Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / مێژووی ئیسلام لە ئەمەریکا هاتن و گەشەکردنی

مێژووی ئیسلام لە ئەمەریکا هاتن و گەشەکردنی

مێژووی ئیسلام لە ئەمەریکا هاتن و گەشەکردنی

412035412302015135737

جەی. دەبلیو. بارکەر

لە ئینگلیزییەوە ئاراز ئەحمەد

زۆرینەی خەڵک وا دەزانن پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئیسلام پەیوەندییەکی تاڕادەیەک نوێ بێت. ئەوە تێگەیشتنێکی ناهەموارە. لەڕاستیدا، ئیسلام ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژوویی ئەمریکادا هەر لە سەرەتاوە بینیوە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئیسلام لە ئەمریکادا چوارەم بیروباوەڕی ئاینییە و موسڵمانانی ئەمریکاش لە وڵاتانی جیاوازەوە هاتوون.

زۆرینەی موسڵمانانی ئەمریکا کۆچبەری ئەمڕۆکەی ئەو وڵاتە نین: بەشیکی گەورەی موسڵمانانی ئەمریکا ئەوە بۆ ماوەی چەندین نەوەیە، لە ئەمریکادا نیشتەجێن. ئێستا کاتی ئەوەیە سەرنجێک لە مێژوویی دورودرێژی ئیسلام لە ئەمریکادا بدەین.

یەکەم- ئیسلام پێش سەردەمی شۆڕش:

یەکێک لە دێرینترین نمونەی سەلمێنراوی هەبوونی موسڵمان لە ئەمریکای باکوردا لە ساڵی ١٥٢٨دا بووە، کاتێک کە کۆیلەیەکی مەغریبی بە ناوی ئیستیڤانیکۆ یاوەری خاوەنە ئیسپانییەکەی کردووە بۆ جیهانی نوێی ئەمریکا و لە ناوچەی گاڵڤێستۆن لە تەکساس نیشتەجێ بووە.

ئەوە هەرچەندە چیرۆکێکیش سەبارەت بە هەبوونی موسڵمانێکی بە ناوی ئیستافان هەیە کە بە یاوەری ئیسپانییەک هاتووە و ڕێبەری گەشتیاری ئەو ئیسپانییە بووە لە پشکنینەکانیدا لە دوا دواییەکانی سەدەی شانزەدا و لەو ناوچەیەی کە لە ئەمڕۆدا پێی دەڵێن ئەریزۆنا و نیو مەکسیکۆ.

دووەم- ئیسلام لە سەروبەندی شۆڕش و دوای ماوەی شۆڕەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی کەم توانیویانە بگەنە ئەمریکای باکور لە پێش سەردەمی شۆڕشدا، بەڵام گەورەترین شەپۆلی کۆچی موسڵمانان بۆ ئەمریکا لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە کۆیلەوە گەیشتوون.

مەزندە دەکرێت نزیکەی لە سەدا دە بۆ لەسەدا پانزەی هەموو ئەو ئەفریقییانەی کە بەزۆر بۆ ئەمریکا هێنراون موسڵمان بووبن.

لەگەڵ گەیشتنیان بە ئەمریکا، نزیکەی هەموو ئەو موسڵمانانە ناچار کراون ئاینی خۆیان بۆ ئاینی مەسیحی بگۆڕن و تەنانەت ڕێگریشییان لێکراوە مومارەسەی ئاینی ئیسلام بکەن.

یەکێک لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو سەردەمە بریتییە لە چیرۆکی کۆیلەیەک بە ناوی عومەر کوڕی سەعید.

سەعید خۆی لە بنەچەدا موسڵمانێکی خەڵکی ناوچەی سێنیگال بووە و بازرگانێکی سەرکەوتوو و زانای ئیسلامیش بووە.

هەتاوەکو ئێستاش نازانرێت ئاخۆ سەعید چۆن دەستگیرکراوە و نێردراوە بۆ ئەمریکا، بەڵام لە دواجاردا لە ناوچەی کارۆلاینا نیشتەجێ دەبێت.

لە ساڵی ١٨١٩ دا، وەزیرێکی سەر بە پرۆتێستانتەکان لە باکوری کارۆلاینا نامەیەک بۆ فرانسیس سکۆت کیی کە پێشتر ئەستێرەکانی سەر ئاڵای ئەمریکایی نەخشاند بوو دەنێرێت و داوای نوسخەیەکی وەرگێڕاوی ئینجیلی بە زمانی عەرەبی بۆ سەعید لێکرد بوو.

فرانسیس سکۆت کیی کتێبەکە وە دەست دەخات و دەینێرێت بۆ ئەو وەزیرە و پاشان وەزیرەکەش ڕادەستی سەعیدی دەکات.

ئەو نوسخەیەی ئینجل لەم ماوەیەی دوایدا دۆزرایەوە و لە مۆزەخانەدا بۆ بینەران نمایش دەکرێت.

ئەو نوسخەیە بە تێبینییەکانی سەعید تەنراوە. زۆربەی ئەو تێبینیانە وەسف و سەنای خوا دەکەن و سەعید باسی ئەوەش دەکات کە ناسنامەی موسڵمانێتی بۆ خۆی وەدەست هێناوەتەوە ئەوە سەرەڕای ئەوەی چەندین هەوڵ هەبوون بۆ گۆڕینی ئاینەکەی بۆ ئاینی مەسیحی.

سێیەم- ئیسلام لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا:

وەک دەڵێن نزیکەی ٣٠٠ موسڵمان لە شەڕی ناوخۆیی ئەمریکادا بەشدارییان کردووە. لە نێو ئەو ٣٠٠ کەسەدا، کاپتن موسا عوسمانی دەناسرێتەوە کە خاوەنی پلەیەکی سەربازی بەرز بووە و لە بەشی پیادەی ئیلینۆیس ژمارە ١٠٤ دا خزمەتی سەربازی کردووە.

یەکێکی تر لەو موسڵمانە دیارانەی کە بەشداری ئەو شەڕەی کردووە ناوی حاجی عەلییە و بە های جوڵی-ش ناسراوە.

عەلی لە پێش شەڕی ناوخۆدا کۆچی بۆ ئەمریکا کردووە، بەڵام کاتێک کە شەڕەکە دەست پێ دەکات، عەلی پەیوەندی بە سوپای ئەمریکاوە دەکات و سەرکردەی لەشکری سەربازی حوشتر (کامڵ) دەکات کە ٧٧ حوشتری لە بیابانەکانی ناوچەی باشوری ڕۆژئاوادا لە بەردەستدا بووە.

گۆڕەکەی عەلی لە ئێستادا لە ناوچەی ئەریزۆنایە و وەک کەسێکی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٣٠ دا دیاری کرا.

چوارەم- ئیسلام دوای شەڕی ناوخۆ:

لە ماوەی ساڵانی نێوان ١٨٧٨ و ١٩٢٤ دا، ژمارەیەکی زۆری موسڵمان لە گەڕان بە دوای دەرفەتی ئابوریدا ڕوویان لە ئەمریکا کرد.

زۆرینەی ئەو کۆچبەرە موسڵمانانە خەڵکی وڵاتی سوریا و لوبنان بوون لە ویلایەتی میشیگان و ئایوا و ئۆهایۆدا نیشتەجێ بوون.

زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەش وەک کرێکار دەست بەکاربوون.

یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە زۆرترینی ئەو کۆچبەرانەی دامەزراند بریتیی بوو لە کۆمپانیایی فۆردمۆتۆر کۆمپانی.

یەکێک لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو کۆچبەرانە بریتییە لە چیرۆکی کۆچبەرێک بە ناوی ئەنەس حاموویی.

ئەنەس وەک کرێکاری پاککەرەوەی ڕێگاوبان لە شەقامی ئێس تی. لویس دەست بەکاربووە و زلوبیایشی فرشتووە.

لە پێشاناگای جیهانی ساڵی ١٩٠٤ دا، ئەنەس زلوبیایی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی قووچەكی بەشی سەرەوەی ئایسکرێم.

کۆچە مەزنەکەی ئەفریقییە ئەمریکییەکان بۆ بەشی باکوربووە هۆکاری زیاد بوونی دانیشتوانی موسڵمان.

زۆرێک لەو کۆیلە کۆچبەرانە گەڕانەوە سەر ئاینی ئیسلام کە بیروباوەڕی باو و باپیرانیان بووە.

هەر ئەو کۆچبەرانە بزوتنەوەی ناسیۆنالیسیتی ئەمریکییە موسڵمانەکانیان دروست کرد و هەتاوەکو ئەمڕۆش هەرماوە.

ئەو بزوتنەوەیە کار دەکات بۆ گەڕانەوەی ئەو کلتور و بیروباوەڕەی کە لەسەردەمی کۆیلایەتیدا تێکشکێنرا.

پێنچەم- ئیسلام لە ماوەی ناوەڕاستی سەدەی بیستدا:
ژمارەی موسڵمان لە ئەمریکادا لە ساڵانی ١٩٤٠ دا بە خێرایی زیادی کرد. کۆچبەرانی عەرەب دەستییان کرد بە بنیاتنانی مزگەوت لە سەرانسەری ئەمریکادا و بەهاتنی ساڵی ١٩٥٢ زیاد لە هەزار مزگەوت لە ئەمریکادا هەبوون.

لە ساڵی ١٩٥٢ دا، گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی کۆچبەرانی ئەمریکادا ئاسانکارییەکی زۆری کرد بۆ کۆچبەران بۆ هاتنە نێو ئەمریکاوە و هەربۆیە بە هەزاران موسڵمان دەستیان کرد بە کۆچ کردن بەرەو ئەمریکا.

یەکەم گروپی کۆچبەر لەو سەردەمەدا لە فەڵەستین و عیراق و میسرەوە ڕوویان لە ئەمریکا کرد.

لە ساڵانی ١٩٦٠ کاندا، بە هەزاران موسڵمان ڕژانە نێو ئەمریکاوە لە وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی قاڕەی ئاسیاوە.

یەکێک لە موسڵمانە هەرە دیارەکان بریتیی بوو لە فازڵ ڕەحمان خان. فازڵ ڕەحمان ئەندازیارێکی تەلارسازو و بیناتنەر بووە و توانیویەتی تاوەری بورجی ویڵز کە لە دوایدا بە بورجی سێیرەز ناسرا لە ویلایەتی شیکاگۆ بنیات بنێت.

لە کاتی تەواوکردنی پرۆژەکەدا لە ساڵی ١٩٧٣ دا، ئەو بینایە بەرزترین بورجی هەموو جیهان بووە لەو کاتەدا. گۆڤاری نیوزویک فازڵی بە ئەنیشتاینی بواری ئەندزیاری ناوزەند کردووە.

شەشەم- ئیسلام لە سەدەی بیست و یەکدا:

ئەمریکییەکان و مامەڵەی خراپیان لە ئیسلامۆفۆبیای ڕاوەدوونانی جادووگەر
سەدەی بیست و یەک بە سەردەمێکی تاریک بۆ موسڵمانانی ئەمریکی دەستی پێکرد. لە دەرهاویشتەکانی هێرشە تراژیدییەکەی بەرواری ١١-٩-٢٠٠١ دا بۆ سەر شاری نیۆرک، هەستی دژەگەرایی بەرامبەر بە موسڵمانان لە ئەمریکا بە خێرایی تەشەنەی کرد.
زۆرینەی ئەمریکییەکان ئیسلام بەگشتی لۆمە دەکەن لەهەمبەر ئەو پەلامارەدا کە لەلایەن چەند تاکەکەسێکی تونڕەوی ئیسلامییەوە ئەنجام درا.
بەشێکی ئەو هەستی نەیارێتییە بەرامبەر بە ئیسلام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا هەرماوە.
ڕاپرسییەک لە ساڵی ٢٠١٤ دا پیشانی دەدات کە موسڵمانەکان ئەو گروپانەن کە ئەمریکییەکان زۆرترین ناحەزییان بەرامبەرییان هەیە (ڕقییان لێیانە).

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەو ڕادەیەش خراپ نییە و هێماگەلێک هەن کە ئاماژە دەدەن بەوەی کە ئایندەی موسڵمانان لە ئەمریکادا ڕۆشنتر دەبێت.

شارەزایان دەڵێن لە سەردەمی ئێستادا نزیکەی حەوت ملیۆن ئەمریکی بە ئاین موسڵمانن و وا چاوەڕێ دەکرێت ئەو موسڵمانانە ببن بە دووەم گەورەترین گروپی ئاینی لە ئەمریکادا لە ماوەی داهاتوودا.
دوو موسڵمان وەک کۆنگرێسمان چوونەتە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە و دامودەزگایەکی زۆری ئەمریکاش کاتێکی زۆریان تەرخان کردووە بۆ پێدانی زانیاری بە ڕای گشتی لەسەر ئیسلام و وەستانەوە دژ بە ئیسلامۆفۆبیا (ترس لە ئیسلام).

ئاینی ئیسلام بەردەوام ڕۆڵی لە کۆمەڵگای ئەمریکیدا هەبووە و دەرکەوتە دیموگرافییەکان پێشنیاز دەکەن کە موسڵمانان ڕۆڵێکی مەزنتریان لە ئەمریکادا دەبێت لەماوەی چەند دەیەیی داهاتوودا.

ئەگەر بەڕاستی سەرانی دەسەڵاتداری ئەمریکا دەیانەوێت ڕێز لە بەیداخەکانی ئازادی و دادگەری بۆ هەمووان بگرن، دەبێت ئەو دەسەڵاتدارانە و گەلی ئەمریکی مێژوویی ئەمریکا و ئیسلام لە ئامێز بگرن و ڕای گشتی سەبارەت بە ئیسلام و موسڵمانان و بیروباوەڕی ئاینی بێداربکەنەوە و فێرییان بکەن.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …