندنی پۆلێك لە قوتابیان و وانە وتنەوە لە مزگەوت و قوتابخانە ئیسلامیەكانی قورتوبە و غەرناگە و مەرییە و غەیری ئەوانیش كە لە و سەردەمەدا قوتابی تێدا دەردەچوو وە سەر چاوەی زانست و زانیاری بوو؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەلێین ئیبن حەزم لەسەرەتای پێگەیشتنیەوە زۆر گرنگی بە خوێند و خوێندنەوە دەدا هەتا وای لێهات ڕێگا و رێچكەیەكی تایبەت و سەر بەخۆی هەبێت كە جیا بێت لە گشت هاوتەمەنەكانی بەڵام پەنای بۆ ئاشكرا كردنی ئاراو بیرو بۆچوونەكانی نەبرد هەتا پاش واز هێنانی نەبێت لە سیاسەت ،پاشان بە تەواوی ڕووی نا لە زانست و بڵاو كردنەوەی و بەر گری كردن لێی وە لە ڕێگەیشیەوە بەرگری دەكرد لە ئاینی ئیسلام وە زۆر موناقەشەی لەگەڵ گاور و جوەكاندا دەكرد وە پشتگیری لە بیرو بۆچوونەكانی خۆی دەكرد وە موناقەشەی زانایانی دەكرد بۆیە زۆرێك لە گەنجەكان پەنایان بۆ دەبرد بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری بەتایبەت ئەوانەی كە زۆر سەرسام بوون پێی ، جا لەم سەردەمانەشدا دۆست و دوژمنی هەبوو بەڵام ئەوانەی بەو سەرسام بوون و دۆستی بوون ژمارەیان ئێجگار كەمتر بوو لە دوژمن و ناحەزەكانی .

ڕۆشتن و دور كەوتنەوەكانی ئیبن حەزم

لەوكاتەوەی كە پەشێوی و نا ئارامی باڵی بەسەر قورتوبەدا كێشابوو ، واتە لە ساڵی 399ك بنەماڵەی ئیبن حەزم لە پەشێوی و جەنجاڵیەكی وادا دەژیان كە نەیان دەتوانی لە شوێنێكی هەمیشەییدا جێگیر ببن ، هەربۆیە لە خۆرخەڵاتی قورتوبەوە كۆچیان كرد بۆ خۆر ئاوای قورتوبە ، پاشان لە ساڵی 404ك لە قوتوبەوە گواستیانەوە بۆ (المریة) لە دوای ئەوەش هەر لە دوور كەوتنەوە و دەربەدەریدا دەژیان لەم شارەوە بۆ ئەو شار وە ئەم دوركەوتنەوانەش زۆربەی بە ئارەزوی خۆی نەبوو بەڵكو بار ودۆخەكە وای دەخواست یان زۆری لێدەكرا كە لەو شوێنە كۆچ بكات ، كاتێك كە كۆچی كرد بۆ (المریة) بۆئەوە بوو كە جێگیر ببێت ، وەكاتێكیش لە (مریة)وە كۆچی كرد بۆ (الحصن)بە زۆر بوو ،وەكاتێكیش كە ڕۆی بۆ (بلندسیة) بە ئارەزووی خۆی بوو چوو بۆ سەرخستنی خەلیفە ، پاشان هاتنەوەی بۆ قورتوبە لەبەرئەوەبوو كە زۆر یادی ئەو شوێنەی دەكرد كە تیایدا گەورە بوبوو . وەلەگەڵ ئەوەی كە زۆرێك لەماڵ و داراییەكانی تاڵان كراو دەستی بەسەردا گیرا بەڵام ئیبن حەزم هیچ كات هەژاری بەخۆیەوە نەبینی وە بەبەردەوامی خاوەن داراییەكی باش بوو . وە دەردەكەوێت لە زۆرێك لەو بڕگانەوە كە نوسیویەتی كەوا خاوەنی كۆشك و بینا بووە لە هەنێك لەو شارانەی كەوا كۆچی بۆ كردووە وەك (المریة ، شاطبة، بلندسة ، اشبیلیة) وە هەموو ئەو دوورخستنانەوەی ئیبن حەزم لەلایەن دەساڵاتدارانەوە هۆكارەكەی سیاسی نەبووە بەڵكو هەندێك جار زانستی بووە ، وە پێش ئەوەی كە لەم بارەیەوە هیچ باس بكەین دێینە سەر باسی كۆچ كردنی ئیبن حەزم بۆ شاری قەیرەوان لە مەغریب . ئەوە جێگیر بووە كەوا ئیبن حەزم ماوەیەك لە قەیرەوان ماوەتەوە بەڵام زانایان لە دیاری كردنی ئەو ماوەیەدا هاوڕانین ، وە ئەوەی دەیسەلمێنێت كە لە قەیرەوان ژیاوە ووتەكانی خۆیەتی كە لە كتێبی تەوق الحەمامە لاپەڕە 46 دا باسی لێوە دەكات كەدەڵێت (رۆژێك ئەبوعەبدوڵڵا واتە محمدی كوڕی كلیب لێی پرسیم كەیەكێك بوو لەدانیشتوانی قەیرەوان كە كەسێكی زۆر بڵێ بوو لەگەڵ ئەوەشدا كەسێكی شارەزا بوو لە پرسیار كردن لە زۆربەی زانستەكەندا ) ئەم هەواڵە دەری دەخات كە وا ئیبن حەزم ڕیشتووە بۆ قەیرەوان و تێیدا ماوەتەوە وەلەگەڵ زانایانیدا دۆستایەتی هە بووە وە هەستاوە بەبەستنی كۆڕ و گفتوگۆی زانستی لەگەڵیاندا وە لە كتێبی تەوق الحمامەدا باسی لەوە نەكردووە كە بۆ كۆچی كردووە بۆ قەیرەوان یان كەی كۆچی كردووە وەك لە زۆرێك لە ڕۆیشتنەكانی كەیدا باسی لێوە كردووە، لەمەیشەوە بۆمان دەر دەكەوێت كەوا ڕۆیشتنەكەی بە ئارەزووی خۆی بووە زۆری لێنەكراوە لەلایەن دەسەڵات دارانەوە ، چونكە ئەگەر بهاتبایە زۆری لێبكردرایە باسی لێوە دەكرد وەك خۆی لە زۆر جێگەی تردا باسی لێوە كردوە.

وە ئیبن حەزم لە هاتوو چۆدا بووە لە نێوان شارەكانی (شاطبیة و قورطبة و مریة و بلنسیة)دا ، دەرسی دەخوێند و وانەی دەووتەوە ، وە بیرو بۆچوونەكانی چووبوە نێو دڵی زۆرێك لە گەنجانەوە وە كاریگەریەكی ئێجگار زۆری هەبوو لەسەر بیر و بۆچوونیان هەتا دەلێن (باجی): (لە میروقە پێیگەیشتووە وەك (المقری)باسی لێوە دەكات دەلێت: كاتێك كە گەیشتە ئەندەلوس بینی كەوا ووتەكانی ئیبن حەزم جوانیەكی هەیە بەڵام ئەوەندەی هەبوو كەوا ووتەكانی لەدەرەوەی مەزهەبێكی دیاری كراودابوو ، هەر لەبەرئەوەش بوو كوا لە ئەندەلوس زۆر گوێبیستی زانست و زانیاریەكەی نەدەبوون ، زاناو فقیهەكانیش نەیاندەتوانی موناقەشەی لەگەڵ بكەن وە كۆمەلێكی نەزانیش شوێنی كەوتبوون بۆیە ئەویش لە دوورگەی مەیروقەدا مایەوە بەڵام كاتێك ئەبو وەلید (باجی) هات قسەی لەگەڵ كردوو كەوتە موناقەشە كردنی و توانی هەموو كارە پڕوو پوچەكانی دیاری بكات وە لەگەلیشی چەندهادانیشتنی كەی هەیە )

لەم ووتەیەی (المقریة)وە چەندها شت وەر دەگرین :

یەكەم : ئەوە دیاری دەكات كە ئەو ساڵە ئیبن حەزم ە مەیروقەدا بووە كە ساڵی 440ك چونكە (باجی) ڕۆیشت بۆ خۆهەڵات لەوی فێری (علمی كەلام ، مونازەرەو،زانستی فقه ،فەرموودە ) و زانستەكانی تر بوو وەگەڕایەیەوە بۆ مەیروقە لەساڵی 440ك .

دووەم : دەری دەخات كەوا ئیبن حەزم ڕۆیشتنەكەی بۆ میروقەلەبەر خاتری ئەوەبوو كە چەندەها هاوڕو قوتابی لەوێ هەبوو ، وە مەزهەب و بیر و بۆچوونەكەی لەوێ كەسانێك هبوون كە بە پیریەوە دەچوون .

سێهەم: ئەو بە بەڵگەو بۆچوونەكانی دەیتوانی زانایانی ئەوێ بێدەنگ بكات ، چەنكە ئەوان تەنها فروعیاتیان دەخوێند ،وە ئەگاداری جگە لەوە نەبوون ، بۆ یە ئەمیش بەسەریاندا سەر دەكەوت بە زانستە فراوانەكەی و وە بێدەنگی دەكردن بە بەڵگە بەهێزەكانی .

چوارەم :ئەوەش دەردەخات كەوا هیچ تەنگەبەریەك نەبووە لە مەیروقە لەسەر ئیبن حەزم بۆ دەرخستنی بیرو بۆچونەكانی ،بەڵكو ئەوەی كە پێویست بوایە قسەی لەبارەوە دەكرد وە هیچ یەكیك لەكاربەدەستان بیرو بۆچۆنی خۆی لەسەر نەدەسەپان،بەڵكۆ ئەو بەئارەزووی خۆی گفتوگۆو مونازەرەی دەكرد.

وە لەو ڕووداوانەی پێشەوە بۆمان دەردەكەوێت كەوا ئیبن حەزم هەڵدەسا بە بڵاوكردنەوەی بیرو بۆچونەكانی خۆی بۆ هەركوێ بچوایە ،وە ئەو بەزۆری لە هاتوو چۆدابوو لە نێوان هەردوو شاری (بلنسیة و میروقة) لەبەر نزیكیان لەیەكەوە ، هەندێك جار دەگەڕایەوە بۆ قورتوبە ، ئیبن حەزم شوێنكەو توانێكی زۆری هەبوو لە مەیروقە هەتا گەشتە ڕادەیەك كەبتوانێ‌ ببێت بەگەورەی زانایانی ئەوێ‌ وەدەست بەسەر بیرو بۆچونكاندا بگرێت , وەمێژو بۆمان ئاشكرا دەكات ئەوەی كەتوانی ئەم بارو دوخەی لەمەیروقە دا بۆ فەراهەم بهێنێت هاوڕێیەكی بوو بەناوی (احمدی كوڕی ڕەشیق)كەداسەڵات دار بوو لەوێدا وەئیبن ڕەشیق لەساڵی (440)ك وەفاتی كرد دەردەكەوێت لەپاش وەفاتی ئەو ئیبن حزم بێدەسەڵاتی ڕوی تێدەكات زاناو فەقیهەكان لێی هەڵدەستن وەك چۆن بێشتر لێی هەستان وەكۆمەكیان وەردەگرت لە (باجی)كەلە ڕۆژهەڵات گەڕابووە. ئەو ساڵە وەلەگەڵی كەوتە گفتو گۆو بەسەریدا سەر كەوت وەك میژو نوسان باسی لێوە دەكەن بەڵام بەلای (محمد كوڕی ابو زهرة) ئەم سەركەوتنەیە بەبەڵگەو بورهان نەبوە بەڵك و بەهێزی دەسەڵات داران بووە .

ژیان و بژێوی ئیبن حەزم

ئیبن حزم هیچ كات پێویستی بەوەنەبوە كەكاتەكانی خۆی بەپەیدا كردنی ماڵو سامانەوە بەسەر ببات بەڵك و خاوەنی دەرامەتێكی ئێجگار زۆر بوو بەبۆنەی ئەو زەوی و زارەی كەباوكی بۆی بەجێ هێشتبوو , چونكە وەك وتمان باوكی وەزیر بوو ماڵێكی ئێجگار زۆری هەبوو چەندەها خانوی لەڕۆژ هەڵات و رۆژئاوای قورتوبەدا هەبو وەهەموو ئەمانە لەكۆتایدا مایەوە بۆ ئیبن حەزم وەك گوتمان لەهەندێك لەو شارانەی كەتیایدا دەمایەوە خانوی هەبوو ماوەیەك تیایاندا نیشتە جێ‌ دەبوو وەزانایان لەسەر ئەوە یەك دەنگن كەئەو گوندەی ئیبن حزم تیایدا كۆچی دوای كرد موڵكی باوكی بووە وەلەپاش مردنی باوكیشی ئەم خاوەنی بووە وەهەموو ئەمانە دەری دەخات كەئیبن حەزم بەدەوڵەمەندی ژیاوە تائەو كاتەی گەڕاوەتەوە بەر دیوانی خوای گەورە , بەگشتی دەتوتنین بڵێین كەوا ئیبن حەزم ژیانێكی خۆشی بەسەر بردووە ئەگەر چی هەنیدێك جار كەمێك هەژاری چەشتووە بەبۆنەی زیندانی و دورخستنەوەوە وەهەڵ نەسانی كەسێك بە خستنە كاری سەروەت و سامانەكەی وەلەبەر بونی ئاژاوە لەهەندێك لەو كۆڵانانەی كەبنەماڵەكەی ئەمی تێدا دەژیا

دەتوانین بڵێین كەوا ئیبن حەزم لەمەدا هاوشێوەی ئیمام ئەبو حەنیفەیە ڕەحمەتی خوایان لێبێت ، لەگەڵ هەندێك جیاوازی لە هۆكارەكانی ژیانیان ، ئەبوحەنیفە رەحمەتی خوای لێبێت پیاوێكی دەوڵەمەند بوو بەهۆی بازرگانیەكەیەوە ، وەزۆرێك لە قازانجی بازرگانیەكەی دابەش دەكرد بەسەر زانایانی فەرموودە و فیقهدا لە كوفە ، بەڵام ئیبن حەزم ڕەحمەتی خوای لێبێت دەوڵەمەند بوو بەو ماڵەی كە لە بنەماڵەكەیەوە بۆی مابوویەوە كە بریتی بوو لەو زەوی و خانوانەی كە لە پاش باوكی بۆی بەجێ مابوو وە بە بۆنەیانەوە پارەیەكی باشی چنگ دەكەوت و هۆكارەكانی ژیانی بۆ دابین دەكرد ،ئەبوحەنیفە لە بەر ئەو هەموو پارە و سامانە زۆرەی كە هەیبوو هیچ كات دیاری و بەخششی خەلیفەو دەسەڵاتدارانی وەرنەدەگرت ، چونكە خوای گەورە هێندەی پێبەخشی بوو كە بێمنەتی كردبوو لە هەموو كەس جگە لە خۆی ، هەروەها ئیبن حەزمیش دیاری ئەو دەسەڵاتدارانەی وەرنەدەگرت كە هاوتەمەنی خۆی بوون ، بەڵام هۆكاری وەرنەگرتنەكە لە هەردووكیاندا جیاواز بوو ، چونكە ئەبو حەنیفە وەری نەدەگرت لەبەر ئەوەی پێویستی پێنەبوو وەحەزی بە ژێردەستەیی بەنی عەباس نەبوو بەڵام ئیبن و حەزم سەیری ئەودەسەڵاتدارانەی سەردەمی خۆی دەكرد بە شێوازێك كە بە شایستەی ئەو شوێنەی نەدەزانین بۆیە بەچاوی گەورەییەوە سەیری نەدەكرن ،بەشێوەیەك كە بە دروستی بزانێت داوای پاداشتیان لێبكات یان لێیان وەر بگرێت چونكە خۆی وەزیری كوڕی وەزیر بوو سەیری هیچ كام لە دەسەڵاتدارنی نەدەكرد جگە وەك سەیركردنی نەبێت بۆ گشتی خەڵكی .

زانایان لەو سەردەمەدا بەگشتی لە دوو گرۆه پێك هاتبوون ، هەندێكیان گەیشتبوونە پلەیەك كە شتە موباحەكانیشیان لەسەر خۆیان حەرام كردبوو یان بەلای كەمەوە ئەوەی كە شك و گومانی لەسەر بووایە ئەوان لەبری ئەوەی ڕێگەی ئیمامی مالیك شێخی فەرموودەناسان بگرن كە دیاری خەلیفەكانی وەردەگرت هەستان بە گرتنی ڕێچكەی ئیمامی ئەحمەد رەحمەتی خوای لێبێت كەماڵی دەسەڵاتدارانی لەسەر خۆی قەدەغە كردبوو بەبێ ئەوەی كە سەر پێچی و لەرێدەرچوون بنوێنێ ، بەڵام ئیبن حەزم لە هیچ كام لەم دوو گرۆهە نەبوو ،چونكە ماڵی دەسەڵاتدارنی وەرنەدەگرت ، نەك لەبەر ئەوەی بە حەرامی بزانێت بەڵكو لەبەر ئەوەی پێویستی پێنەبوو ،لەوانەیە هەر ئەم دەوڵەمەندیەیی ئیبن حەزمیش بوبێ‌ بە هۆكارێك لە هۆكارەكانی خۆ بەگەورە گرتنی كە ئەمەش بوو بەهۆی توڕەیی و خەشمی دەسەڵاتداران وزانایان بە یەكەوە، بەڵی ئیبن حەزم بە دەوڵەمەندی ژیا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەنازداری نەژیا بەڵكو لەگەڵ ئەو خۆشیەدا دوور كەوتنەوە و زیندانیشی بینی ،وە ئازاری دوری و گومانی خراپی خەڵكی چەشت.

دروست نیە كەوا بڵین ئیبن حەزم مرۆڤێك بوو بایەخی بەهیچ نەئەدا بەڵكو دەلێین ئەو بایەخی بە ماڵ و سامانەكەی دە داو هەڵی دەگرت تەنها بۆ دوور خستنەوەی بەڵاو ناخۆشیەكانی رۆژگار هەروەها بۆ یارمەتی دانی هاوڕیان ، بەڵی ماڵەكەی كردبوو بە ئامرازێكی خۆ پاراستن نەك بە رێچكەیەك بۆ خۆش گوزەرانی بەڵكو گۆڕانی ژیانی ئەو وە نەمانی زۆرێك لە ماڵ و سەروەتەكەی هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی بزانێت كەوا پارەو سامان سێبەرێكەو تێدەپەڕێت ، ئەوەی كە هەمیشەییە و دەمێنێتەوە پاشە ڕۆژە بۆیە ڕووی كردە داواكردنی ئەوەی كە لەلای خودای گەورەیە لە بری ئەوەی گاڵتەو گەپ بە پارەو داهاتەكەی بكات، بەڕاستی ئەو دەوڵەمەندێكی پاك داوێن و سوپاس گوزار بوو ، هەر بەم شێوەیە ئەم زانا بەڕێزە ژیا بە بەر بەرەكانی زوڵم و زۆرداری و جیهادكردنی دژی نەزانین و چەقبەستنی بیر و بۆچوونەكان پاشان بە تێكۆشان دژی خۆشیەكانی نەفس و ژیان هەتا ئەوكاتەی كە لە چۆڵەوانی ژیانی كۆتا پێهێنا بەسەركەوتنی بەسەر دەرون و خەڵكیدا بە گشتی ئەمەش بە گەڕانەوەی بۆ لای خوی گەورە لە 28ی شەعبانی ساڵی 456ی كۆچی ، خوای گەورە گۆڕەكەی پڕ نورین كات

زانستی ئیبن حەزم:

مێژوو پێش ئیبن حەزم كەسێكی كەی نەناسیوە زانایەكی تری نەبینیوە كە هەموو جۆرە زانست و زانیاریەكانی تێدا كۆ بوبێتەوە جگە لە ئیبن حەزم ، بەڕاستی ئەو نوسەر و ئەدیبێكی شارەزابوو ڕۆچوو بوو لە زانستی فەلسەفەو مەنتقدا وە بە توانابوو تێیاندا وەك چۆن بە هەموو زانستەكانی كەدا بە توانا بوو ،ئەو لە لۆجیكدا ئەرستۆی بە هەڵە دەخستەوە وە ڕێڕەوێكی لۆجیكی هەبوو كە پێچەوانەی ڕێچكەی ئەو بوو وە بەشوێن مێژوودا دەگەڕاو دەینوسیەوەو ڕاستیەكانی لێدەر دەهێنا بۆیە بە مێژوو نوسێكی بیر قوڵ دا دەنرێت ، ئەو لە وردترین بەشەكانی مێژوو دەینوسی كە بریتی بوو لە بنەماڵە و نەسەبەكان ، وە لەهەموو ئەمانەوە بۆمان دەر دەكەوێت ئەو مرۆڤێكی رٍِاستكەرەوەی گشتگیر بووە ، لەگەڵ ئەمانشدا فەرموودەزانێكی گەورە و شارەزا بووە كە هەموو بەشەكانی فەرموودەی كۆدەكردەوە و لە بەری دەكردن ، هەروەها فەقیهێكی شارەزابوو بە شێوەیەك كە دادەنرێت بە زیندوو كەرەوەی مەزهەبی زاهیری یان بە زیندووكەرەوەی زانستی قورئلن و فەرموودە لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە زانایەكی شارەزابوو لە نەتەوە و ئاین و گرۆهەكان وە لە هەموو ئاین و مەزهەبەكانی غەیری ئیسلامیش ، ئاماژەی دەكرد كامیان گرۆی ڕزگاربوو و كامیان گرۆهی لە دین یاخی بووە ، زانستی بەرپەرچدانەوەی كەسانی نا مسوڵمانی پێبوو وە زانیاری جیاوازی نێوان گرووپەكانی هەبوو بە شێوازێكی زۆر هەستیار ،هەڵدەستا بە موناقەشەكردنی بە شێوازێكی ئاشكراو سەربەستانە بەبێ ئەوەی شوێن هیچ كەسێكی كە بكەوێت وە گوێی بە قسەی هیچ زانایەك نەدەدا هەرچەند پلەو پایەیەی زانستی بەرز بوو بێت مادەم پێچەوانەی رووە ئاشكراكەی قورئان سوننەت بێت یان لە ئەوان وەرنگیرابێت یان پشتی بە سەریحی قورئان وسوننەت نەبەستبێت ،ئەو لەمبارەیوە بۆ خەڵكی ئاشكرا دەكات كە ئەو لە زانستی بیرو باوەڕدا نیازی هیچ ناكات جگەلەوەی كە ئاشكراو ڕوونە ، وە بەهیچ جۆرێك ڕووناكاتە ئەو بەرنامە ئاڵۆزانەی كە كاردانەوەی پرۆگرامەكانی یۆنانی بەسەرەوەیە یان لەوە وە وەرگیراوە هەروەها ئەو موناقەشەی فەیلەسوفەكانی دەكرد وەلەو ڕووانگەیەوە پێشی ئیمامی غەزالی كەوتوە لە موناقەشەكردنی ئەوان و پوچەڵ كردنەوەی بەڵگەكانیان وە هەڵدەستا بە ڕەتكردنەوە بیرو باوەڕیان بە چەندەها بەڵگەی لۆجیكی لە جۆری بەڵگەكانی خۆیان بەم شێوەیە دەبینین هیچ بەشێك لە بەشەكانی زانست و زانیاری نیە كە ئیبن حەزم لە دەرگای نەدابێت و تیایدا ڕۆنەچووبێت و شارەزایی تیایدا نەبوو بێت ئەوەی بەڕاستی بزانیایە وەری دەگرت و ئەوەی ناڕەوا بووایە بەتوندی ڕەتی دەكردەوە ، ئەو هۆكارەكانی بۆ هۆكان دەگەڕاندەوە ، وە ئەنجامەكانی دەگەڕاندەوە بۆ پێشەكیەكان وە ووتەكانی بۆ مەبەستەكان دەگێڕایەوە بەپێنوسێكی ڕوون و بە شێوازێكی ئاشكرای دیار وەهیچ كەس لە هاوتەمەنەكانی ئینكاری پلەی زانستی ئیبن حەزمی نەكردوە چی لە دۆست و چی لە دوژمن وە چی ئەوانەی هاوڕابوون لەگەڵی وە چی ئەوانە جیاواز بوون وە هەموو ڕیوایەت و هەواڵەكان جەخت لەسەر گەورەیی پلەی زانستی ئیبن حەزم دەكەنەوە ،لە گەڵ ئەمانەشدا دادەنرێت بەوەی كە زۆرترین دانراوی هەیە لەپاش تەبەری لە نێو زانایانی مسوڵماندا بەڵكو هەندێك جار هاوشانیان كردوە لەگەڵ تەبەریشدا بەڵام ئەوەندەی هەیە لەگەڵ تەبەری لە جۆری دانراوەكاندا جیاوای هەیە ، چونكە ئیبن جەریر لەڕووی موناقەشەی گروه و مەزهەبەكانەوە هیچ شارەزاییەكی نەبوو لە پاڵ شارەزایی و ڕۆشنبیری ئیبن حەزم دا ، بەڵام هەریەك لەو دووانە شوێن و پایەو ڕێزی خۆیان هەیە وەبەم ووتەیەشمان نامانەوێت هیچ شتێك لە پایەی ئیبن جەریر كەم كەینەوە ڕەحمەتی خوای لێبێت ، وە ئیبن حەزم زۆر گرنگی بەئەدەب داوە وەڕخنەی لەزانستی یۆنان گرتووە ، خاوەنی كتێبی المعجب دەلێت : كەوا ئیبن حەزم پیشەی ووتاربێژیی زانیوە وەك دەلێت( محمدی كوڕی حەزم پلەیەكی بەرزی هەبووە لە زانستی نەحو زمانەوانی و هۆنروە و وتار بێژیدا ) وە ئەمەیش دەری دەخات كە ئەو وتار بێژی خوێندوە بە نەزەری وە بە پراكتیكی جێبەجێی كردوە ، چونكە زانستی وتار بێژی بنەماو بناغەیەكی سەربەخۆی هەیە كە پێشتر ئەرستۆ لە كتێبی الخگابەدا دایڕشتبوو وە ئیبن سینا لە كتێبی (شیفا‌ء) وەری گێڕابوو بۆ عەرەبی چونكە (شفا‌ء)كورت كراوەی (الخطابة)ی ئەرسطو بوو .

جائەگەر ئیبن حەزم خگابەی خوێندبێ‌ و شارەزا بوبێ‌ لێی وەك خاوەنی (المعجب)دەڵێت بەمەدا بۆمان دەردەكەوێت كەئەو شارەزای فەلسەفەی یۆنان بووە وەئەوەی بەكەڵكی هاتبێ‌ سودی لێوەرگرتووە .لەكۆتایدا دەڵێین بەڕاستی زانایان یەك دەنگن لەسەر فراوانی زانستی ئیبن حەزم و زۆری دانراوەكانی (ولله الحمد).

تایبەت مەندیەكانی ئیبن حەزم

ئەو توانایەی كە خودای گەورە دەیبەخشێ‌ بەبەندەكانی بریتیە لەیەكەم كۆڵەكە لەكۆڵەكەو پایە گرنگەكان بۆ فێربونی زانست و زانیاری وەبریتیە لەو دەلاقەیەی كەڕۆشنای زانستی لێوە دەردەچێت وەدادەنرێ‌ بەكلیلی واڵا كردنی زانست و زانیاری جائەگەر خوای گەورە ئەو تواناو بەخششەی نەدا بەكەسێك كەبتوانێ‌ لەڕێگەیەوە زانست و زانیاری وەربگرێت و ڕاستی بەدەست بهێنێت لەڕویەك لەڕوەكانەوە ئەوە چاكترە بۆی كەوا ڕوبكاتە كارێكی كە لەكارە پیشەسازیەكان واتە كارە هەست پێكراوەكان نەك كارە ژیر بێژیەكان چونكە هەریەك لەو دوانە گرنگی خۆی هەیە بەهۆی ئەوەی ئەگەر زانایان نەبوایە كەبەشوێن راستیەكان دا بگەڕایە و راستیەكانی دەربخستایە ئەوە مرۆڤەكان هەروەك چاخە بەردینیەكان لەنەخوێندەواری و دواكەوتیدا دەژیان وەئەگەر چینی دوهەمیش نەبوایە لەپیشەوەران ئەوە دونیا ئاوەدانی و جوانی و پێشكەوتن و تەلار سازی بەخۆیەوە نەئەدی ,بەڕاستی ئیبن حەزم خوای گەورە هێندە توانای پێبەخشی بوو كەبتونی دەرگای پرشنگداری زانست و زانیاری بكاتەوە و خۆی پێ‌ نورین بكات وەلەگەڵی هەنگاو بنێت هەتا لەژیاندا بێت وەهەموو هەست و تواناكانی ئەوەی لێئەخواست كەببێت بەو زانایەی كەدانراوەكانی بەهەموو جیهاندا بڵاوەی كردوە و نەوە لەدوای نەوە دەگوازرێتەوە ,وەشێوازێكی تایبەتی سەربەخۆی هەیە لەئایدیای ئیسلامیدا كەتایبەتە بەخۆی و هیچ كەس لەگەڵی هاوبەش نیە ,یەكێك لەو سیفەتانەی كەلە ئیبن حەزمدا دەدرەخشایەوە وەیەك لەوتوانانەی كەلەئەودا هەبوو بریتی بوو لەو توانا بەهێزەی كەهەیبوو لەبواری لەبەر كردندا كەتوانای پێ‌ بەخشی بوو سەر بكەوێ‌ بەسەر گشت بەشەكانی زانستدا چونكە بەهێزی توانای لەبەر كردن بریتیە لەتەنها ڕێگەیەك كەزانا دەتوانێ‌ لەڕێگەیەوە سەربكەوێ‌ لەڕوی ئایدیاوە بەسەر گشت ئەو شتانەی كەدەیخوێنێتەوە بەشێوازێك كەبتوانێ‌ پەیوەندی دروست بكات لەنێوان ئەو بابەتانەی كەدەیخوێنێتەوە یان لەنێوان یەكەم بابەت و كۆتا بابەت وەهەستێت بەدروست كردنی پەیوەندی لەنێوان ئەو كۆمەڵە بەشەی كەلە بابەتێكی دیاری كراودا هەن وەبتوانێ‌ لەگەڵ یەك بیان گونجێنێ‌ و ڕێكیان بخات بەڵێ‌ ئیبن حەزم خوای گەورە توانای لەبەركردنێكی ئێجگار زۆری پێبەخشی بوو بەجۆرێك كەتوانی بوو فەرمودەكانی پێغەمبەر لەبەر بكات و سەرچاوەكانیان ڕێك بخات بۆ نمونە لەزانستی فەرمودەدا گەشتبوە پلەی (حافظی) واتە لەبەر كەرە هەرەگەورەكانی فەرمودەی پێشەوامان (علیەالسلام) وەلەزانستی هاوەڵانی پێغەمبەرو شوێكەوتوانی گەشتبوە پلەیەك كەبەتاك دادەنرا لەنێوان هاو تەمەنەكانی بەهەمان شێوە لەڕوی فقهی سەحابەو تابعینەوە كەسێكی كەم وێنە بوو وەلەگەڵ ئەمانەدا هەموی لەبەكار هێنان و هێنانەوەی ئەو زانست و زانیاریانە لەكاتی پێویستدا توانایەكی زۆر باشی هەبوو ماناو مەبەستەكانی بەدەست دەهێنا لەكاتی پێویستدا وەبەمرۆڤێكی بیر قوڵ دادەنرا كەدەیتوانی ڕۆبچێ‌ لە ڕاستێكاندا وەخاوەن بیركردنەوەیەكی ئێجگار قوڵ بوو كەبەڕوكاری دەرەوەی شتەكان نەدەخەڵەتا وەهەتا بەتەواوی ڕۆنەچوایە لەكارەكەدا فتوای لەبارەیەوە نەئەدا .

بەڵێ‌ خوای گەورە ئەو توانا هزریە بەهێزەی پێبەخشی بوو بەڵام بەتەواوی باوەڕی وەهابوو كەخوای گەورە خۆی بەتەنها بەخشەری ئەم بەخششەیە وەپێویستە لەسەری كەسوپاس گوزاری بێت و هەستێت بەسوپاس كردنی ئەو كەسەی كەئەم توانایەی پێبەخشیوە چونكە ئەگەر پێی هەڵنەستێ‌ مانای وەهایە كەوا بێباوەڕ بووە بەخاوەنی ئەو بەخششەو وەبەزانستەكەی لەخۆبای بووە لەدونیاشدا سەر زەنشتێكی زۆری ئەو كەسانە دەكرێت كەلەخۆیان بای دەبن و دەگۆڕێن هەر لەم بارەیەوە ئین حەزم دەڵێ‌ [ئەگەر سەرت سوڕما بەزانیارێكەت ئەوە بزانە هیچ بەش و زیرەكیەكی تۆ نیە تیایدا چونكە ئەوە تەنها بەخششێكە لەلایەن خوای گەورەوە كەبەتۆی بەخشیوە لەبەر ئەوە بەڕێگەیەك بەكاری مەهێنە كەخودای گەورە زویر بكات چونكە لەوانیە بەهۆكارێك لەبیرت بباتەوە ,یان تاقیت بكاتەوە بە لەبیر كردنی زانست و زانیارێكەت ,ڕۆژێك (عبد الملیك كوڕی طریف) پێی ڕاگەیاندم كەئەو كەسێكی زیرەك و خاوەن زانست بوو وەتوانایەكی زۆری لەلایەن خوای گەورەوە پێبەخشرابوو لەڕوی لەبەركردنەوە بەشێوازێك كەهەر شتی بەبەر گوێدا برۆشتایە لەبەری دەكرد بەبێ‌ ئەوەی پێویست بەدوبارە بونەوە بكات بەڵام ڕۆژێك لەناو دەریا توشی ترسێكی زۆر هات بوو بەهۆكاری لەبیر چونەوەی زۆربەی ئەو زانستەی كەلە بەری بوو هەروەها توانای لەبەر كردنی توشی زیانێكی زۆر بوو كەنەیدەتوانی وەك جاران شت لەبەر بكات ].

ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەچۆن خودای گەورە هەندێ‌ جار بە بەخشینی زانست تاقیمان دەكاتەوە هەندێك كاتی كە بە نەمانی ئەو زانستە تاقی دەكرێینەوە.

وەلەگەڵ ئەم تایبەتمەندیە هزریانەدا كە ئەم پێشەوا بەڕێزە پێی تایبەت مەند بوبو چەنەها ئاكاری كەی هەبوو كەوا پێویستە بوونیان بۆ زانایان وەك ئارامگرتن و ڕوبەڕوبوونەوە لەكاتی پێویستیدا وە لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دڵسۆزیەكی زۆری هەبوو بۆ خودای گەورە لەكاتی بەدەست هێنانی ڕاستیدا چونكە ئەو دەیزانی كە دەیەوێت زانستی ئاینی وەربگرێت وە ئەوەی بەشوێن زانستی ئاینیدا بگەڕێت خۆیەكلایی كردنەوە بۆخودای گەورە پێویستە بۆی زیاد لەكەسانی دیكە وەزیادیش لەوان پێویستە ڕووبكاتە خوای گەورە بەڕاستی ئیبن حەزمیش هەر بەوشێوەیە بوو خۆیەكلاكردنەوەی بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لە سەرچاوەی یەكەمی ئاینی ئیسلامەوە (القران الكریم) وای لێكردبوو كەوا بانگەشەی خەڵكی بكات بۆ ئەوەی كە خۆی باوەڕی پێ هێناوە بەبێ گوێدان بەوەی كە ئایا خەڵك لێی ڕازیە یان نا ، وە تەنها داوای ڕەزامەندی خوای گەورەی دەكرد بۆیە هیچی بۆ خۆی دەست نەكەوت جگە لە ئازاری سەركردەكان و ناشرینكردنی لەلایەن زانایانەوە نەبێت ، بەڵكو بەرامبەری هەردوو گرووپەكە وەستایەوە بە دلێكی پڕ لە ئیخڵاس و زوبانێكی توند و پێنوسێك كە دەرخەری ڕاستیەكان بوو ، ئەم زانایەكی دڵسۆزی مرۆڤەكان بوو هەروەها كەسێكی دووڕوو نەبوو، وە نەیدەویست كەس هەڵبخەڵەتێنێت یان دژایەتی كەس بكات جگە لە پێناوی ڕاستیدا نەبێت .

ئیبن حەزم لەبەر ئەوەی بە تەواوی خۆی بۆ خودا یەكلا كردبۆوە زۆر هەوڵی دەدا كە دوورە پەرێز بێت لەخۆبای بوون بەو زانست و زانیاریەی كە پێی گەیشتووە وە دەیوت كە لەخۆبایی بوون لە ناوبەری ئیخلاسە بۆ خوای گەورە و بەڵای خووڕەوشتە بەرزەكانە ،داوای دەكرد لە هەموو كەسێك كە هەڵەكانی دیاری بكات پێش دەستنیشان كردنی كارەچاكەكانی ،چونكە ئەمە دەی گەیەنێت بە دڵ ئارامی دڵ ئارامیش تەنها ڕێگەی سەرفرازبوونە لە داواكردنیدا ، وە ئەو كردنی كارەكان تەنها لەپێناوی خودا دادەنا بە كاری ژیرەكان ئەوانەی كە دەست دەگرن بە خوورەوشتە بەرزەكانەوە وە بە شوێن ڕاستیدا دەگەڕێن لە هەموو كارەكانیاندا ، دەیوت زۆرینەی خەڵكی مسوڵمان نابن هەتا خۆیان یەكلا نەكەنەوە بۆ خوای گەورە و خۆ یەكلاكردنەوەكەشیان ئاشكرا نەكەن ،دیسان خەلك لە دەست و لایەنی ئەوانەوە پارێزراو نەبن هەر بەمشێوەیە دەبینین ئیبن حەزم ڕەحمەتی خوای لێبێت هەوڵدەدات و كاردەكات بەبێ ئەوەی گوێ بداتە وەصفو تانەی خەڵكی ، هەروەها ئەو ئیخڵاسەی ئیبن حەزم بوو بە هۆكاری ئەو سیفەتەی كە پێی بەناوبانگ بوو كە بریتی یە لە ووتنی ڕاستی بە ئاشكراو ڕاستەوخۆ بەبێ گوێدانە كەسانی دیكە ، ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگ بوو ئەوەبوو هەرچی دەلێ ڕاستی ڕای بكێشێ بۆ ووتنی ، بەشێوەیەك هاو تەمەنەكانی دەیان ووت كە ئەو فێری زانست بووە بەڵام فێری سیاسەتی زانست نەبووە هەموو مێژوو نوسان دەلێن كە ئەو زۆر ڕاستەوخۆ بووە لە وەسف كردنی ئەوانەی كە موناقەشەیان لەگەڵ دەكرد وە كەسێكی تووند بووە لە كاتی مونازەرەكردندا ، بەڵام ئیبن حەزم داوای دەكرد بۆ گونجان لەگەڵ خەڵكیدا وە دژایەتی نەكردنیان لە و كارانەی كەوا زەرەری دین و دونیایی تێدا نیە ئەو زانایەك بوو كە دەستی دەگرت بە زانست و زانیاریەكەیەوە وە كارەكانی لە توخمی ئەو زانستە بوو كە دەیزانی هیچ كات تۆمەتبار نەكراوە بە دووڕوو و كەم تەرخەم وە لەو كەسانە نەبوو كە ئەوەی دەیڵێ نەیكات ، ئەو لەسەر ئەو یاسایە دەڕۆیشت كە دەلێت (بێدەنگ بە تەنها لەو شتانەدا نەبێت كە زیانی دین و دونیای تێدا هەبێت) .

About كه‌یفی عمر

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …