كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو
ئامادەكردنی/ئوسامە حەسیب
شێخ سەعیدی پیران كوڕی مەحمود فەیزی كوڕی سەید عەلی سەپتی ئامەدی بووە، ساڵی ١٨٦٥ز لە گوندی پالۆ لەدایك بووە
باپیری شێخ سەعید، سەید عەلی لەساڵی ١٧٧٧ز لە گوندی چل ئەستوونی لە ئامەد(دیاربەكر) لە دایك بووە
لە نێوان ساڵانی ١٨٠٨-١٨١٠ تەریقەتی لە مەولانا خالیدی نەقشبەندی وەرگرتووە
سەرەتا ڕەتی دەكاتەوە لەو ئاستە بێت تەریقەت وەربگرێ بەڵام مەولانا پێی دەڵێ ( دوای من خالیدێكی تر نابێت تەریقەتت پێبدات)
سەید عەلی پێنج كوڕی هەبووە بەناوەكانی
١-محەمەد ناسح
٢-حوسێن زەكی(موفتی پالۆ و دەوروبەری)
٣-حەسەن ناكی
٤-ئیبراهیم
٥-مەحمود فەیزی(باوكی شێخ سەعیدی پیران)
سەید عەلی لە ساڵی ١٨٧١ز لە تەمەنی ٩٦ ساڵی كۆچی دوایی دەكا و گۆڕەكەی لەسەر گردێكە لەودیو ڕوباری مورادایە بەرامبەر گوندی پالۆ لە كە گۆڕی كوڕەكانیشی لە تەنیشتیەتی جگە لە گۆڕی مەحمود فەوزی
(باوكی شێخ سەعید)
كە گۆڕەكەی لە گوندی كەلخەساریە لە ناوچەی ئەرزەڕۆم و خەڵكی تا ئێستاش سەردانیان دەكا
محمود فەیزی باوكی شێخ سەعید لەگەڵ ئافرەتێك بەناوی خاتوو ئاسیە كە كچی شێخ محەمەد ئەنزارلیە بووە هاوسەرگیری دەكات و حەفت كوڕی هەبووە بەناوەكانی
١-سەعید
٢-بەهائەدین
٣-زیائەدین( لە ئێران شەهید دەكرێ)
٤-نەجمەدین
٥-تاهیر(محەمەد تاهیر)
٦-مەهدی(مەهوەلی)
٧-عەبدولڕەحیم
شێخ سەعیدی پیران لای حوسێن زەكی مامی پەروەردە ببوو، هەروەها لای موفتی مەلا محەمەد ئەمین لە پارێزگای موش، مەلا عەبدولڕەحمان لە پارێزگای مەلازگرت و مەلا موسا خوێندوویەتی
لە پارێزگای خنس بەردەوام دەبێت لە خوێندن
جگە لە خوێندنی شەرعی و لایەنی عیرفان و تەسەوف شێخ سەعید زۆر گرنگی بە لایەنی كۆمەڵایەتی و بوارەكانی سیاسەت، ئەدەب، بیركاری، مەنتق، فەلسەفە و گەردوونناسی داوە
هەروەها زاراوەی زازاكی و زمانی عەرەبی و فارسی بەباشی زانیووە
شێخ سەعید ڕۆڵێكی زۆری هەبووە لە بڵاوبوونەوەی تەریقەتی نەقشبەندی لە ناوچەكانی مەڵاتیا، خارپێت(ئیلازیگ)، چەولیگ(بینگۆڵ)، موش، ئەرزەڕۆم و ئامەد(دیاربەكر) بە تایبەت كە باپیری خەلیفەیەكی مەولانا خالید بووە
شێخ سەعیدی پیران سێ جار ژیانی هاوسەرگیری پێك هێناوە
یەكەمیان لەگەڵ ئافرەتێك بەناوی ئامینەخان كە دەبنە خاوەنی سێ كوڕ و چوار كچ
ئامینەخان لە كاتی چوونی بنەماڵەی شێخ سەعید لە خنسەوە بۆ پیران بەهۆی شەڕی ڕووسەكان لە ڕێگا كۆچی دوایی دەكا
دووەم لەگەڵ ئافرەتێك بەناوی فاتیمە خان كە خوشكی كەسایەتی دیاری كورد خالید بەگ جوبرانلی بووە یەك منداڵیان هەبووە بەناوی ئەحمەد
سێیەم لەگەڵ نافیزە خان دوو منداڵیان دەبێت بەناوەكانی عەزیزە و عەبدولخالق
شێخ عەبدولڕەحیمی پیران برای شێخ سەعیدی پیران
كە لە برایەكانی تری چالاكتر بووە وەك شێخ سەعیدی پیران
لە ساڵی ١٨٩٧ز لە گوندی كۆلهیسار سەر بە پارێزگای خنس لە دایك بووە
شێخ عەبدولڕەحیم لەگەڵ مەدینە خان كچی یەكێك لە ئاغاكانی پیران بەناوی زولفۆ ئاغا هاوسەرگیری دەكا
سێ كوڕ و دوو كچیان هەبووە بە ناوەكانی
١- زولكیف(زولكەفل)
٢- مەحمود فەیزی(كە شێخ عەبدولڕەحیم بەناوی باوكیەوە كردبووی)
٣- شەهابەدین
٤-شەفیقە
٥- ئاسیا
باوكی شێخ عەبدولڕەحیم و بنەماڵەكەی دوای هێور بوونەوەی دۆخەكە دەگەڕێننەوە ناوچەی خنس كە وەك ووتمان بەهۆی شەڕی ڕووس هاتبوونە گوندی پیران بەڵام شێخ عەبدولڕەحیم بەهۆی ئەوەی لەو گوندە هاوسەرگیری كردبوو ناگەڕێتەوە
شێخ عەبدولڕەحیم بەردەوام پاڵپشتی شێخ سەعیدی برای كردووە و لە شۆڕشی ساڵی ١٩٢٥ز هەر لە سەرەتاوە تا كۆتایی بەشدار بووە و ڕۆڵی گەورەی تێدا هەبووە، بەهێزترین فەرماندەی باڵی سەربازی شۆڕش بووە و شەڕی پارتیزانی زانیووە، سەركەوتنی زۆری بەدەست هێناوە
دوای لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥ز شێخ عەبدولڕەحیمی برای ڕوو لە وڵاتی سوریا دەكات لە ساڵی ١٩٢٦ز
تا ساڵی ١٩٣٧ز بەردەوام دەبێت لە خەبات و بە یارمەتی دەوڵەتی ئیتاڵیاش پارتی ئیسلامی كوردستانی دامەزراندووە
شێخ عەبدولڕەحیم بە مەبەستی دووبارە دەستپێكردنەوەی شۆڕش لە سوریاوە بەرەو دێرسیم بەڕێ دەكەوێ، كاتێك لەگەڵ چەندین هاوڕێی خۆی و چەكدارەكانیان دەگەنە ناوچەی بیسمیل سەر بە ئامەد (دیاربەكر) لەلایەن هاوڕێیەكیانەوە ئیخباری دەكرێن و
ئۆپەراسیۆنێكیان لە دژ ئەنجام دەدرێ لە ئەنجامدا لە ٢٠ی تەمموزی ١٩٣٧ز لەگەڵ ١٧ كەس لە هاوڕێ نزیكەكانی شەهید دەكرێن، لە گوندی مێركوڵیان لە دووری ٣٠٠ مەتر لەو شوێنەی شەهید دەكرێن لە شەڕەكە خەڵكی گوند دەیاننێژن
سەرەتا گۆڕەكە تێك دەدرێ، بەڵام خەڵكی گوند چەند بەردێك دادەنێن تاكو بزر نەبێت، دواتر كە لە ساڵی ١٩٤٥ز ڕێ بە بنەماڵەی شێخ سەعیدی پیران دەدرێ بگەڕێنەوە باكوری كوردستان دوای ئەوەی لە دوای شۆڕشی شێخ سەعیدەوە ئاوارەی ببوون، نەوەیەكی شێخ عەبدولڕەحیمی پیران سۆراغی گۆڕەكەی دەكا و كەمێك ڕێكی دەخا، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ز كوڕێكی شێخ عەبدولڕەحیم بە تەواوی نۆژەنی دەكاتەوە و تا ئێستاش ماوە، دەكەوێتە ڕێگای نێوان ئێلێه(باتمان) و ئامەد(دیاربەكر)
سەرچاوە/ شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران
لە ڕوانگەی بنەماڵەكەیانەوە
نووسینی/ فەیزی شێخ عەبدولڕەحیمی پیران
شێخ سهعیدی پیران
شێخ مههدی
شێخ عبدالرحیمی پیران
شێخ تاهیر