نووسینی: ئەحمەد باوەڕ
زانكۆی گەرمیان – كۆلێژی پەروەردە
لەو ماوەیە بەدواوە كە شێخ مەحمودی رێبەری كوردانی باشووری كوردستان، بەرەو دادگاییكردن و دواتر ژیانی بەندی و تاراوگە دوورخرایەوە، هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا، هەلومەرجێكی نوێ و بارودۆخێكی نوێ، لە كوردستان و ناوچەكەدا بەچڕی سەرچاوەیگرت، هەرلە دەستێوەرردانی توركە كەمالییەكان بۆ نێو كاروباری باشووری كوردستان و بەرپابوونی راپەڕینی جۆربەجۆر وكوشتن و هەوڵی كوشتنی زۆرێك لە بەرپرسانی بەریتانی لە بەشێكی زۆری ناوچە كوردنشینەكاندا كە بەشێكیان بەزۆری لە چوارچێوەی ئەو راپەڕینە جەماوەرییەی گەلانی عێراقدا بوو كە ئەمڕۆ بە: ((شۆڕشی 30ی حوزەیرانی 1920)) ناسراوە.
(1) بەڵام ئەوەی كە زیاتر پەیوەستبێت بەگۆڕانكارییەكانی عێراق و كوردستان و ناوچەكەوە، ئەویش سەرهەڵدانی كۆمەڵێك گۆراِنكاری بەرچاوی بووە، هەرلە بەرپابوونی كودەتای رەزاخانی مازندەرانی، بەسەر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایانی ئێرانی قاجاریدا، بەتایبەتی لە (21ی شوباتی 1921)دا، هەروەها دانانی میر فەیسەڵی كوڕی شەریف حوسێنی مەككە بە مەلیكی عێراق لە دەرئەنجامی بەستنی كۆنگرەی قاهیرەی (12- 30 مارتی 1921)و تاج لەسەرنانی وەك مەلیكی عێراق لە (23ی ئابی 1921)دا، جگەلە مەیدانخوازی و ململانێی كەمالییەكان و بزووتنەوەی كەمالی تورك و هاتنیان بۆ سەر گۆڕەپانی سیاسی توركیا و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆیان، لەگەڵ فەرمانڕِەوایانی بەریتانیا لە عێراق و دەستێوەردانیان، بە شێوازێكی بەرچاو، لە كاروباری باشووری كوردستان و هێرشكردانیان بۆسەر شاری رەواندز بەرێبەرایەتی ئۆزدەمیر پاشا.
هەرچەندە لەو دەمانەشدا، حاكمی شاری سلێمانی بەریتانی واتە مێجەر سۆن، كەوتە ئەوەی كەوا لە هێزەكانی بەریتانیا بكات، جۆرێك لە هاوكاری لەگەڵ سمكۆی شكاكی رێبەری كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بكەن، بۆئەوەی بەهەردوولایانەوە، بتوانن رووبەڕووی فراوانخوازی توركە كەمالییەكان ببنەوە.
تەنانەت حكومەتی عێراق و وەزیری بەرگرییەكەشی كە لەودەمانەدا جەعفەر پاشای عەسكەری (1885- 1936).
(2) بوو، ئەم هەلومەرج و بارودۆخەی ناوچە سنووریەكانی لەگەڵ توركیادا، بەهەند وەرگرتووە و لە راپۆرتێكی نهێنی و تایبەتی خۆیدا مەلیك فەیسەڵی لێئاگاداركردووەتەوە.
(3) هەروەها لەلایەكیتریشەوە هۆزی بەناوبانگی گۆیانی ناوچەی زاخۆ كە پێشتریش لە (6ی نیسانی 1919)دا راپەرینی خۆیان بەڕووی هێزەكانی بەریتانیادا راگەیاندبوو توانیبوویان ئەفسەرێكی سەربازی وەك: (كاپتن پێرسون A. C. Pearson)ی جێگری حاكمی سیاسی زاخۆ بكوژن.
(4) كەچی لەو دەمانە و لە ساڵانی دواتریشدا وەك بەرهەڵستكار و دوژمنێكی سەرسەختی بەریتانیا دەناسران و چەندینجار چ حكومەتی بەریتانیا و دواتر عێراقیش ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بە هەڵوێستیان لای فەرمانڕەوایانی توركیا دەربڕیووە و لە مەسەلەی هێرشە بەردەوامەكانیان و لە ناوچە سنوورییەكانی نێوانیانەوە یەكدیان بە شێوازیكی فەرمی ئاگاداركردووەتەوە.
(5) كورتەیەك سەبارەت بە ژیان و كەسایەتی ئۆزدەمیرپاشا:
ئۆزدەمیر پاشا ناوی تەواوی عەلی شەفیقە و قوتابخانەی حەربیەی سەربازی لە ئەستەمبووڵی پایتەختی عوسمانی تەواوكردووە.
(6) ماوەیەكی زۆر بەپلەی (سەرهەنگ) واتە (عقید) لە ریزەكانی سوپای عوسمانیدا، كاروباری سەربازیی جۆربەجۆری پێسپێردراوە و ماوەیەكیش بەرپرسیارێتی بەرەی (غازی عەنتاب)ی پێسپێردراوە كە لە تەوەری وڵاتی شامەوە دژی فەرەنسییەكان جەنگاون و لەكاتی خۆیدا پلەی قائیممەقامی فەخری وەرگرتبوو، هەكە شەڕی نێوان توركەكان و فەرەنسییەكان بڕاوەتەوە، ئیدی ئەویش لەو ناوچانەدا كاروبارێكی ئەوتۆی نەماوە و لەبەرئەوە بەخۆی و هێزەكەیەوە كە زۆربەیان لە كوردەكانی ناوچەی كەركووك و هەولێر بوون دەنێردرێتە بەرەی ناوچەی رەواندز و دەبێتە فەرماندەی هەموو هێزەكانی تورك لەم سنوورەدا كە پێشتر كەسایەتییەك بەناوی (محێدین بەگ)ەوە كاروباری بەڕێوەبردبوو.
(7) بەڵام لەڕووی رەسەنایەتی و رەگەزەوە لە چەركەسییە (شركس)ەكانی وڵاتی میسر بووە و پاش شكستی وڵاتانی ناوەند و دەوڵەتی عوسمانی بەرانبەر بە وڵاتانی هاوپەیمان، لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا، ئۆزدەمیر پاشا لە ساڵی (1919)دا، پەیووەندیكردووە، بە رێكخستنەكانی بزووتنەوەی كەمالییەوە و نازناوی ئۆزدەمیر (Euz Demir) ی بەبەردابڕاوە.
ئەمەش بۆ خۆی دەلالەتی لەلێهاتوویی، بەتوانایی و هێزی ئۆزدەمیر پاشاكردووە لەو دەمانەدا كە بە زمانی توركی عوسمانلی بەواتای خوێی ئاسن یان (گیان پۆڵا) یان رۆبیتەنی كوردی هاتووە.
(8) هاوكات هامڵتنیش وەك كەسایەتییەكی سەركێش واتە (مغامر) باسیلێوەكردووە.
(9) بە یەك دوو ساڵێك، دوای پەیوەندیكردنی بە بزووتنەوەی كەمالییەوە، لەلایەن سەركردایەتی و كاربەدەستانی باڵای توركەكانەوە راسپێردراوە، بەوەی كە بە هێزێكی سەربازییانەوە بەرەو باشووری كوردستان و شاری رەواندز بێتەوە و دەستی بەسەردابگرێت و لەوێشەوە بكەوێتە راوەدوونان و رووبەڕووبوونەوەی هێزە سەربازییەكانی بەریتانیا لەناوچەكەدا، وەك ئەوەی لە (9ی مارتی 1922)دا، بە هێزێكی تۆكمەی سەربازییەوە، هەرچەندە ژمارەیان كەمبووە توانیویەتی لە شاری ئەنقەرەوە بەرەو رەواندز بكەوێتەڕێ و لە (22ی حوزەیرانی 1922)دا گەیشتۆتەجێ.
(10) تەنانەت یەكێكبووە لەو ئەفسەرە گەورە و لێهاتووانەی ماوەی عوسمانی و دواتر توركە كەمالییەكانی شارەزا لە كاروباری ناوچەكوردنشینەكان و چۆنێتی پێكهێنانی پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆكهۆزەكانی شار و ناوچەكانی: رەواندز، كۆیە، هەولێر، رانیە، كەركووك و سلێمانی.
(11) لەڕووی سەربازیی و توانای سەربازیشەوە، شارەزاییەكی گەورەی هەبووە، هەروەها لە بواری كاروباری خێڵەكاندا بەگشتی وەك كەسایەتییەكی بێهاوتا باسیلێوەكراوە و شان بەشانی هەموو ئەوانەش: ((پیاوێكی چالاك و زیرەك و خوێندەوارێكی باشبووە شارەزاییەكی تەواوی، لە رەوشت و خووی كوردەكاندا هەبووە و لە دەستووری عەشایەردا كەسێكی شارەزا و قسەخۆش و قسەزان و وریابووە بەشێوازێكی زۆر ئاقڵانە توانیویەتی لەگەڵ هۆزە كوردییەكاندا بجووڵێتەوە و بەپێچەوانەی حاكمە ئینگلیزییەكان، هەموویانی كردووەتە ئەمووستیلە و كردوونی بەپەنجەی خۆیەوە)).
(12) هەرئەمەش وایلێكردبوو كە بەئاسانی بتوانێت، لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی و پرۆسە جەنگییەكانی كوردستان و ناوچە كوردنشینەكاندا، سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت.
هاوكات توانیویەتی ژمارەیەكی زۆر لەهەموو ئەوكەسایەتی و نەیارە كوردییانەی كە لەگەڵ كاربەدەستان و فەرمانڕەویانی بەریتانیادا نەدەگونجاون لەناوچەكەدا، لە دەوری رێكخستنە سەربازی و ئیدارییەكانی خۆی كۆیانبكاتەوە و بەبەردەوامی لەڕووی چالاكی سەربازییەوە سوودیان لێوەربگرێت، سەرەڕای پەیوەندی و نامەگۆڕینەوە و سەردانەكانی بۆلای شێخ مەحمود و پێشوازیكردنی لە رێوڕەسمی فەرمی و بە سرودی سوپایی و نیشتمانییەوە.
(13) هەر لەو دەمانەشەوە كە هاتبووە باشووری كوردستان، بەقەولی مامۆستایان ئەحمەد خواجە و رەفیق حیلمی بۆ چەواشەكردنی كۆمەڵانی خەڵك شەووڕۆژ لەسەر بەرماڵی نوێژ بووە كە بەلای كوردەكانەوە زۆر پەسەندبووە.
(14) بەڵام لەكۆتاییدا هێزە سەربازییەكانی بەریتانیا، دوای ئەوەی كە توانیان لەڕووی پرۆسەی سەربازییەوە لەناوچەكەدا سەركەوتن بەدەستبهێنن و فەرمانڕەوایەتی سەربازی راستەوخۆیان لەكوردستاندا جێگای تەواوی خۆی بكاتەوە، هاوكات توانیویانە بەسەر توركەكان و نفوزی توركەكانیشدا چ لەڕووی دیبلۆماسی ولە چوارچێوەی چارەسەركردنی كێشەی ویلایەتی مووسڵ چ لەڕووی پرۆسەی سەربازییەوە، سەركەوتن بەدەستبهێنن و لەهەمانكاتیشدا توانیویانە لە رێكەوتی (24ی نیسانی 1923)دا، بەیەكجاری دەست بەسەر شاری رەواندزدا بگرنەوە و ئۆزدەمیر و هێزەكانی تورك لەناوچەكەدا دەریپەڕێنن و دووبارە لەڕێگای وڵاتی ئێرانەوە خۆی گەیاندووەتەوە توركیا.
(15) درێژەی بارودۆخی ناوچەكە و هەلومەرجی رووداوەكان:
لە سەروبەندی دوورخستنەوی شێخ مەحمود و شێخ محەممەد غەریبی زاوایدا، بۆ دوورگەی ئەندامانی وڵاتی هیندستان و دەسەڵاتگرتنەدەستی راستەوخۆی فەرمانڕەوایانی بەریتانیا لە باشووری كوردستاندا، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، مۆركردنی رێككەوتنامەی سیڤەری Sevre Treaty of (10ی ئابی 1920)و ئەو مادانەی كە بەندەكانی (62، 63، 64)ی رێككەوتنامەی ناوبراو كە پەیوەستبوون بە چارەسەركردنی مەسەلەی كوردەوە و دوایی شتێكی ئەوتۆیان لێجێبەجێنەكرا. بەسەریەكەوە هەموو ئەمانە نەبوونە مایەی ئەوەی كە جۆرێك لە ئارامی و هێمنی باڵ بەسەر ناوچەكانی باشووری كوردستاندا بكێشێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە، تادەهات ناوچەكە نائارامی و بشێوی و راپەڕینی زیاتری بەخۆوەدەبینی، هەر لە رەواندز، زاخۆ، بارزان، ئاكرێ، سلێمانی، كفری و دەوروبەری.. تاد، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەریەك لە هۆزەكانی سورچی، زێباری و خۆشناوەكانیش لەوانەبوون كە نەیاندەویست ملكەچی سیاسەتی فەرمانڕەوایانی بەریتانیابن، كەچی لەو لاشەوە سەرهەڵدان و چالاكی بەردەوامی توركە كەمالییەكان و قۆرخكردنی باروۆخەكە وایكردبوو كە زیاتر لەڕووی چەك و تەقەمەنییەوە بكەونە یارمەتی و دەسگرۆییكردنی هێزە راپەڕیوەكان دژبە نفوزی بەریتانیا لە باشووری كوردستان و میسۆپۆتامیای عەرەبیدا.
(16) هەروەها دوابەدوای بڕیاردان لەسەر دانانی میر فەیسەڵی كوڕی شەریف حسێنی مەككە بە مەلیكی عێراق لە سەروبەندی كۆنگرەی قاهیرە و داواكاری بەردەوامی حكومەتی توركیا بە ویلایەتی مووسڵ، ئەوەبوو لەم ماوەیە بەدواوە ئەفسەرێكی تورك بەناوی (فازیل ئەفەندی)ەوە، بەهێزێكی سەربازییەوە توانی لە وڵاتی توركیاوە و بەتایبەتی بە ناوچەكانی رۆژ هەڵاتی كوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیسماعیل ئاغای (سمكۆ)دا، خۆی بگەیەنێتە شاری رەواندز، هەروەها فەرمانڕەوایانی بەریتانیاش لای خۆیانەوە كەوتوونەتە گەڕان و تاقیبی ئەوەی كە چۆن لەڕێگای هێزە ئاسمانیەكانیانەوە كە لەودەمانەدا لەلایەن جێگری مارشاڵی بەریتانی (سێر جۆن سالمۆند Sir Johon Salmon)ەوە سەركردایەتیدەكرا بكەونە سۆسەكردن و بۆمبا بارانكردنی شارەكە و ئەو هێز و مەفرەزە توركانەی كە توانیبوویان دزەبكەنە ناوچەكەوە..
(17) لەلایەكیتریشەوە، هەر لەنزیكی شاری رەواندزەوە، هۆزێكی گەورەی وەك سورچییەكان بە سەرۆكایەتی شێخ عوبێدوڵڵای سورچی و بەپاڵپشتی هێزێكی وەك ئۆزدەمیرەوە.
(18) بەرامبەر بە هێزەكانی حكومەتی بەریتانیا راپەڕیوون و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەمەش لە (رۆژی لەدایكبوونی 1921)دا بە هێزێكی (1000) كەسی لیڤی بەریتانی و بە هاوكاریكردنی بەردەوامی هێزە ئاسمانییەكانی بەریتانیا هێرشێكی چڕوپر ِو بەرفراوانیان كردووەتەسەر هێزە راپەڕیوەكانی شێخ عوبێدوڵڵای سورچی، ئەوەبوو دوای بەرپابوونی شەرێكی خوێناوی و سووتاندنی ژمارەیەك گوند و دێهاتەكانی هۆزی سورچی و هەروەها كوژرانی دوو ئەفسەری بەریتانی، سورچییەكان بەناچارییەوە بەرەوناوچە شاخاوییەكان كشاونەتەوە و وەكتریش كاربەدەستان و فەرمانڕەوایانی بەریتانیا، فەرەنسییەكانیان تاوانباركردووە، بەوەی كە ئەوان پشتگیری لە هێرش و داواكاری توركەكان دەكەن، سەبارەت بە مووسڵ و نەوتی ویلایەتی مووسڵ.
(19) چونكە توركە كەمالییەكان لای خۆیانەوە بەردەوام تینووی داهاتی چاوەڕوانكراوی نەوتی ویلایەتی مووسڵ بوون، بۆئەوەی رۆژێك زووتر بتوانن وڵاتەكەی خۆیانی پێببوژێننەوە.
(20) هەروەها لەلایەكیدیشەوە راپەڕین و ناڕەزایی زۆرێك لە دانیشتووانی كوردستان و ناوچەكە دژبە سیاسەتی سەركوتكەرانەی بەریتانیا و شێوازی ناڕەزایی دەربڕینیان بەرامبەر بەدوورخستنەوەی شێخ مەحمودی رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد لەكوردستاندا، دستیپێكردووە و بۆنموونە هەریەك لە: تایەر ئەفەندی باوێڵ ئاغا، حەمەشینی سەرچیا و خدر ئاغای كوڕی لەگەڵ شێخانی بجێلی ناوچەی ئاكرێ و عەشیرەتی سورچی و شێخ كاكە ئەمینی سندۆڵان هێرشدەكەنەسەر رەواندز و داگیریدەكەن. ئەمەش وا لە حاكمی سیاسی شار و ئیسماعیل بەگی رەواندزی (1900 – 1933)
(21) دەكات كە لەڕێگای ناودەشتەوە خۆیان بگەیەننە شاری هەولێر، هەر لەودەمانەشدا غەفورخانی ناودەشت (1890- 1953)
(22) كە لەدەست بابەكر ئاغای كوڕی سەلیم ئاغای پشدەری و حاكمی شاری رەواندز هەڵاتبوو، دووبارە دەگەڕێتەوە شاری رەواندز و پەیوەندیان بە هێزەكانی توركەوە كردووە..
(23) هەرچەندە لەولاشەوە واتە لە تەوەری باكوورەوە فەرمانرەِوایانی توركیای كەمالی، هێشتا زۆر نەبووە كە هاتبوونەسەر گۆڕەپانی سیاسی ناوچەكە و بووبوونە میراتگری دەسەڵاتی هەرەسبردووی دەوڵەتی عوسمانی، بۆیە ئەمانیش لای خۆیانەوە بارودۆخی لاوازی باشووری كوردستان و تەنانەت ئینگلیزەكانیان بەهەلزانیووە، بۆ دەستێوەردان، بەهۆی راپەڕین و شۆڕشی بەردەوامی كوردەكانەوە بە ماوەیەك و پێش هاتنی هێزەكەی ئۆزدەمیر پاشای تورك و پێكەوەنانی دەسەڵاتەكەی لە رەواندز و دەوروبەریدا، هاوكات هەر لەڕێگای هێز و دەستەیەكیتری سەربازی گەورەیانەوە، لە رێكەوتی (2- 3ی ئابی 1921)دا، بەپێی ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكانی بەریتانیا خۆیان، ژمارەیان لەودەمانەدا خۆی داوە لە نزیكەی (60- 300) ئەفسەر و سەربازی تورك و راستەوخۆش توانیویانە دەست بەسەر شاری رەواندزی ئەوكاتەدا بگرن و داگیریبكەن. لەمەشیاندا و وەك لەدرێژەی راپۆرتەكەی بەریتانیای گەورەدا هاتووە، هەمیسان هۆز و خێڵە راپەڕیوەكانی ئەو ناوچەیە، بەتایبەتی هۆزی گەورە و بەناوبانگی سورچی و دواتر میرانییەكانیش لەگەڵیاندا، رۆڵێكی كارا و بەرچاویان هەبووە لە هاوكاری و رێخۆشكردنیاندا، تەنانەت توركەكانیش دەسگرۆیی و هاوكاری بەردەوامیان كردوون. بۆ دژایەتیكردن و فراوانخوازی نفوزی هێزەكانی بەریتانیا و سەپاندنی دەسەڵاتی بەردەوامیان بەسەر ناوچەكەدا.
(24) بەجۆرێك ئەم هێرش وداگیركارییەی توركەكان وای لە هێزەكانی بەریتانیا لە ناوچەكانی هەولێر و سلێمانیدا كردووە، كە ئەمانیش لە (12ی ئابی 1921)ەوە بەهێزێكەوە بەرەو رانیەش ببنەوە، تەنانەت گۆڵدسمیسی حاكمی بەریتانی لە شاری سلێمانی خۆیشی گەیشتووەتە شوێنی مەبەست و بۆئەوەی بتوانن هێزێكی ئەوتۆ لە خێڵ و هۆزەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی بڵباس و پشدەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی توركەكان پێكەوەبنێن.
تەنانەت لەم ماوەیەشدا هێزە ئاسمانییەكانی بەریتانیا بەبەردەوامی كەوتوونەتە بۆمبابارانكردنی بەردەوامی ناوچەكە، وەك ئەوەی لە (18ی تشرینی یەكەمی 1921) دا، سێر برسی كۆكسی نوێنەری باڵای بەریتانیا لە عێراق، لە راگەیەنراوێكی تایبەتی خۆیدا كە بۆ وینستۆن چەرچڵی وەزیری وڵاتانی داگیركراوی بەریتانیا بەرزیكردووەتەوە نووسیویەتی: ((هێزی ئاسمانی بەریتانیا لەسەر ئۆردوگاكانی تورك لە رانیە و رەواندز كارێكی باشی هەبووە، فەرماندەی تورك عەلی شەفیقی میسری ناسراو بە ئۆزدەمیر پاشا، ناچاربووە لە 17ی تشرینی یەكەمدا رانیە و قەڵادزێ چۆڵبكات و كۆیەش داگیركراوەتەوە..))
(25) سەرەڕای هەموو ئەوانەش كەچی هێزەكانی تورك بەوەشەوە نەوەستاون و بەبەردوامی لەڕێگاوی نێردراوی تایبەتی خۆیانەوە هاتوونەتە ناوچەكە و قاوی ئەوەیان بەناو كۆمەڵانی خەڵكدا بڵاوكردووەتەوە كە هێزەكانی تورك بەم نزیكانە دەگەن، ئەمەش بۆئەوەی وا لە خێڵ و هۆزەكانی ناوچەكە بكەن، پشتگیریانلێبكەن و هاوكاریانبن دژبە دەسەڵاتی داگیركارانەی بەریتانیا لەناوچەكەدا، بۆنموونە پێش گەیشتنی ئۆزدەمیر پاشا كەمالییەكان بۆئەوەی جێپێی خۆیان بەتەواوی و زیاتر بەهێزبكەن لە شاری رەواندزدا، لە (17ی مارتی 1922)ەوە، هاوكارێكی خۆیان بەناوی رەمزی بەگەوە راسپاردووە بۆئەوەی لە بەرژەوەندی ئەوان كاربكات و هاوكات لەهەمان ماوەشەوە لەلایەن حكومەتی ئەنقەرە و ئەنجوومەنی نیشتمانی گەورەی (بویوك میللەت مجلسی – المجلس الوگنی الكبیر) توركەوە فەرمانی ئەوەیان بۆدەركردووە كە وەك قائممقامی شاری رەواندز دای بمەزرێنن..
(26) هەرچەندە رەمزی بەگ وەك نێردراوێكی توركەكان لە كۆتایی ئایاری (1922)دا، گەیشتووەتە شاری رەواندز و لەهەمانكاتیشدا وەك قاو و پڕوپاگەندەیەكی پێشوەخت، كەوتووەتە ئەوەی كەوا لە هۆز و سەرۆكهۆزەكانی ناوچەكە بكات پشتگیری لە هێزەكانی تورك بكەن و هاوكات وای بە كۆمەڵانی خەڵكیش راگەیاندووە كە هێزێكی سەربازی توركە كەمالییەكان لەم نزیكانەدا دەگەنە ناوچەكە و لەوێشەوە هێرشدەكەنەسەر شارەكانی كەركووك و هەولێر و سلێمانی و داگیریاندەكەن.
(27) كەچی لەلایەكیتریشەوە والی شاری (دیاربەكر)ی ئەوكاتەش بەهەمان تەرزی رێبەرانی توركانی كەمالی، پەیوەندی دەكاتە كەسایەتییە ناسراوەكانی باشووری كوردستانەوە و لەدرێژەی نامەیەكیدا كە بۆ هەریەك لە شێخ عەبدولسەمەد زادە و كەسایەتی ناسراوی دۆڵی ئاكۆیان شێخ عەبدولڕەحمانی سەران (1880- 1960)
(28) ی نووسیوە، داوای ئەوەی لێكردوون كە هێزێكی توركەكان بەڕێبەرایەتی ئۆزدەمیر هاتوونەتە ناوچەكە و تكایانلێدەكات، بۆ سەرخستنی موسڵمانان، بەسەر خاچپەرستاندا هاوكاریانبن وەك ئەوەی دەنووسێت: ((بزانن بە زانینێكی یەقین كە سەركەوتنی كۆتایی هەر بۆ موسڵمانان دەبێت و رزگارتاندەبێت لە سەلیبییەكان و بەكرێگیراوە تێكشكاوەكانیان، لەپێناوی ئەوەدا ئۆزدەمیر بەگی قائمقام و ئەوانەی كە لەگەڵیدان دەنێرین بۆ لاتان و لەدوایشدا هێزیتر رەوانەدەكەین، بۆئەوەی بەشداریتانبكەن و تەنسیقی لەگەڵدابكەن لە خودای بەرز دەپاڕێمەوە سەرتانبخات)).
(29) هەروەها بەماوەیەكی دواتر و دوای كشانەوی تەواوی هێزەكانی بەریتانیا لە شاری رەواندز لە ساڵی (1920)دا كە بەزۆری لەودەمانەدا ئەفسەری سەربازی لیڤی ناسراو (كاپتن لتڵ دیڵ Captain C. E. Little Dale) رێبەرایەتی كردوون، توركەكان: ((بەسەركردایەتی ئۆزدەمیری سەركێشەوە..))و بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی زیاتری هێزەكانی بەریتانیا، كەوتوونەتە ئەوەی كە هێزێكی سەربازی زیاتری خۆیان بنێرنەسەر شاری رەواندز و بەیەكجاری داگیریبكەن.
(30) بەو مەبەستەی لەوێوە بتوانن بنكەیەكی سەربازی تۆكمەی خۆیان لەناوچەكەدا دابمەزرێنن و هاوكات تەواوی ویلایەتی مووسڵا كە ئەوان خۆیان بە میراتگری رەوا و شەرعی دەزانن، بكرێتەوە بە ویلایەتێكی توركی و بخرێتەوەسەر وڵاتی توركیا.
هاوكات ئەو داگیركردنەش زیاتر لەو لایەنەوە نزیكیان دەكاتەوە و ویست و ئاواتەكانیان زووتر بۆ دەهێنێتەدی. هەرچەندە بەریتانییەكانیش تووشی كۆمەڵێك بەرەنگاربوونەوەی سەربازی توركەكان بوونەوە بەتایبەتی لە دۆڵی باتاسەوە، بەڵام لەم ماوەیەدا هیچ هەوڵێكی ئەوتۆیاننەداوە، بۆ دەرپەڕاندنی توركەكان لە رەواندز تا ئەوكاتەی هەریەك لە شێخ مەحمود و نوری باوێڵ ئاغا (1892- 1963)
(31) بوونەتە هاوكاریان بۆ دژایەتیكردن و دەرپەڕاندنی توركەكان لەم ناوچەیەدا.
(32) بەڕادەیەك ئەم هەوڵا و جموجووڵەی هێزەكانی توركیای كەمالی لەم هەلومەرجە و لەمكاتەدا زیاتر حكومەتی بەریتانیا و دەسەڵاتدارانی بەریتانیای دەترسان و كەوتنە ئەوەی كە بەهەرجۆرێك بووە، بتوانن دەروازە و رێگەچارەیەكی خێرا بدۆزنەوە. بۆئەوەی بتوانن جێپێی تەواوی خۆیان لە كوردستاندا بهێڵنەوە و لەنزیكەوە لە بارودۆخی ناوچەكە و بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە ناوچەكەدا بڕوانن.
هەرچەندە شارێكی وەك رەواندز لەو هەلومەرجەدا و بەچەند ساڵێك پێشتریش: ((بەهۆی داگیركردن و هاتنەپێشەوەی رووس و توركەوە كە وڵاتی كردبووە چۆڵەوانییەكی زۆر بەرچاو لە حاڵوبارێكی پڕمەترسی برسێتیدابوو، لەكاتێكدا ناوشاری رەواندز لە كۆی (2000) خانوو تەنها (60) خانووی بەپێوەمابوو، كشتوكاڵ بەتەواوی وەستابوو، دانیشتووان بەڕێژەی (75%) كەمیكردبوو، قاتوقڕییەكە ئەوەندە خراپبوو، بەڕادەیەك دانیشتووانەكەی لەسەر گژوگیا و چەند بەڕوویەكی بەجێماو دەژیان و لەبرساندا زۆر بەناچارییەوە پشیلە و سەگ، تەنانەت لەهەندێ حاڵەتدا گۆشتی لاشەی مردووشیان خواردبوو)).
(33) ئەوەبوو لەدوای هەلومەرجێكی ئەوتۆ و وەك قۆناغیكی سەرەتا توركەكان بەڕێبەرایەتی ئۆزدەمیر پاشا بەنزیكەی: ((سەد سەرباز و چوار پێنچ ئەفسەر و جبەخانەوە))ی پێویستەوە گەیشتبوونە شار و ناوچەكە.
(34) هەروەها دواتر ئۆزدەمیر توانی ژمارەی هێزەكانی خۆی زۆر لەوە زیاتربكات كە لەگەڵ خۆیدا هێنابوونی وەك ئەوەی هەندێك سەرچاوە ژمارەیانیان بەنزیكەی (80) هەزار خەمڵاندووە، جگەلەوەش چەند كەسایەتییەكی كوردی ئەو دەمانەش كە وایانزانیوە، توركەكان لەداهاتوودا پشتگیریكەر و دۆستی بەردەوامی كورد دەبن، بۆئەم مەبەستە ئەوانیش لەگەڵ هێزەكانی توركدا هاتوونەتە شاری رەواندزەوە و خستوویانەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. دوایی كەوتوونەتە ئەوەی, سەرنجی گەلێك كەسایەتی و سەرۆكخێڵیتری كوردیان بۆلای خۆیان راكێشكردووە و وردەوردە كردوونیان، بە دۆست و هاوپەیمانی تورك لەناوچەكەدا، هەرچەندە ئینگلیزەكانیش لای خۆیانەوە، بە هاتن و ئەم داگیركارییەی تورك رازینەبوون و كەوتوونەتە دژایەتیكردنیانەوە، بەڵام دوای ئەوەی كە توركەكان و سەر لەشكری هێزی تورك كەوتنە سیاسەتی زەبروزەنگ و بۆمبابارانكردنی هەموو ئەوانەی كە رووبەڕوویاندەبوونەوە, ناچاریانكردوون كە واز لە شارەكە بهێنن و بكەوێتەژێر دەسەڵاتی توركەوە.
هەركە تەواوی هێزەكەشیان گەیشتە شاری رەواندزی ئەودەمانە و جیێپێی خۆیان بەتەواوی بەهێزكرد، بەپێی دەستوری ئەوكاتەی كەمالییەكان، حكومەتێك یاخود بڵێین: ئەنجومەنێكی میللییان لەڕەواندزدا پێكهێنا، بەسەرۆكایەتی شێخ رەقیبی سورچی كە دواتریش كرایە حاكمی ناوچەی هەریر لەلایەن توركەكانەوە و بەمەبەستی بەڕێوەبردنی كاروباری شار و بەمشێوەیەی لای خوارەوە:
- شێخ رەقیبی سورچی سەرۆكی ئەنجومەن
- ئەحمەد تەقی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن
- شێخ ئەمینی سەلان ئەندامی ئەنجومەن
- شێخ جەوادی سەلان ئەندامی ئەنجومەن
- غەفور خانی سەرچیا ئەندامی ئەنجومەن
- خدر ئاغای سەرچیا ئەندامی ئەنجومەن
- ئەحمەد بەگی بگۆگ قائمقامی رەواندز
- نووری باوێڵا ئاغا قوماندانی ژاندرمە
- شەوكەت ئەفەندی سەرۆكی شارەوانی
هاوكات هەموو تەشكیلاتی هێزی میللی رێكخراو, چەك و جبەخانەشیان بەسەردا دابەشكراوە..
(35) هەرچەندە لەهەمان ماوەشدا چەند كەسایەتییەكی دیاری ناوچەكەی وەك: شێخ محەممەدی باڵەك و محەممەد عەلی ئاغای جوندیانی بەهانی ئینگلیزەكان لەسەر ئەم هاتنەی تورك بۆ ناوچەكە رازینەبوون.
(36) بەڵام دواتر ئەمانیش شتێكی ئەوتۆیان پێنەكراوە و توركەكانیش بەزۆری و بۆ پشتگیریكردن و بەردەوامبوونی كارەكانیان، پشتیان بەدانیشتوانی ناوچەكە بەستووە.
بەڕادەیەك هەر لەم ماوەیە بەدواوە ئینگلیزەكان، بەتەواوی كەوتوونەتە ترسەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێزەكانی تورك پەیوەندیان بە زۆر كەسایەتی ئەودەمەی كوردەوە كردووە و تاڕادەیەكی باش پشتگیرییان بۆ دروستبووە، لەمە بەدواوە كەوتنە سیاسەتی فراوانخوازی و تەنها بەداگیركردنی شاری رەواندزەوە نەوەستان، بەڵكو دەسەڵاتیان گەیشتە دەوروبەری هەریر و باتاس, سەرەرای ئەوەش زۆرێك لەو سەرۆكهۆز و خێڵە كوردانەی كە لای ئینگلیزەكان جێیان نەدبووەوە. یاخود خۆیان بەنەیاری ئەوان دەزانی، پەنایاندەهێنایەبەر شاری رەواندز و لێرەوە و لەپەنای توركەكانەوە دەكەوتنە دژایەتیكردنی فەرمانڕوایانی ئینگلیز.
بەتایبەتی بەشێك لەو كەسایەتییانەی كە پاش لەناوچوونی حكومدارییەتی یەكەمی شێخ مەحمود، لەتاو راوەدوونانی ئینگلیزەكان شاری رەواندز بووبووە مەڵبەندی نیشتەجێبوون و گیرسانەوەیان، هەروەها ئینگلیزەكانیش بۆئەوەی بەرپەرچی ئەم سیاسەتە ترسناكەی توركەكان بدەنەوە و بەردەوام جێپێی خۆیان لەناوچەكەدا بهێڵنەوە. كەوتنە ئەوەی كە چۆن كۆمەڵانی خەڵك رازیبكەن بەوەی كە ئەوان دەیانەوێت بۆ جارێكیتر رێگە بە شێخ مەحمودی حەفید بدەن بۆئەوەی لە شوێنی تاراوگە و ژیانی دوورخراوەیی لە وڵاتی هیندستانەوە بگەڕێننەوە كوردستان و حوكمدارییەتێكیدی لە شاری سلێمانیدا پێكبهێنێتەوە،
(37) چونكە لەم ماوەیە بەدواوە توركەكان رۆژ بەرۆژ بەتەواوی دەسەڵاتیان زیاتر برەوی پەیدادەكرد و زۆر كەسایەتیتری كوردیش دەیاندایە پاڵیانەوە. بەوەی ماوەیەك بوو سەركردەی توركەكان كە عەلی شەفیق بوو لە: مانگی حوزەیرانی (1922)دا، بە نازناوی ئۆزدەمیرەوە هاتبووە كودستانەوە و بەبەردەوامی سەرگەرمی دروستكردنی پەیوەندی بوون و جێپێی خۆیان زیاتر بەهێزتردەكرد،
(38) بەڕادەیەك لێرە بەدواوە بوونی ئۆزدەمیر و: (پڕوپاگەندەكانی ئۆزدەمیر تەنها لەكوردستاندا نەبوو، بەڵكو زۆر بەگەرمی كەوتەناو عەرەبستان و بەتایبەتی شارەكانی مووسڵ و بەغداشەوە)،
(39) هەروەها لەودەمانەشدا كەسایەتییەكی وەك: كەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند كە لەوكاتەدا لەگەڵ ئینگلیزەكاندا نێوانی تێكچووبوو. پاش ئەوەی توانی زۆر بوێرانە فەرماندەی دەرەك و حاكمی سیاسی شاری چەمچەماڵی بەریتانی (كاپتن بۆند Bond L.)و ئەفسەرێكیتریان كە جێگری حاكمی سیاسی هەمان شاربوو، بەناوی (كابتن ماكانت R.K.Makant)
(40) بكوژێت و دواتر لەگەڵ كەسایەتی ناسراوی كورد سەیید محەممەدی جەباری و (1878- 1935)(41) فەقێ محەممەد ناوێكدا، پێكەوە لەڕێگەی هەریرەوە و بەنزیكەی (300) سوارەوە، توانیویانە هەڵبێن و خۆیان بگەیەننە لای ئۆزدەمیر پاشای فەرماندەی هێزەكانی تورك لە شاری رەواندز.
(42) بەجۆرێك هەڵاتن و رۆیشتنی ئەمانە سەرەڕای ئەوەی كە دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبووە لە تەواوی ناوچەكە و تەنانەت لە وڵاتانی دەرەوەشدا، هاوكات بووەتە هۆی پاڵپشتی و پەرەسەندنێكی گەورە بۆ دەسەڵاتی ئۆزدەمیر پاشا و هێزەكانی تورك لە رەواندز و ناوچەكەدا.
(43) هەندێك سەرچاوەش وایدەگێڕنەوە كە گوایە كەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند بەهاوكاری كوڕەكانی واتە سابیر و عەبدوڵڵا، توانیویانە لای گوندی (مۆرتكە)ی ناوچەی چەمچەمال، هەریەك لە (كابتن بۆند)و (ماكانت) بكوژن، ئەمەش لەكاتێكدابووە كە هەریەك لە بۆند و ماكانت سوارە و بەسەرپشتی ئەسپەكانیانەوە بوون، كاتێك كوڕانی كەریم بەگی هەمەوەند لەسەر راسپاردەی باوكیان لەپشتەوە تەقەیانلێكردوون.
(44) دواتریش هەر بەپێی لێدانەوەی ئینگلیزەكان خۆیان، لە (9ی ئابی 1922)ەوە، كەریم بەگ توانیویەتی لە ناوچەی كۆیەوە نەك هەریر هەڵبێ و خۆی بگەیەنێتە شاری رەواندزی ژێر دەسەڵاتی ئۆزدەمیر،
(45) بەڕادەیەك فەرمانڕەوایانی بەریتانیا و بەتایبەتی حاكمی سیاسی ئەوكاتەی شاری سلێمانی گۆڵدسمیس، پارەیەكی خەیاڵیان تەرخانكردووە بۆ هەركەسێك كە بتوانێت شوێنیان بدۆزێتەوە یان ئاشكرایانبكات، وەك ئەوەی لە دەقی بەیاننامەكەیاندا هاتووە:
((شەخسێك وەیان چەند شەخسێك ئەگەر خەبەر و ئیتلاعبدەن، ئەو خەبەر و ئیتلاعە ببێت بەسەبەبی تەوقیف و گرتنی كەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند، لەلایەن حكومەتەوە دەهەزار روپیە ئینعام و بەخشیشی دەدرێتێ، دیسان هەروەها ئیتلاعبدرێت و ببێت بەسەبەبی گرتنی سەیید محەممەدی جەباری بۆئەمەش دووهەزار روپیە ئینعام و بەخشش دەدرێت – ئیمزا حاكمی سیاسی گوڵد سمیس)).
(46) هەروەها هەموو ئەوانەشی كە نەیانتوانیووە لەگەڵ ئینگلیزدا بگونجێن و ((چارەی ئینگلیزیان نەدەویست)) یان ((تووشی داوی جاسووسەكانی ئینگلیز دەبوون و دەكەوتنە تەنگوچەڵەمەوە لە سلێمانی، لە كەركوك و هەولێر و كفری و شارەكانیترەوە تەنانەت لە موسڵ و بەغداوە هەڵدەهاَتن و روویاندەكردە رەواندز و لای ئۆزدەمیر دەحەسانەوە..))..
(47) جگەلە هەموو ئەوانەشی كە فەرمانڕەوایانی بەریتانیا و عێراق بەتایبەتی كەسێكی وەك: (مێجەر سۆن رقی لێیانئەبووەوە)، بەرەو لای ئۆزدمیر و رەواندز هەڵدەهاتن و ئەوێیانكردووەتە: ((پەنا و.. هێلانەی هیوا)) لەوانە: ماجد مستەفا، قالەی ئایشەخان.
(48) هەموو ئەمانەش وایانكردبوو، تادەهات دەسەڵاتی ئۆزدەمیر پاشا بەهێزتربێت, بەوەی رۆژ بەڕۆژ زیاتر خەڵكی لەدەور كۆدەبووەوە , هەرچەندە خۆشی تابڵێی كەسایەتییەكی: ((زیرەك و خوێندەوارێكی وریابوو, تەبیات و سروشتی كوردەكانی دەزانی و لە دەستووری عەشایەردا ئاگاداری هەبوو. كابرایەكی باڵا نزیك بەكەڵەگەت و بەشەوكەتبوو، بە بەرگی عەسكەرییەوە بە وێنەیەكی مومتازی زابتی تورك و بەدوان و گفتوگۆی ئەدیبانە یان بەچەشنی خوێندەوارە بەرزەكان دەهاتەبەرچاو..))
(49) سەرەڕای ئەوەش لە سیاسەت و هەڵسوڕانی كاروباری عەشایەردا گەلێك لە حاكمە سیاسییەكانی ئینگلیز باشتر سەركەوتووتربوو. بەتەواوی تەبیعەت و میزاجی سەرەك عەشیرەتەكان تێگەیشتبوو، بەزۆری هەموو ئەو سەرۆكانەی كردبوو بە (ئەنگوستیلەی دەستی.. هاوكات وەك ئەوەی كە كەسایەتییەكی زۆر شارەزای كاروباری ئیداری بووە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بەئاسانی كارێكی وابكات، دوور لە دەسەڵاتی تووركەكان خۆیان كۆمەك و ئازوخە و جبەخانە و پارەی پێویست بۆ هێزەكانی كۆبكاتەوە.
(50) – فراوانبوونی دەسەڵاتی تورك و نامەكانی ئۆزدەمیر بۆ سەرۆكهۆزەكانی كورد زۆری پێنەچوو ئۆزدەمیر توانی پشتیوانی بەشێكی گرنگی هۆز و سەرۆكهۆزە گەورەكانی كورد و ناوچەكەی وەدەستخست بەتایبەتی: هۆزەكانی سورچی، خۆشناو، هەمەوند و پشدەر هەروەها لە ناوچەكانی هەولێر، كەركووك، سلێمانی و دەوروبەری نفوزێكی زۆری پەیداكرد و بەزۆری هۆزەكان حوكمی بەریتانیایان پشتگوێخست و سەرەتا توركەكانیش بەبێ رووبەڕووبوونەوە شاری رانیەیان گرت و هەڕەشەیان لە ئاكرێ كرد.كاروانێكی ئینگلیز كە بۆ هاواری رانیە رەوانەكرابوون، بێئەوەی بگەنە شوێنی مەبەست زیانێكی زۆریان بەركەوت و لەوێشەوە ئۆزدەمیر خۆی بۆ داگیركردنی كۆیەش ئامادەكرد.
(51) ئەوەبوو بەماوەیەك دواتریش كەسایەتییەكی وەك سمكۆی شكاكی رێبەری كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە رانیە پەیوەندی بە ئۆزدەمیر پاشاوە كرد،
(52) بەڵام وەك پێشتریش قسەمان لەسەركرد ئۆزدەمیر بە رەگەز و بە رەسەن تورك نەبوو، بەڵكو وەك دكتۆر كەمال مەزهەر لەبارەیەوە نووسیویەتی: ئۆزدەمیر پاشا ئەفسەرێكی گەورە و لێهاتووی تورك و لایەنگیری مستەفا كەمال (1881- 1938) بوو.
(53)ئۆزدەمیر نازناوی بوو، ئەگینا خۆی ناوی عەلی شەفیقە و بە رەگەز میسری بوو. لە حوزەیرانی (1922)دا، كەمالییەكان لەگەڵأ سەربازەكانیاندا ناردیانە رەواندز, ئۆزدەمیر توانی لەنزیكەوە پەیوەندی لەگەڵأ ژمارەیەكی زۆر لە سەردارانی كورد دامەزرێنی و هەزار و یەك گفتی شیرینی درۆی دانێ, چالاكییەكانی ئۆزدەمیر و هاریكاری لەگەڵأ سەردارانی كوردا, بەتایبەتی لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید بەتەواوی ئینگلیزەكانی بێزاركردبوو
(54) بەو واتایەی ئۆزدەمیر پاشا یەكێكبووە لەو ئەفسەر و كەسایەتی ە سیاسی ە بەفڕوفێڵانەی نێو كەمالییەكان و هێزە سەربازییەكانی بزووتەوەی كەمالی كە تەنانەت مامۆستا رەفیق حیلمیش لە یاداشتەكانی خۆیدا و لەبارەیەوە دەنووسێت: ((پێنج فەرزە بە بەرچاوی خەڵكەوە)) قامەتی نوێژی دەبەست و نوێژیدەكرد یان ((گەلێك ئایەت و حەدیسی لەبەركردبوو لەناو گفتوگۆدا بەكاریدەهێنان، بەناو خەڵكدا دەگەڕا و ئەوانەی جەوهەرێكیان تیابوایە لەخۆی نزیكی دەخستنەوە..)), هەر بۆئەوەی ئەو خەڵكە بێدەرەتانە بۆلای خۆی و توركەكاندا پەلكێشبكات و بۆ مەرامی خۆیان و خزمەتی توركە كەمالییەكان هەڵیانبخەڵەتێنێ و هاوكات دەسەڵاتی خۆیانی پێفراوان و پتەوتر بكات لەناوچەكەدا، تەنانەت بە حوكمی ئەوەی لە ریزەكانی سوپای عوسمانیشدا ئەفسەربووە و قوتابخانەی جەنگی ئەستەمبووڵی تەواوكردبوو ئەوەبوو بووە، مایەی ئەوەی كە زۆرێك لەو ئەفسەرانەی كورد بناسێت كە لەودەمانەدا لەگەڵیدابوون، بۆنموونە ئاشنایەتی و ناسیاری نزیكی لەگەڵ عیزەت تۆپچی كوردا دەگەڕایەوە بۆ ئەودەمانەی كە لە ئەستەمبووڵ پێكەوە هاوكار و هاوپۆلی یەكدیبوون لە خوێندنی سەربازیدا.
(55) بەڕاددەیەك هێندە كەسێكی لێزان و سەرنجڕاكێشبووە، لەكاتی خۆیدا بووەتە مایەی ئەوەی تەنانەت رەفیق حیلمی خۆیشی لەنزیكەوە پێی سەرسامبووە و لەمبارەیەوە دەنووسێت: ((كە چاوم بە ئۆزدەمیر كەوت خۆمانم بیركەوتەوە، داخی ئەوەم تازەبووەوە كە لەسلێمانیدا سەركردەیەكی وەكو ئۆزدەمیرمان پێویستبوو و دەستماننەدەكەوت..)). كەسایەتیەك، كە ئاوابێت ئیدی چۆن نابێتە مایەی ئەوەی كاتێك شاندی دانووستانكاری كورد و بەڕاسپاردەیی شێخ مەحمودی مەلیكی كوردان كە دەچنە شاری رەواندز بۆ بینینی ئۆزدەمیر لەلایەن: ((ماڵی شێخ مەحمودەوە و بۆ خانمی ژنی ئۆزدەمیر دیاری زێڕینی بۆ دەبرێ و.. تەنانەت لەلایەن مەلیك خۆشیەوە و بۆ ناودارەكانی ئەوكاتەی رەواندز تۆپە تاقە و چەفتەی سورمەیی نایابیان..)) بۆدەنێرێت، هەروەها پێش هاتن و گەیشتنی ئۆزدەمیر پاشا بۆ ناوچەكەكانی باشووری كوردستان و لەدرێژەی نامەیەكیدا، كە لە رێكەوتی (5ی حوزەیرانی 1922)دا كە بەناوی فەرماندەیی بزووتنەوە نیشتمانییەكانی عوسمانی لە سوریا و فەلەستین (قیادە الحركات الوگنیە العپمانیە فی سوریا وفلسگین)، بۆ ئەحمەد شاكر ئاغای سەرۆكی (دارهینی) باكووری كوردستانی نووسیوە، بەهەمانشێوە، وەك كەسێكی موسڵمان و لەخواترس خۆی ئەخاتەبەرچاو و: ((بەناوی یەزدانەوە – باسم الله))ەوە، دەستپێدەكات و پڕوپاگەندە و قاوی ئەوەی بۆ لێدەدات كە ئەو كەسێكە لەپێناوی خوا و بەناوی جیهادكردنەوە هاتووەتە كوردستان و دەیەوێت ئەو هەموو ناوچانەی ژێردەسەڵاتی عوسمانی پێشوو لە وڵاتانی بێیانی و داگیركەرانی وەربگرێتەوە.
وەك لە دەقی نامەكەیدا دەنووسێت: ((ۆ خزمەتی نیشتمان ەروەری بەغیرەت و بەڕێز ئەحمەد شاكر ئاغای سەرۆكی دارهینی: دوای سڵاوو رێز، بە جەنابت رادەگەیەنم كە ئێمە بەمەبەستی جیهاد لەڕێگای خودا و وتەكانی بەرگری لە خۆمان و وەدەستخستنەوەی چەند ناوچەیەك لە خاكی عوسمانی كە ئێستا بەدەست بێگانەوەیە، بۆ ئێرە هاتووین. خودا دەفەرموێت: (ان الدین عند الله الاسلام) سەركەوتن و پشتگیری لەلایەن خوا و پێغەمبەری ئەوە و ئیماندار پشتئەستورە. (ئەی پێغەمبەر، موسڵمانان بۆ جیهاد بانگبكە).(گفتەكانی خودا راستن و خوداوەند موجاهدین بەسەر خەڵكیدا زاڵدەكات) من هەموو رێگاكانی ئامادەكردنی نەتەوەپەروەر و بزووتنەوە نەتەوەییەكانم بۆ عومەر ئاغای سەرۆكی هۆزی جەلیان روونكردۆتەوە، تكایە سەردانیبكەن، ئەو شتە پێویستەكانت پێدەڵێ. خودا بەسەر دوژمندا سەركەوتووتدەكا.. ئۆزدەمیر.. سەرۆكی تەشكیلاتی نیشتمانی)).
(56)دوابەدوای ئەوەش لە دەقی نامەیەكیتریدا، كە دواتر و لە (16ی حوزەیرانی 1922)دا (لە كتێبەكەی ئۆڵسندا 26ی حوزەیران هاتووە ا- ب)،
(57) بۆ رەسول ئاغای سەرۆكی بەناوبانگی هۆزی دزەیی لە باشووری كوردستانی نووسیوە، بەڵام ئەم نامەیانی لەكاتێكدا نووسیوە كە خۆی و هێزەكەی تورك ماوەیەكە گەیشتوونەتە ناوچەكە و بەتایبەتی شاری رەواندزی ئەوكاتە، بەجۆرێك لەو سەروبەندەدا، ئۆزدەمیر پاشا وەكو خۆی لە دەقی نامەكەیدا، ئاماژەی بۆكردووە پلەی سەربازی و لێپرسراوێتی بریتیبووەلە: (فەرماندەی گشتی ناوچەی جەزیرەو عێراق و حەرەكاتی گشتی), وەك لە دەقە عەرەبییەكەیدا نووسراوە (قائد منگقە الجزیرە والعراق والحركات العامە – اوزدمیر)، هاوكات لەبەشێكیتری نامەكەیدا زۆر بەڕقەوە باس لە بەریتانیای داگیركەر و شێوازی دەستدرێژی و داگیركارییان دەكات بۆ ناوچەكە بەتایبەتی كە چۆن شاری ئەستەمبووڵی پیرۆزی پایتەختی خەلافەتی ئیسلامیان داگیركردووە و (خەلیفەی فەخری بەشەرییەتیان) لێدوورخستووەتەوە، هەروەها چۆن بەزۆر وایانلێكردووە كە ملكەچی فەرمانە گڵاوەكانیان بێت و دواتریش كەوتوونەتە ئەوەی كە چۆن تۆوی دووبەرەكایەتی و دوژمنایەتی لەنێوان برا موسڵمانەكاندا بچێنن، جگەلەوەش لەبەشێكیتری نامەكەیدا دەكەوێتە تانەلێدان و زەمكردنی تەواوی فەرمانڕەوایەتییەكەی شا فەیسەڵی یەكەم لە عێراق و لەبارەیەوە دەنووسێت: (كەسێك نییە حەقیقەتی حكومەتەكەی فەیسەڵ نەزانێت كە چۆن ئامێرێكە بەدەستی فەرمانڕەوایانی بەریتانییەوە)و بەڵام وەكتر و بەپێچەوانەوە دەكەوێتە پیاهەڵدان و ستایشی بزووتنەوەی كەمالییەكان و بەتایبەتی مستەفا كەمال ئەتاتۆركی باوكی توركان و دواتر دەنووسێت: (ئەو داگیركەرانەی كە بەشێكی گرنگی وڵاتەكەمانیان داگیركردووە، پشت بەخوا وڵات سەربەخۆیی خۆی بەدەستدەهێنێتەوە و هەر ئەم هۆكارش بووە كەوا لە حكومەتی كەمالی بكات كە نەتوانێت دەسگرۆیی و یارمەتی: ((باشووری كوردستان))و ویلایەتی مووسڵ بدات، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خوا وا ئێمە هاتووین بۆئەم ناوچەیە و لەپێناوی ئەوەی لاقی ئەو داگیركەرانە بشكێنین كە حوكمی ئێرە دەكەن..). لە كۆتایی نامەكەشیدا دەكەوێتە رێنمایی و تەمێكردنی (انصحك..) رەسول ئاغای دزەیی كە ئەو ئەبێت لەمەوبەدوا بەخۆی و ئەندامانی هۆزەكەیەوە لە پرۆسە سەربازییەكانیاندا، هاوكاریانبكات و بەخۆی و ئەندامانی هۆزەكەیەوە هێرشبكەنەسەر دوژمنان..).
(58) بەهەموو ئەمانەشیدا و بەناوی داگیركاری و داكۆكیكردن لە ئیسلام و یارمەتیدانی ناوچە كوردنشینەكان كە بە دەق نووسیویەتی: ((باشووری كوردستان- كردستان الجنوبیە))كە دەقی تەواوی نامەكە بەمشێوەیە: ((بۆ رەسول ئاغا سەرۆكی هۆزی دزەیی، سەرۆكی خۆشەویست: هیچ موسوڵمانێك نییە كە گەورەیی و توندی ئەو كارەساتەی لە شەڕی گەورەوە و هەروەها لەماوەی دوای شەڕڕاوەستان بەسەر وڵاتەكەماندا تێدەپەڕِِێت، دەركنەكردبێت. موسوڵمانێك نییە كە لەو ئامانج و مەبەستە راستەقینەیەی بەریتانیا نەگەیشتبێت كە بووەهۆی داگیركردنی شاری ئەستەمبوڵی پیرۆز و پایتەختی خەلافەت، لەلایەن بەكرێگیراوانی دوژمنی ئیسلام و لادانی خەلیفەكەی كە فەخری بەشەریەیتە (سڵاوی خوای لێبێت)، ملكەچ و بەندكردووە. بەریتانیاش بە ئامرازی رەزیلانەی ئەوی ناچاركردووە، سەر بۆ فەرمانەكانی كەچبكات و سەرئەنجام بۆ چاندنی دووبەرەكایەتی و دوژمنایەتی لەنێوان موسڵمانان. لەكۆتاییدا و بەمەبەستی دووبەرەكی و لێكجوداكردنەوەیان، ئەم بارودۆخەی لە باشووری كوردستاندا خوڵقاندووە. هەتا كەسێك نییە كە لە گەوهەری حكومەتی فەیسەڵ، ئەم ئامرازە بێزراوەی دەستی بەریتانیا نەگەیشتبێت، بەڵام ئەم بارە نالەبارە تووڕەیی خودای ورووژاندووە و بۆ سەلماندنی موعجیزەكانی پێغەمبەر لە قورئانی پیرۆزدا فەرمووی كە ئیسلام تا رۆژی قیامەت دەمێنێتەوە، مستەفا كەمالی هێنایە مەیدانی خەبات تا سەرزەوییەكانی عوسمانی لە چەنگاڵی دوژمنان ئازادبكات و ئەوان لە بێحورمەتی رزگاربكات و بێگانەكان لەو بەشە زۆرانەی خاكی وڵاتەكەمان كە چنگیان لێگیركردبوو، دەربكات، سوپاس بۆ خودا، وڵات سەربەخۆیی خۆی بەدەستدەهێنێتەوە. لەبەرهەندێ حكومەتی كەمالی نەیدەتوانی یارمەتییەكی وا پێشكەش بە باشووری كوردستان و ویلایەتی مووسڵ بكات، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خوا كە ئێمە هاتووینەتەوە بۆئەم ناوچەیە لەپێناوی ئەوەی لاقی ئەو بێگانانە بشكێنین كە لێرە حوكمدەكەن، لەپێناوی ئەوەی وڵاتە پیرۆزەكەمان بەپشتیوانی خودا بپارێزین. ئێمەش لەم نزیكانەدا دەكەوینە رێكخستنەوەی خەڵك و بۆ بەشداریكردن لە راپەڕینێكی گشتیدا. ئێستاش ئێوە رادەسپێرم (بە رەسول ئاغادەڵێ) هەركە ئێمە پرۆسە سەربازییەكانمان لای باكوورەوە دەستپێكرد ئێوەش لەناوەوەو لەگەڵ هۆزەكەتاندا هێرشبكەنەسەر دوژمن. مادام كە ئێوەش هەر سەرۆكی هۆزبن، ئەوا بەبێ هیچ راڕایی و دواكەوتنێك، ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ رزگاركردنی ویلایەتی مووسڵ، من وای بۆدەچم كە ئێوە هاوكارمانبن لەپرۆسەكەماندا و لەكاتێكی گونجاودا، یارمەتییەكیش لەكاتی خۆیدا نەبێت سوودێكی ئەوتۆی نابێ و منیش لەمبارەیەوە هیچ بەڵێنێكم لە ئێوە ناوێت.
پێشنیاریشدەكەم لەگەڵ نێراوماندا كە راسپێردراوە بێتەخزمەتان لە هەرشوێنێك كە ئێوە دەتانەوێت و ئارەزوویدەكەن یەكتر ببینن. بۆئەوەی ئامانج و پلانەكانمان راشكاوانە و بەڕوونی بۆتان باسبكات.. ئۆزدەمیر.. فەرماندەی ناوچەی جەزیرە و عێراق و حەرەكاتی گشتی)).
(59) ناوچەی جەزیرەش وەك دكتۆر ئەحمەد عوسمان ئەبوبەكر (1930 – 21/ 1/ 2014 ) (60) باسیلێوەكردووە، بریتییەلە جەزیرەی ئیبن عومەر و ناوچەی بۆتان و جەزیرەی فوراتی جگەلەوەش فەرماندەیی بزووتەوەكەی لە عێراق و ناوچەی رەواندز و باشووری كوردستان هەموو لە چوارچێوەی بەرپرسیارتییەكەیدا بوون.
(61) دوابەدوای ئەوانەش لە بەشێكی نامەیەكییتریدا كە بۆ شێخ مەحمودی مەلیكی كوردانی ناردووە بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی لە تاراوگەی و تیایدا چالاكانە روویكردووەتە شێخ مەحمود و ئاییندەی رووناكی توركەكان و بەدەستهێنانی ئامانجەكانی كوردی بۆ دەنووسێت تائەو ئاستەی بەناوی ئەتاتۆركەوە بەڵێن بە شێخ مەحمود دەدات كەوەك سەردەمی محەممەد عەلی پاشا (1769- 1849)ی گەورەی میسر دەكرێتە خدێوی كوردستان و وەك والییەكی سەربەخۆ دادەنرێت.
(62) جگەلەوەش لە كورتەی نامەیەكیتریدا بۆیدەنووسێت: ((دەستان ماچدەكەم ئارەزووی بینینتانم هەیە چاوەڕوانی فەرمانتانم)).
(63) وێڕای ناردنی نامە و نوێنەری تایبەت بۆ لای شێخ مەحمود چەند جارێكیش چ لە شاری سلێمانی و چ لەكاتی چۆڵكردنی سلێمانیدا و لە (شێخ باخ ا- ب) نەك سێباخ
(64)ی ناوچەی سورداش و (ئەشكەوتی جاسنە)ش لەگەڵ شاندی توركی و دەستوپێوەندەكانیدا سەردانی شێخ مەحمودی كردووە و بەستایشەوە و بە: ((سرودی سوپایی و نیشتمانییەوە خۆشهاتنی لێكراوە))و بیروڕای لەگەڵدا گۆڕاوەتەوە، سەبارەت بە رەوش و بارودۆخی ناوچەكە و نفوزی هێزەكانی بەریتانیا لە باشووری كوردستاندا.
(65) هاوكات زۆر چاك لەوەیش گەیشتووە كە كورد گەلێكی موسڵمانە و چۆن و بەچ جۆرێك زیاتر سەرنجیانڕادەكێشرێ و خاڵی وەرچەرخان و دەستەمۆكردنیان لەكوێدایە، هەروەها پێش گەڕانەوەی شێخ مەحمود لە تاراوگە و ژیانی دوورخراوەیی، ئۆزدەمیر نامەیەك بۆ شێخ قادری حەفید دەنووسێت و تیایدا بەزۆری ئامانجی خۆیانی بۆ گرتنەوەی ویلایەتی مووسڵ و هوشیاركردنەوەی برا كوردە موسڵمانەكان تانەبنە قوربانی ئینگلیزە خائینەكان.. جگەلەوەش دەقی نامەكە ستایشێكی زۆری شێخ مەحمود و جەوری ئینگلیز لێی و بەدیلگرتنی. بەرزبوونەوەی ناوی شێخ مەحمود لە عالەمی ئیسلامدا و پێخۆشبوونیان بۆ رزگاركرن و گەڕانەوەی تیایە..سەرەڕای هێرشكرنەسەر (نەمرود) كە مەبەستی لە كەسایەتی ناسراوی كورد مستەفاپاشای یاموڵكی بووە.
(66)سەبارەت بەشێوازی پەیوەندی و ئەو نامەگۆڕینەوانەش كە بەزۆری لەنێوان مەلیكی كوردان شێخ مەحمود و ئۆزدەمیر پاشادا ئاڵوگۆڕكراون، شێخ رەئوفی كوڕی شێخ مەحمودی حەفید لە یاداشتە دەستنووسەكانی خۆیدا كە تائێستا چاپنەكراون و بەزۆری مامۆستا محەممەد رەسول هاوار (1924- 2006)
(67) سوودی زۆری لێوەرگرتوون، نووسیویەتی: ((لەكاتی شەڕی دووەمی جیهانیدا كە كابتن لاین
W.A. Lyon (1892- 1977)(68) مودیری ئیستخباراتی بەریتانیا بوو لە شیمالی عێراق رۆژێك لە سلێمانی بۆیگێڕامەوە، ئەو نامانەی كە وەختی خۆی لەنێوان باوكت و ئۆزدەمیردا ئاڵوگۆڕدەكران ئێستا كۆپی ئەو نامانە لە شەریكەی نەوتی كەركووكدا هەیە و پارێزراوە، هەروەها نووسیویەتی: پێیوتم ئەو نامانەمان بەهۆی ئەو پۆستەچییەوە دەستدەكەوت كە لەپێشدا نامەكانی دەهێنا بۆئێمە و ئێمەش كۆپیماندەكرد ئەوسا پۆستەچییەكە دەیبرد بۆلای ئۆزدەمیر كە هەموو جارێك بۆ هەرنامەیەك (50) روپیەمان دەدایە و بەوجۆرە ئاگاداری پەیوەندی و كاروباری باوكت و ئۆزدەمیر بووین..)).
(69) هاوكات شێخ رەئوفی كوڕی شێخ مەحمود گومان لەوقسانەی كابتن لاین دەكات و دەنووسێت: ((ئۆزدەمیر خۆی وێنەی ئەو نامانەی باوكمی ناردووە بۆ ئینگلیزەكان، بۆئەوەی زۆرتر لەبەرچاوی ئینگلیزەكانی بخەن..))و توركەكانیش وایانلێكداوەتەوە هانی ئینگلیزە، كەوا لە شێخ مەحمود دەكات شەڕی توركەكان بكا.
(70) بەڵكو شێخ مەحمود هەرزوو لەوەگەیشتبوو كە ئەو كەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی ئینگلیز و توركەوە و هەریەكەشیان بەجۆرێك لە پیلان و نەخشەی ئەوەدابوون كە چۆن شێخ مەحمود تەفرەبدەن و بیكەنە داشی بردنەوەی ململانێكەیان لەناوچەكەدا تا ئەوكاتەی لە چوارچێوەی دانیشتنەكانیاندا چارەنووسی كێشەی ویلایەتی مووسڵ و دەرئەنجامەكانی بەكوێ دەگات. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لە خەڵكی باشووری كوردستان یاخود بڵێین: ئەوانەی كە بەزۆری قاوی ئەوەیان بۆ توركەكان بڵاودەكردەوە لەنێو كۆمەڵانی خەڵكدا لەبارەی: ((گەیشتنی هێزی توركییەوە لەم نزیكانەدا و پێكەوەگرێدانی ویلایەتی موسڵا بەتوركیاوە)).
(71) بەزۆری ئەمانەش لەناو كورد و كۆمەڵگای كوردەواریدا بە (جلخوارەكان) یان بە دەستوپێوەندی تورك ناسرابوون, بەڵام ئەم هاتنی توركانەش بۆ شاری رەواندز و داگیركردنی دەوروبەری وەك بەتەماشبوون كە دەستبەسەر شاری سلێمانی و هەولێر و كەركوكیشدا بگرن, سەرەتا یەك لایەنی زۆر باشی تیاداهەبوو. بەتایبەتی بۆئەو رۆژگارەی كورد كە جارێكیتر كەوتنەوە راپەڕین و داواكاری ئەوەی كە دەبێت: (شێخ مەحمودی حوكمداری كوردستان) لە بەندی و ژیانی دوورخراوەیی ئازادبكرێت و بگەڕێتەوە كوردستان و شاری سلێمانی و هێزەكانی بەریتانیاش لە سەرەتاكانی مانگی ئەیلولی (1922)دا، لە شاری رانیە و دەوروبەری كشاونەتەوە و ئەوەشی كە زیاتر بووبێتەهۆی كشانەوە و هەڵاتنی ئینگلیزەكان لە شاری ڕ انیە هاوكاریكردنی بەشێك لە كۆمەڵانی خەڵك و هۆز و خێڵەكانی ئەو ناوچەیە بووە لەگەڵ توركەكاندا، بەوەی جێگری حاكمی شاری رانیەی بەریتانی كاپتن كووك (Kaptn Kook) كە دواتریش كراوەتە حاكمی (دەربەند) هەر لە ژوورەكەی خۆیدا و بەشێوازێكی زۆر ناشرین و ئاشكرا (فەتاح بەگ) كە كەسایەتی ناسراو و لە خێزانێكی ناودار و بەقۆناغی ناوچەی رانیە بوو كوشتووە و تەنانەت ئەحمەد تەقی لە یاداشتەكانی خۆیدا بە: ((فەتاح بەگی شەهید)و كەسێكی موعاریزی ئینگلیز و بابەكر ئاغای پشدەری باسیلێوەكردووە،
(72) بەڵام سەبارەت بە شاری كۆیە كە ماوەیەك بوو، ئەویش لەلایەن توركەكانەوە و بەڕێخۆشكردنی بەشێك لە كەسایەتییە ناسراوەكانی شار و لایەنگیری و چاوساغییان بۆ هێزەكانی تورك دەستیبەسەرداگیراوە، لەوانە: كەریم ئاغای حەوێزی و حەوێز ئاغای غەفوری هەتا دەوروبەری (سەرخمە)و نزیكی (هەیبەت سوڵتان) بەپیریانەوەچوون، تەنانەت رازی بەگی قائمقامی رەواندزیش وەك كاربەدەستێكی فەرمی تورك سەردانی شار و ناوچەكەی كردووە و كاروباری شاریان رێكخستووەتەوە، هەر لەدانانی قائممقام، مەئموری مەركەز و بەرپرسی جەندرمە بەسەر كەسایەتییە ناسراوەكانیدا، دابەشكردووە و بەرپرسیارێتیان خستوونەتە ئەستۆ، دواتر هەر لەلایەن توركەكانیشەوە عەبدولفەتاح ئاغای كوڕی عەبدوڵڵا ئاغایان بە بەڕێوەبەری ناحیەی (تەقتەق) دامەزراندووە،
(73) بەجۆرێك تا ئەوكاتەشی لەلایەن ئینگلیزەكانەوە دووبارە دەستی بەسەرداگیراوەتەوە ناوبەناو لەڕێگای هێزی ئاسمانیانەوە هێرشیانكردووەتەسەر و ژمارەیەك لە هاولاتییانی كوژران و برینداربوون، تا ئەوكاتەی لە (1ی تشرینی یەكەمی 1922)دا، لەڕێگای هێرشی بەردەوامی ئاسمانیانەوە، توانیویانە تەنگ بە توركەكان و هاوكارەكانیان هەڵبچنن و تەنانەت لە شاری كۆیە و قەڵادزە و رانیەش دەریانكردوون و زۆرێك لە هۆز و ئەو كوردانەشی كە لایەنگیرییانكردوون شاریان بەجێهێشتووە و بەرەو وڵاتی ئێران و توركیا هەڵاتوون.
(74) لەهەمانكاتدا ئەم هاتنەی توركەكان بۆ رەواندز و ناوچەكانیتری باشووری كوردستان، وای لە فەرمانڕەوایانی ئینگلیزكرد، خۆیان راستەخۆ هەوڵی ئەوەبدەن بۆ جارێكیتر شێخ مەحمودی حكومداری كوردستان لەتاراوگەوە بگەڕێتەوە كوردستان و شاری سلێمانی. ئەمەشیان زیاتر لەبەرئەوەبوو كە بتوانن وا لە شێخ مەحمود بكەن كە دەمكوتی هێزەكەی توركی پێبكەن لەناوچەكەدا، وەك ئەحمەد خواجە (1903- 1997)
(75) لەمبارەیەوە دەنووسێت بۆئەوەی: ((زۆر بەپەلە ئۆزدەمیر دەربكات و بە لەشكری كوردەوە جەنگ لەگەڵ توركەكاندا دابمەزرێنێت)) بەتایبەتی لە دەوروبەری رەواندز و هەریر و باتاس و هەموو ئەو شوێنانەیدی كە تا ئەوكاتانە كەوتبووەنەژێر دەسەڵاتیانەوە، بەڵام لەمەیاندا توركەكان زۆر بەخێرایی دەستپێشخەرییانكرد و كەوتنە پێشكەوتنی بەردەوام بەرەو ناوچەكانی قووڵایی باشووری كوردستان و دەستیان بەسەر تەواوی شاری رەواندزدا گرت و دامودەزگای كارگێڕی خۆیانیان، تیادامەزراند، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانی تورك كەوتنە تاڵانكردن و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو دانیشتوانەكەیدا
(76) لەكاتێكیشدا زیاتر ئەم هەلەیان قۆستەوە، بارودۆخی باشووری كوردستان و دووبارە دەستپێكردنەوەی شۆڕشەكانی شێخ مەحمود لەلایەك و باری ئاڵۆزی ئینگلیزەكانیان بە هەلی خۆیان زانی، وەك ئەوەی لە ئەیلولی (1922)دا، بەرەتای هێزەكانیان گەیشتە دەوروبەری سلێمانی و ئینگلیزەكانیش جێگای خۆیان چۆڵكرد و گەڕانەوە بۆ شارەكانی هەولێر و كەركوك، ئەمەش وەك جۆرە هەڵهاتنێك بوو كە ناو و ناوبانگی بەریتانیای گەورەی لەكەدار دەكرد, ئەمەش بەگوێرەی ئەو دانپیانانەی كە مێجەر ئیدمۆنس
C.j.Edmonds (1889- 1979)(77) خۆی پێی لەسەردادەگرت.