Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / شۆڕشێک لەدیدی مێژوودا

شۆڕشێک لەدیدی مێژوودا

کاتێک شۆڕشی ئاگری دەستی پێکرد بە سەرکردایەتی ( برۆێی حەسکێ تێلی ) لە مانگی ئازاری ١٩٢٧ – ١٩٣٢ لەگەڵ هاوڕێکانیدا وەک ( کازم بەگ ، فەرزەند بەگ ، شێخ زاهیر ، عبدالباقی ، هتد ) بە چەند مانگێک پێش هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئارارات ئەمان لە جەنگدا بوون دژی ڕژێمی ئێرانی ، پاشان هەردوو شۆڕشی ئاگری و ئارارات و لە سەر بڕیاری کۆمەڵەی خۆییبون یەکیانگرت و بە تێکڕا بڕیاریان دا برۆێی حەسکێ تێلی وەک سەرۆکی گشتی بەرخوردان و ژەنەڕاڵ ئیحسان نووری پاشا وەک فەرماندەی گشتی دەستنیشان کران ، پارێزگای ئاگریش بەرپرسە ئیداریەکانی بەم شێوەیە دانران : فەرماندەی ئەمنیەت تەمەر ئاغا ، قائیمقامی ناوچەی کۆرۆناخ مەلا حسێن ئەفەندی بۆ دانرا ، بەڕێوەبەری ناوچەی خۆپانا بۆتێ ئیبراهیم ئاغا ، بەڕێوەبەری ناوچەی خۆپانا ئۆرتێ حەسەن ئەفەندی ،بەڕێوەبەری خۆپانا قۆری موسا بەرکلی بوو بەم شێوەیە یەکە ئیداریەکانیان دابەش کرد و ڕۆژنامەی ( ئاگری ) یان کردە زمانحاڵی شۆڕش وسروودی شۆڕشەکەش ( هەڵبە ئاگری ) بوو

                  هەڵبە ئاگری
     ئاگری ، ئاگری  تۆ ئاگر بووی
     ‏ل ناو دنیا  سەر بلند  بووی
     ‏ل سەر کوردستان چرا بووی
     ‏هەڵبە ئاگری هەڵبە ئاگری
     ‏
      ‏ئاگر درژاند سەر سەران
     ‏ڕۆناهی درەشاند هەر دەران
     ‏عەرد دهەژاند جار جاران
     ‏هەڵبە ئاگری هەڵبە ئاگری

شەڕ بەردەوامی هەبوو تا کۆتایی ساڵی ١٩٣٠ . تورکەکان و ئێرانیەکان لە هەردوو لاوە هێرشیان بۆ هێنان تا کۆتایی بەم شۆڕشە بهێنن ئەوەبوو ژەنەڕاڵ ئیحسان نووری پاشا و هەندێک لە هاوڕێکانی بەناچاری خۆیان ڕادەستی ئێران کردەوە بەڵام برۆێی سەرکردەی گشتی بەردەوامی دا بە بەرگری کردن بەڵام ئێرانیەکان هێزێکی شارەزای کوردیان بۆناردن بە سەرکردایەتی عومەر خانی شەریفی تا گەمارۆیان بدەن ، بەڵام عومەر خانی شەریفی هەواڵی نارد بۆ برۆ و پێی وتن کە چاو پۆشیتان لێ دەکەم چونکە بەناچاری هاتووم زۆر پیلانی سوپای ئێرانی و زانیاری گرنگی پێدان و ئامۆژگاری کردن کە نەهێڵن هێزی ئێرانی جێگیربن لە هەندێ ناوچە کە گرنگی سەربازی هەیە، بەڵام دوای چەند مانگێک فەرماندە سەربازیەکانی ئێران هەستیان بەو پەیوەندیە کردوو عومەر خانیان گەڕاندەوە بۆ زەندەشت و سەرتیپی حەمەئەمین پسئاغای شکاک و حەسەن هەنارە یان ناردە سەریان ئەمانیش زۆر بێ بەزەییانە گەمارۆکەیان توند کرد لە سەریان هەرچەندە برۆێی حەسکێ تێلی هەواڵی دانێ کە ئێمە ناسراو کەسی یەکترین بەو شێوەیە ڕەفتارمان لەگەڵدا مەکەن و هەمان هەڵسوکەوتی عومەر خانتان هەبێت ، ئەوانیش وتیان وەرن گفتوگۆ دەکەین و ڕێکدەکەوین ، برۆش بە نیازپاکی خۆی چوو ، بەڵام ئەوان خۆیان لە بۆسە نابۆوە لە گەلی دەربەند نزیک چیای قوچەداخ کە نزیکبونەوە تەقەیان لێ کردن و بە نامەردانە شەهیدیان کردن .

عوسمان سەبری سەرکردەی ڕۆژئاوا بەم شیعرە ناخی دڵی سوتاوی بۆ شەهیدکردنی برۆ دەڕبڕیوە دەڵێ :

               ڕابە دە  ڕابە برۆ دە  ڕابە
               ‏بۆچی ئارارات  تەهێشت خەرابە
               ‏ئیرۆ دیسا هات ڕۆما  بێ ئەمان
               ‏گوند شەوتاندن نەهێشت خوەدی جان

هاوڕێکانی شەهید برۆێی حەسکێ بەردەمیان دا بە شۆڕش و خۆیان ڕادەست نەکرد تا شا بە هەندێک بەڵێنی درۆ کۆی کردنەوە لە گوندەکانی کوردکەند ، ناورێ ، شێخ سلۆ ، لە ناوچەی چاڵدێران و سیا چەشمەی ماکۆ هێزەکانی ئێران پەلاماریان دان ئەمانیش تا دوا دڵۆپی خوێن بەرگریان کرد و زۆربەیان شەهیدکران و هەندێکیشان وەک فرزەندەبەگ و کازم بەگ و عەبدلباقی بە برینداری گیران بران بۆ قەسری قاجار ژن و مناڵیشیان دەستبەسەرکران و لە تاران لە ژێر چاودێریدا هێڵرانەوە لە ناویاندا بەسرا خانمی خێزانی فەرزندە بەگ تا ساڵی ١٩٣٩ ئیتر ئەم سەرکردانە یەک دوای یەک زەهرخواردکران و شەهیدبوون ، دوای دوو ساڵ بەسرا خانم نامەیەک دەنوسێ بۆ مەجلیسی میللی ئێران و لێیان دەپاڕێتەوە کە ڕێگەی بدەن بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی لە باکور لە نامەکەدا نوسیویەتی :

‏١٩٤١/١١/٤

‏نوسینگە

بەڕێز سەرۆکایەتی مەجلیسی شورای میللی

من خاتوو بەسرا خێزانی فەرزەندەی کۆچکردوو هاوڵاتی تورکیە ، ماوەی دە ساڵە بە هۆی هاوسەرەکەمەوە لە ژێر چاودێری دام ، هاوسەری من دوو ساڵ لەمەوبەرلە گرتوخانەی قەسری قەجەر کۆچی دوایی کرد . هاوڕێیانی هاوسەرەکەم کە لەگەڵ ناوبراو گرفتار و زیندانی بوون ، لەسەر فەرمانی لێبوردنی گشتی ، ئازاد کراون و ڕۆیشتوون . ئەگەر هاوسەرەکەم زیندوو بوایە ، بێگومان ئێستا ئەویش ئازاد کرابوو . کەوایە بۆچی منی خێزانی ناوبراو ئازاد ناکەن ؟ پێم دەڵێن دۆسیەکەت لە کۆمیسیۆنی دادوەریدایە ، بەسرا چی کردووە و چ پەیوەندیەکی هەیە کە ئەو کۆمیسیۆنە نەیتوانیووە تا ئێستاش بڕیاری لەسەر بدات . ‏ تکا دەکەم بەزەیتان بە غەریبی و بێ کەسی منی بێ دەسەڵات و بەخت ڕەش وبێ چارەیەدا بێتەوەو ڕۆژێک زووتر ئازاد و ئاسوودەم بکەن

              ئیمزا

              بەسرا

ئەمە چارەنوسی هەر تاکێکی کوردە لە هەر کوێ یەکی ئەم جیهانە بەرینەدا بێت ، ئەم ئازار و ئەو ڕەشە کوژیەی دژ بە کورد کراوە دەبێتە مەشخەڵی ڕێگای ڕزگاریمان کاتێک لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ١٩٤٦ دا پێشەوا قازی محەمەد بۆ ئاگاداربوون لە کێشەی کورد لە ورمێ و سەڵماس و کەلاخوێ لەگەڵ چەند کەس لە کاربەدەستانی کۆمار دوای چەند ڕۆژێک پێشەوا و شاندەکەی بەرەو ماکۆ بەڕێ دەکەون . لە ڕێگادا قازی محەمەد کاتێک چاوی بە چیای ئاگری دەکەوێ ، وەک ڕێزلێنان لە سەرهەڵدانی ئاگری و ئارارات و شەهیدەکانی سڵاو لە ئاگری دەکا و دەڵێ : ( سڵاوت لێبێ ئاگری باش بزانە ئەو ڕۆژە دێت کە تۆ جارێکی تر بە ئاگری شۆڕشگێڕانی خۆت خەرمانی بوونی داگیرکەران بکەی بە خۆڵەمێش ) .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
٭ عومەرخانی شکاک لە سەرهەڵدانی سمکۆ وە تا کۆماری کوردستان ١٩٠٦ – ١٩٤٦ لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی محەمەد ساڵح قادری گۆڕینی لە کرمانجیەوە بۆ سۆرانی شەهاب خالیدی ، چاپی یەکەم لاپەڕە ٢٨٨ ، ٢٨٩ ، ٢٩٠ ساڵی ٢٠٢١ چاپخانەی ستانبوڵ

About دیدار عثمان

Check Also

پوختەیەک لەگۆڕانکاریەکانی سەلاحەدینی ئەیوبـی

:نوسینی نیهاد عوزێر سەعید پێشه‌كی ئەم توێژینەوەیەمان باس لەگۆڕانکاریە ئابووریەکان و بنەمالەی ئەیوبی  و باسکردنی …