Home / ناوداران / چیرۆكنووسی پیشكەوتنخوازی كورد موحەڕەم محەمەدئەمین 1921-1980

چیرۆكنووسی پیشكەوتنخوازی كورد موحەڕەم محەمەدئەمین 1921-1980

19668042_1479223815493060_1385158040_n

موحةرةم

ئا: كەریم شارەزا

(موحەرەم محەمەد ئەمین)ی ئەدیب و چیركنووسی پیشكەوتنخوازی كورد لەسالی 1921دا لەگەرەكی دەرگەزێن لەشاری سلێمانی چاوی ژیانی هەڵیناوە. لەسالی 1928دا خراوەتە بەرخویندن و لەسالی 1943دا خویندنی قۆناغی ئامادەیی تەواوكردووە ، بەلام لەبەر دەستكورتی و ناگزووریی باری ژیانی نەیتوانیووە خویندنی زانكۆ بگرێتەبەر، بۆیە بووە بەفەرمانبەر لەفەرمانگەی تەموین و، نموونەی فەرمانبەری سەرڕاست ودەسپاك بووە .
دوای نەمانی دەزگای تەموین كراوە بەئەمینداری كتیبخانەی گشتیی شاری سلێمانی تاكو لەساڵی 1948 دا گوێزراوەتەوە بۆ قەزای خاڵس لەپاریزگای دیالە ؛ چونكە دەورێكی دیاری بووە لەخەباتی كوردایەتی و لەسەر ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی ماوەیەك گیراوەو لەبەندینخانە توندكراوەو لەكارو فرمانەكەی لابراوەو ماوەیەك بەبێ‌ ئیش و كار ماوەتەوە .
مامۆستا موحەرەم لەساڵی رێككەوتننامە (11 ی ئاداری ساڵی 1970) خراوەتەوە سەر كارو لەشارەوانی سلێمانی دامەزراوەو لەدوای ورێكەوتننامە میژووییەكەی 11ی ئاداری 1970شدا گوێزراوەتەوە بۆ بەغداو لەدەزگای رۆشنبیریی‌و بڵاوكردنەوەی كوردی بە بەڕێوەبەری كارگێڕیی ئەو دەزگایە دامەزراوەو لەژمارەی (26) ی گۆڤاری (بەیان) ی مانگی حوزیرانی 1975 بەدواوە تاكو ژمارە (35) ی نیسانی 1979 سكرتیری نووسینی بووەو لەسالی 1979دا خانەنیشین كراوەو گەڕاوەتەوە شاری سلیمانی و لە 15/7/1980دا كۆچی دوایی كردووە .
مامۆستا موحەڕەم ئەندامی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كوردو ئەندامێكی كارای یەكیتیی نووسەرانی كوردیش بووەو ئەندامی دەستەی نووسینی رۆژنامەوگۆڤارەكانی (شەفەق) و(رۆژی نوێ) و (سلێمانی) و(بەیان) و(نەورۆز) و(برایەتی) و(ژین) بووە .
لەگەل دامەزاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە16/8/1946دا مامۆستا موحەرەم بووەتە ئەندامێكی دڵسۆزی ئەو حزبە نەتەوەییە دیموكراتییەی كوردو لەدواییدا بووەتە كادیرێكی چالاكی و ، لەخۆپیشاندانەكانی شاری سلێمانی لەچلەكاندا رابەری جەماوەری خەباتگێڕی كورد بووە ، بۆیە هەردەم پۆلیسی حوكمەتی پاشایەتی بەدواوەی بووەو لەسەردەمی حوكمی رژێمی بەعسی فاشی لەسەر چالاكیی سیاسیی خۆی و رۆلەكانی ئەشكەنجەدراوە ، تاكو دوا جار لە 15/7/1980 بانگكراوە بۆ ئەمنە سوورەكەوگرتوویانە و، لەوێ‌ لەبەر دەستی ئەو تاوانبارانە دڵە گەورەكەی لەلێدان كەوتووەو چووەتە جیهانی نەمرانەوە .

مامۆستا(موحەرەم محەمەد ئەمین) ی چیڕۆكنووسی پێشەنگ ، ئەم بەرهەمانەی خوارەوەی لەماوەی ژیانیدا بەچاپ گەیاندووە :
1- مام هۆمەر (چیڕۆك) هەولێر – چاپخانەی كوردستان_1954 .
2- گۆمی شڵەقاو (چیرۆك) بەغدا 1957 – چاپخانەی ئەسعەد .
3- یادی گۆرستانەكە – وەرگێڕانە لەعەرەبیەوە – بەغدا 1958 – چاپخانەی ئەسعەد ,
4- گردی شەهیدان، چیڕۆك – چاپی یەكەم –سلێمانی 1958 – 24 لاپەڕە ، چاپی دووەمی – سلێمانی 1959 – 64 لاپەڕە .
5- ڕێگای ئازادی – سلیمانی 1959 -64 لاپەرە .
6- شۆڕشی بەرزان – وەرگیران لەعەرەبیەوە – 1959 -65 لاپەڕە .
7- مەبدەئە بنەرەتیەكانی فەلسەفە – سلیمانی 1960 -104 لاپەڕە.
8- ئادەمیزاد (چیڕۆك) سلیمانی 1969 – 36 لاپەڕە .
9- مافی بڕینەوەی دوارۆژ (وەرگیڕان لەعەرەبیەوە) سلێمانی 1972، 62 لاپەڕە .
یەكێتیی نووسەرانی كورد – لقی سلیمانی لەئێوارەی رۆژی 28/8/1980 دا چلەی ماتەمینیان لەباخچەی بارەگای لقی یەكێتی نووسەران لەسلێمانی بۆ گێڕاو نووسەری ئەم بابەتە سەرۆك و نۆینەری لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد بوو لەو ئاهەنگە ماتەمینەدا وتەیەكی خویندەوەو ئەمەی خوارەوە پوختەكەیەتی: ((مرۆڤی خزمەتگوزاری میللەت لەریگەی كارە چاكەكانییەوە ژیانی لەگەڵ مردنی كۆتایی نایەت ؛ بەلكو لەریگەی بەرهەمە بەنرخ وخزمەتگوزارییەكانی بۆ میللەتەكەی لەدوای ونبوونی جەستەكەی ناو و ناوبانگی هەردەمێنێ‌ و لەناو دڵ و دەروونی رۆڵەكانی میللەتەكەیدا بەنەمریی دەمێننەوە)) .

مامۆستا موحەرەم محەمەدئەمین نموونەیەكی دیاربوو لەناو ئەو جۆرە مرۆڤە خزمەتگوزارە نەمرانە. بەسەر بەرزیی ژیاو بەسەربەرزیش لەم دنیایەدا سەری نایەوەوچووە ژیانی نەمرییەوە لەبەرهەمی خامە بەبڕشتەكەی زنجیرەیەك چیرۆكی واقعییی سەركەوتووی خستە سەر گەنجینەی ئەدەبی كوردی یەوە و جیگەی شۆرەت و ناونیشانی خۆی لەناو دڵ و دەروونی ئەدیب و رووناكبیرانی كورد كردەوە. بۆیە ژیانی نەمریی لەگەڵ مردنیدا كۆتایی نەهاتووە ؛ بەڵكو كەوتووەتە قۆناغیكی تازەی نەمریی و تا كوردیش مابێت هەرگیز ناوی پاكی و كردەوەی چاكی لەتۆماری و یژدانی رۆڵەكانی كوردستان دا ناسڕێتەوەو بەنەمریی دەمیننەوە.

سەرچاوە :
كەریم شارەزا – تۆماری ژمارە (17) ی ناودارانی كورد – دەسنووس .
مستەفا نەریمان – فەرهەنگی ئەدیب و نووسەرانی كورد – بەغدا ، چاپخانەی ئەسعەد – 1986.

* * *

تێبینی :
بنەماڵەكەی لەساڵی 2008 دا لەكتێبێكی نایابی 557 لاپەڕەیی بەناونیشانی – محەرەم محەد ئەمین – كۆ بەرهەمی ئەدەبی و سیاسی و فەلسەفەكانی – بەچاپ گەیاندووە .

بس

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …