Home / بەشی مێژووی كورد / شەڕی قادش

شەڕی قادش

نووسینی: بەرهەم جەنگڤان و عەبدوڵڵا کوردی

بەشی یەکەم: پێشینە و هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شەڕەکە

دوای ئەوەی خاکی شانشینی میتانی لە سەدەی ١٣ی پێش زایین لەلایەن هیتی و ئاشوورییەکانەوە دابەشکرا، ڕاستەوخۆ میسر و هیتییەکان بوونە دوژمنی سەرەکی یەکتر، هۆکاری سەرەکی ئەم دوژمنایەتیەش ویستی هەردوولا بوو بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر تەواوی ناوچەکانی شامدا، چونکە ناوچەیەکی گرنگی بازرگانی و سەربازی بوو.

سەرەتای ئەم دوژمنایەتیەش بە جموجوڵەکانی هیتییەکان دەستی پێ کرد، کە بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی شانیشینی نوێی میسریان لە کۆتاییەکانی فەرمانڕەوایی ماڵباتی هەژدەیەم دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکانی باکوری شامدا سەپاند، بەڵام دوای ئەوەی ماڵباتی نۆزدەیەم هاتنە سەر تەختی دەسەڵات شانشینی نوێی میسر بوژایەوە و ویستی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنتەوە کە لە سەردەمی لاوازییدا لەدەستی دابوو. بەم جۆرە سروشی بووە کە پێکدادنێکی سەربازی لەنێوان هیتی و میسرییەکان لەسەر سەپاندی دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکانی شام ڕووبدات.

گرنگترین و گەورەترین هەوڵەکانی میسر بۆ گەڕاندەوەی هەژموونی لەناوچەکانی شامدا لەسەردەمی سێیەم فیرعەونی ماڵباتی نۆزدەیەمی میسر ڕامسیسی دووەم بوو، کە ناوبراو دوای ئەوەی باوکی( سێتۆسی یەکەم) لە نزیکەی ساڵی ١٣٠٠ پێش زایین کۆچی دوایی کرد، شوێی گرتەوە، ڕامسیسی دووەم دەیویست وەک تحۆتمسی سێیەم لە ڕێگەی هەڵمەتە سەربازییەکانەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

ڕامسیسی دووەم لە ساڵی ١٢٧٥ پێش زایین کە چوارەمین ساڵی حوکمڕانی ڕامسیس بوو، سەرکردایەتی یەکەم هەڵمەتی سوریای کرد. لە کۆتایی ئەم هەڵمەتەدا، ڕامسیس کانا و ئوپی و ئاموروی کۆنترۆڵ کرد و لەگەڵ کە پاشای شانشینی ئامورو کە واساڵی هیتی بوو و بەرەی گۆڕی بوو پەیمانی بەست بەبێ ئەوەی کردەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیتییەکان ئەنجام بدات، بەڵام پاشای هیتی دەیزانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ میسر لە سوریادا دەبێت ڕووبدات، بۆیە زنجیرەیەک ڕێوشوێنی سیاسی و سەربازی گرتەبەر، وەک خۆپارێزی و ئامادەکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ میسرییەکان.

لە کۆتاییدا ئێمە پێمان وایە کە هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی شەڕەکە ململانێی نێوان هیتی و میسرییەکان بوو لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر تەواوی ناوچەکانی شامدا، کە ناوچەیەکی گرنگ بوو هەردوولا و دووەم هەڵمەتی ڕامسیسی دووەمیش بۆ سەر شام کە ئامانجی گەڕاندنەوەی شاری قادش بوو بۆ ژێر دەسەڵاتی میسر بەشێک بوو لەو ململانێیە.

بەشی دووەم: هەنگاوەکان بەرەو قادش

پاشای هیتییەکان موواتالی دووەم کەسێکی دووربین بوو، دەیزانی ڕۆژێک دێت دەبێت ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سوپای میسر ببێتەوە، چونکە لە ساڵانی سەرەتای حوکومڕانییەکەیدا و پێش یەکەم هەڵمەتی ڕامسیسی دووەم بۆ سەر شام، زنجیرەیەک ئامادەکاریی ڕامیاری و سەربازیی بۆ ململانێی ڕاستەوخۆ لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ میسر کردبوو، بۆ وێنە سەرەتا دەستی کرد بە چارەسەری کێشەکانی بەدرێژایی سنوورەکانی لە باکور بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لە پارێزراویی پایتەختی هیتییەکان لە هاتوسا، پاشان موواتاڵی دووەم هاوپەیمانی لەگەڵ پاشای ئەهیواوا لە ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ پێکهێنا، هەروەها یاخیبوونەکەی پیڤامارادوی سەرکەوت کرد. دواتریش فەرمانڕەوایی ویلوسا کە واساڵی هیتی بوو لە ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ دوورخستەوە و لە شوێنیدا کوڕەکەی(ماستورین) دانا بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە سەربازی بۆ دەنێرێت، پاشان لە ناوەڕاستی ماوەی فەرمانڕەوایەتیەکەی پایتەختەکەی لە هاتوساوە گواستەوە بۆ تارهونتاسا. لە لایەنی سەربازییشەوە پاشای هیتییەکان سوپایەکی گەورەی لە پتر لە شانزە پارێزگا و شانشینی ژێردەستە کۆکردبۆوە. لەم سوپایەدا ژمارەیەکی زۆری گالیسەکەی جەنگی هەبوو، کە مەزندە دەکرێت ٣٥٠٠ دانەبووە، لەگەڵ دوو لەشکری پیادە کە مەزەندە دەکرێت، لە نزیکەی ٣٧ هەزار چەکدار پێکهاتبووبێت. وەک دەوترێت لە مێژووی هیتییەکاندا گەورەترین سوپا بووە کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی هیتییەوە کۆکرابێتەوە.

ڕامسیسی دووەمیش دوای وەرگرتنەوەی ئامورو لە یەکەم هەڵمەتیدا، ئامانجی داهاتووی ئەوە بوو شاری قادش وەربگرێتەوە کە پێشووتر لە دەستیان دابوو. بۆ ئەو مەبەستەش فیرعەون پایتەختەکەی نوێی بە ناوی (پای-ڕامسیس) لە نزیک شاری کۆنی تانیس لەسەر دێلتای نیل دروست کرد، کە لە شامەوە نزیک بوو. دواتر سوپایەکی لە چوار لەشکر پێکهێنا و چوار ناوی خوداوەندەکانی میسری لێنان کە (ڕع، ئامون، بتاح، سیت)بوو، سەربازانی ئەم چوار لەشکرە نزیکەی ٢٠هەزار کەس بوون‌ کە ژمارەیەکی بەکرێگیراو لەوانەش لیبییەکان و فینیقییەکانی لە نێو ڕیزەکانیدا لەخۆگرتبوو.

ڕامسیسی دووەم پێش ئەوەی دووەم هەڵمەتی بۆ سەر شام دەستپێبکات بانگهێشتی سەرۆکی ئەرکانەکەی کرد بۆ ڕاوێژ و داڕشتنی پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکەی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە فیرعەون سەرکردایەتی بەشی سەرەکی سوپاکە دەکات کە لەشکری ئامونە و ڕێگای وشکانی لە میسرەوە بەرەو باشووری سوریا دەگرێتە بەر تا دەگاتە قادش، سێ لەشکرەکەی دیکەش، ڕێگای کەنارەکانی فینیقیا دەگرنەبەر، پاشان بەرەو ناوەوە بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕۆن بۆ ئەوەی پێش هێرشکردنە سەر شارەکە لەگەڵ لەشکری ئامون لە باشووری قادش کۆببنەوە. مێژوونووس (ئەنتۆنیۆ سانتسۆسۆ ١٩٣٦-٢٠١٤ز) پێی وایە کە ئەم چوار لەشکرە جیاکراونەتەوە و بەڕێگای جیاوازدا ڕۆیشتوون بۆ ئەوەی پێداویستی بۆ هەڵمەتەکە بەدەستبهێنن.

وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو هێزەکانی فیرعەون دەستیان بە جوڵە کرد، کە بەپێی ‘هۆنراوەی پێناتۆر کە یەکێکە لە تۆمارەکانی شەڕی قادش، ئەم سەربازە میسریانە بریتی بوون لە هێزی پیادە و گالیسکە و پاسەوانانی فیرعەون.
دوای یەک هەیڤ، لەشکری ئامون، کە خودی فیرعەون سەرکردایەتی دەکرد، گەیشتە شەبتونە بە دووری ١٤ کم لە باشووری قادش. لەوێ دووی پیاوی کۆچەریی هاتنە لای فیرعەون پێیان گوت کە پاشای هییتیەکان لە لەقادشەوە دوورە و ئەوانیش لە دەستی پاشای هیتی هەڵاتوون ئاواتەخوازن خزمەت بە پاشای میسر بکەن. لێرەدا جێگای سەرسوڕمانە کە فیرعەون باوەڕیان پێ دەکات، بەبێ ئەوەی پشتڕاستی بکاتەوە بە ناردنی دیدوانەکانی بۆ ئەوەی شوێنی پاشای هیتی بدۆزنەوە، بە خێرایییەکی سەرسوڕهێنەرەوە بەرەو قادش ڕۆیشت، تا ئەو ڕادەیەی کە لەشکری ئامون کە ئەو سەرکردایەتی دەکرد، نەیانتوانی لەگەڵیدا بگونجێن و تەنیا پاسەوانی تایبەتی خۆی لەگەڵیدا بوو و لە کاتێکدا لەشکرەکانی دیکەی سوپا هێشتا لە ڕێگاکاندا بوون. وەک لە هۆنراوەی پێنتاور و ڕاپۆرتی شەڕەکەدا ئاماژەی پێکراوە، پاشا گەیشتە قادش، دواتر لەشکری ئامون، و پاشان لەوێ سەربازگەی خۆی دانا. بەمجۆرە ڕامێس و لەشکری ئامون سەربازگەیان لە باکووری ڕۆژئاوای قادش و ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆرۆنتێس دانا و جێگیر بوون، دواتر ڕوون بووەوە دوو پیاوە کۆچەرییەکە بۆ چەواشەکردنی پاشای میسر نێردراون، چونکە پیاوە هەواڵگرییەکانی دوو سیخوڕیان دەستگیرکرد و لە ڕێگەی ئەشکەنجەدانەوە ناچاریان کردبوون بۆ ئەوەی زانیاری ڕاستەقینە سەبارەت بە شوێنی هێزە هیتییەکان بدەن.
دوای ئەوەی سیخوڕەکان ئاشکرایان کرد کە سەربازگەی هیتیەکان لە پشت شاری قادشەوەیە و لە نزیکەوە خۆیان حەشارداوە و پلانیان هەیە بەم زووانە هێرشێکی لەناکاو ئەنجام بدەن، ڕامسیس یەکسەر نێردراوەکانی نارد تا هێزە پەرشوبڵاوەکانی ئاگاداربکاتەوە بە خێرایی لە سەربازگەکەی کۆببنەوە.

بەشی سێیەم: ڕووداوەکانی شەڕەکە

ناوی شەڕەکە لە ناوی شاری قادشەوە وەرگیراوە، کە شەڕەکە لە نزیک ئەو شارە ڕوویداوە، ئێستا ناوی گردی پێغمبەر مەندە(تل النبي مندو) و دەکەوێتە پارێزگاری حومس لە سوریا.

سەبارەت بە ڕووداوەکانی شەڕەکەش خۆشبەخاتە چەندین سەرچاوەی ڕەسەن هەن ،کە ئاماژە بە شەرەکە دەکەن، وەک هۆنراوەی پێناتۆر و ڕاپۆرتی فەرمی میسری لەسەر شەڕەکە، کە لەسەر دیوارەکانی پەرستاگاکانی میسر نووسراون، لەگەڵ هەندێک دیمەنەکانی شەڕەکە کە لەسەر دیوارەکانی پەرستاگاکانی میسر نەخشێنراون و دیدگای میسرییەکان لەسەر شەڕەکە دەخەنەڕوو، هەروەها هیتییەکانیش دیدگای خۆیان لەڕێگەی دەقە هیتییەکانەوە، کە پەیوەندییان بە شەڕەکەوە هەیە خستۆتە ڕوو. لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم سەرچاوانەوە دەتوانین بزانین کە لە شەڕی قادشدا چی ڕوویداوە.

شەڕەکە بەهێرشی لەناکاوی گالیسکەکانی هیتی بۆ سەر لەشکری ڕع کە لە ڕێگادا بوو بۆ ئەوەی بگاتە سەربازگەکەی فیرعەون دەستی پێکرد، لەم هێرشەدا هیتیەکان سەرکەوتوون و سەربازەکانی لەشکری ڕع هەڵهاتن.

دوای بۆسەدانان بۆ لەشکری ڕع هیتییەکان بە
بە پەیڕەوکردنی پلانی پاشا موواتالی دووەم و بە
شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و خێرا لە بەیانییەکی زوودا بە ٢٥٠٠ گالیسکە هێرشیان کردە سەر سەربازگەکەی ڕامسێس بەبێ ئەوەی دەرفەت بە ڕامسیس و سەربازەکانی بدەن خۆیان ئامادە بکەن.
هەرچەندە هێرشی هیتییەکان لەناکاو بوو، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی گالیسەکانی هیتییەکانەوە فیرعەون توانای خۆی ڕێک بخاتەوە و
گالیسکەکانی لەشکری ئامون و ئەو گالیسکانە لەشکری ڕع کە مابوونەوە کۆبکاتەوە، پاشان سەرکردایەتی گالیسکەکانی میسری کرد و هێرشێکی پێچەوانەی کردە سەر گالیسکە هیتییەکان کە سەرقاڵ و ناڕێکخراوبوون. پاشای هیتی کە بینی خەریکە ڕەوتی شەڕەکە لە بەرژەوەندیی فیرعەون دەگۆڕێت فەرمانی دا هێرشێکی تری گالیسکە بکرێت سەر فیرعەون، کە لەلایەن پاشاکانی دەوڵەتە ژێردەستەکان و براکانی موواتالی دووەمەوە سەرکردایەتی دەکران، بەڵام هێرشەکەیان بێئەنجام بوو، چونکە هێزێکی گالیسەکە کە بە نەعارین ناسراوە و ڕەنگە بەشێکی سەربازانی لەشکری سێیەمی میسریشی لەگەڵدا بووبێت لە ئاراستەیەکی نوێیەوە هێرشیان کردە سەر هیتییەکان، بەهۆی هاتنی لەشکری نەعارینەوە پاسەوانانی فیرعەون خۆیان ڕێکخستەوە و سەرکەوتوویی هێرشی هیتییەکانیان ڕاگرت، لەم نێوەندەدا لەشکری ئامون و ڕع دەرفەتی ئەوەیان هەبوو کە خۆیان کۆببنەوە و بەشداری شەڕەکە بکەن. دواتر لەشکری بتاح لە باشوورەوە گەیشتە بەرەکانی شەڕ. بەم جۆرە هاتنی لەشکری نەعارین بووە خاڵی وەرچەرخانی شەڕی قادش و گیانی فیرعەونی میسریان ڕزگار کرد.
بەم جۆرە لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا هیتییەکان بە دوو شەپۆل هێرشیان کردە سەر سەربازگەکەی ڕامسیس، بەجۆرێک شەپۆلی یەکەم بە ٢٥٠٠ گالیسکە بەشداربوو، شەپۆلەکەی تریش بە هەزار گالیسکە. هەرچەندە هیچ تۆمارێکی ورد نەبوو سەبارەت بە جۆرەکانی تاکتیکەکانی بەکارهێنراو
لەلایەن گالیسکە هیتییەکانەوە، بەڵام پێدەچێت ئامانجیان لەناوبردنی ڕامسیس بووبێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون یەکەم ڕۆژی شەڕەکە و بە بێ سەرکەوتنی هیچ لایەکیان کۆتایی هات.
لە کاتی خۆرئاوابووندا بەشی سەرەکی لەشکری بتاح گەشتە سەربازگەگەی ڕامسیس، پاشان سەربازەکانی لەشکری ئامون و ڕع کە مابوونەوە ڕێکخرانەوە، لە لایەکی دیکەوە هیتییەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتوو بوو، بە تایبەتی لە ئاستی فەرماندەکاندا، چونکە پاشای هیتی دوو برای لەدەستدا، بەڵام دوو لەشکری پیادەی هیتی، هێشتا وەک خۆیان مابوونەوە، چونکە لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەدا بەشدارییان نەکردبوو. بەم جۆرە هەردوولا دەیان توانی لە ڕۆژی دووەمدا بە باشی شەڕ بکەن.

لە دووەم ڕۆژی شەڕەکەدا فیرعەون کەڵک وەرگرتن لە چەکی گالیسکە، دەستی بە هێرش کرد، بەڵام هێرشەکەی ئەنجامی نەبوو، چونکە زیانێکی گەورەی بەسەر دوو لەشکری پیادەی هیتی نەگەیاند، بەڵکو خۆڕاگریی و ژمارە زۆرەکەی پیادەی سوپای هیتییەکان ناچاریان کرد پاشەکشە بکەن و بەم شێوەیە هێزەکانی میسر نەیانتوانی ڕیزەکانی هیتییەکانی تێک بدەن، هێزە هیتییەکانیش سەرەڕای ژمارە زۆرەکانیان، نەیانتوانی بەسەر میسرییەکاند سەربکەون، بۆیە دوو سوپاکە جیابوونەوە بەبێ ئەوەی یەکێکیان سەرکەوتن بەسەر ئەوی دیکەدا بەدەستبهێنێت.

ڕۆژێک دوای شەڕەکە، ڕامسیسی دووەم ئاگربەستی لەگەڵ موواتالی دووەم واژۆ کرد و لەگەڵ سوپاکەیدا گەڕایەوە بۆ میسر.

ماوەتەوە بڵێین بە پشتبەستن بەو نووسراوانەی لە میسر تۆمارکراون، سێ هەزار و پێنج سەد گالیسکە و چل و حەوت هەزار و پێنج سەد سەربازی هیتی و نزیکەی بیست و پێنج هەزار سەربازی میسر بەشدارییان لەم شەڕەدا کردووە، بەڵام ئەم ژمارەیە زیادەڕەویی تێدا کراوە و بەپێی خەمڵاندنە نوێ و هاوچەرخەکان ژمارەی سەربازە هیتییەکان نزیک بووە لە ژمارەی میسرییەکان،بۆ وێنە‌ میسرناسی فەرەنسی (گاستۆن ماسپێرۆ ۱٨٤٦-۱۹۱٦ز) ژمارەی هێزەکانی هیتی و هاوپەیمانەکانی بە بیست هەزار شەڕکەر خەمڵاندووە.

بەشی چوارەم: لە شەڕی قادش کێ براوە بوو؟

دیارکردنی لایەنی براوەی شەڕی قادش جێگای مشتومڕی مێژوونووسانە، چونکە دەقە هیرۆگلیفیی میسرییەکان ڕامسیسی دووەم بەسەرکەوتوو دادەنێن، لە بەرانبەردا دەقە هیتییەکان موواتالی دووەم بە سەرکەوتوو دادەنێن.

لە ڕاستیدا ئەنجامەکانی شەڕی قادش بۆ هەردوو لایەن جێگەی ڕەزامەندی نەبوون، ڕامسیسی دووەم ئامانجەکەی بەدەست نەهێنا، چونکە دەستی بەسەر قادشدا نەگرت و تەنها فەلەستین و لوبنان لە ژێر دەسەڵاتیدا مانەوە. هەرچی پاشای هیتیەکانە خواستی خۆی بۆ نەهێشتنی ڕامسیسی دووەم و سوپاکەی بەدی نەهێنا و هەریەک لەوان ناچار بوون بگەڕێتەوە وڵاتەکەیان. لەم ڕووەوە و بە پشت بەست بەوەی دوای شەڕەکە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەسنووری نێوان دوو ئیمپراتۆریەتەکە ڕووی نەداوە. زۆرترین بۆچوونی پەسەندکراو ئەوەیە کە هیچ لایەنێک سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەیان بەسەر ئەوی دیکەدا بەدەست نەهێناوە.

بە مانایەکی تەسکی تاکتیکی دەتوانین ڕامسیس لە بەرەکانی شەڕدا بە سەرکەوتوو هەژمار بکەین، بەڵام بە مانایەکی ستراتیژی فراوانتر، هیتیەکان شەڕەکەیان بردەوە، چونکە ئامانجی سەرەکی شەڕەکەیان بەدیهێنا کە خاوەندارێتیی شاری قادش بوو.

توێژەر و مێژوونووسی ئەمریکی ( پ.د. گریگۆری ئێس. ئالدریت) پێی وایە هەرچەندە ئەم شەڕە لە ڕووی سەربازییەوە کەمتر یەکلاکەرەوە بوو لە چاو شەڕە یەکلاکەرەوەکانی دی، بەڵام بۆ هەمیشە کۆتایی بە شەڕی فرە نەوەی نێوان دوو لە زلهێزە گەورەکانی ئەو سەردەمە هێناوە، چونکە شازدە ساڵ دوای شەڕەکە، ڕامسیس و هیتیەکان پەیماننامەیەکی ئاشتیی سەرنجڕاکێشیان واژۆ کرد، کە ئەم پەیماننامەیە سەردەمێکی بێوێنەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نزیکی کۆن دەستپێکرد، کە نزیکەی سەدەیەک بەردەوام بوو.

ئێمە پێمان وایە هیتییەکان براوەی شەڕەکە بوون، چونکە نەیان هێشت فیرعەون قادش بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی میسر کە ئامانجی سەرەکی دووەم هەڵمەتی بوو بۆ سەر شام، هەروەها پێمان وایە شەڕی کادش یەکێکە لە شەڕە یەکلاکەرەوەکان، چونکە:
١.ئەم شەڕە کۆتایی بە ململانێی و جەنگی نێوان هیتی و میسرییەکان هێنا، بەڵام بە واژۆکردنی پەیماننامەیەکی ئاشتی کۆتاییان بە ململانێ و جەنگەکانی نێوانیان هێناوە، بەپێچەوانەوەی زۆربەی شەڕە یەکلاکەرەوەکانی تر کە لایەنێک بەسەرکەوتنی بەسەر لایەنێکی تردا کۆتایی بە ململانێ و جەنگەکانی نێوانیان هێناوە.
۲. بەهۆی ئەنجام و لێکەوتەکانی شەڕەکەوە هاوسەنگی هێز گەڕایەوە بۆ ڕۆژهەڵای نزیکی کۆن.
۳.شازدە ساڵ دوای شەڕەکە هەردوولایەنەکە پەیماننامەی ئاشتیان واژۆکرد و سەردەمێکی بێوێنەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نزیکی کۆن دەستیپێکرد کە نزیکەی سەدەیەک بەردەوام بوو.
٤. لە ئەنجامی شەڕەکەوە ناوچەکانی شام بەسەر میسر و هیتییەکاندا دابەشبوو و ئەمەش ڕێگر بوو لەبەردەم دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتیەک لە لایەن گەلانی شامەوە کە زۆربەی ناوچەکانی شام لە خۆبگرێت.
٥.شەڕی قادش بە یەکێکە لە گەورەترین شەڕی گالیسەکە لە مێژوودا ناسراوە، دەتوانین بە (شەڕی کۆرسک ۱۹٤۳ز)ی بچوێنین کە ئەو شەڕە بە گەورەترین شەڕی تانک لە مێژوودا ناسراوە.

بەشی پێنجەم: کۆتایی
بایەخ و لێکەوتە دوورمەوداکانی شەڕەکە

گرنگیی شەڕی قادش لەوەدایە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییە ڕاستەقینەکانی ئەم شەڕە بە باشی تۆمارکراون، بۆیە دەتوانین لە ڕێگەی خوێندنەوەی سەرچاوەکانی شەڕی قادشەوە بزانین کە شەڕەکانی سەدەی سێزدەی پێش زاییندا چۆن کراون.

لەلایەکی دیکەوە شەڕی قادش گرنگە، چونکە بووە هۆی بەناوبانگبوونی ڕامسیسی دووەم، کە لە ماوەی شەست و شەش ساڵی حوکمڕانیدا زۆرێک لە شوێنەوارە بەناوبانگەکانی میسری کۆن دروست دەکات، هەرچەندە هەندێک نووسەر پێیان وایە کە کاروبەرهەمەکانی ئەوانیتری داگیرکردووە و کردوویەتی بەدەستکردی خۆی و بەهیچ شێوەیەک دووڵ نەبووە لە سڕینەوەی ناوی پێشینانی خۆی و نووسینی ناوی خۆی و باپیرانی لەسەر دیوار و شوێنەوارەکانی میسر.

بایەخێکی دیکەی شەڕەکە ئەوەیە کە ئەنجامی شەڕی قادش و واژۆکردنی پەیمانی ئاشتی، هاوسەنگی هێز گەڕایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کۆن.

سەبارەت بە لێکەوتە دوورمەواداکانی شەڕەکەش دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە دوای ئەم شەڕە، توندی ململانێی نێوان میسر و هیتی کەم بووەوە، دواتر لە سەردەمی خاتوو(شیلێشی سێیەم)دا وتووێژی جددی لە نێوان ئەو و ڕامسیسی دووەم دەستی پێکرد، کە لە ئەنجامدا پەیماننامەی قادشیان واژۆکرد، کەبەپێی پەیماننامەکە هەردوولا پەیمانیان دا کە سنوورێک بۆ جەنگەکانی نێوانیان دابێنێن و لەکاتی هێرشی هێزی سێیەم بۆ سەر هەرکامێکیان لایەنەکەی دیکە یارمەتی بدات، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر ڕادەستکردنەوەی پەنابەرانی سیاسییەکانی یەکتر. بۆ پشتیوانیکردنی ئەم یەکبوونە ڕامسیسی دووەم هاوسەرگیریی لەگەڵ شازادەخاتوونێکی هیتییدا کرد. جێی گوتنە هۆکاری سەرەکی لێک نزیکبوونەوەی میسری و هیتی گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئاشووری و گەلانی دەریا بوو، کە هەڕەشەیەکی جددی بوون لەسەر هیتی و میسرییەکان.

لیستی سەرچاوەکان:
۱.چان ڤیرکوتیر: میسری کۆن؛ لە کۆنترین سەردەمەوە تاکو کۆتایی خێزانە پاشایەتیەکان،وەرگێڕ: سەعید بەشیر مستەفا،چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، ۲۰۲۳ز.
۲.شيخه عبيد الحربي:الترتيبات العسكرية لمعركة قادش في ١٢٧٤ ق.م في عصر الدولة الحديثة،مجلة كلية التربية للبنات،المجلد۳۳،العدد ٤.
۳.ثابت غانم و د. عيد مرعي: قادش معركة فاصلة في تاريخ سورية القديم (1285 ق. م)،مجلة جامعة دمشق للدراسات التاريخية، مجلد۱٤۳، عدد۲، ۲۰۲۳م.
٤.أ. فارس عجيل جاسم و د. غيث سليم فرحان: المصاهرات السياسية للألف الثاني قبل الميلاد (مصر – حيثي – ميتاني)،مجلة جامعة الانبار للعلوم الانسانية،المجلد ۱۸- العدد ٤، كانون الأول ۲۰۲۱م.
٥.Liu Yan:Battle of Kadesh-Warfare and Military Organization during the 13th century B.C.,Master Dissertation,
Department of History and Archaeology,National and Kapodistrian University of Athens,Athens,Greece,2019.
٦.George Cormack: Egypt in Asia; a Plain Account of Pee-Biblical Syria and Palstine,London,Adam and Charles black,1908.
۷.Professor Gregory S. Aldrete: The Decisive Battles of World History,Course Guidebook,The Teaching Company, Virginia, U.S.A, 2014.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشێک لەدیدی مێژوودا

کاتێک شۆڕشی ئاگری دەستی پێکرد بە سەرکردایەتی ( برۆێی حەسکێ تێلی ) لە مانگی ئازاری …