گەرمیان حەسەن
بە دووری “٥ کیلۆمەتر” لە باشووری شاری خانەقین گۆڕستانێک دەبینی، کە دیرۆکێکی جیاوازمان بۆ دەگێڕێتەوە،ئەویش گۆڕستانی پۆڵندییەکانە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی دووەمی جیهانی و ڕۆژانی داگیرکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیای گەورەوە، کە تەمەنی ئەم گۆڕستانە ۸۲ ساڵە.
بارودۆخی سیاسی پۆڵندا:
چیرۆکی ئەم گۆڕستانە لە خانەقیندا دەمانگێڕێنێتەوە بۆ ساڵی ۱۹۳۹ز، ئەودەمەی حکومەتی نازی ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر پۆڵنداو داگیری کرد، دواتریش یەکێتی سۆڤیەت لەبەشی ڕۆژهەڵاتەوە هێرشی هێناو ئەو ناوچە و شارانەی مابوو داگیرکرد بەمەش جەنگی جیهانی هەڵگیرسا. زۆرێ لەو خەڵک و دانیشتوانەکەی پۆڵندا ئاوارە و بێلانە بوون.
بارۆدۆخی سیاسی عێراق:
هەرچی دۆخی عێراق بوو لەو کاتەدا دۆخێکی ناجێگیر بوو لە ڕووی سیاسیەوە پێش جەنگ لەساڵی ۱۹۳۹ز دا، لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا شا غازی پاشای عێراق مرد بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل لەو ساڵەدا، چونکە لایەنگری بۆ ئەڵمانەکان هەبوو بە پێچەوانەی بەریتانییەکان. عێراق لەساڵی ۱۹٤۱ لەماوەی چوارمانگدا دوو کابینەی حکومەت پێکهات و پوچەڵبوویەوە تا ڕەشید عالی گەیلانی بۆ جاری چوارەم لە ژیانیدا کابینەی حکومەتی دروستکرد. ڕەشید لایەنگری بۆ ئەڵمانەکان هەبوو ئەمە ترسی لای بەریتانیەکان دروستکرد، ئەڵمانیەکان وڵاتێکی وەکوو عێراقیان لەژێر دەست دەربهێنێ، تا ڕەشید “حکومەتی بەرگری نیشتمانی” دروستکرد بە سەرۆکایەتی خۆی لە ۱۹٤۱/٤/۱۲ ئەمە ڕووداوە ناسراوە بە (بزووتنەوەی مایسی۱۹٤۱)، تەنانەت خێزانی مەلیکە بچکۆل پەنایان هێنا بۆ ماڵی”مەلائەفەندی” لە هەولێر پاراستنی. بەریتانیا پێش ئەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق جێگیر ببن دەستێوەردانی سەربازی کرد، عێراقیان کۆنترۆڵکرد و هەوڵەکەی ڕەشید سەرنەکەوت لەگەڵ دارودەستەکەی، بۆیە هەڵهاتن بۆ خانەقین لە خاڵی سنووری مونزرییە چوونە وڵاتی ئێرانەوە.ئێرانیش لەو دەمە دۆستێکی دیاری ئەڵمانەکان بوو.
هاتنی پۆڵندیەکان بۆ خانەقین:
خەڵکە سیڤیل و دەربەدەرکەی پۆڵۆنییەکانیش دژ بە داگیرکاری ئەڵمانی و سۆڤێتی لە خاکەکەیان پەیوەندییان کرد بە هێزەکانی بەریتانیاوە لەلایەن “جەنڕاڵ سیکۆرسی” هێنرانە عێراق لە چەند ناوچەیەک نیشتەجێی کردن لە: خانەقین، کەرکوک، قزربات و بەغداد. بەڵام سەرەڕای ملکەچبوونی حکومەتی عێراقی بۆ داواکارییەکانی بەریتانیا، وەزارەت دوای چوار مانگ گۆڕانکاری بەسەردا هات و نوری سەعید لە ماوەی نێوان ئۆکتۆبەری ١٩٤١ تا حوزەیرانی ١٩٤٤ وەک سەرۆکی وەزارەت دەستنیشانکرا، کە تیایدا عێراق کەوتە ژێر چاودێری بەریتانیا، بۆیە سەرچاوەکانی وڵات تەرخانکرابوون بۆ شەڕ، و ڕێوشوێنی سەرکوتکەر لە دژی چالاکییەکان گیرابەر لەڕووی سیاسییەوە، سوپای عێراقیش لاواز بوو بەجۆرێک نەیتوانی هیچ جوڵەیەک لە دژی ئینگلیزەکان بکات، کاردانەوەکانی شەڕ لە باکووری عێراق توندتر بوون بەهۆی دەستدرێژی ئەڵمانییەکانەوە بۆ ناوچەی قەفقاز، و ترسی گەیشتنیان بە ئێران و عێراق. کە ئێران لەو دەمەدا ڕەزا شا حوکمڕانی دەکرد مەیل و دۆستایەتی لەگەڵ ئەڵمانەکان هەبوو، بۆیە ویستی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکات لە ترسی ئەوەی نەکا لە بەرەی ئێرانەوە هێرش بکرێتە سەری، کە دۆستی دوژمنەکەیەتی. بەمجۆرە سوپای ئینگلیز بەهێزتر کرا، هێڵی بەرگری لە باکووری عێراق دامەزرا، بە تایبەتی لە بەرەی خانەقین سنووری ڕاستەوخۆی بە وڵاتەوە هەبوو، بۆیە پەنابەرانی پۆڵەندی لە شاری خانەقین کۆکرانەوە و لەوان دەستەیەکی سەربازی پێکهێنرا بۆ یارمەتیدانی سوپای بەریتانیا لە عێراق. ئەو هێزانەی لە خانەقیندا بوونە لەژێر سەرکردایەتی “کاپتن وێڵسن” بوونە، کە جێگری یاریدەدەری ڕاوێژکاری سیاسی سوپای بەریتانی بوو.
ئەو شوێنەوارانەی لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی لەﻻیان سوپای پۆڵندی بەریتانیاوە دروستکراون له خانەقین ئێستاش ماون، پێی دەڵێن “سپێر” وەکو ڕەبایە لەکاتی شەڕ بەکار هینراوە. کە له ناوچەکەدا زیاتر ۱۰ دانە لەو ڕەبایە سەربازییانە هەیە وەکو شوێنەوارێک ماونەتەوە، تەنانەت ماوەیەک بە بیانووی بەکارهێنانی زەوییەکەی بۆ کاری کشتوکاڵی یەکێکیان له شوێنەکەی ﻻبرا و خرایە شوێنێکی تر، یەکیکی تریش له نزیک کەڵات لەﻻیان کۆمپانیایەکی خانووبەرە که له ئێستادا خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکات له نزیک کەڵات، تێکدرا. ئەو شوێنەوارانە به ماددەیەکیش دروستکراون پێی دەوترێن “نویرە” نە چیمەنتۆیە و نە گەچ، کە ئەوکات ئه و مادەیە بۆ بیناکردن بەکاردەهێنرا.
بەریتانیا چەند ئۆردوگایەکی بۆ کردنەوە لەنزیک خانەقین، هەروەها ژمارەیان بە ٤٠ تا٥٠ هەزار کەس خەملێنراوە ژن و منداڵیشیان لەگەڵ بووە. بە پێی سەرچاوەکان زیاتر لە ساڵێک لە ناوچەکەدا بوونە. لە ڕووی ئابووری و جەنجاڵی کێشەیان دروستکردووە بۆ ناوچەکە، جیا لەوەی بەهۆی خواردنەوە کهۆلیەکان بوونەتە هۆی پشێوی نانەوە، دواتر قەدەغە کراوە بەڵام بەشێوەی نیهێنی پێیان فرۆشراوە. حاڵەتێکی ژنخوازی لەلایەن سەربازێکی پۆڵندی لەگەڵ کچە کوردێکی خانەقیندا ڕوویداوە دوای گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆیان ئەو هەر لە خانەقیندا ماوەتەوە، بەڵام سەردەمی ڕژێمی بەعس ڕاگواستن (تەرحیل) کراوەن. پۆڵندییەکان لەسەر شاخی کەڵات هێما و ئاماژەی پۆڵندییان لەسەر شاخەکە هەڵکۆڵیوە بریتییە لە هەڵۆییەک و لەخوارەوەی هەندێ نووسینی پۆڵندی، تاکو ئێستاش ماوە، وەکوو باس دەکرێ ئەمە سەربازێکی پۆڵندی هەڵی کۆڵیوە، کە پەیکەرتاش بووە. لەو کاتەدا پەتای تاعون تەشەنەی کرد و زیاتریش دەبوو، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان سەرباز و هاوڵاتی بەتایبەت پۆڵندیەکان، نەشیان دەتوانی تەرمەکانیان بگوازنەوە بەهۆی جەنگ و داگیرکاری وڵاتەکانیان لە هەمانکات پەیوەندییان کردبووە بەریتانیەکان، کە بکەوتنایە دەستی ئەڵمانەکان دەکوژران، دەشبووە هۆی گواستەوەی پەتاکە و تووشبونی هاووڵاتی و خەڵکانی زۆرتر، بەم شێوە لە دووری ٥ کیلۆمەتر لە باشووری شاری خانەقین سپاردەکران و لە گۆڕانران، بەپێی شێواز و ڕێوڕەسمی ئایینی خۆیان.
هەرچی ژمارەی گۆڕە پۆڵەندییەکانە ٤۳۸ گۆڕە، ۱۰۳ گۆڕیان بە ڕەگەز هیندییە، هەروەها ۳ یشیان بە ڕەگەز عەرەبن. ئەم گۆڕستانە گەورەترین گۆڕستانی پۆلەندییەکان لە عێراقدا، لەبەرئەوەی گۆڕستانێکی تری پۆلەندییەکان هەیە لە باشووری عێراقدا، ئەمەیان لە شاری بەغدادە لە نزیک باڵیۆزخانەی تورکیایە.
گۆڕستانەکە لە ئێستادا بەهۆی پشتگوێخستن و پێشێلکردنی لەلایەن خەڵکەوە زیانی بەرکەوتووە، ئەو کەسانەی سەردانی دەکەن دڵگرانن بەم جۆرەیە. بەڵام هێشتا سەردانی گۆڕستانەکە دەکرێت لەلایەن چالاکوانان و تیم و نێرداراوە پۆڵەندییەکانەوە بۆ بینینی ڕابردووی ئاوارەی خۆیان لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا دەتوانرێ خزمەت بکرێ و نۆژەن بکرێتەوە و ببێتە بەشێک لە کەلەپوور و سەردانکردنی خەڵکانی ناوخۆ و بیانی و ڕاکێشانی بە مەبەستی گەشتیاری و شوێنەواری بۆ پەرەپێدانی شارەکە.
پۆڵندییەکان ڕۆژانی پڕ یادەوری و دەربەدەری لە خانەقین لە یاد نەکردووە. لە مۆزەخانەی ئیتنۆگرافیی کاراکۆڤ لە وڵاتی پۆڵەندا سێ جۆر کڵاوی کوردیی ناوچەی خانەقین دانراون. ماجید شالیاری بەڕێوەبەری مۆزەخانەی خانەقین کاتی خۆی ڕایگەیاند: سێ جۆری کڵاوی خانەقین لە مۆزەخانەی ئیتنۆگرافیی کاراکۆڤ لە پۆڵەندا دانراون. کاتێک چووەتە ناو ئەو مۆزەخانەیەوە خۆشحاڵ بووە کە بینیویەتی سێ جۆر کڵاوی کوردی کە ساڵی ۱۹٤۲ لە خانەقین دروست کراون، لەو مۆزەخانەیەدا دانراون. ئەمەش دەرخەری بە ئەمەکی و وەفایانە بۆ شارەکە.
سەرچاوە:
١. زیاد نعمان محمود، خانەقین لەنێوان ساڵانی۱۹۱۸-۱۹٥۸، ماستەر بڵاونەکراوە، زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر، ۲۰۱۷.
٢.ڕزگار حاجی حەمید ،عێراق مێژوویەک پڕ لە جەنگ و ململانێ،چ١، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی،۲۰۲۱.
٣. عمار علي السمر، شمال العراق۱۹٥۸-۱۹۷٥، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، الدوحة، الطبعة۱، ۲۰۱۲.
٤.عثمان قادر خضر، مێژووی وەزارەتەکانی عێراق و بەشداری کورد تیایاندا، گۆڤاری وەشت، ژمارە٥،زستانی ۲۰۰۹.
٥. المقبرة البولندية، موقع الكتروني شفق نیوز https://shafaq.com/ar
٦. الجيش البولندي في خانقينhttps://youtu.be/xMWtQTMbcMo
۷. ماڵپەڕی کوردپیدیا.
۸. برنامج نوافذ تاريخ الملاجئ الاسبيرات في خانقين، قناة الاشراق الفضائية https://m.youtube.com
۹. سەربەست بزرۆ، گۆڕستانی پۆڵۆنییەکان لە خانەقین، ڕۆژنامەی خەبات