گەرمیان حەسەن
چیرۆکی سووتاندنی کتێب و کتێبخانەکان دیرۆکێکی زۆر لەمێژە. مرۆڤایەتی بڵێسەی یەکەم پرۆشەی سووتانی کتێبی بۆمان تۆمار نەکردووە، بەڵام ژمارەیەکی ئێجگار زۆری لەبیرە بوونەتە خۆڵەمێش، لەگەڵیدا سەدان بیری جوان و خەیاڵ و زانست و باوەڕ و ڕابردووی مرۆڤایەتی کردووە بە خۆڵەکەوە و خۆڵەمێش.
مێژووی کوردیش بێبەش نییە لەم جۆرە مێژووە نەگریسە، لەکاتی هێرشی تاتار و مەغۆل بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان، بەتایبەتیش ناوچەی شارەزوور و هەورامان، دەیان کتێبی دانسقە و کەشکوڵ و دەستنووسی کوردی و فەوتاون و بە دەیانی تر لە کتێب و بەیتی کوردی داستان و مێژوو و مۆرکی نووسینی کوردەواریان بێبەزەیانە سووتێنراوە. پاشانیش هێرش دەبەن بۆ بەغداد لەو شارەدا ئەتوانین بڵێین ناودارترین کتێبخانەی ئەودەمەی جیهانیش بووە دەسووتێنن و لەناودەبەن بەناوی (بیت الحيكمة).
تورکە عوسمانییەکانیش توانییانە دڕندانە بەشێک لە دەستنووسی مێژوویی و ئایینی و شیعر و ئەدەبیاتی کوردی بسووتێنن و بەشێکیشی لە مۆزەخانەکانی تورکیادا ون بکەن.
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستان ئەم خاکە تەنانەت کتێب و دەستنووس و کتێبخانەکانیشی زۆریان بەهەوڵی تاکەکەسی بنیاتنراون وەکو خەڵکەکەی شایەتی قوربانی گەورەیە، کە ڕووبەڕووی سووتان و لەناوچوون بووەتەوە.
بەشێکی زۆریان لەلایەن دوژمنانی ئەم گەلە و چینی نائاگای نەخوێنەواری خودی کوردەوە لە ناوبراوە.
کاتێ دەچینە ناو ئەو مێژووەی ناودارانی کورد کتێب و کتێبخانەکانیان سووتێنراوە ئەوا کەمنین، لێرەدا ئێمەش وەکو کورد دەڵێ “مشتێ نموونەی خەروارێکە”، دەخەینەڕوو کە چینی نوخبە ڕۆشنبیرانی کورد لە پێشەوی ئەو قوربانییە گەورەی سووتاندنی بەرهەم و کەشکوڵ و نامە و دەستنووس و کتێبحانەکانیان، چونکە هەقیقەت ئەوەمان بۆ دەردەخات ئەمانە سەرتۆپکی چینی ڕۆشنبیرانی خەڵک بوونە.
چیرۆکی سووتاندنی وشە و دەستنووس و دیوان و کتێبخانەکانیان، بابەتێکی لەبیرکراوی دونیای مێژوو و ئەدەبیی ئێمەیە، هەریەکەیان چیرۆکێکی خۆی هەیە لێرەدا سەرنجتان دەبەم بۆ ئەم کەسایەتییە دیارانە.
- مەولەوی:
ساڵانی کۆتایی ژیانی ئەم شاعیرە گەورە پڕە لە ناخۆشی و ئەسەر وەکو مردنی عەنبەرخاتوونی هاوژینی و نابینابوونی چاوەکانی، کارەساتێکی ناخۆشی تریش ژیانی مەولەویدا سووتانی کتێبخانەکەیەتی، لە ئەنجامی شەڕێكی نێوان خێڵی ئیمامی و تاوەگۆزیدا پریشکی ئاگری شەڕ کەپرەکەی مەولەویشی گرتووەتەوە و ئاگر بەربووەته کتێبخانەکەی.
ئاخو ئەم کتێبخانەیەی مەولەوی چیی تیا بووبێ و سووتابێ! گومانی تیا نییە نوسخەی هەموو دانراوه ئایینییەکانی و دیوانی شیعرەکانی تیا سووتاوه و بەهۆی ئەوەوه هەر پارچه شیعرێکی پیشتر خەڵک نەیاننووسیبێتەوە و مەولەوی خۆیشی لەبەری نەبووبێ، سووتاوه و فەوتاوه ئەوەتا مەولەوی خۆی لەم بارەوە دەڵێ:
❞دەمەی هەناسەی گەرم ئاره کەم
نە کوورەی دەروون پڕ جەخارەکەم
ئایر دان حوجرەی دڵەی پڕ دەردم
سۆچیان کتاو مەجمووعەی فەردم❝
ئەم کارەساتەش یەکێ بووە لەو دەرد و مەینەتیانەی لە دوا ساڵەکانی ژیانیا بەسەریا هاتوون. بۆ ئەم بابەتە ئەم پارچە شیعرە ئاماژەدارەی بۆ گوتووە. - حەمدی:
حەمدی شاعیر، کتێبخانەیەکی نایابی لە شاری سلێمانی هەبووە لەگەڵیشدا چەندەها دەستنووسی کۆنی تیابووە لەگەڵ ئەوانەی خۆیدا لە جەنگی یەکەمی جیھانییدا ماڵەکەی داگیرکراوە لە لایەن بەریتانیاوە، کتێبخانە گەورەکەی سووتێنراوە، بەمەش ھەوڵ و تەقەلای ٢٤ ساڵی دەفەوتێت. - مەلای خەتێ:
مەلای خەتێ، فەتوادەری میرنشینی سۆران بووە لە سەردەمی میر محەمەدی گەورەدا، خاوەن کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند بووە و ژماریەکی ئێجگار زۆری دەستنووس بووە و کتێبی خۆی بوونە، زۆرینەشی لە مزگەوتی یەکێ لە فەقێکانی داناوە بەناوی(مەلا عومەر ئەفەندی خەیلانی). کاتێ سوپای ڕووسیای قەیسەری لە ساڵی (1916) شاری ڕەواندزی گرت، خەڵکەکەی ڕایکرد و ئەوانیش دەستیان کرد بە سووتاندنی شارەکە و تاڵانکاری،لە 80%ی تەواوی شارەکە وێران کراوە. لە دەرئەنجامی ئەم سووتاندنەدا ئەم کتێبخانە بەنرخەش فەوتا. - هێمن:
محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە هێمنی شاعیر، لە هەڕەتی گەنجیدا لە ساڵی (1941) دوای ئەوەی گوندی کولیجە بەجێ دێڵێت و ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێی، لەپاڵ کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییدا، شەوانە خەریکی خوێندنەوە و ھۆنراوەدانان دەبێ، باوکی پێی دەزانێت و دەمودەست هەموو دەستنووس و ھۆنراوەکانی و کتێبەکانی دەیسوتێنێ و لێی زویر دەبێت و سەرزەنشتی دەکات.
باوکی پێی خۆش نابێ که کوڕەکەی به شیعر نووسینەوه خەریکبێ و ببێته شاعیر، ئەوەی هێمن لە خەیاڵ و بیرجوانی و ناسکی دەیهۆنییەوە بەبەرچاویەوە باوکی کردیە خۆڵەمێش. بەڵام هێمن کۆڵی نەداو کاتێک لەژێر ناوی هێمن دا هۆنراوەکانی بڵاودەکردەوە باوکی دەیخوێنێتەوە و دەکەوێتە ناو خەڵک باوکی بێ ئەوەی بزانێ محەمەدی کوڕێتی دەڵێ: ئەم هێمنە شاعیر و جواننووسە، بەڕاستی شاعیری چاکە.
هێمنیش گوێی لەوە دەبێ زۆر خۆشحاڵ دەبێ. بەڵام هێمن تاڵاوی سوتاندنی دەستنووسە شیعری و کتێبەکانی هەر لە یاد دەمێنێ. - محەمەد ئەمین زەکی بەگ:
مێژوونووسی گەورە کورد محەمەد ئەمین زەکی بەگ کە نازناوی (مێژوونووسی شاعیر)یان لێناوە لەوکاتەی لە کۆمیسیۆنی سنووردانان بوو لە ئەستەمبوڵ، دەستیکردە گەڕان بەدوای مێژوو بنچەی کورددا و عوسمانییەکانیش بیری تورانیزم وڵاتی گرتبووەوە، دوای سەردانی بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا و گەڕان بەدوای کتێب زۆر کتێبخانە گەڕا و زۆر ئاساری نادیرە و دەستنووسی چاو پێدەکەوێ لەگەڵ خۆیدا کۆی دەکاتەوە و ئەیهێنێ بۆ ماڵەکەی لە ئەستەمبوڵ لەسەر کورد لێکوڵینەوەی لەسەر دەکا وەکو خۆی دەڵێ: دوای هاتنەوە و موتاڵاکردنی بەنزیکەی دووسەد لاپەڕەیەکیشم لەسەر مێژووی کورد حازر کرد، ئەوەندەی پێنەچوو لەساڵی (1919) لەجەژنی قورباندا تووشی موسیبەتێکی گەورە هاتم لە کاتێکدا لە ماڵ نەبووم گەڕەکەکەمان ئاگری تێبەربوو، خانووەکەی منیش سووتا و هیچم بۆ دەرنەچوو، ڕەنجی پێنج شەش ساڵم لە دەسچوو، نە نۆتە و نە کتێب، ئەم مسیبەتە گەورەیە تووشی بەڕاستی مەئیووسی کردم”. - ناتیق:
شاعیر یەکێک بووە لەوانەی بەشێوەی کلاسیک هۆنراوەکانی نووسیوە، تەنانەت بەشداری شەڕی سەفەربەلەکی عوسمانی کردووە. هاوڕێیەتی لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفیددا هەبووە، پێکەوە لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی قورئانی پیرۆزیان خوێندوە. بەهۆی خۆش گوفتاریەوە ناوی ناتیقی لێ نراوە، ساڵانێکی زۆر ڕاز و نیازی دڵ و نیشتمانپەروەری و ژیانی لە دیوانێکدا نووسیبوویەوە. لەناو هەڵەبجەدا دوکانێکی جگەرە و توتنفرۆشیی دادەنێت. هۆی شاردنەوەی دیوانەکەی دەگەڕێتەوە متمانە نەبوونی بەکەس تەنانەت لە ترسی کوڕەکانی نەوەک شیعری لێ بفەوتێنن لەو سەردەمەشدا چاپەمەنی ئاسان نەبووە تا بەچاپی بگەیەنێ، کەسێکی دڵسۆزی خوێندەواری نەبووە هانی بدات هەتا دەستنووسێکی تری هەبێ هەرکامیان فەوتا ئەویان بمێنێ.
لەساڵی (1963) هەڵەبجە لەلایەن عەبولکەریم قاسمەوە تووشی سووتان و کاولکاری بووەتەوە یەکێک لەم تاوانە سووتاندنی بازاڕەکە بوو، ئەم سووتانە دوکانەکەی ناتیقی شاعیریشی بەردەکەوێت و دەسووتێ و دیوانەکەی کە لەم دوکانە حەشار دابوو دوکانەکە دەبێتە خۆڵەمێش، ناتیق بە ئازارەوە گوزارشتی لێوە دەکات و دەڵێ:
❞بەسەر سیروانی دێوانا عەجەب پردێکم بەست
کەچی گەردوونی دوون بەئاگر دای بە ئاوا عەنعەنەی پردم
گەلێکم سەعی و کۆشش کرد لە وادی هیمەتتا ئاخر
نەگەیمە مەقسەد بەزایەع چوو دەست و بردم
بەڵێ گەردوونی دوون حەقیە بەجارێ ماڵ و منداڵم
بسوتێنێ و بڕوخێنێ کە چونکە شاعیری کوردم❝
باس لەوەکراوە دوای چەندساڵێک ناتیق بەهۆی خەفەتی سووتانی دیوانەکەی کۆچی دوایی دەکات. - کتێبخانەکەی تاهیربەگ و ئەحمەد موختارجاف:
ئەم دوو کەڵەشاعیرە برای یەکتربوون، بەڵام ڕۆژگار زۆر بواری نەدان و هەر لە تافی گەنجێتیدا تاهیربەگ مرد لەساڵی (1918) و ئەحمەد موختاریش بە دەستی ناپاکێک لە سیروان تەقەی لێ دەکرێ و شەهید دەبێت لەساڵی (1935).
کتێبخانەکەیان بەڕەنج و هەوڵی هەردوولایان دروستیان کردوو بەهۆی هێرشی عەبدولکەریم قاسمەوە بۆ سەر هەڵەبجە لەساڵی (1963) هێرشیان بردە سەر کۆشکەکەی وەسمان پاشا بڕیاری سووتاندنی تەواوی کتێبخانەکەیاندا بە بیانووی هەبوونی گۆڤارێکی شوعییەکان، بەشێکی زۆر دەستنووس و کتێبی پڕبایەخی کوردەواری سووتێنران لە گرنگترینیان بەشی هەر زۆری نووسینەکانی تاهیربەگ کۆچکردوو بوو. - کتێبی مێژووی میرنشینی سۆران (مالیخا):
كاتێك حسێن حوزنی موکریانی دێته ڕهواندوز خهڵكی ههرچی بهڵگهنامهی سهردهمی میرنیشی سۆران ههیه، رادهستی دهكهن، بهڵام دوای ماوهیهك كاتێك داوای لێدهكهن دهستنووسهكانیان بداتهوه، ئهویش دهڵێت سوتاوه. یهكێك لهو دهستنووسانه دهستنووسی (مالیخا)یه، كه لهسهر داوای میر محهمهدی سۆران سهرجهم ڕووداوهكانی میرنشینهكه نووسراوهتهوه. “ - مەستوورەی ئەردەڵان:
ماه شەرەف خانم ناسراو بە مەستوورەی ئەردەڵانی،یەکێکە لە سەرمەشقانی شاعیرانی کورد و یەکەم کچە مێژوونووسی کوردیشە، هۆنراوەکانی بە زمانی فارسی و کوردی بە هەردوو شێوەزاری هەورامی و سۆرانی نووسیوە.
ژمارەی بەیتە شیعرەکانی زیاتر لە (20هەزار )بەیتە شیعر و غەزەل بووە، لەو ژمارە تەنها (2هەزار) بەیتە شیعری ماوەتەوە.
لێرەدا پرسیارێک دێتە کایەوە ئەو (18هەزار) بەیتە شیعر و غەزەلەی لەناوبراوە و سووتێنراوە؟ یاخود ون بووە و شاراوەتەوە؟ بۆچوونێک هەیە لەوباریەوە لەدوای خۆی بەهۆی ئەوەی ئافرەت بووە و مایەی شەرمەزاری و قسەڵۆکی خەڵک بووە بەجۆرێک لە جۆرەکان سووتێنراوە.
ئەمانە مشتێ لە نموونەی خەروارێکە بە دڵنیاییەوە ئەگەر بە وردتر لێکوڵینەوە لەم بابەتە بکرێ دەیان نموونە و چیرۆکی تر لەم تراژیدیا بە ئازارە بەدی دەکەی جا ئیتر ئەمە لەلایەن دوژمنانی کوردبێ یان نا هۆشیاری خێزانی و تاکی کوردبێ.
سەرچاوەکان:
1/محەمەد ئەمین زەکی بەگ، خوڵاصیەکی لە تاریخی کورد و کوردستان، بنکەی ژین، سلێمانی، 2006.
2/عادل صدیق عەلی، هەڵەبجە شارێکی بچووک و مێژوویەکی دەوڵەمەند، ناوەندی ڕێنوین، هەولێر، چ1، 2020.
3/مەلا تاهیر بەحرەکەی، محەمەد پاشای ڕواندزی و ئەو فەتوایەی دراوەتە پاڵ مەلای خەتێ، و؛ عەتا مەلا تاهیر بەحرەکەیی، چاپخانەی جەنگەڵ، تهران.
4/عەبدوڵا خالد مەولوود، دیوانی حەمدی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2013.
5/ كامەران سوبحان، لەخەیاڵەوە بۆ خۆڵ، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 2018.
6/محمدی مەلا کەریم، مەولەوی ژیان و بەرهەمی، دەزگای ئاراس، هەولێر، 2001.
7/ مەستوورەی کوردستانی، مێژووی ئەردەڵان، و؛ حەسەن جاف و شوکور مستەفا، دەزگای ئاراس، هەولێر، چ2، 2005.