Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / پەیوەندی نێوان ئایین لەگەڵ فەلسەفە

پەیوەندی نێوان ئایین لەگەڵ فەلسەفە

پەیوەندی نێوان ئایین لەگەڵ فەلسەفە

1457994365926

د: حەسەن حوسێن سدیق
لە نێوان فەلسەفە و ئایندا پێوەندیکی توندوتۆڵ هەیە کە هیچ کەمتر نییە لەو پێوەندیی کە لە نێوان فەلسەفە و زانستدا هەیە، هەروەها هیچ ناکۆکییەک لە نێوانیانیدا نییە، چونکە فەلسەفە لە بنەڕەتدا لە باوەشی ئاینەوە سەری هەڵداوە و باشترین بەڵگە بۆ ئەم وتنە برێتییە لە مێژووی فەلسەفە کە بە ڕوونی دەیسەلمێنێ پێوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان ئاین و فەلسەفەدا هەیە هەر لە مێژەوە، بۆ نموونە دەوتری ئاینە کۆنەکانی وەک ئاینی میسری و میسۆپۆتامیا و هیندۆسی و چینی و…هتد، رێخوشکەر بوونە بۆ سەرهەڵدانی فەلسەفە لە وڵاتی یۆنان، کەواتە ئاین بنەما و بنچینەی هەموو هزرینێکی فەلسەفییە، ئەمەیش واتای ئەو دەربڕینەیە کە دەڵێت: ” فەلسەفە کچی ئاین و دایکی زانستە، بەوەی کە ئاین رێخوشکەری فەلسەفە بووە و فەلسەفەیش زانستی بەرهەم هێناوە “، بەڵام لێرەدا گەر ئێمە بڵێن ئاین رێخوشکەری فەلسەفەیە، ئایا دەگونجی بڵێین ئاین و فەلسەفە یەک سەرچاوەیان هەیە ؟ نەخێر ناکری بڵێین ئاین و فەلسەفە یەک سەرچاوەیان هەیە، هەڵبەتە سەرچاوەی فەلسەفە برێتییە لە ئەقڵ، ئاینیش (ئاسمانییەکان) پشت بە سروش ــ وەحی دەبەستن.

پێوەندی نێوان ئاین و فەلسەفە لە سەدە دێرینەکاندا:

ئاشکرایە ئاین بەر لە فەلسەفە هەبووە، چونکە سەرجەم تۆژینەوەکان لەبارەی ژیارەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئاین بەر لە فەلسەفە هەبووە و هیچ گومانی تێدا نییە.
هەروەها سەرچاوەی ژیاری و شارسنانییەکانی وەک میسر، هیند، چین، فارس و بابل دەگەڕێتەوە بۆ بناخە گیانییەکان کە گرینگییان بە ئاسمان و زەوی داوە، گیان بەلاى ئەوانەوە دەسەڵاتى بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانەوە هەیە، هەروەها بڕوایان بە پەیامبەران و سرووش هەیە، کە زانست و هونەرەکان لە پێناو خزمەتکردنی ئاسمان تەرخانکردووە، بەڵام کاتێک فەلسەفە لە یۆنان  سەریهەڵدا لە سەدەی شەشی پ.ز، بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ ئاینیدا، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی رێکخراوێک لە پیاوانی ئاینی کە کار بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی نەگۆڕ بکەن لە ناو کۆمەڵگەدا. لە کاتێکدا کە ئاین تێکەڵ ببوو بە ئەفسانە بۆ نموونە، لە نووسینەکانی (هۆمیریۆسدا) دەبینین کە چۆن باس لە خوداوەندەکانی یۆنان دەکات، بە تایبەتی لە چیرۆکی (ئەلیادە)، ئەم خوداوەندانە هیچ جیاوازیان نییە لەگەڵ مرۆڤدا، تەنها بەوەی نەبێت کە ئاوێکی شین بە ناو لەشیاندا دێت و دەڕۆات و دەبێتە هۆی نەمریان. کەواتە خوداوەندەکانی یۆنان وەک مرۆڤ وان لە سەرجەم خەسڵەتەکانیاندا کە تەنها بە نەمری جیادەکرێنەوە، هەر بۆیە فەیلەسووفە بەراییەکانی یۆنان پەیان بەو ڕاستییە برد، کە ئەو ئەفسانانە تەنها برێتین لە ئەندێشە و خەیاڵی مرۆڤەکان و لەسەر فۆڕمی خۆیان خوداوەندەکانیان چێکرد، بۆ نموونە فەیلەسووفی یۆنانی (ئیکسانۆفان) سەر بە قوتابخانەی ئیلییەکان ئەوەی رەتکردەوە کە مرۆڤەکان فۆڕمی خوداوەندەکانیان لەسەر شێوەی خۆیان وێنا بکەن، بۆ نموونە خەڵکی تراقیا خوداوەندەکانی خۆیان بە چاو شین و پرچ سوور وێنا دەکرد، بۆیە گەر ئەسپەکان توانای ئاخافتنیان هەبووایە، ئەوا ئەوانیش خوداوەندەکانیان لە سەر فۆڕمی خۆیان وێنا دەکرد. هەروەها دەبینین (ئینکساگۆراس ) بە زەندیق تاوانبار کرا، کە دەیوت خۆر پارچەیەکی گڕگرتووە و مانگیش برێتییە لە زەوی نەک هەردووکیان خوداوەند بن، بەڵام گەر بڕوانینە سوکرات و ڕێزلێنانی ئەو بۆ دابونەریتە ئاینییەکانی سەردەمەکەی و ڕێزلێنانی بۆ یاساکانی ئەسینا دەبینین کە سوکرات بەوە تاوانبارکرا، کە خوداوەندەکانی شاری ئەسینای رەتکردەوە و هەوڵی دەدا کە بیروباوەڕی نوێ بهێنێتە نێو ژیانی ئەسیناوە، سزای ئەم  جۆرە تاوانەش برێتی بوو لەداردان، هەر بۆیە سوکرات بڕوای بە نەمری گیان هەبوو، تاکە ڕێگەش بۆ بە دەستهێنانی چاکە “برێتییە لە زانین”.
سەبارەت بە پلاتوون و فەلسەفەکەی دەبینین کە ئەم فەیلەسووفە، لەسەر هەمان رێچکەی مامۆستاکەی خۆی سوکرات پەرەی بە فەلسەفاندن دەدا، فەلسەفەکەی لە رووی فۆڕمەوە دەربڕینی ئەفسانەیی قبووڵ دەکرد، بەڵام لە رووی ناوەرۆکەوە پلاتوون ئاین سەرچاوەی ئیلهامی بووە. هەروەها ئەسیناییەکان ئەرستۆیان بە ئیلحاد تاوانبارکرد، چونکە هیچ شوێنەوارێکی بە فەلسەفەکەیەوە دیار نییە بە تایبەتی لە تێڕوانینیدا بۆ جوڵێنەری یەکەم، بەڵام سەبارەت بە گونجاندنی پێوەندی نێوان ئاین و فەلسەفە لە کۆندا دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی پلاتوونیزمی نوێ  کە بە سێ قۆناخدا تێپەڕیوە:-
1-    قۆناخی یەکەم :- ئەم قۆناخە بەوە جیاوازە کە جۆرە هاوسەنگێکی لە نێوان ئاین و فەلسەفە ئەنجامدا، بە نموونە، فەلسەفەی ئەفلۆتین بە دەوری دوو کێشەدا دەخولێتەوە، کە برێتین لە کێشەیەکی ئاینی وەک چارەنووسی دەروون و ڕێگەی گەڕانەوەی بەرەو پاکژیی یەکەم کە دەروون تیادا بووە، بەڵام کێشەی دووەم، کێشەیەکی فەلسەفەیە، پێوەستە بە ڕێکخستنی گەردوونەوە و ڕاڤەکردنی بە شێوەیەکی ئەقڵانی، ئەم دوو کێشەیەش پێکەوە گرێدراون.
2-    قۆناخی دووەم:- لەم قۆناخەشدا ئاین بە تەواوی زاڵ دەبێت بەسەر فەلسەفەدا، ئەم جۆرە زاڵبوونە لە فەلسەفەی ( یامبلیخۆس)دا دەردەکەوێت، کە  فەلسەفە و ئاین پێکەوە دەبەستێتەوە، بۆ نموونە، کاتێک پلاتوون و ئەرستۆ دەخوێنێتەوە بە فیساگۆرسەوە گرێیان دەدا، لە دواجاردا هەڵدەستی بە ڕاڤەکردنی بەشێوەیەک کە لەگەڵ ئاین و سۆفیگەرایی ڕۆژهەڵاتدا بگونجێت.
3-    قۆناخی سێیەم:- لەم قۆناخەدا پلاتوونیزمی نوێ کاریگەرە بەئاڕاستەی (پیاسەکاران) بەرئەنجامی ئەم کاریگەرییەش ئەوەبوو کە پلاتوونیزمی نوێ زیاتر وردی و رێکخستنی پێوە دیارە لە دەقەکانیدا.
فەلسەفە و ئاین لە سەدەکانی ناوەڕاستدا:
سەدەکانی ناوەڕاست بەوە جیادەکرێتەوە لە سەدەکان دیکە، پتر لاهووت زاڵبووە، هەر بۆیە پرسەکان تا ئەندازەیەکی زۆر پرسی ئاینین، بە تایبەتی هەوڵدان بۆ گونجاندن لە نێوان ئەقڵ و نەقل یاخۆ فەلسەفە و ئاین یان دانایی و شەریعەت، لێرەوە ئاینە ئاسمانییەکان ڕووبەڕووی ئەم پرسانە بوونەتەوە، لەوانە ئاینی جوولەکە، مەسیحی و ئیسلام.
1-    ئاینی جوولەکە:- بەناوبانگترین فەیلەسووفی جوولەکان لە سەدەی یەکەمی زاینی کە هەوڵی گونجاندنی نێوان ئاینی جوولەکە و فەلسەفەی پلاتوونی دابێ (فیلوونی ئەسکەندەریی)، کە لە شاری ئەسکەندەریی قوتابخانەیەکی هزری دامەزراند، ئەم کارەی بە پشت بەستن بە میتۆدی هێرمۆنتیکای هێمایی یان جەڤەنگی بە تەورات بە ئەنجام گەیاند، بۆ نموونە لە جێبەجێکردنی میتۆدەکەی دەبینین فیلوون لە وەسفکردنی گەشتى رۆح و گەڕانەوەی بۆ پایەی ئیلاهی، بە کەشیشی بلیمەتی دەچوێنێت، لێرەدا گەر ئێمە بڕوانینە دەربڕینێکی فیلوون دەبینین چوونە ژوورەوەی کەشیشی بلیمەتی جوولەکانی بۆ لای پیرۆزی پیرۆزییەکان بە گەیشتنی دەروونی دەچوێنێت بۆ جیهانی ماقووڵ، هەروەها کاتێک کەشیش پۆشاکەکەی دادەکەنێ، واتە دەروون خۆی لە خەڵەتە زەمینییەکان دادەماڵی، کەواتە لێرەوە تێکڕای چیرۆکەکە شێوەیەکی هێماییی ئاماژە بە ئەزموونی سۆفیگەری دەدا، ئامانجی فیلوون لە بەکارهێنانی میتۆدی هێرمۆنتیکای هێمایی بۆ شرۆڤەکردنی دەقە پیرۆزەکانی تەورات لە پێناو بە گشتاندنی شەریعەت و ئاینی جوولەکە بووە، کە پابەند نەبێت بە هیچ کات و شوێنێکەوە.
2-    ئاینی مەسیحی: لە کۆتایی چاخەکانی  کۆنەوە ئاینی مەسیحی لە رێگەی مژدەدەرەکانەوە لە ڕۆمای پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ڕوما بڵاوبوەوە، مژدەدەری وەک بزاڤێکی نهێنی لە سەدەی یەکەمی زاینی لە ڕۆما سەریهەڵدا، یەکێک لە مژدەدەرەکان قدیس بووترس”ــە، یاریدەدرەکەیشی فەیلەسووفی ڕۆمانی “قدیس بۆڵس”، بەڵام لە میسردا قدیس مرقس هەڵسا بە بڵاوکردنەوەی، ئاینی مەسیحی سەرجەم قورساییەکانی لەسەر شانی مرۆڤی وەلاوە ناوە، هەروەها ئازادییەکی ڕەهای بە مرۆڤان بەخشیوە و ڕێگەی ڕزگاربوون و پاکژبوونەوە لە تاوانەکانی بۆ روونکردووتەوە، دەکرێ بڵێین ئەم فۆڕمە لە لێبووردن لە ئاینی مەسیحیدا بۆ مرۆڤ دانراوە.
هەروەها لە کۆتاییەکانی سەدەی دووی زاینیدا لە شاری ئەسکەندەرییە قوتابخانەی ئەسکەندەرییە بۆ فێرکردنی بناخەکانی ئاینی مەسیحی سەریهەڵدا، کە مەسیحییەتی تێکەڵ بە فەلسەفەی یۆنانی کرد، دوو زانای مەسیحی بەناوبانگیش (کلمینتی ئەسکەندەری و ئۆریجینی ئەسکەندەری) بەدەرکەوتن.
کلیمنتی ئەسکەندەری:- یەکێک بوو لەو کەسانەی داکۆکی لە ئاینی مەسیحی دەکرد و پێی وابوو کە فەلسەفە دژی ئاین نییە، چونکە بڕوابوون برێتییە لە ئەزموونێک کە بە شارەزایی کۆتایی دێت و مرۆڤ دەگەیێنێت بە ڕووناکی، هەروەها دەیووت پێویستە هەموو مەسیحییەکی ڕۆشنبیر شارەزا بێت لە ئاین و باشترین رێگەش بۆ ئەم کارە، کە بتوانێت خزمەت بەم ئاراستەیە بکات فەلسەفەیە.
ئۆریجینی ئەسکەندەری: یەکێکی دیکەیە لە شرۆڤەکارانی کتێبی پیرۆز، کە فەلسەفەی وەک ئامرازی راڤەکردنی بیروباوەڕی ئاینی بە کاردەهێنا، بۆ نموونە، لە شرۆڤەکردنی بۆ ئەو دەقەی کە لە سفری تەکوین هاتووە: ( فی البدْ  خلق السموات والارچ) ئەم دەقە ئەوە ناگەێنێ کە خوای گەورە زەوی و ئاسمانی لە نیو کاتدا دروستکرد بێ، بگرە لە ئەزەلەوەیە، لێرەوەش دوو گرووپ لەبارەی پێوەندی نێوان ئاین و فەلسەفە هاتنە کایەوە، یەکێکیان هەوڵی ئەوەی دەدا، کە فەلسەفە وەک ئامرازی داکۆکیکردن لە ئاین پێناسە بکات و هیچ جیاوازێک نابینن لە نێوانیاندا، هەروەها فەلسەفە برێتییە لە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە بڕوابوون، لەو فەیلەسووفانەی کە سەر بەم گرووپەن “سان ئۆگستین، کە پێی وایە هیچ ناکۆکییەک نییە لە نێوان ئاین و فەلسەفە یاخۆ لەنێوان بڕوابوون و ئەقڵ، چونکە ڕاستییە ئیلاهییەکان بابەتی راستەقینەن بۆ هەر یەک لە فەلسەفە و ئاین، گەر ڕێگەکانیشیان جیاواز بێت، بەڵام فەیلەسووفی ئەقڵانی”تۆماس ئەکوینی” کە سەر بەگرووپی دووەمە هەوڵی جیاکردنەوەی ئاین و فەلسەفەی دەدا، بەوەی کە ڕاستییەکانی بڕوابوون بۆ لاهوت گەڕاندەوە، ڕاستییە ئەقڵییەکانیشی بۆ فەلسەفە، چونکە پێی وابوو کە فەلسەفە و بڕوابوون لە ڕووی بابەت و میتۆدەوە جیاوازن، بابەتی فەلسەفە سروشتییە و لە ڕێگەی ئەقڵەوە چەنگ دەخرێت، بەڵام بابەتی بڕوابوون یاخۆ ئاین لە ڕێگەی ئیلهامی ئاسمانییەوە سرووش و نەقڵەوە وەردەگیرێ، بەڵام سەبارەت بە میتۆدی فەلسەفە برێتییە لە سەلماندن و بەڵگەهێنانەوە، میتۆدی بڕوابوون پشت بە سرووش دەبەستێ.
3ـ ئاینی ئیسلام: پرسی گونجاندن لە نێوان فەلسەفە و ئاینی ئیسلام یان ئەقڵ و نەقڵ بە یەکێک لە پرسە مەزنەکانی مێژووی هزری ئیسلام ناسراوە، ئەم پرسەش لەلایەن فەیلەسووفان و زانایانی کەلامەوە هەوڵی چارەسەرکردنی زۆری بۆ درا.
پێوەندی نێوان ئەقڵ و نەقڵ لاى زاناکانی کەلامی ئیسلامی:-
ڕەوانبیژانی ئیسلامی باس لە پێوەندی نێوان ئەقڵ و نەقڵ دەکەن، ئاخۆ کامیان لە پێش ئەوی دیکەیانە، هەروەها تا چ ڕادەیەک دەتوانرێت پشت بە ئەقڵ ببەسترێت لە بابەتەکانی شەریعەت و بڕوا، ئەوان لێرەدا پشت بە دەقەکانی قورئانی پیرۆز دەبەستن، کە بانگەشە بۆ بیرکردنەوەی ئەقڵی دەکات سەبارەت بە گەردوون و نیشانەکانی دیکە دنیا، بەکارهێنانی ئەقڵ لە پێناو گەیشتن بە بڕوابوون، ئەم پرسەی نێوان ئەقڵ و نەقڵ خۆی لە سێ ئارَاستەی سەرەکیدا دەردەخات:-
حەشەوییەکان و زاهیرەکان، ئەم گرووپە تەنها دەسەڵاتی شەریعەت وەک دەروازەیەک دەبینین بەرەو بڕوا، بەڵام سەبارەت بە ئەقڵ بەلای ئەم گرووپەوە هیچ ڕۆلێکی نییە.
1-    ئاڕاستەی موعتەزیلە: ئەم گرووپەش دەسەڵاتی ئەقڵ لە پێش لە نەقڵەوە دادەنێن بۆ گەیشتن بە هەقیقەتی بڕوا.
2-    ئاڕاستەی ئەشعەرییەکان یان ئەهلی سونە و جەماعەت: ئەم گرووپەش گونجاندنێک لە نێوان ئەقڵ و نەقڵدا پێکدەهێنن.کە پێیان وایە لە ڕوویەکەوە شەریعەت دەکەوێتە پێش ئەقڵ لە بابەتەکانیدا، بەڵام هەندێ جاریش لە رێگەی ئەقڵەوە لە دەقەکانی نەقڵ تێدەگەین.

فەلسەفە و ئاین لاى فەیلەسووفانی ئیسلام:
فەیلەسووفانی ئیسلام بەردەوام هەوڵی نێزیکردنەوەی فەلسەفە و ئاینییان داوە، کە فەلسەفە زانستی هەقیقەتە لە ڕێگەی ئەقڵەوە، هەوروها ئاینیش زانستی هەقیقەتە لە رێگەی سرووش ــەوە، کەواتە ئەو ڕاستییانەی کە ئەقڵ دەیخەنە ڕوو هیچ ناکۆکی و دژایەتی نییە، لەگەڵ ئەوەی کە ئاین باسی دەکات، بەم پێیە هیچ  جیاوازێک نییە لە نێوان فەلسەفە و ئاین. لە فەیلەسووفانی ئیسلام لەو سەردەمەدا:-
کندی: یەکەم فەیلەسووفە، کە هەوڵی گونجاندنی نێوان فەلسەفە و ئاینی داوە بەوەی کە بابەتە بنەڕەتییەکانی ئاین ئەو بابەتانەن کە فەلسەفە لەبارەیانەوە دەدوێت، ئەوانیش برێتین لە ( ناسینەوەی یەزدان، یەکتاپەرستی، ناردنی پەیامبەران، بڕواکردن بە دواڕۆژ و زیندووبوونەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا دەبینین کە کندی هیچ جیاوازێک نابینێ لە نێوان فەلسەفە و ئاین، بەڵام ئەو زانینەی لە ڕێگەی سرووشەوە پێمان دەگات لە پێش ئەو زانینەیە، کە لە ڕێگەی ئەقڵەوە پێی دەگەین.
فارابی : بە گەورەترین فەیلەسووف ئەژمار دەکرێت، لە مێژووی فەلسەفەی ئیسلامدا کە هەوڵی گونجاندنی داوە لە نێوان فەلسەفە و ئاین دا.
غەزالی: ئەم وەکو سۆفیگەرێک سەر بە رێبازی ئەشعەرییەکانە، پێی وایە کە شەرع دەکەوێتە پێش ئەقڵ، بەڵام دەکرێ ئێمە ئەقڵ وەک دەروازیەک وەربگرین بۆ تێگەیشتن لە دەقەکانی ئاین، کەواتە لێرەدا غەزالی دژ بە زانستە ئەقڵییەکان نەبوو، وەک چۆن هەندێ کەس پێیان وایە کە غەزالی ناکۆکە لەگەڵ زانستە ئەقڵییەکان، بۆیە دەڵێت “ئەوەی مەزندەی ئەوە بکات، کە زانستە ئەقڵییەکان دژی زانستە شەرعییەکانە ئەوە مەزندەکەی ناڕوونییەوە سەرچاوە دەگرێ”.
ئیبن روشد:- مەزنترین هەڵوێستەکانی ئیبن روشد لە بواری هزری فەلسەفەیدا برێتییە لە هەوڵدان بۆ گونجاندنی نێوان فەلسەفە و ئاین. لێردا ئیبن روشد دەڵێت ئەوەی لە قورئاندا هاتووە برێتییە لە هەقیقەت و باوەڕهێنان پێی ئەرکە، هەروەها ئاین تێڕوانینی فەلسەفەی ئەقڵی وەک ئەرک بەسەر مرۆڤدا واجیب دەکات، کەواتە هیچ نەسازانێک نییە لە نێوان فەلسەفە و ئاین، بگرە فەلسەفە هێماکانی ئاین شرۆڤە دەکات.
شەرع برێتییە لە ناوەرۆک و دیوی دەرەوەى دەقەکان، گەر جیاوازی هەبێت لە نێوانیاندا ئەوە دەبێ دەقەکان تەئویل بکرێن. بەڵام تەئویلکردنی دەق تایبەتە تەنها بە ئەهلی فەلسەفە، چونکە ئەوان دەتوانن لەژێر ڕۆشنایی ئەقڵ ئامانجی دەقەکان ڕوون بکەنەوە.
پێوەندی نێوان ئاین و فەلسەفە لە سەردەمی ڕێنیسانس و نوێدا:-
1-    سەردەمی رێنیسانس:- ئەم سەردەمە لە دوای ڕوخانی قوستەنتینییە لە ساڵی 1453 لەسەر دەستی تورکەکان بە کۆتایی هێنانی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرەتای سەردەمی ڕێنیسانس دێتە ناسین، ئەو بزاوتەی بە بزاڤی مرۆیی ناسراوە، زۆر لایەنی لە خۆگرتبوو، لەوانە لایەنی ئاینی بەتایبەتی سەرهەڵدانی بزاڤی چاکسازی ئاینی، کە سەرەتا لە ئینگلترا هاتە ئاراوە لە سەدەی چواردەی زاینی، بەڵام ئەم بزاڤە بە تەواوی لە ساڵی 1521 لەسەر دەستی هەر یەک لە (مارتن لۆتەر و جۆن کاڵڤین) لە ئەڵمانیا و فەرەنسا سەریهەڵدا، کە برێتی بوو لە بزاڤێکی ئاینی پەتی دژ بە هونەر و دابونەریت، لایەنگرانی ئەم بزاڤە بڕوایان وایە کە ئاینی تەندروست لە شارەازیی مرۆڤەوە لە ژایاندا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرچاوە دەگرێ، هەروەها هەوڵی جیاکردنەوەی پێوەندی نێوان تاک و دەسەڵاتی ئاینی “کڵێسا” و دژایەتی لاهوتی دەکرد، هەروەها بانگەشەی بو ئازادی بیرکردنەوە و سەربەخۆیی هزر دەکرد.
رووەکانی رێکەوتنی نێوان ئاین و فەلسەفە.
ئاین هیچ دژایەتێکی تێڕوانین یاخۆ تێڕامان و هزرینی ئەقڵی ناکات، ئەو کەسەی بە مێژووی فەلسەفدا بڕوانێت ئەوە پێوەندێکی توندوتوڵ لە نێوان ئەقڵ و نەقڵ یان فەلسەفە و ئاین دەبینێ، بەڵگەش بۆ ئەمە برێتییە لە ئاینەکانی وەک میسری، بابلی، هیندی و چینی و …هتد، کە زەمینەسازیان کرد لە پێناو سەرهەڵدانی فەلسەفەی گریکەکان.
هیچ ناکۆکییەک لە نێوان فەلسەفە و ئاینی ڕاستەقینەدا نییە، گەر هەبێت ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی دەمارگیری لەنێو فەیلەسووفان و پیاوانی ئاینی، کەواتە خوێندنەوەی فەلسەفە نابێتە هۆی لەقبوونی بیروباوەڕکان تەنها لە یەک دوخدا نەبیِ ئەویش کاتی ئەو بیروباوەڕە بەرتەسک و چەق بەستوو بێت، فەلسەفە و ئاین لە ڕووی بابەتەوە هاوتان یاخۆ کۆکن، چونکە هەردوو کایە ئامانجیان گەیشتنە بە هەقیقەت بە شێوەیەکی گشتی.  

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …