Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / كۆكردنەوەی قورئان لە سەردەمی حەزرەتی ئەبوبەكردا (خوای لێ رازی بێت)

كۆكردنەوەی قورئان لە سەردەمی حەزرەتی ئەبوبەكردا (خوای لێ رازی بێت)

كۆكردنەوەی قورئان لە سەردەمی حەزرەتی ئەبوبەكردا (خوای لێ رازی بێت)

پاش ئەوەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كۆچی دوایی كرد ‌و زۆرێك لە “ئەعرابەكان” لە دین پاشگەزبوونەوەو حەزرەتی ئەبوبەكریش جیهادی راگەیاند دژی هەموو ئەوانەی كە:

1ـ وازیان لە ئیسلام بەتەواوەتی هێنابوو.

2ـ ئەوانەش كە وازیان لە هەندێكی دین هێنابوو “وەك زەكاتدان بۆ نموونە”.

3ـ ئەوانەش دەستیان دایە راگەیاندنی دینی تازەو پێغەمبەرایەتی درۆییانە..

ئەوەبوو شەڕێكی گەورە لەگەڵا ئەهلی یەمامەدا (سوپای موسیلەمەی درۆزن) روویدا‌و لەو شەڕانەدا، كە هەندێ‌ لە زانایان ئەفەرموون: “لەو شەڕانەدا نزیكەی هەزارو دوو سەد صەحابەی تێدا شەهید بوون(1)،  كە (39) كەسیان ‌و لە ریوایەتێكی تردا ئەفەرموێ‌: (70) كەسیان لەوانەبوون كە هەموو قورئانیان لەبەربوو. ئەمە وای كرد كە یەكێكی وەكو حەزرەتی عومەر دابچڵەكێ‌‌و بچێتە خزمەت حەزرەتی ئەبوبەكرو پێشنیاری ئەوە بكات كە با قورئان لەیەك ـ مصحف ـ دا بنوسرێتەوەو لیژنەی شارەزای بۆ دابنرێت نەوەك ئەم جیهادە هەموو حافزەكانی قورئان لەناوبەرێت‌و بەشێك لەقورئان نەمێنێ‌.. ئیمامی بوخاری ئەفەرموێت: زەیدی كوڕی پابت ئەفەرموێ‌: “أرسل الی أبوبكر مقتل أهل الیمامە فاذا عمر ابن الخطاب عنده، قال أبوبكر (رضی الله عنه) ان عمرا أتانی فقال: ان القتل قد استحرّ یوم الیمامة بقرا‌ء القرآن وإنی أخشی أن یستحرّ القتل بالقرا‌ء بالمواطن فیذهب كثیر من القرآ‌ن وإنی أری أن تأمر بجمع القرآ‌ن، قلت لعمر: كیف تفعل شیئاً لم یفعله رسول الله ، قال عمر: هذا والله خیر، فلم یزل عمر یراجعنی حتی شرح الله صدری لذك، ورأیت فی ذلك الذی رأی عمر، قال زید: قال أبوبكر: إنك رجل شاب عاقل لانتهمك وقد كنت تكتب الوحی لرسول الله (صلی الله علیه وسلم) فتتبع القرآ‌ن فأجمعه، فوالله لو كلّفونی نقل جبل من الجبال ماكان اثقل علیّ مما أمرنی به من جمع القرآ‌ن، قلت: كیف تفعلون شیئاً لم یفعله رسول الله  قال: هو والله خیر. فلم یزل أبوبكر یراجعنی حتی شرح الله صدری للذی شرح له صدر أبی بكر وعمر (رضی اله عنهما)، فتتبعت القرآ‌ن أجمعه من العسب واللحاف وصدور الرجال، حتی وجدت آ‌خر سورة التوبة مع أبی خزیمة الانصاری لم أجدها مع أحد غیره، لقد جاءكم رسول الله من أنفسكم عزیز علیه ماعنتم.. حتی خاتمة برا‌ءة، فكانت الصحف عند أبی بكر حتی توفاه الله ثم عند عمر حیاته ثم عند حفصە بنت عمر (رضی الله عنها)”. (2)

واتە: ئەبوبەكر دوای كوشتارەكەی خەڵكی یەمامە ناردی بە شوێنمدا، كە رۆیشتم عومەری كوڕی خەتتابیش لای ئەو بوو، ئەبوبەكر (خوای لێ رازی بێت) فەرمووی: عومەر هاتە لام‌و پێی وتم: كوشتن لە رۆژی یەمامەدا زۆرێك لە قورئان خوێنەكانی تیابردووەو منیش زۆر لەوە ئەترسم كوشتن لەمەودوا ‌و لەشەڕەكانی تردا هەروا بكات لە قورئان خوێنەكان‌و زۆرێك لە قورئانمان لەدەست بچێت، بۆیە رام وایە كە فەرمان بدەی قورئان كۆبكرێتەوە (لەیەك “مصحف”دا) منیش بە عومەرم وت: چۆن شتێك ئەكەی كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) نەیكردووە، عومەر ئەیوت: ئەو كارە سوێند بە خوا خێرێكی گەورەیە ‌و عومەر بەردەوام هاتوچۆی ئەكردم (بۆ ئەو كارە)، تا خوای گەورەش سنگی منیشی گوشاد كرد بۆ كارەكەو هەمان ئەو رایەم بۆ دروست بوو كە بۆ عومەر دروست بوو بوو، “زەید” ئەفەرموێ‌: ئەبوبەكر فەرموی: تۆ پیاوێكی گەنج‌و ژیری، ئێمەش هیچ تۆمەتێكمان لەسەرت نییە(3)،  لە خزمەت پێغەمبەریشدا تۆ هەر (وحی)ت بۆ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) ئەنووسییەوە، كەواتە دەست بكە بە گەران بە شوێن هەموو قورئانداو كۆی بكەرەوە، سوێند بە خوا ئەگەر ئەركی گواستنەوەی شاخێك لە شاخەكانیان بسپاردایە پێم لەوە گرانتر نەئەبوو كە ئەركی كۆركردنەوەی قورئانیان پێ سپاردم، وتم: (باشە) چۆن شتێك ئەكەن كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) نەیكردووە، ئەبوبەكر فەرمووی: وەڵڵاهی ئەمە خێرێكی گەورەیە، ئەبوبەكر بەردەوام باسەكەی لەگەڵمدا ئەكردەوە، تا خوای گەورە سنگی منیشی گوشاد كرد بۆ ئەو كارە وەك چۆن سنگی ئەبوبەكرو عومەری بۆ گوشاد كرد (رەزای خوایان لێ بێت) دوای ئەوە ئیتر دەستم دایە قورئان كۆكردنەوە لە هەموو ئەو شتانەدا كە تێیدا نووسرابوویەوە وەك (پەلی پانی دارخورما) ‌و (تەنكە بەرد)و (سنگ‌و دڵی پیاوان).. تا ئەوەی كۆتایی سورەتی (تەوبە)م لای (ئەبی خوزەیمە)ی ئەنصاری دەست كەوت كە لای كەسی تر دەستم نەكەوت كە ئەفەرموێ‌: (لَقَدْ جَاءكُمْ رَسُولٌ مِّنْ أَنفُسِكُمْ عَزِيزٌ عَلَيْهِ مَا عَنِتُّمْ حَرِيصٌ عَلَيْكُم بِالْمُؤْمِنِينَ رَؤُوفٌ رَّحِيمٌ * فَإِن تَوَلَّوْاْ فَقُلْ حَسْبِيَ اللّهُ لا إِلَـهَ إِلاَّ هُوَ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَهُوَ رَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ) (التوبة: 128ـ 129).. ئیتر دوای ئەوە هەموو ئەو صوحوفانە (پارچە قورئانانە) لای ئەبوبەكر هەڵگیران تا كۆچی دوایی كردو پاشان لای عومەرو تا لە ژیاندا بوو، پاش ئەویش خرایە لای ـ حفصەی كچی عومەر ـ رەزای خوای لێ بێ‌ ـ )..

لەم ریوایەتەوە هەندێ‌ شتی ورد هەیە جێگەی خۆیەتی ئاماژەیان پێ بدەین:

1ـ بڕیاری كۆكردنەوەی قورئان لە ئەنجامی ئەوەوە هات كە قورئان خوێن‌و حافزەكانی قورئان بە زۆری بەشداریی شەرەكانیان ئەكردو لە ریزی یەكەمی شەڕەكاندا بوون مەترسی ئەوە دروست بوو بە نەمانی ئەوان هەندێ‌ لە قورئان لەناوبچێ، ئەوەش وانەیەكە بۆ زانایان ‌و رۆشنبیرە موسڵمانەكان كە بەرزكردنەوەی ئاڵای ئەم دینە كاری هەموو لایەكەو نابێ‌ ئەوان خۆیانی لێ بدزنەوە.

2ـ كۆكردنەوەی قورئان با كارێكە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نەشی كردووە، بەڵام مادامێك بەرژەوەندییەكی گەورەی تێدایە ئەو صحابە گەورانە پێی هەستان‌و ئەوەبوو دوایش هەموو موسڵمانان بەشدارییان كرد لەو كارە خێرەداو تا دونیا دونیایە خەڵك وەك سەروەرییەك باسی دەكەن بۆ عومەر وەك پێشنیارو بۆ ئەو ئەبوبەكر وەك بڕیاردەرو بۆ زەید وەك هەڵسوڕێنەرو بۆ صحابەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) وەك خەڵكێكی بەشدار لەو كارە گەورەدا.

3ـ ئەو ریوایەتە ئەوە دەردەخات كە ئەصحابی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بەرەیەكی ناوازەو هەستیار بوون، لەلایەكەوە زۆر بە ترسەوە بڕیار لە كۆكردنەوەی قورئان ئەدەن‌و لە لایەكەوە خەمی فەوتانی قورئانیان هەیە كە سەرچاوەی وەرگرتنی بیروڕاو رەوشت‌و هەموو پرنسیپەكانی ژیانە لەلایەكی تریشەوە ئەوكارە ئەوەندە گەورەیە لایان گواستنەوەی كێوێك ئاسانترە لەو كارە، كەچی ناوی خوای لێدێنن‌و بڕیاری لەسەر ئەدەن.

4ـ لە ریوایەتەكەوە كەش‌و هەوای خۆشەویستی ‌و برایەتی‌و موسڵمانێتی بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە كەس رای خۆی ناسەپێنێ‌ بەسەركەسداو لە رێگەی حیوارو گفتوگۆوە بڕیار لە مەسەلە چارەنووسەكاندا ئەدەن ‌و كەراشیان دێتە سەر كارەكە هەموو بەدڵا‌و بە گیان كاری بۆ دەكەن وەك ئەوەی هەر لە سەرەتاوە رایان لەسەری بووبێت!

5ـ لەو ریوایەتەوە دەردەكەوێت هەڵبژاردنی (زەید) بۆ ئەو كارە لەبەر زۆر هۆی گرنگ بووە، لەوانە:

أ ـ پیاوێكی گەنج‌و بە تاقەت بووەو لە ترۆپكی وزەو ورەدا بووە، چونكە ئەو كاتە تەمەنی (21) ساڵان بووە، وەك هەندێ‌ لە زانایان ئەڵێن.(4)

ب ـ كەسێكی شیاو بووە بۆ ئەو كارە، چونكە خاوەنی (عەقڵێكی چاك) بووەو توانای لەبەركردن‌و بەدواداچوونی زۆر بووە، تەنانەت كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەچێتە (مەدینە) داوای لێ ئەكات خۆی فێری زمانی یەهودی بكات (واتە: زمانی عیبری)، زەید لە (پازدە رۆژ)دا فێری زمانەكە ئەبێت، زەید خۆی ئەفەرموێ‌: كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هاتە مەدینە بردمیان بۆ خزمەتی، زۆر سەری لێم سوڕما، عەرزیان كرد: ئەی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) ئەمە یەكێكە لە كوڕانی (بەنی نەججار)‌و نزیكەی نۆزدە سورەتی لە قورئان لەبەركردووە تا ئێستا، پێغەمبەر ئەوە سەرنجی راكێشاو فەرمووی: “یا زید تعلم لی كتاب یهود فأنی والله ما آ‌من یهود علی كتابی”. (زەید خۆت فێری نووسینی جولەكە بكە بۆم، چونكە سوێند بە خوا جولەكە بەدەست پاك نازانم بۆ نامەكانم)، زەید ئەڵێ‌: پازدە شەو تێنەپەڕی زۆر بە چاكی فێری نووسینی زمانەكەیان بووم، هەر نامەیەكی ئەوان بهاتایە ئەم خوێندەوە بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ‌و هەر نامەیەكیشی ببوایە بۆ ئەوان بۆم ئەنووسی.

ج ـ پێاوێك بوو جێگەی متمانە بووەو كەس قسەی لەسەر نەبووە ‌و پەسەندیدەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بووە، بۆ كاری واش هەر ئەو جۆرە پیاوانە ئەبێت تەرخان بكرێ‌ بۆ دڵنیایی زیاتری خەڵك.(5)

دـ خاوەن ئەزموونێكیش بووە لەو مەیدانەداو یەكێك بووە لە نووسەرەكانی (وحی)، نەك هەر ئەوە، بەڵكو زەید بە (كاتب الوحی) یان (كاتب الرسول (صلی الله علیه وسلم)(6)  ئەناسرا لەناو صەحابەو لەسەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم).

هـ ـ لە سەروو ئەمانەشەوە (زەید) لەلایەكەوە هەموو قورئانی لەبەر بوو(7)،  لەلایەكیشەوە ـ مصحف ـ ێكی خۆی هەبوو، كە زانایان ئەڵێن: بۆ كۆتا جار پیشانی پێغەمبەری (صلی الله علیه وسلم) داوە لەو ساڵەدا كە كۆچی دوایی كردووە. (8)

جا حەزرەتی ئەبوبەكر (رەزای خوای لێ بێت) هەستا لیژنەیەكی لە حەزرەتی عومەرو زەید دروست كرد بۆ ئەو كارە بەرنامەیەكی وردی بۆ دانان دەربارەی چۆنێتی كارەكەیان:

:پێی وتن: لەبەردەم دەرگای مزگەوتدا دابنیشن ‌و هەركەس هەر قورئانێكی لابوو بە دوو مەرج لێی وەربگرن.

یەكەم: بە نووسین هەبێت لای یەكێك.

دووەم: یەكێك لەبەری بێت.

ئەبوداوودی حەدیسزان ئەفەرموێ‌: عومەر (خوای لێ رازی بێت) رایگەیاند هەركەسێك شتێكی لە قورئان لا هەیە ‌و لە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) ی وەرگرتووە بابیهێنێ‌ بۆمان”.(9) ‌و ژمارەیەك صەحابە دانران بۆ نووسینەوەی ئەو قورئانانە ‌و ئوبەی كوڕی كەعب بۆی ئەخوێندنەوەو ئەوانیش ئەیانووسی.(10)

هەر ئەبوداود ئەفەرموێ‌: “وكان لا یقبل من إحد شیئا حتی یشهد شاهیدان”.(11)  هیچیان لەكەس وەرنەدەگرت ئەگەر دوو شایەتی پێنەبوایە.

ئیبن حەجەر (رحمه الله) ئەفەرموێ‌: “المراد بالشاهدین: الحفظ والكتابة”.(12)  مەبەست بەدوو شایەت ئەوەیە: هەبێت لەبەری بێت‌و هەبێت بە نووسراوی لای هەبێت‌و تەنیا یەكێكیان بەس نییە. ئەوەتا زەیدی كوڕی پابت ئەفەرموێ‌: كۆتا ئایەتی سورەتی (التوبة)م تەنیا لای ئەبی خوزەیمە دەست كەوت (واتە بە نووسراوی) (13)، ئەگەرنا خۆ زەید خۆی‌و عومەرو ئەبوبەركو زۆربەی صەحابەش ئایەتەكەیان لەبەربوو(14)،  ئەم لیژنەیە نزیكەی دوو ساڵ(15)  خەریكی كۆكردنەوەی هەموو ئەو صوحوفانە بوون كە لای خەڵكی هەبوون‌و گشتیان لەیەك (مصحف)دا كۆكردەوە بەو شێوەیەی كە لە سەردەمی پێغەمبەردا وەرگیرابوو.

جیاوازی ئەم نووسینەوەو كۆكردنەوەی قورئانە لەگەڵا سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وێ‌له وسلم) چەند شتێكە:

ـ لەسەردەمی پێغەمبەردا هەر پارچەی لای یەكێك بووەو لە یەك (مصحف)دا كۆنەكراوەتەوە.

ـ لە سەردەمی ئەبوبەكردا هەمووی لەیەك (مصحف)دا كۆكراوەتەوە.

ـ لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) قورئان بە بەش بەش‌و پرش‌و بڵاوی هەبوو، واتە هەبووە لە سورەتێك چەند ئایەتێكی لابووە، یان لە قورئان چەند سورەتێكی لابووە كە ریزبەندی تێدانەبووە.

ـ لەسەردەمی ئەبوبەكردا (رەزای خوای لێ بێت) هەمووی ریزبەندی كراوەو بەو شێوەیەی كە لە خزمەتی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) وەریانگرتووە نووسیویانەوە، چونكە نووسینەوەو دانانی سورەتەكان ‌و ئایەتەكان كارێكی تایبەتە بە پێغەمبەری خواوە و ئەویش بەوشێوەیە گەیاندوویەتی‌و دایناوە كە خوای گەورە فەرموویەتی. (16)

ـ جگە لەمانەش ئەم كۆكردنەوەیە تەنیا قورئانی تێدا نووسراوەتەوەو هیچ جۆرە تەفسیرێك، یان شەرحێكی لەگەڵا نەبووە، كە لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) هەبووە لەگەڵا قورئانەكەدا، تەفسیریان شەرحیشی نووسیوە بۆ زیادە تێگەیشتنی خۆی.

ـ ئەم كۆكردنەوەیە ئەوپەڕی وردەكاری ‌و مەرج ‌و ئیحتیاتی تێدا كراوەو بەشێوەیەكی زانستی نووسراوەتەوە، بەڵام ئەم حاڵەتە لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) بەو وردییە نەبووە.

ـ ئەم نووسینەوە تەنیا ئەو ئایەت‌و سورەتانەی تێدا نوسوراوەتەوە كە (نەسخ) نەكراون، كە لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) ئەمەش رەچاونەكراوە.

ـ ئەم كۆكردنەوە (ئیجماعی ئوممەتی ئیسلامیی) لەسەر دروست بوو، بە پێچەوانەی ئەوانەی سەردەمی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە زۆرتر كاری شەخصی بوون.

بەو شێوەیە قورئان لە سورەتی (الفاتحة)ەوە تا سورەتی (الناس) كۆكرایەوەوە هەمووی خرایە نێوان دوو بەرگەوەو تەسلیم بە حەزرەتی ئەبوبەكر كراو لای ئەو مایەوە تا كۆچی دوایی كرد‌و پاشان لای عومەر مایەوەوە تا ئەویش كۆچی دوایی كردو پاشان خرایە لای حەفصەی كچی عومەرو دایكی موسڵمانان (رەزای خوا لە هەموویان بێت) ‌و ئەو خەلیفە بەرێزانە لە دڵەخورپەی فەوتانی قورئان كەوتن‌و صحابەش كە هەستیان ئەكرد قورئان بە گشتی ‌و بە نووسراوی ‌و تەواوی هەیە بەو شێوەیەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە خواوە بۆی هاتووە، بێخەم بوون‌و لە ئاسوودەییدا ئەژیان.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  1. ریوایەتێ‌ ئەفەرموێ‌ حەوتسەد كەس كوژراون (إشارد الساری 7/441).
  2. إرشاد الساری: القسطلانی، (7/447و448).
  3. قسطلانی ئەڵێ‌: “لانتهمك: أشار الی عدم كذبه به وأنه صدوق”. واتە: ئاماژە بۆ ئەوە ئەكات گە درۆی لێ نەبیستراوەو پیاوێكی زۆر راستگۆیە”. هەمان سەرچاوەو لاپەڕە.
  4. عثمان بن عفان، شخصیته وعصره، الصلابی، ص248. ئیبن كثیر لە (البدایة والنهایة: 5/370)دا ئەڵێ‌: كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) تەشریفی چووە مەدینە، “زەید” یازدە ساڵان بوو، بۆیە كە شەڕی (بدر) روویدا لەبەر مناڵی نەیانبرد بۆ شەڕو هەروەها بۆ ئوحودیش، یەكەم شەڕێك بەشداری تێدا كرد شەڕی (خەندەق) بوو، پاش ئەوە بەشداری هەمو شەڕەكانی كردووە.
  5. البدایةو النهایة، (5/370). “ئیبن كثیر” ئەفەرموێ‌: ئیمامی ئەحمەد ریوایەتی كردووە. ئیمامی بوخاریش لە (كتاب الاحكام، باب ترجمة الحكام)دا ئەم فەرمودەیە ئەهێنێت . (إرشاد الساری: 10/258).
  6. ارشاد الساری، (7/449).
  7. سیر أعلام النبلا‌ء، الذهبی، (2/431).
  8. علوم القرآ‌ن، ڵاحمد عادل كمال، ص48، 49.
  9. أرشاد الساری، (7/447).
  10. ارشاد الساری، (7/449).
  11. ارشاد الساری، (7/164).
  12. مباحث فی علوم القرآ‌ن، مناع القطان، ص122.
  13. إرشاد الساری، (7/447)، قەسطلانی لە (إرشاد الساری)، 7/163دا ئەڵێ‌: (فالمراد بالنفی نفی وجودهما مكتوبین لا نفی كونهما محفوظین).
  14. مباحث فی علوم القرآ‌ن القطان ص122.
  15. هەندێ‌ لە زانایان ئەفەرموون: (دوو ساڵا، یان سێ‌ ساڵ)ی خایاند. علوم القرێ‌ن، أحمد عادل كمال، ص48. بەڵام دروست ئەوەیە كە كە لە ساڵی یازدەی كۆچییەوە دەستی پێكراو پێش مردنی خەلیفە ئەبوبەكر لە ساڵی سیازدەی كۆچیدا بە كۆكراوەیی لە ماڵی حەزرەتی ئەبوبەكردا دانرا، (تأریخ القرآ‌ن، محمد طاهر الكوردی، ص28).
  16. عثمان بن عفان، الصلابی، ص249.

About كه‌یفی عمر

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …